![رۆژهەڵاتی ناوەراست و پساندنی پەتی کۆیلایەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و پساندنی پەتی کۆیلایەتی](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/husenHuseni_962866257.jpg)
رۆژهەڵاتی ناوەراست و پساندنی پەتی کۆیلایەتی
نزییک بە یەک سەددەیە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەست ئەنواعی ئایدۆلۆژیاوە دەناڵێنێ لە ئیتحیادی ئیسلامی عوسمانییەکانەوە بەرەو ئایدلۆژیای کۆمونیزم و فاشیسمی نەتەوەیی ، کەمالیسم ، بەعس و یەکیەتی عەرەبی و یەکیەتی ئاریایی و پان ئیسلامیسم و یەکیەتی چین کرێکار و جوتیار و… هتد. دەیان ئایدۆلۆژیا ئەم رۆژهەڵاتی ناوەراستەیان کردبووە شوێنی تەراتێنێ خۆیان ، بۆ کەسێکی موسڵمان موسیبەتی فەلەستەین بەشێک بووە لە ژیانی ، بەڵای تورکێکەوە ئەوەی گرینگ بوو حکومەتی تورک لە بەرامبەر یۆنان و ئەرمەن و کورددا رەق بێت ، خەونی عەرەب بە دنیا هاتنی سەڵاحەددینێک بوو قودس لە دەست زایونێزم رزگار بکات ، کوردیش هێندە بە وەهمی یەکیەتی چوار پارچەی کوردستانەوە ژیاوە قەت بیری لەوە نەکردوەتەوە ئەوەی سوار ملی بووە بەس بە تەنها داگیرکەری دەرەکی نییە بەلکو چەوسێنەری خۆماڵیش پشکی شێری بەردەکەوێ . ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەگوزرێت هەڵتەکانی ریشەیی هەموو ئایدۆلۆژیاکانە بە ئیسلامی و کۆمینیزم و فاشیسم و نیمچە فاشیسمی نەتەوەییەوە ، ئەو پەردەی وەهم و خەیاڵ و ئەفسوونەی کە ئایدۆلۆژیاکان بەر چاوی خەلکیان پێگرتبوو لاچووە و خەلک راستییەکان بە روونی دەبیننین ، ئیتر نایانەوێ لە وەهمی دنیایەکی خەیاڵییدا بژیین کە ئایدۆلۆژیا مزگێنی دەدا ، خەلکی عەرەب باش لەوە گەیشتوون وەهمی هاتنی سەڵاحەددین ، قەزافی و موبارەک و بن عەلی و عەبدواللە ساڵح و بەشار ئەسەدیان بۆ بەرهەم دێنێ ، خەلکی ئێرانییش باش لەوە گەیشتوون ، خەمی لوبنان و فەلەستین چ کارەساتێک هەم بۆ لوبنان و فەلەستین و هەم بۆ ئێران دەخوڵقێنێ هەروەها حکومەتی جیهانی ئیمام زەمانیش کە ئاخوندەکان بەڵێنی دەدەن وەهمێکە زور دوورە لە راستیی و کارەسات و کوێلە و کوێلەدار خوڵقێنە ، خەلکی کوردستانیش لانی کەم لە کوردستانی باشور باش لەوە گەیشتوون ئەوەی ئێستا بەسەریانەوە حکومەت دەکات تا رادەیەکی زۆر بە کردەوە میراتگری ئەو داگیرکەرەیە کە پێشتر قەڵاچوویی دەکردن و بە وەهمی دوژمن و عەرەبی شۆڤینی دەیان تۆقێنی بۆ ئەوەی باشتر سوار ملیان ببێت و مافەکانیان لە قاڵببدات و زەوتی بکات، ئەوەی ئیستا بۆ گەنجێکی رۆژهەلاتی ناوەراستی گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانێت وێزە وەربگرێت تاوەکو بتوانێت هاوتاکانی خۆی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای جیهاندا ببینێت و بیانناسێت نەک ئەوەی ئایا ژمارەی گولە تۆپە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان غەزەو ئیسرائیل چەند دانە بووە ، گەنجانی ئەم وڵاتانە خەون بەوەوە دەبینن چۆن ئەو جێگەو پۆستانەی کە بە ناحەق لەلایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە لێیان داگیرکراوە دەست کەوێت ، نەک ئەوەی فڵان سەرکردە لە کۆندا چەند بەکرێگیراوی رژێمی دوژمنی کوشتووە ، ئێستا بە روونی دیارە پاژنەی ئاکهیلی حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زانیاری بووە ، ئەم حکومەتانە بەردەوام هەوڵیان داوە زانیاری لە خەلک بشارنەوەو ئەوەی کە خۆیان حەزیان لێبووە خەلک بیزانن ، خاڵی هاوبەشی هەموو ئایدۆلۆژیاکان بە کاریزماو فریشتەکردنی سەرکردە بووە ،بەڵام بوونی جیهان بە گوندێکی ئینتەرنێتی هەموو ئەو بەربەستانەی لابردووە کە پێشگیری دەکات لە بە دەست هێنانی زانیاری ، بۆیە خەلک زۆر بە ئاسانی دەتوانن نهێنیەکانی ژیانی ئەو سەرکردەیە بزانن کە پێشتر وەکو کەسێکی پێرۆز بە گوێیاندا دەدرا و بە رووتی وەک خۆی دەیبینن و هەڵی دەسەنگێنن، هەروەها بەراوردی ژیانی خۆیان لەگەڵ ژیانی خەڵکی شوێنەکانی تری جیهاندا دەکەن، تەقیننەوەی زانیاری وەها چاو و گوێی خەلکی کردوەتەوە دەبێت دەسەڵاتداران ئەو کاتە زیاتر بترسن کە خەلک بێدەنگە زۆر زیاتر لە ئەو کاتەی کە بەدەنگی بەرز هاوار دەکات . لە ئاکامدا ئەوەی لە داهاتوودا هەیە بریتیە لە ترسی زیاتری دەسەڵاتداران و هۆشیار بوونەوەی زیاتری جەماوەر ، بەریەککەوتنەکان زیاتر دەبێت تا ئەوکاتەی نوێ بۆ هەمیشە کۆن لە گۆڕ دەنێ و پەتەکانی کۆیلایەتی بەتەواوی دەپسێن.