Skip to Content

Wednesday, August 17th, 2022

ئۆپۆسزیۆن و دەسەڵات ڕووی یەک دراون، تونس و میسر لە کوردستان

Closed
by April 29, 2011 گشتی

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە سەر شەقامی کودرییە  بێگومان بەشێکی لێنەبڕاوەیە لەو شەپۆلی ناڕەزایەتییانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە جوڵاندایە، لە هەمانکاتیشدا، بەشێکی لەنێبڕاوەشە  لەو بۆشاییەی کە نە ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و نە ئابووری و  نە کۆمەڵایتی پێیە بۆ هێنانەمەیدانی گٶڕانگاری ، تا ڕادەیەک ڕادیکاڵیش نا، کە هەر مرۆڤێک خاوەنی تۆسقاڵێک پرەنسیب بێت دەبێت ئامانجی بێت، بەڵام هەڵکەندنی ئەو پایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوریە تەقلیدی و هاوردانەی کە تەنها بە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤێکی ترەوە بەردەوامیان پێدەدرێت.
ئەوەی کە ئەمڕۆ دەسەڵات بە خۆپیشاندەرانی دەکات لە هەرێمی کودرستاندا ، شتێکی نوێ نییە. ئەمە بەرهەمی چەندین ساڵ لە داپڵۆسین و میلیتاریزم و ئەشکەنجە و بەند کردن و  سەرکوتکردنی ئازادی و ئازادیخوانە لەو ووڵاتەدا. درێژکراوەی تیرۆری بەکر عەلییەکان و کوشتنی کۆمۆنیستەکانە لە هەزارەی سێهەم بە بەرچاوی خەڵکەوە.  قسە لە سەر ئەوە نییە کۆمۆنیستەکان و چەپی کورد ئەڵتەرناتیڤەکەی کارە یان نا، قسە لەسەر ئەوەیە، ئەو ئازادیخوازانە کە لە تاریکترین ڕۆژانی تێکۆشان بۆ ئازادی، لەلایەن دەسەڵات و ئەو لایەنەش کە ئەمڕۆ وەک ئۆپۆسزیۆن خۆی دەناسێنێت، بەو پەڕی دڕندەییەوە سەرکوتدەدەکران، ئەمڕۆش کەنار دەخرێن.
من پێم وایە گرنگە خەڵک بێنە سەر شەقامەکان، پشتگیری تەواوی خۆم لەوە دەکەم کە شەرمی کورد لە دێوەزمەی دەسەڵات بشکێت بەرامبەر ئەو هێزانەی بچوکترین مافەکانیان پێشێل دەکەن  ، بۆیە هەتاوەکو دوا هەناسە پێویستیانە هێرش بکەن ، هێرشکردن وەک تاکە فۆرمێکی بەرگریکردن لەو هەلومەرجەدا. بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە خۆپیشاندانەکان دواتر چی درووست دەکەن ؟ ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ کە بەهاری ڕاستەقینەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو و بەو ئاقارەدا برا لەلایەن هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، یەمەنی دیموکراتی کە تەفروتونایان کرد یان میسر و تونسی ئێستا کە خەڵک هەنووکە پاڵی لێداوەتەوە و ئەوانەی کە سەرەتا خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامدا ،  هەنووکەش لە بەردەوامیدان بۆ نوێگەری و گۆڕینی ئەو لایەنە کۆنەپەرستی و نادیموکراتیکانەی کە ئێستاش دەسەڵاتیان بەدەستوەیە، لە میلیتاریزمی میسرەوە بۆ ئیسلامەکانی تونس.
لە کوردستانیشدا ، ئەوەی کە خۆی لە بەرەی ئۆپۆسزیۆندا دەبینێتەوە  و خۆی بە پێشڕەوەی گۆڕانکارییەکان دەناسێنێت، ئەمڕۆ لە چەنەبازی خۆی ناکەوێت لە سەر “ناتوندوتیژی و دیموکراسی و ئاشتەوانی” کۆمەڵە ووتەیەکی سواو ، کە لە کۆمەڵێک پیتی پێکە لکێندراو کە ئەوان دەیڵێینەوە هیچ مانایەکی ترییان نییە. ئاخر قوتابیانی خۆپێشاندەر ساڵی پار  لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا ، بینای پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتیان سوتاند، چواردەوری پەرلەمانیان گرت و میزیان بەسەر پەیکەری “پیرۆزی” وینستۆن چیرچڵدا کرد، ئەی ئەمە وڵاتی پێشڕەوی دیموکراسی ئەمڕۆ نییە کە خەڵک تیایدا بەوشێوەیە خوازیارە گۆڕانکاری تیادا بکات؟
ئێستا نوێنەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی کە دوای ئەوەی وەک پیشەی هەمیشەیی دەسەڵات بە داپڵۆسین لە بەردەرکی سەرا دەریان کردن ، دەڵێن “ئەگەر خۆپیشاندانەکانیش کۆتاییان بێت دەسکەوتمان هەبووە” ئاخر کامە دەسکەوت ؟ ئەمە ئەو نوێنەرایەتییە کە نەیتوانی دوو مانگ بەرگری بکات لەو داپڵۆسینەی کە چەپ بەگشتی و سۆسیالیست و ئازادیخاوازن ٢٠ ساڵە هێرشی بۆ سەر دەکەن و بەرگری دەکەن و قوربانی بۆ دەدەن لە پێناو گۆڕینی ڕاستەقینە و هێنانە مەیدانی بچوکترین هەنگاوی نێوخوازی و دیموکراتیکانە لەو ناوچەیەدا. 
هەرگیز وەک ئەوەی هەندێك نیۆ-لیبراڵ هەنووکە پێی دەڵێن “عەلمانی توندڕەو” ڕەفتارم نەکردووە، بەڵکو بە جەستە ئامادە بووم لە بەرگریکردن لەو مزگەوتانەی کە فاشیستەکان بڕیاربووە هێرشیان بۆ بکەن و خۆم بە بەشێک لە بززوتنەوەی دژە- فاشیست و بەرگریکردن لە مافەکانی موسوڵمانان زانیوە لە سەردەمی “فۆبیا لە ئیسلام” لە ئەوروپا، بەڵام ، کاتێک نوێنەری خۆپیشاندەران دەبێتە نوێنەری ئیسلامۆ- فاشیستەکان و بە دەنگی ئەوان هەلپەرستانە هاوار دەکات ، لە بەرامبەر ئەم سازشکردنەشدا مەلاکان لافی “دیموکراسی و دادپەروەری” لێدەدەن مەحاڵە نەتوانیت توانجی خۆت نەدەیت ، چونکە هەمان ئەو هەلپەرستییەی خومەینیم بیرکەوتەوە کە لە شۆرشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا ووتی “خوداش کرێکارە” لە مەیدانی ئازادی تاران، بۆ ئەوەی پاڵپشتانی چەپ و لایەنگرانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و تیاشیدا سەرکەوتوو بوو، بەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی درووست کرد.
 ووتەبێژو فەیلەسوفی خۆپیشاندەران ، “بۆ سەروەری یاسا” دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە  قبوڵ دەکەن،  ئایا ئەمە دانپیادانانی ئەو سیستەمە بە ناو دادپەروەرییە نییە کە خۆیان بڕیارە بیگۆڕن ؟ پاشەکشەکان و گۆڕینی “مەیدانی ئازادئ” بۆ پێگەیەکی کۆنەپەرستی و هاوردنی کەسایەتییە توندڕەوەکان بۆ ئەو مینبەرە ، ئایا سازش نەبوو بۆ هێزە کۆنەپەرستەکان لە کوردستاندا، کە چەندین ساڵە تیرۆری سیاسی بەرامبەر ئازادیخوازان دەکەن و دیواری ژن کوشتن بە خۆێن سورر دەکەن؟ وەک هەندێک ناویان لێناوە  بە ڕاستی “بەهاری کورددیە” وەلێ شاملۆ ووتەنی” بۆ ئەو زستانانەی کە بەسەرچوون ناوێک نییە”
ئەگەر کورد خوازیارە بە ئامانجە دیموکراتیەکاکانی خۆی بگات، مەرجە ئەمجارە لە میسر و تونس  نەچێت، زۆر بە ڕوونی  ئامانجەکانیان و داواکانیان لە چنگی هێزە ئۆپۆسزیۆنە حزبییەکانی گۆڕان و ئیسلامییەکان دەربهێنن، ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی ئەم گەلە نین، ئاخر ئەو هێزە سیاسییانە زۆر دەمێکە لە شاخ و شار خۆیان لەگەڵ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا یەکلایکردۆتەوە . هەروەها  ئەوانەش نین کە دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان سەرکردایەتی بکەن و دواتر بۆ دەسەڵات و یاساکەی  سازش دەکەن وەک لەو نوێنەرانەوە بینیمان. مەرجە نوێنەرانیان ئەو کەسایەتی و چالاکوان و هێزە سیاسییانە بن کە دەسەڵاتی خەڵك بە دەستی خەڵک بۆ خەڵك ئامانجی سەرەکیانە.  ئەو کەسایەتی و هێزە سیاسییانەی کە دەسەڵات و حزبە بە ناو ئۆپۆسزیۆنەکان چەندین ساڵە   لە سەرکوتگەریاندان، یەکێکیان بە داپڵۆسین  هەتاوەکو ئێستاش ئەوی تریشیان بەهامنشێوە بەڵام ئێستا  بە ناوی دیموکراسی و چەندین وشەی  شیرینی باوی تر کە وەکو تووتی دەیڵێنەوە و تەواوی مێژووی ئازادیخوازانی کوردی پێ ڕەش دەکەنەوە لەو هەرێمەدا .
 لێرەوەیە کە دەبینین  دەسەڵات و ئۆپۆسزیۆن رووی یەک دراون و ، بۆ هێنانە مەیدانی بچوکترین مافە دیموکراتیەکەکان، کە دیاریرکردنی قەدەری میللەتە بە دەستی خۆی، دەبێت هەردووکیان وەک یەک بایکۆت بکرێن. ئەگەر  نا بە بارێکی زیدە نەرێیدا، ئێرانی جاران و میسر و تونسی ئێستا کە تەنها شکڵی بەرپرسەکانیان گۆڕی  و کۆنەپەرستی و داپڵۆسین و کپکردنی دەنگە ئازادەکانیان خستە قۆناغێکی باڵاترەوە لەو وڵاتانەدا، داهاتووی کوردانیش دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا.

Previous
Next