Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
پڕۆژەیەک بۆ چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستاندا

پڕۆژەیەک بۆ چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستاندا

Closed
by April 29, 2011 گشتی


 

پێشەکی: تائێستا بەئامانجی چاکسازیکردن لە سیستەمی حکومڕانیدا، پرۆژەگەلێکی جۆراوجۆر پێشکەشکراون. ئەو پرۆژانە لەدەوری دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی هەیمەنەی حیزب بەسەر حکومەت و پەرلەماندا و بەنیشتیمانیکردنی هێزە چەکداریەکانی هەرێمدا دەخولێنەوە. دیارترینی ئەو هەوڵانە سێ پرۆژەیە کە بە سێ سەقفی داواکاری جیاوازەوە پێشکەش کراون. یەکەمییان هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و دامەزراندنەوەی حکومەتێکی ئینتیقالی بەتەوافوق و ڕیگا خۆشکردن بۆ هەڵبژاردنێکی شەفافانە (پرۆژەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن). دووەمیشیان هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتێکی ئینتیقالی کە زەمینە بۆ هەڵبژاردنێکی تەندروست بکات (بەیاننامە ٧ خاڵییەکەی گۆڕان)، سێیەم پرۆژەش داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم دەکات (نەخشەڕێگای ئەنجومەنی ئازادی).
 بەداخەوە هیچکام لەو سێ پرۆژانە لە کاردانەوەیەکی هەنووکەیی بۆ قەیرانی ئێستای کوردستان تێنەپەڕیون و دەستییان بۆ گەڵاڵەکردنی میکانیزمگەلێک نەبردووە بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی و درێژماوە بۆ سیستەمی حوکمڕانی کوردستان. ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و ئیزافەیەکە بۆ هەرسێ پڕۆژەکەی سەرەوە. ئەم پرۆژەیە لەسەر چوار تەوەر وەستاوە کە بریتین لە (١) میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی تەزویر و پێشێلکاری لەهەڵبژاردنەکاندا، (٢) کاراکردنی پەرلەمان و پێدانەوەی ڕۆڵی سرووشتی خۆی، (٣) ئۆڕگانیزەکردنی پێوەندی پەرلەمان و حکومەت (٤) دەزگایەکی چاودێری بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم.
 
١- ڕێگرتن لە تەزویر لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا
١-١:  یەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ هەر کورسییەک
کەم کردنەوەی تەزویر و پەرلەمانێکی کارا لەکوردستاندا ئەوە دەخوازێت کە:
أ- بۆ هەر کورسییەکی پەرلەمانی یەک بازنە (یان زۆنی)ی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.
ب- لەحاڵەتی کوردستاندا، بۆ سەد کورسییەکەی پەرلەمان، هەرێم دابەشی سەد بازنەی هەڵبژاردن دەکرێت.
ج- گریمان کوردستان سێ ملیۆن دەنگدەری هەیە، لەم حاڵەتەدا هەر سی هەزار دەنگدەرێک بە کورسیەک لە پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرایەتی دەکرێن.
د- هەر ناوچە/ناحیە (یان چەند ناوچەیەک/ناحیەیەکی تەنیشت یەکتری)، وە یان گەڕەکێک (یان چەند گەڕەکێكی شارێک/شارۆچکەیەک)، کە دەوری سی هەزار دەنگدەری هەبێت دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن و کاندیدێکی ئەو ناوچەیە تەنها لەڕێگای دەنگدەرانی ناوچەکە دەنێرێتە پەرلەمان. ئەگەر شارۆچکەیەک، بۆ نموونە، نزیک بە نەوەد هەزار دەنگدەری هەبێت، ئەم شارۆچکەیە دابەشی سێ بازنەی هەڵبژاردنی جیاواز لەیەکتری دەکرێت و دانیشتوانی هەر بازنەیەک دەنگ بۆ کاندیدەکانی بازنەکەیان دەدەن.
ه- لە هەر بازنەیەکدا هە رپارتێک یان لیستێک بە کاندیدێک کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو کورسییە دەکات. واتە کاندیدەکانی ئەم بازنەیە تەنها کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی ئەو کورسییە دەکەن و تەنیا لەڕێگای دەنگی دەنگدەرانی ئەو زۆنە یەکێك لەکاندیدەکان دەچێتە پەرلەمان.
و- نە هیچ دەنگێکی ئەم ناوچەیە دەچێتە دەرەوەی بازنەکە و نە بە پێچەوانەشەوە دەنگەکانی دەرەوەی بازنەکە دەخرێنە سەر دەنگی بەدەستهاتووی کاندیدەکانی ئەو ناوچەیە.
سوودەکانی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە: یەکەم؛ هەرچەندە کۆمسیۆن پاک و بێلایەن بێت و حیزبەکان پەیمانی تەزویر نەکردن بدەن، هێشتا بنبڕ کردنی تەزویر لە کوردستاندا مەحاڵە، بەتایبەت هەندێک لە حیزبەکان لە جوگرافیایەیەکی دیاریکراو بەهۆی هەژموون و باڵادەستییانەوە بواری تەزویر و پێشێلکارییان هەیە. بەڵام ئەگەر میکانیزمی یەک بازنە بۆ یەک کورسی پیادەبکرێت ئەوا کاریگەری تەزویر تەنها لەو بازنەیەدا قەتیس دەمێنێت کە پێشێلی تێدا کراوە. واتە دەنگە تەزویرە زیادەکانی بازنەیەک کارناکاتە سەر ٩٩ بازنەکەی تر. لە هەلبژاردنەکانی تا ئێستای کوردستان (کە هەموو کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردن بووە)، ئەگەر حیزبێک لە ناوچەیەکدا بۆی لوابێت تەزویر بکات، کاریگەری ئەم تەزویرە سەرجەم رێژەی دەنگەکانی هەرێمی کوردستانی بەپێی ڕێژەی تەزویرەکە گۆڕیوە. میکانیزمی یەک بازنە بۆ یەک کورسی، تەزویر بنەبڕ ناکات، بەڵام کاریگەری تەزویر لەسەر سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر سنووردار دەکاتەوە
دووەم؛  کێبڕکێیەکی زۆر توند بۆ بەدەست هێنانی هەر کورسییەک لەنێوان حیزبەکانی هەرناوچەیەکدا دێتە ئاراوە. بۆیە هەر حیزبێک ناچاردەبێت هەوڵ بدات بەهێزترین کاندیدی خۆماڵی (خەڵکی ناوچەکە) بۆ هەر ناوچەیەک دیاری بکات. ئەم میکانیزمە دیاردەی کاندیدکردن لەسەر بنەمای تەزکییە و وەلای حیزبی و شەخسی کەمدەکاتەوە و لەبری ئەوە پێوەرەکان لەسەر بنەمای پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەیان ئاستی پسپۆڕی دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆی پێدانی گوڕ و تەوژمێکی زیاتر بە ئەدای پەرلەمان. سێیەم؛ ئەم میکانیزمە بوار دەرەخسێنێت کە هەر زۆنێكی هەڵبژاردن لەڕێگای ئەندام پەرلەمانێک  نوێنەرایەتی بکرێت کەخەڵکی یان دانیشتووی هەمان ناوچەیە. واتە پەرلەمان نوێنەری نزیک بە سەد ناوچە، گەڕەک یان شارۆچکەی کوردستانی تێدا دەبێت کە هەرکامێکیان بە کێشە و پێداویستیەکانی ناوچەکەی ئاشنا بێت و بۆیە دڵسۆزانەتر و وردبینانەتر بەدواداچوون بۆ کەموکوڕییەکانی ناوچەکەی دەکات و ئەمەش کاریگەری ئیجابی لەسەر کۆی ئەدای پەرلەمان دادەنێت.
١- ٢: سەرژمێری گشتی و کارتی تایبەت بەدەنگدان
پرۆسەی دەنگدانی شەفافانە و تەندروست ئەوە دەخوازێت کە:
أ- سەرژمێرییەکی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمدا بکرێت، بۆ دیاری کردنی ژمارەی دەنگدەرە ڕاستەقینەکان، چ لەسەر ئاستی کوردستان، وە چ لەسەر ئاستی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا.
ب- لەم پرۆسەی سەرژمێرییەدا هەر تاکێکی دەنگدەر ژمارەی دەنگدانی تایبەت بەخۆی دەبێت کە لەسەر کارتی تایبەت و لیستی ناوی دەنگدەراندا تۆمار دەکرێت.
ج- لە رۆژی دەنگداندا، هەردەنگدەرێک پێویستە لەگەڵ ناسنامەکەیدا ئەو کارتەی کە ژمارەی تایبەت بەدەنگدەرەکەی لەسەر تۆمارکراوە ئامادە بکات و بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانی نەبێت. 
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ ئەو لایەنانەی کە پێشێلکاری دەکەن زۆرجار سوود لە نەبوونی سەرژمێرییەکی ورد لە کوردستان وە بەئاسانی دروستکردن و تەزویر کردنی ناسنامەی باری کەسێتی وەردەگرن. بوونی سەرژمێریی گشتی و هاوکات لەگەڵ میکانیزمی یەک ناوچەی هەڵبژاردن بۆ هەر کورسیەک، بواری ئەوە دەڕەخسێنێت کە ڕێژەی بەشداربووان و بەشدارنەبووان ڕۆشنتر بێت و هەلی ئەوە نادات کە لایەنێک دوای پرۆسەکە دەنگی زیاتر بخاتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. دووەم؛ بوونی سەرژمێری وادەکات کەناوی ئەو کەسانەی لەساڵانی ڕابردوودا کۆچی دواییان کردووە، یان لەدەرەوەی وڵاتن و بەڵام هێشتا ناسنامەی باری کەسێتییان ماوە، لە لیستی دەنگدەراندا لاببرێن و  بوار بۆ دەنگدانی نایاسایی بە ناسنامەی ئەو کەسانە ناهێڵێتەوە. سێیەم؛ ژمارەی تایبەت بەدەنگدەریش، وەک فیلتەرێک رێگردەبێت لە بەکارهێنانی ناسنامەی تەزویر و سەرەنجام دەبێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفافتر و تەندرووستر لەکوردستاندا.
١-٣: دەنگدانی ئیلزامی
أ:  بەپێی یاسایەک دەنگدان لەهەرێمی کوردستاندا بکرێتە ئیلزامی
ب: هەرکەسێک بێ عوزری رەسمی بەشداری نەکات لەهەڵبژاردن بە مەبلەغێکی دیاری کراو (بۆنموونە یەکسان بێت بە ڕۆژانەی فەرمانبەرێک) سزا بدرێت.
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: جۆرێکی باوی پێشێلکاری لەهەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەوەبووە کە لایەنگرانی حیزبە باڵادەستەکان لەو وێستگەی دەنگدانانەی کە بۆیان دەگونجێت لە جێگای ئەوکەسانە دەنگدەدەن کە بەشدارییان نەکردووە لە دەنگداندا.  بۆیە چەند ڕێژەی دەنگندەران زیاتر بێت و لە لیستەکاندا ناوی خاڵی زیاتر هەبێت کە دەنگیان نەداوە هێندە بواری تەزویر کردن و پێشێلکاری دەرەخسێت و بە پێچەوانەوەش ڕاستە. واتە بە ئیلزامی کردنی دەنگدان دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی دەنگنەدەرەکان رێژەیەکی زۆر کەمی کۆی دەنگدەرانی کوردستان پێکبێنن و رێژەی بەشدارنەبوان دادەبەزێت بۆ کەمترین رێژە، لێرەوەش بواری دەنگدانی نایاسایی لە جێگای  ناوە خاڵییەکان (دەنگنەدەرەکاندا) سنووردار دەبێت.
١-٤: بەشدارینەکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا
أ: جگە لەهێزی پۆلیس، کە لەچاو هێزەکانی تر، زیاتر مۆرکێکی نیشتیمانی هەیە، سەرجەم هێزە چەکداریەکانی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن.
ب- ئەو هێزانەی کە نابێت بەشداری هەڵبژاردن بکەن ئەمانەن: پێشمەرگە، سەربازەکانی هەرێم لە سوپای عێڕاقی، زێرەڤانی، ئاساییش، دژە تیرۆر، پاراستن، زانیاری، و پاسەوانانی بارەگا حیزبیی و بەرپرسەکان.
ج- لە پرۆسەی سەرژمێریدا، ئەوان بە بەشێک لە دەنگدەر هەژمار ناکرێن و ژمارەی کارتی دەنگدانییان پێنادرێت.
د- بەشداری نەکردنی هێزە چەکدارەکان تەنها بۆ یەک دەورەی هەڵبژاردن دەبێت و لەهەڵبژاردنەکانی دواتردا، ئەگەر کرانە هێزی نیشتیمانی، مافی دەنگدانییان مسۆگەر دەبێت. 
سودەکانی ئەم میکانیزمە:  یەکەم؛ بەداخەوە هێزی پێشمەرگەو زێرەڤانی و ئاساییش و هێزە ئەمنییەکانی تر، بەتەواوی بە حیزبی کراون و لەبنەڕەتدا هێزی دوو حیزبی سەرەکین لە کوردستاندا. واتە ئەم هێزانە بێلایەن نین و یان وەلای سرووشتییان بۆ حیزبەکەیان هەیە (کە ئەمە قبووڵکراوە) وەیان وەک بەشێک لەبژێوی ژیان ناچاربوون ببن بە پێشمەرگە و ئیلتیزام بەو حیزبەوە بکەن کە ئیدارەی دەکات (ئەمانەش زۆرینەن). واتە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان بەهۆی ئیلتیزامییانەوە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نین. دووەم؛ مەترسی بەشداریکردنی هێزە چەکدارییەکان لەوەدا زیاتر دەردەکەوێت کە لەکوردستاندا چەند حیزبێکی کاریگەر هەن کە خاوەنی هێز و میلیشیای چەکداری نین. بۆیە بەشداری کردنی هێزە چەکدارەکان تا ئەو کاتە دەکرێنە هێزی نیشتیمانی، دەبێتە هۆی تێکدانی بالانسی هەڵبژاردنەکان، لەبەرژەوەندی لایەنە باڵادەست و خاوەن هێزەکانەوە. سێیەم؛ بەدیوێکدا ئەوە ڕاستە کە پێشنیاری بەشداری نەکردنی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، مافێکی سروشتی و بنەڕەتی ئەو توێژە فراوان و کاریگەرەی کۆمەڵگای کوردستان پێشێل دەکات. بەڵام، بەدیوێکی تردا، بەڕەچاوکردنی هۆکارەکانی سەرەوە، بەشدارنەبوونییان لەهەڵبژاردنەکاندا، پرۆسەیەکی تەندروستر و شەفافتری هەڵبژاردن لەکوردستاندا بەرهەم دێت. 
٢: کاراکردنی پەرلەمان
٢-١: دوو ڕیزەیی فراکسیۆنەکان
أ- بەپێی ئەم میکانیزمە پەرلەمانتارانی هەر فراکسیۆنێک دابەشدەکرێن ریزی پێشەوە و ریزی دواوە، واتە، هەر فراکسۆیۆنێکی پەرلەمانی لە دوو ڕیز پێکدێت.
ب- ریزی یەکەم کەمینەیە و لە چواریەکی ئەندامانی هەر فراکسیۆنێک پێک دێت.
ج-ڕیزی یەکەم لە سەرۆکی حیزب و کەسانی باڵاو بڕیاربەدەستی ناو حیزب و کەسانی بەتوانا و بەئەزموون پێک دێن و دەبنە واجیهەی سیاسەتی کوتلەکەیان لەناو پەرلەمان.
د- هەڵسوڕێنەر و بڕیاربەدەستانی ناو کوتلەی پەرلەمان کە لەڕیزی یەکەمدان لەهەمان کاتدا هەڵسوڕینەر بڕیار بەدەستی ناو حیزبن لەدەرەوەی پەرلەمانیشدا.
ه- لەناو حیزبدا ناوەندێکی بڕیاردان و کەسانی بەدەسەڵاتدارتر لە ئەندامانی ڕیزی پێشەوەی پەرلەمان نابێت (ئەم سیاسەتە لەزۆربەی پەرلەمانە زیندوەکانی دونیا پەیرەو دەکرێت).
و- ریزی دواوە، زۆرینەی (سێ لەسەر چواری) ئەندامانی پەرلەمان پێك دێنن.
ز- جگە لەوەی هەر ئەندامێکی ریزی دواوە نوێنەرایەتی سیاسەتی گشتی کوتلەکەیان دەکات و بەمپێیەش پشتیوانی یان چاودێری ئەدای گشتی حکومەت دەکات، لەهەمان کاتیشدا کارێکی تری سەرەکی هەر ئەندامێکی ڕیزی پشتەوەچاودێری کردنی ئەدای حکومەتە لەو ناوچەیەی کە نوێنەرایەتی دەکات و بەرگری کردنە لە بەرژەوەندی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
سوودی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ یەکێک لەو کێشانەی کەزۆر تیشكی دەخرێتە سەر لە کوردستاندا تەدەخولی حیزبە لە پەرلەمان. ئەم حاڵەتە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەندامە باڵاو کاریگەرەکانی ناو حیزب ناچنە ناوپەرلەمانەوە لەبری ئەوە کەسانێک دەنێرن کە خاوەنی بڕیار نین و لەدەرەوەی بازنەی بڕیاردانی حیزبن و بۆیە وەک پەرلەمانتاری بێ دەسەڵات دەردەکەون و دواجار بڕیاردان لەسەر مەسەلە چارەنووسازەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی و سەرۆکی حیزبەکان لەدەرەوەی پەرلەمان. هەروەک لەحاڵەتی کوردستاندا مەکتەب سیاسیەکان نەک پەرلەمان ناوەندی بڕیاردانن و تارادەیەکی زۆر ئیفلیجی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارە. بەداخەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەڕادەی جۆراوجۆر لەم حاڵەتە بەدەر نین. دووەم؛ میکانیزمی ریزبەندی پێشەوە و دواوە بوارێک دەڕەخسێنێت کە زۆربەی ئەندامانی بڕیاربەدەستی حیزب بێنە ناو پەرلەمانەوە. ئەمەش هۆکارێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ کاڵکردنەوەی بێدەسەڵاتی و ئیفلیجی پەرلەمان لەڕێگای گواستنەوەی ناوەندی بریاردەری پارتەکان بۆ ناو پەرلەمان. جگە لەپەرلەمانی کوردستان لە زۆربەی پەرلەمانە کاریگەرەکانی جیهان (تا ڕادەیەک لەناو پەرلەمانی عێڕاقیشدا)، سەرۆکی حیزب لەناو پەرلەماندایە و سەرۆکایەتی کوتلەکەشی دەکات. 
٢-٢: دەنگ یان (بژاردەی) یەکەم و دووەم
أ- لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەر دەنگدەرێک پێویستە دەنگ بۆ دوو کاندید لەکاندیدەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکەی بدات (لەزۆر وڵاتاندا دەنگ بە سێ یان تەنانەت چوار کانیدیش دەدرێت).
ب- دەنگدەر دەنگی یەکەمی خۆی دەدات بەو کاندیدەی کە بەباشترینیان دەزانێت (بژاردەی یەکەم) و دەنگی دووەمی خۆی دەدات بەو کەسەی کە لای دەنگدەر بە پلەی دووەم دێت (بژاردەی دووەم).
ج- تەنها کاتێك بژاردەی دووەم هەژمار دەکرێت، ئەگەر هیچ کاندیدێک لە بازنەی هەڵبژاردنێکی دیاریکراودا نەیتوانی متمانەی %٥١ ی دەندەران بەدەست بێنێت.
د- هەر دەنگدەرێک لە فۆرمی هەلبژاردندا کاندیدی یەکەم و دووەمی خۆی دیاری نەکرد دەنگی بەتاڵدەکرێتەوە و هەژمار ناکرێت.
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ کاتێک دەنگدەر روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکات، ڕەنگە خۆی ساخکردبێتەوە کە دەنگ بەکێ دەدات، بەڵام ڕەنگە ئەوپرسیارەشی بە مێشکا بێت ئەگەر ئەو کاندیدەی دەنگدەر بەشایستەترینییان دەزانێت دەنگی پێویستی نەهێنا، لەدوای ئەو چ کاندیدێکی تر شایستەی دەنگی ئەوە بۆ چوونە ناو پەرلەمان. لەسەر ئەو بنەمایە، دەنگدەر متمانەیەکی زیاتری دەبێت لەوەی بە کردەوە بەشدارە لە پرۆسەی دیاری کردنی نوێنەری ناوچەکەی بۆ پەرلەمانی کوردستان، چونکە، ئەگەر کاندیدی ژمارە یەک نەیتوانی دەنگی پێویست بێنێت، ئەوا کاندیدی ژمارە دوو ڕەنگە ئەو شانسەی هەبێت و لەم حالەتەشدا، دەنگدەر دوو چانسی دەبێت و هەست ناکات کەدەنگی فەوتاوە. دووەم؛ بۆ ئەوەی ئەندام پەرلەمان وەک نوێنەری زۆرینەی دەنگدەرانی ناوچەکەی دەربکەوێت، پێویستە پەیرەوی ٥٠+١%ی دەنگدان بکرێت. کە ئەمەش هەندێک جار زەحمەتە کاندیدێک بتوانێت ئەو رێژەیە بەدەست بێنێت. بۆیە لەحاڵەتێکدا ئەگەر هیچ کاندیدێک (بەدەنگی یەکەم) نەیانتوانی بگاتە ئەو ڕێژەیە، ئەوا بە ئیزافە کردنی ئەو دەنگانەی کە وەک بژاردەی دووەم بەدەستی دێنێت، کارئاسانی دەکات تا یەکێک لەکاندیدەکان ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت. سێیەم؛ پرۆسەی تەزویر و پێشێلکاری کردن سست دەکات، چونکە لایەنی تەزویرکار، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ بۆ زیادکردنی دەنگی نایاسایی بۆ کاندیدەکەی خۆی دەدات، ناچار دەبێت بەپێی ئەم میکانیزمە دەنگی دووەم بۆ کاندیدی لایەنێکی تریش بدات، کە ڕەنگە لەبەرژەوەندی کاندیدەکەی خۆیدا نەبێت.  
٢-٣: کۆتای کەمینەکان
أ: لەدەرەوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، ڕێژەیەکی دیاری کراو (بە بنەما لەسەر خاڵەکانی [٢-٣-ج وە ٢-٣-ه] بۆ هاوڵاتییانی کوردستان لە ئەتنیکی تورکمان و کلدۆ-ئاشوری و ئەرمەن دابین دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەریان لەپەرلەمانی کوردستاندا هەبێت.
ب: پێویستە جۆرێک کارئاسانی بۆ ئەو پێکهاتانە بکرێت بۆ گەیشتنییان بە پەرلەمان  لەڕێگەی کەمکردنەوەی رێژەی دەنگی پێویست بۆ هەر کورسییەک.
ج: کاندیدەکانی ئەو پێکهاتانە تەنها پێویستییان بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی دەنگی هەر کاندیدێکی ئاسایی هەبێت بۆچوونە ناو پەرلەمان. واتە  ئەگەر هەر ناوچەیەکی ٣٠ هەزار دەنگدەری لەحاڵەتی نۆرماڵدا بە یەک کورسی پەرلەمان نوێنەرایەتی بکرێن، ئەوا بۆ ئەو سێ پێکهاتەیەی کوردستان رێژەکە بکرێتە هەر ٢٠ هەزار دەنگدەر بۆ یەک کورسی.
د- هاوشیوەی هەڵبژاردنی ئاسایی، بڕگەکانی ١-١؛ ١-٢؛ ١-٣؛ ٢-٢ ی ئەم پرۆژەیە لەهەڵبژاردنی ئەو پێکهاتانەدا پەیرەودەکرێن.
ه: بێ رەچاوگرتنی سنووری ئیداری و جوگرافی بازنەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدەکانی ئەو پێکهاتانە دیاریدەکرێت، واتە جوگرافیای بازنەی دەنگدانی ئەو پێکهاتانە  فراوانتر دەبێت لە جوگرافیای بازنەی دەنگدانی نۆرماڵ. لەم حاڵەتەدا، جگە لەپێکهاتەی ئەرمەن کە لەسەر ئاستی کوردستان پێشبڕکێ بۆ کورسییەک دەکەن، بۆ پێکهاتەی کلدۆ-ئاشوری هەریەک لە پارێزگای دهۆک و هەولێر وەک بازنەیەک یان دوو بازنە و بۆ پێکهاتەی تورکمانیش شاری هەولێر یەک یان دوو بازنە بەگوێرەی ڕێژەی دەنگدەرانیان دیاری دەکرێت.
سوودی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ ئەم میکانیزمە بوار دەرەخسێنێت و کارئاسانی دەکات تا ئەو پێکهاتانەی کوردستان نوێنەریان بچێتە پەرلەمان. دووەم؛ ئەم میکانیزمە کەمینەکان لە کێشە و ململانێکانی نێوان لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا ناکرێنە تەرەف. کە بەداخەوە، دانانی ١١ کورسی تەنها بۆ بەتەرەفکردنی کەمینەکان  لە کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن (لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدا) بەکار هێنراون. سێیەم؛ ١١ کورسی بۆ کەمینەکان لەسەر بنەمای هیچ سەرژمێرییەکی تەندروست دانەنراوە و زیاتر لەسەر بنەمای میزاج و بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دانراوە. نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کەمینەکان لە زۆرو بۆر و پاشکۆیەتی کورسیەکانیاندا نییە لەپەرلەمان، بەڵکو لە کواڵەتی و رۆڵی پەرلەمانتارانیاندایە لەبەرگری کردن لە  بەرژەوەندی ئەوپێکهاتەیەی نوێنەرایەتی دەکەن و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان. چوارەم؛  لەلایەکەوە ئەم میکانیزمە گرەنتی ئەوە دەکات کە مافی کەمینە ئەتنیکییەکانی کوردستان پارێزراو بێت و لە پەرلەمانی کوردستان دا نوێنەرایەتییان بکرێت، وەلەلایەکی تریشەوە هارمۆنی کۆمەڵگای کوردستان بپارێزرێت و وەک هاوڵاتی پلەیەک هەژماربکرێن.
٣: پەیوەندی پەرلەمان و حکومەت
٣-١: پرسیاری هەفتانە
أ: رۆژێک لە هەموو هەفتەیەکدا دیاریدەکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران (بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگر و وەزیرەکان) لەپەرلەماندا.
ب- ئەو کۆبوونەوانە نابێت کاربکاتە سەر دەوامی وەزارەتەکان و کاروباری هاوڵاتیان، بۆیە دەبێت بۆ نموونە لە ٢ی دوای نیوەرۆ تا نۆی شەوی رۆژێکی دیاری کراو بۆ پرسیاری هەفتانە دیاری بکرێت.
ج- کۆبونەوەی هەفتانە بەمەبەستی پرسیارکردن و بەدواداچوونە لە پرۆسەی جێبەجێکردن و نەکردنی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر کارنامە و بەرنامە و پرۆژەکانی حکومەت یان وەزارەتەکان چ لەسەر ئاستی هەرێم یان لەسەر ئاستی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا.
د- پەرلەمانتاران و وەزیرەکان لە پرسیار و وەڵامی ڕاستەخۆ و ڕووبەڕوداتیشک دەخەنە سەر لایەنە سلبی و ئیجابییەکانی حکومەت و وەزارەتەکان.
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ میکانیزمێکی وەها ئیعتیبار و کارایی بۆ هەردوو لایەن (پەرلەمان و حکومەت دەگێڕێتەوە). لەلایەکەوە کارئاسانی دەکات بۆ گێڕانەوەی ئەرکی سەرەکی پەرلەمان بۆ چاودێری کردنی کاروبار و ئەدای حکومەت و پابەندکردنی حکومەت بە لێپرسینەوەی بەردەوام لە ئەدا و کارەکانی دا. لەلایەکی تریشەوە بوار دەڕەخسێنێت بۆ حکومەت و وەزیرەکان بۆ تیشك خستنە سەر کار و چالاکییەکانیان و گفتو گۆکردنی گرفت و ڕێگرییەکان. دووەم؛ ئیحتیکاک و گفتۆی هەفتانەی نێوان حکومەت و پەرلەمان، کە هەردوو لایەنی زۆرینەی دەسەڵات وەلایەنی ئۆپۆزسیۆن کە کەمینەن لەپەرلەماندا بەشداری تێدا دەکەن دەبێتە هۆی رەخساندنی زەمینەیەکی هاوسەنگ بۆ هەردوو لا کە تیشک بخەنە سەر ئەدای حکومەت (بە ئیجابی و بە سلبی). سێیەم؛ کۆبوونەوەی بەردەوام و هاوبەشی هەفتانە ئەم فەزا ناهاوسەنگییە و ئەو کەلتوور و نەریتە سیاسییە دزێوە لەباردەبات کە پێوەندی  پەرلەمان و حکومەتی لەوەدا کورتکردۆتەوە کە تەنها لەکاتی تەنگەژ و قەیرانەکاندا وە تەنها بۆ لێپرسینەوە و لێسەندندەوەی متمانە وەزیرەکان یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتی حکومەت دەکرێن و زۆر جار لایەنی بانگهێشتکراو چوونە بەردەم پەرلەمان وەک ئەتککردن و ئیهانەکردن چاو لێدەکات و لایەنی بانگهێشتکەریش (کە زیاتر ئۆپۆزسیۆنە) ڕووبەڕووی چەندان گرفتی جۆراوجۆر دەبێت تا بتوانێت لایەنێکی حکومی بانگهێشتی پەرلەمان بکات. بەکورتی پرسیاری هەفتانە ئەو دیواری حەساسیەتە دەڕوخێنێت کە لەبانگهێشتی وەزیرەکاند بەدی دەکرێت و شەفافیەتێکی بەرچاویش دەداتە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان.
٣-٢: حکومەتی سێبەر
بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەت، (باشتر وایە بگوترێت ئۆپۆزسیۆن و حکومەت) زیاتر بەدامەزراوەیی و رێکخراوەیی بکرێت، پێویستە:
أ- هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان حکومەتی سێبەر پێکبێنن.
ب- ئەگەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان توانییان بەرەیەک پێکبهێنن یان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سێبەر ڕێککەوتن، ئەو ئەو پۆستانە بەگوێرەی قەوارە و سازانییان بەسەر ئەو هێزانەدا دابەش دەکرێت، ئەگەر نا گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ.
ج- هەر یەکێک لە ئەندامانی ڕیزی پێشەوەی ئۆپۆزسیۆن لە سەر بنەمای پسپۆڕی لەهەمبەر وەزیرێکی دیاریکراو دادەنرێت.
د- سەرۆکی گرووپی ئۆپۆزسیۆنیش لەبەرامبەر سەرۆکی حکومەت دادەنرێت.
ه- وەزیری سێبەری هەر وەزارەتێک، نازناوی وەزیری سێبەری ئەو وەزارەتەی پێدەدرێت. بۆ نموونە وەزیری سێبەری پەروەردە، یان ناوخۆ..هتد..
و- وەزیری سێبەر، تەنها پۆستێکی سیمبۆلی و فەخرییە و ئەو ئیمتیازە ماددی و مەعنەوییانەی نابێت کە وەزیری حکومەت هەیەتی.
ز- لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەتی سێبەر و هەر وەزیرێکی سێبەر بەرەسمی دان بەشەرعییەتی حکومەت و وەزارەتەکان و مافی حکومڕانی حیزبی دەسەڵاتدا دەنێت، لەهەمان کاتیشدا وەک سێبەری ئەو وەزیرە رەفتار دەکات کە بۆی دیاریکراوە.
ح- لەکاتێکدا  وەزیری سێبەر مافی ئەوەی نابێت کە ڕێگری لە لەکارەکانی وەزارەتدا بکات یان وەک فەرمانبەرێکی ئەو وەزارەتە رەفتار بکات، لەهەمان کاتیشدا مافی ئەوەی هەیە لە ورد و درشتی کارەکانی ئەو وەزارەتە ئاگادار بێت و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی کە وەزارەت خستونییەتیە بەردەستی هەمیشە لە پەرلەماندا تیشک بخاتە سەر کەموکوڕیی و لایەنە نەرێنیەکانی وەزارەت.
سودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ لە بەر ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە حکومەتدانین، لە ڕیگای ئەو میکانیزمەوە، ئۆپۆزسیۆن لە مافی بڕیاردان و لێپێچینەوە لەسەر وردەکاری و ئەدای وەزارەتەکان بێبەش نابن. دووەم؛ لێپرسیینەوە لەسەر بنەمای پسپۆڕی و تایبەتمەندێتی، بوارێکی زیاتری لەیەکتری تێگەیشتن  بۆ هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و حکومەت دەرەخسێنێت. کە لەئەندامی کارای ئۆپۆزسیۆن و کاردانەوەی حکومەت پرۆژە و کارنامەکان بەئاقارێکی باشتر و ساغلەمتردا دەڕۆن. سێیەم؛ ئاگاداری وەزیری سێبەر و ڕێپێدانی لە دەسکەوتنی سەرجەم زانیارییەکانی ئەو وەزارەتەی کە بۆی تەرخانکراوە و بەرچاوڕوونی و شەفافیەتێکی زیاتر دەدات بە وەزارەتەکان و حکومەتی هەرێم. نەبوونی شەفافیەت یەکێکە لەگرفتە سەرەکییەکانی حوکمڕانێتی کوردستان. چوارەم؛ زۆرجار وەزیری سێبەر لە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەسەڵات هەمان پۆست وەردەگرێت کەوەک وەزیری سێبەر هەیبووە. ئەمەش وادەکات، کە ئەوکەسانەی لەداهاتوودا دەبنە وەزیر، خاوەنی ئەزموونێکی باش بن لە کاروباری وەزارەتدا.
٤- چاودێری کردنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم
٤-١: دامەزراندنی ئەنجوومەنی چاودێری وەیان پیران (سێنات):
أ: ئەنجوومەنی چاودێری وەیان پیران (سێنات) دامەزراوەیەک دەبێت بۆ چاودێری کردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و دروستکردنی بالانس لەنێوان ناوەندەکانی بڕیاردان لە کوردستان.
ب: ئەم ئەنجوومەنە، دەزگایەکی تەنفیزی نییە، هەروەک لەناوەکەیدا دیارە ئەنجومەنێکی چاودێری دەبێت.
ج- ئەم ئەنجومەنە وەک فلتەرێک رۆڵ دەگێڕێت کە دەبێت هەموو یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی پێدا تێپەڕ ببێت. واتە، یاساکانی پەرلەمان و و بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێم تەنها دوای پەسەند کردنی بە زۆرینەی دەنگەکان لەو ئەنجومەنەدا دەکەونە بواری جێبەجێ کردن.
د- هاوشیوەی پەرلەمانی کوردستان ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێری لەڕێگای دەنگدانی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێن.
ه- لە حاڵی حازردا وەک پرەنسیپ هەرێمی کوردستان دابەش کراوە بۆ هەشت یەکەی ئیداری کە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ. هەر یەکێک لەو ئیدارانە بەیەکسانی سێ ئەندام دەنێرن بۆ ئەنجومەنی پیران. واتە، ئەنجومەنی سێنات لە ٢٤ ئەندام پێک دێت.
ح- هەر یەکەیەکی ئیداری یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت و کاندیدەکان پێشبرکێ لەسەر سێ کورسی دەکەن. ئەو سێ کاندیدەی زۆرترین دەنگییان بەدەست هێناوە دەبنە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.
و- ئامانج لەدیاریکردنی نوێنەری یەکسان بۆ هەر یەکەیەك لە هەشت یەکە ئیدارییەکانی کوردستان، درووستکردنی هەمەڕەنگی سیاسییە لەو ئەنجومەندا.   
ز- مەرجی تەمەن (سەرووی ٤٠ ساڵ) وە ئاستی خوێندەواری (بەکالەریۆس) پێویستە ڕەچاو بکرێت بۆ خۆ کاندید کردن.
ر- سەرۆکی ئەنجوومەن یان لە ڕیگەی زۆرینەوە هەڵدەبژێردرێت، وە یان دەوری دەبێت وە هەر مودەیەک نوێنەری یەکێک لە یەکە ئیدارییەکان ئەو پۆستە وەردەگرێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا، لە پرۆسەی دەنگداندا سەرۆکی ئەنجومەن بێلایەن دەبێت و مافی دەنگدانی نابێت لەسەر ئەوپرۆژانەی بەئەنجومەندا تێدەپەڕن.
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ دەبێتە هۆی داهێنانی چەمک و سیاسەتی (باڵانسی سیاسی) لەبری (تەوافوقی سیاسی) لە کوردستاندا. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان زۆرجار پێداگری لەسەر تەوافوقی سیاسی دەکەن، بەڵام جگە لەتەفاهوومی جێنتلمەنی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا وە هەبوونی چاوەڕوانی لە بەخشندەیی و دەستئاوەڵایی حیزبە حاکمەکانی کوردستان هیچ میکانیزمێکییان پێشنیار نەکردووە بۆ درووستکردنی تەوافوقی سیاسی. جگە لەنەبوونی میکانیزمێک بۆ تەوافوقی سیاسی، ئەم شێوە تەوافوقەی ئۆپۆزسیۆن پێشنیاری دەکات مۆرکێکی ڕۆژهەڵاتیانەی دیموکراسیەتی هەیە کە دەکرێت بە دیموکراسیەتی خەڵەتێنەر یان درۆیینە لەقەڵەم بدرێت.  درووستکردنی ئەنجومەنی پیران بەو میکانیزمەی پێشکەش کراوە بۆ تەرکیبەی ئەنجومەنەکە(سێ کورسی بۆ هەریەکێک لەو هەشت یەکەی ئیداریەی کوردستان)، وادەکات کە ئەنجومەنێک پێکبێت لەڕووی پێکهاتەی سیاسییەوە جیاواز بێت لە پەرلەمان و هەلێک دەرەخسێنێت تا ئەو پارتانەی لە پەرلەماندا کەمینەن، لەم دەزگایەدا دەنگێکی بەهێزتریان هەبێت و تەنانەت زۆرینەش بن. وە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکو مافانەی کەبەم ئەنجومەنە دەسپێردرێت، بواری ئەوە دەڕەخسێت کە بالانسێكی (هاوسەنگی) سیاسی لە نێوان ئیرادە و بریارەکانی کەمینە و زۆرینە لەکوردستاندا بێتە ئاراوە. ئەمەش جگە لەجوان کردنی سیمای دیموکراسیانەی کوردستان، گوڕوتەوژمێکی زیاتریش بە پرۆسەی چاکسازی دەبەخشێت.
دووەم؛ لەکوردستاندا هیچ دەزگایەک نییە ئەرکی لێپرسینەوەی هەبێت لە سەرۆکی هەرێم، کەئەوەش وایکردووە سەرۆکی هەرێم لەدەرەوەی لێپرسینەوە و چاودێریکردندابێت. ئەمەش کەموکوڕییەکی جدی سیستەمی حوکمڕانییە لەکوردستان. چونکە ئەو ستاتۆی سەرووی لێپرسینەوەیەی بەسەرۆکی هەرێم بەخشراوە (ئیتر سەرۆک هەر کەسێک بێت) مەترسییە بۆ سەر چارەنووسی دیموکراسی و ئازادی لەهەرێمدا، بەتایبەت کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە.    ئەنجومەنی پیران بەو سەلاحیەتەی بۆی پێشنیار کراوە، ڕێگاچارەیەکی گونجاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەموکوڕییەی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم. سێیەم؛ لە کوردستاندا هیچ دەزگایەک و موئەسەسەیەک نییە کە چاودێری کار و ئەدای پەرلەمان بکات، وە وەک فلتەرێک رۆڵ ببینێت بۆ تێپەڕبوونی یاسا و بڕیارەکانی ئەم دوو لایەنە.  بۆیە لەژێر پەردەی ئیرادە و حوکمی زۆرینە ڕەنگە پەرلەمان هەندێک بڕیار و یاسا دەربکات کە پەیوەستە بە چارەنووسی کۆی تاکەکانی هەرێمی کوردستان و تاڕادەیەک لەبەرژەوەندی گشتیدا نەبێت. سێ نموونەی زیندوو لەم بوارەدا بریتین لە پڕۆژەی دەستوور و یاسای خۆپیشاندان و کەمو کوڕییەکانی بودجە ساڵانی ڕابردوو. واتە ئەنجومەنی چاودێری دەبێتە ئەو فلتەرە کە ڕێگا نادات یاسا و پڕۆژەکان بەکەموکوڕییەوەتێپەڕینرێن و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. 
٤-٢: هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی لە ناو پەرلەمانی کوردستاندا.
هەرچەندە ئەم داوایە لە نەخشەڕێگاکەی ئەنجومەنی سەرای ئازادیدا هاتووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە بەهەندێک وردەکاری زیاترەوە ئەم پرۆژەیە میکانیزمە پێشنیار دەکراێت.
أ- هاوشیوەی نەخشەڕێگاکەی ئەنجومەنی سەرا، ئەم پرۆژەیەش پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پێویست ناکات سەرۆکی هەرێم لەڕێگای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە دیاری بکرێت، بەتایبەت بەگوێرەی ئەم پرۆژەیە پەرلەمان و ئەنجومەنێکی چاودێری وەک  دوو دەزگا لەڕیگای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ ئەندامەکانی هەڵدەبژێردرێن.
ب- لەهەبوونی ئەنجومەنی پیراندا وەک چاودێرێک لە سەر سەرۆکایەتی هەرێم، ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی ڕاگرتنی بالانسی هێز، پێشنیار دەکات کە دەکرێت سەرۆکی هەرێم بەشیکی زۆری ئەو ماف و ئەرکانەی هەبێت کە ئێستا بۆی دیاری کراون.
ج- پێویستە هاوشیوەی سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکی هەرێمیش لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێن.
سوودەکانی ئەم میکانیزمە: یەکەم؛ هەلبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، باڵادەستی پەرلەمان بەسەر موئەسەسەی سەرۆکایەتی هەرێمدا فەراهەم دەکات، کە ئەوەش زەمانەتێکە بۆ پتەوبوونی بنەما دیموکراسیەکان لەهەرێمدا. دووەم؛ ئەگەر سەرۆکی هەرێم لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە دەستنیشان بکرێت، هەر ئەو زۆرینە پەرلەمانییەش دەتوانێت سەرۆک لەسەر کار لابەرێت لەحاڵەتی خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی یان بەدروستی بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکانیدا. سێیەم؛ ئامانج لە هەلبژاردنی جێگری سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوەیە کە هەل دەرەخسێنێت کە جێگرێکی بەهێز بۆ سەرۆکی هەرێم دەستنیشان بکرێت کە ئەمەش سەرۆکایەتی هەرێم چالاکتر دەکات. چوارەم؛ هەر پەرلەمانیش مافی ئەوەی دەبێت کە جێگری سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەی لابەرێت نەک سەرۆکی هەرێم. دانی مافی دیاری کردن و لابردنی جێگری سەرۆکی هەرێم بە پەرلەمان ڕێگری لەوە دەکات کە سەرۆکی هەرێم ئەو دەسەڵاتەی نەبێت هەبێت کە بەگوێرەی میزاج و بەرژەوەندییە حزیبی شەخسییەکانی خۆی جێگر دابنێت و لاببات. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ڕێگری دەکات لەوەی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم لەدەستی سەرۆکدا کۆببنەوە و بەشێک لەو دەسەڵاتانە دەدرێن بە جێگرەکەی، کە ئەمەش بۆ داهاتووی دیموکراسیەت لەهەرێمدا گرنگە. 
 


تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٥٩ی گۆڤاری لڤیندا بلاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.