
ئێزیدیایه‌تی و زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی
ده‌روازه
له پرسی زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی ئیزدییه‌كاندا ، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێزیدی له زه‌رده‌شتیی و كاكه‌یی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت ، چونكه دینه‌كه و زمانه‌كه‌ی دینه‌كه ته‌نیا تایبه‌ته به كورده‌وه..به واتای جگه له كورد ، ئێزیدیاتی له ناو هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دی نییه!!
ئه‌م به‌شه قسه له سه‌ر چه‌مكی ئێزدیاتی و شه‌یتانپه‌رستی ده‌كات هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی جه‌خت له سه‌ر چه‌مكی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی ئایینی ئێزدیه‌كان ده‌كات.
پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ڕه‌سه‌نی ئێزیدیاتی
ئێزیدیاتی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌نتۆ ئایینیین. ده‌رباره‌ی ماهیه‌تی ئێزدیاتی سێ رای دژ به‌یه‌ك هه‌ن. له نه‌زه‌ری هه‌ندێ توێژه‌رو نوسه‌ر ئێزیدیاتی دینێكی كۆنی كورده، باسیل نیكیتین‌و تۆمابواو كرێبنبۆرك‌و ماكدۆیل باوه‌ڕیان وایه كه ئێزیدیاتی تێكه‌له‌یه‌كه له ئایینه كۆنه‌كانی كورد‌و فارس وه‌ك زه‌رده‌شتیه‌ت‌و مانی و میسرائیه‌ت‌و وه‌سه‌نیه‌ت . ئه‌گه‌ر ئه‌مانه مێژووی ئێزدیایتی ئاوا دێرین ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناڵێن ئێزیدیاتی دینێكی ئاسمانیی‌و خاوه‌ن پێغه‌مبه‌رو كتێبی پیرۆزه!! به واتای ئێزدیاتی زاده‌ی هزر و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی كوردی كۆنه . له‌لای هه‌ندێ توێژه‌ری تر، به‌تایبه‌تی مێژوونووسه موسلمانه‌كان، ئه‌وا مێژووی ئێزیدیاتی هاوكاته ده‌گه‌ڵا سه‌رهه‌ڵدانی شێخ عادی كوری موسافیر ( 1073ـ 1162) . عه‌بدولكه‌ریمی سه‌معانی( له‌ساڵی 1167 مردووه) یه‌كه‌م نووسه‌ری عه‌ره‌به كه له‌باره‌ی ئێزیدیه‌كان كتێبی نووسی بێ، به‌ر له كتێبه‌كه‌ی (سه‌معانی) هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دی ناوی ئێزیدیاتی ناهێنن. د.ڕه‌شاد میران له‌رێگای ژێده‌رێكی مه‌سحییه‌وه ده‌یه‌وێ مێژووی ئێزیدیاتی وه‌پێش سه‌رهه‌ڵدانی شێخ عادێی موسافیر بێخێ:و ده‌نوسێ: ” ده‌توانین هه‌ندێ زانیاری ده‌رباره‌ی رابردووی ئێزیدیان، ه‌ی ماوه‌ی پێش سه‌ده‌ی دوازده، له سه‌رچاوه‌كانی مه‌سیحیه‌وه هه‌ڵێنجین. قه‌شه گریگۆری ماكسترۆس( ساڵی 1058 مردووه) له وه‌ڵامی نامه‌یه‌كی قه‌شه‌ی سریاندا نووسیوویه‌تی: ” خه‌ڵكی واهه‌ن ڕۆژ ده‌په‌رستن، باوه‌ڕیان به زه‌رده‌شتی فارسی هه‌یه‌و به‌ناوی” شمسیه” ناسراون….” د. ڕه‌شاد ده‌نووسێ: ” ئه‌م “شمسیه” ڕۆژپه‌رستانه له‌وه ده‌چێ ئێزدی بن، چونكه ئێزیدیش رێزی هه‌تاو ده‌گرن‌و ته‌قدیسی ده‌كه‌ن: ” به‌ر له (د. ڕه‌شاد) تۆفیق وه‌هبیش ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌بووه، به‌لام ئه‌م گریمانه بێ بنه‌چه‌و بێ شه‌نگستی زانستییه، چونكه زۆر له‌گه‌لانی كۆن بێ ئه‌وه‌ی ئێزیدی بن نه‌ك هه‌ر رێزی ڕۆژیان ده‌گرت، به‌ڵكو ده‌یانپه‌رست وه‌ك گه‌لی ڕه‌سه‌نی (ئیبراهیم خه‌لیل)، هه‌روه‌ها گه‌لی به‌لقیسی سه‌با، له‌م پێودانگه‌وه ده‌توانین بڵێین، له ڕه‌سه‌ندا ئێزیدیاتی وه‌ك ئێزیدیاتی خواپه‌رستن هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌سه‌نییان به زه‌رده‌شت‌و مانه‌وه‌ی و میسرانیه‌ت نییه، به‌ڵكو وه‌ك ماكدۆیل‌و كرێینبۆرك ده‌نووسن : ئیزدی گروپێكی هه‌ڵگه‌راوه‌ن له ئیسلام. شێخ عادی كوردبێ یان عه‌ره‌ب وه‌ك سه‌رچاوه‌كان جه‌خت ده‌كه‌ن سۆفیه‌كی خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت بووه، مه‌به‌ستی بووه ته‌ریقه‌تی عه‌ده‌ویه له ناو چیاینشینه‌كان دووره ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسی بڵاوبكاته‌وه، هه‌ندێ ده‌ڵێن موسافیر خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و هه‌ندێكیتر ده‌ڵێن خودی ئێزیدیه‌كان له‌پاشی مردنی ئه‌و پله‌ی “خوا”یه‌تیان پێداوه، ئه‌مانه ته‌واو روون نیین،هه‌ر وه‌ها ڕای تر هه‌یه ده‌ڵێ دوو شێخ عادی هه‌ن یه‌كی كورد و یه‌كی عه‌ره‌ب!!
به هه‌ر دوو شێوه هه‌ر شیمانی ئه‌وه ده‌كرێ كه ئێزدی خه‌ریكی شێوازێكی جودا بوونه له ده‌وروبه‌ری خۆیان جا له لایه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو له ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام‌و جیهانی ئیسلامی جودا بن، ئه‌وا له‌گه‌ڵی لالش په‌رستگه‌یه‌كیان دامه‌زرندووه، بۆ مژۆلی په‌رستن بن! به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه كاریگه‌ری ئایینه كۆنه‌كانی پێوه دیاره ،به‌ڵام درێژه‌پێده‌ری هیچیان نییه ،چونكه هه‌ژمونی ئیسلام به سه‌ر شێوازی په‌رستن و شوێنه پیرۆزه‌كانیان و ده‌قی نوسراوه‌كانیانه‌وه دیاره: گۆڕی شێخ عادی له لالیش قیبله‌ی ئێزدیانه، له‌لالش چیای عه‌ره‌فات هه‌یه، له‌وێ مه‌سه‌له‌ی جێی ئاوی كه‌وسه‌ر، كانی سپی كه ئاوی زمزمی تێدایه‌و به‌ردی ڕه‌ش هه‌یه.
ئێزیدییه‌كان له دوو جه‌ژندا گه‌ر بیانه‌وێ ته‌داره‌كی حه‌ج له‌لالش ئه‌نجامده‌ده‌ن، له جه‌ژنی قورباندا ڕۆژانی 7، 8 ی مانگی ژی الحجه، سه‌ردانی گۆڕی شێخ عادی ده‌كه‌ن، له‌ڕۆژی نۆیه‌مدا خه‌ڵكه‌كه به سه‌ر چیای عه‌ره‌فات ده‌كه‌ون‌و له‌وێ له شێخ عادی ده‌پاڕێنه‌وه كه له گوناهه‌كانیان خۆش بێ” ئه‌مه‌ش له‌خۆرا نیه، چونكه له نه‌زه‌ری هه‌ندێ ئێزیدی رۆحی مه‌له‌كی تاوس له شێخ عادی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌و له مه‌سحه‌فی ڕه‌شدا” مه‌له‌ك تاوس” یه‌كێك له‌حه‌وت فریشته‌كانی خواوه‌نده‌كانه،كه‌چی له جیلۆه‌دا خوا خۆیه‌تی.له لایه‌كیتر،د.ماكسیمیلیان بیتنه‌ر ،هه‌بوونی مه‌له‌ك تاوس و دۆگماكانی ده‌كاته به‌ڵگه له سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م به “یه‌زیدی” و هه‌م به “شه‌یتان په‌رستیان ” ناو ببات.
هه‌رچی رای سێیه‌مه، ئه‌وا ڕای خودی توێژه‌ره ئێزیدیه‌كانه، ئه‌وانه باوه‌ڕیان وایه كه ئێزیدیاتی دینێكی خوداپه‌رستی‌و باوه‌ڕی به یه‌كتاپه‌رستی هه‌یه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش‌و جیلوه، كه زۆربه‌ی توێژه‌ره‌ان به‌دوو كتێبی پیرۆزی ئێزدیانی داده‌نێن، كتێبی پیرۆز نین‌و جێی متمانه نین له‌باره‌ی باوه‌ڕی ئێزدیایته‌وه.
ئێزیدی و یه‌زیدی
له‌رووی رۆنانی وشه‌ی كوردییه‌وه
وه‌ك وتمان ئه‌م كۆمه‌ڵه ئه‌تنیكیه‌ـ ئایینیه به یه‌زیدی‌و ئێزیدی ناویان له ژێده‌ره‌كانه‌وه دێت، به گوێره‌ی هه‌ندێ ڕا ئێزیدی گروپه‌كی یه‌زدانین نه‌ك هه‌ر ته‌نها باوه‌ڕ به‌خودا ده‌هێنن، به‌ڵكو باوه‌ڕیان به پێغه‌مبه‌رایه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش هه‌یه، له قه‌وڵی ” په‌دشای من” كه‌له ژماره (8) ڕۆژی 29/ 7/1997 گۆڤاری لالش بڵاوبۆته‌وه له چه‌ند شوێن ئاوا په‌سنی خودا ده‌كه‌ن:
په دشێ من په‌دشه
چێكه‌رێ چیا‌و ده‌شته
نه ققاشێ هه‌موو نه‌قشه
په‌دشێ من رب الصمده
ره‌بێ موسی‌و عیسی‌و محمده
هه‌موو ژێر بر سجوده
له قه‌ولی” فروارا پێغه‌مبه‌ر محمد” ئاوا له‌كۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌دوێن:
ڕۆژه‌كێ ژ ڕۆژانه
نه‌بی دبێژ ته مێرانه
علی‌و عمرو ئه‌بابكر‌و عوسمانه
ئیرۆ لمن یا گرانه
له‌و پێودانگه‌وه، ئه‌وه ده‌كرێ كه ئێزدیدیه‌كان گروپێكی خودا په‌رست بووبن وه‌ك هه‌ر تایه‌فه‌یه‌كی تر، له‌هه‌ندێ شت له‌گه‌ڵ موسڵمانان كۆك نه‌بن، شاكر فه‌تاح له توێژینه‌وه‌كه‌ی خۆیدا ده‌نووسێ كه هه‌ردوو وشه‌ی ئێزیدی‌و یه‌زیدی هه‌ر به‌واتای”یه‌زدان په‌رست” دێن، هه‌رچی ئه‌نه‌س دۆسكییه ده‌نووسێ: بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه وشه‌ی ” یه‌زیدی” وشه‌یه‌كی كوردییه‌و له ( یه‌زدان) یاخود (ئێزد) هاتبێ، هیچ بنه‌مایه‌كی زمانه‌وانی نییه، چونكه هه‌كاریه‌كان و ته‌واوی به‌هدینیه‌كان هه‌ر وشه‌یه‌ك به(ی) ده‌ست پێبكات ده‌یگۆڕن بۆ هه‌مزه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما زمانه‌وانیه یه‌زدی كراوه‌ته ئێزیدی.
له‌لایه‌كی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ( یه‌زید) ی كوڕی (معاویه) وه‌ك كارێزمایه‌ك ئاماده‌گیه‌كی به‌رفراوانی هه‌یه له ده‌قه ئایینیه‌كانی ئێزیدیدا، بۆیه دوور نییه(ی)ـ خاوه‌نێتی بۆ ناوی( یه‌زید) زێده‌كرابێت له‌لایه‌ن شیعه نه‌یاره‌كانی ئێزیدیه‌كان به ” یه‌زیدی” ناو زه‌دكرابن، خودی ئێزیدیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌لتوری‌و مێژوویی‌و فۆبیای دژه ئێزیدی له‌هه‌ر سه‌رده‌مه‌و یه‌كێ له‌و دوو زاراوه‌یان په‌سه‌ند كردبێت.
كتێبه پیرۆزه‌كانی ئێزیدییه‌كان
له كه‌لتوری ئێزیدیاندا ئاماژه به‌سێ كتێب‌و چه‌ند ده‌قێكی ئایینی ده‌كرێ، هه‌ریه‌ك له‌م ده‌قانه زۆر مشت‌و مڕ هه‌ڵده‌گرن، چونكه ئه‌م ده‌قانه ئه‌مڕۆ له به‌رده‌ستن له نه‌زه‌ری هه‌ندێ توێژه‌ری ئێزیدی یان غه‌یره ئێزیدی ژَێده‌ری سه‌ره‌كین بۆ شرۆڤه‌كردنی باوه‌ڕی ئیزیدیه‌كان، له تێروانینی هه‌ندێ توێژه‌ری دی به‌تایبه‌تی ئێزیدیه‌كان ئه‌و كتێبانه جێگه‌ی متمانه‌نین، ئه‌وه زیاتر باوه‌ڕی ئه‌و توێژه‌رانه‌یه كه باوه‌ڕیان به یه‌كتاپه‌رستی ئێزیدیاتی هه‌یه.
وا به چاك ده‌زانین كورته پێناسه‌یه‌كی ئه‌م ده‌قانه بكه‌ین، له‌پاشان له‌رۆڵی ئه‌م ده‌قانه بكولێینه‌وه ئاخۆ تا چ راده‌یه‌ك گرنگیان هه‌یه له باره‌ی زمانناسییه‌وه.
یه‌كه‌م
جیلوه‌و مه‌سحه‌ی ڕه‌ش
هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو كتێبه” له‌یه‌ك جودان، به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆبه‌ی توێژه‌ران به‌یه‌كه‌وه ناویان هێناون، ئێمه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌یان داده‌نێنن. له توێژه‌ره كورده‌كان وه‌ك شاكر فه‌تاح‌و د. ڕه‌شاد میران‌و د. جه‌مال نه‌به‌ز‌و هه‌ژار موكریانی باوه‌ڕیان وایه كه ئێزیدی دوو كتێبی پیرۆزیان هه‌یه ئه‌ویش جلیوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌شن. د. ڕه‌شاد له ره‌وشی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی ده‌نووسێ: ” ئێزیدیه‌كان دوو كتێبی پیرۆزیان هه‌یه (جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش) ، ئه‌وه‌ش راستیه‌كه ئێزیدیه‌كان خۆیان سه‌رجه‌م لێكۆله‌ره‌وان دانی پێداده‌نێن، نووسه‌ری سۆڤیه‌تی ( گ. ئا. شپاژینكوف)ی لێ ده‌رچێ كه له خۆوه به‌بێ به‌ڵگه كتێبێكی تریشی بۆ زێده‌كردوون به‌ناوی” مه‌سحه‌فا ئافه‌رین” د. جه‌مال نه‌به‌ز ده‌نووسێ، كه ئێزیدیه‌كان دوو كتبێی پیرۆزیان به‌زمانی كوردی هه‌یه ئه‌ویش مه‌سحه‌فا ڕه‌ش‌و جه‌لوه ( سروش)ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێ ئایه‌تی پیرۆزیان هه‌یه كه پێ یان ده‌وترێ ” ئه‌قوال”، ئه‌وه‌ش به‌زمانی كوردین، ئه‌وان ژێده‌ری به به‌هان بۆ تێگه‌یشتن له‌هه‌قیقه‌تی ئه‌م دینه، هه‌ژار موكریانی له چێشتی مجێو‌ر ده‌نوسێ: ” یه‌زیدی خۆیان ده‌ڵێن دوو كتێبی عاسمانیان هه‌یه كه‌یه‌كیان ” مه‌سحه‌فا ڕه‌ش” ئه‌وی تر ” جلوه”یه.
ده‌بێ كێ ئه‌م كتێبانه‌ی نووسی بێ؟ كتێبی ئاسمانین یان ده‌ستكردی مرۆڤن؟باسی چی ده‌كه‌ن؟ به چه‌ند زمانێ نووسراون؟ له‌گه‌ڵ یه‌ك كۆكن یان هه‌ڤدژن؟ ده‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئێستای ئێزیدیاتی كۆكن یان ناكۆكن؟ ئه‌مانه كۆمه‌ڵی پرسیارن پێویستیان به وه‌ڵام هه‌یه، عزه‌دین باقه‌سرێ ی سه‌رنووسه‌ری لالش به‌رپرسی یه‌كه‌می بنگه‌هی لالش له‌سه‌ر پرسیاری یه‌كه‌م ده‌نووسێ: له‌باره‌ی نووسه‌رانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش رای جیاواز هه‌ن، هه‌ندێ ده‌ڵێن شێخ حه‌سه‌ن هه‌ردووكی نووسیوه، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن شێخ ئادی(عوده‌ی مسافیر) هه‌ردووكی نووسیوه، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن شێخ حه‌سه‌ن جیلوه‌ی نووسیوه‌و شێخ ئادی مه‌سحه‌فی ڕه‌شی نووسیووه، ئه‌و جیا رایانه له ئاكامی به‌رده‌ست نه‌بوونی ده‌قی ڕه‌سه‌نی جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش سه‌ریان هه‌ڵداوه. E.s. Drower له كتێبی تاووس مه‌لیك به‌بێ ناوهێنانی نووسه‌رانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش مێژووی نووسینیان ئاوا داده‌نێ: جیلوه 1161، مه‌سحه‌فا ڕه‌ش 1342 له‌م روانگه‌یه‌وه به‌هیچ جۆرێ نابێ شێخ ئادی‌و شێخ حه‌سه‌ن مه‌سحه‌فا ڕه‌شیان نووسی بێ ، چونكه له‌م مێژووه‌دا كه‌سیان له‌ژیاندا نه‌مابوون، هه‌روه‌ها به گوێره‌ی هه‌ندێ ژێده‌ر شێخ ئادی له ساڵی 1160 مردووه، كه‌واته نابێ ” جیلوه”شی نووسی بێ، ئه‌و ژێده‌رانه‌ی له به‌رده‌ستم دان ته‌نیا دوویان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش كتێبی ئاسمانی بن، هه‌ژار له‌زاری ئێزیدیه‌كان ده‌نووسێ: یه‌زیدی ده‌لێن دوو كتێبی عاسمانیمان هه‌یه”
هه‌روه‌ها له مژده‌ها ڕۆژ كه به قسه‌ی ئه‌نوه‌ر مایی ئه‌م كتێبه له نووسینی شێخ حه‌سه‌ن داسنییه وا هاتووه خوای گه‌وره پاش ئه‌وه‌ی ” ده پێ هه‌یێ‌و نه‌بێ ـ اللواح المحفوڤ” دروست كرد پفی پێداكرد‌و ناوی” جیلوه”ی هه‌ڵبژارد بۆ ئومه‌تی ئێزدی”. زۆربه‌ی توێژه‌ران جیلوه‌و مسحه‌فی ڕه‌ش به كتێبی مرۆڤكرده داده‌نێن،هه‌ندێ توێژه‌ری ئێزیدی بوێرانه ده‌نووسن جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش له ئاستی ئه‌وه‌دانین كه كتێبی دینی بن، چونكه یه‌كه‌میان ته‌نیا سێ لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوه‌ندیه‌و ئه‌وی تر ته‌نیا حه‌فت لاپه‌ڕه‌یه.
هه‌ژار له باره‌ی زمانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ره‌شه وا ده‌نوسێ: ” ده‌ڵێن مه‌سحه‌فا ڕه‌ش كرمانجیه، به‌لام جیلوه كه‌ی من دیومه به عاره‌بییه” د. سامی سه‌عیدو ئه‌فستاس ده‌نووسن كتێبه‌كانی ئێزیدیان به‌زمانی كوردی بوونه، به‌گوێره‌ی مژده‌ها ڕۆژیش ده‌بێ جیلوه به‌كوردی بووبێ، چونكه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كوردی هاتووه، شاكر فه‌تاحیش ده‌قی جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌شی به‌كوردی بڵاوكردۆته‌وه.له نه‌زه‌ری قه‌ناتی كوردۆش ده‌بێ نووسه‌ری جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش كورد بووبێ، به‌ڵام قه‌ناتی كوردۆ و عیزه‌دین باقه‌سرێ هه‌ردوو دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه هه‌ردووك به دیالیكتی ناوه‌ڕاستـ سۆرانی نووسراون نه‌ك كرمانجی كه دیالێكتی ئێزیدیانه، ده‌قه‌كه‌ی كه‌رملی كه له دیباچه‌یه‌ك‌و پێنج به‌ش پێكدێ، به كوردیه‌كی شێوازی سۆرانی نووسراوه، هه‌روه‌ها ئه‌وده‌قه‌ی به ئه‌لف بێی ئێزیدیش هه‌یه كه‌س تێی ناگات!و د.بیتنه‌ر ده‌نووسێ: من له‌و باوه‌ره‌دام كه یه‌كه‌مجار، له سه‌ره‌تادا،دوو تێكسته‌كه به پیتی فارسی-عه‌ره‌بی نووسراون ئنجا به‌و پیته تایبه‌تییه ئێزدییه نووسراونه‌ته‌وه!!
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له زمانی جیلوه كه كه‌رملی بڵاوی كردۆته‌وه:ـ
دیباجه
1ـ اوی له‌پێش همو خلق بووه ملك گاووسه
له‌به‌شی یه‌كه‌م
دروست‌و نادروست دیاره امانه تاقی كراوه‌ته‌وه
له‌به‌شی دووه‌م
كسیش دخلی نیه بسروه
رنج‌و نخۆش دینم بسر اوانی
كه رقه‌بری لكل من دكن.
به‌شێ پێنجه‌م
زات‌و صورتم ماقول بكرن چونكی اوانی له فكرتان چوتوه له أیینی من بیادتان دینی.
كتێبی جیلوه برایوه.
ئه‌مه‌و له نه‌زه‌ری توێژه‌ری تر جیلوه و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به‌زمانی غه‌یره كوردی نوسراون: عه‌باس عه‌زاوی ده‌نووسێ: ” جیلوه به‌دیالێكتی عه‌ره‌بی عێراقی نووسراوه”، نوری به‌گی والی موسلیش ده‌نووسێ: ئه‌وه‌ی جیلوه‌ی داناوه ره‌به‌نێكی نه‌ستوری بووه‌و له دێر ئالقوش هه‌ڵاتوه‌و به‌رواله‌ت موسڵمان بووه، له‌پاشان هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆته ئێزیدی”. بێ گومان ئه‌گه‌ر جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش به‌كوردی سۆرانی نووسرابن، یاخود به عه‌ره‌بی عێراقی یاخود به سریانی، ئه‌وه هیچ مشت‌و مڕێك ده‌رفه‌تی نابێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌گه‌ر جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش هه‌بووبن، ئه‌وا غه‌یره یه‌زیدی نووسیویانن، چونكه ئێزیدی نه سۆرانی ده‌زانن‌و نه‌عه‌ره‌بی‌و سریانی.
د. رشاد میران ئاوا باسی ناوه‌ڕۆكی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش ده‌كات”جیلوه ئامۆژگاریه‌كانی خوای بۆ یه‌زیدیان‌و حه‌ڵاڵا‌و حه‌رام‌و سزا‌و پاداشتنی بۆ دیاری كردوون، هه‌روه‌ها هێزو توانای خالیق‌و سیفاته‌كانی نیشانداون، كه‌چی مه‌سحه‌فا ڕه‌ش باسی خه‌لقی دنیا‌و نه‌ژادو ره‌چه‌ڵه‌كی ئێزدیان ده‌كات”
هه‌ژاریش ده‌نووسێ ” مه‌سحه‌فا ڕه‌ش لای بابه‌شێخه، ئه‌گه‌ر له سندوق بێته ده‌ر تاعون هه‌مووكه‌س قڕ ده‌كا، جیلوه‌م دیوه، چه‌ند حیكایه‌تێكی كه‌راماتی شێخ هادی یه كه له‌زۆر كتێبی باسی مه‌شایخان دا خوێندومنه‌وه ” مه‌عسوم مایی له پێشه‌كی كتێبی مژده‌ها ڕۆژ ده‌نووسێ من باوه‌ڕم وایه هه‌رگیز كتێبێك نیه به‌ناوی ” مه‌سحه‌فا ڕه‌ش” به‌لام ئه‌وه‌ی هه‌یه” مژده‌ها ڕۆژه”.
ئه‌گه‌ر جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش وه‌ك جه‌لیلی جه‌لیل بۆی ده‌چێ هێنده بیرۆزو به به‌هابن له‌رووی باوه‌ڕی ئێزدیایه‌تی یه‌وه، ئه‌وا ده‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌كدا ته‌بابن نه‌ك یه‌ك یه‌كێكی تری ره‌تبكاته‌وه یان به‌درۆبخاته‌وه، د. ڕه‌شاد میران له‌باره‌ی چاپه جیاجیاكان جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به‌زمانی جیا جیا بۆ نووسینی كتێبه‌كه‌ی ئاوا باسیان ده‌كات:
“ده‌قی كودری به‌زمانی كوردی له‌لایه‌ن شاكر فه‌تاحه‌وه، دوو ده‌قی به‌زمانی عه‌ره‌بی ه‌ی سه‌عید دێوه‌چی‌و سامی سه‌عید ئه‌حمه‌د، دوانیش به زمانی رووسی له‌لایه‌ن ئا.ئا. سمینۆق‌و ئۆ. ڤیڵچتمشكیه‌وه…هه‌موو ئه‌م ده‌قانه وه‌ك یه‌ك نین‌و جیاوازی و ناكۆكیان له نێواندا هه‌یه”
مه‌عسوم مایی، كه‌له ئه‌رشیفی باوكی‌دا دوو ده‌قی جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌شی لایه، ئه‌م دوو ده‌قه به زمانێكی عه‌ره‌بی شڕ له كوردییه‌وه وه‌رگیراون…هه‌روه‌ها مایی ده‌ڵێ پێناچی ئه‌م دوو ده‌قه به ئه‌مانه‌ته‌وه وه‌رگێڕداربن‌و ئه‌وه‌ی به‌دڵی وه‌رگێڕ نه‌بێ لادراوه، له‌هه‌ندێ شوێنیش هه‌ندێ شت زیاد كراوه كه دیاره ه‌ی وه‌رگێڕه‌كانه، نه‌ك ده‌قه‌كان خۆیان”. مه‌له‌ك تاووس له میسۆلۆژیای ئێزیدیاتیدا كڕۆكی ئایینه‌كه پێكدێنێ. له‌دیدی جه‌مال نه‌به‌ز مه‌له‌ك تاووس یه‌كێ له حه‌وت فریشته‌كه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و فریشته‌یه كه‌خوای گه‌وره ناردوویه‌تی خواره‌وه‌و یه‌كه‌م گیانله‌به‌ره كه خوا خه‌لقی كردووبێ…… تاووسیش ئه‌و باڵنده ناسراوه نییه، به‌ڵكو واتای په‌روه‌ردگار ده‌دا”.
له‌جیلوه‌دا مه‌له‌ك تاووس فریشته نییه، به‌ڵكو خۆی خوایه‌و هه‌میشه هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام له مه‌سحه‌فا ڕه‌شدا مه‌له‌ك تاووس به‌فه‌رمانی خوا هه‌تاوی خه‌لق كردووه‌و خۆی بووه به‌خواوه‌ندی هه‌تاو”
ئه‌م دوو ده‌قه نه‌ك هه‌ر هه‌ڤدژن له‌گه‌ڵ یه‌ك، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئێزیدیاتیش تێك ناكه‌نه‌وه، عیزه‌ددین باقه‌سرێ، خدرێ سلێمان‌وخه‌لیل جندی ، كه هه‌رسێكیان توێژه‌ری ئێزدین باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌م دوو ده‌قه ده‌قی متمانه پێكراو نین، چونكه ده‌قه‌كان جیاوازیان له‌نێودا هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌هیچ جۆرێ ده‌گه‌ڵ قه‌ولی ئێزدیان تێك ناكه‌نه‌وه، ئه‌حمه‌د ته‌یمور پاشاش ده‌نوسێ :” گومانی تێدا نییه كه ئه‌م جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌شه ئه‌وه نین كه شێخ حه‌سه‌ن نووسیویه‌تی ئه‌و مرۆڤه زۆر عاقله نابێ ناكرێ شتی ئاوا خراپ بنووسێ”.
دووه‌م
مژده‌ها ڕۆژ
ئه‌نوه‌ر مایی له” الاكراد فی بهدینان” دا ده‌نووسێ كه كتێبی “مژده‌ها ڕۆژ” شێخ حه‌سه‌نی داسنی له ساڵی 1246 مردووه) نووسیوویه‌تی، ئه‌م كتێبه له( 42) به‌ش پێكدێ، 18 به‌شی یه‌كه‌می به‌شێوه‌ی په‌خشان نووسراوه(25) به‌شه‌كه‌ی تر به‌زمانی شیعری سرود دارێژراوه. به‌قسه‌ی ئه‌نوه‌ر مایی ئه‌م كتێبه به زمانی كوردی كرمانجی هه‌كاری نووسراوه. ئه‌م كتێبه له‌زۆر رووه‌وه له جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش جودایه، ئه‌م كتێبه، بێجگه له‌وه‌ی باس له یه‌كتاپه‌رستی ده‌كا، ئه‌وا كۆمه‌ڵێ بابه‌تی تری له‌خۆوه گرتووه، وه‌ك ئافراندنی بوونه‌وه‌ر، ده‌پێ هه‌بێ‌و نه‌یێ، فریشته‌و ئه‌ركه‌كانیان….هه‌روه‌ها له‌م كتێبه‌دا ناوی چه‌ند پێغه‌مبه‌رێك هاتووه وه‌ك ئاده‌م، نووح، ئیبراهیم، موسا‌و ئه‌یوب‌و یوسف‌و زه‌رده‌شت، هه‌روه‌ها ناوی چه‌ند كه‌سانێكی گرنگ له مێژوودا هاتووه، وه‌ك كۆرش، ئه‌سكه‌نده‌ر، لوقمانی حه‌كیم، حه‌مۆرابی، وێرای ئه‌مانه كتێبه‌كه زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕو سرووته ئایینیه‌كانی ئێزدیاتی ده‌كات.
چه‌ند سه‌رنجێك له‌باره‌ی مژده‌ها ڕۆژ
ده‌قه كوردیه‌كه‌ی مژده‌ها ڕۆژ هه‌ر ته‌نیا ئه‌نوه‌ر مایی بنیویه‌تی‌و كردویه‌تی به عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌و هه‌تا مه‌عسوم مایی كوڕی ئه‌نوه‌ر مایی كه پێشه‌كی بۆ (مژده‌ها ڕۆژ) نووسیوه ده‌قه كوردیه‌كی نه‌بینیووه‌و سه‌عید دێوه‌چی‌و عیزه‌ددین باقه‌سرێ‌و سه‌عید سلۆ …هتد زانیاریه‌كانیان هه‌ر له‌وسه‌رچاوه‌یه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌و ئه‌وه نه‌بێ عیزه‌ددین باقه‌سرێ ده‌نووسێ كه مژده‌های ڕۆژ” 43″ لاپه‌ڕه‌یه، به‌ڵام ده‌قه‌ی مه‌عسوم مایی به‌عه‌ره‌بی بڵاو كردۆته‌وه 142 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوندیه، مه‌عسوم مایی له پێشه‌كی مژده‌های ڕۆژدا ده‌نووسێ مه‌سحه‌فا ڕه‌شه بوونی نیه، ئه‌وه‌ی هه‌یه مژده‌های ڕۆژه، مه‌سحه‌فا ڕه‌ش واتای ئه‌وه نیه كتێبه‌كه ڕه‌شه، له نه‌زه‌ری سه‌عید دێوه‌چی په‌رتووكی مژده‌ها ڕۆژ هه‌ر په‌رتووكی جیلوه‌یه، سه‌عید سلۆشی ده‌نووسێ: ” مه‌سحه‌فا ڕه‌ش، مه‌سحه‌فا ڕۆژ‌و مژده‌ها ڕۆژ له بونیاد یه‌كن، ئه‌وه نه‌بێ جیلوه ده‌رباره‌ی سۆفیگه‌ریه، من باوه‌ڕ ناكه‌م هه‌رسێ جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش‌و مژده‌ها ڕۆژ یه‌ك بن، چونكه یه‌ك مژده‌ها ڕۆژ له‌رووی باوه‌ڕییه‌وه زۆر جودایه له‌گه‌ڵ جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش، هه‌روه‌ها جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به هه‌ردووكیان ته‌نیا ده لاپه‌ره‌ن، ئه‌مه‌و مژده‌ها ڕۆژ زۆر ته‌عبیر له ئێزیدیاتی ده‌كا، له نه‌زه‌ری من، ئێزدیاتی باوه‌ڕێكی ئه‌نتۆدینییه، به‌واتای دین‌و نه‌ته‌وه‌یه ئه‌مه‌ش له جوله‌كایه‌تی نزیكه، له‌ده‌قی مژده‌ها ڕۆژ ئه‌م دیارده‌یه به‌رچاو ده‌كه‌وێ چه‌ند له بیرۆزكردنی لالش‌و ده‌وربه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مو‌سا پێغه‌مبه‌ر.له‌وێ مو‌سا پاش ئه‌وه‌ی قیبتی ده‌كوژێ راده‌كا و دێته لالش‌و له‌وێ زه‌رده‌شت ده‌بینێ، له‌وێ زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ر فه‌رمانی به‌سه‌رده‌كا كه حه‌فتا ڕۆژ له سه‌ر یه‌ك به‌ڕۆژووبێ، زه‌رده‌شت لێی خۆش ده‌بێ‌و خوای گه‌وڕه‌ش لێی خۆش ده‌بێ‌و تۆبه‌ی لێ قه‌بوڵ ده‌كا” له مێژوو، له‌قورئاندا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه هه‌یه، له‌مێژوودا ئاماژه به‌وه نه‌كراوه زه‌رده‌شت‌و مو‌سا پێغه‌مبه‌ر یه‌كتریان بینیبێ ، زه‌رده‌شت‌و مو‌سا پێغه‌مبه‌ر له لالش بووبن، له قورئانیشدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه مو‌سا پێغه‌مبه‌ر كه‌سێك ده‌كوژێ‌و راده‌كا، به‌ڵام له سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كرێ كه ئه‌و ده‌چێته لای ” شوعه‌یب” پێغه‌مبه‌ر، شوینی شوعه‌یب پێغه‌مبه‌ریش زۆر دووره له‌لالش.
ئێزیدییه‌كانیش له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك باوه‌ڕیان به مژده‌ها ڕۆژ نیه، له‌وانه:
1ـ مژده‌ها ڕۆژ هه‌ر بوونی نیه، ئه‌نوه‌ر مایی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێزیدیان ژیاوه ئه‌و هاوسۆزیه پاڵی پێوه ناوه شتێ به‌ناوی ” مژده‌های ڕۆژ” بنوسێ.
2ـ عیزه‌دین باقه‌سرێ وه‌ك باوه‌ڕی به جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش نیه، ئه‌وهاش باوه‌ڕی به موژده‌های ڕۆژ نیه‌و ناكرێ وه‌ك ده‌قێكی دینی له‌باره‌ی باوه‌ڕی ئێزیدیاتی ئاماژه‌ی پێ بكرێ ئه‌مه‌و ئه‌م كتێبه هه‌ڤدژی له‌گه‌ڵ ده‌قه ئایینیه‌كانی ئێزدیاتی هه‌یه.
3ـ له مژده‌ها ڕۆژ ناوی هه‌ندێ كه‌سایه‌تی هاتووه كه‌له مێژووی ئێزیدیاتی بوونیان نیه.
4ـ شێخ حه‌سه‌نی داسنی نووسه‌ری مژده‌ها ڕۆژ له ساڵی 1246 مردووه، كه‌چی له‌مژده‌ها ڕۆژ هه‌ندێ وشه هه‌ن له زه‌مه‌نی عوسمانیه‌كاندا هاتۆنه‌ته ناو زمانی كوردی وه‌ك وشه‌ی” فرمان”، ئه‌م وشه‌ش له‌دیدی ئێزیدیاتی به هێمای قڕكردن‌و ماڵوێرانی دێ.
5ـ سروده‌كانی مژده‌ها ڕۆژ،كه (ده) به‌شی دواوه‌ی كتێبه‌كه پێكده‌هێنن، له قه‌ولی ئێزیدیان نوێترن، هه‌روه‌ها له هه‌ڵبه‌سته‌كانی كڵاسیكی كوردیش نوێ ترن.
له دیدی د. ڕه‌شاد مه‌سحه‌فا ڕه‌ش، هه‌روه‌ها ره‌نگه جیلوه‌ش له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م نووسرابن، به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر مژده‌ها ڕۆژ له سه‌ده‌ی بیسته‌م نه نووسرابێ، ئه‌وه له‌وانه‌یه له سه‌ده نۆزده‌هه‌م نووسرابێ.چونكه زمانه‌كه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌وه دووپاتده‌كه‌نه‌وه!
سێیه‌م
تێكسته ئایینییه‌كان
تێكسته ئایینیه‌كانی ئێزیدیان بریتین له دوعا‌و قه‌ول‌و به‌یت‌و قه‌سیده، ئه‌م به‌شه له كه‌لتوری ئایینی ئێزیدیه‌كاندا رێ پێ نه‌دراوه غه‌یره ئێزیدی هه‌تا كوردیش بێ، به‌ڵام ئێزیدی نه‌بێ، شتی له باره‌وه بزانێ، له نه‌زه‌ری خۆیان ئه‌مه كڕۆك‌و شه‌نگه‌ست‌و بنه‌مای ئێزیدیاتی پێكدێنێ، له باره‌ی دوعاوه – په‌روه‌سته، خدرێ سلێمان‌و خه‌لیلی جندی باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌وانه خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی دیاریكراو یان سه‌ر به ژانراێكی ئه‌ده‌بی ورد وه‌ك هۆزان یان په‌خشان نین، چونكه هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌خۆ ده‌گرن و له په‌خشانه شیعر ده‌چن، له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌شه‌وه، جه‌لاده‌ت به‌درخان ده‌نوسێ كه دوعا بریتییه له نوێژی به‌یانی، نوێژی ڕۆژهه‌ڵات، نوێژی مردیان، پاشنوێژ.
جه‌لاده‌ت، به‌شێك له دوعای ڕۆژهه‌ڵاتنێ ی له كتێبه‌كه‌یدا وا بڵاوكردۆته‌وه:
یا ره‌بی تۆ هه‌یی ئه‌ز نیم
تو ره‌حمی ئه‌ز گونه‌هم
تو خودان حه‌قی ئه‌ز به‌نده‌م
ته‌نه جووناتۆبێ چه‌ندی
ته‌نا به‌ژنا تۆبێ بڵندی
……………………
یا ره‌ببی توو نه‌مینا مه‌دكه‌ی دبێژی
یا ره‌ببی توو وه‌لیێ فه‌رزا نقێژی
د. محه‌مه‌د به‌كر له باره‌ی كێشی ئه‌م دوعایه‌وه، شرۆڤه كردنێكی ئه‌نجامداوه و ده‌ركه‌وتووه كه دێره‌كانی ئه‌م دوعایه پابه‌ند نین به كێشێكی دیاریكراو، چونكه ژماره‌ی بڕگه‌كان له دێره‌كان یه‌كسان نین، له نه‌زه‌ری د.محه‌مه‌د ، ئه‌م دوعایه په‌خشانێكی ریتمیه Prose Rhythm . ئه‌مه‌و له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه له دوعایه‌كی كلاسیكی شاعیرانی كورد ده‌چیێ، چونكه زۆر وشه‌ی” قورئانی ـ عه‌ره‌بی” له‌خۆ ده‌گرێ ئه‌مه‌ش رێی تێ ده‌چێ كه ئه‌مه له‌ژێر كاریگه‌ری دوعایه‌كانی موسڵمانانی كورد دارێژرابێ.
له قه‌وڵ‌و به‌یته‌كانی ئێزیدیاندا، هه‌مه‌لایه‌نی ئایینی وه به‌رچاو ده‌كه‌وێ، به‌واتای وێرای نوێژ‌و دوعا‌و كرده‌وه‌ی چاكه ئه‌وا ئاماژه به هه‌ندێ ره‌وشی ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێ، ئه‌م قه‌وله‌ی خواره‌وه، كه ده‌گوترێ له‌سه‌رده‌می شێخ فه‌خری ئادیایی چه‌رخی دوازده نوسراوه، ئه‌م قه‌وله‌ش ژانرێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراوی نیه زیاتر له هۆنینه‌وه ده‌چێ، له‌مه‌شدا زۆر وشه‌ی عه‌ره‌بی هه‌یه ئه‌مه‌ش ئه‌و رایه ره‌تده‌كاته‌وه كه ره‌گ‌و ریشاڵی ئێزیدیاتی ده‌گه‌ڕێته‌وه چاخه‌كانی به‌ر له زایین. ئه‌م قه‌وڵه زۆر درێژه شێوه‌ی داڕشتنه‌كه‌ی به‌زۆری له‌سه‌ر شێوه‌ی سێ نێوه دێری هاوسه‌روایی دارێژراوه‌و له هه‌ندێ شوێنیش به‌تایبه‌تی له ده‌سپێكدا به شێوه‌ی چوار نیوه دێری هاوسه‌روایی دارێژراوه.
قه‌ولی شه‌ق سه‌ری:
ژ قه‌ولی شه‌ق سه‌ری
نه‌سیحه‌تیت ڤی باب زه‌ری
گا مێڤان هات‌و مدری
جایزه ژ پێشڤه ب شكری
وه كازی ژ ده‌ست بگری
نه‌كو به چاڤه‌كی به كه‌نی بئێكی بگری
وه‌كی هه‌فت مری ژ مال مری
ل سه‌ر مالخویێ ما‌لا وه فه‌رزه
گاڤا مێڤان هات ژ ده‌رڤه
حایزه رابی ژ به‌ر ڤه
نه‌كو ئێكی نه‌خووندی بێت ب سه‌رته
ژ شێخ فه‌خر بگری شیره‌تا
ئه‌ده‌ب‌و ئیڤین و كه‌رامه‌تا
دا ل دنێ بژین ب سه‌لامه‌تا
ئه‌م قه‌وله‌ش له‌رووی زمانه‌وه وه‌ك ده‌قێكی كلاسیكی كوردی وایه، په‌یڤی عه‌ره‌بی دینی له‌خۆ گرتووه، وه‌ك” نه‌سیحه‌ت، جایز، فه‌رز، ئێڤین، كه‌رامه‌ت،…”
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش له په‌خشانێكی ریتمی ده‌كا، چونكه له بواری كێشناسیه‌وه پابه‌ندنییه به كێشێكی تایبه‌ته‌وه. شیخ عه‌لۆ شێخ خه‌له‌ف، ده‌قی قه‌ولێكی دی به‌ناوی ” سلاڤێت مه‌لك فه‌خره‌دین” بڵاوكردۆته‌وه ئه‌م قه‌وله له”36″ سێ نیوه دێری هاوسه‌رواو دوو نیوه دێری هاوسه‌رواو كۆپله‌یه‌كی پێنج نیوه دێری سه‌روا جیاواز‌و یه‌ك نیوه دێر پێكهاتووه، نموونه‌یه‌ك له سێ نیوه دێری هاوسه‌روا:
ب رێیا خودێ ببن خه‌بیر
شیره‌تا یارو برێت ئافره‌تێ مه‌كه‌ن ژ بیر
دال ئافره‌تێ بێژنه‌وه پیر
نموونه‌ی
دوو نیوه دێری
سدق‌و سه‌نا سندروك‌و په‌ربێت زێرینه
غا فلا به‌هرتێ نینه
نموونه‌ی پێنج نیوه دێری:
مه‌لك فه‌خره دین گۆ:
دلێ من ناترسه ژ ڤی قه‌ولی
بای هات‌و بر تۆزێ و خزامی
كریارا مه‌و حازرو گوهدێرا هه‌به ل ڤی خه‌ولی
لوێ ڕۆژێ ل وێ مه‌هده‌رێ
دوا نیوه دێر به‌م شێوه‌یه:
ئه‌م دكێمین و خودێ بی ته‌مامه
له گۆڤاره‌كانی ” ئێزیدیاتی” و” لالش” هه‌ندێ قه‌ول‌و دوعا‌و به‌یتی دی بڵاوكراینه‌وه، زۆربه‌یان هه‌مان داڕشتنیان هه‌یه، ئه‌وه نه‌بێ هه‌ندێ ناو‌و وشه‌و ده‌سته‌واژه له قه‌وڵ خوێنێكه‌وه بۆ قه‌ول خوێنێكی دی جیایه. له نه‌زه‌ری هه‌ندێ ئێزیدی ئه‌م تێكسته ئایینی ینانه ژێده‌ری سه‌ره‌كی باوه‌ڕی ئێزیدیاتی پێكدێنن.
له نه‌زه‌ری ئێمه، ئه‌م ده‌قانه ده‌قاو ده‌ق هه‌ڤدژن له‌گه‌ڵ جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش له لایه‌ن باوه‌ڕی‌و زمانه‌وه، زمانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش له‌زمانی دینی ناچێ له‌لایه‌ك رسته‌كان دارشتنیان نارێكه‌و په‌یڤه‌كانیش ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كوردیش بن، ئه‌وا زمانی دینی شێوه زاری ئێزیدی نین، به‌لام ئه‌م ده‌قانه چ له‌رووی ناوڕۆكه یان شێوه داڕشتنیان له‌گه‌ڵ ده‌قه شێوه شیعریه‌كانی میژده‌ها ڕۆژ له‌یه‌ك نزیكن.
ئێزیدیاتی و زمانی كوردی
ئه‌گه‌رچی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به زمانێكی كوردی پاراو نه‌نووسراون، هه‌روه‌ها گومان له‌و زمانه‌ش ده‌كرێ كه سه‌ره‌تا پێی بڵاوكرابێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێزیدیه‌كانیش بانگاشه‌ی ئه‌مه بكه‌ن كه جیلوه به‌كوردی له‌لایه‌ن خواوه‌خه‌ڵاتی ئێزیدیان كراوه، كه‌س ئه‌م ده‌قه‌ی نه‌بینیوه، ئه‌م جۆره قسانه له ناو “كه‌لتوری بنه‌چه‌ی زمانی یه‌كه‌م و زمانی خودا و ئاده‌م” ی زۆربه‌ی گه‌لان هه‌یه. هه‌رچه‌نده شاكر فه‌تاح بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كا كه جیلوه كتێبێكی ئاسمانی بێ، به‌ڵام هه‌ر خۆی ده‌نووسێ ” من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌بێ له‌سه‌ره‌تا نوسراوی (مه‌سحه‌فا ڕه‌ش) (جیلوه) بووبێ و(جیلوه)ش، (مه‌سحه‌فا ڕه‌ش)، چونكه ناوڕۆكه‌كانیان پێچه‌وانی ناوه‌كه‌یانه، دوورنییه هه‌ردووكیان دووبه‌ش بووبن له نووسراوێكدا” ئه‌مه‌و شاكر فه‌تاح ده‌قه كوردییه‌كانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا رشی به‌ده‌ست نه‌كه‌وتوون، به‌ڵكو هه‌ردوو ده‌قكه‌كه‌ی له كتێبه‌كه‌ی سه‌دیق ده‌مه‌لوجی وه‌رگرتووه.
هه‌ندێ توێژه‌ری ئێزیدی، كه باوه‌ڕ به جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش ناكه‌ن و له ژێده‌رێكی باوه‌ڕپێكراو بۆ دیراسه‌كردنی باوه‌ڕی ئێزیدیاتی، له روانگه‌یه‌كی زمانه‌وانیه‌وه ده‌قی مه‌سحه‌فا ڕه‌ش ره‌تده‌كه‌نه‌وه، چونكه به‌شێوازی سۆرانی نووسراوه.
د. جه‌مال نه‌به‌ز سه‌ربرده‌ی هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌و دۆزینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌یان به‌كوردی‌و به‌عه‌ره‌بی‌و ئه‌ڵمانی وا باس ده‌كات:ـ
” زانای زمانه‌وانی به‌ناوبانگی نه‌مساو ئه‌ندامی كوڕی زانستی شاهانه له ڤیه‌ننا، پرۆفیسۆر ماكسیمیلیان بیتنه‌ر له ساڵی 1913 دا هه‌ردوو كتێبه پیرۆزه‌كه‌ی یه‌زیدیه‌كانی به‌كوردی به عه‌ره‌بی‌و وه‌رگێڕانی ئه‌ڵمانییه‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و لێكۆلێنه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانییانه‌ی یه‌كجار قووڵی له‌سه‌ر نووسیوون، ئه‌م تێكستانه گوایه كاتی خۆی كوردێكی زیره‌ك‌و وریا كه به‌درۆی خۆی كردووه به یه‌زیدی، به ئه‌نستانس ماری ئه‌لكه‌رمه‌لی” فرۆتووه.
كه‌رمه‌لی ئه‌م تێكستانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له گۆڤاری Anthropos بڵاوكردۆته‌وه‌و به‌لێدوانیكه‌وه به‌زمانی فه‌ره‌نسی، بێته‌ریش له گۆڤاری ناوبراودا تێكسته‌كانی وه‌رگرتووه‌و گۆڕیونی بۆ ئه‌ڵمانی وه جارێكی تر به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانیه‌وه بڵاوی كردوونه‌ته‌وه.”
جه‌مال نه‌به‌ز له دوو جێ‌دا زۆر په‌سه‌ندی زمانی جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ڕه‌ش ده‌كاو ده‌نووسێ: جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش دووكتێبی پیرۆزن رۆڵی خۆیان هه‌بووه له‌زمانی كوردیدا…له جێیه‌كی تر ده‌نووسێ: بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه پیرۆزه‌كانی یه‌زیدیه‌كان شه‌ست سالێك له‌مه‌وبه‌ر ( ئه‌مه ڕای ساڵی 1974) به‌زمانێكی كوردی ره‌وانی جوان، خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه به كولتوری نه‌ته‌وه‌ی كورد”.باوه‌ڕ ناكه‌م د. نه‌به‌ز نه ئه‌و دوو ده‌قه‌ی دیت بێت نه لێكدانه‌وه‌كه‌ی د. بیتنه‌ر،چونكه بیتنه‌ر ئێزیدی به “شه‌یتانپه‌رست” داده‌نێ هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی زمانی ئه‌و دوو ده‌قه‌ش ڕای ماریێ ده‌نووسێ:” ئه‌و زاره‌ی من لێره به یه‌زیدی داده‌نێم كه تێكسته‌كه‌ی پێ نووسراوه، جیاوازه له‌و زاره یه‌زیدییه‌ی كورده‌كان پێی ده‌دوێن…. بیتنه‌ر ئه‌م رایه‌ی ماری ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌نووسێ: ئه‌و زاره ئێزیدییه‌ی ئێمه له‌و دوو زاره‌ی سلێمانی و موكری نزیكه..” ئه‌مه‌و بیتنه‌ر كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و لێكسیكی دیاركردووه. له دیدی زۆربه‌ی توێژه‌ران زمانی ئه‌م دوو تێكیسته زمانێكی زۆر شڕه به جۆرێ هه‌ندێ گومانی ئه‌وه ده‌به‌ن كه نووسه‌ری ئه‌م دوو تێكسته نه كورد بن نه‌عه‌ره‌ب چونكه هه‌تا عه‌ره‌بیه‌كه‌شیان زۆر به‌رباده. هه‌ر د.بیتنه‌ر له باره‌ی زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و دوو ده‌قه ده‌نووسێ:”ئه‌و شێوازه عه‌ره‌بییانه‌ی له تێكسته‌كاندا به‌كارهاتوون شێوه و شێوازی كلاسیكی عه‌ره‌بی نیین ، به‌ڵكو تێكه‌ڵاو و ئاوێته‌ی عه‌ره‌بی نووسین و عه‌ره‌بی قسه‌كردنن..” سه‌باره‌ت به ئه‌لف‌و بێ كه‌شیان ئه‌وانه په‌یڕه‌وی ئه‌لف‌و ێی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن به‌هی كوردی.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌م راستییه‌ی كه‌ئه‌وه‌نده‌ی ده‌قه‌كه له نه‌زه‌ر ئه‌وڕوپیه‌كان گرنگ بوو زمانه‌كه هێنده گرنگ نه‌بووه، باوه‌ڕی دوو كتێبه‌كه‌ش كه هه‌م ده‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌ڤدژن، ئه‌وا له‌گه‌ڵ قورئانی پیرۆزیش ناكۆكه، بۆیه هه‌ر له به‌رای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه به‌ده‌یان نووسین له‌سه‌ر هه‌ردوو نووسراوه‌كه بڵاوكرانه‌وه، له‌وانه:
مسته‌ر ئیف فریس 1839 م ب، بادگه‌ر 1842، ئی. ه. لایارد 1849، 1853 ، هۆگۆ مه‌كه‌س 1900، فرایزه‌ر 1911، سۆن 1912، ماكسیمیلیان بیته‌ر 1913، ویگرام 1914، ه. ر. درایۆر 1917، ئای، جۆزیف 1919، بی. ه. سپرنكت 1922. ئه‌مه‌و به‌ده‌یان‌و سه‌دانی تر لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئێزیدیاتی ئه‌نجامداوه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئێمه زیاتر له‌باره‌ی زمانناسییه، له‌و پێودانگه‌وه زمانی ئه‌م دوو نووسراوه له‌و باره‌یه‌وه هیچ رۆلێكی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر زمان‌ناسی كوردیدا نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نیا بوونی دوو نووسراوه‌كه نووسه‌رانی كورد‌و غه‌یره كوردی هانداوه زیاتر له ئێزیدیاتی بكۆڵنه‌وه. به‌واتایه‌كی تر رۆلی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش له‌زمانناسی كوردیدا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌خۆیه رۆڵه‌كه‌یان له‌وه‌دایه كه لێره‌و له‌وێ له زمانی زیندووی ئێزیدیان بكۆڵدرێته‌وه نه‌ك خودی زمانی دوو نووسراوه‌كه، هه‌ردوو هه‌وڵه‌كه‌ی هۆگۆ مه‌كه‌س‌و بیتنه‌ر له‌و باره‌یه‌وه شایه‌نی ئاماژه پێكردنن، هۆگۆ مه‌كه‌س لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستییانه‌ی له‌باره‌ی زمانی كوردییه‌وه له‌به‌ر رۆشنایی شێوه‌ی كوردی دیاربه‌كرو شێوه‌ی ئێزیدیه‌كان ئه‌نجامداوه.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش له‌ساڵی 1900 له‌هاید لبه‌رگ بڵاوكردۆته‌وه، پرۆفیسۆر ماكسیمیلیان بیتنه‌ر له‌ساڵی 1911 لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌باره‌ی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش نووسیوه هه‌روه‌ها كورته شرۆڤه‌یه‌كی له سه‌ر هه‌ر دوو ده‌قه‌كه‌وه ئه‌نجام داوه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌زیاتر مژده‌ها ڕۆژ ده‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئێزیدیاتی ده‌سازێ، كه‌چی توێژه‌ران هه‌نده گرنگییان پێ نه‌داوه. ئه‌گه‌ر چی غه‌یری ئه‌نوه‌ر مایی كه‌س ئه‌م ده‌قه‌ی نه‌بینیوه، ئه‌ویش ده‌گوترێ ئه‌م ده‌قه‌ی كردۆته عه‌ره‌بی، به‌ڵام به‌شی دواوه‌ی كه له‌سه‌ر شێوه‌ی په‌خشانی ریتمی دارێژراون، كوردییه، به‌شی یه‌كه‌م كه به‌ناوی سرودی ئادهمو حه‌وایه له‌شه‌ش به‌ش پێكدێ، هه‌ر هه‌موو له‌سه‌ر شێوه‌ی چوارینی هاوسه‌روا دارێژراون، به‌شی دووه‌م، سرودی رووناهی، له‌حه‌وت به‌ش پێكدێ له‌سه‌ر شێوه‌ی چوارینه، به‌ڵام سه‌روای نیوه‌دێری یه‌كه‌م‌و سێ یه‌م‌و دووه‌م‌و چواره‌م هاوسه‌روان. به‌شی سێ یه‌م، پێنج به‌شه له‌سه‌ر شێوه‌ی پێنج خشته‌كی هاوسه‌ردا دارێژراون به‌شی چواره‌م له حه‌وت به‌ش پێكدێ، چوارینه‌یه به‌ڵام سه‌روای نیوه‌دێری یه‌كه‌م و دووه‌م‌و سێ یه‌م وه‌ك یه‌كن كه‌چی نیوه دێری چواره‌م له‌هه‌موو به‌شه‌كاندا هاوسه‌روان. به‌شه‌كانی تر له‌سه‌ر شێوه‌ی تر دارێژراون.
زۆربه‌ی ده‌قه‌كان به كوردییه‌كی زۆر ره‌وان نووسراون به‌جۆرێ به‌هیچ جۆرێ به‌راورد ناكرێ له‌گه‌ڵ جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش هه‌تا قه‌ول‌و به‌یته‌كان، به ده‌گمه‌ن هه‌تا وشه‌ی قورئانیشی تێدا به‌دی ده‌كرێ، له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش هۆكارێك بێ هه‌ندێ توێژه‌ری ئێزیدی گومان له( مایی) بكه‌ن، كه ئه‌و خۆی ئه‌و ده‌قانه‌ی دارێژتبێ. ئه‌مه له لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر رێی تێ ده‌چێ ئه‌م ده‌قانه ده‌قی ئێزیدی ڕۆژ بن، چونكه خودی كۆمه‌ڵگای ئێزیدیان كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوه له‌به‌ر چه‌ند هۆ خۆیان له غه‌یری یه‌زیدی دووره په‌رێز گرتووه‌و ته‌نیا گرنگیان به شێوه‌زاری خۆیان داوه‌و ئه‌م دووره‌په‌رێزیه‌ش وای كردووه زمانه‌كه‌یان پاراوی‌و وشه‌ی عه‌ره‌بی‌و توركی و فارسی تێدا كه‌م بێ. مه‌سه‌له‌ی خوێنده‌واریش له ناو ئێزیدیان زه‌مه‌نێكی زۆر یاساغ بووه، ئه‌مه‌ش هه‌ر هۆكارێك بووه له رووی مۆرفۆلۆژیه‌وه ئه‌م شێوه زاره له‌گه‌ڵ شێوه‌زاره‌كانی دی جیاوازییه‌كی زۆری هه‌بێ. هه‌ندێ باوه‌ڕیان وایه، كه ئه‌م دووره‌په‌رێزیه‌وه نه‌خوێنده‌وارییه جۆرێك بووه له په‌یڕه‌وكردنی فه‌رمایشته‌كانی جیلوه، چونكه له جیلوه‌دا هاتووه، له نه‌زه‌ری شاكروف حاڵه‌تی نه‌خوێنده‌واری له‌ناو ئێزیدیان مه‌غزایه‌كی هه‌ڤدژی ئایینی هه‌بووه وه‌ك ده‌ڵێ: شێخ‌و میری مه كه ده‌یانگوت خوێندن گوناهه له‌و ده‌می قوتابخانه نه‌بوون، خوێندن ته‌نیا له مزگه‌وتان بوو، له‌م رووه‌وه ده‌یانگوت خوێندن گوناهه تاكو ئێزیدی له مزگه‌وتان نه‌خوێنن، هۆكارێكی دی زمان پاراوی ئێزیدیان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خودی خۆیان، خۆیان و ایان پێ باشه تێكه‌ڵ به كه‌س نه‌بن، هه‌روه‌ها ئه‌و ململانێیه‌ی ئێزیدیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوسمانی له هه‌ندێ ماوه‌دا هه‌یانبووه‌و هه‌روه‌ها كێشه‌یان ده‌گه‌ڵ به‌دره‌دین لوئلوئی حاكمی موسل‌و ململانێ یان له‌گه‌ڵ میرنشنیی بادینان‌و بابان‌و سۆران هۆكارێ بوون وای له ئێزیدیه‌كان كردووه دووره‌په‌ڕێز بن‌و زمانی خۆیان بپارێزن له وشه‌ی غه‌یره ئێزیدی، سه‌باره‌ت به‌و كوردیه ره‌وانه‌ی له ده‌قه كوردیه‌كانی مژده‌ها ڕۆژ هاتووه، وا به پێویست ده‌زانم لێره‌دا هه‌ندیكێ تۆمار بكه‌م بۆ زیاتریش ته‌نها كتبێبه‌كه‌ی مژده‌ها ڕۆژ هه‌یه خوێنه‌ر ده‌توانێ بۆ زیاتر بیانخوێنێته‌وه.
ئیرۆ چارشه‌مبه سه‌رێ نیسانه
ژ یه‌زدانی پاك هاتی فه‌رمانه
موژده ژ ئادهمو حه‌وانه
لالش خه‌ملی كه‌یف‌و سه‌یرانه
سپاهێن سپه‌هی دام دام
هه‌رده‌م ژ بۆ یه‌زدانی پاك
بێ هه‌ڤریو هه‌ڤر ل شنام
گو هه‌رنده‌تێ ڕۆژ‌و مه‌لاك
له‌سه‌ر سه‌ری ئۆسرچاڤانه
ده‌رچوو ژ یه‌زدان فه‌رمانه
دێ هه‌رم ( هورم) هندستانه
چه‌ند دووره چه‌ند درێژه چه‌ند گرانه
لێ فه‌رمانا یه‌زدانه
بێچاره ئو پر گه‌نده‌مه
پڕ په‌یڤ‌و پڕ گازنده‌مه
خونكی ب گونها عاله‌مه
بێ سه‌رنج ببون بێ ئولو زاف
دنێ براست ره‌نگێن پر شرین
لێ تو وا كه‌س نین
خه‌نا شه‌ڤانی
سها دارانی
چه بێ شڤانی
مه‌پی نه‌زانی
پاك‌و بلندو خوشتڤی
هه‌ر نوی خودا من تو دڤی
هه‌رچی بكه‌ی چه‌ند خۆش دبی
بولبول سبا لوخۆش ببی
بێهنا ته گول باتێ ده‌بی
ده‌قه‌كانی جیلوه و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش و ئه‌فسانه‌ی پیرۆزی زمان
له مێژووی زماندا چه‌نده‌ها گریمان و تیۆر، كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان له‌سه‌ر بنه‌ماو شه‌نگستی ئایین‌و نه‌ته‌وه په‌رستی دامه‌زراون، ماوه‌یه‌ك جێگه‌ی مشت‌و مڕی زمانه‌وانان بووه، هه‌ندێ باوه‌ڕی وابووه كه ئاده‌می باوكی مرۆڤ به عیبری Hebrew له‌گه‌ڵ خوا قسه‌ی كردووه، له‌لایه‌كی تر كه‌سێكی وه‌ك باكۆن باوه‌ڕی وابووه كه زمانی ئه‌ڵمانی زمانی به‌هه‌شت بووه، له‌نێو عه‌ره‌به‌كاینش له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی هه‌ڵبه‌ستراو زمانی عه‌ره‌بی كراوه‌ته زمانی به‌هه‌شت و زمانی خودا.
ئامانجی سه‌ره‌كی له‌پاڵ ئه‌و گریمانانه بێجگه له پیرۆزدێتن‌و پیرۆزكردنی زمان‌و نه‌ته‌وه چی تر نه‌بووه، ئه‌و دێتنه هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نیه، چونكه هیچ پاشماوه‌یه‌كی ئه‌ركیۆلۆژی یاخود ئه‌نسرۆپۆلۆژی نیه كه هیچ له‌م گریمانانه بسمه‌لمێنێ.
له‌نێو كوردانش، به‌تایبه‌تی ئێزیدیه‌كان ئه‌م دیارده‌یه بوارێكی فراوانی ئێزیدیناسی گرتۆته‌وه، زۆر لێكۆڵه‌ر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌خودی ئێزدیاتی له‌ناوی زاتی خودا هاتووه .
ئه‌مه‌و هه‌ردوو ده‌قی جیلوه‌و مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به‌كوردی نووسراون‌و ته‌واوی نوێژ‌و وێردو هه‌موو په‌رستنێكی ئه‌م ئایینه هه‌ر به‌كوردییه ته‌نانه‌ت لای ئێزیدییه‌كان خوا خۆیشی به‌كوردی قسه ده‌كات، به‌گوێره‌ی په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می ” جیلوه”یه‌كه‌می هه‌موو ئافه‌ریده‌كان مه‌لیك تاوسه” –اوی له‌پێش هه‌موو خه‌لق بووه ملك تاوسه، مه‌لیك تاوسیش به‌كوردی قسه‌ی له‌گه‌ڵ خودا كردووه، ئه‌م دیتنه‌بۆ( خودا) و( مه‌لیك تاووس) هه‌ر پیرۆزكردنی زمانی ئێزیدیه‌كان ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو پیرۆزی ئێزییدیه‌كانیش ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌قه‌ی جیلوه هه‌ر وه‌ك له زمانه‌كه‌ی دیاره هێنده كۆن نیه، به‌ڵكو زیاتر له‌نێوان سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌م و پازده‌هه‌م نووسراوه، به‌مه‌ش ئێزدییه‌كان زۆر وه‌پێش گه‌لانی تری عیبری‌و ئه‌ڵمانی ده‌كه‌ون له‌دروست كردنی ئه‌فسانه‌ی زمانی پیرۆز.
تابو له‌جیلوه‌و توندی له مه‌سحه‌فاڕه‌شدا
له‌دیراسه‌كردنی زمان‌و كه‌لتوری گه‌لاندا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیه له‌هه‌ندێ باردا تابوی له‌زمان نه‌بێت، قورئانی پیرۆز له چه‌نده‌ها ئایه‌ت زۆر به ڕاشكاوی و به زمانێكی دووره- مه‌جازی گوتاری خۆی ئاراسته كردووه،به‌ڵام له كه‌لتوری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لانی موسلمان به گشتی و كورد به تایبه‌تی تابون!! ئێزیدییه‌كانیش، كه كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراون نایانه‌وێت خه‌ڵكی غه‌یره ئێزیدی هه‌تا كوردیش بێت له نهێنیه كه‌لتوریه‌كانیان بگات، له‌نێو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه مرۆیی غه‌یره ئێزدیدی ده‌بێت زۆر وریا بێت له‌به‌كارهێنانی ئه‌و وشانه‌ی به پیتی ( ش) ده‌ست پێده‌كه‌ن شه‌یتان، شه‌خاته، شین هه‌روه‌ها هه‌ر شتێ په‌یوه‌ست بێت به باوه‌ڕیان به(خوا) و(پێغه‌مبه‌ر) ئه‌مه‌ش له‌ده‌قی جیلوه دا هاتووه كه‌مرۆڤی ئێزیدی ده‌بێ دینی خۆی لای كه‌س باس نه‌كات، له‌دیباجه‌دا ئه‌مه هاتووه:
“ام كتیبه كه ناوی جیلوه‌یه‌و خوێندنی درست نیه بۆ كسی كه لم ملته بدره.”ئه‌م گوتاره كوشتنی وشه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه هه‌روه‌ها كوردی غه‌یره -ئێزیدی دوچاری قه‌یرانی ونبوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات.
سه‌باره‌ت به ئاوه‌ڵناوی (ڕه‌ش) له مه‌سحه‌فا ڕه‌شدا واتای په‌سنی ئه‌م مه‌سحه‌فه به‌رامبه‌ر به قورئان ده‌گه‌یه‌نێ، له‌م پێودانگه‌وه “ڕه‌ش” واتای نێگه‌تیڤی له‌م كۆنتێكسته نیه، به‌ڵكو پۆزه‌تیڤه. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه تۆفیق وه‌هبی ئه‌و “ڕه‌ش” ه‌ی مه‌سحه‌فا ڕه‌ش به ” ڕه‌شه‌با”ی سلێمانی ده‌چوێنێ!!
ژێده‌ره سه‌ره‌كیه‌كان:
1ـ عه‌ره‌بی
1ـ ان‌س محمد شریف، اتباع الشیخ عدی بن مسافر الهكاری، 2006، دهۆك.
2ـ احمد تیمور ، الیزیدیه و منشأ ته‌م ، 1932.
3ـ توفیق وهبی، الیزیدیه بقایا المیترانیه، 2004، سلیمانیه.
4ـ عباس العزاوی، تأریخ الیزیدیه وا‌صل عقیدتهم…. 1935، بغداد.
5ـ باسیل نیكتین، الكرد دراسه سوسولوجیه وتارخیه، 2004، اربیل.
6ـ جمال نبز، المپففون الكرد واخوانهم المسلمون، 1997، لندن.
2ـ كوردی
1. كه‌ریم زه‌ند، ئایین‌و باوه‌ڕ له‌كوردستاندا، 1971، سلێمانی.
2ـ ڕه‌شاد میران، ره‌وشی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی له‌كوردستاندا، 2000 هه‌ولێر.
3ـ خدرێ سلێمانی‌و خه‌لیلی جندی، ئێزیدیاتی 1979، به‌غدا.
4ـ هه‌ژار موكریانی، چێشتی مجێو‌ر، 2000 ، پاریس.
5ـ هه‌ژار موكریانی، شه‌ره‌فنامه، 1981، ته‌هران.
6ـ شاكر فه‌تاح، یه‌زیدیه‌كان‌و ئایینی یه‌زیدی 1969.
7ـ سه‌لام ناوخۆش، ئایین‌و زمان‌ناسی ،هه‌ولێر ،2008
8.ماكسیمیللیان بیتنه‌ر, هه‌ردوو كتێبی پیرۆزی یه‌زیدیان، هه‌ولێر،2007.