
له وتاره‌که‌ی مه‌ریوان دا ئازادی تاك بزڕ بوو
ئه‌وه‌ی باس له ئازادی تاك ناکات ، باشتر وایه باس له ئازادی نه‌کات . تاك و کۆ له کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دا دوو شتی دژ به یه‌کن . هه‌میشه تاك له ناو ” کۆ ” دا زیندانییه . ده‌سه‌ڵات له تاکایه‌تیدا مرۆییه ، به‌ڵام له کۆگه‌راییدا نامرۆییه . ڕێژه‌ی نامرۆیی بوونی ده‌سه‌ڵات له کۆگه‌راییدا ، به پێی بارودۆخی جیاواز ، پله جیاوازه‌کان به خۆیه‌وه ده‌گرێت . هه‌میشه ده‌سه‌ڵات له کۆگه‌راییدا ، یه‌کسانی بوون له ده‌ست ده‌دات . له ده‌ست دانی یه‌کسانی بوون ، به دیوه‌که‌ی تری‌دا به مانای تاڵان کردن دێت . واته ده‌سه‌ڵاتی تاکایه‌تی له کۆگه‌راییدا تاڵان ده‌کرێت . که‌واته هه‌موو جۆره کۆیه‌کی مرۆیی ، چ خێزان و گرووپی بچوك و ده‌سته‌وتاقم و رێکخراو بێت وه‌یان حزب و میلیشیا و حکومه‌ت و په‌یڕه‌وکه‌رانی هه‌چ ئایین و ئایدۆلۆژیا و ….هتدێك بێت ، هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی تاکه‌کانه‌وه داده‌مه‌زرێت . هیچ ” کۆ ” یه‌ك له دنیادا بێ تاڵان کردنی تاك بوونی نییه . ته‌نانه‌ت گرووپی ” ڕه‌هه‌ند ” یش له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی ئاستی ڕۆشنبیری و ناوبانگ و که‌سایه‌تی و ویسته‌گی ” ئیراده ” و ئاسووده‌یی و به‌دیهاتنی خه‌ونی ئه‌وانی تره‌وه دامه‌زرا . وه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی گرووپی ” ڕه‌هه‌ند ” یشدا هه‌ر به ته‌نیا تاڵان کردنه ده‌ره‌کییه‌کان ده‌ست پێناکه‌ن ، به‌ڵکو تاڵان کردنه ناوه‌کییه‌کانیش به پانتایی گرووپه‌که ده‌ست پێده‌که‌ن . ئه‌م ڕایه‌م ئه‌وه ڕه‌ت ناکاته‌وه که گرووپی ڕه‌هه‌ند ته‌کانێکیان به ڕۆشنبیری کوردی دا له کوردستاندا . من نه مه‌به‌ستم ڕه‌خنه گرتنه له ڕه‌هه‌ند و نه ستایش کردنیشیهتی . ئه‌وه‌نده‌ی به‌م نووسینه‌وه په‌یوه‌سته ته‌نیا وه‌کو نموونه‌یه‌ك له مه‌یدانی ڕۆشنبیریدا هێنامه‌وه بۆ پیشاندانی تاڵان کردنی تاك له ناو ” کۆ ” دا .
د . مه‌ریوان ووریا قانیع له ووتاری ” دین و خۆپیشاندانه‌کان ” دا ، باسی عه‌لمانییه‌کان و ئیسلامییه‌کان و چۆنیه‌تی پێکه‌وه سازانیان ده‌کات . له‌م نووسینه‌دا ئاماژه به کۆنه‌په‌رستی هیچ لایه‌کیان ناکات . ئه‌و له دووتوێی به گشتی کردن و کرده‌یی کردنه‌وه‌ی کۆنه‌په‌رستیی هه‌ردوو لایانه‌وه کێشه‌کان و لایه‌نه‌کان و به‌رئه‌نجامه‌کان تاوتوێ ده‌کات . من کۆنه‌په‌رستیی هه‌ردوو لایان به پێی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌خۆ ” نه‌ك ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ، ده‌ستنیشان ده‌که‌م . واته نه ئیسلامییه‌کان و نه عه‌لمانییه‌کان ناچنه پای به‌رگری کردنه‌وه له ئازادی تاکی سه‌ربه‌خۆ . کێشه‌ی هه‌ردوو لایان له مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تدا ، بوون و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییانه‌ی ” دین ” ه تیایدا . واته ئیسلامییه‌کان پێداگرن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی دینیی وه‌یان هه‌بوونی به‌شی به‌رچاو تیایدا و عه‌لمانییه‌کانیش تا بۆیان بکرێت سوورن له‌سه‌ر بێبه‌ش کردنی دین له ده‌وڵه‌ت .
عه‌لمانییه‌کان له زۆر ڕووه‌وه کۆنه‌په‌رستن : 1 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه . 2 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی کولتووره‌وه . 3 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه . 4 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی سیستمی نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و عه‌قڵسالارییه‌وه . 5 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئابوورییه‌وه . 6 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی تاکه‌وه ، وه‌کو تاکی سه‌ربه‌کۆ نه‌ك وه‌کو تاکی سه‌ربه‌خۆ . 7 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی خێزانه‌وه . 8 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی ئه‌خلاقه‌وه ( مه‌به‌ست له ئه‌خلاقی جنسییه ) . 9 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی ڕۆشنبیری باو و سنووردار و خزمه‌تکه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌وه . 10 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری یاسا و ملکه‌چی مرۆڤه‌وه . 11 – له ده‌ستگرتن به مانه‌وه‌ی جه‌نگی دژ به کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤه‌وه . ئه‌مانه و زۆری تریش هه‌ن که کۆنه‌په‌رستی عه‌لمانییه‌کان دیاری ده‌که‌ن .
وه‌نه‌بێت ئیسلامییه‌کان له‌مان باشتر بن . ئیسلامییه‌کان له زۆر ڕووه‌وه له عه‌لمانییه‌کان خراپترن . هه‌رچه‌نده عه‌لمانییه‌کان و ئیسلامییه‌کان دژی ئازادی تاکن و له‌و باره‌یه‌وه زۆر له دواوه‌ن ، به‌ڵام به به‌راوورد به یه‌کتری عه‌لمانییه‌کان زۆر له ئیسلامییه‌کان پێشکهووترن . له کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دا عه‌لمانییه‌کان به بڕی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ ئازادی تاك ” واته تاکی سه‌ربه‌کۆ ” دا هه‌ن ، که‌چی ئیسلامییه‌کان زۆر په‌یگیرانه به دژی ئازادی ” تاکی سه‌ربه‌کۆ ” ش ده‌جه‌نگن . ئیسلامییه‌کان کۆیلایه‌تییان ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان گوێڕایه‌ڵییان ده‌وێت . ئیسلامییه‌کان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی داخراویان ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی کراوه‌یان ده‌وێت . ئیسلامییه‌کان کۆنترۆڵ کردنی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تیان له ناو سیستمی خێڵه‌کییانه‌ی خۆیاندا ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان خۆگونجاندنیان له‌گه‌ڵ به‌رنامه ڕێژییهکهی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا ده‌وێت .
باشترین نموونه بۆ وه‌ستانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان له به‌رانبه‌ر ئازادی‌دا ، لێسه‌ندنه‌وه‌ی مایکی ئازاد و دابه‌زاندنی ئه‌و کچه شاعیره بوو له مه‌یدانی ئازادی‌دا له سلێمانی . مه‌ریوان ده‌بوایه ئه‌گه‌ر به دێڕێکیش بووایه ، سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه ناڕه‌وایه‌ی ئیسلامییه‌کانی بۆ سه‌ر ئه‌و کچه شاعیره بکردایه . من بۆخۆم ، له‌و کاته‌دا که کچه‌که‌یان به ئه‌ڵڵاهو ئه‌کبه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی و له قسه کردنه‌کانی وه‌ستاند و هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ئه‌وه‌ش به زۆر له‌سه‌ر سه‌کۆی ئازادی هێنایانه خواره‌وه ، ڕێك مه‌یدانی ئازادییم به مه‌یدانی سه‌رکوت کردنی ئازادی هاته به‌رچاو و مایکی ئازادیشم به مایکێکی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه و درۆیینه و چاووڕاو کردن له خه‌ڵك هاته به‌رچاو .
من بۆ خۆم تا ئێستا جگه له دوو ووتار که له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کان نووسیومه ، سێ شیعریشم به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کاندا داناوه . من له شیعره‌کانمدا زۆر ستایشی خۆپیشانده‌رانم کردووه و گوزارشتم له ویستی ئازادی ئه‌وان کردووه . من له‌و شیعرانه‌مدا یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرم و داکۆکی له مرۆڤدۆستی و پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی خۆپیشانده‌ران ده‌که‌م و ئه‌ڵبه‌ته له‌و باره‌یه‌شه‌وه ڕاست بووم و ئێستاش به ته‌واوی خۆم به ڕاست ده‌زانم . من کوێرانه شیعرم نه‌وتووه بۆ خۆپیشانده‌ران ، چونکه شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه ووتووه که به‌رگری له ئازادی مرۆڤ ده‌که‌ن . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه ووتووه که مرۆڤیان لا گه‌وره‌یه . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه ووتووه که داوای دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه ووتووه که داوای وه‌لانانی توندوتیژی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانه‌وه ده‌که‌ن . به هیچ شێوه‌یه‌ك من شیعرم بۆ هیچ یه‌کێك له‌وانه نه‌ووتووه که به ناوی ئازادییه‌وه له مه‌یدانی ئازادی و شه‌قامی کوردی‌دا ، ئازادییان سه‌رکوت کردووه و سه‌رکوتی ده‌که‌ن . هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که ئازادی تاك به فه‌رمی ناناسن ، نه‌ك له دێڕ و کۆپله و شیعره‌کانم بێبه‌ریین ، به‌ڵكو له یه‌کبه‌یه‌کی پیته‌کانی ئه‌و سێ شیعره‌م بێبه‌ریین . یه‌ك پیتم له‌و شیعرانه به قازانجی ئه‌و که‌سانه نه‌نووسیوه که له گه‌وره‌یی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ تێناگه‌ن .
د . مه‌ریوان ده‌بوایه لایه‌کی به لای ئه‌و ئابڕووچوونه‌ی سه‌کۆی ئازادی‌دا بکردایه‌ته‌وه . ده‌بوایه ده‌نگێکێ شارستانییانه‌ی له ڕووی ئه‌و هێرشه نامرۆییه‌دا به‌رز بکردایه‌ته‌وه که کرایه سه‌ر ئه‌و کچه شاعیره له مه‌یدانی ئازادی سلێمانی و ڕێك له‌سه‌ر سه‌کۆی ئازادی ئه‌و مه‌یدانه و وه هه‌ر له‌و کاته‌شدا که مایکی ئازادی به ده‌سته‌وه بوو . د. مه‌ریوان له‌وه تێبگات یان تێنه‌گات ، ئه‌و ئیسلامییانه له‌و کاته‌دا و به دابه‌زاندنی ئه‌و کچه شاعیره ، ئابڕووی ئازادییان له مه‌یدانی ئازادی‌دا برد . ئه‌گه‌ر د . مه‌ریوان له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا بێده‌نگه ، ئه‌ی له به‌رانبه‌ر چ جۆره سهرکوتێکدا دێته ده‌نگ ؟
ده‌کرێت ئیسلامییه‌کان ” مه‌به‌ست له ئیسلامی سیاسییه ” و عه‌لمانییه‌کان ، وه‌کو هه‌موو ده‌سته و هێز و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، ساتوسه‌ودایان له‌سه‌ر تاڵان کردنه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و سه‌ربازی و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌بێت . وه ده‌کرێت ” مه‌ریوان ” یش وه‌کو نووسه‌رێکی به توانا و له ڕووانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه ڕۆڵێکی ناوبژیکهرانه و یه‌کتری پێقهبووڵ کردنانه‌ی ئیسلامییه‌کان و عه‌لمانییه‌کانی هه‌بێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ناکرێت ، به تایبه‌تی بۆ ڕۆشنبیرێکی وه‌کو مه‌ریوان ، سڕینه‌وه‌ی ئازادی تاك و متق لهخۆبڕیینه ” فزه نه‌کردنه ” له ئاستیدا .
ئه‌م گرووپ و تاك و لایه‌نانه که په‌یوه‌ندی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه به یهکترییانهوه ده‌به‌ستێته‌وه ، هه‌میشه له‌سه‌ر تاڵان کردنی هه‌مه‌جۆره‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له کۆمه‌ڵگادا یه‌کن و هه‌رگیز یه‌کڕیزییان له‌و باره‌یه‌وه ناشێوێنن. ئه‌وه‌ی که یه‌کڕیزییان تێك ده‌دات ، چۆنیه‌تی تاڵان کردن و بڕی تاڵانییه‌کان و دابه‌ش کردنه‌وه‌یه‌تی له نێوان ئه‌ندامانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا . مه‌ریوان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که وه‌کو مه‌ریوان بیر ده‌که‌نه‌وه ، به‌و ڕاده‌یه‌ی که له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دان ، به‌و ڕاده‌یه له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی تاڵانوبڕۆی تاك و ده‌سته و تاقم و هێز و حزب و حکومه‌ت و لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدان . له سۆنگه‌ی ئه‌م نامرۆیی بوونه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه‌یه که نووسه‌ری به‌ڕێز و به توانا ، مه‌ریوان ووریا قانیع ، هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان و عه‌لمانییه‌کان ده‌دات . ئه‌و ده‌بوایه وه‌کو ڕۆشنبیرێك و خه‌باتکارێکی ناو ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت لانی که‌م چه‌ند داواکارییه‌کی له ئیسلامییه‌کان هه‌بوایه که ده‌توانین بۆ نموونه : به فه‌رمی ناسینی ئازادی ڕاده‌ربڕین و وه‌لانانی توندوتیژی و ڕێز گرتن له مافی بێباوه‌ڕی ، به چه‌ند خاڵێکی ئه‌و داواکارییانه دابنێین . مه‌ریوان نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌کردووه ، به‌ڵکو په‌رده پۆشیشی کردووه . ئه‌م ناوبژی کردنه و ئه‌م په‌رده‌پۆش کردنه ، ئامڕازی سه‌رسووڕمان له‌سه‌ر جیهانبینی مه‌ریوان داده‌نێت .
ئیسلام بوون وه‌کو بیروباوه‌ڕێك ، په‌یامێکی ئاسمانی ، ئاشنا بوونێکی گیانه‌کییانه به بوونی یه‌که‌م ، جیهانبینییه‌کی گه‌ردوونی ،، جێگای ڕێز لێگرتن و خۆشه‌ویست بوون و په‌یڕه‌وی لێکردن بووه له لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیی زۆرێك له میلله‌تانی جۆراوجۆره‌وه . نه من و نه مه‌ریوان و نه که‌سێکی تر ، نکوولی له هه‌بوونی ئه‌م پێشوازی کردنه‌ی خه‌ڵك نییه له ئیسلام . ئه‌وه‌ی که تێڕوانینی من و مه‌ریوان وه‌یان هه‌ر که‌سێکی دیکه له‌م باره‌یه‌وه جیا ده‌کاته‌وه ، چۆنیه‌تی بینین و مامه‌ڵه کردنی ڕۆژانه و لۆژیکمهندانهیهتی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا زه‌مینییه‌کانی ئه‌م دینه‌دا . ته‌نانه‌ت له جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دامودهزگایانهشدا تێڕوانینه جیاوازه‌کان به‌رجه‌سته ده‌بن . واته ئه‌و ژماره زۆره‌ی که له‌گه‌ڵ داموده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دین دایه ، له‌گه‌ڵ داموده‌زگا سیاسیه‌کانیدا نییه . مه‌ریوان نه‌ك هه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا زه‌مینییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئیسلامدا هاوجووت دێته‌وه ، به‌ڵکو چ وه‌کو لۆجیکی بیرکردنه‌وه‌ی و چ وه‌ك سهوداکهرێکی سیاسییانه ، ناتوانێت هاتنه‌وه و سه‌رسام بوونی خۆی به داموده‌زگا زه‌مینییه ئیسلامییه سیاسییه‌کان بشارێته‌وه .
ئه‌م تراژیدیایه له فکری مه‌ریوان دا ، له ڕۆشنبیرێتی مه‌ریوان و ئه‌زموونی که‌سایه‌تی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت . ئه‌وه‌نده‌ی که لای منه‌وه ئاشکرا بێت ، مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندی به خۆویستن و ناوبانگ و کورت بینی بۆچوونه‌کان و هه‌ڵپه‌ی داهێنانه‌وه هه‌یه . به‌جیا له‌وه‌ی که هه‌موو که‌سێك خۆویسته ، هه‌ر که‌سه‌ش به جۆرێك که وێنای خۆویستنی خۆی ده‌کات ، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کان و کێشه فکرییه‌کاندا ده‌کات . ناوبانگیش پێش ئه‌وه‌ی به‌رئه‌نجامی کاره ده‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤ بێت ، خواستێکی ده‌روونیی مرۆڤ و پێکهاته‌یه‌کی که‌سایه‌تییانه و به‌شێکی دانه‌بڕاوی ژیانی کرده‌یی و ڕۆژانه‌ی ئه‌وه له کۆمه‌ڵگادا . کورتبینی بۆچوونه‌کانی مرۆڤیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه و جۆری په‌روه‌رده کردنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مرۆڤ و په‌یوه‌ست بوونی به یاده‌وه‌رییه‌کان و وێنا کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی و پارێزگاری کردن له مهزنگهرایهتییهکهی . هه‌ڵپه کردنیش له داهێناندا ، ده‌سه‌ڵاتخوازی و خاوه‌ندارێتی و خۆڕانان و ده‌رکه‌وتن و شاردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر و سه‌رکوت کردنی ڕۆشنبیرییانه و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له پشته‌وه ڕاوه‌ستاوه . واته مه‌ریوان وه‌کو ڕۆشنبیرێکی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت به هه‌مان میتۆدی تاڵانوبڕۆی مێژووییانه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان ، به‌رنامه فکرییه‌که‌ی خۆی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان داده‌ڕێژێت و ده‌یباته پێشه‌وه . ئه‌م تراژیدیایه‌ی فکری مه‌ریوان ، به‌جیا له‌وه‌ی که چارهه‌ڵنه‌گره ، مێژووی ڕۆشنبیرییش له داهاتوودا وه‌ڵامی نێگه‌تیڤانه‌ی به ئاشکرا پێده‌داته‌وه .
بژار
24 – 4 – 2011