ئه‌و ده‌مانه‌ی حزب له شیعر تووڕه ده‌بێت
له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی داواكارییه‌كانی خۆپێشانده‌راندا هاوته‌ریبم و داواكاریی منیشن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتیشدا ناكۆكم، هه‌موو ئه‌مانه‌م له چه‌ندان نووسیندا ڕاگه‌یاندووه، كه‌چی تا ئێسته نهكوتوومهته به‌ر لێپێچینه‌وه، بۆ له‌مه‌ودواش نازانم، ئه‌مه له كاتێكدا من له ژێر ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی پارتیدا ده‌ژیم، كه‌میش نین ئه‌وانه‌ی پارتی به‌داخراو و یه‌كێتیش بهكراوهتر و دیموكراسیتر ده‌خوێننه‌وه.. ئای له‌م دنیا سه‌یره‌ی یه‌كێتێ، ئه‌ی بۆچی واتان له ڕه‌نج سه‌نگاوی كرد؟!.
ئه‌وه‌ی بیستوومه سه‌نگاوی به‌هۆی شیعرێكیهوه له كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات ئیزن درا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی به‌رامبه‌ر بهكادیرانی خۆی و به‌تایبه‌تیش له ڕاگه‌یاندندا پرسیاری زۆر هه‌ڵده‌گرێ و وه‌ڵامی پتریش ده‌خوازێ، بۆیه ده‌هێنێ لێره‌وه بۆ یه‌كێتی وه‌ك به‌شێك له ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتیش به‌گشتی قسه‌مان هه‌بێت.
ڕه‌نج سه‌نگاوی كه به‌رپرسیاریه‌تیی له كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردساتدا هه‌یه، واتا ئه‌و خاوه‌نی هه‌ر بۆچوونێك بێت، له ئه‌نجامدا بهكادیرێكی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه سه‌یره له هاوسۆزییهكیدا له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌ران یه‌كێتی شووڵی لێ هه‌ڵكێشێ.. من شیعره‌كه‌ی سه‌نگاویم خوێندووه‌ته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و شیعره ته‌نیا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتدا ته‌ریب نه‌بێت، ئه‌ویش به‌كاربردنی هێزی پێشمه‌رگه‌یه له سلێمانی، من قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه نییه هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌نگاوی له دیدی ئێمه‌ماناندا تا چه‌ند ڕاسته، بگره كێشه له‌وێدایه كه ده‌سه‌ڵاتیش له دیوێكدا به‌پێی وه‌ڵامه‌كانی بۆ داخوازییه‌كانی خۆپێشانده‌ران خۆی بههاوسۆز ده‌بینێ، له هاوسۆزیشدا ئه‌وپه‌ڕی ئاساییه شاعیرێكی ناسكی وه‌ك سه‌نگاوی له كه‌سانی ئاسایی خێراتر به‌دیمه‌نی خوێن و بیستنی ته‌قه ده‌روونی بهه‌ژێ، ئه‌دی خۆ ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌دا هه‌ناسه‌ی داخه‌كانی به‌شیعر هه‌ڵنه‌ڕێژێ، كه‌واته شاعیر نییه، یان كۆلكه و زڕه شاعیره.
من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات پێی وایه به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵك حوكم ده‌كات، ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێ كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێداون حزبی نین، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش مه‌رج نییه هه‌موو حزبییه‌كانیش ده‌نگیان به‌حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دابێت، كه‌واته دڵسۆز و نادڵسۆز بهئهزموونهكه له كردهوهدایه و ده‌خوازێ له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌شدا بخوێنرێته‌وه، واتا ڕه‌نج سه‌نگاوی نه‌هاتووه دیوه ڕاستینهكهی خۆی بشارێته‌وه و موجامه‌له‌یه‌كی بێسه‌روبه‌ری ده‌سه‌ڵات بكات، یان پێده‌چێ حزبی ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته‌ی ئاماده‌ی گوێگرتنی ڕه‌خنه‌ی نه‌بێ كه ساڵه‌هایه ئه‌و موزایه‌ده‌یه ده‌كات، بۆیه ئه‌وه‌ی له ئێسته‌دا ده‌یبینین، چاوه‌ڕوانیه‌تی بۆ چهڵه و پیاهه‌ڵدان.. ڕه‌نج له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و شیعر و ده‌سه‌ڵاتیشدا ڕاستگۆ بووه، ئه‌و نه‌چووه‌ته سه‌نگه‌ری ڕووخاندنی ئه‌زموونه‌كه و (الله اكبر)یشی بۆ تێكدان و شێواندن نه‌كردووه وه‌ك هه‌ندێك ڕۆشنبیری تر، نه به‌ردی گرتووه‌ته كه‌س و نه كه‌سیشی بۆ هاویشتنی به‌رد هانداوه.. من وا ده‌زانم ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره ناسكه‌ی هه‌ژاندووه، جیا له خۆشه‌ویستیی بۆ خه‌ڵك، هاوكات خۆشه‌ویستیی بووه بۆ پێشمه‌رگه و مێژووه پڕ شكۆكه‌ی، كه‌واته به‌و ههڵشاخانهی نێوان پێشمه‌رگه و هه‌ندێك له خه‌ڵكی خۆپێشانده‌ر كه زۆربه‌مانی تووشی جۆرێك له نیگه‌رانی كردووه، ئه‌ویشی نیگه‌ران كردووه، بۆیه بهشیعرێك فێنكایی خستووه‌ته دڵه گهرمهكهیهوه.
به‌لامه‌وه سه‌یره له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا ده‌سه‌ڵات له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر خه‌ڵك به‌گشتی و ئه‌ندامانی حزبه‌كانی خۆیان به‌تایبه‌تی بێنن، له‌و ته‌رزه هه‌ڵوێستانه‌دا ڕوویان لێ گرژ ده‌كه‌ن، ئه‌دی ڕه‌نگه خۆ گرژكردن پێشاندانی هێز بۆ ئه‌وانه‌ی به(الله اكبر) و (لا اله الا الله) و بهدارلاستیك چاوی پێشمه‌رگه كوێر ده‌كه‌ن ئاسایی بێت، به‌ڵام بۆ شیعری شاعیرێك مایه‌ی نیگه‌رانییه، ده‌هێنێ له‌بیریان بێت كه ڕه‌نجاندنی سه‌نگاوی ته‌نیا ڕه‌نجاندنی كه‌سی خۆی نییه، بگره ههستناسكێلێ زۆر هه‌ن به‌هۆیه‌وه له ده‌سه‌ڵات گرژ ده‌بنه‌وه.