Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
كاره‌ساتی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ …. كاروان محه‌مه‌د ته‌یب

كاره‌ساتی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ …. كاروان محه‌مه‌د ته‌یب

Closed
by May 1, 2011 گشتی

یه‌كێ‌ له‌ هاوڕێكانم كه‌ كه‌سێكی خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌و خوێندنی ته‌واو كردووه‌، چه‌ندین جار هه‌وڵی دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێ‌ له‌ داموده‌زاگاندا دابمه‌زرێ‌، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك گه‌نجانی دیكه‌ ئه‌م وڵاته‌، هه‌ر خه‌ونه‌كه‌ی نه‌هاته‌دی، تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵكه‌وت و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و توانی بگاته‌ یه‌كێك له‌ وڵاتانی رۆژئاوا.
رۆژێكیان كاتێك له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بووم سه‌یرم كرد ئه‌و هاوڕێیه‌م كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی بۆ ناردووم كاتێك كردمه‌وه‌ و سه‌یرم كردن بینیم كه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی جوان بوون، هی ئه‌و وڵاته‌ نوێیه‌ی كه‌ ئێستا ئه‌و به‌ یه‌كه‌م وڵاتی خۆی ده‌زانێت. لێی پرسیم “ئه‌وه‌ چه‌ند دیمه‌نێكی وڵاته‌كه‌مانه‌، ئایا وڵاته‌كه‌مان جوانه‌؟”
بێگومان ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌و وڵاته‌ نه‌بوو كه‌ لێی له‌ دایك بووه‌ و باوباپیری لێی ژیاوه‌، به‌ڵكو ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌و وڵاته‌ بوو كه‌ ته‌نها بۆماوه‌ی دوو سێ‌ مانگ ده‌بوو تێیدا ده‌ژیا.
لێره‌دا كاره‌ساته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئیش و ئازار و نه‌هامه‌تیی بینیووه‌ به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیی و ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ ناچار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌هی خۆی بزانێت، چونكه‌ بێگومان دیاره‌ له‌و ماوه‌ كورته‌ هیچ نه‌بێ‌ حیسابی ئینسانی بۆی كردووه‌.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لێپرسراوێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندووه‌ به‌ ئێمه‌ ئه‌ڵێت “بۆچی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن ئه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی راژه‌یه‌ بڕۆن داواكاریی پێشكه‌ش بكه‌ن،” وه‌ك قسه‌ بۆ یه‌كێك بكات ئێمه‌ له‌ وڵاتێكی تره‌وه‌ هاتبین و ئاگامان له‌وه‌ نه‌بێت حاڵی ئه‌م وڵاته‌ چۆنه‌. منیش بۆ ئه‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ براده‌رانه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ ده‌كه‌ن دوور ناكه‌ومه‌وه‌ و ده‌ڵێم من كه‌ ده‌رچووی زانكۆم و پله‌ی چواره‌میش بووم، ئه‌وه‌ خه‌ریكه‌ سێ‌ ساڵ تێپه‌ڕده‌كات تا ئه‌م ساته‌ دانه‌مه‌زراوم. تا ئێستا چه‌ندین كارم گۆڕیوه‌. هه‌ندێجار ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رمگرتووه‌ له‌ كاره‌كه‌م ته‌نها به‌شی نانخواردن و كرێی سه‌یاره‌بووه‌. له‌ مه‌یشدا من كێشه‌كه‌م ته‌نها ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ واسته‌م نییه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی قانوونی داواكاریی دامه‌زاردنم پێشكه‌ش كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر واسته‌م هه‌بوایه‌ منیش وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ هاوڕێكانم هه‌ر یه‌كه‌م ساڵ بوو دامه‌زرابووم.
لێره‌وه‌ شتێكی تر سه‌رده‌ردێنێت ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ئینتمایه‌، له‌ راستیدا من وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك زۆر جار ئه‌وه‌ پرسیاره‌ لای گه‌نجان ده‌وروژێنم. به‌ڕاستی بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ ناعه‌داله‌تیان له‌به‌رامبه‌ر كراوه‌ بۆیه‌ ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ له‌هه‌ركوێیه‌ك هاووڵاتی پله‌ یه‌ك بوون ئه‌وا ئه‌وێ‌ نیشتمانی ئه‌وانه‌. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وا له‌ گه‌نجی ئێمه‌ بكات و بچێته‌ وڵاتێكی تر و نه‌فره‌ت بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن بنێرێت.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كێ‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ی بۆ گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ درووستكردووه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا؟
بێگومان ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین وه‌ك هاووڵاتی ساده‌ ئه‌و كاره‌ساته‌مان درووستكردووه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو، به‌ڵكو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن. بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ جێی خۆی نییه‌ گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ تۆمه‌تباربكرێت.
گه‌نجی ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ هاوار ده‌كات، به‌ڵام ده‌نگی دانووساوه‌ و كه‌چی كه‌س گوێی لێ‌ ناگرێت.
له‌ راستیدا ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی نا شه‌ریعییه‌وه‌ سه‌روه‌ت و سامانیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت خۆشیان چێژی لێوه‌رناگرن.
ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستانی عێراقدا له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان هه‌ر ئه‌وانه‌ی چل ساڵێك له‌مه‌وبه‌رن، هه‌موومان ده‌یانناسین، ئێستا ته‌مه‌نیان ر ۆیشتووه‌. بۆیه‌ كاتی خۆیه‌تی بڕۆنه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیانیان به‌ ئارامی دوور له‌ سه‌رخۆ ئێشاندن به‌سه‌ربه‌رن و حكومه‌تیش ژیانێكی شایسته‌یان بۆ دابین بكات له‌ پای ماندوبوونیان.
من بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستان به‌سه‌ر گه‌نجیان هێناوه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌دیاریكراوی تۆمه‌تبار ناكه‌م، به‌ڵام ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌تیان به‌هه‌ده‌رداوه‌ و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان به‌م كاره‌ساته‌ی ئێستا هێناوه‌ ئه‌وا زووبێت یان دره‌نگ ده‌بێت موحاكه‌مه‌ بكرێن، یان ئه‌نجامه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یان لێ‌ بێت كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌ ده‌یبینین.

Karwan_tayib@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.