Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
کەمجار هەیە بیرلە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

کەمجار هەیە بیرلە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

Closed
by May 1, 2011 فەلسەفە

کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!
سیلان لەنێوان بادیو و دێریدا دا(1)

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر خۆکوشتنەکەی شاعیرەبیرمەند “پۆل سیلان” ەوە

پۆل سیلان (1920- 1970) وەک شاعیر بریتییە لە بەسەرهاتێک (2) ، بەسەرهاتەکە کردویەتی بەبەشێک لە ڕووداوی شیعرنووسین و خودی بەسەرهاتەکەش بەسەرهاتێ تابلێیت برینئامێزە، تا شیعریش مابێت ئەم بەسەرهاتە لە کۆل دونیای ڕاڤەکردنی شیعرنووسین نابێتەوە. ئەم بەسەرهاتە ، ئەلبەتە برینەکەش، تەنێ شیعرەکانی دەکارن بۆمانبگێڕنەوە. ئەم توانایەی ئێمە لێرە لە شیعر دا لە برین گێڕانەوە دەیبینینەوە لەبەر هاوسۆزی ئێمە نییە لەتەک شیعر دا بەقەدئەوەی لەبەرئەوەیە کە ئێمە لە شیعر دا ئەو تواناییە بەدیدەکەین. واتە لە شیعر دا توانایێک بۆ گێڕانەوەی برین و بەسەرهات پەنهانە وەلی ئەم تواناییە پێویستی بە خستەڕوو و باسکردنە ئەگەرنا شیعر لەگەل کات لەوەدەکەوێت ببێ بەخاوەن ئەو تواناییە. ئەو توانایەش کە لە شیعردا پەنهانە وایلێدەکات شیعر لەوە جیاکاتەوە شیعر نییە. ئەوەش کە شیعر نییە ئەوەیە ئەو تواناییەی تێدا بەدیناکرێت. ئەگەر هێزی گێڕانەوە بۆنموونە لە زانستی مێژوو لە خستنەڕووی فاکتەدابێت هێزی گێڕانەوە لە شیعرا لە چنگ زمان دایە. ئەم زمانەش کە دەهزرێنرێت جوانکاری لەوێڕا لەهەلومەرجێ تردا گەشەدەکا ئەمەش وادەکات پێویستیمان بە کەرەستەی تر بێت تا ئەو جوانکارییە لە مشتی زمانا دەربێنین. ئەلبەتە، بۆئەوەی ئەمەبکەین، بۆئەوەی جوانکاری لە ناو شیعرا دەستنیشانکەین پێویستمان بە هزرە. کەوابێت، شیعر وەک زمان دەکەوێتە ناو حالەتێ لە بەرامبەرگەراییەوە لەتەک هزرا، ئەلبەتە ئەو هزرەی لێرە مەبەستە هزرێکی تێکەلە بە زمان و بە جوانکاری. لێرەشەوە سازاندنی شیعر دێتەدونیاوە. ئەمەش وادەکات ئەزموونی شیعرنووسی ئەورووپای کەسانێ وەک سیلان و بگرە ڕێلکە و ماندلستام و بۆدلێر و تراکل و تزڤیتایڤا و پاسترناک و هۆلدرلینی تیابێت.
شیعر سازاندن دیوی زۆرە، دەشێ ئەو سازاندنە ڕەوتێ تراژیدی یان ڕەشبینانە وەرگرێت دەشکرێ لەڕێگای چڕکردنەوەی زمانەوە ، کە هێژاترین کەرەستەی شیعرسازییە، ئەو سازاندنە ئەنجامدرێت ئەمەش تا پردێ لەنێوان ئێستا و بیروەریەکانا دروستکرێ یان بۆئەوەی مالی شیعر لەو شوێنە بسازێنرێت کە پێویستە. چونکە مالی شیعر لەگشت شوێنێ ناسازێندرێت. ئەگەر بلێین سیلان دوورنییە لەم دوو ئاڕاستەیەوە هەلەمان نەکردووە. بەڵام بۆ سیلان لەم دوو ئاڕاستیەوە نزدیکە؟ هۆی ئەوە ئێمە لێرە زۆر بە پووختی دەیگەڕێنینەوە بۆ تەقەلای سیلان بۆ ئامادەکردنی ڕابردوو لەناو شیعرا. واتە پێشوو یان بیرەوەریەکان کە هەرهەمووشی قەترانین لەگەل سیلانا هاتونەتە ناو شیعرسازیەوە. ئەمە ڕەنگە بۆ هەندێ کەس تاوانێک بێت و دەرهەق بە شیعر دەکرێت. واتە ، کەسانێک هەن بۆ ئەوەدەچن ئەوەی والە شیعر کرێت بارگاویبێت بە بیرەوەری تال، یان زمانی شیعری بەکارببرێت بۆ گێڕانەوەی قەترانیەت ئەمە کارێ هەلەیە. ئێمە کە دواتر دێیینەوە سەر ئەم لایەنە لێرە هەر ئەوەندە دەلێین ڕەوتی شیعرسازی سیلان وەڵامێکە بۆ ئەوانەی پێیانوابوو پاش ئۆشوێتز (دوای هولوکۆستی جووەکان، پاش قەتلوعامی یەهوودیەکان) شیعر نووسین کارێ هەمەجییە (لێرە ڕووی قسەمان لە بیرمەندی ئەلمانی ئەدرنۆ دەکەین).
بەمجۆرە دۆزینەوەی شیاوی لەبەردەم شیعرا بۆ گێڕانەوەی تالیەکان و بیرەوەریە قەترانیەکان ئەمە وەڵامێ ڕاشکاوانەی سیلانە بۆئەوانەی نایانەوێت شیعر ئەو ئەرکە لەئەستۆ گرێت. شیعر بە بۆچوونی ئەوانە پێویستە بێدەنگی هەلبژێرێت و ئازارەکان بەیاننەکات. وەلی لەسەر دەستی سیلان و بگرە چەند شاعێرکی تر (بۆنموونە نیلی ساکس) هەلێک لەبەردەم شیعر ووتندا دەدۆزرێتەوە بۆ بەرجەستەکردنی دراما ڕۆژانەیەکانی مرۆڤ، بۆ بەیانکردنی سەغلەتی دەروون و ئەو بێزاریانەی جەنگ و بیروەریەکانی ئەم جەنگە لەتاکا دەینەخشێنن. لەوێ ووتن جۆرێکە لە پەرچەکرداری دەروونی و تەقەلاێک بۆ وێنەکردنی دیمەنە بریناویەکان. چونکە شیعر، یاخود زمان، گەر ئەوەنەکات نەک هەر شیعرنووسین تەشەنەناکات بگرە بێدەنگیش بال بەسەر زمانا دەکێشێ و مالی شیعر پڕدەبێ لە خامۆشی و بزووتن لەگەڕدەکەوێت. ئەو دەمەش کە بێدەنگی دەیباتەوە شیعر دۆڕانێ ئەبەدی دەدۆڕێت بۆیە شیعر دەبێ بێتەگۆ و ووتنی خۆی بەیانکات. بۆئەوەی شیعر بەم کارە هەستێت زمانی وێنەکان لە شیعرا پێویستیان بە جوولەیە، بەڵام جوولەی ڕاستەقینە و نزدیک لە دەروونەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی دەروون پێویستی بەوەیە لەڕێگای زمانەوە خالیکرێتەوە. خالیکردنەوەی دەروون دیمەن دروستدەکات ،لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر دەروون کە لە سەغلەتی دەکەوێت کاسەی شیعر پڕدەبێت. 
سەرباری ئەوی ووترا ئەوەش دەلێین کە، زمانی وێنەکان لەکاتی گوزارەکردن لە برین و ئازارەکان ڕەوتێ وەردەگرێ کە لەحالەتی تردا بەوجۆرە نییە بۆئەوەی ئەو زمانەش برین و ئازارەکان لە وێنەهاێکدا بەرجەستەکات زمانحالی ڕووداوەکانبن پێوستیێ زۆر بۆ چڕکردنەوەی زمان دێتەئاراوە. بۆیە زمان و شیعر لای سیلان لەپێوەندیێ بتەودان و هەردوو پێکەوە دادوەری بەسەر ڕووداوەکانەوەدەکەن ئەو ڕووداوانەی کە برین و ئازار هێنەر بوونە. بەلام ئێمە لە کاتی خوێندنەوەی بەشێ لە هۆنراوەکانی سەردەمی لاوی (3) کە بە زمانی ڕۆمانی نوسراون نەک ئەلمانی دیمان لەوێڕا زمانی شیعری سیلانی لاو پتر سوریالیە و شیعرسازی لەوێڕا کەمتر قەترانی ترە لە قۆناغی پاریسی کە دەکات پاش 1950 تا کاتی خۆکوشتنەکەی لە نیسانی 1970. بەلام ئەوەی شوێنی ئەسەفە ئەوەیە کە سیلان هەر لەسەرەتای هۆنراوە نووسینەوە تاکاتی مردنی گوزارە شیعریەکانی لەنێوان ترس و ئەوین و ئازاردا خولاونەتەوە و ، وەک شاعێرێکی ئەلمانی زمانی پاشجەنگیش ڕێچکەیخۆی لەناو ژیانێ لە تەمومژاوی و پڕلەسەغلەتی خێزانی و ئەزموونی دلداری جیاجیا و هەستی هەندەرانی قەوارەی وەرگرتووە ، کە ئەوانەش هەرهەموو پێکهاتەی دیدی شیعرگەرای سیلانیان دروستکردووە . 
ئەو لایەنانەی لایسەرەوە زۆر بەکورتی لایخوارەوە دێینەوەسەری وەلی ئەوەی لەم سەرەتایەوە نیازمەندین لەخۆمانی بپرسین ئەوەیە کە، خۆکوشتنی شاعیرێک چی دەگەێنێت؟ ڕەنگە “ئەو” ،واتە شاعیرەکە، بزانێت بۆ خۆی دەکوژێت بەڵام ئێمە چۆن دەکرێ لەم خۆ کوشتنەی بگەین؟ تۆبلێیت تێگەیشتنمان بۆ خۆکوشتنەکەی هەبێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لایخوارەوە ڕوونکردنەوەێک دەدەین کە ڕەنگە لە بەسەرهاتی “سیلان”مان نزدیک کاتەوە.
زمان لە شیعری سیلان شوێنی باسە نەک لەنێوان شیکەرەوانی شیعرەکانی بەلکو لە گەرووی خودی سیلان دا زمان شوێنێکە بۆ خۆناساندن بەوی تر. زمان لەمحالەتەدا ئامرازێکە بۆ داکۆکی لە مانەوە، بەلام مانەوە لەپێناو گێڕانەوە. ئەلبەتە گێڕانەوەی برین و سەغلەتیە بوناویەکان. زمان لەناو ئەوەی پێیدەلێن جیهانی پان و بەرین لای سیلان لەناو بازنەی مەرگ ڕاڤەکردندا دەخولێتەوە. دەروونی شەکەت و سەغلەتیش تەنیا زمان شکدەبات بۆ شیکردنەوەی باری خۆی. لە شیعرەکانی سیلان ،بۆنموونە لە شیعری “”فوگیمەرگ””(4) ، زمان زۆر ڕاشکاوانە ملکەچی گێڕانەوەکان دەبێت و شوێن پێگەی خۆی لە دەربڕینەکانا لەمیانەی ئەو ئازارانەی دەیانگێڕێتەوە بتەو دەکات. وێرایئەوە، سیلان لەڕێگای شیعر نووسینەوە دیمەن دروستدەکات کە بە بازووی برین دەژین و تاکە شوێنکیش ئەم ئازارانە کە بکارن پشووی تیابدەن ناو دەربڕینە شیعریەکانە، لەو جێیەی شیعر مال بۆخۆی دەچنێت. بەپێیئەوەی برینەکان دەستەجەمعین ئەمە وادەکات ئەو دیمەنانەی دروستدەبن خەسلەتی ئەو دۆخە وەرگرن تیایا نەشونمایان کردوە. هەر بۆنموونە لە شیعری ناوبراودا زۆر ڕاشکاوانە دەبینین نازیەکان گەمە بە جەستە و بە ڕۆحی جووەکان دەکەن. جووەکان بەدەم مۆسیقای ناو ئۆردوگاکانی مەرگەوە “گۆڕ لە هەوا هەلدەکەنن”. ئەوە ئەوجۆرە مەینەتییەیە تەنیا شاعیرێکی جوو، شاعیرێک کە قووربانی نازیەکان بێت و لە ئۆشویتز دەربازیببوبێت دەکارێ لە دەربڕینی شیعریدا بۆمانی بنەخشێنێ. ئەو “گۆڕهەلکەندنە لە هەوا” ئەو نەرێتەیە نازیەکان بەدەم لێدانی مۆسیقاوە بەسەر قووربانیەکانیانا دەیسەپێنن.
باشە شاعیرێک ئەوە پاشخانی دەروونیبێت ئەم شاعیرە چۆن دەکارێت بەسەر پەشێوییە ڕوحیەکانیا زالبێت؟ ئەم جۆرە شاعیرانە ، کە دیمەن لەناو مەرگدا دەبیننەوە، کە چەندینجار دوای شوێنپێگەی مەرگ کەوتوون هەر دەبێت مەرگ بکەن بە ئازیزترین کەسیان. بۆ سیلان و سیلانیەکان تەنیا مەرگ چارەسەرە. مەرگ شوێنی لە سێدارەدانی برینە دوا ئێستگای بیرەوەریە تالەکانە. باری ڕۆحی سیلان لە پاریس، کە 22 سالێک پێش خۆکوشتنەکەی ڕوویتێکرد، شوێنی بەگژیەکاچوونەوەی برین و بیرەوەریبوون. لەوێدا ئێستا و ڕابردوو هەمیشە لە زۆرانبازی دا بوون. لەکۆتایشدا هەر ڕابردوو دەستی بەسەر ئەو ئێستایەی سیلان دا گرت کە ئەو ئێستایە شوێنێکی بۆجۆرە ژیانێ تر نەدەدۆزیەوە. بەجووبوونەکەی سیلان و سیلانیەکان دەردێکە پێویستە هەمیشە بگێڕدرێتەوە.
بۆیە ئێمە بەوەناچێت بەهەلەدا چووبێتین کە بلێین ، ئەو شێوە شیعریەی سیلان کاریلەسەرکردووە جۆرە وەڵامێکی هزری شیعریش بووە بۆ ئەوانەی پێیانوابووە شیعر لە دوای ئۆشویتزەوە دەمرێت. شیعر نووسینی سیلان لەو دەموەختەی باس لە مەرگی شیعر دەکرا هەولێبوو بەدەست سیلانەوە بۆ داکۆکی لە ڕاستی بوونی برینەکان و ئەو ڕووداوانەی ئەو برینانەی هێناوەتەدونیاوە. لەوێ و لەسەردەستی سیلان زمان بەرۆکی ڕوونکردنەوەی برین و ئازار دەگرێت. بۆئەوەی زمان قەوارەی خۆی تێپەڕێنێ بەو شێوەیە دێتەگۆ کە لە شیعری “”فوگیمەرگ”” دا دەبینرێت. ڕوونکردنەوەی دیمەنی مەرگ لە شیعری ناوبرودا لەلایەن سیلانەوە هەولێکیشە بۆ ڕاڤەکردنی واتای مەرگ کە چۆن دێت. ئەوەی چۆن مەرگ دەبێتە میوان ئێمە پیێمانوایە لە شیعری “”فوگیمەرگ”” کارێ زۆریلەسەرکراوە چونکە لەوێڕا مەرگ خەلکی شوێنێکە. واتە مەرگە ناسنامەی هەیە و غەریب نیە. ئەوی دەمرێ جووە و ئەوی مردنیش دەدا نازیە کە ئەلمانیە بۆیە سیلان لەو شیعرەدا ئەلمانیا دەکات بەشوێنی بەرهەمهێنانی مەرگ. ئەلمانیا ئەو شوێنەیە ناسنامە بە مەرگ دەدات هەربۆیشە بۆ سیلان بەکورتی مەرگ بریتیە لە شوێنێک کە مەرگی لێوەدێت. ئەلمانیا مەرگ نێرەرە و جووش مەرگ وەرگرە. سیلان ووتەنی” مەرگ ئوستادێکە لە ئەلمانیەوە دێت” یان دەشکرێ بەمجۆرەش گوزارەکەی سیلان گۆکرێت کە “مەرگ خەلکی ئەلمانیایە”. ئەلمانیش ،کەسی نازی، بە کەسێ چاوشین دەشوبهێنێ کە ئەم کەسە چاوشینە مەرگ هێنەرە، دروستکەری مردنە و بەخشێنەری مەرگە بە جووەکان. بدەری مەرگ کە کابرا چاو شینەکەیە وەرگرەکەی چاوڕەشەکەیە.
سیلان لە هۆنراوەی “فوگیمەرگ”( کە بە ڕۆمانی نووسیویەتی و دوا نوسخەی لە 1945 تەواوبووە و لە 1948 دا کراوەتە ئەلمانی) باس لە ئەلمانە چاوشینەکان دەکات کە لە ئۆردوگاێکی زۆرەملێ دا چۆن یاری بە ژیانی جووەکان دەکەن. لەگەلێ لە سەرچاوەکان ئەم هۆنراوەیە وەک نمونەێک لەسەر ئەدەبی (یان هۆنراوەی) هولوکۆست تەماشادەکرێت هەروەها وەک وەڵامێکیش بۆ ووتنەکەی ئەدرنۆ لەسەر چارەنووسی شیعر پاش هولوکۆست.
کەوابێ بۆ سیلان دەستهەلگرتن لە شیعرنووسین لەپاش هولوکۆستەوە دەستهەلگرتنە لە گێڕانەوەی چۆنیەتی مەرگدان و مەرگ وەرگرتن. ئەمەش پێدەچێت بەرپرسیاریێ نەک شیعری بەلکە مرۆییشە شیعر بمێنێتەوە تا هێزێک لە ئارادابێت بخرێتەگەڕ، کە ئەوەش هێزی گێڕانەوەیە. لەهەلومەرجیوادا بۆ سیلان شیعر مانەوە بەرەنگاربوونەوەی مەرگە یان ئاستدانانە بۆ مەرگ و سنوردارکردنی ئەو تەمومژاویەی لەسەر مەرگ هەیە. چونکە لای سیلان و سیلانیەکان بەهۆی شیعرەوە ،بەهۆی زمانەوە، لەوە بەئاگادەهێنرێن کێ و چۆن دەمرێت. مردن کە شتێ تەمومژاوی زێدە فەلسەفیە لای نازیەکان ئاسانترین شتبووە پراکتیزەکرێت. نازیەکان کە سەنعاتی کوشتنیان هێنایە دونیاوە بەمەرگبوونیان لەئالۆزیخست و جەستەیانکرد بە بوارێک بۆ یاریپێکردن. ئەوەش کە سیلان لەڕێگای شیعر نووسینەوە دەیکات جۆرە پەرچەکردارێکە دژ بە ئاسانکردنی بەمەرگبوون. بەڵام زۆر ئەفسووس مەرگ نازی بێت و یان نەبێت لەکۆل سیلان نەبووە و پەشێوی ڕۆحی سیلان تەنانەت بە شیعریش ساڕێژنەبوو. بۆیە سەرئەنجام سیلان لەتەک مەرگا بۆیەکجارەکی ئاشتبووەوە.
ئێمە پێیمان وانیە ئاشتبوونەوە لەتەک مەرگ دا ترسناکە. مەرگ چرکەێ ئامادەیە لەناو ژیان. فۆڕمێترە لە مانەوە بەڵام لەولا، لە شوێنێ دوور کە تەنیا غەیب هەقایەتی لەبارەوە دروستدەکات. ئێمە ئێستانا نەختێتر هەر دەبێ شوێنپێی مەرگ کەوین بەڵام مەرگێ سروشتی نەک زۆرەملێیانە. چونکە مەرگ لەهەندێ حالەتدا خەسلەتی مرۆی لەخۆدا چڕکردۆتەوە کە ناکرێ لەبیرکرێت. وەلی موخابن مەرگ ڕۆژانە ئەتکدەکرێت و لە سرووشتیبوون دەخرێت. مەرگ کە خالێ لاواز نییە لە ژیانا بەڵام پڕە لە تەلیسم و دیمەنی گومڕا گومڕای قوول. مەرگ کە قەوارەی ژیان هەلدەوەشێنێتەوە لەهەل دەگەڕێ خۆیمان لێنزیدککاتەوە. مەرگە بێڕادە بە ئەزموونە و دەروەسی سەغلەتیەکانی ئێمە ناێت. سەرسەختانە وەلی لەسەرخۆ کاریخۆیدەکات. مەرگ کە سیلان کوژە وەلی سیلان دەربازکەریشە لە مەینەتێک مرۆڤایەتی بۆیدۆزیەوە. مەگەرناکرێت ئێمە سوپاسی مەرگکەین کە سیلانی لە مەینەتی و دەروونپەشێوی دەربازکرد. لەمحالەتەدا دەکرێ بووترێت مەرگ دەرهاویشتەیە دوا قۆناغی ژیانە و سەفەرێکە بەرەو شوێنە تەلیسماویەکان. لەوساتەشەوە کە مەرگ داهاتووە ژیانی داهاتووە وەلی مەرگ زەفەربەرە بە ژیان و لێزانەلەوەی چۆن ژیان لەغوکاتەوە. بۆیە مەرگ هەمیشە تەشەنەدەکات وەلی هێندەی قەبارەی ژیان. مەرگ کە لە جیهانی پانوبەریندا گەشتی خۆیدەکات وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارەی مرۆڤ دەیەوێ بەمجۆرە بیکات: چۆن ژیان دەبێ کۆتای بێت؟
ئەو مەرگەی،ئەوشێوە کوشتنەی، هولوکۆست و هاوشێوەکانی هێنایان(بۆنموونە ئەنفال و هەلەبجە) دیرۆکی مەرگیان لەکەدارکرد. چونکە پێشتر، پێش ئەو ڕووداوانە ، مەرگ کەسایەتێکیتری هەبوو. مەرگ غەیب بوو و هەروەها سەر بەزێدی نادیاری بوو وەلی ئەو ڕووداوە جەرگبڕانە (هولوکۆست و هاوشێوەکانی وەک ئەنفال و هەلەبجە ) مەرگییان ئاشکراکرد و ناسنامەیان بە مەرگ بەخشی و مەرگ بووە بە خەلکی ئێرە و ئەوێ.
 سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، زۆریێک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا پاش ڕووداوی هولوکۆست بۆچوونیان بۆ مرۆڤگەرای ئەورووپای گۆڕا و لە شیعر و هونەر و بەگشتیش لە جوانکاری پەستبوون و تاکار گەیشتە ئەوەی هزرەڤانێ وەک ئەدرنۆ لە دەورووبەری سالی 1949 دا بگاتە ئەو باوەڕەی ” لەپاش ئۆشوێتزەوە هەمەجیەتە (بەربەریەتە) شیعر نووسین “(5)، ئەم سێرکردنەش لەناو ڕوناکبیرانی ئەلمانی و غەیرە ئەلمانی گفتووگۆێ دی هێنایە پێشەوە. گەر ئێمە ئەم دیتنە ئەدرنۆییە بەسەر سیلان دا پێڕەوکەین دەگەین ئەو دەرئەنجامەی کە سیلان شیعرنووسین لەپاش هولوکۆستەوە شیاودەکا و بگرە شیعرنووسین لەو هەمەجیەتەش دەخا کە ئەدرنۆ لێیدواوە . وەلی ئەم شیاوکردنە نە کارێ ئاسان بووە نەش بەردەوام. لێرەدا مەبەست لە نابەردەوامیەکە ئەوەیە کە سیلان خۆیکوشت نەک شتێتر.
لەدوای ئۆشوێتزەوە، لەدوای ئەو بەڵایەی هاتەسەر سیلان، شیعر بوو بە تاکە دەرفەتێک بۆ مانەوە لە ژیانا ئەگەرچی پاشتر ئەوەش فریاینەکەوت. دەکرێ ئەوەش بلێین کە شیعر لەحالەتی وەک حالەتی سیلان ڕۆلی ژیرکردنەوە دەبینێت ئەگەر نەلێین ڕاگری مانەوەی ئەو کەسەیە کە لە بووندایە. شیعر لەسەردەستی سیلان و هەندێ شاعیری جووی تری ئەورووپای بوو بە ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی تالیەکان، ئەو تالییانەی هولوکۆست لەناخی کەسەکانا تۆماریکرد. ترسی ئەدرنۆش لەمبارەیەوە لەوەدا بووە کە نەبادا شیعر نەکارێ گشت ئەو هەموو ئازارانە بگێڕێتەوە کە ڕووییانداوە. بۆیە زۆر شیاوە گشت ئەوی ئەدرنۆ ویستوویەتی لەسەر شیعر و هولوکۆست بیلێت پێوەندی بەو ترسەوە هەبووە کە ئەدرنۆ هەیبووە لەوەی شیعر کە بریتیە لە دەنگکردن ، نەبا ئەم دەنگکردنە لەئاست تراژیدیاکە هیچیپێنەکرێت. بۆ ئەدرنۆ ، پێدەچێت، بێدەنگی چارەسەربووبێت ئەمەش بەو واتایەدێت کە شیعر نەووترێت. بەواتێتر، خەمی گەورەی ئەدرنۆ ئەوەبووە شیعر کە دەووترێت نەبادا ئەو ووتنە، پەیڤەکانی مرۆڤ، بۆلەمەولا، پاش ڕووداوی ئۆشوێتنز، لەتوانایدانەبێت ئەوانەی ڕوویانداوە وەک خۆی بیخاتە سەر کاعەز بەناوی شیعرەوە. گەلێ لە سیلانناسەکانیش بۆئەوەدەچن کە ئەزموونی شیعری سیلان جۆرە وەڵامێکە بۆئەوەی ئەدرنۆ لێیدەترسێت، تەقەلاێکە بۆ دەرخستنی توانای شیعر، هێزی پەیڤ ، لە نەخشاندنی بەسەرهاتەکان لەسەر لاپەڕە.  
شایانی ووتنە سیلان لەگەلێ لە هۆنراوەکانی سەردەمی هەندەرانی، واتە لە پاریس، بەدوای دۆزینەوەی بزردا وێلە. ئەلبەتە دۆزینەوەی ئەوشتەی بزرە، وون بووە، هەمیشە کارێ نائاسانە بەڵام لەناو شیعر دا کە ئەمە دەکرێ دوو ڕێگا لەبەردەم نووسەر دایە کە یەکێکیان دروستکردنی جیهانێ لە میتافۆرە بۆ دۆزینەوەی بزر یانیش دەستبەردانە لە گشت میتافۆرێک و سووربوون لەسەر گەران لەدوای گەڕان. دەکرێ بلێین سیلان هەردووکی کردووە.  هەم بزری لە تەمومژاویەت خستووە و دیمەنی تریداوەتێ، ئەوەش بەهۆی ئەو میتافۆرانەی کاریلەسەر کردوون لەلاێتر بۆئەوەی بزر، وونبوو یان وونکراو، بدۆزرێتەوە شوێنپێی شتێک کەوتووە کە ئازاردەرە، کەئەوەش هەلکۆلینە لەناو بزریدا ئەمەش سەغلەتی لەپاش سەغلەتی و ڕەشایێ دەروونی دروستدەکەن کە ئاکامەکەی ئەوەبوو کە بینرا، بە خۆکوشتنەکەی سیلان کۆتای هات.
ماویەتی………

به‌شه‌کانی تر:

به‌شی دوو …..

به‌شی سێ ……

 

    پەراوێز و سەرچاوەکان:
(1). ئێمە لە سالی 2005 دا نووسینێکمان لەسەر شیعرگەرای پۆل سیلان نووسیوە و لەوێدا گفتووگۆی بینینی فەلسەفی ئالێن بادیو و ژاک دێریدا تایبەت بە شیعرگەرای سیلان کردوە و دواتر نووسینی ناوبراو بووە بە بەشێک لە کتێبی “”ویستی فەلسەفاندن: بادیو و ڤیتگنشتێین”” کە لە سالی 2007 لەلایەن چاپخانەی ئاراسەوە بەچاپگەپێندراوە. بۆیە خوێنەر دەکارێت بگەڕێتەوە سەر ئەو بەشەی لە کتێبی ناوبراوماندا لەسەر سیلان نووسیومانە.
(2). پۆل سیلان لە سالی 1920 لە بنەمالێ جوو لە شارۆچکەێ ڕۆمانی بەناوی چێرنیڤتسی هاتۆتە دونیاوە. سەرەتا ناوی ئەنسێل بووە و دواتر لە ناوەکەی ناوی “سیلان”ی پێکهێناوە.
پاش جەنگی جیهانی دووەم ئەم شارە بووە بە بەشێک لە یەکیەتی سۆڤیەتی جاران و ئێستاش بەشێکە لە وڵاتی ئۆکراینا. ئەم شارە پێشتر بەشێبووە لە ئیمپراتۆریەتی نەمساوی هەنگاری و پاش جەنگی جیهانی دوو بووە بە بەشێ لە ڕۆمانیا و دواتر ئەم شارە لە 1941 لەلایەن هێزە ڕۆمانی و نازییە ئەلمانیەکانەوە داگیردەکرێ و جووەکانی ئەم شارە بە خێزانی سیلانەوە ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێکان دەکرێن. باوکی لە یەکێ لە ئۆردوگاکانا بە نەخۆشی تیفۆس گیانلەدەستدەدا و دایکیشی لە ئۆردوگایێکی زۆرملێدا لەسێدارەدەدرێت. سیلان کە هەلدێت دواتر دەست نازیەکان دەکەوێتەوە و لە ئۆردوگا نازیەکانی ناو ڕۆمانیا دەستبەسەردەکرێ و پاش هاتنی لەشکری سووری یەکیەتی سۆڤیەتی ئەو دەمە گیراوەکانی ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیانە دەربازیاندەبێت. ئەلبەتە سیلان پاش دەربازبوونی لە ئۆردوگا زۆرەملێکان ماوەێ لە بوخارست و دواتر ڤیەنا دەژی و لە 1948 بەرەو پاریس کۆچدەکا و تاکاتی خۆکوشتنی لە 20 نیسانی 1970 لەوێدەژیت. سیلان لە 20 ی نیسانی 1970 لەسەر پردی “میرابۆ”وە لە پاریس خۆی هەلداوەتە ناو دەریای سین و لە یەکی ئایاری هەمان سالدا، واتە پاش تێپەڕبوونی نزدیکەی 11 ڕۆژێک ، تەرمەکەیان لە کەنار هەمان دەریا دۆزیوەتەوە. ئەلبەتە ناوی ئەم پردە لە یەکێ لە شیعرەکانی سیلانیش هاتووە.
سیلان لە پاریس پاش دوسال لە خوێندن دەبێ بە مامۆستای زمان و ئەدەبی ئەلمانی لە ئێکۆل نۆرمال سوپەریێر. سیلان لە سالی 1952 لەگەل “ژیزیل دۆ لێسترانژ”  ژیانی خێزانی پێکهێناوە ،کە ژنە گرافیکەرێ فەڕەنسی غەیرە جوو بووە و نۆبەرەکەیان کە ناوی فڕانسوا بووە لە 1953 لەدایکبووە و هەر بە کۆرپەی مردوە و دوای سێ سال کوڕێکیان بەناوی ئیریک وە بووە . ئەلبەتە پێوەندی سیلان و هاوسەرەکەی بە سێ سالێ پێش مردنی لەوپەڕی خراپیدابووە و گەلێ دراماش لەوبارەوە دەگێڕدرێتەوە کە مایەی سەرسوڕمانن. ئیریکی کوڕی سیلان چەند سالێک لەمەوەبەر کتێبێکی بەناوی “”کۆریسپۆندێنس”” بەچاپگەیاند ، کە ئەو 700 نامەیەی تیا بلاوکراوەتەوە کە سیلان و ژیزیل لەتەک یەکدا گۆڕیویانەتەوە. هەروەها سیلان سالێ پێش مەرگی (واتە لە 1969) سەردانی ئیسرائیلی کردووە  و پێشئەوەش لەسەردانێکی بۆ ئەلمانیا هایدیگەری بینیوە.
سیلان پەروەردەی مالەوەی پەروەردەێ ئەلمانی جوو بووە و لەبەرئەوەی لە ڕۆمانیا دەژیان ڕۆمانی زانیوە و ، ئەلبەتە لە مالەوەش بە زمانی ئیدش (زمانێ هیندۆئەوروپاییە کە دەچێتەوە سەر گروپی زمانی ئەلمانی و بە ئەلفوبێی عیبری دەنووسرێت) قسەیان کردوە و یەکەم هۆنراوەشی بە ڕۆمانی نووسیوە کە دواتر کراوە بە ئەلمانی و کە لە فەڕەنساش ژیاوە هەر بە ئەلمانی شیعری نووسیووە. باوکی سیلان کەسێ جووپەرستبووە و زۆری حەزکردووە سیلان لە نەرێتی عیبریەوە نزیکببێتەوە.
سیلان ساڵانێ پێش مەرگی بەوە تاوانباردەکرا کە لە شیعرەکانی “ئیڤان گول”ەوە شتیوەرگرتووە کە ناوبراو شاعیرێکی ئەلمانی- فەڕەنسیەبووە.
سیلان پێشئەوەی لەسالی 1952 ژیزیل بخوازێت پێوەندی دلداری لەگەل ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان هەبووە و ئەم پێوەندیە دواتر پاش ئەوەی سیلان ژیزیلیش ئەخوازێ جارێتر سەرهەلدەداتەوە و تەنانەت دیوانێکیشی پێشکەشکردووە. باخمان کە تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر “پێشوازی ڕەخنەی لە فەلسەفەی بووناوی مارتین هایدیگەر ” بووە زمانناس و شاعیرێ بەتوانابووە. لە کتێبێکدا کە تایبەتە بە سیلان و باخمانەوە ئەو نامانە بڵاوکراونەتەوە کە نزدیکەی 200 نامەێک دەبێت سیلان و باخمان لەماوەی ساڵانی 1948 بۆ 1961 بۆیەکیان نووسیووە. نامەکان کە بە ئەلمانی نووسراون لەم دوایە وەرگێردرایە سەر ئینگلیزی.
Ingeborg Bachmann-Paul Celan: Correspondence: letters between Ingeborg and Paul Celan،Seagull Books  2010.
(3). بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە.
Paul Celan. De rumänska dikterna. Övers. Inger Johansson. Förlag Stockholm  Modernista، 2004.
لە سالی 2004 دا لە سوید 16 شیعری پۆل سیلان لەژێرناوی “شیعرە ڕۆمانیەکان” لە زمانی ڕۆمانیەوە لەلایەن ئینگر یوهانسۆنەوە کراوەتە سویدی و لەگەل پێشەکیێکی ئەندەش ئولسۆن دا چاکراوە. دەکرێ بووترێت ئەمە ڕووداوێ ئەدەبیە لەبواری وەرگێڕانی شیعری سیلان لە سوید چونکە سیلان کە زۆربەی شیعرەکانی بە ئەلمانی نووسیوە و وەک شاعیرێکی ئەلمانی زمانیش ناوی ڕۆشتووە زۆربەی ئەو شیعرانەی کە پێشتر کراونەتە سویدی ئەو تێکستانەبوونە کە سیلان بە زمانی ئەلمانی نووسیوونی. شیعرەکانی سیلان، واتە ئەو 16 شیعرەی کە بە زمانی ڕۆمانی نووسراون و کراونەتە سویدی، بەپێی پێشەکیەکەی پرۆفیسۆر ئەندەش بێت “مرۆڤ تەنیا بە زمانی دایک دەکارێت گوزارە لە ڕاستی خۆیبکات و بەزمانی بێگانە شاعیرەکە درۆ دەکات”. بائەوەش لێرە یادخەینەوە کە  سیلان زمانی مالەوەیان عیبری و ئەلمانی بووە و لەبەرئەوەی لە ڕۆمانیا ژیاوە زمانی ڕۆمانیشی زانیووە. سەرەتای شیعر نووسینی بە ڕۆمانی بووە و دواتر بووە بە ئەلمانی تا کاتی مردنی.
 Dödsfuga =Todesfuge= Fugue of Death(4).
شیعری فوگیمەرگ ،کە یەکێکە لە هۆنراوە ناودارەکانی سیلان، لەو سەرچاوەیەی لایخوارەوە خوێندوومانەتەوە، کە لە ئەلمانیەوە کراوە بە سویدی و داوادەکەین خوێنەر بەخۆی بۆ تێکستەکە بگەڕێتەوە ، کە گەلێ لە هۆنراوەکانی سیلانی تیا بەرچاودەکەوێت و، ئەلبەتە بەشی یەکەمی هەمان کتێبیش کە لە وەرگێڕانی هەمان وەرگێڕی (لاش- ئینگە نیلسۆن) سویدییە گەلێ هۆنراوەی تری تیایە. 
Paul Celan. Dikter II . urval، översättning، efterskrift och kommentar av Lars – Inge Nilsson. Lund: Ellerströms ،1999.
(5). Berel Lang. Writing and the Holocaust. New York: Holmes & Meier Publishers، 1988، p.179.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.