Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
خۆشەویستی و دڵداری …. مه‌هدی ساڵح

خۆشەویستی و دڵداری …. مه‌هدی ساڵح

Closed
by May 5, 2011 ئەدەب

ئایا خۆشەویستی و دڵداری جۆرێکە لە شێتایەتی؟ لەبەر ئەوەى هەردوو رەگەزى نێر و مێ ئامانجى سەرەکیان بەیەکگەیشتن و پێکەوە ژیانى هاوبەشە، وێڕای ئەمەش زۆربەى کات لە بێهۆشى و تێڕامان و بیرکردنەوەدان خواردن و خواردنەوەیان کەمە، تێنووی کاردانەوەى عەشق و ئەڤین و دیتنی یەکترن.

لە هەموو کۆمەڵگەیەکی ئەم سەر زەمینە عەشق بوونی هەیە، داستانی عەشق شوێنى خۆى لەسەر ئاستى میللى تۆمارکردووە و بە چەندین شێوازى جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە و شیکراوەتەوە، لێرەدا مەبەست عەشقى خاوێن و بێگەردە، کە بە هیچ شێوەیەک جیاوازى چینایەتى، ئایینى و تا رادەیەکیش نەتەوەیى نابێتە بەربەست.

عەشق هەڵقوڵاوی خودى ناوەوەویە، کە هەمیشە سۆز و ئەڤینداری بەسەر لایەنى ئەقڵ و بیرکردنەوە زاڵە و عەشق لە سەردەمى کۆن پەیوەندی بە سوارچاکی و ئازایەتى و لێبوردەیى هەبووە، لەوانەیە بە دەیان گوند و چیا و دەشتایى ببڕیبایە ئەمەشیان تەنها بۆ ژووانى عەشق و بینینى دڵدارەکەى بووە بەو ئاراستەى کەفوکوڵ و ویست و ئارەزووەکانى خۆیان بخەنەڕوو.

مام هێمنی شاعیر جارێکیان گووتی:.

نەما خانی دەنا هێشتا لە کوردستانا
دە ژین زین و مەمێکی تر ….
لە شوێنێکى تر مام هێمنی شاعیر دەڵێت:.

شێخى سەنعان بۆ کچە گاورێک لە دین وەرگەڕا
من خەریکە بۆ کچە شێخێک پەشیمان ببمەوە….

نەک لە شیعر و ئەدەبى کوردی بەڵکو لە سەرجەم شیعرەکانى دونیا عەشق، دڵداری و ئەڤین شوێنێکى شیاو و پانتاییەکى فراوان لە جیهانى ئەدەبیات پڕ دەکاتەوە……

حەمدی ساحێبقرانیش / لە پارچە شیعرێکدا ئەم وەسفە دەکات ..

مانگى رەمەزان بوو لەبەر مەستى وامزانى خەونم بینیوە ..
خەڵک بۆ مانگ ئەگەڕان منیش ئەبرۆی یارم بینى و
چوومە لاى قازی و ووتم بە حەق مانگى نەویم بینیووە …

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا خۆشەویستى نێوان سەرمایەدارێک و کچێکى زانکۆ بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو، بەڵام جێی داخە بەهۆى مردنى پیاوەکە بەیەکتر نەگەیشتن …پاشان لە وەسیەتنامەى سەرمایەدارەکە بەدیارکەوت کە  بڕە پارەیەکى زۆرى لە سامانەکەى خۆى و لەبەر خاتری خۆشەویستەکەى بۆ زانکۆیەکە تەرخانکردووە.

نموونەى عەشق و خۆشەویستى لەنێو کوردەواری و کۆمەڵگەکانى ناوچەکە و جیهاندا گەلێک زۆرن، کە هەمیشە گوزارشتى لە راستەقینەى ژیانى گشتى دەکرد..
لۆرکاى شاعیری ئیسپانى لە ساڵانى سییەکانى سەدەى رابردوو پێى وایە:.

ئەى خەڵکینە ئاگاداربن
ئەوەى خاوەن یەک دڵە بێ دڵە !!!

ئەمانە هەموویان بۆ سەردەمى کۆن دەگەڕێنەوە، ئەى لە سەردەمى جیهانگیری، ئینتەرنێت و مۆبایل و گەلێک ئامرازی تر خۆشەویستی و دڵداری ئێستا دەبێت چۆن بێت ؟ بێگومان هەر سەردەمێک خاوەن مرۆڤى خۆیەتى تام و چێژى عەشق و ئەڤین له‌گەڵ سەردەمى پێشوو جیاوازییەکى زۆرى هەیە …. عەشق مردنى نییە و بە بەردەوامى زیندووە وەک بارانى وەرزى بەهاریش لەوانەیە زۆربەى شوێنەکان بگرێتەوە … هەرچەندە دەبێت ئەوەش بگوترێ عەشق تامەزرۆی رووحە و روحیش لە بارودۆخى ئەمرۆدا رووى لە کزی و سستى کردووە……

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.