Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
سه‌رده‌شت عوسمان و مه‌هزه‌له‌ی نووسه‌ران!

سه‌رده‌شت عوسمان و مه‌هزه‌له‌ی نووسه‌ران!

Closed

 بابگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆساڵی پار سه‌روه‌ختی شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و به‌ کورتی هه‌ندێ له‌و نووسینه‌ مه‌هزه‌له‌ ئامیزانه‌ تاووتوێ بکه‌ین که‌ بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌ سیمای که‌سایه‌تی خاوه‌نه‌کانیان

به‌دران حه‌بیب:
من خوێنه‌ریکی به‌رده‌وامی نووسینه‌کانی کاک به‌درانم، به‌ڵام مانای وانیه‌ نابێ ره‌خنه‌ی لێ بگرم. کاک به‌دران له‌ کاتی شه‌هیدکردنی شه‌هید سه‌رده‌شت نووسیبووی پارتی نیو قه‌رن زیاتره‌ خه‌بات ئه‌کات هه‌رگیز باوه‌ری به‌ تیرۆر نیه‌ بۆیه‌ نابێ تاوانی کوشتنی که‌سی بدرێته‌ پاڵ.
 ئه‌و نووسینه‌ی کاک به‌دران پێش ئه‌نجامه‌ په‌رده‌پۆشکه‌ره‌که‌ی به‌ناو لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ بوو نازانم کاک به‌دران
به‌ چی هه‌قێک پێش ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ که‌وتی، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رناخات که‌تۆ خۆت گومانت له‌ پارتی هه‌یه‌ و پێش وه‌خته‌ به‌رائه‌تنامه‌ت بۆی نووسی؟ پاشان کاک به‌دران که‌ی ته‌مه‌نی درێژی حیزبێک پێوانه‌ی بێ غه‌ل و غه‌شی حیزبێکه‌؟  کاک به‌دران که‌س له‌تۆ باشتر له‌ راستی مه‌سه‌له‌که‌ تێناگات تۆ که‌سێکی زۆر خزمه‌تی که‌لتوری نه‌ته‌وه‌که‌مانت کردووه‌ ، حه‌زم نه‌ده‌کرد ناوت له‌ناو ئه‌و نووسینه‌م بێت، بێده‌نگی تۆ ده‌بوو به‌ جوانترین هه‌ڵوێست، که‌ ئه‌گه‌ر له‌پێش ئه‌و نووسینه‌ نۆڤلیتی عه‌ریف ره‌مه‌زانی فه‌رهاد پیرباڵت بخوێندبایه‌وه ره‌نگه‌ هه‌لوێستی بێده‌نگیت هه‌ڵبژاردبووایه‌.

داود باغستانی :
 پێی وابوو‌ ماده‌م سه‌رده‌شت باسی شه‌ره‌ف و ناموسی سه‌رۆکی کردوه‌ هه‌قی خۆیه‌تی تۆڵه‌ی لێ بکرێته‌وه‌ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر قسه‌ی وا به‌ منیش بگوترێ قبوڵی ناکه‌م.
 ئه‌و قسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاونبارکردنێکی ئاشکرای پارتیه‌، (نازانم له‌سه‌ر مام داود عه‌بر بووه‌ یان بۆی خراوه‌ته‌ ناو نانێکی گه‌رم هه‌تا کاتی خۆی). له‌ هه‌مان کاتدا لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆرمه‌هزه‌له‌ ئامێزه‌، که‌ هه‌رگیز له‌ که‌سێک ناوه‌شێته‌وه‌ خوێنده‌وار و مۆدێرن بێت چ جای گۆڤارومۆڤارانیش  بنووسێ یه‌عنی غه‌زه‌ته‌چی بێت، ئه‌و قسه‌یه‌ چیرۆکه‌که‌ی عه‌زیز نه‌سینم دێنێته‌وه‌ یاد که‌وا باشه‌ مام داود بیخوێنێته‌وه‌ به‌ ناوی (تا لێم نه‌ده‌ن نابم به‌ پیاو) له‌ وه‌رگێڕانی هیمدادی حوسێن(نازانم ئه‌م یائه چیه به‌ ناوی کاک هیمداده‌وه‌‌؟)‌
مه‌لا به‌ختیار:
 ده‌ڵێ نابێ هانی گه‌نج بدرێ خه‌یاڵدانی وه‌های بۆ دروست کرێ تا شتی وا بنووسێ که‌ خودی ئه‌وانه‌ی دیفاعی لێ ئه‌که‌ن شتی وای لێ قبوول نه‌که‌نه‌وه‌.
 جارێ له‌ رووی زمانه‌وه‌ خه‌یاڵدان ڕاست نیه‌ چونکه‌ خه‌یاڵ وه‌ک شتێکی ماددی نیه‌ تاله‌سه‌ر وه‌زنی( خوێدان، شه‌کردان، مه‌مکدان، کادان،..هتد.کورد ده‌ڵێ بیرۆکه‌ی یان خه‌یاڵی وه‌های بۆ دروست کرێ!!!! ئینجا بابێمه‌ سه‌ر مه‌به‌ستی نوسینه‌که‌تان که‌ ئه‌تانه‌وێ بڵێن که‌س بۆی نیه‌ باس له‌ سه‌لبیاتی سه‌رکرده‌کان بکات و ره‌خنه‌یان لێ بگرێ. به‌رێز مه‌لا به‌ختیار من پرسیارێکت لی ئه‌که‌م، ئه‌گه‌ر ئێستا هاوپه‌یمانی پارتی نه‌بوویتایه‌ و سه‌رده‌می شه‌ری براکوژی بوایه‌ ئاخۆ هه‌مان هه‌ڵوێستت ده‌بوو یان له‌ ئاسمان ده‌تقۆزته‌وه‌ بۆ خۆش کردنی ئاگره‌که‌؟ پاشان ئایا هه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکی سیاسی که‌ خۆی به‌ که‌سێکی میسالی دائه‌نێ بانگه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بکات له‌ هه‌مان کاتدا ده‌ستدرێژی بکاته‌ سه‌ر نامووسی خه‌ڵک و هاو خه‌باتی خۆی ده‌کرێ ره‌خنه‌ گرتن له‌م‌ کرده‌وه‌‌ دزێوه‌ی به‌ دروست کردنی (خه‌یاڵدان!!) لێ حساب بکرێ ، لێی قبووڵ نه‌کرێته‌وه‌؟ ئاخر هه‌روه‌کوو خۆت ئه‌فه‌رمووی واقعی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ قبووڵی ناکات. باشه‌ بۆ كارێکی وا به‌سه‌ر واقع دا ئه‌سه‌پێنرێ ئه‌بێ قبووڵ بکرێ، به‌ڵام ره‌خنه‌ لێ گرتنی قه‌بووڵ ناکرێ؟ ئه‌مه‌ به‌رهه‌م وئاکامی (شۆڕشی شاخه‌کان و راپه‌ڕینی شاره‌کانه) به‌ریز؟؟‌ 
نه‌جات حه‌مید:
 نووسیبووی رۆژانه‌ سه‌دان که‌س له‌ ناوه‌راست و خوارووی عیراق ده‌بنه‌ قوربانی تیرۆر که‌س باسیان ناکات، بۆچی مه‌سه‌له‌یه‌کیا بچووکی وه‌ک کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێ هێنده‌ گه‌وره‌ بکرێ؟
 کاک نه‌جات ئه‌و سه‌دان که‌سه‌ی که‌ رۆژانه‌ تیرۆر ده‌کرێن له‌به‌شێکی تری ئه‌م وڵاته‌ تیرۆر ده‌کرێن که‌ هه‌موو سه‌رکرده‌و سیاسیه‌کانیان ده‌ڵێن ئه‌م به‌شه‌ی ئێمه‌ پڕه‌ له‌ فه‌وزاو ئاژاوه‌و نه‌بوونی ئاسایش و یاسا. به‌ڵام سه‌رده‌شت له‌شوێنێک تیرۆر کراوه‌ که‌ ئه‌و حیزبه‌ی تۆ له‌ به‌ره‌که‌ی ده‌خۆی به‌ر له‌ هه‌موو حیزبه‌کانیتر به‌ موناسه‌به‌و بێ موناسه‌به‌ منه‌تی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ر ده‌کات که‌ شه‌وی خستۆته‌ سه‌ر رۆژ بۆ ئاساییشی هاوڵاتیان و لافی ئه‌وه‌ لێ ده‌دات ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ هێمن ترین هه‌رێمی ناوچه‌که‌یه‌ و هه‌ر خۆشی به‌ خاوه‌نی ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ ئه‌زانێ!!. پاشان تۆ که‌ خۆت به‌ڕۆشنبیرێکی مۆدێرن دائه‌نێی دیاره‌ ته‌نها ئه‌وکاته‌ تاوانێک به‌شایسته‌ی سه‌رکۆنه‌ کردن ئه‌زانی که‌ سه‌دان کوژراوی لێ بکه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام گه‌ر کوره‌ هه‌ژارێک له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئارامه‌ی ئێمه‌  به‌و بێ منه‌تی وبێ ترسیه‌ بکوژرێ نابێ سه‌رکۆنه‌ بکرێ؟ نابێ داوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانه‌ بکرێ؟ ئه‌گه‌ر سه‌رکۆنه‌ کردن و داواکاری له‌ به‌دواداچوونی تاوانێکی وه‌ها به‌ کار گه‌وره‌ کردن له‌قه‌ڵه‌م بدرێ، ئه‌ی به‌ڕای جه‌نابت چیبکه‌ین باشه‌؟ هه‌ر ته‌نها بڵێین ئه‌جه‌لی هاتبوو خوا لێی خۆش بێ و تاونباریش له‌ ناوماندا بسووڕێته‌وه‌؟ خۆزگه‌ هینده‌ی له‌ نووسینه‌کانت باس له‌ ئازادی نووسه‌ر ده‌که‌یت که‌ ده‌بێ ته‌عبیر له‌ خودی خۆی بکات و نه‌بێته‌ پآشکۆی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌و وشانه‌ت ئاراسته‌ی خۆت ئه‌کردو وه‌ک نووسه‌رێک هێنده‌ نه‌ده‌بوویته‌ پاشکۆی ده‌سه‌ڵات و هێنده‌ له‌نانبڕاوکردن نه‌ترسابووای.  به‌ڵام ئه‌سه‌ف! هه‌لوێست نرخی گرانه‌ و ئازایه‌تی ئه‌وێت، ئه‌مه‌ش  به‌ هه‌موو که‌سێک ناکرێ! وه‌ک (لۆرانس) له‌ کورته‌ چیرۆکی (نووسه‌ری په‌ڕۆ)دا باسی ده‌کات، خۆزگه‌ ده‌تخوینده‌وه‌. که‌چۆن نووسه‌رێک له‌ ئه‌نجامی یه‌ک هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی خۆی هه‌موو کتێبه‌ دانراوه‌کانی خۆی ده‌سووتێنێ و هه‌تا مردن له‌شه‌رمان بایکۆتی نووسین ده‌کات!!
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵلا:
 ده‌ڵێ له‌ هه‌ولێر ئازادی رۆژنامه‌نووسی هه‌یه‌ و پارتی به‌رپرسیار نیه‌ له‌ کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌ڵگه‌شی بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌وا‌ سه‌دان رۆژنامه‌ی ئازاد ده‌ده‌چن و ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌گرن و که‌سیش قسه‌یان له‌گه‌ڵ ناکات!!!!
کاک ئه‌رده‌ڵان  منیش له‌گه‌ڵتام، باسی چ ئازادیه‌ک ده‌که‌یت برۆ مه‌حکه‌مه‌ی هه‌ولێر و سڵێمانی مه‌له‌فی سکاڵاکانی ده‌سه‌ڵات ببینه‌ له‌ رۆژنامه‌ نووسان برۆ هه‌واڵی قه‌ره‌بووی ملیۆنی و ملیاری بخوێنه‌وه‌، برۆ له‌ پۆلیس و ئاسایش لیسته‌ی ناوی رۆژنامه‌ نووسانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو ببینه‌، برۆ ئه‌رشیفی نه‌خۆشخانه‌ی فریاگوزاری هه‌ولێر به‌سه‌ربکه‌ره‌وه‌ تا بزانی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا چه‌ند رۆژنامه‌ نووس ده‌م و لووتیان شکێنراوه‌؟ به‌ڵێ… ره‌خنه‌ له‌ ئاوو کاره‌با بگره‌ ئازادی، ره‌خنه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایه‌ک بگره‌ ئازادی، به‌ڵام برۆ ره‌خنه‌ له‌ کاربه‌ده‌ستێکی حیزبی بگره‌، ره‌خنه‌ سه‌رکرده‌یه‌ک بگره‌، برۆ باسی نه‌وتی قاچاغ بکه‌، برۆ رایه‌کی خۆت له‌سه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی ده‌رببڕه‌‌ ئینجا بۆت ده‌رئه‌که‌وێ ئازادی رۆژنامه‌ نووسی له‌ چی ئاستێکدایه‌. به‌ڕاستی پێم سه‌یر نیه‌ که‌سانی وه‌کوو ئێوه‌‌ به شان و باڵی پارتیا بخوێنن، له‌کاتێکا دوێنێت له‌بیر چووه‌وه‌ که هێشتا پارتی ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی له‌ هه‌ولێر نه‌بوو به‌ ناوی خۆت و خوازراوه‌وه‌ به‌ ئاشکراو به‌ نهێنی ئه‌و نوسه‌رانه‌ت به‌ نه‌عله‌ت ده‌کرد که‌ به‌قسه‌ی جه‌نابت (بێزیان دێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی شت بنووسن)، ئه‌مرۆش پارتی حاکمی موتڵه‌قی کوردستانه‌ ، نه‌وت هی خۆیانه‌، خه‌زێنه‌ هی خۆیانه‌،  پێم سه‌یر نیه‌ ئه‌مرۆ سووکانه‌که‌ باده‌نه‌وه چونکه‌ دونیا دونیای که‌سانی وه‌کو ئێوه‌یه‌، به‌چه‌ند نووسینێکی وه‌ها خۆتان له‌ده‌سه‌ڵات نزیک بکه‌نه‌وه‌، ئه‌رده‌ڵان ڕاسته‌ دۆشاوی ماڵی پاشا له‌ مششه‌یه‌، به‌ڵام له‌ بیرت نه‌چێ زاکیره‌ی خه‌ڵک له‌ دۆشاوه‌که‌ خه‌ست تره‌‌. دیاره‌ مرۆڤی وه‌کو جه‌نابت له‌ هه‌موو شوێنێکی دونیا هه‌ن ئه‌گینا ئه‌ستۆریاس له‌ کوێ ده‌یتوانی له‌و هه‌موو هه‌لپه‌رستانه‌ بدوی له‌ رۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆک)!!‌   
ئاسۆ عه‌لی فه‌ره‌ج
له‌نووسینێکدا زۆر به‌ڕوو قایمی نووسیبووی ئێمه‌ش بێده‌نگ نابین!
 ئه گه‌ر به‌ وردی له‌م رسته‌یه‌ وردبینه‌وه‌ بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که‌ ئاسۆ به‌ ئاشکرا ده‌ڵێ ئێمه‌ سه‌رده‌شتمان کوشتووه‌، که‌ ئێوه‌ له‌سه‌ری دێنه‌ جواب و بێده‌نگ نابن ئێمه‌ش تاوانی ئێوه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو و بێده‌نگ نابین. وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌م تاوانه‌ی ئێمه‌ بێده‌نگ بن ئه‌وا ئێمه‌ش بێده‌نگ ده‌بین و هه‌ر‌که‌سمان له‌ ماڵی خۆمان. زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ ئاستی ئه‌خلاق و شه‌ره‌فمه‌ندی مرۆڤ بگاته‌ رادده‌یه‌کی وه‌ها له‌ پێناوی ئافه‌رینێکی سه‌رووی خۆی به‌ڵێ ته‌نها بۆ ئافه‌رینێک رووقایمانه‌ خوێنی مرۆڤانی تر حه‌ڵاڵ بکات. هه‌موو کارو کاسبیه‌ک مایه‌ی ده‌ستخۆشی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ته‌نها ویژدان فرۆشتن و به‌که‌م سه‌یرکردنی مرۆڤ و بازرگانی کردن به‌ موقه‌دداستی مرۆڤ ئه‌وپه‌ڕی خۆ سووک کردن و دابه‌زینی  ئاستی ئه‌خلاق و شه‌ره‌فه‌، به‌داخه‌وه‌ که‌ کاک ئاسۆ له‌ هه‌موو نووسینه‌کانیا ئالووده‌یه‌ به‌م کاسبیه‌. کاک ئاسۆ تۆ رووقایمانه‌ پایه‌ی کورسیه‌که‌ت به م‌ نووسینانه به‌رز ده‌بێته‌وه‌‌، ئه‌م نووسینه‌ی منیش زیاتر پایه‌ت لای به‌رپرسه‌کانت به‌رز ده‌کاته‌وه‌. پیرۆزت بێت، به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ بزانه‌‌ هه‌رگیز ئه‌وانه‌ی درۆ له‌گه‌ڵ خۆیان و خه‌ڵک ده‌که‌ن یان به‌ پیا هه‌ڵدان و ماستاوچیه‌تی ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌ ماڵی میر نزیک نزیک بکه‌نه‌وه‌، به‌ر له‌هه‌موو که‌س میر به‌ چاوی سووک ته‌ماشایان ده‌کات ئینجا خه‌ڵك. سه‌یر که‌ ئه‌ ونووسه‌رانه‌ی زیاتر له‌ سی ساڵ به‌شان و باڵی سه‌دامیان هه‌ڵدا پاش ئازاد بوونی عیراق چۆن بوونه‌ ریسواترین و زه‌لیلترین توێژی ناو کۆمه‌ڵگه. به‌ڵام که‌سیان خۆیان نه‌کوشت چونکه‌ وه‌ک شێخ ره‌زا له‌ شیعره‌که‌یدا ده‌ڵێ روویان له‌ قالتاغی بنه‌ پێڵاوان قایمتر بوو. واباشه‌ به‌هه‌موو قه‌له‌م به‌ده‌ستێک نه‌وترێ نووسه‌ر به‌ڵکو به‌هه‌ندێکیان بوترێ رووقایم،  یه‌کێ درۆ و ده‌له‌سه‌ بنووسێ و به‌رووقایمی ناوو وێنه‌ی خۆی (به‌ قات و ریباته‌وه)‌ له‌گه‌ڵ بڵاو بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی ڕووقایمیه له‌ مارکه‌ی شێخ ره‌زا‌، کاک ئاسۆ وا بزانم چاوقایمیش هونه‌ره‌ به‌ هه‌موو که‌س ناکرێ وانیه‌؟
مافپه‌روه‌رهوشیار ئه‌حمه‌د رۆژبه‌یانی:
 کاک هۆشیارکه‌ خۆی به‌ (مافپه‌روه‌ر) ناوزه‌د ده‌کات،  هه‌قی خۆیه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی ماف بپه‌روه‌رێنێ ، له‌ نوسینێکا نووسیبووی نابێ له‌به‌رخاتری کوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بگیرێ. نازانم ئه‌وه‌ به‌پێی چ مادده‌و فه‌قه‌ره‌یه‌که‌ له‌ قانوونی هه‌رێمی کوردستان که‌ (مافپه‌روه‌ر!) هوشیار رۆژبه‌یانی به‌سه‌ر خه‌ڵکی دا ده‌سه‌پێنێ؟؟؟
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک هۆی ماقوڵ بۆ ئه‌و پێشنیاره‌ی (مافپه‌روه‌ر) هوشیار هه‌بێ ئه‌وه‌ ده‌توانین بڵیین ته‌نها له‌ترسی له‌ده‌ست نه‌دانی مێزو کورسیه‌ بریقه‌داره‌که‌یه‌تی، ئه‌گینا بێ ده‌نگ بوون له‌ خوێنی رژاوی رۆله‌یه‌کی ئه‌و میلله‌ته‌، چ مافپه‌روه‌ریه‌که‌. نازانم مافپه‌روه‌ری چیه‌ جه‌ناب که‌خۆتی پێ هه‌ڵکێشی؟ ئایا ده‌سکه‌وتنی شه‌هاده‌یه‌کی به‌ قۆپیه‌و دوعای شێخ و مه‌شایه‌خان، یان شه‌هاده‌یه‌ک که‌ به واسته‌و به‌رتیل و ‌ده‌ست ماچ کردن وه‌رگیرابێ مرۆڤ ده‌کات به‌ مافپه‌روه‌ر یان مافپه‌روه‌ری هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌ و چاونه‌ترسانه‌یه‌؟ به‌ڵام وه‌ک نووسه‌ری عه‌ره‌ب احمد نعروس له‌ زمن السقوط الاقنعة دا ده‌ڵێ یه‌کێ به‌ ماسکی ساخته‌ که‌سایه‌تی خۆی بباته‌ پێشه‌وه‌ چۆن له‌و وشه‌ قورسانه‌ی وه‌ک مه‌ردایه‌تی و ئازایه‌تی و هه‌لوێست تێده‌گات؟؟؟خۆزگه‌ (مافپه‌روه‌ر!!!)هۆشیار رۆژبه‌یانی ئه‌وه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌.
بڵند نه‌وره‌س:
وێنه‌یه‌کی به‌‌ قات و بۆینباغێکه‌وه‌ به‌ شیشه‌و نێرگه‌له‌ له‌ته‌ک نووسینێک داوه‌و ده‌ڵێ ئه‌و گۆڤارو رۆژنامانه‌ی باس له‌ کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌که‌ن گێره‌شێوێنن.
عه‌ره‌ب قسه‌یه‌کی هه‌یه‌ ده‌ڵێ که‌به‌ ئه‌نگوست بته‌وێ مانگ نیشانی که‌سێکی ئه‌حمه‌ق بده‌یت ئه‌وکه‌سه‌ مانگ نابینێ به‌ڵکو ته‌نها ئه‌نگوستی تۆ ده‌بینێ. به‌ڵام کاک نه‌وروس که‌ بکوژانی سه‌رده‌شت  به‌ گێره‌شێوێن دانانێ و رۆژنامه‌ نووسان به‌ گێره‌شێوێن دائه‌نێ  له‌کاتێکدا هه‌میشه‌ بکوژه‌کان ئاژاوه‌ ده‌گێرن. وه‌کو ئه‌وکه‌سه‌ نیه‌ که‌ ته‌نها ئه‌نگوسته‌که‌ ده‌بینێ، ئه‌م له‌و مه‌قام و سه‌ڵته‌نه‌ته‌ی خۆی بۆ دیفاع له‌ رۆژنامه‌ نووسانی رووت و ڕه‌جاڵ بکات ؟بۆ دیفاع له‌ ده‌سه‌ڵاتێک ناکات که‌ به‌که‌ماڵی ئیستراحه‌ت نێرگه‌له‌ی له‌پاڵ بکێشێ؟ ره‌حمه‌ت له‌ دکتۆر عه‌لی وه‌ردی که‌ له‌ کیتابی مه‌هزه‌له‌ی عه‌قلی به‌شه‌ریدا ده‌ڵێ مرۆڤی ئه‌حمه‌ق له‌ فه‌قیری خۆیه‌تی ناتوانێ راستی و ناراستی له‌یه‌کتری جیابکاته‌وه‌، به‌ڵام مرۆڤی هه‌ڵپه‌رست و درۆزن و فێڵباز به‌ مه‌به‌ست بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان  جێگۆرکێ به‌ راستی و ناڕاستی ده‌که‌ن. بۆیه‌ من کاک بڵند نه‌وی ناکه‌م و دوور له‌رووی  حازریان ئه‌و به‌ ئه‌حمه‌ق دانانێم!.
تاریق ئه‌حمه‌د جاف:
 ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی باسی سه‌رده‌شت عوسمان بکات بانگه‌شه‌ی شارچیه‌تی ده‌کات ‌، به‌ڵام هه‌ولێر شاری ئاشتی و ئاوه‌دانیه‌ به‌ کوێرایی چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ چاویان به‌ هه‌ولێر و هه‌ولێریه‌کان هه‌ڵنایه‌.
سه‌یرکه‌ن که‌ر له‌کوێ که‌وتووه‌و کونده‌ له‌ کوێ دڕاوه‌؟ با منیش به‌ و زمانه‌ نالۆژیکیه‌ی به‌رێزتان وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه‌ تۆیه‌ک که‌‌ خه‌ڵکی هه‌ولێرنیت و هه‌ولێر بۆتۆ ته‌نها بۆ دادۆشین و موزایه‌ده‌یه‌‌، به‌و هه‌موو خێرو بێره‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌ستت که‌وتووه‌ هه‌ق وایه‌ وه‌ک وه‌فاو پیاوه‌تی له‌ هه‌موو که‌س زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ کوشتنی رۆله‌یه‌کی به‌ ناهه‌ق کوژراوی ئه‌و شاره‌( ئارام و ئاوه‌دان)ه‌ بێیته‌ ده‌نگ، نه‌ک چاوی ئه‌وانه‌ کوێر بکه‌یت که‌ له سه‌‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی ئه‌و شاره‌ دێنه‌ جواب. تادوێنێ هه‌وڵیریه هه‌ژاره‌کانی له‌ مه‌جلیس و کۆڵانه‌کان به‌ وشه‌ی (زێره)‌ و (هه‌ولێره ‌ماست) وسه‌دان نوکته ی‌ بێتام ده‌شکانده‌وه‌و یه‌که‌م ئاڵا هه‌ڵگری شارچیه‌تی بوو ئه‌مرۆ بۆته‌ محامی هه‌ولێریه‌کان. ئای هه‌ولێری هه‌میشه‌ قوربانی به‌ده‌ستی که‌سانی وه‌ک کاک تاریق جاف که‌ ئیشیان پێت نیه‌ پیت ده‌ڵێن پاشکه‌وتوو، بێ هه‌ڵوێست، ترسنۆک بێ عه‌قڵ، که‌نانیان ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی تۆو داڵده‌یان ده‌ده‌یت ده‌تکه‌ن به‌شاری شاران، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کاک تاریق جاف  نوکته‌ی چه‌رخ و فه‌له‌که‌که‌ی مه‌لا مه‌شهوورم دێنێته‌وه‌ بیر. هه‌ڵبه‌ت عوقه‌لا ئه‌زانن له‌گه‌ڵ کام نوکته‌مه‌، کاک تاریق ئه‌گه‌ر تۆ نایزانی (بروانه‌ کیتابی مه‌لای مه‌شهور کۆکردنه‌وه‌ی گیوی موکریانی- چاپخانه‌ی کوردستان)
زانکۆ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د:
پێی وایه‌ هه‌ر‌ که‌سێ‌ له‌ شه‌هید کردنی سه‌رده‌شت بدوێ ، ده‌یه‌وێ بوختان بۆ ئاسایشی پایته‌ختی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبه‌ستێ.
کاک زانکۆ نازانم ئه‌وه‌ چی پایته‌ختێکی دیموکراتیه‌ که‌ که‌سێک نه‌وێرێ ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بگرێ؟ ئه‌وه‌ چ پایته‌ختێکی دیموکراتیه‌ سه‌رۆکه‌که‌ی خۆی هێنده‌ به‌ پیرۆز و موقه‌ده‌س بزانێ که‌ که‌س نه‌توانێ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆیی و خانه‌واده‌که‌ی بگرێ؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی زوڵمیش له‌ خه‌ڵک بکه‌ن که‌س  جورئه‌ت و حه‌ددی ئه‌وه‌ی نه‌بێ پێیان بڵێ بۆواتان کرد؟ برۆ له‌و پایته‌خته‌ دیموکراتیه‌ پرۆژه‌یه‌کی وه‌به‌ر هێنان  بکه‌ ئینجا ده‌زانی‌ کێ خۆی له‌گه‌ڵت ده‌کات به‌ شه‌ریک ئه‌وه‌ من و تۆین یان ئه‌فرادی خانه‌واده‌ن؟ ده‌ ئه‌و کاته‌ بزانم ده‌توانی فزه بکه‌یت؟  پاشان ئه‌گه‌ر تۆ هێنده‌ خه‌می ئه‌و پایته‌خته‌ته‌ دیموکراتیه‌ته‌ به‌ ویژدانت سوێندت ئه‌ده‌م ئایا به‌ جواب هاتنی خه‌ڵک له‌ کوشتنی رۆڵه‌یه‌کی ئه‌وشاره‌ ده‌بێ به‌ بوختان هه‌ڵبه‌ستن لێک بدرێته‌وه‌ یان به‌ دلسۆزی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌ پایته‌خته‌که‌یان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ چاو له‌سه‌رده‌شت بپۆشین دڵنیابه‌ به‌یانی نۆره‌ی من و تۆش دێت. ئه‌گه‌ر باوه‌ریش ناکه‌یت بڕۆ چیرۆکی مه‌مله‌که‌تی درۆ بخوێنه‌وه‌، که‌ چۆن وه‌زیره‌که‌ بۆ په‌رده‌پۆش کردنی تاوانه‌که ی پاشا‌ خیتاب بۆ خه‌ڵک ده‌دات، دوای چه‌ند ساڵێک که‌ خه‌ڵک له‌ پاشا راده‌په‌ڕن پاشا بۆ رازی کردنی دڵی خه‌ڵک دێ له‌به‌رچاویان،  وه‌زیرکه‌ی خۆی له‌ سێداره‌ ده‌دات و ده‌لێ که‌س به‌قه‌د درۆیه‌کانی ئه‌و وه‌زیره‌ نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر مه‌مله‌که‌تدا نه‌هێناوه‌!!! سه‌یره‌ هه‌ندێ جار ره‌عیه‌ته‌کان له‌ خودی پاشا درۆزن ترن!!
کاروان موحه‌مه‌د سابیر:
 له‌ژێر ناوی (جه‌رنافیزه‌که‌ی نه‌وشیروان کار له‌ ئێڤه‌رستی پارتی ناکات) واده‌زانێ  باسکردنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌ فیتی نه‌وشێروان مسته‌فایه‌ دژی پارتی. 
 لێره‌وه‌ من خۆم به‌ ده‌روێش و موحامی نه‌وشێروان نازانم تا دیفاعی لێ بکه‌م، له‌رووی سیاسیشه‌وه‌ زۆر له‌گه‌ڵ ‌سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و ناکۆکم، به‌ڵام به‌ڕاستی  شووره‌ییه ڕێگا بدرێ‌ ئه‌و وشه‌ ناشیرینانه بێنه‌ ناو فه‌رهه‌نگ و میدیای کوردیه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ وشانه‌ به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌که‌ی له‌ به‌ر چاوی خوێنه‌رانی سووک ده‌کات هێنده‌ ئه‌و ئامانجه‌ ناپێکێ که‌ له‌پێناویدا نووسراوه‌، که‌سێکی وه‌ک کاروان موحه‌مه‌د سابیر که‌له‌سه‌ر شاشه‌کان خۆی سوور ده‌کاته‌وه‌ و بێ نوقته‌و فاریزه‌ مه‌جالی موقابیله‌که‌ی نادات وا باشه‌ به‌ر له‌وه‌ی بێت له‌ سیاسه‌ت و رووداوه‌کان بدوێ، هه‌وڵ بدات فێری جیاوازی بێ له‌ نێوان زمانی نووسین و زمانی سه‌رجاده‌ و کۆڵانان هه‌وڵ بدات  فێر بێت به‌  ئه‌ده‌به‌وه‌ قسه‌ بکات تا رۆژێک وه‌کو عه‌لی کیمیایی ئاخ و داخ هه‌ڵنه‌کێشێ.ده‌ڵێن عه‌لی کیمیاوی‌ له‌ لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بێ ئه‌ده‌ب ترین پیاوی رژێم بووه‌ له‌کاتی ئاخاوتندا، ده‌ڵێن ئه‌و کاته‌ی له‌زیندان بووه‌، وتوویه‌تی من هیچ تاوانێکم له‌ ژیانی خۆمدا ئه‌نجام نه‌داوه‌، تا لێی په‌شیمان بم، ته‌نها له‌ شێوازی ئاخاوتنه‌کانم په‌شیمانم.!!!!!‌سه‌یر که‌ عه‌لی کیمیاوی ئه‌نفال و جینۆساید به‌ تاوان نازانێ به‌ڵام زمانی بێ ئه‌ده‌بی به‌ تاوان ده‌زانێ!!!!
یونس حه‌مه‌د قادر (مه‌هزه‌له‌ترین شتی 2010)
که‌ لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ سیناریۆ لاوازه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه‌، نه‌ک هیچ که‌سێ باوه‌ڕی پێ نه‌کرد به‌ڵکو بوو به‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕیش، که‌چی زه‌لامێک به‌و ناوه‌ی سه‌ره‌وه‌ نووسیبووی( ئه‌ی هاوار وه‌خته‌ مێشکم بته‌قێ). نووسیبووی ئه‌وه‌ لیژنه‌ ئه‌نجامه‌کانی ئاشکراکرد نازانم بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ بروا ناکه‌ن له‌داخان وه‌خته‌ مێشکم بته‌قێ!!!!
ده‌ڵێن کاتی خۆی ئوستاد به‌شیر موشیر وتبووی له‌داخی ئه‌م کورده‌ وه‌خته‌ خه‌نجه‌رێک بده‌م له‌ ده‌ماغی خۆم زه‌لامیکیش پێی وتبوو لێشی بده‌ی به‌ر هیچ ناکه‌وێ، به‌ڵام کاکه‌ یونس به‌خوا ئه‌گه‌ر تۆش باوه‌رت به‌و ئه‌نجامه‌ ی لیژنه‌ هه‌بێ به‌خوا هینه‌که‌ی تۆش بته‌قێ هیچی لێ ده‌رناپه‌ڕێ!!! موژده‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌ده‌م پێت که‌ ئه‌و شته‌ی جه‌نابت مه‌هزه‌له‌ترین شتێک بووه‌ له‌ساڵی 2010 خوێندبێتمه‌وه‌، ده‌ستخۆش هیج نه‌بی له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌یان که‌سی هێناوه‌ته‌ پێکه‌نین، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ که‌سێک خوێندبێتیانه‌وه‌.


      کامه‌ران عه‌لی ئاغۆک/ دانیمارک

        aghokkamaran@yahoo.com

  ‌                                                                     
    
           ‌ 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.