كات گرنگتره یان پاره ؟
ئه‌و كاته‌ی له زیندان بووم، هیچ ئیشم نه‌بوو جگه له بیر كردنه‌وه. مرۆڤ هه‌ر چوه زیندان تێده‌گات ئێره ئه‌و شوێنه‌یه، كه ئه‌توانی بیرمه‌ندی گه‌وره دروستكات. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له ژوری تاكه‌كه‌سیدا بێت، یان ژوری ئه‌وانه‌ی حوكمی سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوه.
ئه‌و ژوره‌ی كه منیان بۆ برد، كه‌سێكی لێ‌بوو ناوی ره‌زا بوو. ئه‌م ره‌زایه، خۆی حوكمه‌كه‌ی سێداره‌دان بوو، ئه‌مه‌ش ببوه هۆی ئه‌وه‌ی ژیان له هه‌موو زیندانیه‌كانی تر تاڵكات.
زۆرجار زۆری له خۆی ده‌كرد تا لاسایی پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌ییه‌كان بكاته‌وه و له مه‌رگ نه‌ترسێت. بۆیه ده‌ستی ده‌كرد به‌نوسین. ده‌یگوت: ده‌مه‌وێ شێعر و بیره‌وه‌ریه‌كانم بنوسمه‌وه، به‌نوسین مه‌رگ ئه‌كوژم.
به‌ڵام هه‌ركاتێك گوێی له ته‌په‌ی پێی سه‌ربازه‌كان بوایه، یان بیبینیایه سه‌ربازه‌كان خه‌ریكن ده‌رگای زیندانه‌كه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا وای هه‌ستده‌كرد، ئه‌م سه‌ربازانه، رێنیشان ده‌ر و یاوه‌ری ئیزرائیلن. بۆیه وه‌ك شێت، كاغه‌زه‌كه‌ی له‌ت و په‌ت ئه‌كرد و ئه‌یگوت: واییییی چۆن ئه‌بێت ئه‌م شێعره كاتێك بخوێنریته‌وه كه من مردوم.؟!
قانع: كه كورێكی تر بوو، حوكمه‌مه‌كه‌ی زیندانی كردن بوو بۆ هه‌تا هه‌تایی. ئه‌م كوڕه وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ست به سینگی ژنه‌كه‌یدا بێنیت، ده‌ستی به دیواری زیندانه‌كه‌دا ئه‌هێنا و ده‌گریا. هه‌ستم ده‌كرد ده‌یه‌وێت بلێت: له‌م چوار دیواره تێر بووم، پێویستم به شوێنی تازه‌یه. من هه‌موو ملیمێكی ئه‌م ژوره ئه‌ناسم، ده‌سم به‌ر گشت شوێنێكی كه‌وتوه، گه‌ر قه‌راره تا كۆتایی هه‌ر ئه‌م سه‌قفه سه‌قفم بێت، هه‌ر ئه‌م دیوارانه ببینم، ئیتر بۆچی ئێستا نه‌مرم، من بۆ چی بژیم بۆ شتێك كه پێشتر ئه‌زمونم كردوه.!
هه‌ر له‌م روه‌شه‌وه چه‌ند جارێك هه‌وڵی خۆ كوشتنی دابوو، به‌ڵام پۆلیسه‌كان كه پێان زانی بوو دواتریش رێگریان لێ كردبوو.
كاتێك ئه‌مه‌یان بۆ گێڕامه‌وه، قسه‌یه‌كی باوكمم بیركه‌وته‌وه. ئه‌و زۆرجار ده‌یگوت: كه‌س له پۆلیس و ده‌وڵه‌ت تێ ناگا. راستی ده‌كرد، ئه‌وه‌تانی كاكه قانع بێزاره له ژیان و ئه‌یه‌وێت خۆی بوكژێت، به‌س پۆلیسه‌كان رێی لێ ئه‌گرن. به‌ڵام كاك ره‌زا هه‌رچه‌نده ژیانی زۆر خۆش ئه‌وێت، هه‌رچه‌نده نایه‌وێت بمرێت، كه‌چی ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت به زۆر بیكوژن.
ئاهههه بوه‌ستن، كێشه‌ی ئه‌م هه‌ژارانه كێشه‌ی خۆمی بیر بردمه‌وه. هاورێیان من له به‌ر بێ پاره‌ی كه‌وتومه‌ته زیندان. به‌ڵام نه‌خه‌ڵك و نه پۆلیس له‌مه تێناگه‌ن و ده‌ڵێن: له سه‌ر دزی گیراوه.
هه‌ر كه سه‌یری زیندانه‌كه‌م ده‌كرد و ده‌مبینی هه‌ر زیندانیه و قوژبنێكی گرتوه، به خۆمم ده‌گوت: جگه له بیركردنه‌وه كات لێره به چشتێكی تر ده‌ڕوات. هه‌رچه‌نده كات زۆر كه‌می بۆ بیركردنه‌وه ده‌ڕوات.
قوژبینێكم گرت و ده‌ستم خسته ژێر چه‌ناگه‌م، ده‌ستیشم كرده بیركردنه‌وه، بیركردنه‌وه له بیركردنه‌وه، له خۆم. دواتریش خۆمم به قانع و ره‌زا به‌راورد ئه‌كرد.
كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه پاره‌م نیه. كێشه‌ی ره‌زا ئه‌وه‌یه كاتی نیه. كێشه‌ی قانع ئه‌وه‌یه كاتی زۆره.
ده‌بێت كات گرنگ بێت یان پاره ؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره قۆڕه بوو كه هه‌ستمكرد له باشترین كاتدام بۆ بیر لێكردنه‌وه‌ی.
كات گرنگتره، گه‌ر كات هه‌بێت مرۆڤ ئه‌توانێت پاره‌ی ده‌ست كه‌وێت.
نا پاره گرنگتره، ئه‌وه نیه مرۆڤ ئیش ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ده‌ست كه‌وێت، ئه‌ی خۆم رۆژانه چه‌ند سه‌عات كاتی خۆمم ده‌كوشت به گه‌ڕان به‌دوای ئیشدا ؟
له‌م بیر كردنه‌وانه‌دا بووم، ڕه‌زا به قیژه‌یه‌ك رای چه‌ڵكاندم
– چیه بۆ ئه‌قیژێنیت ؟
– هاتن
– كێ هات ؟
– پۆلیسه‌كان
وابوو، دوای تۆزێك، پۆلیسه‌كان ده‌ستیان كرد به كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه. ( ده‌بێت ڕه‌زا چۆن هه‌ستی كردبێت كه پۆلیسه‌كان دێن ؟ وای بۆچوم چاوڕوانی مه‌رگ زۆر هه‌ستیار بێت)
دوو پۆلیس بوون، ره‌زا هه‌ر كه بینینی ده‌ستی كرد به استغفرالله كردن. زیندانیه‌كی تریان هێنا بوو، كاتێك ڕه‌زا ئه‌مه‌ی زانی، وازی له استغفرالله كردن هێنا.
منیش بێزاربوم له زیندان، بیری ژنه‌كه‌مم ده‌كرد. له یه‌كێ له پۆلیسه‌كانم پرسی:
– ئه‌رێ كاكی پۆلیس ئه‌مرۆ چه‌ندی مانگه ؟
– ئه‌مرۆ 17 بۆ ؟
پۆلیسه‌كه‌ی تریان گوتی:
– حۆله 17 ی چی ئه‌مرۆ 24
– بۆ ئه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌مرۆ سێ شه‌مه نیه ؟
– سێ شه‌مه‌كه‌ی تر 17 ی مانگ بوو
– وه‌ی گیان یه‌عنی 6 رۆژی ماوه بۆ مه‌عاش
ئه‌و قسه‌ی ئه‌خیری پۆلیسه‌كه، منی گێڕایه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی كات و پاره. ئایا به‌ڕاستی پاره موهیم تره ؟ دیاره كه پاره موهیم تره، ئه‌وه نیه ئه‌م پۆلیسه ئاماده‌یه یه‌ك هه‌فته كاتی بروات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته سه‌ری مانگ و مه‌عاشه‌كه‌ی وه‌رگرێت.
نا نا نا، كات گرنگ تره، كێ ده‌توانێت چركه‌یه‌ك كاتی رابردوو به هه‌موو پاره‌ی دنیا بكرێـت. وه‌لا گه‌ر پاره‌م ده‌بوو، ئیسَتا به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرام و له زیندان نه‌ده‌بووم. وه‌یش چه‌ن جوان پاره ئه‌توانێت كات بكرێت.
تۆ بوه‌سته، ئه‌ی ئه‌گه‌ر كات نه‌بێت چۆن پاره په‌یدا ئه‌كرێت ؟
ئه‌ی ئه‌گه‌ر پاره‌م نه‌بوو كاتم بۆ چیه ؟
مێشكم خه‌ریك بوو ده‌ئاوسا، له شوێنی خۆما ئارامم نه ده‌گرت، هه‌ر خه‌ریكی جوڵه جوڵ بووم.
ئه‌ها زۆر كوڕی قه‌حپه هه‌یه له به‌ر ئه‌وه‌ی دایكی ده‌وڵمه‌نده، كاتی ئیش كردنی نیه و پاره‌شی هه‌یه. كه‌وابێ كۆتایی پێ هات پاره گرنگتره.
چه‌ند چركه‌یه‌ك بێ بیركردنه‌وه وه‌ستام. وه‌یش چه‌ن خۆش بوو، هه‌ستم ده‌كرد میشكم خه‌ریكه ئیسراحه‌ت ئه‌كات.
له‌م كاته‌دا دوباره ته‌قه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه هات، ئه‌مجار هه‌ر به‌ڕاستی یه‌كێكك له پۆلیسه‌كان قۆڵی ڕه‌زای گرت و بردیه ده‌ره‌وه. ره‌زاش وه‌ك و منداڵێك مه‌مه‌ی لێ بسێنیت ئه‌گریا. ئه‌و شێعره‌ی كه پێش چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك خه‌ریكی نوسینی بوو، دڕاندی. ئێمه‌ش هه‌مومان دڵمان پربوو له گریان ته‌نها قانع نه‌بێت، ئیره‌ی پێ ده‌برد.
بردنی ڕه‌زا جارێكی تر مه‌وزوعه‌كه‌ی له مێشكمدا زیندوو كرده‌وه: نا بابه پاره‌ی چی، كات گرنگتره تره، ئه‌وه‌تانێ ره‌زا ئێستا یه‌ك چركه كات به هه‌موو دنیا ئه‌كرێت.
كوره هه‌موو دنیایی له كوێ بوو قۆر به‌سه‌ره، هه‌موو دنیا به كاتی هه‌ردوو دنیا نا كڕدرێت یه‌كسه‌ر قیژاندم:
كـــــــــات گرنگ تره پــــــــــان پاره ؟
هـــــــــــــــا
قانع هاواری كرد: كات، نه‌ك نابێت له گه‌ڵ پاره به‌راوردی كه‌یت، به‌لكو هه‌ر له هیچیش هیچ تره.
یه‌كێك له پشته‌وه هاواری كرد:
– كات گرنگتره كات، گه‌ر كاتمان نه‌بێت چۆن پاره‌كان خه‌رج كه‌ین ؟
– جا كه‌ره خه‌رج كردنی بۆچیه ، وه‌لا گه‌ر پاره‌ت هه‌بێت، دوای مردنیش خه‌ڵك به‌چاكه باست ده‌كه‌ن.
منیش هاوارم كرد: كــــــــــــــات ، پــــــــــــــاره ، كـــــــــــــــــاتـــــپـــــــــــــــــــاره
گه‌یلان عبدالله