
كوژرانی بن لادن و ئاینده‌ی تیرۆریزم
زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی دنیا به كوژرانی بن لادن خۆشحاڵن و پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه بن لادن ته‌نها كه‌سێكه‌و بۆ ماوه‌ی ده‌وربه‌ری ده ساڵه له پاكستان و ئه‌فغانستان خۆی ده‌شارێته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه ئێستا رێكخراوی ئه‌لقاعیده له‌سه‌ر پێی خۆیی وه‌ستاوه و پێویستی به كه‌سێك نه‌ماوه به ناوی بن لادن-ه‌وه.
به‌ڕاستی هه‌موو لایه‌كی توشی هستریا كردبوو هه‌ندێجار وایان ده‌زانی هه‌رچی كرده‌وه‌ی تیرۆرستییه له‌لایه‌ن بن لادنه‌وه پلانی بۆ داده‌نرێت و هه‌ندێ جاری دیكه‌یش هه‌ر خۆیان ده‌یانوت كه ئوسامه بن لادن له دنیا دابڕاوه.
ئێستا شتێك نه‌ماوه ناوی ئوسلامه بن لادن بێت وه‌ك كه‌س، به‌ڵام به‌نه‌مانی ئه‌و تیرۆریزم كۆتایی نایات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ماوه‌ی بیری ئه‌وه. بۆیه كورتبینیشه ئه‌گه‌ر بڵێین تیرۆریزم به‌ره‌و لاوازیی ده‌ڕوات، ره‌نگه دووقاتیش بێت و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان روو له زیادی بكات.
وه‌ك هه‌ستی پێده‌كرا له دوای هێرشه‌كانی 11 ی سێپته‌مبه‌ره‌وه، خودی ئوسامه بن لادن ئه‌وه‌نده كاریگه‌یی نه‌ماوه له‌سه‌ر رێكخراوی ئه‌لقاعیده، به‌ڵكو وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها فریای ئه‌وه كه‌وتبێت كه شوێنێكی سه‌لامه‌ت بۆخۆی بدۆزێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرا ته‌نها كه‌سی دووه‌می ئه‌لقاعیده كه ناوی ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیرییه ده‌نگی ده‌بیسترا و رێنمایی شانه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ی ده‌كرد.
ره‌نگه كوژرانی بن لادن له‌لایه‌كی تره‌وه ئیلهام به‌خش بێت بۆ زۆر له ئیسلامیسته‌كان، چونكه وا هه‌ستیان ده‌كرد ئه‌و كابرایه سیخوڕی ئه‌مریكا و رۆژئاوا بێت، ئێستا كه كوژراوه ئیتر ئه‌و گومانه‌شیان نه‌ماوه.
یان به شێوه‌یه‌كی تر ئه‌وه بزانین بۆ هه‌موو كاتێك به كوژرانی سه‌ركرده یان له‌ناوچوونی نابێـته هۆی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به‌ڵكو هه‌ندێجار ئه‌وه ده‌بێـته هۆی به‌هێز بوونی. جگه له‌وه‌یش كوژرانی ئوسانه بن لادن له رێگه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و بێ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی ره‌نگه سه‌روه‌رییه‌كی تر بێت بۆ خودی رێكخراوی ئه‌لقاعیده.
بن لادن له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا توانی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ جێبه‌جێی بكات. بۆیه ئه‌و له كاتێكدا كوژراوه كه سودێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه. هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر له دوای هێرشه‌كانی 11 ی سێپته‌مبه‌ریشه‌وه ده‌ستگیربكرایه یان بكوژرایه ئه‌وا ده‌بووه ده‌ستكه‌وتێكی باش بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ڵام ئه‌و له كاتێكدا كوژرا كه كوژرانی جگه له به‌جبَهێنانی به‌لێێنێك هیچی تر نه‌بوو، كه بریتیی بوو له كوشتن یان ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن به‌ره‌ی دژه تیرۆره‌وه.
كوژرانی بن لادن ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت رۆژئاوا به ئاسوده‌یی له ماڵه‌كان و شوێنه گشتییه‌كان… هتد بێ خه‌م بن. چونكه زه‌مینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تیرۆریزمی ئیسلامیی هه‌یه و به‌شێكی هه‌ره گه‌وره‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه رۆژئاوا چه‌ندین كێشه‌ی درووست كردووه له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی خۆی لێ ده‌ربازكردووه. ئه‌و كێشانه‌یش ئێستا چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. كه بوونه‌ته مایه‌ی سه‌ره‌تان بۆ مرۆڤایه‌تیی به‌گشتیی.
بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆریزم گه‌مارۆبدرێت پێویسته ئه‌م رێوشوێنانه له‌به‌راچاو بگیرێت، وه‌ك پێشتریش من له توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆمدا ئاماژه‌م پێكردوون و بڵاومكردووه‌ته‌وه:
1- پێویستی هاوكاریكردن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، له رووی ئقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، بۆ وه‌ستان له‌دژی ترۆریزمی ده‌وڵه‌ت و كه له‌لایه‌ن رژێمه دیكتاتۆرییه‌كانه‌وه پیاده ده‌كرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێزی مرۆڤ و مافی ده‌ستوری چه‌سپاو ناگرن.
2- چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی هه‌ژاریی و بێكاریی به‌شێوه‌یه‌كی زانستیی و زامنكردنی هۆكاره‌كانی بژیویی بۆ مرۆڤ.
3- دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیموكراتی و زۆرینه له رێگه‌ی دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كان و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی قانوون كه هه‌ریه‌كه ده‌سه‌ڵاتدار و گه‌ل، وه‌ك یه‌ك، گوێرایه‌ڵی بن، به‌بێ په‌راوێزخستن و هه‌روه‌ها به‌پێی بنه‌ماكانی عه‌داله‌ت.
4- رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ و پابه‌ند بوونی ورد پێوه‌ی.
5- په‌ره‌پێدانی ئازادیی و رێزگرتن له ئازادیی بیروباوه‌ڕو راده‌ربڕین و قسه‌كردن و رێزگرتن له سیستمی دادوه‌ریی و ده‌ستوه‌رنه‌دان له كارووباره‌كانی.
6- وه‌ستانه‌وه دژی سیاسه‌تی تایه‌فه‌گه‌ریی و ئاینیی و هه‌روه‌ها لێپرسینه‌وه له تاوانباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
7- پێویستیی بوونی بنه‌ماكانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌پێی به‌ماكانی ده‌ستور و قانوون.
8- پێویستی فێركردنی پره‌نسیپه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له قۆناغه بنچینه‌ییه‌كانی خوێندندا. (هه‌روه‌ها پرۆگرامی خوێندندا هه‌موو ئاینه‌كان بخرێنه به‌رنامه‌ی خوێندنه‌وه نه‌ك ته‌نها ئاینی ئیسلام یان هه‌ر ئاینێكی دیمه به‌ته‌نها جا له هه‌ر وڵاتێكدا بێت، واته خوێنكار له خودیی ئان تێبگه‌یه‌نرێت.)
بێگومان بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌یش جێبه‌جێبكرێن پێویستی به‌هه‌ڵمه‌تێكی جیهانی هه‌یه. بۆیه پێویسته ئه‌و وڵاتانه‌ی كه خۆیان به قوربانی ده‌ستی تیرۆر ده‌زانن هاوكاریی جدیان هه‌بێت بۆ گه‌مارۆدانی تیرۆریزم. كه‌واته به كوژرانی ئوسامه بن لادنه‌كان هیچ له‌وه‌زعه‌كه ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر به دوای هۆكارو چاره‌سه‌ردا نه‌گه‌ڕێن.
Karwan_tayib@yahoo.com