ترس له په‌یكه‌ر ….. فه‌ره‌یدون عارف
ئه‌و بۆچوونه تا راده‌یه‌كی زۆر دروسته، كه سیاسه‌ت و بڕیاری سیاسی چاره‌نووس ساز زۆرینه‌ی كات له‌ژێر میزاجی تاكه كه‌سێك، یان نوخبه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار (گه‌رچی زۆر كات سه‌ره واوێكی سیاسه‌ت له مێشكیاندا نییه)، به‌ڕێوه‌ده‌چێت. بێگومان به‌رژه‌وه‌ندی رۆڵێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ری له كێشمه‌كێش و قه‌یرانه سیاسییه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام دواجار سایكۆلۆژیای كه‌سی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه. هه‌ربۆیه كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارێك له هه‌موو به‌هایه‌كی ئینسانی رووت ده‌بێته‌وه‌و میزاج و سایكۆلۆژییه‌تی تووشی شڵه‌ژان و په‌شێوی ده‌بێت و هیستریا به‌شێكی گه‌وره‌ی گوفتارو ره‌فتاره‌كانی داگیر ده‌كات، ئاسان هه‌موو به‌دڕه‌فتاری و كارێكی دزێوی له ده‌ست دێت.
كه‌س ناتوانێ نكوڵی له‌وه بكات، كه ده‌ستێكی به‌هێزو ده‌سه‌ڵاتی پیاوێكی خاوه‌ن سایكۆلۆژیایه‌كی هیستری له‌پشت رفاندن و تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)ی خوێندكار‌و رۆژنامه‌نووسه‌وه بوونی هه‌یه. گه‌رچی ئه‌م هیستریایه به تیرۆركردن و له‌ناوبردنی قوربانییه‌كه كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو تارمایی قوربانی بۆی هه‌یه، دووباره هه‌مان دۆخی ناجێگیری سایكۆلۆژی بۆ جه‌للاد بخوڵقێنێته‌وه.
به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت)، په‌یكه‌رێك بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه جوانه‌مه‌رگه دروستده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا كه ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته تێده‌په‌ڕێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی پایته‌خت رێگه به دانانی ناده‌ن. جێی خۆیه‌تی له‌و ترسه‌ی ده‌سه‌ڵات رابمێنین، كه له دانانی په‌یكه‌رێك هه‌یه‌تی و بپرسین. داخۆ ئه‌وانه كێن به دانانی په‌یكه‌رێك ده‌هری ده‌بن!! بۆچی ته‌نها مه‌ترێك زه‌وی به په‌یكه‌ری گه‌نجێكی خێر له‌خۆ نه‌دیو ره‌وا نابینن!! به‌ڵام رۆژانه‌و به ته‌له‌فۆنی سه‌رۆك خێڵ و ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار، به دۆنم و هێكتار زه‌وی بۆ به‌ناو سیاسییه بازرگان و چاوچنۆكه‌كان دابین ده‌كه‌ن. تا حه‌كیمانه‌و لێزانانه به‌ناوی بازاڕی ئازاد‌و به (دوبه‌ی) كردنی پایته‌خته‌وه، نیشتمان بكه‌نه زبڵخانه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ساغكردنه‌وه‌و فرۆشتنی كاڵای به‌سه‌رچووی توركی و ئێرانی؟!.
ئایا ئه‌وه ترسه له‌و شته‌ی پێیده‌ڵێن په‌یكه‌ر، یان مه‌یل و میزاجی بابایه‌كی نه‌خوێنده‌وار، یان ترسه له ره‌مزێك بۆ خوێنێكی هه‌میشه ته‌ڕ، بۆ مرۆڤ و عه‌قڵێكی ئازاد؟! راستییه‌كه‌ی ئه‌وه به ته‌نها ترس نییه له په‌یكه‌ر وه‌ك ره‌مزی قوربانییه‌كی ده‌ستی غه‌در، هه‌روه‌ك فه‌رمانڕه‌وایانی مه‌مله‌كه‌ت، كێشه‌یه‌كیشیان نییه له‌گه‌ڵ دابینكردنی بستۆكه زه‌وییه‌ك بۆ دانانی په‌یكه‌ری رۆژنامه‌نووسێك. به‌ڵكو ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی پایته‌خت له تارمایی و كاریگه‌ری ئه‌و رۆحه ره‌خنه‌گرو ئازاده‌یه، كه سه‌رده‌شتی بوێر له‌دوای خۆی جێی هێشتووه. ترسی ئه‌وان له‌و ئاماده‌ییه به‌رده‌وامه‌ی تارمایی (سه‌رده‌شت)ه، كه ساڵێكه بێ ماندوبوون به‌شوێنیانه‌وه‌یه‌و ژیانی لێ تاڵ كردوون. هاوكات ترسه له‌و زمانه‌ی ئه‌وان له‌گۆیان خست و ئێستا له زاری ئه‌و نه‌وه‌یه‌دایه، كه هیچ ئه‌رزشێك بۆ شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی وان دانانێت.
ره‌نگه هه‌ر به سروشت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه ته‌نها سیاسی و پیاوانی حزب به مرۆڤی گه‌وره بزانن، تا شیاوی ئه‌وه بێت په‌یكه‌ریان بۆ دروست بكرێت. ئه‌ی ئه‌وه نییه تا ئێستا نه‌ك په‌یكه‌رێك، به‌ڵكو یادێك بۆ كه‌ڵه نووسه‌ر و رۆشنفكرێكی گه‌وره‌ی وه‌كو (عه‌بدولخالق مه‌عروف) له ئارادا نییه. به‌ڵام به سه‌دان ملیۆن دۆلار بۆ ڤیستیڤاڵی بێ مانا‌و كۆنسێرتی ده‌نگ ناخۆشترین و ناهونه‌رمه‌ندترین كه‌س و ساڵانه‌ش بۆ یادی خومه‌ینی گه‌وره ئاغایان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن.
چ گه‌مژه‌ییه‌كه پێمان وابێ ئه‌حزابی كوردی توانای خۆ نوێكردنه‌وه‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌و وه‌رگرتنی رۆحی دیموكراسخوازی و مه‌ده‌نیه‌تی هه‌یه. هه‌مان ئه‌وسیاسه‌تبازانه‌ی له سێ ده‌یه‌ی شه‌ست و حه‌فتاو هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، له‌سه‌ر پاره‌و كورسی، نیشتمانیان فرۆشت و جاشایه‌تی و ئاشبه‌تاڵ و كوردكوژیان بۆ كردینه خه‌ڵات و به‌ناوی شۆڕشگێڕی و خه‌باته‌وه پێیان فرۆشتینه‌وه، له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانیشدا به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌ت و له‌سه‌ر (قازێك) و (ریزه دوكانێك) هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م میله‌ته‌یان له‌خوێنی خۆدا گه‌وزاند. ئه‌م قاره‌مانانه‌ی (كوێخا رینگۆ) ئاسا، هه‌میشه شانازی به ده‌مانچه‌و فیشه‌كدانه‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی لێی تۆقیون و توشی و فۆبیا‌و هیستریای كردوون، ته‌نها ده‌نگی ئازاد و ئینسانی ئازاد بووه. ئه‌وانه هه‌میشه دۆست و ئه‌حبابی ئینسانی كۆیله‌و نۆكه‌ر بوون و له‌به‌رامبه‌ردا رقێكی ئه‌ستووریان به‌رامبه‌ر به عه‌قڵ و رۆحی ئازاد‌و ره‌خنه‌گرو وشه‌ی ئازادی هه‌بووه.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیانوایه مێژوو دووباره ده‌بێته‌وه، یان خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، ئێمه پێمانوایه ئه‌وه مێژوو نییه دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو مێژوو دووباره ده‌كرێته‌وه. مێژووی شه‌ڕی كوردخۆكوژه مێژوویه‌كی دووباره بووه‌وه نییه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی مێژوویه‌كه له‌لایه‌ن چه‌ند كاره‌كته‌رو ده‌موچاوێكی بێزراوی ناو مێژووی سیاسی ئێمه‌وه دووباره ده‌كرایه‌وه. له دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 چه‌ندین جار‌و له‌چه‌ندین سیناریۆی جیاوازدا قاره‌مانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ، پیاوه جلخوارو دیموكراسخوازو سۆسیال دیموكراته‌كانمان، مێژووی تیرۆر‌و له‌ناوبردنی ده‌نگه ئازادیخوازه‌كانیان دووباره‌كردۆته‌وه. ره‌نگه دیارترینیان تیرۆركردنی شاعیری جوانه‌مه‌رگ (به‌كر عه‌لی) له 1/9/1994 و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه به تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) له 4/5/2010 بێت. گه‌رچی نێوانی ئه‌و دوو به‌رواره 16 ساڵه، به‌ڵام دوو رووداوی له زۆر رووه‌وه وێكچوون، به له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی كه‌سایه‌تیانه‌وه. (به‌كر عه‌لی) شاعیرێكی ناسراو و رێبه‌رێكی هۆشیاری سه‌دان مرۆڤی ئاواره‌و زه‌حمه‌تكێش و به‌شمه‌ینه‌ت و ناڕازی و (سه‌رده‌شت عوسمان) خوێندكاری زانكۆ‌و رۆژنامه‌نووسێك بوو له سه‌ره‌تای نووسین و كاری رۆژنامه‌گه‌ریدا، به‌ڵام خاوه‌ن نه‌فه‌س و رۆحێكی ره‌خنه‌گرانه‌و چاونه‌ترس و بوێر. وه‌ك چۆن به هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان (به‌كر) كۆڵی نه‌دا له خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌و داكۆكیكردن له ئاواره‌و هه‌ژارانی گه‌ڕه‌كی حامیه‌ی سلێمانی. به‌هه‌مان شێوه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ نه‌یتوانی (سه‌رده‌شت) بێده‌نگ بكات. ئه‌و فیشه‌كی غه‌دره‌ی زمانی (به‌كر)ی له گۆخست، پاش 16 ساڵ (سه‌رده‌شت)یشی هاوچاره‌نووس كرد. رق و توڕه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانی به‌رامبه‌ر (به‌كر عه‌لی) ئه‌وه‌نده زۆر بوو، پاش ئه‌وه‌ی فیشه‌كێك به شانییه‌وه ده‌نێن، به برینداری ده‌یگرن و هه‌ر له‌جێداو به‌به‌رچاوی براو هاوڕێ و دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌وه (كه بۆ خۆپیشاندان هاتبوونه به‌رده‌م ته‌لاری پارێزگا)، فیشه‌كێك به ناو ده‌مییه‌وه ده‌نێن. هه‌مان سیناریۆ له تیرۆری (سه‌رده‌شت) دا دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ترسنۆكانه‌ترو دڕندانه‌تر، كه پاش رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی زۆر، دواجار دوو فیشه‌ك به زارییه‌وه ده‌نێن.
كوشتن هه‌ر كوشتن نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن، هه‌ندێ جۆری كوشتن هه‌یه مه‌غزاو مانای شاراوه‌ی هه‌یه. فیشه‌ك نان به ناو ده‌می نوسه‌ران و ئازادیخوازانه‌وه، ته‌نها یه‌ك مانای هه‌یه، بێده‌نگكردن و كوشتنی ئازادی و ره‌خنه‌گرتن و زمانبڕین و هیچی تر.
ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر له په‌یكه‌ری بێ هه‌واری (سه‌رده‌شت) بێ سنووره.. به‌ڵام پێ بزانن یان نا، به رێگرتن له دانانی ئه‌م په‌یكه‌ره، به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گرمان ئه‌ده‌نه ده‌ست، كه ئه‌وان له‌و تاوانه‌دا نه‌ك هه‌ر بێ گوناهـ نین، به‌ڵكو پێمانده‌ڵێن، مانگه شه‌و پێویستی به په‌نجه‌ی ئاماژه نییه.