
هونه‌ری ته‌دویر له شیعره كوردییه‌كانی ( مه‌حوی) دا
هونه‌ری ته‌دویر له شیعره كوردییه‌كانی مه‌حوی دا
ته‌دویر وه‌ك هونه‌رێك له هونه‌ره‌كانی شیعری كلاسیك، ناسراوه. ئه‌م هونه‌ره له شیعری كلاسیكیی عه‌ره‌بیدا زۆر بڵاوه، شیعری كلاسیكیی كوردییش وه‌كو پێڕه‌وێكی كت ومتی شێوه‌و ناوه‌ڕۆكی شیعری كلاسیكیی عه‌ره‌بی خۆی ده‌رخستووه.. له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌شێك له شاعیرانی كورد ئه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی كێشی عه‌رووزی عه‌ره‌بییان كردووه، پڕووشكی ئه‌م جۆره شێوازه‌یان به‌ركه‌وتووه‌و هه‌وڵیانداوه ته‌دویر له شیعره‌كانیان به‌كاربهێنن.
ته‌دویر وه‌ك هونه‌رێك كه په‌یوه‌ندی به ڕووخسار‌و بونیادی ترپه‌و مۆسیقای شیعره‌وه هه‌یه” زاراوه‌یه‌كی ڕیتمی(ترپه)ییه بۆ پێویست بوونی كێشی به‌یته شیعرییه‌كه به كه‌رتكردنی تاكه وشه‌یه‌ك بۆ دوو به‌ش، به‌شێكیان بۆ نیوه‌دێری یه‌كه‌م و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش بۆ نیوه دێری دووه‌م”(1)
به ده‌ربڕینێكی دیكه، ده‌كرێ بڵێین : ته‌دویر له‌تكردنی وشه‌یه‌كه له نێوان نیوه به‌یتی یه‌كه‌م ( صه‌در) و نیوه به‌یتی دووه‌م (عه‌جز) ه‌وه و لێكگرێدانیان به هۆی تاكه وشه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی كه ته‌دویر ئیشی دیار‌و به‌رچاوی پێكه‌وه گرێدانی دوو نیوه دێرهكهیه، له هه‌مان كاتدا وه‌ك دیارده‌یه‌كی خاوه‌ن ئیقاع، ئاوازێكی مۆسیقایی دێنێته كایه‌وه، به‌وه‌ی كه وه‌ستانێكی پڕ‌و چاوه‌ڕواننه‌كراو له كۆتایی نیوه‌دێری یه‌كه‌م دروست ده‌كات ، كه خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكات، ماناكه له كورتی بدات و وشه‌كه بكرێته دووله‌ت. یا به مانایه‌كی تر خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكات كه تووشی ئه‌و وه‌ستانه له ناكاوه ده‌بێت و ناچاری بكات سه‌ره‌و لێژ بێته‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی نیوه دێره‌كه‌ی تر، تا مانای ته‌واو به‌ده‌ست بهێنێت.
ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شیعری كلاسیكیی عه‌ره‌بی تهدویری تێدا به‌كارهاتووه‌و كه‌م شاعیر هه‌یه كه وه‌ك شێوازێك و نه‌ریتێك تهدویری به‌كار نه‌هێنابێ. بۆ نموونه ئه‌بوو ته‌مامی تائی ده‌ڵێ:( 2)
َ عَلَّمَنی جُودُكَ السَّماحَ فَما أَبْ … قَیْتُ شَیْئاً ڵدَیَّ مِنْ صِڵتِكْ
ده‌بینین له‌و به‌یته‌ی ئهبوتهمام هه‌ردوو به‌شی صهدرو عه‌جز به وشه‌ی ( أبقی) لێك گرێدراون، واته وشه‌كه بۆته دوو كه‌رت ، له به‌شی نیوه دێری یه‌كه‌م( صدر) ته‌نیا ( أب) ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی تریش كه‌وتۆته نیوه دێری دووه‌م ( عجز). یا وه‌ك:
أَخْڵاقُكَ الغُرُّ دُونَ رَهْگِكَ أَپْ … رَی مِنهُ فی رَهْگِهِ ۆفیِ عَدَدِهْ
لێره‌شدا وشه‌ی (أَپْرَی) بۆته دوو كه‌رت و (أَپْ) كه ساكینه و كه‌وتۆته نیوه دیری یه‌كه‌م و به‌شی دووه‌می وشه‌كه (رَی) چۆته نیوه دێری دووه‌م.
شاعیرانی كلاسیكیی كورد ئه‌م هونه‌ره‌یان كه‌م به‌كارهێناوه، ئه‌وه‌ی كه به‌كاریشی هێناوه، پێده‌چێ هه‌م له‌به‌ر مۆسیقای شیعره‌كه خۆی بووه، یا بۆ ته‌واوكردنی كێشی شیعره‌كه ، یا ده‌ره‌قه‌ت نه‌هاتنی شاعیر بووه بۆ دروستكردنی ڕسته‌یه‌كی ته‌واو له نیوه دێرێكدا، ئه‌مه وایكردووه كه شاعیر ناچار بێت ، وشه‌كه دوو له‌ت بكات و ، ده‌شگونجێ وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌ی شاعیرانی عه‌ره‌ب، تا له‌م ڕوه‌وه كوردیش توانای خۆی بهدهربێخێت.
ئه‌مانه به هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، ده‌گونجێ زیاتر تیشكیان بخرێته سه‌ر و ئامارێكی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن بۆ دیوانی شاعیرانمان بكرێ، تێیدا ڕێژه‌ی زۆری و كه‌می ته‌دویر پیشان بدرێ.
مه‌حوی( 1831-1906) یه‌كێكه له شاعیره پڕ به‌رهه‌مه‌كانی كورد و وه‌ك زۆر له شاعیرانی كلاسیكیی كورد له ژێر كاریگه‌ری بنه‌ماكانی شیعری كلاسیكیی عه‌ره‌بی دابووه‌و به تایبه‌تی له ڕووی كێشی شیعرییه‌وه كه پێڕه‌وی كێشی عه‌رووزی عه‌ره‌بی كردووه‌و له‌و نێوه‌نده‌دا بۆ به‌خشینی ڕیتمێكی مۆسیقایی له سهرواكانیدا و ئیستاتیكایه‌ك له ده‌ڕبڕینی ڕسته‌كه‌دا، هونه‌ری ( ته‌دویر) ی فه‌رامۆش نه‌كردووه.
بۆ نموونه له به‌یتێكدا ده‌ڵێت:
دنیا به ته‌وسه‌وه ده‌می مه‌رگی وتی كه ( ژوالـ
قرنین) ی دی زه‌لیله، له‌كن خۆت ئه‌تو كه‌ڵی. لا 308
یاخود ده‌ڵێ:
لوقمان ئه‌وا دیاره حه‌كیمێكی پاكه، (ژوالــ
قرنین )ه شاهی چاكه، به قهگعی مه‌ڵێ نه‌بین. لا 384
ده‌بینین له‌و دوو به‌یته‌دا ( ژوالـقرنین) كه ناوێكی لێكدراوه‌و پێكهاتوه له (ژو+ الـقرنین) به‌ڵام بۆ سازاندنی كێشی شیعره‌كه ( مه‌حوی) وشه‌ی ( القرنین)ی كردۆته دوو له‌ت و له‌تی یه‌كه‌مییان كه ( ال) ی ناسراوییهو به‌ته‌واوی مانا نابه‌خشێت و ناچار، ده‌بێ په‌نا ببردرێ بۆ نیوه دێری دووه‌م بۆ به‌خشینی مانای ته‌واوی وشه‌و پاشان ڕسته‌كه. هه‌روه‌ها له هه‌ردوو به‌یت سه‌رنج ده‌درێ كه بڕگه‌ی كۆتایی نیوه دێری یه‌كه‌م ( صه‌در) ساكینه، واته داخراوه، ئه‌مه‌ش سه‌رنج بۆ ئه‌وه ڕاده‌كێشێ، ئه‌گه‌ر هاتباو (ژوالــقرنین )ه، تێكڕا له نیوه دێری یه‌كه‌م هاتبا ئه‌وا كۆتاییه‌كی كراوه‌ی ده‌بوو ، واته جوڵاو ده‌بوو نه‌ك ساكین. چونكه كێشی هه‌ردوو به‌یته‌كه بریتییه له: موزاریعی هه‌شتی ئهخرهبی مهكفووف و به‌یتی یه‌كه‌م مهكفووفی مهحزووفه و به‌یتی دووه‌م مهكفووفی مه‌قسووره ، به‌م شێوه‌یه:
مفعول فاع لات مفاعیل فاع لن
شه‌مبه بۆ ڕاوو، به یه‌ك شه‌مبه بینا دانێ، به دوو
شه‌مبه ڕیحلهت كه، حه‌جامه‌ت بگره گه‌ر سێ شه‌مبه بوو. لا 353
له‌م به‌یته‌ش سه‌رنج ده‌ده‌ین ناوی “دووشه‌مبه” كراوه‌ته دوو له‌ت و خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر ته‌نیا نیوه دێری یه‌كه‌م بخوێنێته‌وه هه‌ست به ناته‌واوی واتا ده‌كات، شاعیریش بۆ سازاندنی كێشه‌كه دووشهمبهی كردۆته هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو به‌شی صه‌در و عه‌جز.به‌ڵام ئه‌م به‌یته جیاوازه له‌گه‌ڵ به‌یته‌كانی تر به‌وه‌ی كه شاعیر وشه‌یه‌كی ناته‌واوی له ئه‌سڵدا له كۆتایی نیوه دێری یه‌كه‌م یا سه‌ره‌تای نیوه‌دێری دووه‌م دانه‌ناوه به‌ڵكو هه‌ردووكیان له بنچینه واتادارن هه‌م (دوو) و هه‌م ( شه‌مبه)، لێره كه‌رتكردنی ناوێكی لێكدراوه وه‌كو خۆی. هه‌مدیس كۆتایی “دوو” بڕگه‌یه‌كی ساكین و كۆتایی ” شه‌مبه” ش بڕگه‌یه‌كی كراوه‌یه.
جه‌ننه‌ت، جه‌هه‌ننه‌م ئێسته‌كه هه‌ن، زۆربه‌یان به‌سه‌ر
دا ڕۆییوه شوهور و دوهور، ئهزمینهو سینین. لا 395
له‌م به‌یته‌ش ” به‌سه‌ر” كه ئاوهڵفرمانێكی شوێنییهو له‌م ڕسته‌یه پاشگری ” دا” ی پێوه لكاوه و بۆته ( به‌سه‌ردا) به‌ڵام چونكه (دا) بڕگه‌یه‌كی جوڵاوه ناشێ بخرێته كۆتایی نیوه دێری یه‌كه‌م، تا كێشی شیعره‌كه نه‌شێوێنێ. شاعیر ئه‌م پاشگره‌ی خستۆته سه‌ره‌تای نیوه دێری دووه‌م. به دهڕیڕینێكی دیكه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له بنچینه‌دا شاعیر ئه‌م پاشگری ( دا) یه‌ی به‌كار نه‌هێنابا، ته‌دویر به‌و شێوه ڕاسته‌وخۆیه ده‌رنه‌ده‌كه‌وت، چونكه ئه‌و كات هێزی له‌یه‌كتر نزیكی ( به‌سه‌ر) له‌گه‌ڵ ( ڕۆییوه) كه‌متر ده‌بوو وه‌ك له ( به‌سه‌ر ) و پاشگره‌كه‌ی، ( دا) دا. واته ئه‌م تهدویره لێك جوێكردنه‌وه‌ی پاشگرێكه له وشه‌یه‌ك و به مه‌به‌ستی لێك گرێدانی دوو نیوه دێر.
مردوو كه گه‌ییه قه‌برو مهقهرری، سوئالی لێ
ده‌كرێ له ڕه‌یب و، به‌ڵكی له پێغه‌مبه‌ر و له دین. لا 390
له‌م به‌یته ده‌بینین، ( سوئالی لێ ده‌كرێ ) ڕسته‌یه‌كی ته‌واوه، به‌ڵام لێره‌دا ( لێ ده‌كرێ ) كراوه‌ته دوو له‌ت و به پێچه‌وانه‌ی نموونه‌ی به‌یتی پێشوو، (لێده‌كرێ ) جیا بۆته‌وه له ( سوئال) و دواتریش جوێ بوونه‌وه‌یه‌كی تر ڕوویداوه كه ئه‌مجاره‌یان كاره‌كه واته( ده‌كرێ) له ( لێ) ترازاوه‌و بۆ نیوه دێری دووه‌م په‌ڕیوه‌ته‌وه.
ئه‌م نمونه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش هه‌مان شێوازی نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌یه:
هه‌ر ئه‌م خیصالهیه كه صه‌حابه‌ی كیرامی پێ
فائیز به مه‌رته‌به‌ی ( رچی الله) و و ( رچوا)ن. لا 399
* * *
خالق وتویه: حادیپه عاله‌م، قسه‌ی ( ههیوــ
لی) توررههاته، گوێ له پڕوپووچی ناگرین. لا 394
ئه‌م بهیتهشیان ( هه‌یو لی) به هاوبه‌شی بۆته هۆی له‌یه‌ك گرێدانی دوو نیوه دێر و سازاندنی كێش و دروستكردنی ئیستاتیكای ته‌دویر و وه‌ك جۆره گه‌مه‌یه‌كی زمانی و نیشاندانی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شیعر‌و وشهكاریدا ، مه‌حوی وه‌ستایانه ته‌دویر به‌كاردێنێ.
مه‌حوی له قه‌سیده‌ی ” ستایشی خودا” ده‌ڵێ:
گوێ كه‌ڕ ده‌بێ له غولغولی ( سبحان ما عرفـــ
ناك) هی عهنادیلی چهمهنستانی ئاسمان. لا 410
له‌م به‌یته‌شدا ( عرفناك) كراوه‌ته دوو له‌ت و له بنچینه‌دا بریتی بووه له ( عرف +نا+ ك) و لێره‌دا لێك ترازاوه‌و، خوێنه‌ر هه‌ست به ناته‌واوی ده‌كات كاتێك نیوه دێری یه‌كه‌م ده‌خوێنێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ته‌نیا خوێنه‌ر نیوه دێری دووه‌م بخوێنێته‌وه، ئه‌وا ماناكه له نیوه دێری یه‌كه‌م سه‌ختتر خۆی نیشان ده‌دات، به‌م شێوه‌یه ناتوانرێ له‌م دێره بگه‌ین:
“ناك) هی عهنادیلی چهمهنستانی ئاسمان”.
* * *
له قه‌سیده‌ی به‌حری نووریشدا ده‌ڵێ:
یهدی بهیچا چیه، هه‌ر تاقه ئهنگوشتێكی چه‌ند ئیعجاـــ
زی لێ ڤاهیر بووه ، هه‌ریه‌ك وه‌كو ماهێ كه تابانه. لا 441
له‌م به‌یته‌دا وشه‌ی ( ئیعجاز) ته‌نیا یه‌ك پیتی لێ ترازاوه، شاعیر نه‌یتوانیوه، ده‌ره‌قه‌تی كێشه‌كه بێت به ههوڵدلنێكی زۆر ، دواتر پیتی ( ز) ی په‌ڕاندۆته‌وه بۆ نیوه دێری دووه‌م، چونكه هه‌م كۆتایی بڕگه‌ی( ئیعجا) ساكینه‌و پێویسته بڕگه‌ی سه‌ره‌تای نیوه دێری دووه‌م جوڵاو-كراوه بێت ، بۆیه هێنانی (ز) بۆ سه‌ره‌تای نیوه دێری دووهه‌م و لكاندنی به ئامرازی په‌یوه‌ندی(ی) ه‌وه بڕگه‌یه‌كی كراوه‌ی دروست كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشی ئه‌م دێره شیعره له نموونه‌كانی دیكه جیاوازه‌و ئه‌مه‌یان به كێشی هه‌زه‌جی هه‌شتی ته‌واو نووسراوه، واته برگه‌ی یه‌كه‌می هه‌ر تهفعیلهیهك پێویسته جوڵاو بێت:
مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن
ه – – – ه – – – ه – – – ه – – –
ئه‌نجام:
له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا گرنگترین ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێیگه‌یشتووین بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
– ته‌دویر وه‌ك هونه‌رێكی شیعری كلاسیكی عه‌ره‌بی، پرووشكهكهی په‌ڕیوه‌ته‌وه نێو شاعیرانی كورد و هه‌ندێك شاعیر به نموونه‌ی مه‌حوی به‌كاریان هێناوه.
– ده‌گونجێ مه‌حوی و شاعیرانی دیكه‌ش، به پله‌ی یه‌كه‌م كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی كێش ، به پله‌ی دوههمیش مه‌سه‌لی جوانیناسی شیعر‌و لاساییكردنه‌وه‌ی شاعیرانی عه‌ره‌ب وایان لێكردبێت ته‌دویر به‌كار بهێنن .
– ئه‌و شیعرانه‌ی كه مه‌حوی تهدویری تێدا به‌كار هێناون ( ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ركمان پێكردووه)، ته‌نیا له‌سه‌ر دوو كێشی شیعرین، هه‌شت به‌یتیان له‌سه‌ر كێشی ” موزاریعی هه‌شتی ئهخرهبی مهكفوفن و تاكه به‌یته‌كه‌ی تریش له‌سه‌ر كێشی ” هه‌زه‌جی هه‌شتی ته‌واو” نووسراوه.
– زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی ته‌دویر ی تێدا به‌كار هاتووه شیعری ئایینین، له نموونه‌ی ئه‌و نۆ به‌یته‌ی مه‌حویدا، پێنجیان له به‌شی ( عقد العقائد)ن و یه‌كێكیان له قه‌سیده‌ی ” ستایشی خودا” دا‌و یه‌كێكیش له قه‌سیده‌ی ” به‌حری نوور” دایه.
– نیوه‌ی زیاتری ئه‌و به‌یتانه، تهدویرهكه به وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی دروست بووه، واته ئه‌و وشه هاوبه‌شه‌ی كه بوه‌ته دوو له‌ت بۆ گرێدانی هه‌ردوو نیوه دێر زۆربه‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بین، وه‌ك (ژوالــقرنین، هه‌یو لی، ئیعجاز، ما عرفناك، ..)
– كه‌رتكردنی وشه‌كه لای مه‌حوی هه‌مه جۆره، هه‌یانه وشه‌یه‌كی لێكدراو بۆته دوو به‌شی سهربهخۆو یان وشه‌یه‌ك پێشگرێكی له سه‌ره‌تا یان له كۆتایی لێ ترازاوه، یاخود تاكه وشه‌یه‌ك پیت( ده‌نگ)ێكی لێ ترازاوه و بۆ نیوه دێره‌كه‌ی تر په‌ڕیوه‌ته‌وه .
پهراوێزو سه‌رچاوه‌كان:
1- البنیه الایقاعیه فی شعر الجواهری ، مقداد محمد شاكر، رساله ماجستیر، كلیه التربیه للعلوم الانسانیه ، جامعه صلاح ا‌لدین، 2007. ص 50.
2- أخبار أبی تمام، المۆلف : الصولی، ج 1، ص 19. موقع الوراق. http://www.alwarraq.com
3- دیوانی مه‌حوی ، لێكدانه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی : مه‌لا عبدالكریمی موده‌ڕیس و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1977.
4- رابه‌ری كێشی شیعری كلاسیكی كوردی، عه‌زیز گه‌ردی، سلێمانی 2003.