
من له سه‌ر و پێی ته‌رمێکدا
هه‌ردوو پێیه زه‌رده‌کان تاکه ئه‌ندامی به‌ده‌نی بوون که به‌ده‌ره‌وه بوون. ئه‌و له نێو دارمه‌یته‌که‌دا به هه‌مان پێخه‌فی که‌سک و سوور داپۆشرابوو که شه‌وێک پێشتر پێی خه‌وتبوو. پێیه‌کانی له پێش چاوانم ئه‌وه‌نده مه‌زن دیاربوون، من له خۆمه‌وه خه‌یاڵێکی سه‌یرم بۆ ده‌هات و ده‌مگووت ” دیاره مرۆ له کاتی مردن پێیه‌کانی له جاران گه‌وره‌تر ده‌بن.”
حه‌زم ده‌کرد سه‌ریم لێ دیار بووایه و بمزانیبایه که ئه‌و شوێنه‌ش وه‌ک پێیه‌کانه یان به پێچه‌وانه‌وه‌ی لێهاتووه و بچووکتر بۆته‌وه.
نه‌مده‌زانی بۆ چاوانی مێرمنداڵی من ئه‌و دیمه‌نه له هی پێیه‌کان گه‌لێک سارد و سڕ و جه‌رگبڕتر دیارده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی رووداوی دهستڕێژهکهیان به سه‌د جۆر ده‌گێڕایه‌وه. له نێو جه‌نجاڵی و حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌که‌دا له‌لایه‌ک گوێم له گریه و منگه منگ و هات و هاواری پیاوه‌کان بوو، له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌نگی ناخۆشی پرهمێزێکی نه‌وت خه‌ریک بوو په‌رده‌ی گوێیه‌کانم بته‌قێنێت و به یه‌کجاره‌کی فڕێم بداته نێو دونیایه‌کی که‌ڕ و كڕ و ک‌ش و مات. من په‌نا دیوارێکی چاكم گرتبوو و هه‌ستم ده‌کرد له ته‌واوی ئامۆزا و کوڕانی خاڵ و خزم و که‌س و هاوسێیان بوێر و به جهرگترم که نه‌یانوێرابوو بستێک پێ بنێنه نێو حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌که‌وه.
ئه‌و رۆژه شه‌رواڵێکی قاوه‌یی و بلوزێکی که‌سک و سوورم له‌به‌ر بوو به هه‌مان ره‌نگ و نه‌خشی پێخه‌فه‌که‌ی ته‌رمه‌که‌ی پێ داپۆشرابوو. رووشم به‌سه‌ر بلوزه‌که‌وه ره‌نگی زه‌ردی پێیه‌کانی له خۆی دا بوو، کاتێک ده‌ستێکی گه‌وره قۆڵێکی بلوزه‌که‌می گرت و منی له نێو جه‌نجاڵی و حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌که فڕێدایه ده‌ره‌وه.
ئێستا بیست ساڵێک به‌سه‌ر ئه‌و پهلکێشکردنهم بۆ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌که تێپه‌ڕیووه و من سێ باری ئه‌و کات ته‌مه‌نم هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌توانم به خه‌یاڵ و چاوی نووسه‌رێک ورد و درشتی سێ دیمه‌نی دڵته‌زێن بگێڕمه‌وه که له سه‌روه‌ختی بڕینی هه‌ر ده‌یه‌یه‌کی ته‌مه‌نم بینیبوومن. سێیه‌مینیان دوو حه‌فته‌یه‌ک ده‌بێت روویداوه، به‌وه‌ش هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ماوه‌یه له ده‌وروپشتم بوون ده‌زانن که من ته‌نها سی و سێ ساڵ و دوو حه‌فته ژیام. ئه‌سته‌مه بتوانم خۆم بدزمه‌وه و گوزارش له‌وه نه‌که‌م، به‌ڵام ده‌سته‌کانم ته‌واو شه‌که‌تن و ده‌نگی هه‌ناسه‌دانیش بێزار و هه‌راسانی کردووم.
دوایی ئه‌و هه‌موو برینه‌ی به‌ده‌نم مه‌حاڵ بوو بتوانم جارێکی تر بیر له ژیان بکه‌مه‌وه. بۆیه بڕیارم دا له‌و ماوه‌یه خۆم به نووسینی نامه‌یه‌ک خه‌ریک بکه‌م و له دوای خۆمی به‌جێبهێڵم. له‌گه‌ڵ گرتن و نووسینی کاغه‌زه‌که ده‌سته‌کانم به جۆرێکی سه‌یر ده‌له‌رزین، ناچار تاوێک چاوه‌کانم هه‌ڵبڕی، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی بخوازم ئه‌وان به دوای بینینی پێیه‌کانم دا گه‌ڕان. که له ژێر چه‌رچه‌فه مه‌یله‌و شین و خاوێنه‌که‌ی نه‌خۆشخانه‌که‌دا دیمه‌نی سارد و سڕیان منی برده‌وه به‌رده‌م هه‌مان دیمه‌نی نێو مزگه‌وته‌که.
چاوه‌کانم زوو گه‌ڕانه‌وه سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ی نێو ده‌ستم و بۆ جۆره وشه‌گه‌لێک چاوه‌ڕوان بوون تا نامه‌که‌می پێ به کۆتا بهێنم.
له‌و کاته‌وه‌ی ئۆتۆمبێڵه‌که به‌سه‌ر له‌شمدا تێپه‌ڕیبوو و ببووم به جه‌سته‌یه‌کی هه‌پڕون به هه‌پڕون، یه‌قینێک که‌وتبووه نێو دڵمه‌وه که ئیتر بیرکردنه‌وه له ژیان کارێکی یه‌کجار ئه‌سته‌مه.
دووباره سه‌یری پێیه‌کانم ده‌کرد به‌ڵام نه‌ده‌کرا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژتر له‌و شوێنه بیانهێڵمه‌وه. چونکه ده‌بوو زوو نامه‌که بنووسم و بیخه‌مه ژێر بالیفه‌که‌وه. به‌ڵکو دواتر یه‌کێکی نێو ئه‌و تیمه پزیشکییه‌ی چه‌ند رۆژێک بوو به دیارمه‌وه بوون، ده‌ستێک ده‌خاته ژێر بالیفه‌که و نامه‌که ده‌دۆزێته‌وه. ئینجا له رێگای ئه‌وه‌وه نامه‌که‌م ده‌گات به ده‌ستی پۆلیس، خه‌مخۆرێکی په‌نابه‌ران له شاره‌که، یان به نێو هه‌ناوی ئامێرێکی فاکس دا ره‌ت ده‌بێت، یانیش ده‌چێته ژێر گڵۆپی سکانه‌رێک و دواتر ده‌بێت به ئه‌تاچمێنت بۆ ئیمه‌یڵێکی خه‌مناک. له ئه‌نجام دا ئه‌و نامه‌یه ده‌گاته ژێر بینایی ئازیزێکم و له ناخه‌وه ده‌یتاسێنێت.
من له نووسینی نامه‌یه‌که هه‌رگیز مه‌به‌ستم نه‌بوو رۆژگارێک ئازیزێکم یان هه‌ر تاکه که‌سێک که پێشتر منی ناسیبێت بهێنمه نێو به‌زمی گریان. به‌ڵام مه‌به‌ست له نووسینی دا ڕه‌واندنه‌وه‌ی جۆره گومانێک بوو که له‌وانه‌یه به کوژرانی من له کۆڵانی شارێکی دووردا له نێو دڵی هه‌موویان دا سه‌رهه‌ڵبدات.
ئێستا ئه‌و مێرمنداڵانه‌ی که ئامۆزا و کوڕه خاڵ و خزم و هاوسێمان بوون، هه‌موویان گه‌وره بوون و کوژرانی که‌سێک له کۆڵانی شاریکی دوور دا به هه‌واڵێکی سه‌یر و نامۆ نازانن. بۆیه ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵیشیان دا بێت که ئه‌وه راستییه و له دوارۆژی ئه‌واندا قه‌وماوه، هه‌رگیز ناگه‌نه ئه‌و باره و نازانن که‌وا من له‌و رۆژه‌وه کوژراوم که ده‌ستێکی گه‌وره به‌ر له شۆردنی ته‌رمه‌که منی په‌لکێشی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌که کرد.
ده‌زانی ده‌ردێکی گرانه که له هه‌ره‌تی منداڵی دا حه‌زت بچێته هه‌ڵدانه‌وه‌ی شاراوه‌کان، له یاری و گه‌مه و شه‌ڕه‌شه‌ق و گوێنه‌دانی ئه‌وان به دونیا خۆت بدزیته‌وه و به‌شداری نه‌که‌یت. ئه‌و ده‌رده بوو منی گه‌یانده په‌نا دیواریک که ده‌نگی پرهمێزهکهی دووباره به‌ڵام کز کز ده‌هێنایه‌وه نێو گوێچکه‌کانم. ئه‌وێ شوێنێکی چۆڵ بوو و من خێرا خێرا ده‌سته‌کانم ده‌خسته نێو ده‌رزه‌کانی دیواره‌که و ده‌مگواستنه‌وه و به دیواره‌که هه‌ڵده‌گه‌ڕام. گه‌یشتمه سه‌ر بانه تۆتیاکه و وامزانی گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنم به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته گه‌وره‌یه‌دا هێناوه که منی په‌لکێشی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌که کرد. بێئه‌وه‌ی بیرم له‌وه کردبێته‌وه که له‌وانه‌یه ئه‌و ده‌سته هی ئازیزێکم بوو بێت که ویستی من له بینینی دیمه‌نێک بپارێزێت که مرۆ له ناخه‌وه ده‌تاسێنێت.
من به ئازایه‌تیه‌کی بێوێنه سه‌رکه‌وتبووم و ده‌مه‌ویست چه‌نده‌ی زووتره درزێک یان کونێک له تۆتیاکه بدۆزمه‌وه که خواره‌وه‌ی تێدا ببینم. تۆتیاکانی بانه‌که له زۆر شوێن ژه‌نگیان هه‌ڵێنابوو و منیان بۆ لای خۆیان کێش ده‌کرد. تا له ناوه‌راستی بانه‌که ده‌رزێکی وه‌هام لێ په‌یدابوو که خواره‌وه‌ی به روونی لێوه دیار بوو. من ویستم و نه‌مویست چاوه‌کانم به ده‌رزه‌که‌وه بنووسێنم که گرم که‌وتمه خواره‌وه و له سه‌ر ته‌رمێکی رووت و سار و سڕ دا جێگیربووم. به‌رله‌وه‌ی له هۆش خۆم بچم و ترسناکی دونیا له رووم دا کۆببێته‌وه، رووی مردووی خۆمم بینی که کونێکی گه‌وره له ته‌ختی نێوه چه‌وانییه‌وه هه‌بوو ده‌تگووت کولیلکێکی سووری به‌هاره و له پێده‌شتێکی به‌فراوی دا ڕوواوه.
که‌مێک مابوو رۆحم بچێته نێو شه‌به‌ق و قووڵایی کونه‌که‌وه که له هۆش خۆم چووم و به هه‌مان ده‌سته گه‌وره‌که‌ی پێشوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌که بردرام. به به‌رده‌م چاوی مێرمنداڵه‌کان من ته‌رمێکی دیکه‌ی سارد و سڕ بووم، که‌چی بێئه‌وه‌ی ئه‌وان بزانن من له بێهۆشیدا له گه‌شت و خه‌ونێکی دیکه دابووم. که‌سێکم ته‌مه‌ن بیست ساڵان و له نێو بزووتنه‌وه‌یه‌کی نهێنی کار ده‌که‌م. شه‌وان به دزی باوک و دایکم، برا بچووکه‌که‌م له خه‌و ڕاده‌چڵه‌کێنم و له‌گه‌ڵ خۆم ده‌یبه‌مه ده‌ره‌وه‌ی حه‌وشه‌که. پاشان لایتێکی بچووکی ده‌ده‌مه ده‌ست و کۆڵان به کۆڵان له‌گه‌ڵ خۆم دا ده‌یبه‌م. پێیده‌ڵێم که ئه‌گه‌ر هه‌ر خشپه‌یه‌کی گوێ لێ‌بوو، ته‌نها یه‌کجار لایته‌که‌ی به‌ره‌و رووم داگیرسێنێت و یه‌کسه‌ر بیکوژێنێته‌وه. ئه‌و له په‌نای دیواره‌که کتومت له خۆم ده‌چوو که له نێو مزگه‌وته‌که‌دا بۆ بینیی ته‌رمه‌که وه‌ستابووم.
له‌و خه‌ونه‌م دا کۆڵانه‌کانم ده‌گۆڕین به گوێره‌ی ئه‌و نووسراوانه‌ی له ئاستێکی سه‌رووتر بۆم ڕه‌وانه‌کرابوو تا دیواره‌کانی پێ بنووسم. ئه‌و شه‌وه ده‌بووایه هه‌شت دیوار بنووسم، بۆیه برا بچووکه‌که‌م تا زیاتر دوور ده‌که‌وتینه‌وه زیاتر ده‌شڵه‌ژا و هه‌ندێک جار له خۆڕا لایته‌که‌ی نێو ده‌ستی داده‌گیرساند.
ته‌نها دوو نوسراوم به ده‌سته‌وه مابوو که بانگیم کرد و پێمگووت که چیتر له خۆیه‌وه لایته‌که هه‌ڵنه‌کات تا له ده‌نگ و خشپه‌یه‌ک دڵنیا نه‌بێت.
به قوتووه بۆیه‌که خه‌ریک بووم وشه‌کانی نووسینی حهفتهمینم له دیواری کۆڵانێکی چۆل و هۆڵ ده‌نووسی که برا بچووکه‌که‌م له پڕ لایته‌که‌ی هه‌ڵکرد و تاوێک به ههڵبوویی هێشتیه‌وه. به په‌له ده‌مه‌ویست خۆم بگه‌یێنمه لای ئه‌و کاتێک شتێکی گه‌رم ته‌ختی نێوچه‌وانمی بڕی و ده‌ما و ده‌م منی خست. ئیتر خوێن به سه‌ر روومدا فرچکی کرد و له گشت لاوه جۆگه‌له‌ی به‌ست. لێره به دواوه نه ئاگام له خۆم ما، نه له برا بچووکه‌که‌م و نه له دونیا. ئاکام و ئه‌نجامێکی تاڵ و ناخۆش بوو که خه‌ونه‌که‌می پێ به کۆتا ده‌هات، ده‌تگووت ئه‌وه‌ی له بێهۆشیمدا ده‌مبینی له لایه‌ک بۆ ئه‌وه بوو بمهێنێته‌وه نێو ئاگایی و سۆزی بێ سنووری دایک که به په‌رداخێکی شیر و قاپێکی پڕ له هه‌نگوین له پاڵ سه‌رم دانیشتبوو. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌ق و ورده‌کاری کوشتنه‌که‌م پێ بڵێت که بۆ هه‌مووان ببوو به مه‌ته‌ڵێکی سه‌یر. له راستی دا من که‌سێکی ته‌نیا و تاقانه بووم، هه‌روه‌ها له‌و کۆڵانه‌ی له راستی و خه‌ون دا لێی کوژرابووم نه نووسینێک به سه‌ر دیواره‌که‌وه بوو و نه قوتوویه‌کی بۆیه‌ش له شوێنه‌که‌دا که‌وتبوو.
دوایی شووشتن و ناشتن و ته‌واوبوونی شیوه‌ن بۆ ته‌رمه‌که، کات بۆ من ره‌خسا ده‌رباره‌ی که‌وتنی نێو مزگه‌وته‌که و خه‌ونه‌که بدوێم که له بێهۆشی دا بینیبووم. هه‌ندێکیان به ته‌وسه‌وه گوێیان راده‌گرت و ده‌یانگووت ” خه‌ونی منداڵ ئه‌گه‌ر هه‌مووشی راست نه‌بێت ئه‌وا نیوه‌ی هه‌ر راسته! ”
ئه‌وان به په‌رۆشییه‌کی زۆره‌وه ده‌ستیان له‌سه‌ر شانم داده‌نا له هه‌وڵی بێ په‌روا بوون بۆ ئه‌وه‌ی من بتوانم سه‌ر و سیمای ئه‌و دوو چه‌کداره‌یان بۆ وێنا بکه‌م که گولله‌یان به‌ره‌و رووم ته‌قاندبوو.
به‌ڵام زۆربه‌ی خزم و که‌سان بێ هیوا مابوونه‌وه و ده‌یانگووت ” واز له‌و منداڵه بهێنن، ئه‌وه‌ی بینیوویه‌تی ده‌رئه‌نجامی ره‌فتارێکی بڵحی خۆی بوو که له مزگه‌وته‌که‌دا کردی. “
ده ساڵ تێپه‌ڕین و ئه‌وان رۆژگاره تاڵه‌که‌یان له یاد چوو، که‌چی خه‌ونه‌که له قووڵایی زه‌ینم دا به زیندوویی مایه‌وه و دواتر له سه‌رده‌م و شوێنیكی دیکه‌دا، زۆر نزیکتر له راستی خۆی دووباره کرده‌وه و منی تا سه‌ر ئێسقان په‌شۆکاند و ورد و خاش کرد.
شه‌و بوو له ماڵی هاوڕێیه‌کم ده‌گه‌ڕامه‌وه دوایی ئه‌وه‌ی پێکه‌وه تێر گوێمان بۆ گرتنی شه‌پۆڵه‌کانی رادیۆیه‌کی یاساغ هه‌ڵخستبوو. به‌رله‌وه‌ی به چه‌ند کۆڵانێک نزیک به ماڵ ببمه‌وه، له شوێنێک خشپه‌ی پێ و ده‌نگه ده‌نگێکی زۆرم گوێ لێ‌بوو. دیسان له په‌نای دیوارێک دا له‌نگه‌رم گرت و به لاچاوێکم له ناوه‌وه‌ی کۆڵانه‌که‌م روانی. دیتم تارمایی سێ که‌س له په‌نای دیوارێکدا هه‌ن و تا وردتر ده‌بوومه‌وه شێوه‌یان جوان و روونتر ده‌رده‌که‌وت. دووانیان چه‌کدار بوون و ئه‌وه‌ی سێیه‌میان قۆڵ به‌ست کردبوو و به دیواره‌که‌یان نوساندبوو. تاوێک له‌و دیمه‌نه پڕ له ترس و نهێنیه‌م روانی کاتێک یه‌کێک له چه‌کداره‌کان بۆ دواوه کشایه‌وه و زۆر به خێرایی تفه‌نگه‌که‌ی به رووی که‌سی سێیه‌م ته‌قاند. رووی دوو چه‌کداره‌که بۆ من زۆر ئاشنا بوون و منیان گه‌ڕانده‌وه ده ساڵ پێشووتر. کاتێک دوو که‌سی هاوشێوه‌ی ئه‌وانم له نێو مزگه‌وته‌که بینیبوو هۆڕ هۆڕ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که دا به‌سه‌ر ته‌رمه‌که ده‌گریان.
گۆمێک خوێن له پاڵ سه‌ری که‌سه کوژراوه‌که‌ی په‌نا دیواره‌که ڕژابوو. که‌مێک وه‌ستام به‌ڵام هه‌رگیز نه‌موێرا له رووی ڕابمێنم، دوایی که‌سی بکوژ زۆر بێباکانه و به قاقای پێکه‌نین به ته‌نیشتم دا ڕه‌ت بوو. بکوژێک که له دوارۆژێکی دیکه‌دا دووباره رووی کرێتی خۆیم نیشان ده‌داته‌وه و به جۆرێکی دیکه ده‌مکوژێت.
به‌رله‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی نێو خوێن و شوێنی تاوان به‌جێبهێڵم به خێرایی له دیواره‌که‌م ڕوانی و توانیم له کۆی رسته‌یه‌کی ته‌واو نه‌کراودا ته‌نها یه‌ک وشه بخوێنمه‌وه که ئه‌ویش – بژی . . . . – بوو. ئه‌و ( بژی ) یه‌ی سه‌ر دیواره‌که ته‌زوویه‌کی سارد و سڕ و پڕ له ئازاری ڕه‌وانه‌ی ناخم کرد و خستمیه نێو گومان و دوو دڵییه‌کی گه‌وره‌وه. هه‌ستم کرد ئه‌و ( بژی ) یه‌ی سه‌ر دیواره‌که که به بۆیه‌کی شین و هێشتاکه ته‌ڕ نووسرابوو زۆر ناجۆر و پێچه‌وانه ده‌ینواند. له‌لایه‌ک رووی بکوژه‌که‌ی زۆر زیندووتر نیشانم ده‌دا، که‌چی له لایه‌کی دیکه‌وه قوربانی وه‌ک به‌رخێکی سه‌ربڕاو له کۆڵانه تاریکه‌که‌دا خستبوو.
کاتێک له نه‌خۆشخانه‌که له‌سه‌ر جێگای مردن ئه‌و وشانه‌م ده‌نووسی چاوه‌کانم رۆندکی دونیایان تێزابوو. به تایبه‌ت که ده‌مزانی من له غوربه‌تیشدا هه‌ر قوربانیه‌که‌ی پێشووی ده‌ستی هه‌مان بکوژم. چه‌ند ساعاتێک به‌ر له رووداوه‌که من له رێستورانتێکی یۆنانی له‌گه‌ڵ کیژێکی بیانی دانیشتبووم که تازه خه‌ریک بوو ببێت به دۆستم. ئه‌و دوو چاوه قاوه‌ییه‌کانی له هی من زۆر گه‌وره‌تربوون، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک من نه‌یده‌توانی شته‌کانی ده‌وروپشت به نیگایه‌کی خێرا هه‌ڵبگرێته‌وه. بۆیه ئه‌و کوڕه گه‌نجه‌ی چاره‌که سه‌عاتێک بوو مهنیۆکهی هێنابوو، له هات و چوون و دواکه‌وتنی دۆسته‌که‌م له هه‌ڵبژاردنی خواردنێک بێزاری دونیا له‌سه‌ر رووی نیشتبوو. من چه‌ند جارێکی دیکه‌ش هه‌ستم به‌وه کردبوو که ئه‌و کیژه جوانه‌ی منی له غوربه‌ت دا له ته‌نیاییه‌کی کوشنده ده‌رهێنا، له هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی شته‌کان که‌مێک خاو و هێواشه. بۆ من ئه‌وه هه‌رگیز گرفتێکی گه‌وره نه‌بوو. ئه‌و له نێو گشت کوڕه گه‌نجه‌کانی نێو هۆڵ و باخچه و شوێنه‌کانی دیکه‌ی خوێندن منی هه‌ڵبژاردبوو، هه‌روه‌ها به چێژ و دونیایهکیشی ئاشنا کردبووم که له راستی و زینده‌گی دا چ جار بۆم نه‌ره‌خسا بیانبینم.
به‌رله‌وه‌ی له یه‌کتر جیابینه‌وه داوای کرد که‌مێک بچینه دیار شه‌پۆڵه‌کانی زه‌ریا، وه‌ک ئه‌وه‌ی زانیبیهتی که‌وا پێشتر من به ناوی خوازراوی ( شه‌پۆڵ ) کۆڵانه‌کانم نووسیبوو. له‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی به کوردییه‌کی پاراو کرد، ترسێک چووه نێو دڵمه‌وه و به گومانه‌وه سه‌یری نێو چاوه قاوهییهکانیم کرد. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی من له سه‌روه‌ختی ئه‌وه‌دا بووم که تۆی ئه‌وینێک له دڵم دا بچێنم، ئاخاوتنه‌که‌م به ڕێکه‌وتێکی رۆمانسی زانی له‌وه‌ی پیلانێکی شووم و نهینی بێت بۆ ئازاردان و کوشتنم.
کیژه تازه دۆسته‌که‌م هێز و تواناییه‌کی سه‌یری هه‌بوو له بینینی شته نادیار و شاراوه‌کان. ئه‌و ده‌یه‌ویست من به ته‌نیا نه‌چمه کۆڵانه باریکه‌که‌ی پشت ئه‌و رێستورانته‌ی که تێیدا دڵی و ده‌روونی خۆمان بۆ یه‌کتر واڵا کرد. ده‌یه‌ویست له‌و مه‌ترسییه رزگار بکات که له سه‌رده‌مێکی دیکه‌وه دووباره هاتبووه ڕێم.
من ده‌بووایه له‌گه‌ڵ ئه‌و دا به پیاده چووبامایه شوێنه‌که‌ی که داوای کرد، به‌ڵام لێم روون بوو ئه‌و شاره‌ی چه‌ند ساڵێک بوو لێی ده‌ژیام له رووبارێکی شێلو بترازێت چ ئاوێکی دیکه‌ی لێ نه‌بوو.
ئێستاکه له سه‌ره مه‌رگدا و کاتی نووسینی ئه‌و نامه‌یه، بیرهاتنه‌وه‌ی ئه‌و ئێواره‌یه له یاده‌ورییه‌کی بابرده زیاتر هیچ شتێکی دیکه نییه.
ئه‌و پیاده ڕۆیشت و منیش به‌ره‌و ئه‌و شوێنه چووم که له نیوه‌ڕۆوه ئۆتۆمبێله نیسانه سپییه‌که‌م لێی ڕاگرتبوو.
هه‌ر که پێمنایه کۆڵانه تاریکه‌که‌ی پشت رێستورانته‌که و میاوه میاوی پشیله تێر و پڕه‌کان له گشت لاوه هاته نێو گوێچکه‌کانم، خه‌مناکی و نیگه‌رانییه‌کی قووڵ دایگرتم. وایلێکردم هه‌ست بکه‌م که‌وا من هه‌ر به ته‌نها مێرمنداڵه خه‌ونبینه‌که نیم، به‌ڵکو ته‌رمه‌که‌ی نێو مزگه‌وته‌که و که‌سه دهستڕێژلێکراو و له خوێن گهوزیوهکهی نێو کۆڵانه تاریکهکهشم.
ده‌ڕۆیشتم و له دووره‌وه شه‌وقی لایته‌کانی ئۆتۆمبێڵێکم به‌دیکرد که هێواش هێواش به‌ره‌و رووم ده‌هات، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ دیده‌نی من وه‌ستابێت. ئۆتۆمبێڵه‌که ده‌هاته پێش و چه‌ند جار شه‌وقی لایته‌کانی بڵند و نه‌وی ده‌کرده‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی به چاوێک هۆشداریم پێبدات که رێگای به‌رده‌می چۆڵ بکه‌م و به چاوێکی دیکه‌شه‌وه پێم بڵێت له‌و کۆڵانه باریکه‌دا ئیتر ده‌ربازبوونم بۆ نییه. ئۆتۆمبێڵه‌که نزیکتر ده‌بووه‌وه شه‌وقی لایته‌کانی نزمتر ده‌خسته نێو چاوه‌کانم. هه‌تا گه‌یشته ئاستێک و سه‌ری گه‌وره‌ی شوفێره‌که‌م دیت که خه‌ریک بوو گڵۆپه بچووکه‌که‌ی بان سه‌ری داده‌گیرساند. لێره‌وه شوفێره‌که ئۆتۆمبێڵه‌که‌ی وه‌ک گایه‌کی بڵح به ده‌نگێکی گڕ به‌ره‌و رووی من هاژووا. له به‌رامبه‌ر دا من به روویه‌کی په‌شۆکاو، ببووم به جه‌سته‌یه‌کی سارد و نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سه‌رسوڕمان. هیچم له‌و زۆرنبازانه نه ده‌چوو که پۆشته و په‌رداخ له ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پان له چاوه‌ڕوانی گایه‌کی چاو پڕ له خوێن دا ده‌وه‌ستن.
لموزی لای چه‌په‌ی ئۆتۆمبێڵه‌که‌م به‌رکه‌وت و منی پشتاوپشت خسته ژێر پێیه‌کانی. له‌گه‌ڵ هاوار و ناڵه‌ی که‌وتنم پشیله‌کان به میاوهمیاوێکی زۆره‌وه ڕاپه‌ڕین و گه‌لێک لێل و شێڵو تارمایی یه‌کێکیانم دیت که له پاڵ من له ژێر تایه‌که‌دا فلیقایه‌وه و خوێنی تێکه‌ڵ به خوێنم بوو.
له سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌که دا هۆش هاتنه‌وه‌م زه‌مه‌نێکی زۆر درێژتری به‌سه‌ر دا چوو بوو، له‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده ساڵی کاتێک دایکم به په‌رداخێکی شیر و قاپێکی پڕ له هه‌نگوین له پاڵ سه‌رم دانیشتبوو. ته‌نیا بووم و کاریگه‌ری برین و ئێسک شکان و هه‌پڕون به هه‌پڕون جه‌سته‌م منی زیاتر له په‌نجا سه‌عات له کۆما دا هێشتبووه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌زار و یه‌ک لێکدانه‌وه و خه‌ونی سه‌یریشی له زه‌ینم دا چاندبوو، وایلێکردبووم نه‌توانم راستی له خه‌یاڵ جوایه‌ز بکه‌مه‌وه، مردن له ژین.
له نامه‌که‌دا ده‌منووسی که‌وا ده‌بووایه به‌ر له کوژرانم له دیوارێک دا بمنووسیبایه – بژی ئه‌وه‌ی به نووسین و چه‌پڵه‌لێدانی من سه‌رکه‌وت که‌چی دواتر بوو به بکوژم.
له کۆڵانه تاریکه‌که‌ی پشت رێستورانته‌که کاتێک رووی شوفێره‌که‌م له نێو ئۆتۆمبێڵه تازه و ره‌شه‌که‌ی بینی و نه‌بینی، تووشی بارێکی ده‌روونی گرژ و تاڵ و ئاڵۆز بووم. ڕه‌نجام له بێده‌سه‌ڵاتی خۆم که هه‌تا سه‌ر به‌رگی قوربانی ده‌پۆشم، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌زار و یه‌ک نه‌فره‌تم له چاره‌ی بکوژه‌که‌م کرد که به‌رله‌وه‌ی به وشه‌یه‌ک بمدوێنێت گولله به رووم دا ده‌ته‌قێنێت و به ئۆتۆمبێڵه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پشیله‌یه‌ک دا پانم ده‌کاته‌وه.
له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی نه‌خۆشخانه‌دا و له دواڕۆژ و پێشهاتێکی هه‌رگیز نه‌هاتوو دا، من که‌سێکی هیچ و نه‌بوو بووم. تارمایی و رۆحی ئه‌و ته‌رمه بووم که له ژێر پێخه‌فێکی که‌سک و سوور دا ته‌نها پێیه زه‌رد و مردووه‌کانی دیاربوون. ته‌رمێک که له هه‌موو ئه‌وانه‌ی به خه‌مناکی وه‌ستابوون و له دانیشتن دا ده‌گریان، په‌رۆشتر بوو رووی بکوژه‌که‌ی بناسێته‌وه. بۆیه جارێک ده‌بوو به رۆحێکی په‌رێشان و کڵۆڵ و له خه‌ونی مێرمنداڵێک له ئاشکراکردنی راستی ده‌گه‌ڕا، جارێکی دیکه له دونیای ئه‌وانه ڕایده‌کرد که له په‌نای دیوارێک دا له‌سه‌ر ره‌فتارێکی شۆڕشگێڕانه ده‌یکوژن و دواتر له هه‌ڵگرتن و شۆردن و ناشتنی دا له خه‌ڵکه‌که خه‌مناکتر رۆندکی تیمساح ده‌بارێنن. بۆیه له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی مردن دا و له شارێکی دووری غوربه‌ت من هه‌مان ئه‌و ته‌رمه بووم که له نێو مزگه‌وته‌که‌دا بینیبووم. وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌شته تاڵ و شیرینه‌کانم به نێو دونیای راستی و وههم دا ته‌نها بۆ ئه‌وه بووه که راستییه‌کم بۆ بسه‌لمێنێت که‌وا بڵێم بکوژ هه‌تا سه‌ر بکوژه و قوربانیش هه‌تا سه‌ر قوربانی.
له‌گه‌ڵ دامرکانه‌وه‌ی ده‌نگی ناخۆشی پرهمێزهکه و خشپه خشپی ئه‌و ده‌ستانه‌ی چه‌ند جارێک هه‌ڵمده‌گرن و دواتر جله‌کانم له‌به‌ر داده‌که‌ن و ده‌مشۆن، من ده‌مێک بوو توانایی ناسینه‌وه‌ی رووی بکوژه‌که‌م له ده‌ست دابوو؛ ده‌مێک بوو له خه‌ونێکی مێرمنداڵیم هاتبوومه ده‌ر و ده‌ستی برا بچووکه‌که‌م به‌ردابوو؛ ده‌مێک بوو له‌و خه‌باته په‌ژیوان ببوومه‌وه که بۆ سه‌رخستنی بابایه‌ک بوو که به شه‌و له کۆڵانێک دا ده‌مکوژێت و به رۆژیش له مزگه‌وتێک دا به سه‌ر ته‌رمه‌که‌م دا ده‌گریت.
بۆیه دوایی ئه‌و ئاکامه شوومه من هه‌رگیز نه‌گه‌یشتبوومه ئه‌و شوێنه دووره‌ی خاکی غوربه‌ت و هه‌رگیز له رێستورانتێکی یۆنانی له‌گه‌ل کیژێکی جوان دانه‌نیشتبووم. نه‌وه‌ک هه‌رگیز نه‌مده‌هێشت له‌و دوارۆژه نه‌هاتووه‌دا ده‌ستم به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مێک دا وشک بێت که به‌هۆیه‌وه ده‌متوانی رووی بکوژه‌که‌م ئاشکرا بکه‌م که ئه‌مجاره ئۆتۆمبێڵێکی ره‌ش و تازه‌ی پێ‌بوو و به قاقا به کوشتنم پێده‌که‌نی.
به‌رواری نووسین
(سڕاوه‌ته‌وه)