ڕیال مه‌درید بۆ دۆڕاندی
من خۆم یه‌کێکم له‌و که‌سانه‌ی زۆر که‌م ته‌ماشای یاری ده‌که‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێک یاری هه‌یه نا‌توانیت ته‌ماشای نه‌که‌یت. دوێنی هه‌ندێ شتی سه‌یرم سه‌باره‌ت به یارییه‌که‌ی نێوان ڕیال مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه خوێنده‌وه، نه‌مده‌توانی بڕوا بکه‌م تا شه‌وێ یارییه‌که‌م به چاوانی خۆم بینی. پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناوه‌ڕۆکی مه‌سه‌له‌ی دۆڕاندن و ئه‌و هه‌واڵانای ده‌رباره‌ی ڕاهێنه‌ره تازه‌که بڵاوکرانه‌وه ده‌بێت ڕیاڵ دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێت، که خۆسێ مۆرینۆ هۆکاری سه‌ره‌کی شکسته‌کانی ڕیاڵه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستی وه‌رداوه‌ته ناو دادوه‌ری یارییه‌کان و هه‌ڕه‌شه‌ی هێنانی هێزی بۆ ناو یاریگاکه کردووه، ئاخر نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌نده لووت به‌رز بێت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌شکرێک لایه‌نگرو چه‌پڵه‌لێده‌ری هه‌یه، بیه‌وێت به شه‌ڕێکی ناوخۆیانه‌وه بگلێنێت و چاره‌نووسی تیپه‌که‌ش به‌و ڕۆژه بگه‌یه‌نێت وه‌ک بینیمان.
سه‌رچاوه‌یه‌ک، که نه‌یوویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، گووتی: ئه‌گه‌ر خۆسێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی به‌رده‌وام بێت و دان به شکسته‌کانی خۆیدا نه‌نێت و واز له ده‌ستێوه‌ردان له دادوه‌ری نه‌هێنێت و لێنه‌گه‌ڕێت دادوه‌ر سه‌ربه‌ستانه تاوانباران به سزای کارتی زه‌ردو سوور بگه‌یه‌نێت ئه‌وا دوور نییه ناچار بکرێت ووڵات به‌جێبهێڵێت و به یه‌کجاری پێی بڵێن (ارحل) واته بڕۆ ملت بشکێنه.
سه‌باره‌ت به دۆڕاندنه‌که‌ی دوێنێ شه‌و 4 ئایاری 2011 قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ک ده‌ڵێن دوای ئه‌وه‌ی له‌یارییه‌که‌ی پێشوودا خۆسێ مۆرینۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌دادوه‌ر کردووه‌و وویستوویه‌تی ده‌ست له دادوه‌ری یارییه‌که‌وه وه‌ردات، کارتێکی سووریا‌ن داوه‌تێ، که بلیتی سه‌فه‌رێکی بۆ ڕۆما له‌گه‌ڵدا بووه‌و پێیان گووتووه تا کۆتایی یاری پاڵاوتنی فیناڵ بۆی نییه بگه‌ڕێته‌وه‌و په‌یوه‌ندی به یاریزانه‌کانه‌وه بکات. هه‌ندێک پێیان وایه دوورخستنه‌وه‌ی خۆسێ ده‌ستی جێگره‌که‌ی له پشته‌وه‌یه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ندێک یاریزانی به توانا و دڵسۆز. یارییه‌که‌ی دوێنێ شه‌ویش تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند. بۆ نمونه: دوورخستنه‌وه‌ی مه‌سعود ئۆزیل و سامی خه‌زیره، یه‌که‌میان به بیانووی ئه‌وه‌ی خزمایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ موحه‌مه‌د بوعه‌زیزی، ئه‌و ئاژاوه‌چییه‌ی بێده‌نگی و ئارامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی شه‌ڵه‌قاند و خوا ده‌زانێت ئه‌و ئاگره‌ی له‌خۆبه‌ردا چه‌ند ووڵاتی تری پێوه ده‌سووتێنێت، هه‌ره‌وه‌ها، له‌ڕێگه‌ی پشکنینی تایبه‌ته‌وه ده‌رکه‌وت سامی به لێدان له‌یاریدا نه پێکراوه، به‌ڵکو ئاسه‌واری لێدانی چه‌ند تێڵایه‌کی پێوه‌یه هه‌روه‌ها سه‌ری له‌چه‌ند جێگایه‌ک به دارلاستیک شکێنراوه، به پێی ئه‌وه‌ی چاوی دوو مه‌تر پێش خۆی نابینێت و به‌رده‌وام ئاو ده‌کات ڕه‌نگه گازی فرمێسک‌ڕێژ و خواده‌زانێ چیتریشی به‌رکه‌وتبێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، نه‌ک هه‌ر به‌شداربووه له خۆپیشاندانه‌کان به‌ڵکو له ڕیزی پێشه‌وه بووه بۆیه پشکی شێری به‌رکه‌وتووه، سه‌باره‌ت به مه‌سعود ئۆزیلیش ده‌ڵێن: گوایه له‌یه‌کێک له ته‌له‌فزیۆنه فه‌رمییه‌کان گووتوویه‌تی: من کوردم و شانازی به کوردبوونمه‌وه ده‌که‌م، ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری ئاماژه‌یه‌کی ترسناکه و پێده‌چێت ئه‌میش له‌ژێر کاریگه‌ری سامیدا ده‌ستی له خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی دیاربه‌کردا هه‌بووبێت، چونکه خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌یه‌و کورده‌کان ئه‌م شاره به پایته‌ختی کوردستانی گه‌وره ده‌زانن وه‌ک له گه‌نجینه‌ی خه‌ونی شاعیران‌دا هاتووه، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ پارچه پارچه‌کردنی به‌شێکی گه‌وره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامییه‌کی راسته‌قینه بۆ ناوچه‌که، که له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ لایه‌ندا نییه. هه‌ندێکی تر پێیان وایه مه‌سعود به ته‌واوی که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری سامی و هه‌موو نه‌خشه‌کانی هێرشبردن لای سامییه‌وه داده‌ڕێژرێت، مه‌سعود ته‌نها هێرش و گۆڵکردنه‌که‌ی له‌سه‌ره.
ئه‌م ڕاهێنه‌ره که له‌ڕاستیدا جێگره قسه‌ی زۆر له‌سه‌ره هه‌ندێک پێیان وایه له‌ژێره‌وه په‌یوه‌ندی به سه‌رۆکی یانه‌ی به‌رشه ساندرۆ ڕۆسیل ه‌وه هه‌یه، به پێی ئه‌و پشتیوانییانه‌ی لێیده‌کات، هه‌ندێکی تر گومانی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌داهاتوودا ڕیاڵ به ته‌واوی ته‌سلیمی به‌رشه بکات له پێناو ده‌ستکه‌وته شه‌خسییه‌کانی خۆیدا، هێشتا ئه‌مانه ته‌نها قسه‌ن و داهاتوو بڕیار ده‌دات چاره‌نووسی ئه‌م دوو یانه چی به‌سه‌ر دێت، چونکه به پێی ئه‌م ململانێ توونده‌وه، که هه‌ریه‌که‌یان ده‌یه‌وێت ملی ئه‌وی تر بشکێنیت و هه‌موو هێزو ووزه به‌هێزو زۆره‌که‌یان له‌یه‌کدا سه‌رف ده‌که‌ن و وا خۆیشیان ده‌رده‌خه‌ن یه‌کێتییه‌کی ناوه‌کییان هه‌یه، دوور نییه یانه لاوازه‌کان له‌م ململانێ خۆکوژییه‌دا به‌هێز بن و ئه‌م دوو یانه له‌کۆتاییدا خۆیان هه‌ڵنه‌وه‌شیننه‌وه یان یه‌کنه‌گرن دژی یانه‌کانی تر. یان له‌خراپترین حاڵه‌تدا دیسانه‌وه به‌رشه ناچار بێت په‌نا بۆ ڕاهێنه‌رێکی بێگانه به‌رێت وه‌ک وه‌ک ساڵی 1996 کاتێک په‌نای بۆ ڕاهێنه‌ری ئینگلیزی ڕۆبی ڕۆبسۆن برد به‌نیازی سڕینه‌وه‌ی ڕیاڵ، به‌ڵام به‌رشه له‌وه بێ‌ئاگا بوو، که ڕیاڵ پێش ئه‌و هانای بۆ ڕاهێنه‌ری ئیتالی فابیۆ کاپێلۆی بردبوو، ئاکامه‌که‌ش هردوولایان دۆڕان.
به‌پێی زۆرێک له چاودێرانی وه‌رزشی دوورخستنه‌وه‌ی مۆرینۆ به جۆرێک له سیناریۆی نێوان خۆیان ده‌زانن بۆ به‌شدارینه‌کردنی سامی له‌م یارییه‌داو سنورێک بۆ مه‌سعودیش دانێن، که چیتر نه‌توانێت له‌هه‌موو یارییه‌کاندا وه‌ک یاریزانێکی سه‌ره‌کی تا کۆتایی به‌شدار بێت، ئه‌م بۆچوونه‌ش هه‌ندێک ڕاستی تێدایه، وه‌ک سیناریۆی به‌ڕێوه‌به‌ره تازه‌که‌ی لای خۆمان، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌که‌م بڕیاردا ژنێکی نانبڕاوکرد به بیانووی ئه‌وه‌ی مێرده‌که‌ی شیعرێکی به بێ مۆڵه‌ت نووسیوه، نووسینی هه‌ر شیعرێکیش به بێ مۆڵه‌ت ده‌چێته خانه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانییه‌وه، چونکه هیچ هێنده‌ی شیعر له‌م سه‌رده‌مه‌دا ترسناک نییه، ئه‌مه‌ش مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه، ده‌ڵێن فه‌یله‌سوفێک ده‌وڵه‌تێکی له‌خه‌ون درووستکرد، که‌چی له‌سه‌ر ده‌رگاکه‌ی نووسیبوو، شاعیره‌کان بۆیان نییه بێنه ژووره‌وه، که‌چی دوای سێهه‌زار ساڵ هاوکێشه‌که هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا شاعیره‌کان خه‌ون به ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بینن، سیسه‌تمه‌داره‌کانیش له‌وه ده‌ترسن، له‌سه‌ر ده‌رگای ئه‌م ده‌وڵه‌ته بنووسن بۆ سایسه‌تمه‌تداره بوده‌ڵه‌و بچوو‌که‌کان نییه بێنه ژووره‌وه!.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم: مێژووی ململانیی خوێناوی ئه‌م دوانه کۆنه، زه‌ره‌رمه‌نده گه‌وره‌که‌ش چه‌پڵه‌لێده‌ره‌کانه، هه‌ردوو لایان پاش یارییه‌که له‌سه‌ر خوانێک ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌و قاقا پێده‌که‌نن، که‌چی چه‌پڵه لێده‌رانیش له‌ده‌ره‌وه یه‌کتری خوێناوی ده‌که‌ن و په‌لامار ده‌ده‌ن، بۆیه باشتره نه به بردنه‌وه‌ی به‌رشه دڵت خۆش بێت، نه به‌دۆڕاندنی ڕیاڵ دڵته‌نگ بیت، چونکه ئه‌م دوانه بۆ ملشکانی ئه‌ویتر سڵ له هیچ ناکه‌نه‌وه.