
تێگه‌یشتنه‌کانی مه‌ریوان له ئاستی ڕووداوه‌کاندا نیین
گوێڕایه‌ڵیی ، پێش ئه‌وه‌ی به سیستمه سیاسییه‌کانه‌وه په‌یوه‌ست بێت ، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و پێکهاته‌یه‌کی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئه‌رکێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی و خاسیه‌تێکی خێزانییانه و پێداویستییه‌کی تاکی سه‌ر به ” کۆ ” یه . گوێڕایه‌ڵیی بۆ سیستمه سیاسییه‌کان له‌و گوێڕایه‌ڵییانه‌ی تره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن . خودی کۆمه‌ڵگا ، کۆمه‌ڵگای “کۆ ” یه نه‌ك کۆمه‌ڵگای تاك . تاکی بێ ” کۆ ” له کۆمه‌ڵگادا بوونی نییه . هه‌موو تاکه‌کان به زۆر به‌ستراونه‌ته‌وه به ” کۆ ” وه . گوێڕایه‌ڵیی له کۆمه‌ڵگادا بریتییه له گوێڕایه‌ڵیی تاك بۆ کۆ . تا له‌م هاوکێشه‌یه نه‌ده‌یت ، چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گوێڕایه‌ڵیی سیاسییانه‌ت بۆ ڕژێمه دژه مرۆییه‌کان بۆ ناکرێت . گرفته‌که‌ی مه‌ریوان له ووتاری ” حزب و سیاسه‌تی گوێڕایه‌ڵیی “دا لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات .
مه‌ریوان ، گوێڕایه‌ڵیی وه‌کو کولتوورێك و فاکته‌رێکی دروست بوون و مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی و حاڵه‌تێکی داسه‌پاوی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی سه‌ر تاکه‌کان نابینێت . ئه‌و زیاتر وه‌کو خاسیه‌تێکی سیستمی سیاسی و مه‌سه‌له‌یه‌کی ویژدانیی تاکه‌کان ده‌یبینێت . مه‌ریوان ، زنجیره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالاری له ده‌ست و قاچی تاکه‌کاندا وێنا ناکات . ئه‌و تاکاکان به مرۆڤه باڵاکانی نیتشه له قه‌ڵه‌م ده‌دات و پێی وایه هه‌ر یه‌که‌یان ده‌بێت له‌و کاتانه‌ی که مه‌ریوان ڕای له سه‌ریه‌تی، خۆی له سه‌رووی کۆمه‌ڵگا و سیستمه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ،،،،هه‌تده‌کانیه‌وه دابنێت . مه‌ریوان ، ئه‌و تاکانه‌ی که کوێرانه گوێڕایه‌ڵیی له یاساکان و فه‌رمانه‌کان و ئه‌رکه خه‌مڵیوه‌کانی ناو مێشکیان ده‌که‌ن . به تاکه ته‌سلیم بووه‌کان له کۆتایی ووتاره‌که‌یدا ناویان ده‌هێنێت ، به‌بێ ئه‌وه‌ی که پێناسه‌ی خۆیشی وه‌کو تاکێکی ته‌سلیم بوو بکات . له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا که‌س نییه ته‌سلیم نه‌بووبێت . هه‌ر یه‌که‌و به جۆرێکی تایبه‌ت له لایه‌ن هێز و یاسا و کو‌لتوور و ڕۆشنبیری باو و ڕای گشتی و ئایین و ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌ت و ….هتده‌وه تاسلیم بووه . کێشه‌که له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا له ته‌سلیم بوونی مرۆڤه‌کاندا نییه ، به‌ڵکو له پله و جۆری ته‌سلیم بوونه‌کاندایه .
ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌و مرۆڤانه له گوێڕایه‌ڵی کوێرانه بۆ یاسا و فه‌رمان و ئه‌رك ، ڕزگار بکه‌یت ، ئه‌وا : 1 – یاسا و فه‌رمان و ئه‌رك ، له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا شی بکه‌ره‌وه .
2 – په‌یوه‌ندییان به سیستمه سیاسییه جۆربه‌جۆره‌کان و به ته‌واوی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕه‌وشه ئاببوورییه‌کانه‌وه ڕوون بکه‌ره‌وه .
3 – له باری تیۆرییه‌وه چۆنیه‌تی وه‌لانانی ئه‌م دیارده‌یه ” واته گوێڕایه‌ڵیی کوێرانه ” له ناو داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان و دامه‌زراوه ئایینی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دابڕێژه .
4 – شێوازی کرده‌یی بوونه‌وه‌ی وه‌لانانی ئه‌و دیارده‌یه ، له گردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی بێ توندوتیژیدا به هه‌موان بناسێنه .
5 – پله‌ی ده‌رفه‌ته ڕه‌خساوه‌کان بۆ هه‌ڵپێچانی گوێڕایه‌ڵییه‌کان ، به پێی تێگه‌یشتنه‌کانی خۆت بۆ بارودۆخه جیاوازه‌کان ، سه‌باره‌ت به تاکی سه‌ربه‌کۆ ده‌ستنیشان بکه .
تاکه که‌س لای ” مه‌ریوان ” ه‌وه هه‌میشه تاکی سه‌ربه ” کۆ ” یه . واته تاکی دانه‌بڕاوه له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئه‌رکی نه‌ته‌وایه‌تی و کو‌لتوور و په‌یوه‌ندییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆشنبیرییه‌کان و مێژوو . مه‌ریوان تاکی سه‌ربه‌خۆ به فه‌رمی ناناسێت . تاکێك ده‌ناسێت که وابه‌سته بێت به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و له‌وپه‌ڕی یاخی بوون و شۆڕشگێڕ بوونیشیدا له سنووری جوانکاری کردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه واوه‌تر نه‌ڕوات . واته مه‌ریوان له پاشکۆ بوونی تاکه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، ئازادییه‌کانی تاك به فه‌رمی ده‌ناسێت . مه‌ریوان ، مرۆڤه‌کان له‌و پاشکۆیه‌تییه و له ژێر باری تاڵان کردنه‌کانی هه موو جۆره ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و …..هتدکان ڕاده‌گرێت و دوای ئه‌وه‌ش لۆمه‌ی بێ ویسته‌گی ” ئیراده ” و به ده‌مه‌وه نه‌چوونی ویژدانییانه و له‌بیرکردنی ئه‌رکی مرۆییان ده‌کات . له مه‌سه‌له‌ی “حزب ” یشدا که دواتر ئاماژه‌ی پێده‌که‌مه‌وه ، مه‌ریوان له لایه‌که‌وه ناچێته ناو پرۆسه‌ی شیکردنه‌وه‌ی حزب و چۆنیه‌تی به‌رهه‌مهێنانی چه‌وساندنه‌وه‌کان تیایدا و له لایه‌کی تریشه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان حزب و ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا و سیستمه‌کانی یه‌کاڵا ناکاته‌وه و له‌وێشه‌وه چۆنیه‌تی به ده‌ستهێنانی ماف و ویسته‌گی و ئازادییه‌کانی بیر و کارکردن گه‌ڵاڵه ناکات .
گرفته‌که له‌ویادا نییه که شیکردنه‌وه‌ی بۆ دیارده‌ی گوێڕایه‌ڵیی کردووه ، به‌ڵکو له‌ویادایه که له بنه‌وه‌ڕا نه‌یتوانیوه ئه‌و شیکردنه‌وه‌یه بکات . ئه‌م ته‌نیا له ڕووه ساده‌که‌یدا و ئه‌توانم تا ڕاده‌یه‌ك بڵێم ڕۆمانسییانه ، هاتووه قسه‌وباسێکمان له‌و باره‌یه‌وه بۆ ده‌کات . نه‌هاتووه خوێنه‌ر به‌رێته ناو قووڵاییه‌کانه‌وه و به ڕه‌گوڕیشه‌ی دیارده‌که‌یان ئاشنا بکات .
مرۆڤه‌کان هه‌میشه له ئاسته ساده‌کاندا له شته‌کان ده‌گه‌ن . ڕۆشنبیره‌کانیش که له نووسینی بابه‌ته‌کانیاندا له‌و ئاستانه تێناپه‌ڕن ، جۆرێك له که‌مته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر به خوێنه‌ر و گرنگیدان به مه‌زنایه‌تی خۆیان پیاده ده‌که‌ن . واته پێش ئه‌وه‌ی له هه‌وڵی بردنه پێشه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری و یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کێشه‌کاندا بن ، له هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رسامییه‌کانن به خۆیان .
به پاشکۆ کردنی تاك بۆ کۆمه‌ڵگا و سیستمه‌کانی ناوی و له هه‌مان کاتیش‌دا داوا لێکردنی بۆ بوون به پاڵه‌وان و خاوه‌ن ویسته‌گی خۆیان ، فاکته‌رێکی دیکه‌ی دروست بوونی تراژیدیایه له فکری مه‌ریوان دا . ئه‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆشنبیرییانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا کۆبوونه‌ته‌وه ، هه‌موویان ده‌سه‌ڵاتی تاڵانکراوی تاکه‌کانن . ئه‌و هه‌موو تاڵانکردنانه‌یه که تاکه‌کانی بێ ویسته‌گی ” بێ ئیراده ” کردووه . مرۆڤ به‌و بڕه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێده‌سێندرێته‌وه ، به‌و بڕه‌ش له هه‌بوون و به‌کارهێنانی ویسته‌گی بێبه‌ش ده‌کرێت . هه‌رچه‌نده ناتوانرێت تاڵانی ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌کان به ڕه‌هایی بکرێت ، به‌ڵام ئه‌و تاڵانکردنانه تا سنووری ملکه‌چ کردنێکی تۆقێنه‌رانه ده‌به‌ن .
حزب دیارده‌یه‌کی بۆگه‌نی کۆمه‌ڵگا و ئامڕازێکی دزێو و کۆنه‌په‌رستانه‌ی بردنه پێشه‌وه‌ی ململانێی تاڵانچییه‌کانه . هیچ حزبێك نییه له دنیادا و لای منه‌وه له‌م پێناسه‌یه به‌دوور بێت . ئه‌و به‌گه‌ڕ خستنه‌ی پرۆسه‌ی جیاوازییه‌کان و ئه‌و گه‌وجاندنانه‌ی ئه‌ندامه‌کانی خواره‌وه و ئه‌و به کۆیله کردنانه‌یان له حزبه ڕاست و چه‌په‌کاندا ، وێنه‌یه‌کی دروستی ئه‌و کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌ی ئه‌وانه که له سبه‌ینێی فه‌رمانڕه‌واییاندا دایده‌مه‌زرێنن . حزب ئامڕازی خڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئامڕازی چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و ئامڕازی داماڵینی مرۆیی بوونی مرۆڤه . لابردنی کۆیله‌یه‌تی له حزب دا ته‌نیا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌کته‌ب سیاسی و کۆمیته ناوه‌ندی و زنجیره مه‌راتب ده‌بێت . هیچ حزبێکی ئازادیخواز و مرۆڤپه‌روه‌ر ، له دنیادا نه‌بوه و نییه . حزبه باشه‌کانی دنیا ، ئه‌و حزبانه‌ن که له حزبه‌کانی دیکه که‌متر خراپن . دیارده‌ی حزب له مێژوودا ، به‌رهه‌می چوونه پێشه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له هه‌موو چوونه پێشه‌وه‌یه‌کیدا ، تاڵانییه‌کی زیاتری له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی تاکه‌کانه‌وه کۆکردووه‌ته‌وه . حزب ئامڕازی دابه‌ش کردنه‌وه‌ی ئه‌و تاڵانییانه‌یه که له کۆمه‌ڵگادا کۆکراوه‌ته‌وه و هه‌میشه‌ش هه‌ر کۆده‌کرێته‌وه .
گوێڕایه‌ڵیی له حزب دا جگه له‌وه‌ی پایه‌یه‌کی گرنگی هه‌موو حزبه‌کانی دنیایه ، له کوردستانیشدا ئیسلامییه‌کان و کۆمۆنیسته‌کان و ناسیۆنالیسته‌کان هه‌میشه جه‌ختیان له‌سه‌ر کردووه‌ته‌وه و بره‌ویان له ناو حزبه‌کانیاندا پێداوه . گوێڕایه‌ڵیی له حزب دا ، نه‌ك هه‌ر گه‌وجاندن و سڕینه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و کۆیله کردنی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه ، به‌ڵکو مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌شی لای ئه‌ندامان به پرنسیپ کردووه .
بژار 1- 5 – 2011