![ئه‌رێ من یه‌كێتیم ؟ …. ته‌لعه‌ت تاهیر ئه‌رێ من یه‌كێتیم ؟ …. ته‌لعه‌ت تاهیر](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/talatTahir_484790087.jpg)
ئه‌رێ من یه‌كێتیم ؟ …. ته‌لعه‌ت تاهیر
ماوه‌یه‌كی زۆره تێبینیه‌ك ده‌كه‌م : زۆر جار له دانیشتن و په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ( به تایبه‌تی گه‌نجانی هه‌ولێر ) كاتێ قسه‌وباس دێته سه‌ر سیاسه‌ت ، هه‌موویان من به حزبی ده‌زانن ، پێشیان سه‌یره كاتێك ده‌ڵێم براینه من یه‌كێتی نیم . هه‌میشه‌یش پرسیار له خۆم ده‌كه‌م : باشه من نه جارێك له جاران له یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی هیچ حزبێك به‌شدار بوومه و نه رۆژێك له رۆژان یه‌ك حه‌رفم له مه‌دحی هیچ حزبێك بڵاوكردۆته‌وه و نه فۆرمێكی حزبی بوونیشم لای هیچ حزبێكی كوردستانی و غه‌یره كوردستانی پڕ كردۆته‌وه ، نه ئابوونه‌م داوه .. نه شه‌ڕی راگه‌یاندنم بۆ كردوون ، ئه‌ی كه‌واته ئه‌م بۆچوونه‌یان له كوێ هێناوه ؟ راسته من براده‌ری زۆر و زێده ئازیزیشم له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه ، به‌ڵام به بارته‌قای ئه‌وه‌ش كادیره‌كانی یه‌كێتی دژایه‌تی كه‌سایه‌تی و به‌رهه‌میان كردووم ( له كاتێكدا نه پارتی و نه پارتییه‌ك تاوه‌كو ئێستا قسه و هه‌ڵوێستێكی خراپیان له به‌رامبه‌رم نه‌نواندووه ) . سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه ده‌ست پێبكه‌م كه یه‌كێتی بوونم پێ عه‌یبه نییه ، حورمه‌تیشم بۆ خه‌بات و شه‌هیدانی یه‌كێتی و یه‌كێتیه‌كان تا سه‌ر ئێسقانه ، به‌ڵام گرفتێكی بچووك هه‌یه ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه راست نییه یه‌كێتی بووبم ، كه‌سیش له منی نه‌بیستووه بڵێم یه‌كێتیم ، بێگومان یه‌ك فلسیش مه‌عاشم لایان نییه ، باشه ئیلا ده‌بێ بچمه قه‌ندیل یان گرده‌كه ، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نه‌بوونم بسه‌لمێنم ؟ له حزبایه‌تیدا وێڕای هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه رووبه‌ڕووی مونته‌میه‌كانی ده‌بێته‌وه و هه‌موومان ده‌یزانین ، شتێكم پێ سه‌یره و له دوای راپه‌ڕینه‌وه له‌لام بۆته پرسیارێكی كۆمیدی : چۆن ده‌كرێت له هۆڵێكدا سه‌دان كه‌س به ناوی حزبایه‌تی كۆببنه‌وه و یه‌ك قه‌ناعه‌ت و دنیابینی و ئاینده‌خوازییان هه‌بێ ؟ سه‌دان كه‌س ، سه‌دان پرسیاریان ملكه‌چی یه‌ك وه‌ڵام بن ! سه‌دان كه‌س ، هێلكه‌ی گومانیان بخه‌نه ناو یه‌ك سه‌به‌ته‌وه ! چۆن ده‌كرێت مرۆڤ له‌ناو سه‌دان كه‌سدا به عاقڵی دا‌نیشێت و پڕ به ویست و ئاره‌زووی خۆی ، زات و فه‌ردانییه‌تی خۆی له بۆنی ئاره‌قه‌ی خه‌ڵكانی دیكه‌دا ون بكات ؟ گرفته‌كه‌ش له‌وه‌دا نییه پێویست بكات هه‌ر یه‌كێكیان خۆی له‌وانه‌ی هۆڵه‌كه به گرنگتر بزانێت ، به‌ڵكو گرفتی جه‌رگبڕ له‌وه‌دایه كه خۆی له‌وانه‌ی هۆڵه‌كه به جیاوازتر نازانێت !
تاكه شتێكم به خۆم شك بێت ئه‌وه‌یه كه دوای 31 ی ئاب له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا نه‌مام و چوومه سلێمانی ، ئێستا ده‌زانم ئه‌و چوونه‌شم به هۆی ئه‌و وه‌همه بووه كه سه‌دان ساڵه ئه‌دیب و شاعیرانی پێوه تلاونه‌ته‌وه ( كه بریتییه له گه‌ڕان به شوێن هه‌قدا ) ، به داخیشه‌وه بۆ ئه‌دیبان عه‌یامێكی ده‌وێ تا تێده‌گا كه له عورفی سیاسه‌تدا گه‌ڕان به دوای هه‌ق ، یه‌كسانه به گه‌ڕان به دوای وه‌هم ، چونكه چه‌نده بزنێك پێویستی به بوونی كتێبخانه هه‌یه ، سیاسه‌ت لای ئێمه ( كه به داخه‌وه ته‌نگ كراوه‌ته‌وه بۆ توله‌ڕێی ململانێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ) هه‌ر هێنده پێویستی به بوونی هه‌ق و جوانی هه‌یه ، به درێژایی مێژوو ، ئه‌دیبان دوو رێگه‌یان له‌به‌رده‌م بووه ، یان رۆبچنه ناوه‌وه‌ی خۆیان و زاتی داهێنه‌رانه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه ، یان روو له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن و ببنه ( حمال الحگب ) ی ئه‌و دۆزه‌خه‌ی سارته‌ر ناوی لێناوه ( ئه‌وانیتر ) ، من رێگه‌ی چوونه ناوه‌وه‌ی خۆم هه‌ڵبژارد و نه‌مویست ببمه یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه شاعیری ناوداری ئینگلیز تۆماس سێرنز ئالیۆت باسیان ده‌كات كه ( مردووه‌كان به چاوی ئابڵه‌قه‌وه ، له جووڵه‌ی بێ جه‌دوایان ده‌ڕوانن ) ، ویستم به هۆی گوزه‌رانه‌وه : ژیانم له ده‌ست نه‌فه‌وتێ ، نه‌مویست له مه‌داری ( به‌ردی هه‌تاو ) ی شاعیری مه‌كسیكی ئۆكتافیۆ پازدا بسوڕێمه‌وه و بڵێم : ( ئه‌رێ ژیان كه‌ی هی من بووه ؟ ژیان هه‌میشه هی ئه‌وانیتره ، كه ئێمه‌ین ! )
مه‌عقول نییه ، له هه‌راشیه‌وه رۆمانی ( دۆزه‌خ ) ی هه‌نری باربۆسم له بن هه‌نگڵ بووبێت و به شوێن به‌هه‌شتی حزبایه‌تیدا گه‌ڕابم !
مه‌عقول نییه ، له لاوێتیمدا كتێبی ( تێكده‌ر ) ی سۆرین كیركغاردی عه‌ڕابی وجودییه‌كانم له ژێر سه‌رین بووبێت و ئومێدی چاكسازی له حزبه‌كان بكه‌م !
لای من ، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسی ( ئیسماعیل ) ی رۆمانی ( مۆبیدیك ) ی هێرمان مێرڤل ، هیچی كه‌متر نییه له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ .
له شێوه‌ی سۆفییه گه‌وره‌كانی ئیسلام ، دانیشه و ( شیعری ئۆتۆماتیك ) ی بنووسه و له وه‌جددا : نوور بخۆوه و هه‌رچیت بۆ هات تۆماری بكه ، زۆر به‌هادارتره له‌وه‌ی دانیشیت و ( وتاری ئۆتۆماتیك ) ی بنووسیت و هه‌رچیت بۆ هات به حزبه نه‌یاره‌كه‌تی بڵێیت .
راپۆرت مه‌نووسه .. به‌س تا پێت ده‌كرێ راپۆرت بخوێنه‌وه ، به‌ڵام ( راپۆرت بۆ گریك ) ی نیكۆس كازانتزاكیس .
له شێوه‌ی گریگۆری سامسای پاڵه‌وانی ( مه‌سخ) ه‌كه‌ی كافكا ، گه‌ر له خه‌و هه‌ڵسایت بوبیته قالۆنچه‌یه‌كی گه‌وره ، جوانتریت له‌وه‌ی له رۆژنامه‌یه‌كی درۆزندا پۆشته و په‌رداخ ده‌ركه‌ویت .
تا پێتده‌كرێ سه‌رابی پرسیار به هیچ ئاوێكی وه‌ڵام مه‌گۆڕه‌وه ، ته‌نانه‌ت گه‌ر ( شه‌رابه‌ن ته‌هورا ) ش بوو .
سه‌رابی گومانه‌كانی ئه‌ده‌بم هه‌ڵبژاردووه ، به‌رانبه‌ر ئاوی حزبایه‌تی : كه هه‌موومان كۆكین له‌وه‌ی شه‌رابه‌ن ته‌هورا نییه .
هه‌رده‌م پێم وابووه ، شادومانی له شته‌كاندا ده‌دۆزرێته‌وه ، وه‌ك له‌وه‌ی لای مرۆڤه‌كان بیدۆزمه‌وه ، له‌وه‌ش زیاتر ، پێش ئه‌وه‌ی شادومانی له شته‌كانیشدا بێت ، له بیرۆكه‌كاندایه . كه‌سی حزبی ( هه‌رچه‌نده كاراش بێت ) هه‌رچه‌نده چه‌شنی هه‌ورێكی پڕ بارانیش بێت ، ناڕژێته سه‌ر باخچه‌كانی جوانی و هه‌قه‌وه ، به‌ڵكو بارانێكه ده‌ڕژێته سه‌ر پانتایی بیرێك ، ئه‌و بیره‌ی دواتر : سه‌تڵ سه‌تڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی تێدا هه‌ڵده‌هێنجێته‌وه . گه‌ر حزب ژوورێك بێت ، ئه‌وا حزبیه‌كان په‌یوه‌ست نین به‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌ی هه‌بێت و لێیه‌وه بڕواننه راستیه‌كانه‌وه ، به‌ڵكو گرنگه لایان له په‌نا دیواری ئه‌و ژووره‌دا ، پانتاییه‌ك بدۆزنه‌وه تاوه‌كو خۆیان له ره‌شه‌بای راستیه‌كان بپارێزن . حزبیه‌كان چه‌شنی ئه‌و شوانكاره‌ن كه له‌گه‌ڵ بوزادا ده‌ده‌وێ ، حزبیه‌كان له لافاوی مێژوو ناترسن ، پێیان وایه منداڵه‌كانیان له ماڵێكی گه‌رمدان و نانێكی باشیان هه‌یه و ئاینده‌یه‌كی مسۆگه‌ریان بۆ مسۆگه‌ر كراوه ( تۆش ده‌توانیت تا پێت ده‌كرێ هێرش بێنیت .. ئه‌ی لافاوی مێژوو ) ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی خۆیانن ، نه ماڵیان هه‌یه و نه نان و نه ئاینده ، بێمنه‌تن ، بێ په‌روان ، هیچیان نییه له له‌ده‌ستدانی بترسن ، بێباكن ( تۆش ده‌توانیت تا پێت ده‌كرێ هێرش بێنیت .. ئه‌ی لافاوی مێژوو ) .