Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ د.جه‌واد مه‌لا

Closed
by May 15, 2011 گشتی

جەواد مەلا: “یەکێتی و پارتی هیچ وەڵامێکیان پێنیە بۆ پرسی نەتەوەیی کورد”
لەم دیمانە تایبەتەییەدا، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان ، د. جەواد مەلا ئاماژە دەکات کە یەکێتی و پارتی “هیچ  وەڵامێکیان پێنیە بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا”، پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و پێشی وایە ” ئێستا کاتێکی چاکە بۆ کوردان کە هەستن و ڕاپەرین بکەن” بۆ گەیشتن بە مافەکانیان  لە تەواوی کوردستاندا، هەروەها ڕایدەگەیەنێت  ئەگەر ڕژێمەکەی موعەمەر قەزافی لیبیا بڕوخێت، کاریگەرییەکی نێگەتیڤ لە سەر دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بەجێ دەهێڵێت.


ڕۆژ ئەحمەد- لەندەن – بەڕیتانیا

د. جەواد مەلا,  کوڕی ئیبراهیم مەلای پیشمەرگەی شۆرشی ئاراراتی کوردانی سووریای ساڵی ١٩٣٧، ٢٥ ساڵە لە بەریتانیا وەک ئۆپۆزسیۆنی کوردی سووریا ژیان دەکات و  ، چەندین کتێبی مێژووی و سیاسی بڵاو کردۆتەوە و ، تەواوی کارەکانی تەرخان کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا. لە ساڵی ١٩٦٤-١٩٦٩ ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا بووە لە دیمەشق و لە  سەرەتای هەشتاکاندا لە شاخەکانی کوردستان لە عێراق کە ئەو پیێ دەڵێت باشووری کوردستان پێشمەرگە بووە ، ئێستاش سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستانە (ک – ن – ک)، رێکخراوێک کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە ئەوروپا دامەزراوە و ئامانجی یەکێتی کوردان و زیندوراگرتنی پرسی نەتەوەیی کورد و سەربەخۆیی کوردستانە . کۆنگرە لە سەروو هێڵی سیاسی پارتایەتییەوە خەبات بۆ سەربەخۆی کودرستان دەکات ونوێنەرانی لە چەندین کۆبونەوە و کۆنفرانسی نێونەتەوەییدا ، دۆزی کوردیان  بۆ سەربەخۆی ڕوونکردۆتەوە و، چەندین کەسایەتی ئەکادیمی و رووناکبیری  جوداخوازی کوردیشی کۆکردۆتەوە. هەتاوەکو ئێستا، د.جەواد مەلا لەگەڵ چەندین کەسایەتی بەکاریگەری سیایسی جیهانی کۆبۆتەوە، لەوانە سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەڕیتانیا تۆنی بلێر ، کێن لیڤینستۆنی سەرۆک شارەوانی لەندەن کە جەواد مەلا ووتی ” هەموو نەورۆزێک لە ئۆفیسەکەیدا یادی نەورۆزی دەکردەوە” هەروەها موعەمەر قەزافی کە ئەو وەک ” دۆستێکی دڵسۆزی کورد” دەیانسێنێت و پێی وایە ئەو”تەنها سیاسییەکە لە دنیادا کە ئەوەی لە دڵیدایە لە سەر زمانیشیەتی.”   لە مەڕ خۆپیشاندانەکانی ئیستای هەرێمی کوردستانیشەوە ووتی :”من ‌دڵنیام لەوەی ئەگەر مەسعود بارزانی لە مەسیفەوە هەستێت و بچێت بڵێت من دەچمە حەمرین  و ئەمە سنووری کوردستانە… خەڵکی لە بری ئەوەی جامانەی سوور بسوتێنن، تێكرا ئەو جامانەیە لە سەر دەکەن.”

1. د. مەلا, دەپرسم ئەمڕۆ کورد بۆچی خۆپیشادان دەکات دژی ئەو تاقە حکومەتە هەرێمییەی، کە بەم دواییانە توانیان دروستی بکەن دوای چەندین ساڵ ململانێ لە عێراق؟
خۆت ئاگاداریت کە ئێستا شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.کوردەکانیش کە سەتەلایت و ئینتەرنێت و فەیس بوکیان هەیە ، لە هەلومەرجەکان ئاگادارن بەوەی کە پەیوەندی نزیکیان هەیە لەگەڵ چواردەوریان وە لەو هەولومەرجانەی ناوچەکەشەوە وەریانگرتووە. من وەکو خۆم لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندام. چونکە زۆر شت هەیە کە دەبوایە حکومەت بیکردایە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 20 ساڵێ ڕابردوودا نەیکردوون. خوازیارم کە حکومەتی هەرێم بەم زوانە شتێک بکات، مەبەستمە زۆر بەم نزیکانە، نەک ئەوەمان بداتەوە کە موبارەک کردی، کە لە ووتەی یەکەمدا هەڕەشەی لە خەڵك کرد و دواتر نەرمبووەو و لە ناوەڕاستدا بوو ، کەچی لە ووتەی کۆتاییدا ویستی هەمووشتێک بداتە خەڵک. خوازیارم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر   ئەمڕۆ هەموو شتێک بخاتە دەستی خەڵکی کوردستانەوە ، نەک لە ووتەی کۆتایدا چونکە ئەو کاتە درەنگ دەبێت.

2. لە کاتێکدا ئێمە قسە دەکەین،  ئەندامان و نوێنەرانی ئاینی پارتە ئیسلامییە ئۆپۆسزیۆنە کوردییەکان گڕی خۆپیشاندانەکان دەدەن، پێتوایە کە ئەم هێزە سیاسییانە توانای ئەوەیان هەبێت دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا بەرفراوان بکەن؟
هیچ هێزێکی ئیسلامی نییە کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی شەقامەکان بکات یان دەست  بەسەر تەواوی خۆپیشاندانەکاندا بگرێت، چونکە هەلومەرجەکە ئایدۆلۆژیای تیا نییە ، هەروەها پارتە سەرەکییە کوردیەکانیش خاڵین لە ئایدۆلۆژیا. لە زانستی فیزیا دەڵێن کە ژورێک بەتاڵ بێت  هەرجۆرە هەوایەک بێت دەکرێت پڕی بکاتەوە، لە سیاسەتیشدا هەر وایە، کە ئایدۆلۆژیا نەبوو دەکرێت هەر لایەنێک بێت‌ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، جاری واهەیە دەبینم کە کۆمۆنیستەکان  زۆر بەهێزن جاری واش هەیە کە ئیسلامییەکانن، بەڵام کێشەی ئێمە کیشەیەکی نەتەوایەتییە، کورد کێشەی ئەوەی هەیە کە دەوڵەتی نییە و دەبێت ببێتە خاوەتی دەوڵەتی خۆی، نەک کێشەی ئاین. ئەگەر کێشەی کرێکاران و خاوەندارانیشمان هاتە پیش ئەو کاتە پێویستمان بە ئایدیاکانی لینین دەبێت، بەڵام ئێستا کێشەی ناسنامەی نەتەوایەتی  هەیە بەو واتایەی کە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ کێشەی سەرەکی ئەم نەتەوەیەیە.

3. کەواتە پێتوانییە ئیسلامییەکان توانستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەیان هەبێت؟
ئەوان ئەو بزووتنەوەیە نین کە بتوانن ئەو کۆنتڕۆڵە بکەن بەڵام وەکو پێشتریش باسم کرد، ناوچەکە خاڵییە لە ئایدۆلۆژیا، پارتی و یەکێتی ئایدۆلۆژیایەکیان نییە کە بتوانن گەلی کورد ڕزگار بکەن، یان بگەنە داواکانی ئەم گەلە و دەوڵەتی کوردی بنیات بنێن، من ‌دڵنیام لەوەی ئەگەر مەسعود بارزانی لە مەسیفەوە هەستێت و بچێت بڵێت من دەچمە حەمرین ئێستا و ئەمە سنووری کوردستانە، نە ئیسلامییەکان، نە گۆڕان نە گروپەکانی قاسملۆ نە پەکەکە لە کوردستاندا نامینن، تەنها بارزانی دەمێنیتەوە  و خەڵکی لە بری ئەوەی جامانەی سوور بسوتێنن، تێكرا ئەو جامانەیە لە سەر دەکەن.

4. دەکرێت کورد بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بنیات بنێت لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناویندا ناویان لێناوە “بەهاری عەرەبی” بۆ رزگاربوون، ؟
من پێم وایە بیرۆکەیەکی باشە، وە چانسێکی باشیشە بۆ کورد لەم جوڵانە گەورەیەدا .ئەم جوڵانەوەیە لەڕاستیدا دەبوایە لەگەڵ رووخانی یەکێتی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٩٠ ڕوویانبدایە، بەڵام دنیای عەرەبی ٢٠ ساڵ دواکەوتن، دەبوایە لەو ڕۆژەوە دەستیان پێبکردایە. بۆ کورد زۆر گرنگە بزووتنەوەیەکی هاوشێوە درووستبکەن دژی فەرمانڕەواکانی کوردستان لە تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق. من هەنووکەش دەڵێم عێراق داگیرکاری کودرستانە ،چونکە لە عێراق بە بۆنەی خەباتی “باشی”  پارتە کوردەکانە، بەداخەوە ئەو پارچەیەی کوردستان بووەتە سێ پارچەی کوردستان، پارچەیەکی لە ژێر دەستی یەکێتی و پارچەیەکی لەژێر دەستی پارتی و پارچەکەی تریشی هێشتا لە ژێر ڕکێفی عێراقدایە. خۆشحاڵ دەبم کە کوردان لە هەموو شوێنێکەوە هەستن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بکەن.

5. باشە چۆن داگیرکارییە لە کاتێکدا کوردەکان لە عێراق بە ڕێژەی زۆرینە دەنگیان بە دەستووری عیڕاق داوە ؟
زۆر کار بوو کە سەرکردایەتی کورد لە عێراق بە ڕەسمی داوای ڕیفراندۆمیان بکردایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە دەوڵەتە گەورەکان گوێیان لێدەگرن ، کوردان دەنگیشیاندا بۆ سەربەخۆی، لەو ڕیفراندۆمەی کە لە عێراقدا کرا لە %٩٨ ی کوردەکان دەنگیان بەسەربەخۆی و جیابوونەوەی کوردستاندا.

6. لە هەمانکاتیشدا دەنگیان بە دەستورەی عێراقدا ، ئەمە چۆن ؟
کێشەکە ئەوەیە کە پارتە کوردەکان گوێ بۆ گەل ناگرن، ئەوان بەرژەوەندی پارتەکانیان زۆر لەلا گرنگترە وەک لە بەرژەوەندی گەلەکەیان. هەروەکو چۆن گەل بە لە %٥١ دەنگیان بە پارتی داو لە %٤٩ بۆ یەکێتی {لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢}، کەچی خۆیان کۆبۆنوەیەکیان کرد و بە پەنجا بە پەنجا دەبریان کرد. لەو کاتەوە بڕیاری گەلەکەیان پشتگوێخست و ئیدی هەرگیز گوێیان لێنەگرتن، بۆیە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکرد. پێدەچێت کە خۆپیشاندانەکان لە دەستی خەڵکی باشدا نەبن ، بەڵام میللەتەکە لە باردوخۆێکی زۆر نالەباردا ژیان دەکات، هەتا بینەقاقایان هاتووە، سەرکردە کوردەکان دەبێت زۆر زوو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن ، زۆر خراپە کە دەبینیت خەڵک هەیە نان نییە بیخوات و هەندێکیش لە پڕ دەبنە ملیاردێر، کەس ناتوانێت ئەمە قبوڵ بکات، تەنانەت ئەگەر خەڵک بکەیتە مێگەل هەر قبوڵی ناکەن ، هەندێک شوێنی چاکی هەیە هەندێک نیەتی، هەلومەرجەکان وەکو ئەو سیستەمی سەرمایەداریەیە کە بێرناردشۆ لە شێوەی خۆیەوە پیناسەی بۆ کرد و ووتی: “سیستەمەکە وەکو من وایە ، لە دەرەوە زۆر زەبەلاحە بەڵام دابەشکردنەکەی نادادپەروەرانەیە.”  چونکە سەری کەچەڵ بوو کەچی ڕیشێکی پڕی زۆری هەبوو.

7. ئێستا با بچینە سووریا ، ئەو حکومەتەی کە تۆ لە ماوەی 25 ساڵی ژیانت لە تاراوگە  رەخنەت لێگرتووە . دوو هەفتە لەمەوبەر بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا ڕووبەڕوی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بۆتەوە دژی حکومڕانییەکەی، ناسنامەی سوری بەخشییە کوردانی ئەو وڵاتە. پێتوایە کە ئەمە دانپیادانانیکی ڕاستگۆیانەی مافی کوردە یان بۆ ئەوەیە کە دانیشتوانی کورد هێور بکاتەوە تا بەشداری لە ڕاپەڕینەکەدا نەکەن؟
بەشار ئەسەد لە سەدا سەد درۆ دەکات، چونکە مانیفێستی بەعس ئاماژە دەکات کە هەموو ئەوانەی لە وڵاتانی عەرەبیدان عەربن ، ئەوانەش کە عەرەب نین دەبێت ببنە عەرەب و ئەوانەش کە نایانەوێت ببنە عەرەب دەبێت لەو ناوچانە دەریان بکەن. ئەمە بەعسە، ئینجا چی لە عێراق یان لە سووریا بێت. بەداخەوە کە لە ڕابردوودا کورد بڕوای پێیان کردووە و ئێستاش هەندێك ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌بڕوایان پێدەکەن، ئەمە مانای وایە کە مانیفیستی حزبی بەعسییان نەخوێندۆتەوە.  ئەوان بڕوایان بە کورد نییە وەک نەتەوەیەک کە بوونی هەبێت، تۆ بڵێ من کوردم و بێلایەن و دەمەوێت بژیم ئەوان بڕوایان پێ نییە و لێت ناگەڕێن. مەسەلەی ناسنامە دەمێکە هەیە، پارتە کوردیەکان ئەوە نزیکەی پەنجا ساڵە داوای ئەو ناسنامەیە دەکەن، بە ڕاستی شەرمەزارییە بۆ ئەو پارتە کوردانەی کە پەنجا ساڵە فەشەلیان هێنا لەوەی کە ناسنامەی سووری عەربی بۆ کورد بە دەست بهێنن. کورسستانی سووریا کە ئێمە پێی دەڵێین رۆژئاوای کوردستان،  دوو ئەوەندەی کەناری رۆژئاوای (زیفەی غەربییە) لە فەڵەستین  دانیشتوانەکەیەتی، لە سووریادا ٣ ملیۆن کوردی تیادایە کە بە زمانی کوردی ئاخاوتن دەکەن و کەلتوور و ترادسیۆنی کوردی خۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، ٣ ملیۆنی ترمان هەیە کە بە زمانی عەرەبی ئاخاوتن دەکەن و زمانی کوردیان لەبیرکردووە بەهۆی تەعریبکردنەوە.  هەرچەندە کورد خۆی وەک نەتەوەیەکی لاواز دەبینێت ، بەڵام کورد نیوەی نەتەوەی سووریا پێکدەهێنێت، لە ڕاستیدا ئەوە کوردە کە خاوەنی سووریایە، چەندین توێژینەوە هەیە کە ئاماژە بەمە دەکات، کە کورد زۆر پێشتر لە عەرەب  لە سووریا بوون ، ئاخر عەرەب لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا هاتوون.  من گۆڕی تەدمورەکانم بینیەوە لە ناو سەحراکانی سوریا کە هاوشێوەی گۆڕی یەزیدییەکانە، کەواتە هەزاران ساڵ کورد لەوێ بوون و نەتەوەی عەرەب تەنها 1400 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئیسلامدا هاتوونەتە وێندەرێ. کۆنترین نەتەوە لە سووریا ئارامین، نازانم کە ئارامی نزیکە لە هەروامی کوردیەوە یان نا، بەڵام ئارامییەکان مافی ئەوەیان نییە کە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە و بە زمانی ئارامی خۆیان بخوێنن. بە زۆر دەیاننێرنە قوتابخانە عەرەبیەکان. لە هەمانکاتتدا، دروزییەکان و عەلەوییەکانیش عەرەب نین، خۆپیشاندانەکانی ئێستا کە لە دومە و  حەرەستەیە، تۆ سەرنجی ئەو ناوانە بدە ، دومە و حەرەستە کە ناوی عەرەبی نین بەڵکو ناوی ڕۆمین ، کەس لە سووریا عەرەب نییە تەنانەت عەرەبەکانیش عەرەب نین.

8. بۆچوونی جیاواز هەیە لە ناو خودی بزووتنەوەی کورد لە سووریا وەک عومەر ئوسۆی سەرۆکی دامەزراوەی نەتەوەیی کورد، کە پێی وایە ئەو هەنگاوەی حکومەتی سووریا ” یەکێتی سوورییەکان توندوتۆڵتر دەکاتەوە”، بۆچونی ئێوە چییە ؟
دەسەڵاتی سووریا کە یەکیکە لە دڕندەترین ڕژیمەکان،وەک داگیرکار کوردەکانی دابەش کردووە.  من نازانم کامە یەکێتی، ئەم ڕژێمە نەتەوەکانی هەموو بەش بەش کردووە ، چەندین فەڵەستینیان کوشت لە زەلەئتەر لە لوبنان، چەندیین لوبنانیان کوشت لە سووریا. بە هەزاران لوبنانیان بێسەروشوێن کرد لە سووریا بەهەمان شێوەی بێسەروشوێنکردنی کوردەکان. تەنها لە شاری حەمە، ١٧ هەزار کوردی بێسەروشوینکراو هەیە ، وەکو ئەوانەی  کە لە دوای سەرهەڵدانی کوردەکان لە قامیشلی لە ساڵی 2004 لەو شارەدا بێسەروشوێن کراون و لەگەڵ ئەوانەی پێشوتریشدا.  بەعس کە بانگەوازی ئەوە دەکات کە ئامانجی یەک نەتەوە و یەک نامەی پیرۆزە، لە ڕاستیدا دابەشکاری دەکات. بەشار ئەسەد هەروەکو سەددامە کە چۆن دابەشکاری نێوان وڵاتی کوێت و عێراقی کرد دوای لێدان و کوشتنی کوێتییەکان، دابەشبوونێک کە ئێستا کێشەیەکی بۆماوەیە بۆ جیلی نوێ لەو دوو وڵاتەدا. ئیتر ئەمە چی جۆرە یەکێتییەکە. ئەو دابەشبوونەی کە بەشار ئەسەد و سەدام درووستیان کرد لە دنیای عەرەبی خۆیاندا، هەرگیز بە ئیسرائیل و ئێرانیش ناکرێت، ئەمە یەکیتییەکەی بەعسە بۆ خەڵك لە ناوچەکەدا.

9. بەڕێزتان نوێنەرایەتی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستانتان کرد لە  ووڵاتی لیبیا لە کۆنگرەی سێهەمی ئەل  – مەتهابە لە ساڵی …٢  هەروەها پەیوەندیەکی باشتان هەبووە لەگەڵ سەرۆک موعەمەر قەزافی، کەهەنووکە لە جەنگدایە لەگەڵ لیبییە یاخیبووەکان و بەرگری هێرشە ئاسمانییەکانی ناتۆش دەکات بۆ مانەوەی ڕژێمەکەی. قەزافی جیا لە تەواوی سەرکردەکانی تری دنیای عەرەبی، پشتیوانییەکی تەواوی لە سەربەخۆی کوردستان دەکرد لە ماوەی چەندین ساڵی فەرمانرەواییدا، ئایا ڕوخانی ڕژێمەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری لە سەر دۆزی کورد دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
زۆر دەمێکە ووتومە کە نەک یەکەم سەرکردەی عەرەبییە کە پاڵپشتی کورد دەکات، بەڵکو یەکەم سەرکردەیە لە جیهاندا کە پاڵپشتی دۆزی کورد دەکات. تەنانەت لەم بارە نالەبارەشدا کە بە سەریدا هاتووە کوردەکانی هەر لە بیرە، کاتێک وتی بۆ لیبیا دەکەن  بە ناوچەی دژە فڕین، بۆ ناوچەی دژە فڕین بۆ تورکیا دانانێن کە هەزاران ساڵە میللەتی کورد دەکوژێت ، ئەو لەم بارە سەختەدا ئەوەی ووت. کەس بەبێ هەڵە نییە، موعەمەر قەزافیش هەڵەی کردووە وەک هەر مرۆڤێک ، بەڵام شایانی ئەوە نییە کە لاببرێت لە دەسەڵات. من بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٧   بینیم . ئەو سەرکردەیە یەکەم سەرکردەی سیاسییە کە ئەوەی لە دڵیدایە لە سەر زمانیشیەتی، بە پێچەوانەی هەموو سیاسییەکانی تری دنیا کە دڵیان شتێکی تیادایە و زمانیشیان شتێکی تر دەڵێت. ئەو زۆر خاکییە و کەسێکی راستگۆیە. جارێکیان نموونەیەکی بۆ هێنامەوە و ووتی کە ئەو  بە کەسێکی خراپ دەناسرێت لە دنیادا  چونکە پێشتر پاڵپشتی نێڵسۆن ماندێلا و یاسر عەرەفات و ژێری ئادامسی وڵاتی ئایرلەندای کردووە . قەزافی ووتی ئیتر ناویان خستمە لیستی ڕەشەوە،    لەکاتێکدا ئەو کەسایەتیانە چوونە کۆشکی سپییەوە و بوون بە “کوڕی باش” ئیدی بۆ من هەر خراپم. بە ڕاستی قەزافی کەسێکی خاکییە و شایانی ئەو هەلومەرجە ناخۆشەی ئیستا نییە، بە داخەوە من پێم وایە ئەمە هەڵەیە و نەدەبوایە بەسەر ئەودا بهاتایە، چونکە زۆر سەرکردەی تری عەربی هەن کە شایانی ئەوەن نەک قەزافی.

10. کەواتە پێتوایە روخانی کاریگەری لە سەر دۆزی کورد دادەنێت؟
بەڵی بە دڵنیاییەوە، چونکە ئەو لە دڵەوە کوردی خۆش دەوێت. کاتێک ئاڵای کوردستانم پێشکەش کرد، دانیشتبوو لە سەر کورسییەکەی، بەڵام لە بەر ڕێزی  ئاڵی کوردستان هەستایە سەرپێکانی و ئاڵاکەی ماچ کرد و ئینجا خستییە سەر سەری، هیچ کوردێک ئەوەی نەکردووە بەڵام قەزافی کردی.

11. ژنەفتم کە لەگەڵ ئۆتۆنۆمیدا هەڵناکەن، بەڵام ئەمە ئەو چارەسەرە سیاسییەیە کە کوردەکان خەریکە هەڵیدەبژێرن بۆ پرسی نەتەوایەتییان لە ناوچەکەدا، سەرباری ئەوەی کە کوردستان لە عێراق بە ڕەسمی خرایە سەر وڵاتی عێراق، زۆرینەی پارتە کوردییە بە کاریگەرەکان لە ناوچەکانی تری کوردستان، وەک پەکەکە لە تورکیا و زۆربەی ئەوانەش کە لە ئێران و سووریان، سازشیان کردووە لە خەبات بۆ درووستکردنی دەوڵەتی کوردی، لە کۆتایدا دەپرسم، ئێستا سەربەخۆی کوردستان و درووستکردنی کوردستانی گەورە بەرەوکوێ، کە ئامانجی سەرەکی  ڕێکخراوەکەتانە؟
دەبێت کورد خۆیان هەستن و ڕاپەڕین بکەن . نەک داوا لە سەرکردەکان بکەن کێشەی نەتەوایەتیان بۆ چارەسەر بکەن. من زۆر ڕێزدەگرم لە هەموو، نا با نەڵێم هەموویان، بەڵام ئەوانەی کە پێیان دەوتن جاش لە ساڵانی  ١٩٦٠ەکاندا ، وەکو مەحێ هەرکی،  کەهەرگیز نەیدەوت من بە ناوی کوردەوە دەچمە بەغداد و پشتگیری لە حکومەتی عێراقی دەکەم، بەڵام ئەمانە بە ناوی کوردایەتییەوە و بەناوی خەڵکی کودرستانەوە هەمان ئەوەی مەحێ هەرکی دەکەن، جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە کە ئەمان بەناوی کوردەوە دەیکەن و کوردستان لە ژێر چەپۆکی دەوڵەتە دڕندەکانی عێراق و تورکیا و سوریا و ئێراندا دەهێڵنەوە. ئەم دەوڵەتانە هەرگیز تێناگەن لەبەرئەوەی ئەوان سەرەتایترین مافی نەتەوەکانی خۆیان پێشێل دەکەن، دەی چۆن دەکرێت مافی نەتەوەیەکی تر فەراهەم بکەن، ئەمە مەحاڵە.
خۆرهەڵاتی ناوەراست ئەمرٶ وەکو ئەو قۆناخەی ئەوروپا سەردەمانی هیتلەر وایە، هەر دەوڵەتەو دەیەوێت مافی دراوسێکەی تەنیشتی بخوات، لە ئەنجامدا دیواری بەرلینیان درووست کرد لە گەڵ چەندین سنووری توندوتۆڵ لە نێوان خۆیاندا. دوای پەنجا ساڵ تێگەیشتن کە هەموو نەتەوەیەک وەک یەک مافی هەیە، دواتر دیواری بەرلین رووخا و لەگەڵ ئەوەشدا سنوورەکانیش رووخان و ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە یەک دراویان هەیە. بەڵام ئەمە دوای پەنجا ساڵ کە لە یەکتری تێگەیشتن روویدا. هەنووکەش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەو قۆناخەی ئەوروپای سەردەمانی هیتلەردا تێدەپەڕێت. هەموو مافی دراوسێکان دەخۆن و کوردیش لەو قۆناخەدا مافەکانی دەخورێت، بۆیە دەبێت دیوار درووست بکەن، مەبەستم لەوە نییە کە دیوارێکی فیزیکی درووست بکەن ، نا، بەڵام دەوڵەتی خۆیان بنیات بنێن، هەتاوەکو دراوسێکانمان لێمان تێدەگەن، من دژی ئەوە نیم کە لەگەڵ عەرەب و تورک و فارسدا ژیان بکەن، بەڵام دژی ئەوەم کە نەتەوەکەم لە ژێر هەڕەشە و کوشتن و بڕیندا ژیان بەسەر ببات. کوردەکان دەبێت بە مەردی و بە ئاشتی و ڕێزەوە بژین. بۆیە داوا لەکوردانی کوردستان دەکەم کە ڕاپەڕین بکەن  لە  هەموو  پارچەکانی کوردستاندا لە تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق، کە باکور ،رۆژهەڵات ، رۆژئاوا و باشوری کوردستانن.

تێبینی : بابەتی ئەم دیمانەیە بە زمانی ئینگللیزی بۆ یەکەمجار لە ماڵپەری ڕٶژنامەی (ڕووداو)دا بڵاوبۆتەوە.


Previous
Next