
به‌شداریكردنی شیعر له ئاماده‌كردنی هه‌قیقه‌تدا
نوێبه‌خشی
له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا هیچ سه‌رچاوه و وزه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی به ئاستی شیعر نه‌بووه‌ته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیركردنه‌وه‌ی چالاك، هه‌روه‌ها به‌و پایه كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌ش په‌سند نه‌كراوه و نه‌دره‌وشاوه‌ته‌وه.
گیانی زمانی ده‌ربڕینی كوردیش تا ئێستا هه‌ر به ته‌نیا له‌ناو پرۆژه شیعرییه‌كاندا زیندووه، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هه‌ستیاریی شیعری زۆر به‌هێزه، تواناكانی خۆی تێدا تاقی ده‌كاته‌وه، هه‌ڵكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی وه‌ری ده‌گرێت و ڕه‌وایی به به‌رده‌وامبوون و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌دات، داهێنان به وه‌رگرتنی قووڵاییه‌كانی ژیان به‌رهه‌م دێ، له‌م به‌رهه‌مهێنانه‌شیدا ژیان ده‌خاته ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه.
ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینێكیش له فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییه‌وه دانه‌چۆڕابێته ناو بوون و زه‌مینه‌ی ته‌واوی ده‌ربڕین، به‌هیچ شێوه و كه‌ش و هه‌وایه‌ك ناتوانێت نوێبه‌خش بێت و بێته ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه.
بۆ شاعیری نوێبه‌خش وه‌رگرتنی قووڵاییه‌كانی ژیان زیندووبوونه‌وه‌ی زمانه، زمانی دۆزینه‌وه‌ش زمانێكی یه‌ك ئاراسته‌یی نییه به‌پرسیاری زۆره‌وه له ئاسته هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی خۆی ده‌كۆڵێته‌وه، قووڵاییه‌كان هێزی وشه و ئه‌زموونی تێدا نووستووه، له ده‌ربڕیندا ئه‌م هێزه تاقی ده‌كرێته‌وه و دێته ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی نوێبه‌خشی له ژیان‌و بیر و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وتووه و هه‌نگاوی بۆ نراوه، بنه‌ماكانی گۆڕان به‌ره‌و پێداویستییه هاوچه‌رخه‌كان و هۆشیاری ده‌بێته پێوه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها نوێبه‌خشی هۆ‌و ئامانجه بۆ پێوه‌ندی كردن به چالاكییه‌كانی ژیانه‌وه، به‌شێكیش نییه له‌ژیان. ڕاسته‌وخۆ ژیانه،مرۆڤ له یاری به‌خته‌وه‌ریدا وه‌ك خوداوه‌ند ده‌ژێنێت، ئه‌فسوونێكی واشی تێدایه گیان و جه‌سته له بڵندی بحه‌وێنێته‌وه.
بابه‌ت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هه‌ستكردنه به جوانییه‌كانی ژیان و شۆڕبوونه‌وه بۆ ناو ناواخنی سروشت و له‌دایكبوونی وه‌رزه‌كان و كاراكردنی كه‌ش و هه‌وای واش به‌رانبه‌ر ڕابهێنێ هه‌ست به‌م شۆڕبوونه‌وه‌یه بكات.
هه‌ستی نووسینیش به ساته‌وه‌ختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێده‌په‌ڕێ. تێڕوانینه‌كان ئاڵ‌وگۆڕیان تێده‌كه‌وێ و ده‌ڕسكێن.
شیعری ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن جیهانبینی، كه خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه، له سۆز و خه‌ونی ڕۆمانسییانه به‌ده‌ر نییه، ئه‌گه‌ر شیعریش ڕووت كرایه‌وه له سۆز و خه‌ونی ڕۆمانسییانه به‌هیچ جۆرێك ڕاسته‌قینه و خاوه‌ن جیهانبینی نییه، كه خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه.
شاعیری نوێبه‌خش هیچ كاتێك چاوه‌ڕوانیی هاندان‌و ستایش ناكات، هه‌ر كاتێكیش چاوه‌ڕوانی هاندان‌و ستایشی كرد، ئه‌وه بڕوای به‌وه نییه ئه‌وه‌ی كه نووسیویه‌تی داهێنان بێت. ده‌ربڕینی نایاب به‌هۆی كرداری گه‌یاندن و هۆشیاریی زمان له ئاستی ئاسایی ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ئێستێتیكا، ده‌بێته خاوه‌ن پرسیار له‌نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا شێواز و ئه‌دگاری خۆی له ده‌ربڕین كردن و ده‌ربڕینه‌وه وه‌رده‌گرێت. له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ش گیان، گیانی جه‌سته‌یه‌كه شێوه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ ژیان و نه‌شونما دۆزیوه‌ته‌وه، شێوازیش ناوه‌ند و گیانی نووسه‌ره، هیچ گیانێكیش بۆ جه‌سته‌یه‌كی دیكه وه‌رناگیرێت.
شێواز و شیعرییه‌ت و زمان، ئه‌زموون بۆ ئاینده پێشنیاریان ده‌كات، ئاینده‌ش پێوه‌ندی به هه‌موویانه‌وه هه‌یه، به‌شدارین له چالاككردن و به‌ڕێوه‌بردنی، په‌یامی هونه‌ریی مرۆڤگه‌لێكه، كه هه‌وڵی سڕینه‌وه و له‌به‌ین بردنی ئه‌و شتانه نادات، كه ژیان ده‌خه‌نه بارێك به‌رگری له به ژیانبوون و ئازاری خۆی ده‌كات.
ژیان و بوون و دنیاش له‌ناو شیعری نایاب و ئاینده‌دا نوێن، له‌ناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبه‌خشی هێشتان به ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه، ئاخاوتن له‌باره‌یه‌وه ده‌بێته هه‌را و زه‌نا، پێویسته ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه بوونه‌ته مایه‌ی سه‌رنج، به ئاستێكی تره‌وه بخرێته ناو ئاخاوتنه‌وه.
ئایا ئاخاوتنه‌كانمان له‌خودی نوێبه‌خشیی ده‌قه‌وه ده‌رچوونه، یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه وه‌رگیراون و له جه‌سته‌ی ناسكی ده‌ق پراوه‌ی پێ ده‌كه‌ین، كه جه‌سته‌ی ناسكی ده‌ق هیچ پراوه‌یه‌ك وه‌رناگرێت جگه له پراوه‌ی گیان نه‌بێت.
نووسینێك گه‌یشتبێت به ئاستی ده‌ق، پێوه‌ندیی ئاستداری چاره‌نووسسازی به ئاینده‌وه هه‌یه، كه هه‌میشه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕوون هێزێكه بۆ به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌ی دیكه، به‌ره‌ئه‌نجامی خودێكی هه‌ژاو و هۆشمه‌ند و وریایه. به‌شێكیش له‌خودی هه‌ژاو و هۆشمه‌ند و وریا گه‌یشتوون به‌و هه‌قیقه‌ته، كه شیعر بگه‌ڕێته‌وه ناو سۆز و هه‌ست و ڕوونی و ئاشكرایی له ده‌ربڕیندا، ئه‌مه‌ش وه‌ك دیارده‌یه‌ك پێویسته بخرێته ناو ئاخاوتنه‌وه. زۆر جاران گۆڕانكارییه ڕه‌چاونه‌كراوه‌كان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بیر و ده‌ربڕینی تاكی نووسه‌ره‌وه هه‌یه. ده‌بێته بابه‌تی نووسینه‌كانیان، به‌ڵام نابێته مانای ڕوون و دیار،بگره له چێژدا ده‌بێته سرووشی مانا و چالاكیی وێنه.
جیایی
پانتایی جیاكارم له به‌رهه‌مه‌كانمدا خوڵقاندووه، له پانتایییه‌كدا ده‌ستنیشان ناكرێم. ئه‌رێ له پانتایییه شیعرییه‌كاندا، ده‌چمه‌وه سه‌ر چ پانتایه‌كی خۆ تایبه‌تی كردن. تایبه‌تكار بۆی هه‌یه ته‌واوی هه‌بووه‌كانی، كه توانای كاریگه‌رییان تێدا ده‌ركه‌وتووه، ڕاكێشێته ناو بیركردنه‌وه‌ی چالاكی، كه به‌رده‌وام هێما و هێماپێكراو به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له‌یه‌ك كاتیش له‌ناو هه‌موو پانتایییه‌كاندا كار بكات و ده‌ستیان بۆ ببات.
به‌رانبه‌ر به ئاگایی خۆم جه‌نگاوه‌رێكی زانام و ئه‌هلی زیندوویێتی دڵ و یه‌كێـتی ئه‌شقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونه‌وه‌م له ژیانم هه‌ڵبژاردووه، ده‌مه‌وێت به ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هه‌ستیار بكه‌م، هه‌ستیاریی ته‌واوی زمانی كوردی له شیعری كلاسیكیماندا تواوه‌ته‌وه و ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه. كاتێك شیعری كلاسیكی ده‌خوێنمه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م ته‌واوی زمانی كوردی ڕووبه‌ڕووم وه‌ستاوه‌ته‌وه. ده‌مباته ناو جیهانێك، كه قسه‌ی له‌باره‌ی دۆزینه‌وه و بوون كردووه، نه‌ك گێڕانه‌وه. خه‌ون و ناوه‌ندی وشه هه‌وڵدانن بۆ خۆناسین. له ماڵی گه‌وره‌ی شیعردا هه‌موومان پێكه‌وه داوای شیعرییه‌ت ده‌كه‌ین، ئه‌و داوایه وزه‌ی گه‌شه‌كردنی جوانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌قیقه‌تی گیانی و درامای ژیانه. جوانی زمان له جوانی ئه‌و كه‌ره‌سته‌وه دێت، كه ده‌ربڕینی لێ ده‌كات، زمان شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه له جه‌سته و پێكهاته‌ی مرۆڤ له گۆڕانی دید و پێوه‌ندییه‌كاندا.
جیاییی تاقیكردنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه: جیهانی پارچه پارچه ده‌خوڵقێنم و پێوه‌ندییه‌ی هێما و هێماپێكراویش ده‌پچڕێنم و ده‌ستنیشانیان ناكه‌م. سه‌رچاوه‌كانی نووسین و ئاسته‌كانی ده‌نگ و تێبینیكردن و سه‌رنجدانم له جوانیی بێگه‌رد و بێ هاوتای ژیان وه‌رده‌گرم، ده‌گمه‌ن و تاقانه ده‌بن به هێما و هێماپێكراو.
شیعر چه‌ند بچێـته ناو ژیان و دنیای خودایی و هه‌قیقه‌تی ڕۆژگار، هێنده‌ی دیكه گیانی تا هه‌تایه په‌روه‌رده ده‌كا و ده‌یپارێزێت.
شتێك له نووسین، كه وه‌ك ئه‌زموونێك پێشكێشم كرد بێـت، به‌كاربردنی زمانی خه‌ونه بۆ زمانی نووسین و ڕاچه‌ناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی‌و یاده‌وه‌ری. دواجار تواندنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی بیر له هه‌ستاریی نووسیندا.
چامه‌ی درێژ پرۆژه‌یه‌كی كامڵه و له‌سه‌ر ئاستی بوون و كرانه‌وه‌ی به‌رده‌وام ڕاده‌وه‌ستێت، سروشتی دایكی هه‌سته‌كانمه، ئاسۆیه‌كی ئه‌فسانه ئاساییه ناتوانم لێی ده‌ربازبم به كامڵترین فۆرمی شیعریی ده‌زانم و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م، له ڕایه‌ڵی ڕسته‌كانیدا توانای جووڵاندنی فره ده‌نگی ده‌ڕسكێت. مانا و زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و ئاستدارییه‌ی هێزی نووسین ئاشكرای ده‌كات و ده‌یهێنێته گۆڕێ. واته قووڵبوونه‌وه به ناخی بیندراو و شه‌پۆلی شوێن و سیمای بوون.
فره ده‌نگی
ڕوانینی گه‌ردوونی بار و بوار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی شیعر ده‌ڕه‌خسێنێت، قه‌تا و قه‌ت پێوه‌ندیی به شۆڕشی گه‌یاندن و فۆرمه‌كانییه‌وه نییه. خه‌یاڵ و ئه‌و ئاسۆیه‌ی جیهانیی به‌هۆیه‌وه وێنا ده‌كه‌یت، له ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كاری شیعرییه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن، له كه‌ڵك وه‌رگرتن ده‌ست واڵا و دیموكراسین، سه‌رسامیی خۆشیان به نه‌ش‌و نمای نوێبه‌خشی گیانی ژیان ناشارنه‌وه.
ده‌توانین له‌وه دڵنیابین، كه شیعر هه‌موو سه‌نگاییی ساته ورده‌كانی به ته‌نیا خسته سه‌ر هه‌ڵقوڵانی خه‌یاڵ وه‌ك هه‌ره‌م و ناوه‌ندی كاریگه‌ر چووه ناوی و گیانی ژیانی به هۆیه‌وه وێنا كرد. بێگومان له‌بارێك نزیك ده‌بینه‌وه شیعری تاك ده‌نگی ده‌بێته خۆنیشاندانێك و ده‌ربڕین له‌و باره‌ی بێهێزه.
ده‌كرێ له بچووكبوونه‌وه‌ی دنیا له بینینی شاشه‌دا، یان هه‌ر فۆرمه‌كی گه‌یاندنه‌وه، شیعری فره ده‌نگ له چنین و ڕایه‌ڵی توند و تۆڵی ببێـته جێگره‌وه‌ی خه‌یاڵ وه‌ك هه‌ره‌م و ناوه‌ندی كاریگه‌ر.
له شیعری فره ده‌نگیدا خه‌یاڵ ڕه‌گه‌زێكی سوود بینینه، هه‌ره‌م و ناوه‌ندی كاریگه‌ر نییه. نیشاندانی باوه‌ڕ و گیانی كراوه و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌م شێوازه به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له شانۆنامه و ڕۆماندا به ئاشكرایی ده‌گاته لووتكه‌ی بینین و تێگه‌یشتنی ڕوون.
له شیعری درامیدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ست و ئه‌قڵی خوێنه‌ر و شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه جۆرا و جۆره‌كان داده‌مه‌زرێنێت،هاوتایییه‌ك ده‌دۆزێته‌وه له‌باری نووسیندا په‌یڕه‌وی ده‌كات. له پێكهاته و بنه‌مای منی شیعریدا پێكدێت و ده‌بیندرێت، خۆی له منی تاكه كه‌سی شاعیر ده‌كشێته‌وه، ڕۆڵ و ئاستی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه جۆرا و جۆره‌كان و چێژێك ده‌گه‌یه‌نن، چێژی ئاراسته‌كراوی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه جۆرا و جۆره‌كان و واتاناسی.
زۆرێك له شیعری ئیمڕۆمان له‌سه‌ر سیسته‌می تاكده‌نگی منی شاعیر وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی كارپێكه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م شێوازه‌ش وه‌ك هونه‌ر هه‌رچی پێ بوو به‌خشیی، چاوه‌ڕوان ناكرێت هونه‌رێكی كاریگه‌ریی پێ مابێت بۆ به‌خشین و سه‌رسامیی،چونكه هیچ شتێك ڕوونادات قسه‌كه‌ر یه‌ك قسه‌كه‌ره و پانتاییی نووسینه‌كه‌ی داگیركردووه، هه‌روه‌ها بوونی شیعریش وه‌ك شێواز و شێوه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. له كارایی و زیندوویی و هێز دووری ده‌خاته‌وه، كه كارایی و زیندوویی و هێز بارێكن هه‌میشه زیندوومان ده‌كه‌نه‌وه و سه‌رچاوه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رن.
یه‌كه‌مین كرده‌ی هه‌ستیاركردنی زمانه، ڕسته‌كان درێژده‌كاته‌وه به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به چاوگه ده‌نگییه‌كان، چاوگه ده‌نگییه‌كانیش هه‌میشه ئاگایی زمان تێیدا ده‌بێته باری ڕاسته‌قینه‌ی نووسین و وزه‌ی ترپه و ئاواز له‌م باره‌یه‌وه ڕوو ده‌دات. چه‌ند ترپه و ئاوازێكی لێ ده‌بێته‌وه، جۆراوجۆری ترپه و ئاواز خه‌سڵه‌ت و مۆرك و ئاماژه‌ی ناسینی ئه‌م ژانره‌ن، پشت به وێنه‌هێنانه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كیش نابه‌ستێت، زیاتر گێڕانه‌وه ده‌كاته خۆبووژانه‌وه و ده‌ركه‌وتن و ئاراسته وه‌رگرتن.
ده‌ستكاری كردن
ده‌قه‌كانم ئه‌وانه‌ی چاپم كردوون و ئه‌وانه‌ی چاپیشم نه‌كردوون، هه‌میشه له‌سه‌ر مێزی كاركردن ده‌ستیان بۆ ده‌به‌م هه‌ر چه‌ند ڕسته‌یه‌كیان ده‌ستكاری ده‌كه‌م و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیان ده‌خه‌مه سه‌ر و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیشیان لێ لاده‌ده‌م. تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. ئه‌و هونه‌ر و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی ده‌ستكاری كردنه‌ش له‌كاركردنی بێ وچانی كاتژمێر گواسترایه‌وه ناو باری ده‌روونیی شاعیریه‌تیی من.
كاتژمێر ته‌كان ده‌دا به‌ره‌و ناو ده‌قی كات. ده‌قی كاتیش هه‌میشه ئه‌و چركه‌یه‌ی جوانه تێیدا چاوه‌ڕوانیت، كه هێز ده‌خاته ئه‌و چركه‌یه‌ی بۆی ده‌ڕوات، ڕۆیشتنی منیش هه‌میشه به‌ره‌و ده‌قی شیعرییه. هه‌موو شته‌كانی كاریگه‌رییان به نه‌شونمای ژیانه‌وه هه‌یه. له زه‌ینمدا ئاماده‌یان ده‌كه‌م و ده‌یانكه‌م به به‌شێك له چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌م. ده‌ستكاریی به‌رده‌وامیش كارێكی دروسته بۆ نووسه‌ری پڕ توانای په‌ڕینه‌وه بۆ ناوپرسیاره‌كانی، كه بوون به‌یه‌ك جۆر ده‌ستنیشان ناكه‌ن،به‌رگری و ده‌ربڕین له داهێنان ده‌كه‌ن،چونكه هه‌ر جارێك، كه ده‌ستكاریی ده‌كات، به‌و نیازه به ته‌واوی ژیان له‌ناو ده‌قه‌كه‌یدا ببینێت، یان ژیان به ته‌واوی بهێنێـه ناو ده‌قه‌كه‌یه‌وه و بیگه‌یه‌نێت به ئاستی خه‌ونی نووسین.ئه‌ویش یه‌ك له مه‌حاڵه‌كانی نووسینه، نووسین هه‌وڵده‌دات بۆ مه‌حاڵ، مانه‌وه‌ش له‌ناو ئه‌و مه‌حاڵه سووربوونی نووسه‌ره بۆ بینینی ژیان به ته‌واوی له‌ناو ده‌قی بێگه‌رد دا.
شاعیر
شاعیر، سه‌ر گه‌رمییه‌كانی خۆی له سنووری بیركردنه‌وه و جیهانبینییه‌وه ده‌ست پێده‌كات و گیانی چالاكه به‌گشت جوانییه هاوبه‌شه‌كان. ئاراسته‌ی ئاڵۆزكردنی جوانییه هاوبه‌شه‌كان نییه. ساده‌كردنه‌وه‌یه‌تی، به‌رپرسه به‌رانبه‌ر به‌رزبوونه‌وه و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییه‌ت و جووڵه‌ی ئاخاوتن له زماندا، په‌یوه‌ستیشه به‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان جوانی و فۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی په‌ره‌پێدان وه‌ربگرێت.
كاری گوتار دامه‌زراندنیش له پێوه‌ندییه‌كانه‌وه بكاته وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌زموونكراوی هه‌قیقه‌تی مرۆڤ. له هه‌مان كاتدا له تواناكانی ده‌ربڕیندا به‌رزیان بكاته‌وه ناو ڕایه‌ڵی ڕسته و ترپه و ئاوازی ویژدانیان لێوه وه‌ك نیشان و نیشانه پیشان بدات، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی هه‌ستیاریشی به‌سه‌ر ئاشكراكردنی چاره‌نووسی جوانی له شێوازی نادیاردا پاڵپشت له‌به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ی بكات.
ته‌وه‌ره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌ون بخاته گه‌ڕ بۆ هێشتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی چێژی گیانی. جوانی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی چالاك و بنیادنه‌ر له پێكهاته‌ی ده‌قدا بكاته ناوه‌ندی به یه‌كگه‌یشتنی پێوه‌ندییه‌كان و باوه‌ڕهێنان به هه‌قیقه‌ت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاسته‌قینه‌ی له‌ناو ده‌وروبه‌رێكی بێ هێز له هۆشیاریی فیكریدا ئاكار دابڕێژێت. به‌دواداچوونی مێژووی گیان و ئه‌وانی دیكه و چاونه‌ترسیش به‌ره‌و ڕووی ئه‌م ئاكار داڕشتنه بكاته ماڵی هه‌ر هه‌موومان و نرخێكی هونه‌ری مانا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌كان هه‌ڵداته‌وه.
كرده‌ی نووسین وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی هه‌میشه‌یی و خاڵه یه‌كتربڕه‌كانی كات بپارێزێت. به فراوانییه‌كی ئاستدار و كاریگه‌ریش بانگه‌وازی لایه‌نداریی ته‌واوی ڕابگه‌یه‌نێت، دواجار به ئاستی به‌های مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئه‌رێ ئاستدارییه‌كانی شیعر و مرۆڤ چین له واقیعدا جێبه‌جێیان بكات و جێی په‌سندی بن. تا چه‌ند توانیویه‌تی جوانی و هونه‌ر بگه‌یه‌نێته ئاستی ژیان و دركاندن.
فه‌رهه‌نگ
وشه له‌ناو فه‌رهه‌نگدا به یه‌ك مانایی سنوورداره، له‌سه‌ر ئاستێكی جێگیر و نه‌گۆڕیش پێوه‌ندیی بۆ ده‌ستنیشانكراوه، واته له‌ناو ژیان و بزوتنه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشچوون كار و چالاكیی لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و خانه‌نشین و لا كه‌ناره.
شیعر هێز له خودی زمان وه‌رده‌گرێت، به‌زمانی ناو ژیانیش شیعرییه‌تی ده‌ڕژێتێ و پێوه‌ندییه‌كانی به جیهان ده‌به‌ستێته‌وه، كار و چالاكیی وشه گه‌رمه‌كانی ناو ژیان وشه بێ هێزه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگیان له خه‌یاڵگه‌ی نووسه‌ری خود وریا ده‌ربه‌ده‌ر كردووه. هه‌ست به نائومێدییه‌كی ترسناك ده‌كه‌م له‌و وشانه‌ی له‌ناو فه‌رهه‌نگاندا وه‌نه‌وز ده‌ده‌ن دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ ناو ڕسته‌ی شیعریی كتوپڕ خه‌وی دووباره‌كردنه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێت. له‌باری دووباره‌كردنه‌وه‌شیاندا، بچووكتر ده‌بنه‌وه. ده‌سته‌واژه له‌ناو فه‌رهه‌نگدا خۆشباوه‌ڕ و بێ ئومێده به‌یه‌ك مانایی دڵی داكه‌وتووه و فۆرمه‌كانی كۆتایی پێ هێناوه.
شاعیریش له‌ناو فه‌رهه‌نگدا سڕ ده‌بێت نه‌ك سه‌رسام.له وشه‌كانی به‌رده‌ست و زه‌ینی خۆیه‌وه ده‌ست پێده‌كات. ڕۆشنبیریی ئه‌كادیمی و فه‌رهه‌نگنووس و زمانه‌وان له وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگدا كار و چالاكییه‌كانیان به‌رهه‌م دێنن. له فه‌رهه‌نگدا ئاستی جیاكاری زمان نییه. هه‌موو داهێنانێكی زمان له ئه‌ده‌بدا له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ ڕووده‌دات، ده‌قی نایابیش له كرۆكدا له پێوه‌ندیی زمانه‌وه سه‌ركه‌وتن وه‌رده‌گریًَت.
له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بدا، ئه‌ده‌بێك نییه له وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگه‌وه سه‌ركه‌وتنی به ده‌ستهێنابێت، بۆیه فه‌رهه‌نگ لای من بووه ته‌لیسمێكی بكوژ، زوو خۆم له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنا. ژیان فه‌رهه‌نگی شیعره، هه‌ر شاعیرێكیش هانا بۆ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ ببات نه‌شازیی خۆی به شیعر ئاشكرا ده‌كات. مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌ی ئاماده‌كراوه، بایه‌خی ساته هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له ده‌ستداوه، ئه‌گه‌ر نووسینێكی ئه‌ده‌بیش ساته هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی نووسه‌ر خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نه‌بووبێت. ده‌قێكی به‌تاڵه له ئه‌فسوون و هۆشیاریی نووسین.
مانیفێست
وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك مانیفێستی شیعری خۆم ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه ببێته پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئه‌زموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنه‌وه په‌نجه‌مۆر و ڕوانینی تایبه‌تی نووسه‌رن به كه‌ره‌سته‌یه‌كی خه‌مڵیو و ئه‌زموونێكی ڕاسته‌قینه به‌رانبه‌ر نووسین. بۆ نووسین و گه‌ڵاڵه‌كردنی، به قووڵی سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانی خۆم به توانای گۆڕان له ژیان و هونه‌ر هێنایه‌وه ناو زه‌ینم. له مه‌ودای خاڵی لاوازی تا خاڵه سه‌رسوڕهێنه‌كانی ئه‌زموونم وه‌رگرت، به‌وپه‌ڕی هۆشمه‌ندی جیاكاریی هه‌ستكردن له مه‌وداكانی مامه‌وه و تێ فكریم تا بووه پرۆژه‌ی باش بیركردنه‌وه و گفتوگۆیه‌كی ڕۆشن. بنه‌ماكانیم له شه‌وق و كاكڵه و ناخی ئه‌و مه‌ودایانه دۆزییه‌وه، كه له واقیعی نووسیندا هێناومه‌ته گۆڕێ. ئه‌و واقیعه‌ی چۆنیشی بیر لێ ده‌كه‌مه‌وه و ده‌یجووڵێنم.
پێش نووسین بیر له مانا ناكه‌مه‌وه، دوای نووسین مانا ده‌دۆزرێته‌وه، هه‌روه‌ها بیر‌و ڕاكانی ڕام گه‌یاندوون هه‌موویان له ده‌قه‌كاندا شوێنی ژیربێژی و ئه‌و ئاماژه و نیشانانه‌ی تێیدا به‌رهه‌م هاتوون ئاشكران. چاره‌سه‌ری هه‌ندێك له هه‌سته ڕۆمانسییه سه‌ره‌تاییه‌كانیشم كردوون، هێڵم به ژێر دێره لاواز و سه‌رسوڕهێنه‌كانی كێشاون.خه‌ونم كردووه به فۆرمی ده‌ست پێكردن و دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیعێكی دامه‌زراوی خه‌ونی.
قۆناغ
شیعر وه‌ك درێژبووه‌وه‌ی قۆناغی پێشتری وه‌رناگیرێت، له هه‌ندێك ڕه‌گه‌ز یه‌ك ده‌گرنه‌وه، له زۆر ڕه‌گه‌زیش ته‌واو ئاستیان ده‌كه‌وێـته نێوان، دژی قۆناغ و ڕێباز و قوتابخانه و دابه‌شكردنم، ده‌قی داهێندراو به‌سه‌ر ته‌واوی ژیان دابه‌ش ده‌بێت.
ژیان و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداو و دیارده‌كان به‌یه‌ك ئاراسته‌نایه‌ن، به جیاكاری بیری یاخی و كه‌ره‌سته‌كانی شیعری له كه‌شی شێوه گۆڕیندان، ئاستیش به‌ره‌و گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرن. هیچ قۆناغێكیش ناتوانێت قۆناغی پێشه‌خۆی ته‌واو له‌ناو خۆیدا ون بكات و داهێنانه‌كانی له گۆشه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ر گه‌مارۆ بدات. جیاكارییه‌كان سروشتین. جیاكارییه‌كانی ئه‌و قۆناغ و ئه‌زموونانه‌ی له داهاتووشدا ده‌بنه هۆ و مایه‌ی گفتوگۆی گۆڕانكاری هه‌مدیس هه‌ر سروشتی ده‌بن.
شیعر له‌زماندا ڕه‌ونه‌قی شیعرییه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنێت،زمانیش به ئاراسته‌ی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرێت.
ئایا زمانی قۆناغه‌كانی ژیان درێژه‌پێده‌ر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی یه‌كن. به جیاكاریی ئه‌و ده‌ستكه‌وته هونه‌رییانه‌ی له ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی بیر و پێویستییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و شارستانییه‌كان ئه‌زموونكراون و دامه‌زراون،یان بابه‌ت و مه‌به‌سته‌كان شێوازییان ده‌گۆڕێن و نیشانه‌كانی هه‌ست پێ ده‌كرێن.زمانی شیعر، شیعرییه‌ت له زمانی قۆناغێكی دیاریكراو وه‌رناگرێت، هه‌موو سه‌رده‌م و مه‌وداكان ڕاده‌كێشێته ناو بازنه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خۆی، هێز ده‌ڕژێنێته ناو ته‌كانه‌كانی بۆ به‌كاربردن و ئاماژه ژیربێژییه‌كان.
قۆناغێك، داهێنان تاجی له‌سه‌ر هێمایه‌كی دلێری نه‌نابێت، درێژه‌پێدان و مێژوویی نییه. هه‌ندێ باری قووڵی سه‌رسامی سۆفییه‌ت له نووسینی ئه‌مڕۆ ده‌بیندرێن.
سیماكانی له قۆناغی كلاسیكی ڕه‌وه‌نه‌قیان بیندراوه، وه‌ك پێویستییه‌ك له‌مڕۆدا ئه‌زموون ده‌كرێنه‌وه، ئه‌و پێویستییه ونبوونی نوێبه‌خشی نییه له‌ناو كلاسیك، ئه‌و شتانه‌ی له ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیان ده‌رده‌چن به‌ره‌و به ئه‌ده‌ببوون، شته‌كانی له‌ناو كۆمه‌ڵگا ئه‌ده‌بن و ئه‌وانی تواناشیان تێدایه ببنه ئه‌ده‌ب ده‌قئاوێزان به جیاكاری بنیادی دامه‌زراندن. هێڵی ڕوونیش ڕوانینه‌كان بخاته باری قووڵبوونه‌وه و سیما هاوبه‌شه‌كان بناسێنێ. زمانی جیاكار ترپه و ئاوازی جیاكاری لێ ده‌بێته‌وه. شێوه‌كانی ده‌ربڕینیش له ترپه و ئاواز وه‌رده‌گرێت. وه‌ك فۆرم و پێكهاته‌ی ڕسته به‌ندیش جیاكارییه‌كان به‌ره‌و چه‌ندین ئاراسته‌ی جیاكار ڕامان ده‌كێشن و به كارامه‌یی به گه‌ڕمان ده‌خه‌نه‌وه بۆ دوانه‌خستنی ژیان، كه ژیان خۆی كرده‌یه‌كی دواخراوه. خاوه‌ن فۆرم و توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنیشه.
پێویستی
له‌م لێبوردنه‌وه‌یه‌ی هه‌ستم بۆ ژیان و هه‌ڵبژاردنی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر هه‌ڵوێستی وه‌رگرت. شه‌پۆلی هۆشیاری له ناخمدا خۆی هه‌ڵاوێشت و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پیشاندا له ناخت‌دا په‌یامبه‌رێك خوڵقاوه پێویستی به ده‌ربڕین و نووسینی كتێبێكه بۆ هه‌مووان.
له‌و خرۆشانه‌ی خه‌ون و واقیع و ژیان داوایان له گیانم كرد، پێویسته كۆمان بكه‌یته‌وه، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنمان شیعره. فه‌زای زیندووی په‌یامبه‌ریه‌تی له بوونم ڕسكا.گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له ڕوانینه سه‌ره‌تاییه‌كانم به‌رپابوو، به‌ڵام له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی گیانیی یه‌كه‌مین ئاماده‌بوونی نووسین له سه‌لیقه و چێژمدا چه‌خماخه‌ی دا. خۆی وه‌ك كاتێكی به‌رجه‌سته له بینین و نووسین پیشاندا. ژیان و مه‌رگم له‌ناودا كرده سه‌رمه‌شقی پایه‌داربوون.
سروشتی ده‌ربڕینیش ده‌گۆڕێن، هه‌ندێجار واقیع و ژیان جێده‌هێڵم و ده‌چمه ناو خه‌ون. هه‌ندێ جاری دیكه‌ش خه‌ون جێده‌هێڵم و ده‌چمه ناو جوانییه‌كانی واقیع و ژیان. ئه‌م جێگۆڕكێ كردنه بیركردنه‌وه و گفتوگۆ و بینین و ده‌روونم ئازاد ده‌كه‌ن و ده‌چمه ناو كه‌شی نووسین. واته دۆزینه‌وه‌ی واقیعی نووسین. نووسینیش له‌هه‌موو شوێنێكدا هه‌یه. تا له بۆشاییه‌كانیش پێویسته شاعیربم له مردنیشدا وه‌ڵامی پێداویستییه شیعرییه‌كان بده‌مه‌وه. سوپاس بۆ خودا چاره‌نووسی له دایكبوونم له وڵاتێكدا بووه، شیعری تێدا خۆشه‌ویسته.
ڕه‌خنه
نووسین له‌باره‌ی ده‌قه‌كانم ڕێك خراون، ئایا بوونه‌ته هۆیه‌ك له‌دید و دیدگایانه‌وه به خۆمدا بچمه‌وه، ڕه‌خنه ئامرازێكه بۆ باش تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌ب، جۆره سه‌رلێشوانێك بۆ خوێنه‌ر به‌دی ناهێنێت. سه‌ربه‌خۆیی ده‌ق و خوێنه‌ر گرینگه، كرده‌یه‌كی شارستانی و زانستییه ڕۆشنبیر سه‌داسه‌د خۆشحاڵه پێی، به‌ڵام له‌و ڕه‌خنانه‌ی وه‌ك مه‌به‌ست ڕای ده‌كێشمه ناو ئه‌و نووسینه یه‌كێكیانم بۆ ده‌ستنیشان نه‌كرا پسپۆڕانه له‌ناو ده‌قێكم به پرۆگرامێكی ئه‌كادیمی، یان خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه كاری كردبێت و به‌شێك له كرده‌ی ڕه‌خنه‌ییی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. كه‌م ئه‌زموونی و كه‌م و كورتیی ده‌قی منی خستبێته به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشانه، یان خوێنه‌ری خستبێته خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه، كه پشت به میتۆده‌كانی ڕه‌خنه‌گر ببه‌ستێت.
ئه‌و دیاردانه وامان لێده‌كه‌ن بپرسین ئه‌رێ ئه‌م نووسینانه بۆ ڕێك ده‌خرێن. هه‌قیقه‌ت له كوێیه. ئایا هیچ له‌و نووسه‌رانه‌ی، كه ڕۆشنبیریی خۆیان ئاماده‌یی له نووسینه ڕێكخراوه‌كه‌دا نه‌بینیوه، توانیویانه پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌قه‌كانم بخوێننه‌وه و خۆیان تێیدا ئاماده بكه‌ن بۆ كارێكی زانستیانه توانای مانه‌وه‌ی هه‌بێت، خاڵێك، یان چه‌ند خاڵێكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر بخاته ناو گفتوگۆوه، كه مه‌ترسی بێت بۆ ئه‌و بیروڕا هونه‌رییانه‌ی من پێشكێشم كردوون، ئاراسته و بڕوای منیان پێكهێناوه.
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌كادیمی و خه‌یاڵ ساغیش، توانیویانه پانتایه‌كی هه‌میشه ئاماده‌ی ئه‌زموونم پیشان بده‌ن. هه‌ستیارییه‌كی قووڵی تێدابێت له‌ناوی ئاسووده بیربكه‌مه‌وه و په‌یوه‌ست بم به خه‌ونی نووسین. هه‌میشه بڕوایه‌كی پته‌ویشم به جیهانیی منداڵییه‌وه هه‌یه. ئه‌و هه‌سته پاكه‌ی له گیانی منداڵیه‌تی په‌روه‌رده‌كراوه. هه‌مان هه‌ستی پاكیش له سروشتدا ده‌جووڵێت.منداڵی و سروشت ناوه‌ندێكن له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه بۆیان ده‌چم.
له پێوه‌ندییه براده‌رییه‌كانم به‌هه‌موو هه‌سته‌كانمه‌وه ڕێز له‌به‌رانبه‌ر ده‌گرم، كه‌چی زوو له‌وه حاڵی ده‌بم به‌رانبه‌ر پێویسته وه‌ك گوێزێكی پووچ له لێژایی فڕێ بدرێت. چۆله‌كه پشت و پێش و ته‌نیشتی خۆی ده‌بینێت. خاوه‌نی بینین و مه‌ودایه‌كی بێشوماریشه. به پێچه‌وانه‌ی چۆله‌كه یه‌ك ئاراسته‌ی بینینم بۆ ژیان هه‌یه. ئاراسته‌ی بینینی هه‌قیقه‌ت و هه‌ره‌می ڕۆشنبیری و داهێنان، په‌یڕه‌ویشی ده‌كه‌م. چ زیانێكیش به‌و هۆیه‌وه پێم بگات پێی زه‌ره‌رمه‌ند نابم.
دیارده‌ی بێزراو له ئه‌زموونی شاعیریه‌تیی من بیندراوه، هه‌بووه به نووسینێك بردوومیه‌ته كه‌شكه‌ڵان، دوای ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتیش هه‌ر خودی هه‌مان كه‌سی خاوه‌ن ئاراسته‌ی كه‌شكه‌ڵان بوونی ئه‌ده‌بیمی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و ماوه ئێجگار كورته ناتواندرێت وه‌ك گۆڕان و ئه‌زموون له دید و دیدگا ته‌ماشا بكرێت.
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی له ئه‌نجامی ئه‌زموون و كاركردنی له‌ناو ئاماژه ئه‌ده‌بییه‌كاندا گه‌یشتبێت به‌و دوو ئاراسته‌یه‌ی كاركردن وه‌ك ئاكامی وه‌رچه‌رخانێك بیر له ئاسته‌كان ده‌كه‌مه‌وه و پێی خۆشحاڵ ده‌بم. ئه‌گه‌ر مایه‌ی سوودوه‌رگرتن بێت، سوودیشی لێ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژه‌كانم ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی كردبێته دا‌و و هێڵێك و كرده‌ی نووسینی به‌دوادا ببات له‌وانه‌یه بتوانێت له ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتدا به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌شدا كێش و نیشانه و ئاراسته‌كردن وه‌ربگرێت.كاری ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر ئه‌م پایه ده‌وه‌ستێت سه‌نگی ئه‌ده‌ب له ڕۆشنبیریی كوردی ده‌ربخات. هه‌ندێًك نووسین له ئاستی هه‌ره به‌رز ڕایان گرتووم. بێگومان ئه‌مه‌یان زێده‌ڕۆییی تێدایه. هه‌شه به شێوه‌یه‌ك دایپڵۆسیوم له نزمترین ئاستی ئه‌ده‌بی دیاریكراوی كردووم. ئه‌مه‌شیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایه.
خۆشم له‌و دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كه باش حاڵیم،داهێنان له‌و پاداشته نییه، كه له ڕه‌خنه‌گر، یان هێزی باڵاده‌ستی سیاسی وه‌رده‌گرێت. خورپه‌ی دڵ فه‌رمانڕه‌واییی به‌رده‌وامیی داهێنانه. دیارییه‌كه خودا و زمان ئه‌و خورپه‌ی دڵه‌مان ده‌ده‌نێ و ئاشكرای ده‌كه‌ن.
هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌باره‌ی نووسینێك نامدره‌وشێنێته‌وه هه‌ست و ده‌روونی نووسه‌ره‌كه‌ی تێیدا ئازاد نه‌بێت تا سه‌ر ئێسكان گیر بخوات له خوڵقاندنی دوو دیوی، له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسینێكدام، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه‌دا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسه‌ت تێیدا ده‌سته‌ڵاتداربێت.ئه‌و نووسینانه هۆشیاریی ڕه‌خنه‌یان تێدا به‌كار نایه‌ت. زیاتر چاودێری نووسینن. ئه‌مجۆره ڕه‌تكردنه‌وانه‌ش ته‌نیا شكست بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی تۆمار ده‌كه‌ن. شكستییه‌كه‌ش ده‌بێته بابه‌تی لادانی ڕه‌خنه له میتۆده ڕه‌خنه‌یییه‌كان و ئه‌م و ئه‌و ڕازیكردن له‌سه‌ر ڕه‌نجی ئه‌و ده‌قانه‌ی خاوه‌نی هه‌قیقیترین بنه‌مای شیعرییه‌تن.
هه‌ندێك له نووسینی بێزراو به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه ئاماژه‌یان به‌و وێنه شیعرییه: (شه‌مه‌نده‌فه‌ر گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی مێژوو ده‌كرتێنێت) داوه.
له ئاینده‌شدا گاڵته‌كردن به ئه‌زموونی سه‌ركێشان به‌رده‌وام ده‌بێت. پێش منیش گاڵته به ئه‌زموونی سه‌ركێشانی دی كراون،دواتریش بوونه‌ته هێمایه‌كی ڕوون و زۆر دره‌وشاوه: نموونه گۆران، كه توانیویه‌تی سیمای داهێنانی تاقانه‌ی خۆی ده‌ربخات چووه‌ته ناو هه‌ندێك كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ، نیمچه ڕۆشنبیریی كه‌م ئه‌زموون و ناڕۆشن به (هه‌لوور به‌لوور ته‌كامه- زه‌رد و سوور و شه‌ماممه) تانه‌یان لێداوه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیان ده‌رهێنا و كرده‌ی به ژیان. ئه‌م ده‌ربڕینه‌یان وه‌ك به‌هانایه‌ك ده‌هێنایه‌وه، كه له‌سه‌ر ئه‌م كێشه خۆماڵییه سیماكانی شیعری كوردی ده‌رخستووه. به‌هه‌رحاڵ ئه‌رێ ئه‌و ڕێزدارانه كێ بوون و له‌مێژوودا چی‌یان پێ كرا. له‌مڕۆدا ئێمه‌مانان چه‌ندیان ده‌ناسین، وه‌ك ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش پێوه‌ندییه نادیاره‌كانی خه‌یاڵ كردن و بیركردنه‌وه‌مان لێك ئاشكرابكه‌ن. له لێكجیابوونه‌وه و پێكه‌وه‌بوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بده‌ن، یان له‌پانۆرامای داهێنان له كوێنده‌ر ده‌ستنیشانیان بكه‌ین.ئه‌وانه‌ی هه‌قیقه‌تی داهێنانی مه‌زنیان زانیوه ئه‌وه ده‌زانن، كه گۆران توانی دیوانی نوێبه‌خشی شیعری كوردی بنووسێت و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ڕۆژگار پێگه و ناوبانگ و شاعیرییه‌تی زیاتر بدره‌وشێته‌وه له‌وه‌ی، كه خۆی له ژیاندا مابوو هه‌یبوو. كه‌واته به‌رهه‌مهێنانی شیعری بێگه‌رد و ئه‌فسوونی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان و به‌گه‌ڕخه‌ری هێزی ژیانه. لێكدانه‌وه‌ی شیعر یه‌ك له‌و گوناهانه‌یه، كه لێخۆشبوونی بۆ نییه، له له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونی ئێستێتیكای به‌شێك له‌نووسینی كوردی، له لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه شیعرییه‌م داوای بوردن له گیانی به‌هێزی ئه‌م گوناهه ده‌كه‌م، ڕه‌نگه خوێنه‌ر هه‌ندێكجار تێگه‌یشتنی بۆ ده‌ق بگاته ئاستی تێگه‌یشتنی نووسه‌ره‌كه و قووڵتریش بچێت.
ده‌قی من كه‌م تا زۆرێك هۆشیارییه‌كی جیاكاری هێناوه‌ته گۆڕێ و له‌ناو كولتووری كوردییه‌وه هاتووه‌ته به‌رهه‌م، ڕه‌نگه هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌بێت ویستبێتم له‌ناو ئه‌م كولتووره‌دا هه‌وڵ بۆ خۆبوونی خۆم بده‌م. ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌رهه‌می بیری گه‌رمی منه، خه‌یاڵی شاعیرییه‌تیم له هێنانه پێشه‌وه‌ی منداڵی تاقی كردووه‌ته‌وه.
یه‌ك له جه‌ژنه‌كانی هه‌فتایه‌كان، جه‌ژنانه‌كانم په‌نجا فلس بوو، له‌گه‌ڵ یه‌ك له كوڕه‌كانی مامم چووین په‌نجا فلسه‌كه‌مان خسته سه‌ر هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌و نیازه‌ی، كه به‌سه‌ریدا بڕوات په‌نجا فلسه‌كه گه‌وره ده‌بێت و فۆرمی سه‌د فلسی وه‌رده‌گرێت. به ئه‌نجامی ئه‌و كرداره ده‌توانین چێژ زیاتر له جه‌ژن وه‌ربگرین. كه‌چی به شێوه‌یه‌كی وا هه‌ردوو دیوی په‌نجا فلسه‌كه‌ی سڕییه‌وه شوێنه‌واری پاره‌ی پێوه دیار نه‌ما. جا شه‌مه‌نده‌فه‌ر له چێژی جه‌ژنێك بێبه‌شی كردووم و چێژی ساتێك له منداڵیی كوشتووم.
له‌م وێنه‌یه‌دا سڕینه‌وه‌كه‌م وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك كار پێكردووه و جووڵاندوومه.به‌لای زۆرێك شه‌مه‌نده‌فه‌ر هۆی گه‌یاندن و گه‌شت و خۆشحاڵییه، به‌ڵام له‌دید و دیدگای ئه‌و كاتی من وه‌ك دڕنده‌یه‌كی ترسناك ته‌ماشا ده‌كرا، هه‌روه‌ها وه‌ك وێنه‌یه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و گرژبوون به‌كار براوه. شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاوتاكراوه به كه‌سایه‌تیی دیكتاتۆر و جووڵێندراوه، كه هۆی نه‌شونما كردنی ژیان و زمان و نیشانه ده‌سڕێته‌وه.
هێزی خود له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتداره، ده‌قئاوێزانییه‌كی نیشانه ناسیشم له‌نێوان هێزی نووسین و هۆشمه‌ندیی كۆمه‌ڵگادا دۆزیوه‌ته‌وه. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قئاوێزانییه له كێشی ڕه‌خنه‌نووسێك نییه، كه خاوه‌نی پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه نه‌بێت.
شوێن و هێما و هێزی خود چالاك له ده‌ربڕینه‌كانمدا وێنه‌یان زۆره، به‌ڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هه‌مه‌چه‌شنی مرۆڤ و شێوه و شێوازی ته‌قینه‌وه‌ی خێرا.
له‌بارخراپی كێشه و گرفتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌ندێك له نه‌وه‌ی پێش خۆم و نه‌وه‌ی دوای خۆمی گوێڕایه‌ڵیان، به‌هه‌وڵی گرووپێكی لێك نزیك،نووسینم له‌باره ڕێك ده‌خه‌ن. به ئاشكراش كار بۆ ئه‌م هاوكارییه‌یان ده‌كه‌ن. گرووپ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری خێڵایه‌تییه، به‌هه‌مان جۆر و ده‌ستووری سه‌له‌فیانه به‌ڕێوه ده‌چێت. هه‌ر خه‌وندیده‌یه‌ك ئه‌فسانه و ناوه‌ندێكی زاڵ و كاریگه‌ره له نووسیندا، ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته كۆنخوازانه‌ی بڕوایان به بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وی دی نییه.ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه وه‌ك عه‌لیشیشی گیڤبووه‌وه ده‌یانباته‌وه ناو قه‌باره‌ی سروشتی خۆیان. كه‌واته دژایه‌تیكردنه‌كه به سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئه‌وی دی وه‌رده‌گرم. نووسه‌ر بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنی بووه كۆنترۆڵكردنی ئه‌وی دی له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆی گه‌ییوه‌ته كۆتاییه‌كی بێزراو. نووسه‌رێكیش له‌گه‌ڵ خودی خۆی گه‌یشته كۆتایی، گۆڕنه‌ته‌ڵه و مردۆخه، پێویسته بچێت داوا بكات له‌خانه‌ی پیر و په‌ككه‌وتووه‌كان ناونووس بكرێت.بگره و به‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی نییه، بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنم له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆم هه‌میشه له ئه‌زموون و نیشانه ناسیدایه. گرووپ ده‌ستكردی ده‌سه‌ڵات و هێزی باڵا ده‌ستی سیاسییه. كار پێكردنیشی به نیازی ڕێ پێ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئه‌وی دی خۆی ترسێكی كه‌مه‌رشكێنه له ئه‌زموونی پڕ شایه‌ن به ئاماژه، باوه‌ڕ پته‌ویشم به‌هێزی خه‌ونبینیم بۆ نوێبه‌خشی، وا ده‌بینم یه‌ك یه‌ك ده‌گلێن و ڕووبه‌ڕووی داهێنان شه‌رمه‌زار و چاو به‌ره‌وژێر ده‌بن. خاوه‌ن پرۆژه‌ش ده‌بێت به خاوه‌نی ئه‌و سه‌روه‌رییه بێده‌نگییه‌ی كه ده‌قه، هه‌روه‌ها جیاكاریی نه‌وه جیاكاره‌كانیش به دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌زانم و ڕێزی لێ ده‌نێم، به‌ڵام بێز له‌و باره ناسروشتییه ده‌كه‌مه‌وه له‌سه‌ر بنیادی ڕوانین دروستی ناكه‌ن و ئێره‌یی و حوكمی پێشینه‌ی بێ سوود به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به هیچ جۆرێكیش بیرم له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه هێڵی هاوبه‌شی خۆم له شیعری كوردیدا جیا بكه‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌رده‌م ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه ده‌مخواته‌وه، كه هه‌نگاوێكی چوست و بنچینه‌ییی دیكه‌بم له‌ئه‌زموونی قه‌ناعه‌ت پێهاتووی خۆم.له‌هه‌موو ناوه‌ندێكی به‌گێچه‌ڵیش دوور ده‌كه‌ومه‌وه، سه‌رگه‌رمی به‌دیهێنانی خه‌ونی نووسین ده‌بم.
له سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانیشدا ئاراسته‌یه‌كی خه‌ونیم ده‌ربڕیوه، من وه‌ك كه‌سایه‌تیی خه‌ونێكم له‌شیعره‌وه به‌رهه‌مهاتووم، خه‌ونیش ڕاده‌گه‌یه‌نم.نادیارییه‌ك له‌خه‌وندا هه‌موو گه‌مارۆكانی شكاندووه، نووسین ڕاوی ئه‌و نادیارییه‌یه. خه‌ون دره‌وشانه‌وه‌ی واقیعه، زمان له ده‌قی خه‌ونیدا ئامرازی گه‌یاندن نییه، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنه‌یه. ئاسانه بگه‌یت به ئه‌وی دی، به‌ڵام ئاسان نییه بگه‌یت به خودی وریای خۆت، كه گه‌یشتیی به خودی وریای خۆت، ده‌ره‌وه و ئه‌وی دی به‌لاته‌وه ده‌بنه شتێكی لاوه‌كی، یان زۆر لاوه‌كی. گه‌یشتووم به‌و قه‌ناعه‌ته ڕه‌هایه ته‌مه‌ن و كات هه‌ر هێنده بار و بوار و ماوه‌م ده‌ده‌ن بزانم من چیم له ژیان ده‌وێـت، به‌گرینگیشی نازانم، بزانم ده‌ره‌وه و ئه‌وی دی چیان له من ده‌وێت.
ئیلتیزامم به بڕوا هونه‌رییه‌كانی خۆمه‌وه هه‌یه، كولتووری تایبه‌ت به خۆشم هه‌ڵًبژاردووه و كاری پێ ده‌كه‌م. هه‌ستیش ده‌كه‌م كۆمه‌ڵگای ئێمه چووه‌ته ناو نه‌ریت و ڕابردوو، پێویسته ده‌ربهێندرێت.
خوێندنه‌وه
شێوازی خوێندنه‌وه به‌شێك له به‌های چێژی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه، سه‌ره‌نجام ئه‌م گواستنه‌وه‌ی چێژه‌ش ده‌بێته به‌شێك له ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وه‌ك ده‌ق، شیعر وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه. دوو یه‌كه‌ن له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه په‌ره‌یان نه‌گرتووه.
وه‌ك ده‌ق ده‌سه‌ڵاتی جوانی و بیركردنه‌وه له چێژدا دروست ده‌كات.
وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌ش، ده‌نگ و جووڵه و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسار ڕۆڵی جوانی و بیركردنه‌وه ده‌گێڕن و دروستی ده‌كه‌ن.
ئه‌زموونی شیعر خوێندنه‌وه‌ی ناو هۆڵ و به‌ر میكرۆفۆنم هه‌یه، به‌ڵام شێوازی خوێندنه‌وه و ده‌نگ و جووڵه و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسارم پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ گوێگر نادۆزێته‌وه، نه‌توانینی گواستنه‌وه‌ی مانا و جوانیی له نائاگاییم ده‌جووڵێت و مه‌وداكانی بیركردنه‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ مه‌وداكانی چێژی گوێگر سه‌رچاوه‌كانیان تا ڕاده و ئاستی ڕژانه ناو یه‌ك لێك نزیك نابێته‌وه.
شیعر شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی گرتووه. چڕبوونه‌وه‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای كوردیش له‌شیعردا بووه‌ته ناوه‌ند. هیچ هونه‌رێكی دی هێنده‌ی ئه‌م به‌شه په‌روه‌رده‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای نه‌كردووه. هه‌ندێك خورپه‌ی بزربووی ناخ هه‌ن، ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی نایدۆزنه‌وه.ته‌نیا شیعر له‌باری دره‌وشانه‌وه‌یدا ده‌توانێت بیاندۆزێته‌وه. نووسین و هونه‌ر ئاراسته‌یان به‌ره‌و ژیان وچێژه، به‌ڵام كرده‌ی داهێنانی په‌تی، ستایشی ژیان نییه له پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ له‌باره‌ی ژیان و چێژ ده‌خوڵقێنێ و ده‌یكاته قه‌ناعه‌تی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبه‌خش و به‌خشنده‌ش ڕازه‌كان ده‌دۆزێته‌وه.
تێپه‌ڕاندن
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوام به تێپه‌ڕاندن نییه، بگره بڕوام به‌گۆڕان و جیهانبینی جیاكار هه‌یه. تا ئێستاش نه‌متوانیوه بڕوا به‌وه بهێنم نالی، باباتاهیری تێپه‌ڕكردووه، هه‌روه‌ها گۆران جه‌سته‌ی شیعری كلاسیكی به‌ته‌واوی جێ هێڵاوه. ئێمه‌مانانیش خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌هامان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێشخۆماندا نابێت. ده‌قئاوێزانییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌موو نه‌وه‌كاندا ئاشكرایه و له‌وانه‌ی دوای ئێمه‌مانانیش به‌رده‌وامیی ده‌مێنێت. وا ده‌بینم هه‌ر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینی خۆی به‌سه‌ر كه‌سی خاوه‌ن جیهانبینی ڕۆشنكه‌ر و هێمای هه‌مه‌چه‌شن ده‌سه‌پێنێ.وه‌ك چۆن هه‌موو وه‌رزێك به فراوانی سه‌یری ئاو و هه‌وای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات و ده‌یسه‌پێنێتیش، ئه‌م ئاو و هه‌وایه‌ش كه‌م و زۆرێك كاریگه‌ریی به بارستی خۆی به‌سه‌ر نه‌شونمای دره‌خته‌كان جێ ده‌هێڵێت. ئه‌وه‌ی تێبینم كردووه نه‌وه‌ی پێش ئێمه ستوونی ژیانیان هێنایه ناو شیعر و ئه‌زموونیان كرد.ئێمه ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی ژیان و خه‌یاڵ و خه‌ونمان هێنایه ناو شیعر و فراوانتر ئه‌زموونمان كرد و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ناساندمان.
نه‌وه‌ی دوای ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك جیهانبینی زیاد ده‌كه‌نه سه‌ر قۆناغی شیعری ئێمه. ئه‌مه یاسای ژیانه و ده‌بێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئه‌م هه‌قیقه‌ته ناوه‌ندێكی چه‌سپاوه له بڕوابه‌خۆبوون و هه‌قیقه‌ت بینین و دیارده‌كانی پێوه‌ندیدار به چییه‌تی بوونه‌وه.
پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنم نییه، زیاتر خه‌وندیده‌ی پێكهێنانی هێماكانی خۆمم، شیعرییه‌ت سیمای ڕوونی گشت نه‌وه‌كانه و شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه له جه‌سته و پێكهاته‌ی مرۆڤدا.
ده‌قئاوێزانی ده‌تگه‌یه‌نێت به فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنه‌وه‌ی چالاك و ده‌تدره‌وشێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرییه‌ك ده‌قئاوێزانی له‌گه‌ڵ گیانی به‌هێزی ڕۆشنبیریی دنیا نه‌هێنێته ئاستی هه‌ست پێكردن، نه‌یتوانیوه له پێوه‌ندی و گفتوگۆ و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه ببێته كه‌سایه‌تییه‌ك بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه.ڕۆشنبیرییه‌كیش نه‌توانێت ببێته كه‌سایه‌تییه‌ك زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه، له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیا خه‌یاڵی باش به‌ڕێوه نه‌چوو.
له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی هێڵی هونه‌ری ده‌توانێت له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشته‌جێ بێت و له گه‌ڕان بۆ بنه‌ڕه‌تیش چالاك و به‌رهه‌مدار بێت، خه‌سڵه‌ت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێته‌وه.چركه‌ساتی خۆبوونیش، چركه‌ساتێكی چڕه له ژیاندا.
به‌هره
له‌دامێنی هه‌ر ده‌قێكم، مێژوویه‌ك تۆماركراوه،بڵێی بڕوام به‌وه هه‌بێت نووسین هه‌ڵچوون و كاتی تایبه‌تییه, یان به‌هره و سرووش ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به‌رده‌وام به‌شدار و هاوكارم بن له نووسینی به‌شه پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌ق. له‌و ته‌مه‌نه‌ی نووسینمدا، كه نزیكه چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كه به‌كامی دڵ له‌ناو سنووره‌كانی له هاتوچۆدام. ڕاوی چه‌ند ده‌قێكم كردوون، ئه‌وانه‌ی نووسیویشمن هێشتان له نووسینیان ته‌واو نه‌بوویمه و نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. بڕواشم وایه به‌هره و سرووش كار له‌ئاماده‌بوونی نووسه‌ر ده‌كه‌ن بۆ كه‌شی خرۆشان، به‌ڵام وه‌ك هانده‌ر و خورپه‌یه‌كی شاراوه نه‌ك شتێكی بنه‌ڕه‌تی و ته‌واوكه‌ری بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین، له‌نووسیندا زیاتر تێڕامان و خه‌ون و ئێستێتیكای ویژدانی به پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌ری و به‌شداریی به‌رده‌وامیم ده‌ده‌نێ. ناخی وریام ئاماده‌ی بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تاكانی نووسین له هۆشیاری و یاداشت و خه‌ونمدا ئاماده ده‌بێت. چاوه‌ڕوانی كه‌شی نووسین ده‌كات. له‌وانه‌یه ئه‌م كه‌شه چێژبه‌خشه شكۆ و به‌هره و سرووشی نووسین بێت و بنه‌ماكانی به‌ڕێوه ببات. تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش نووسین پێویستی به ژیری هه‌یه تا ده‌ستت به‌سه‌ر ئامرازه هونه‌رییه‌كاندا بشكێت و ئه‌فسوونی نووسین به‌هۆی به‌هره‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كراودا به‌جێبهێنێت.
خوێنه‌ر
له‌ناوه‌وه‌ی خۆم به بۆچوون و تێگه‌یشتنی زاهیدێك ژیانم هه‌ڵبژاردووه و به‌چاوی چاكه‌خوازی سه‌یری شیعری كوردی ده‌كه‌م و شیعری مرۆڤدۆستانه‌شم خۆشده‌وێت، شیعر هه‌ڵگری وزی ژیانه. له‌ناو شیعریشدا ژیان دووچاری نه‌سروه‌تن و هه‌ندێك جه‌نگی پێویستی كردووم. بوێرییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له له‌ناوچووندا ده‌بن به هه‌ست، كتێبی ده‌گمه‌نن هه‌وڵ ده‌ده‌م تێ‌یان بگه‌م، دواجاریش بیانووسمه‌وه، ئه‌و ژیانه‌م لا جوان و په‌سه‌نده، هه‌ست و خه‌ون له‌ناو ده‌قی شیعریدا ده‌یكاته ئاماژه و ئاخاوتن. له ئاخاوتندا له خاڵی هاوبه‌ش نزیك ده‌بینه‌وه، یان ده‌گه‌ین به وه‌ڵامێك بۆ ئاخاوتن. خه‌ون و یاده‌وه‌ری له سێبه‌ریدا به یه‌كتری ده‌گه‌ن و ده‌بن به واقیعێك له واقیعه‌كانی بوون. له‌نێوان په‌سندكردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خوێنه‌رانی هۆشیار و خوێنه‌رانی ئاسایی‌دا نووسین له‌كوێ خۆی ده‌دۆزێته‌وه. جیاكاریی نێوان خوێنه‌ری زۆر و جه‌ماوه‌ر ئاشكرایه. قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنه‌ره، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری نییه.
ئه‌و مشتومڕه له‌نهێنی ئه‌و ده‌قانه به ده‌ستده‌كه‌وێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش پێویستمان به خوێندنه‌وه‌یانه. پێوه‌ندییه‌كی دڵخۆشكه‌ریان له‌گه‌ڵ مووچڕك و ته‌زوو و خورپه‌ی شاراوه‌ی ناخ پێكهێناوه.
من یه‌ك به‌باری خۆم، كه په‌ستی دامده‌گرێت و له‌هه‌موو دنیا بێ ئومێد ده‌بم په‌نا بۆ دیوانی مه‌حوی، جاروباریش بۆ دیوانی دیلان ده‌به‌م، ئاماده‌م ده‌كه‌نه‌وه بۆ گرینگی‌دان به هه‌موو بواره‌كانی ژیان. یان ده‌گه‌مه فۆرمی گه‌یشتن به هه‌موو شته‌كان. هه‌ر هه‌موو ئاستێكیش ڕێز له ژیان ده‌نێـت و هه‌وڵی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی و ئاینده‌ی باشتر ده‌دات، هه‌ریه‌كیش به تێگه‌یشتنی خۆی چێژی لێ وه‌رده‌گرێت. نووسه‌ریش له‌سه‌ر بنه‌ما و فراوانبوونی مه‌وداكانی زمان و هێشتنه‌وه‌ی به زیندووێتی ئه‌و متمانه‌یه‌ی ده‌بێته خه‌ونێكی به‌دیهاتوو، له خه‌ونه‌وه‌ش ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه. من خه‌ونم هه‌یه، له خه‌ونه‌كانمدا ده‌ست پێ ده‌كه‌مه‌وه و ده‌چمه ناو مه‌وداكانی بیركردنه‌وه و نووسین.
وشه
وشه‌ی خه‌ون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم ده‌جووڵێنن و لام دووباره ده‌بنه‌وه، ده‌بێت له‌په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا قسه‌م له‌باره‌یانه‌وه هه‌بێت و چوارچێوه‌كیان بۆ بگرم، فه‌زا و ڕه‌گه‌زی ئه‌م وشانه دیدگای منیان دیل نه‌كردووه زیاتر به‌لای خۆیاندا به‌كێشیان كردووم. له‌ناو مندا ڕه‌گیان وریایه و به‌گه‌شه‌كردنم ناساندوون، كه‌ش و هه‌وان بۆ ئه‌زموونی خه‌ونیم، له شیعردا ئیلتیزام به فه‌زای بوونه‌وه هه‌یه، نه‌ك فه‌زا و ڕه‌گه‌زی وشه. بوون له ده‌قدا ده‌بێته شه‌پۆلی مانا و جوانی و شیعرییه‌ت. شیعری من مه‌به‌ستی مێژوویی تێدا نییه. داڕشتنێكی بوونی و خه‌ونییه. كار له‌ناو خه‌ون ده‌كه‌م بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خه‌ون و منداڵی و مردن پرسیاری ئه‌زه‌لین به‌درێژایی مێژوو، نه‌كراوه وه‌ڵامێكی ڕه‌ها بۆ پرسیاره‌كانی ئه‌زه‌لییه‌ت بدرێنه‌وه، هه‌ر وه‌ڵامێكی ده‌بێته‌وه كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه. دووباره نیاز و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه، ده‌مانخاته به‌رده‌م ئازادیی ده‌ربڕین، خه‌ون و خه‌یاڵمان ده‌جووڵێنێت، ده‌كرێت ئه‌م پرسیاره دوابخرێت بۆ دوای كۆتاییی زه‌وی، یان دوای دۆزینه‌وه‌ی بزه‌ی مۆنالیزا و به‌ختیاری تا هه‌تایی، بڕوا به به‌ختیاری تا هه‌تایه كاریگه‌رترین و به‌پیتترین ناوه‌رۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوه.
لایه‌نگر
به‌لامه‌وه گرینگه هه‌موو ئاستێك ببێته لایه‌نگری ده‌قه‌كانم، یان نا.به‌های سه‌ربه‌ستی شوێنی نووسینی له جیهان دۆزیوه‌ته‌وه، به ته‌واوی مانای سه‌ربه‌ستی، سه‌ربه‌ستیم له‌جۆری بیركردنه‌وه و هونه‌ری نوێ و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووه، سه‌ربه‌ستی له‌ناو هه‌ستیاری نووسین ده‌توێنمه‌وه، كه‌سی دووه‌میش به‌هه‌مان سه‌ربه‌ستی به‌ڕێوه ده‌چێت. منی وه‌ك نووسین به‌لاوه گرینگه، یان نا. ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شی لا وێنا ده‌كه‌م به‌هه‌موو توانای گیانی و هێزی ئه‌قڵیمه‌وه ئاماژه‌كان به ده‌ربڕین و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان ده‌گه‌یه‌نم، بارێكی گیانیش له‌ناوه‌ندی نووسین چێژی هاندانم ده‌گه‌یه‌نێته پله‌ی توانه‌وه و تێكه‌ڵاوبوون به‌زۆرێك له شته‌كان. هه‌وڵیش ده‌ده‌م ژیان چێژدار و به‌جوانی په‌یوه‌ست. بخزێنمه گیانی ئاده‌میزاد. ئاده‌میزادیش بگه‌ڕێنمه‌وه باری یه‌كه‌مین فڕین. ئێستێتیكای هاوبه‌ش و ڕۆشناییه‌كانی ناو ده‌ق ده‌كه‌مه هونه‌ری لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتن بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ی ڕۆشناییه‌كانی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی وه‌رگر. وابه‌سته‌ی كولتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئه‌و كولتووره‌ی پێوه‌ندیی به‌هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. به‌رهه‌می هۆشمه‌ندییه‌تی، كه‌واته ئێمه ناوه‌رۆكی گشتیی كولتوورین. تێكۆشانێكی سه‌خت ده‌كه‌م ناوه‌رۆكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به پیت و فه‌ڕ بم.
كولتوور به‌و باره زیندووه‌ی خوڵقاندوویه‌تی، به‌ناوبانگترین جۆری ده‌ربڕینی ڕۆشنبیرییه. تا پاشه‌ڕۆژێكی دووریش هه‌ر به‌و شێوه چالاكه‌ی ده‌مێنێته‌وه. مامه‌ڵه‌ی من له‌گه‌ڵ نووسین مامه‌ڵه‌ی ئیمانداره له‌گه‌ڵ خودا و سه‌رچاوه. خودا و سه‌رچاوه ده‌بنه پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار له چییه‌تی بوون و نه‌بوون و شوێنه‌زا.دواجاریش ده‌مه‌وێت بزانم ئه‌و دۆزینه‌وانه چین، كه پێیان گه‌یشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونه‌ته یه‌كانگیربوونه‌وه‌ی ئاسۆكانی ناوه‌ند. نووسینیان لێوه درێژبووه‌ته‌وه.
شێواز
جوانیی له ساده‌یی و قووڵبینی ده‌خوڵقێت. لێڵیش شته ساده‌كان له‌ناو ده‌با و دڵی جوانیی تێدا هێور ناكرێته‌وه. به‌شێك له هه‌شتایه‌كان له بنیادی قووڵی ته‌مومژ كارم كردووه، ته‌مومژ له ئه‌نجامی جوانیی زمان دروست ده‌بێت، لێڵیش له ئه‌نجامی بنیادی ڕووكه‌ش و هه‌ڵه‌ی زمانه‌وه.
نموونه بێزمانێك ده‌چێته لای مرۆڤێك، داوایه‌ك ده‌خاته ڕوو. بێزمانه‌كه لای خۆی مانا و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ داوه‌كه‌ی هه‌یه و ده‌زانێت چی ده‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوونیی زمانی نییه. ناتوانێت داواكه‌ی له به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نێت.
شاعیر هه‌ن ڕوونیی زمان و جیهانبینیان نییه. له ده‌روون و هه‌ستی یه‌كئاستی خۆیان مانایه‌كیان بۆ نووسینه‌كه‌یان داناوه،به‌ڵام ناتوانین ئه‌م مانایه‌یان به‌شێوازێكی ڕوون له به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن، لێڵی ئه‌م نه‌گه‌یشتنه‌یه. ژیان خۆی پڕه له شێوازی گۆڕان و جموجووڵ ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی سروشتیش گۆڕان له‌خودی خۆی په‌روه‌رده ده‌كات. دره‌خت له پارچه زه‌وییه‌كی بچووك كه‌ش و هه‌وای نه‌شونما وه‌رده‌گرێت، هه‌موو ساڵێكیش گه‌ڵاكانی خۆی له‌ناو ده‌دا و هێمای ڕوون و شێوازی گه‌ڵانوێیه‌كانی ده‌كاته كرده‌یه‌كی ڕاست.یه‌ك شێوازیش له ئه‌زموونی خه‌وندیده و وێڵی دۆزینه‌وه‌ی ژیانی به پیت و ده‌سه‌ڵاتدار نابێت. مانه‌وه و كاركردنیش له‌ناو شێوازێك تانوپۆی داهێنان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، هه‌موو سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌ڵكێشیش زه‌وت ده‌كات، گیانی به‌رده‌وامبوونیش داده‌ڕزێنێت. ئه‌و شێوازه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كانه‌وه ئه‌زموونم كرد، هه‌وڵم دا له‌و ئه‌زموونه‌دا كار له‌ناو مانای زمان بكه‌م و مانای بابه‌ت بمرێنم.
ئه‌زموونێك بوو، ویسته هونه‌ری و كه‌ڵكێشییه زمانه‌وانیه‌كانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئه‌م پێشكێشكردنه‌ش خواستی گۆڕان له‌ناوه‌وه هه‌ژاندمی، هه‌ستم كرد كارێكی دیكه هه‌یه بۆ كردن، دنیایه‌كی دیكه هه‌یه بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا به‌خۆم ده‌ده‌م ئه‌زموونێك واز لێ بێنم و سه‌رگه‌رمی ئه‌زموونێكی تر بم، دیاره وه‌ك ئه‌زموون گه‌یشتوومه‌ته دوا ئاستی و لام ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر له‌ناویشیدا بمێنمه‌وه دووچاری خۆدووباره‌كردنه‌وه و پێكوته دێم، خۆدووباره‌كردنه‌وه و پێكوته‌ش كه‌شی نووسینم له‌به‌رچاو داده‌خه‌ن، له‌و بار و بواره‌دا هێزی خود و ڕسته كاریگه‌ره‌كانی مرۆڤی نوێبه‌خشیش بۆ جوانیی و ژیان بێ كاریگه‌ر ده‌بن.
ڕاگه‌یاندن
ڕاگه‌یاندن كه‌ناڵ و ناوه‌ندێكی خزمه‌تگوزاره بۆ كرده‌ی ڕۆشنبیریی. له‌ناو ڕۆژنامه‌وانیی كوردیدا گه‌یشتووم به ئه‌زموونی به‌پیتی زۆرێك له‌نووسه‌رانی كورد و سوودمه‌ند بوویمه به‌بیرو بۆچوون و فۆرمه‌كانیان. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هێنده‌ی له به‌شێك له ڕۆژنامه‌وانی به ناهه‌ق له‌باره‌ی منه‌وه نووسراوه، هێنده به‌هه‌ق له‌باره‌ی ئه‌هریمه‌نه‌وه نه‌نووسراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به‌بێ هیچ هۆیه‌ك به مه‌به‌ست و هه‌ڵه‌ی ئه‌نقه‌ست ناوم له لێكۆڵینه‌وه و چاوپێكه‌وتنه ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌سڕنه‌وه. به‌شێك له ڕۆژنامه‌وانی كوردی هه‌وڵی تێدا دراوه هه‌قیه‌قه‌تی شیعری من بشێوێنێت. له‌ڕۆژگاری ژیاندا ئه‌وانه‌ی له چێژی باوه‌وه ته‌ماشای ڕسته كاریگه‌رییه‌كانی ژیان ده‌كه‌ن تاوانكارن، نوێبه‌خشه‌كانیش قوربانیی ئه‌و هێزه باڵاده‌ستانه‌ن، كه تاوانكاران ده‌جووڵێنن و ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆ به‌جێهێنانی مه‌رام و تاكتیكه سیاسییه‌كانیان، دیمه‌نه ساده و كاریگه‌ره‌كانی ژیان وه‌رده‌گرم به تێكه‌ڵاوكردنی فۆرمه‌كانی گه‌یاندن چه‌ند ئاستێكی زمانه‌وانیی شیعرییه‌تی تێدا ده‌كه‌مه ستوونی تایبه‌ت كردن و دره‌وشانه‌وه. وه‌ك ده‌قی به ئه‌ده‌ب بوو ده‌یخه‌مه به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشان و پرسیار، شته ساده‌كانیش به‌رده‌وام له سرووتی تایبه‌تی و دانایی له‌ناو خوڵقاندنی نووسین زانیاری ویژدانی و گه‌رمایی هه‌سته‌كانن. بوونمان له‌ناو خۆیاندا له‌پێناو ئاینده‌ی باشتر به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن تا له ژیان كاریگه‌ری و كرده‌وه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن.
تێڕامان
بێده‌نگی له قووڵایی نه‌زاندراودا پێوه‌ندی دیكه له‌گه‌ڵ ژیان ده‌دۆزێته‌وه، پێوه‌ندییه ساردبووه‌كانیشی له‌گه‌ڵ واقیع زیندوو ده‌كاته‌وه. هه‌ندێك شت له واقیع وه‌رده‌گرێت، له بیركردنه‌وه‌ی ڕێكی ده‌خاته‌وه و ئاماده‌ی گوتنی ده‌كات. پێكهاته‌ی سرووتی كه‌سایه‌تیم له نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر زه‌مین بۆ خۆ گونجاندن له‌ناو سه‌رچاوه‌كانی ژیان وا هه‌ڵكه‌وتووه. ئاخاوتن له‌ناو ده‌ق دروست ده‌كه‌م. له‌قسه‌كردن خودی ئاماده‌كراو دێته پێشه‌وه، له ئاخاوتنی ناو ده‌قیش ئه‌فسوونی خودی وریا و هۆشمه‌ند. ئه‌گه‌ر زۆر بدوێم تێڕامانی ناوه‌وه‌م ده‌كوژێت و بنیادی ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیی نووسینم ده‌شڵه‌ژێ، ئه‌فسوونی خودیشم به‌تاڵ ده‌بێت. زۆر دوان ته‌نیا بۆ كه‌سی سیاسیی گونجاوه، بار و بوار بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی دروست بكاتن، نووسه‌ریش بار و بوار بۆ تێڕامانی تاكیه‌تی و هه‌سته‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.خۆم به تێگه‌یشتن له كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووه، پرۆژه‌كانم به‌هۆی زمانه‌وه په‌ره پێ ده‌ده‌م، نازانم ئه‌وه‌ی نووسیومه باشه، یان نا. به‌ڵام به‌و ڕاستییه گه‌یشتووم پێویسته له هه‌وڵی تێڕامان و بێده‌نگیی به‌رده‌وام بم.
بێده‌نگی لای من مانا قووڵه‌كانی خه‌ون ئاگادار ده‌كاته‌وه و پرسیاری ژیان و بوونی هه‌یه.
گفتوگۆ
هه‌میشه خۆم له گفتوگۆ و دیمانه و ڕۆژنامه‌وانییه‌كان به‌دوور گرتووه، ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌بار و بواری شیعره‌وه به ده‌ستم هێناون، ده‌كرێ بكرێـنه جێگره‌وه‌ی هه‌موو گوتن و نووسینێكی دیكه. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییه له دیمانه ڕۆژنامه‌وانییه‌كان بیكه‌م به ناوه‌ندی ده‌ربڕین و دركاندن. هه‌موو ساته هۆشیاریی و نهێنی و درككردنه‌كانی تانوپۆی نووسینیان چنیوم له‌هه‌ناوم خۆیان ڕپسكاندووه‌ته ده‌ره‌وه له ده‌قه‌كانم دركاندوومن. خۆ ته‌رخانكردنیشم بۆ ده‌ق به‌لاوه گرینگ و ناوه‌نده. ده‌ق پێوه‌ندییه‌كان جوان ده‌كات، فۆرمه‌كانی ده‌روونیش ده‌گۆڕێت. سه‌ره‌تا شته گشتییه‌كان ده‌دۆزمه‌وه.دواتر گیانی بزێوی شته‌كان ده‌نووسمه‌وه و هه‌ستی تێدا ده‌خوڵقێنم.
نووسین و قسه‌كردن له‌باره‌ی شیعر به كرده‌ی دۆزینه‌وه تێ ناگه‌م زیاتر گواستنه‌وه و گه‌یاندنه. هه‌وڵ ده‌ده‌م خۆمی لێ بپارێزم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌هه‌موو بابه‌تێك پتر تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی دیمانه ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی شاعیرانی به ئه‌زموون و ژیننامه‌ی كه‌سایه‌تییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونه‌وه‌ش له شیعر ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌رده‌می له دایكبوونی یه‌كه‌مین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت له‌باره‌ی یه‌كه‌مین مرۆڤ ڕسته‌یه‌ك به‌هێز بكات، ته‌نیا له‌رزه‌ی گیان ده‌توانێت له‌ناویدا وردبێته‌وه و بگات به باری تێڕامانی یه‌كه‌مین مرۆڤ.