ته‌له‌ڤیزیۆنێکی نیشتیمانی
ته‌له‌ڤیزیۆنێکی نیشتیمانی
یه‌کێکه له هه‌نگاوه چاکسازییه‌کان!
شتێکی دووباره‌بووه‌یه کاتێک باس له گرینگیی ته‌له‌ڤیزیۆن و وێنه له جیهانی ئیمرۆمان ده‌که‌ین ؛ هه‌نده‌ی دیکه ئه‌م ئامێره گرینگیی وه‌رده‌گرێت کاتێک ده‌بێته که‌ناڵێکی پڕۆپاگه‌نده‌ی سیاسی و بگره حیزبیی. هه‌مووان، ئیمرۆ ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌زانین که چۆن رژێمه تۆتالیتارییه‌کان، به چ شێوه‌یه‌ک ئه‌م که‌ره‌سه‌یه‌یان ئاراسته ده‌کرد و چۆنیش خه‌رجیێکی زه‌به‌لاحیشیان تێدا سه‌رف ده‌کرد ؛ له کۆتاییشدا، نه ده‌بووه خاوه‌ن کوالیتایه‌ک، به‌ڵکو هه‌ر وه‌ک ئه‌و “سنوقه گێله‌ی” لێده‌هات که هه‌ندێجار فه‌ره‌نسیان، به ته‌وسه‌وه باسی ته‌له‌ڤیزیۆن پێ ده‌که‌ن. که‌واته، ته‌له‌ڤیزیۆنی بێ شیکل و بێ ناوه‌رۆک به‌ره‌و رووی بینه‌ران ده‌بێته‌وه. له‌م سی چل ساڵه‌ی دوایی، له‌به‌ر گه‌لێ هۆکاری ده‌ره‌کی و ناوه‌کی، رژێمه‌کان ده‌یانتوانی، تا ئه‌ندازه‌یه‌کی بێ‌سنوور، به ئایدۆلۆجیاکردنی به‌م ئامێره بگه‌یه‌ننه دوا تخووبه‌کانی، بێ به‌زه‌ییانه‌ش عه‌قڵ و هۆش و سۆزی بینه‌رانییان پێ چه‌واشه بکه‌ن، به‌ڵام له جیهانی ساته‌لایتدا، ئیتر بینه‌ر سه‌روه‌ره، هه‌ر هه‌نده به‌سه، دوگمه‌ی کۆنترۆله‌که‌ی به راست و چه‌پدا با دات، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنێکی دیکه بحه‌سێته‌وه که هاوته‌ریب له گه‌ڵ حه‌ز و خواسته‌کانی، ئه‌ودا بوه‌ستێت.
یه‌کێک له خه‌سڵه‌تی ئه‌م ته‌له‌ڤیزیۆنانه، دروستکردنێکی واقیعێکی زیهنییه، واقیعێکی خه‌یاڵی، تا راده‌ی کۆمیدیایه‌کی ره‌شیش، گاڵته به خۆی و به بینه‌رانی خۆی ده‌کات، هه‌ر به ئاسته‌م له گه‌ڵ واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له په‌یوه‌ندی دایه. پێی ده‌چێت له سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌دا بێت ختووکه‌ی سۆزی بینه‌رانی “ئیفترازی” بدات.
هه‌واڵه‌کان به فیلته‌ردا تێده‌په‌ڕن، هه‌ڵبژاردن ده‌چێته خانه‌ی ئاره‌زووی کۆنترۆڵکراوه‌وه، کارمه‌ند له رێگای پسووله‌ی تایبه‌ته‌وه پێی ناوه‌ته نێو شووراکانی که زۆرجار به “پونکه‌ر”ی سه‌ربازی ده‌که‌ن. به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ده‌زگایانه به سه‌ر ته‌نافی سیحربازان رێ ده‌که‌ن، پاراستی ئه‌و هاوسه‌نگییه ته‌نها ده‌بنه به‌رهه‌مێنه‌ری ناهاوسانگییه‌کان!
کاتی ئه‌وه هاتووه، ئاوڕ له‌م تراژیدیایه بدرێته‌وه و بۆیه ده‌کرێت له دیدی چاکسازیی سیاسیییه‌وه له سه‌ر ئه‌م کێشه زۆر هه‌ستیاره هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکرێت. بۆ نموونه، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌ناڵانه‌ی که ئیمرۆ له کوردستان په‌خش ده‌کرێن، هیچیان مۆرکی ته‌له‌ڤیزیۆنێکی نیشتیمانییان پێوه دیار نییه، چونکه وه‌کو زمانحاڵی حیزبێک، بزووتنه‌وه‌یه‌ک دێنه زمان و هه‌ریه‌ک به ره‌نگ و ده‌نگ و سه‌مبۆلی تایبه‌تی خۆیه‌وه، خۆی نمایش ده‌کات. هه‌روه‌ها ئازادی راده‌ربڕین، رێگه‌مان لێده‌گرێت که ئه‌م جۆره کالایانه ره‌ت بکه‌ینه‌وه و هیچ لارییه‌کیش له بوونی ته‌له‌ڤیزیۆنی حیزبی‌دا نییه، بگره ئه‌گه‌ر هه‌موو گوندێکیش ببێته خاوه‌ن ته‌له‌ڤیزیۆنی تایبه‌تی خۆی، دیارده‌یه‌کی ئاسایی، بگره سروشتیشه، به‌ڵام له پاڵ ئه‌م پاشاگه‌ردانییه که‌ناڵه ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌دا، به پێویستێکی مێژوویی ده‌زانرێت که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، بیر له دامه‌زراندن و دروستکردنی ته‌له‌ڤیزیۆنێکی نیشتیمانی بکاته‌وه : له جیاتی ئه‌وه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسی بڵاوبکاته‌وه، خه‌سڵه‌تی لێپرسراونه و بابه‌تییانه بکاته چه‌قی کاره‌کانی.
لێپرسراوانه : مه‌به‌ست له‌وه‌یه که ئه‌م لێپرسراوییه جوغزی سیاسه‌تی حیزب ته‌ی کات، ته‌نها لپیرسراویی نه‌بێت به‌رامبه‌ر به په‌یروپرۆگرامی حیزبیی، به مێژووی حیزبی و ده‌سکه‌وته حیزبییه‌کان، به‌ڵکو لێپرسراو بێت به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه ناوه‌کییه‌کانی مێژوو و هه‌وڵدانێکیش بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هی هه‌موو هاوڵاتییه‌ک. به واتایه‌کی دی، هه‌موو هاوڵاتییه‌ک، به بێ جیاوازی ئیتیمای سیاسی و ئاینی و مه‌زهه‌بی و زمان هتد، هه‌ست بکات ئه‌و سه‌کۆیه، هی ئه‌ویشه، ئه‌گه‌ر نه‌شیتوانیبێت گوزارش له خۆی بکات، ئه‌وه له رێگای نوێنه‌ره‌کانییه‌وه گوێی له ده‌نگ و سه‌دا و ئاواته‌کانی خۆی ده‌بێت.
فراونکردنی ئه‌م لێپرسراوییه، وا ده‌کات که سه‌رجه‌م کێشه‌کانی هه‌رێم به بێ حوکمی پێشوه‌خت بکاته هه‌واڵ و راڤه‌کژدن و لێکۆڵینه‌وه و پێداچوونه‌وه ( سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، په‌روه‌رده، رۆشنبیریی هتد). بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تاکێک به بێ هیچ جیاوازییه‌ک بتوانێت گوزارش له خۆدی خۆی بکات. ببێته سه‌کۆیه‌کی کۆکه‌ره‌وه، کۆکه‌ره‌وه‌ی ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌کان.
ته‌له‌ڤیزیۆنی نیشتیمانی، پێویستیی به رۆژنامه‌وانی بێلایه‌ن ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو بابه‌ته‌کان، به بێ حوکمی پێشوه‌خت بورووژێنن، به بێ ئارسته‌کردنی تایبه‌ت و به ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت بیر له ئه‌نجامه سیاسییه‌کانی بکرێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو به‌رگرییکه‌ری لایه‌نێک نه‌یه‌ته مه‌یدان. رۆژنامه‌وان و کارمه‌ندی میدیا ده‌بنه شه‌ڕکه‌ر له پێناو ده‌رخستنی راستییه‌کان، نه‌ک خۆ شاردنه‌وه له پاڵ سیاسه‌تمه‌درا و پیاوای ده‌سه‌ڵات. هه‌ر ئه‌م بێلایه‌نییه که کارمه‌ندی میدیا ده‌کاته ئه‌و ئه‌ڵقه بزربووانه‌ی که له نێو بینه‌ر و ئه‌کته‌ره سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاند هه‌ن.
رۆژنامه‌وان نابێت له جیاتی لێپرسراوانی حکوومه‌ت، به‌رگریی له پرۆژه‌یه‌ک، فیکره‌یه‌کی دیارییکراو بکات، به‌ڵکو، ئه‌کته‌ره حکوومییه‌کانن، ئه‌وان ده‌بێت به ئه‌نجه‌تی لۆژیک و به ئاماری دروسته‌وه، پاساو و ته‌بریر و روونکردنه‌وه بۆ رۆژنامه‌وان بهێننه‌وه ؛ دواجار ئێمه‌ی بینه‌رین، بڕیارده‌ری دوا حوکمی خۆمانین.
ئه‌م لێپرسراوییه ده‌بێته به‌رهه‌مێنه‌ری کاری بابه‌تییانه. چونکه کارمه‌ندی میدیا، خاوه‌ن فیکره‌ی پێشوه‌خت نییه، به‌ڵکو کاری پشکنین و لێپێچینه‌وه و گه‌ڕان ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌و، به هۆی پیشه‌که‌یه‌وه، به دوای کێشه‌یه‌کی دیاریکراودا ده‌چێت. له به‌ر گرینگیی بابه‌ته‌که، رۆژنامه‌وان، ده‌یه‌وێت کێشه‌یه‌ک بخاته پێشچاوی بینه‌ران و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت بیکاته بابه‌تی راگه‌یاندن.
ئاشکرایه، هه‌موو کێشه‌یه‌ک، کۆمه‌ڵێک ره‌گه‌زی تیا قووت ده‌بێته‌وه، ده‌بێت هه‌موو ره‌گه‌زه‌کان به‌سه‌ر کرێنه‌وه. بابه‌تییانه، مانای ئه‌وه‌شه که له ئه‌نجامه‌کانه‌وه به‌روه هۆکاره‌کان نه‌چووبێتین، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه. بواره‌کانی زمان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌واژه هتد ده‌بێت گوزارش له‌م بابه‌تیی بوونه بکات.
ته‌نها له‌و دوو چه‌مکه‌ی سه‌ره‌وه : واته لێپرسراویی و بابه‌تییانه، ده‌کرێت بیر له پرۆژه‌ی که‌ناڵێکی شتیمانی بۆ هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه. به خستنه پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی. که‌ناڵێکی نیشتمانی که له ده‌ره‌وه بیر و بۆچوون و پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسی و شه‌ڕی راگه‌یاندنه‌کانه‌وه به‌ره‌و پیریی کاره‌کانی بێته‌وه. له پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامارازه گرینگه بکرێته چه‌ترێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان، ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کی باوڕپێکراو جێی متمانه.
پێشنیار ده‌کرێت که یاسایه‌ک ته‌شریع بکرێت ( سوود له‌و یاسایانه وه‌رگیرێت که له وڵاته دیموکراسییه‌کان، سه‌باره‌ت به ته‌له‌ڤیزیۆنی نیشتیمان، دارێژراون) که کاره‌کانی ئۆدیۆڤیزوێل ( بینراو و بیستراو) چوارچێوه‌رێژ کات که بێلایه‌نیی هه‌وڵه‌کانی بکاته ئامانجی خۆی و فره ده‌نگیی سیاسیی تیا به‌رقه‌رار بێت و هه‌روه‌ها و سه‌رچاوه‌کانی زانیاریی و دیاریکردنی کۆتا، چ بۆ سیاسه‌تمه‌دارانی ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی له به‌ره‌ی مه‌عاره‌زه کار ده‌که‌ن، به شێوه‌یه‌کی ورد په‌یڕه‌و‌ی کرابێتن. رێکخستنی کات و به‌رنامه‌کانی که په‌یوه‌ندییان به هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه. مه‌به‌ست ته‌رخانکردنی هه‌مان کات بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی که به‌شداریی له هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ک به شێوه‌یه‌کی یه‌کسانی کاتی به‌رکه‌وێت بۆ قسه‌کردن له باره‌ی پرۆگرام و سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه.
هه‌روه‌ها ته‌له‌فیزیۆنی نیشتیمانی ببێته هۆکارێک بۆ پته‌وکردن په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئیش‌کردن له سه‌ر دروستکردنی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکه‌وه ژیان و به‌هیزکردنی هه‌ستی ئیتیما بۆ کۆمه‌ڵ و نیشتیمان.
هه‌رێمی کوردستان پێ ده‌نێته قۆناغێکه‌وه که پێوستی به به‌رزراگرتنی ئه‌و چه‌تره هه‌یه که پانتایی نیشتیمان فراونتر بکات و ئازادییه‌کان ره‌گهاژوو بکات و بوار بدرێت که ئاینده خۆی دروست کات.
Em babte le jimarey 12’y Lemondî Diplomatîk bilawbotewe