Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

زه‌مبیله‌یه‌ك بێهوده‌یی

Closed

زه‌مبیله‌یه‌ك له‌و تنۆكه‌ ئاوه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ڵا سه‌وزه‌كان خۆیان له‌ بێهوده‌یی پرتقاڵ بخشێنن
چۆله‌كه‌كانیش به‌ ماندوێتی ده‌ڵێن: زه‌رده‌خه‌نه‌
تا ئێره‌ من له‌ شه‌قه‌ی ماچ گوڵ ده‌چنم
له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوی گه‌ڵا
ده‌رژێمه‌ زه‌مبیله‌كانی سێبه‌ر
گوڵه‌كانی باران ده‌ژمێرم ئه‌وانه‌ی
چۆله‌كه‌كان له‌بیریان كرد
من  به‌ هه‌تاویان ده‌سپێرم

كێ‌ به‌ قه‌د مه‌مكه‌ خره‌كانی ئێواران
حه‌زیان له‌ بێده‌نگی لمه‌
كێ‌ وه‌ك شه‌پۆله‌كانی گوڵه‌باخ
حه‌ز له‌ لیمۆی به‌یان ده‌سوون
كێ‌
ئه‌و تابلۆیانه‌ له‌ خه‌ونی منداڵان ده‌بنه‌ هه‌ور
له‌ په‌نجه‌ره‌كان پایز
شایسته‌ترین ده‌لاقه‌ له‌ڕووی په‌پووله‌كان گوڵن
له‌به‌ر هه‌تاو ئاواز
له‌ باڵه‌خانه‌ی شۆخه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌
له‌ خه‌ڵوه‌تدا په‌ری
من له‌نێوان هه‌موویان ئاسمانێكی رووت بۆ سه‌فه‌ر 
به‌ ده‌ریا ده‌سپێرم
چه‌شنی لاولاوه‌
ده‌ئاڵێمه‌ په‌نجه‌ی نه‌رمی باران
ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كه‌ له‌ ته‌ك بێده‌نگی به‌ربۆته‌وه‌ قه‌راغ هه‌تاو
(با)ش جوله‌كانی هه‌تاو شیرینتر ده‌كات
كوڵمی گه‌ڵاكان به‌ گه‌مه‌ سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێنێ‌
من خۆم له‌ بزه‌ی سێبه‌ر به‌تاڵ ده‌كه‌مه‌وه‌
عاشقه‌كان له‌و گه‌مه‌یه‌ وه‌ڕس ده‌بن
به‌ڵام له‌ دواین وانه‌ی (با) دڵم پتر به‌ كۆتره‌كان سووتا
له‌ یه‌كه‌م وانه‌ی هه‌تاو
منداڵانه‌ گاڵته‌ به‌ پیته‌كان ده‌كه‌م
پیته‌كان به‌لاری ده‌ڕۆن
منداڵه‌كان وه‌ك قوتابخانه‌ به‌ پیته‌كان پێده‌كه‌ن
به‌ڵام چۆله‌كه‌كان رۆیشتبوون له‌ پاشاندا منداڵه‌كان
چه‌ند ساتێك له‌ یه‌كتر رامان
كه‌ سه‌یریان كرد پیته‌كان بوونه‌ په‌پووله‌
په‌پووله‌كان
ماسییانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلان په‌نجه‌یان ده‌خسته‌ قژی ئاوێنه‌كان
ئه‌و له‌نجه‌یه‌ به‌چی ده‌گات
كۆتره‌كان ئه‌وه‌یان نه‌گوت
لیمۆكان هه‌رگیز ئه‌وه‌یان په‌سه‌ند نه‌بوو
قسه‌یه‌ك ده‌كرێ‌
پڕ به‌ زه‌مبیله‌یه‌ك ئاو
له‌ ده‌می گوڵه‌كان خوناو
به‌سه‌ر سێبه‌ری مه‌مكدا ده‌تكێ‌
به‌ڵام من له‌ قه‌راغ سه‌راب ئارامیم ده‌دۆزمه‌وه‌
دایكم نانی بێهوده‌یی ده‌جوێ‌
له‌ بێ‌ به‌زه‌یی من گه‌ڵا سووتاوه‌كان گوتیان ره‌نگه‌ پێشنیاره‌كانی گوڵ
له‌به‌ر ده‌می په‌پوله‌دا چاو له‌ هه‌تاو نه‌تروكێنێ‌
ره‌نگه‌ سێبه‌ری پیته‌كان له‌ لێوی با منداڵانه‌ به‌رد له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئاو بگرن
ده‌كرێ‌ كۆتره‌كان له‌ له‌نجه‌ی ماسییه‌كان نیگه‌ران نه‌بن
له‌وانه‌یه‌ دره‌نگتر له‌ پایز خۆیان به‌ دره‌خت هه‌ڵبواسن
دره‌نگتر له‌ ئاو
بمرن.
له‌ كۆمه‌ڵ شیعری “سێبه‌ری ئاو”
چاپی یه‌كه‌م/ هه‌ولێر 1995

Previous
Next