ئایا مرۆڤ گورگە یان بەرخ ؟
خەڵکانێکی زۆر هەن لەو باوەرەدان کە مرۆڤ بەرخە، بە پێچەوانەوە خەڵکانێکی تر دەڵێن ، نەخێر مرۆڤ گورگە. هەردوولاش دەتوانن بەڵگە و هۆکاری گونجا بدۆزنەوە ، بۆ ئەوەی ڕاستی بۆچوونەکانیان بسەلمێنن . ئەوانەی دەڵێن مرۆڤ بەرخە ، پشت بە ئاسانترین بەڵگە دەبەستن و دەڵێن : هەمووکاتێک بە ئاسانترین شێوە دەتوانرێت کاربکەیەتە سەر مرۆڤ و داوای جێبەجێکردنی کارێکی لێ بکەیت ، هەرچەندە ئەو کارەش زەرەری بە خۆی دەگەیەنێت ، مرۆڤ ملکەچی سەرۆکەکانی دەبێت و ئامادەن شەڕی بۆ بکەن ، هەرچەندە ئەم شەرەش هیچ سوودی نییه ، جگە لە ماڵوێرانی نەبێت. هەروەها ئامادەن باوەڕ بە هەر جۆرە قسەیەکی چرووک بکەن ، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەم قسەیە بە شێوەیەکی هەستیار و بەهێزبکرێت و دەسەڵات پشتگیری لێ بکات . ( بۆ نموونە هەرەشەی توندی مەلیک و قەشەکان ، یان دەنگی ناسکی ووتاربێژ و رووناکبیرە ئاشکراو نهێنیەکان)
پێدەچێت ئاسان بێت خەڵکی بخەیتە ژێر رکێفی خۆتەوە ، ئەوان وەکوو منداڵی نیوە خەوتوو وان ، ئامادەن چارەنووسی خۆیان تەسلیمی هەرکەسێک بکەن ، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەو کەسە دەنگێکی پاک و بێگەرد یان هەرەشە ئامێزی هەبێت ، ئەوا دەتوانێت بیانخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
لەڕاستیدا ئەو کەسانەی کە خاوەنی باوەرێکی پتەون، بۆ ئەوەی خەبات لەدژی جەماوەر بکەن ، کەسانێکی کەم و نووخبەن و گوزارشت لە کۆمەڵگا ناکەن ، وە بەگشتی ئەم کەسە جیاوازانە ، لەسەردەمی خۆیاندا دەبنە جێگای گاڵتەو قەشمەری خەڵکی ، لێ پاش سەردەمانێکی تر ، دەبنە جێگای رێز وشانازی نەوەکانی تر .
هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە ( کە مرۆڤ بەرخە) ، فەرمانرەوا ستەمکارەکان توانییان رژێمەکانیان دابمەزرێنن. هەر ئەم باوەرەی کە دەڵێت مرۆڤ بەرخە و پێویستییان بە کەسێکە تا سەرکردایەتی بکرێن و بڕیاریان بۆ بدات ، هەر ئەمەش هەلی ئەوەی دایە دەستی سەرکردەکان ، کە بگەنە باوەرێکی تەواو کە ئەوان ئەرکێکی مۆڕاڵی ئەنجام دەدەن ، هەرچەندە ئەم حوکمەش کارەسات ئامێزیش بێت ، بەمەرجێک ئەوە بددەن بە مرۆڤ کە پێویستیەتی . بە واتایەکی تر ، ئەگەر هاتوو سەرکردەکان توانییان ئەرکی بەرپرسیارێتی و ئازادی بگرنە ئەستۆی خۆیان .
لێ پرسیارە گرینگ ئەوەیە ، باشە ئەگەر مرۆڤ بەرخ بێت ، بۆچی هێندە ژیانی مرۆڤ و ژیانی بەرخ جیاوازە؟ بۆچی لاپەرەکانی مێژوو هەمووی بە خوێن تۆمارکراون؟ مێژووش بریتییه لە مێژووی توندوتیژی ، کە بە بەردەوامی هێزی تێدا بەکارهاتووە ، بۆئەوەی ئیرادەی خەڵکی تر لەناوبەرێت.
ئایا تەلعەت پاشا* بەتەنها خۆی بوو کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی کرد ؟ ئایا هیتلەر بەتەنها خۆی بوو کۆمەڵکوژی جوولەکەکانی کرد؟ ئایا ستالین بەتەنها خۆی بوو ، کۆمەڵکوژی نەیارە سیاسیەکانی خۆی کرد ؟ بە دڵنییایەوە ئەو پیاوانە بەتەنها خۆیان نەبوون ، بەڵکە هەزاران کەس ئامادەبوون ، دەستیان کرد بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی لەبەر خاتری ئەوان ( واتە لەبەر خاتری تەلعەت پاشا و هیتلەر و ستالین) ، وە هیچ کاتێکیش ویژدانیان ئازاری نەداون ، بەڵکە بە پێچەوانەوە جێژیشیان لێ وەرگرت .
ئایا ئێمە لە هەموو شوێنێک کاری نامرۆڤانە نابینین کە مرۆڤ لەبەرامبەر برا مرۆڤەکانی تری دەیکات : لە جەنگی دڕندانە ، لە کوشتن و ئەتکردنی ژنانن ، چەوساندنەوەی بێهێز لەلایەن بەهێزەوە بەشێوەیەکی دڕندانە ، لە ڕاستیشدا لە بەرامبەر هەموو ئازار و هاواری ئەم خەڵکانەش دا ، گوێی کەڕ و دڵرەقی و بێ بەزەیی دەبینین .
هەموو ئەم راستیانەش وای لەهەندێک بیرمەند وەکوو ” هۆبز” کردووە، کە بڵێن ” مرۆڤ بۆ برای مرۆڤی گورگە ” . ئەمرۆش خەڵکانێکی زۆر لە ئێمە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ، کە مرۆڤ سروشتێکی شەرەنگێز و وێرانکەرانەی هەیە ، وە ناتوانرێت رێگا لە پیاوکوژێک بگریت ، ئەگەر هاتوو پیاوکوژێکی لە خۆی بەهێزترت دەستنەکەوێت .
ئێمە لێرەدا لە نێوان ئەم دوو بەرەیدا دۆشداماوین . دیارە ئێمە باش دەزانین کە خەڵکانێکی پیاوکوژ و دڵرەق و سادی ” ئەو کەسانەی کە حەزیان لە ئازاردانی خەڵکیە” وەکوو ستالین و هیتلەر هەن، بەڵام ئەمانە تەنها کەمینەن و هەڵبژرادەیەکی بچووکن و گوزارشت لە کۆی گشتی کۆمەڵگا ناکەن . ئایا دەکرێت بڵێین کەسانی ئاسایی وەکوو من و تۆ ، گورگن و لە پێستی مەڕداین ؟ وە سروشتی ڕاستەقینەمان کاتێک بە ڕوونی دەردەکەوێت ، کە ئەو ڕێگرانە نامێنن بۆ ئەوەی هەڵسووکەوتی دڕندانە ئەنجام بددەین ؟ .
هەرچەندە قەناعەتی تەواویشمان بەم پێشبینیه نییه ، بەڵام ناشتوانین پشتگوێی بخەین . بە دڵنییایەوە رۆژانە کۆمەڵێک هەلمان بۆ دەرخسێت بۆ ئەوەی کاری سادیانە و دڕندانە ئەنجام بددەین و بەبێ ئەوەی کەسیش سزامان بدات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکی زۆر هەن ، کە ئەم کارە ناکەن . لەڕاستیدا زۆرکەس کاتێک هەڵوێستێک یان رووداوێکی دڕندانە و سادیانە دەبینن ، قێزیان لێ دەبێتەوە.
ئایا هیچ شرۆڤەیەکی باشترمان دەستدەکەوێت ، بۆئەوەی لە دۆشدامانی ئەم دوو بۆچوونە ڕزگارمان بکات ؟ ئایا دەتوانین بڵێین باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە ، کە کەمینەیەکی گورگ شان بە شانی زۆرینەیەکی بەرخ پێکەوە دەژین ؟ گورگەکان دەیانەوێت بکوژن ، وە بەرخەکانیش حەزیان لێیه ملکەچی یەکێک بن . پاشان گورگەکان دەیانەوێت بەرخەکان بکوژن ، بەرخەکانیش ئامادەگی خۆیان پیشان دەدەن ، نەک لەبەر ئەوەی جێژی لێوەردەگرن ، بەڵکە سروشتی ئەمان وایە دەبێت ملکەچی یەکێک بن .
بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش ، پێویستە پیاوکوژەکان کۆمەڵێک حکایەت دروستبکەن بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێبکەن و هۆکاری ئەم کوشتارەش پیرۆز بکەن ، بۆ نموونە پارێزگاریکردن لەئازادی چونکە هەرەشەمان لەسەرە، یان تۆڵەسەندنەوەی ئەو مندالانەی کە کووشتویانن و یان ئەو ژنانەی کەئەتکیانکردوون و گەڕانەوەی شەرەفی ئەتکراومان ، ئەمەش بۆ ئەوەی کۆی گشتی بەرخەکان وەکوو گورگ هەڵسووکەوت بکەن و ببنە گورگ .
پێدەچێت رووکەشیەن ئەم وەڵامە تەواوبێت ، بەڵام لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵام بەجێدەهێڵێت . ئایا ئەمە مانای ئەوە نییه ، کە دوو رەگەزی مرۆڤمان هەیە : گورگ و بەرخ ؟. ئایا چۆن دەکرێت بەئاسانی قەناعەت بە بەرخەکان بکرێت ، بۆئەوەی وەکو گورگ هەڵسووکەوت بکەن ، ئەمە لەحالەتێکدا ئەمە لەگەڵ سروشتی ئەوان ناگونجێت ، تەنانەت ئەگەر هاتوو واشمان دانا ، کە توندوتیژی وەکوو ئەرکێکی پیرۆز پیشانیان دەدرێت ؟
ئێمە ناتوانین بەشێوەیەکی بەهێز بەرگری لەم بۆچوونەمان بکەین ، لەهەمانکاتیشدا پێدەچێت ئەو بۆچوونە ڕاست بێت کەدەڵێت ، گورگ بەشێوەیەکی جەوههری سروشتی مرۆڤە ، ئەمەش لە باشترین شێوەدا دەردەکەوێت ، بەڵام زۆرینە نایانەوێت ئەم جەوهەرە پیشان بددەن ، واتە بۆچوونەکەی تر بەتەواوەتی هەڵە .
پێدەچێت زۆر راست بێت گەر بپرسین :
ئایا مرۆڤ لەیەک کاتدا گورگیشەو بەرخیشە ، یان بڵێین مرۆڤ نەبەرخە وە نە گورگیشە ؟
پێدەچێت ئەمڕۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر گرینگ و بایەخدار بێت ، لەکاتێکدا زۆر لەدەوڵەتان بیر لەوە دەکەنەوە کە کوشندەترین چەک لەدژی دوژمنەکانیان بەکاربهێنێت ، وە پێناچێت هیچ ڕێگریش هەبێت ، تەنانەت گەر ئەم دەوڵەتانە تووشی هەمان چارەنووسی هۆلۆکۆسیش** بن. گەر بێت ئێمە بگەینە ئەو قەناعەتەی کە مرۆڤ زیاتر سروشتێکی وێرانکەرانەی هەیە ، وە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی یەکێکە لە پێداویستیەکانی و پەیوەستە بە سروشتی مرۆڤەوە ، لەبەرئەوە خەباتکردنمان لەدژی دڕندەیی مرۆڤ ، بەشێوەیەکی بەردەوام بێهێزتر و لاوازتر دەبێت . چونکە گەر وایە ، بۆچی ئێمە بەرەنگاری گوورگ بینەوە لەحالەتێکدا ئێمە خۆمان گورگین ، هەرچەندە هەندێکمان زۆر لە گورگیش خراپترین ؟ .
پێدەچێت ئەم پرسیارە لەبارەی ئەوەی کە ئایا مرۆڤ گورگە یان بەرخ ، تەنها جۆرە پرسیارێک بێت، بەڵام ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی قووڵتر و گشتگیری تر ، یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی فکری فەلسەفی و ئایینی رۆئاوایی : ئایا جەوهەری مرۆڤ شەرەنگێز و گەندەڵە ، یان خێر و پاکە ؟
لە زەمەنە کۆنەکاندا پێمان دەڵێن ، کە جەوهەری مرۆڤ گەندەڵ نییه . بۆ نموونە سەرپێچیکردنی ئادەم و حەوا لە فەرمانی خودا ، مانای خراپەکاری ناگەیەنێت ، وە لە هیچ شوێنێکیشدا بچووکترین ئاماژە بەوە نەکراوە ، کە ئەم سەرپێچیە بووبێتە هۆکاری گەندەڵبوونی جەوهەری مرۆڤ . بەڵکە بە پێچەوانەوە ،سەرپێچیکردن مەرجێکە بۆ هۆشیاری بوونی مرۆڤ و توانای بریاردانی دەردەخات . وە بەم شێوەیەش ، ئەم هەلسووکەوتی سەرپێچیکردنەی یەکەم ، وا شرۆڤەی کۆتایی کراوە، کە مانای هەنگاوی یەکەمی مرۆڤە بەرەو ئازادی . پێدەچێت و سەرپێچیکردنی هەردووکیان نەخشەیەکی خودا خۆی بووبێت، چونکە بەپێی فکری پێخەمبەران بێت ، لەپاش دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت ، مرۆڤ توانی مێژووی تایبەت بەخۆی دروستبکاتن ، هەروەها ووزە تایبەتیەکانی بەکاربهێنێت و پێکەوە لەگەڵ برا مرۆڤەکانی تریدا لە سروشتێکی خۆشدا بژین ، ئەمەش بۆئەوەبوو تا مرۆڤ ببێتە تاکێکی تەواو ، چونکە لە پێشدا مرۆڤ هیچ بوونی نەبوو.
بەپێی مەفهوومی پێخەمبەرانی ئایینی مەسیحی ، لەو باوەرەدان کە مرۆڤ لەناخدا خراپ و گەندەڵ نییه ، وە پێدەچێت بتوانرێت رزگاری بکەین بە بێ ئەوەی پشت بە یارمەتی خودا ببەستین . بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییه کەبە شێوەیەکی گشتی لە کۆتاییدا گیانی خێر سەردەکەوێت .
چونکە گەر مرۆڤ کارێکی خراپ بکات ، پاشان خراپتر دەبێت . وە بەم شێوەیەش” فیرعەون ” دلڕەقتر دەبێت و بەردەوام دەبێت لە خراپەکاریدا ، وە ستەمکاری بەجۆرێک زۆرتر دەبێت کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت چاوەروانی گۆڕان و تەوبەکردنی لێبکەیت .
لەزەمەنی کۆندا کۆمەڵێک بەڵگەمان پیشان دەدات ، کە زۆرترینیان نموونەی خراپەکارین تاوەکوو چاکەکاری ، بەشێوەیەک کەناتوانین تەنانەت پیاوە چاکەکانیشی لێ دەربکەین ، بۆ نموونە مەلیک داودیش لە لیستی ئەو کەسانەیە کە کاری خراپیان ئەنجام داوە. زەمەنی کۆن پێمان دەڵێن کە مرۆڤ دوو توانای گەورەی هەیە : یەکەمیان کاری چاکە . دووەمیان کاری خراپە . وە لەسەر مرۆڤ پێویستە بریاری خۆی لەبارەی( چاکە و خراپە ، بەرکەت و لەعنەت ، ژیان و مردن ) بدات . وە خوداش هیچ تەداخوول لەم هەڵبژاردنە ناکات ، بەڵکە ئەو لەڕێگای پێخەمبەرەکانەوە هەوڵ دەدات یارمەتی بدات ، بۆئەوەی فێری ئەو پرەنسیبانەی بکەن ، کە دەتوانێت لەکاری چاکە و باشە تێبگات ، هەروەها دەربارەی خراپە زانیاری بددەنێ و ئاگاداری بکەنەوە . بەڵام لەکۆتاییدا مرۆڤیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی خۆی بریار بدات و ئەم دوو جۆرە خەباتە هەڵبژرێت : خەبات لەپێناوی کاری چاکە ، خەبات لە پێناوی کاری خراپە . بریاری کۆتاییش ، بریاری تاک خۆیەتی . ( واتە خۆی بریاردەری یەکەم و کۆتاییە ) .
بەڵام گۆڕانی فکری لای ئایینی مەسیحی جۆرێکی تر بوو. لەپاش پێشکەوتنی کەنیسەی مەسیحی ، پێیان وابوو سەرپێچیکردنی ئادەم تاوانی کردووە. وە ئەم تاوانەش وایکرد کە ، سروشتی خۆیی و ڕەگەزەکەشی گەندەڵ بکات ،هەرلەبەرئەوەش ناتوانێت بەتەنها خۆی لەم گەندەڵبوونە ڕزگاربکات . تەنها خودا و دەرکەوتنی مەسیح ( کە لە ڕێگای مرۆڤ دا گیانی بەختکرد ) تەنها ئەوان دەتوانن مرۆڤ لەم گەندەڵ بوونە ڕزگاربکەن ، تەنها ئەو کەسانەش رزگاریان دەبێت ، کە بە مەسیح ڕازیبوون . بەڵام عەقیدەی تاوانی سەرەکی ” مەبەست تاوانی ئادەم” هەمووکاتێک لەلایەن خەڵکانی ناو کەنیسەی مەسیحیەوە بەبێ ناڕەزایی بوون قبووڵ نەکراوە. بۆ نموونە ” بیلاجیوس” دژی ئەم بۆچوونە وەستایەوە ، بەڵام شکستی هێنا. بەشێک لە هومانیستەکانی ناو کەنیسە ، بەتایبەت لەسەردەمی ڕێنانسازدا هەوڵیاندا کە کەنیسە لەم بیرە دووربخەنەوە ، بەڵام نەیانتوانی بەشێوەیەکی ئاشکرا هێرش بکەنە سەر ئەم بۆچوونە یان نکوولی لێ بکەن ، چونکە لەوکاتەدا ئەم جۆرە بۆچوونانە بەکاری ” دەرچوو لەئایین ، مرتد” دادەنرا. مارتین لۆتەر دیدێکی زۆر بنەرەتی دەربارەی گەندەڵبوون و شەرخوازی مرۆڤەوە هەبوو، لەکاتێکدا پاشان ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕێنانساز ، هەنگاوی زۆر ڕادیکاڵانە تریان بەرەو ئاسۆیەکی تر نا . ئەو ڕووناکبیرانە پێیان وابوو کە ( هەموو ئەو شەرەنگێزیەی کەلەناخی مرۆڤ دا هەیە ، هەمووی دەرئەنجامی هەلوومەرج و دەوروبەرەکەیەتی )
لەبەرئەوە مرۆڤ هیچی لەدەست نایەت ، چونکە هەمووی پەیوەندی بەهەلوومەرجەکەوە هەیە ، کە شەرەنگێزی لێ دروست دەبێت، بەنیسبەت چاکەوە، ئەمەش شتێکە خۆبەخۆی لەناخی مرۆڤدا دروست دەبێت ، ئابەم شێوەیە رووناکبیرانی پێشوو بیریان دەکردەوە . جێگای ئاماژەیە ئەم بۆچوونەش ، پێش ” مارکس” و هاورێکانی ، دەرکەوت . باوەڕبوون بە چاکی مرۆڤ ئەنجامی ئەو باوەڕ بەخۆبوونە نوێیە دروستبوو، کەلە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابووریە مەزنەی کەلە سەردەمی رینانسازدا دەستیپێکرد . لەبەرامبەردا ، نابووت بوون (ئیفلاس) ئەخلاقی لە رۆئاوادا ، لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە دەستیپێکرد و بەرەو هیتلەر و ستالین و کوفنتری و هیرۆشیمایان بردین ، هەتا گەیشتینە ئەو حالەتەی ئەمڕۆ ، وەکو خۆئامادەکردنە بۆ لەناوبردنی گەردوون ، هەموو ئەمانەش جارێکی تر ئەو بیرە تەقلیدیەی هێنایەوە کایە ، کەدەڵێت :
( مرۆڤ لەناخیدا شەرەنگێزە).
ئەم جەختکردنەوە نوێیە زیاتر پەیوەندی بەو کارە شەرەنگێزیانەوە هەبوو کە مرۆڤ دەیکرد، لەهەمانکاتیشدا ئەم بیرە وەکوو گاڵتەجاریەک لەدژی ئەو کەسانە بەکارهێنرا ، کەهێشتا باوەریان بەوەبوو ، کە چاکە لەناخی مرۆڤ دا هەیە ، زۆرجار لەڕێگای خراپ بەکارهێنانی بۆچوونیان یان تەمومژاویکردنی بۆچوونەکانیان، ئەم کارەیان دەکرد .
من خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە زۆرجار دەیانەوێت بۆچوونەکانم تەمومژاویبکەن و بیانگۆڕن ، وا پیشانی خەڵكی دەدەن کە گوایە من گاڵتەم بەو قسانە دێت ، کەدەڵێت ” هێزی شەرەنگێزی لە ناخی مرۆڤ دا هەیە” . من لێرەدا دەمەوێت ئەوە دووبارە بکەمەوە ،کەئەم گەشبینییە وجدانییه بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوونەکانی من ناکەن . پێدەچێت بۆ کەسێک زەحمەت بێت ، کەخاوەنی ئەزموونێکی درێژی شرۆڤەی دەروونیی بێت ، سووکایەتی بەو بۆ چوونانە بکات کە باس لە هێزی وێرانکەرانەی شاراوەی ناخی مرۆڤ دەکات . چونکە من زۆر لەو نەخۆشانەی کە زۆر باری دەروونیان خراپە ، ئەم هێزە شاراوەیەم بینوە، وە زۆر زەحمەتیشم کێشاوە بۆ ئەوەی هەوڵ بددەم ئەم هێزە ڕابگرم یان هەموو ئەم ووزەیە بەرەو ئاستێکی بونیاتگەرانە ببەم .
بەدڵنییایەوە بۆ هەموو کەسێک کە ئەو هەموو جەنگ و وێرانکاریەی جەنگی یەکەمی جیهانی بینیبێت ، زۆر زەحمەتە باوەر بە چاکەی مرۆڤ بکات ، چونکە ئەو هەموو گیانی هێز و توندوتیژیە وێرانکاریەی مرۆڤی بینیووە ، لەبەر ئەوە ئەوان تەنها هێزی شەرەنگێزی و توندوتیژی مرۆڤ دەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمرۆ ڕووبەروی ترسێکی گەورە دەبینیەوە ، ئەویش هەستکردن بە لاوازی و بێ توانایی خەڵکی ، بەگشتی لە نێوان زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئاسایین و کەسانی رۆشنبیربەتایبەت، خۆیان لەبەردەم ئەو هێزە زۆر وێرانکەرانەی شەرەنگێزیەی مرۆڤدا لاواز دەبینن. هەر ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات ، کە خەڵکی خۆیان تەسلیمی عەقڵیەتی داڕمان و بێ دەسەڵاتی بن ، ئەم عەقڵیەتەش کە بەرگێکی نوێی هەمان عەقڵیەتی کۆن دووبارە بێتەوە ، کە مرۆڤ گەندەڵەو تاوانبارە ، هەر ئەم بیرەش دەمانگەیەنێتە ئەو هزرە داڕماوەیە کە دەڵێت :
( ئێمە هیج توانایەکمان نییه و ناتوانینن جەنگ ڕابگرین ، چونکە مرۆڤ لە ناخیدا سروشتێکی وێرانکەرانەی تێدایە ) .
هەرچەندە ئەم بیرەش هەوڵ دەدرێت ، بخرێتە قاڵبێکی هزری و بکرێتە ڕاستیەکی دروستکراو. لەڕاستیدا ئەم بۆچوونەش ناراستە لەبەر دوو هۆ :
یەکەم : ئەوە ڕاست نییه کە ئێمە نەتوانین ڕێگە لە هەستی وێرانکەرانە ڕابگرین ، وە ئەمە هیچ ڕاست نییه کە دەووترێت ناتوانین بەسەر ئەم هەستەدا سەربکەوین ، چونکە ئەم هەسەتە دۆڕاندن نازانێت ، بەڵکە ناتوانین زاڵبین بەسەریدا و دەسەڵاتمان نەشکێت بەسەریدا .
دووەم: هەڵەی دووەم ئەوەیە ، کە دەڵێن هەموو جەنگەکان دەرئەنجامی هێزە دەروونیەکانی ( سایکۆلۆژیانە) ناخی مرۆڤن. هەرچەندە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە هۆکاری جەنگەکان بگەڕێنینەوە بۆ ( حالەتی دەروونی) ، چونکە هەموو جەنگەکان لەئەنجامی ئەو بریارانە دروست دەبێت کە سیاسی و عەسکەری و پیاوانی بازرگان دەیدەن ، کە مەبەستی سەرەکی ئەمانیش بۆ ئەوەیە کە ، دەست بەسەر زەوی زۆرتر، سامانی سروشتی ،یان ئیمتیازاتی بارزگانیان دەستبکەوێت . یان بەهۆی بەرگریکردن لە هێرشی دوژمنان ( بەڕاستی یان بە درۆ) ، یان بەهۆی ئەوەی کە پایەی کەسایەتی خۆیان بەهێز بکەن .
هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەم پیاوانەو کەسانی ئاسایی نییه : ئەمان خۆپەرستن ، بەڵام توانای نکوولیکردن لە بەرژەوەندی خۆیان ، زۆر سنووردارە ، بە واتایەکی تر ئەمانە نە دڕندەن وە نە گەندەڵیشن . لە کاتێکدا کەسانی لەم جۆرە بگەنە دەسەڵات ، دەتوانن حوکمی ملیۆنەها کەس بکەن و دەسەڵاتییان بەسەر کوشندەترین چەکدا بێت ، ئەمانە گەورەترین زەرەر دەدەن .
ئەمانە لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا ، دەتوانن نەیارانیان لەناوەبەرن ، بەڵام لە جیهانی دەوڵەت ، کەخاوەنی هێز و توانایەکی پتەوی سەپێنراو ( مەبەستمان لە سەپێنراو ئەوەیە کە هیچ یاسایەکی ئەخلاقی نییه ، ڕێگا لە هەلسووکەوتی ئەو دەوڵەتە بگرێت ) ، ئا لەم حالەتەدا ، ئەم کەسانە دەتوانن رەگەزی مرۆڤایەتی لەناوبەرن . ترس لە ” کەسانی ئاسایی کە خاوەنی هێزێکی نائاسایین” ، گەورەترین ترسە کە رووبەروی رەگەزی مرۆڤایەتی دەبێتەوە ، بە پێچەوانەوە دێوەزمەو سادیەت رەگەزی مرۆڤ لەناو نابەن ، بەڵکە ئەم جۆرە کەسانە هەرەشەی گەورەن .
بەڵام هەروەک چۆن مرۆڤ پێویستی بە چەک هەیە بۆ ئەوەی جەنگی پێبکات ، بەهەمانشێوەش پێویستی بەهەستی ڕق و کینە و وێرانکاری و ترس هەیە ، بۆ ئەوەی ملیۆنەها کەس گیانی خۆیان بەختبکەن و بچنە جەنگەوەو ببنە تاوانبار . ئەم هەڵچوونانەی مرۆڤ ، مەرجێکی سەرەکی و پێویستن بۆ هەموو جەنگێک ، بەڵام ئەمانە ” هەڵچوونەکان” هۆکاری سەرەکی جەنگ نیین ، بەڵکە چەک و بۆمبەکان هۆکاری سەرەکین . زۆر لە چاودێران پێیان وایە ، کە جەنگی ئەتۆمی ، لە جەنگی کلاسیکی جیاوازە. چونکە ئەو پیاوەی کە دەست لەسەر دۆگمەیەکی بۆمبی ئەتۆمی دادەگرێت ، کە دەبێتە هۆی کوشتنی هەزاران کەس ، لە ڕووی هەستکردن و ئەزموونی کوشتنی کەسێکی ترەوە ، لەچاو ئەو سەربازەی کەبە قەمەو ، رەشاش دەجەنگێت زۆر کەمترە . ( واتە کەسی مۆدێرن کەم ئەزموونترە لەو کەسانەی کە پێشتر بە چەکی کۆن جەنگیان دەکرد، مەبەست لە ئەزمونی کوشتن ) لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ، ئەو هەلسووکەوتەی کەدەبێتە هۆی تەقاندنی بۆمبێکی ئەتۆمی ، لە ڕووی هۆشیاریەوە ، پەیوەندی بە ملکەچ بوونی مرۆڤ بۆ بریاری سەرووی خۆیەوە هەیە . بەڵام لێرەدا رووبەروی پرسیارێکی گرینگ دەبینەوە ، ئەویش ئەوەیە : ئایا لە چینەقووڵەکانی ناخی مرۆڤدا ، بوونی ووزەی وێرانکەرانە نییه ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەستی گوێ نەدان بە ژیان ( لا مبالاة بالحیاة) لای مرۆڤ دروست بکات ، ئەم هەڵسووکەوتەش “مەبەست کوشتن بە بۆمبی ئەتۆمی ” ببێتە شتێکی ئاسایی ؟
لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی سێ دیاردەی گرینگ بکەم ، کە بە بۆچوونی من هۆکاری سەرەکین بۆئەوەی مرۆڤ بەرەو گەندەڵ بوون و خراپەکاری بەرێت ، لەهەمانکاتیشدا گەورەترین ترسن بۆ ژیان. ئەوانیش ئەمانەن:
یەکەم : خۆشەویستی بۆ مەرگ .
دووەم : نەرجسیبوونێکی پیس .
سێهەم : سەپاندنی گیانی کوشتن.
ئەم سێ دیدە کاتێک یەکدەگرن دەبنە هۆی دروستبوونی ” ئاوێتەی وێرانکاری” ، ئەمانە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن ، بۆ ئەوەی وێرانکاری لەبەر وێرانکاری بکات ، ڕق لەبەر رق لێبوون بکات . لەبەرامبەر ئەم ” ئاوێتەی وێرانکاریە ” ، ” ئاوێتەی ژیان” دادەنێم .
خۆشەویستی بۆ ژیان = خۆشەویستی بۆ مەرگ
مرۆڤ دۆستی = نەرجسی
سەربەخۆیی = سەپاندنی گیانی کوشتن
وە هەست بە گەشەسەندن و پێگەیشتنی ئەم دوو ئاوێتەیە لەناو هەموو خەڵکیدا ناکەین ، جگە لە کەمینەیەکی بچووک نەبێت ” واتە خەڵکانێکی کەم نەبێت ”
بەڵام لە کۆتاییدا بە بێ گوومان دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ، کە مرۆڤ بەرەو دوو ئاسۆ هەنگاو دەنێت کە خۆی سەربەستە لە هەڵبژرادنیاندا :
ژیان یان مەرگ
چاکە یان خراپە
سەرچاوە :
ئەم ووتارە لەم کتێبە وەرمگێڕاوە.
جوهر الانسان . آریش فروم . ترجمة . سلام خیربک . دار الحوار . الطبعة الاولی . 2011 .
a.abdulla@araspress.com
پەراوێزەکان /
*تەلعەت پاشا . لە ساڵی 1872 لەدایک بووە لە ساڵی 1921 لە بەرلین بەدەستی شۆرشگێرێکی ئەرمەنی کوژاوە. تەلعەت پاشا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئیتحاد و الترقی تورکی . کە بە دایکی بیری فاشیزمی تورکی دەناسرێت . لە نێوان سالانی 1915 تا 1917 ، وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو. یەکێکە لە بەرپرسە سەرەکیەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان . جێگای ئاماژەیە ئەم کۆمەڵکوژیەش بەیارمەتی لۆجستیکی و سەربازی ئەڵمانیەکان ئەنجام دراوە.
** هۆلۆکس . ئەم دەستەواژەیە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانیەوە هاتە ناوقامووسی سیاسیەوە. مانای کۆمەڵکوژی جوولەکەکان دەگەیەنێت ، بەدەستی ئەڵمانیەکان لەکاتی فەرمانڕەوایی نازیەکان. لەئەڵمانیا و ئەوروپادا ، ملیۆنەها جوولەکە بە پیسترین شێوە لەناوبران . ئەمەش زیاتر وەکوو پرۆسەی ئەنفالکردنی کورد لەلایەن بەعسیەکان و کۆمەڵکوژی توورکەکان لە دژی کورد لە شاری دەرسیم و باکووری کوردستان دەچێت .