
پرسیاره گومانگه‌رییه‌كان و گه‌ڕان به‌شوێن وه‌ڵامه‌كان
ده‌روازه :
ڕه‌گێكی سه‌ره‌كی شیعری جاویدانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنه‌ما میتۆلۆژییه‌كان و گوماگهریی میتۆلۆژییهكانی ژینبوون ، هه‌رله‌م دیدگایه‌شه‌وه‌یه كه گومانگه‌ریی میتۆلۆژییه‌كان له‌ناو پرۆسه‌ی شیعرییه‌ت پرسیارگه‌لی ئه‌زه‌لی و دوورگه‌ی ئه‌فسانه‌یی دروست ده‌كه‌ن ، دیاره شاعیر ئه‌مانه وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێز و جێگیر بۆ بنیاتنای شیعر دروست ده‌كات و ده‌یه‌وێت له ته‌واوی شته‌كانی ده‌وروبه‌ری زیاتر وردببێته‌وه و گومانی زیاتریان لێ بكات ،به‌یه‌ككه‌وتنی گومانیش پرسیار ده‌ورووژێنێت ، وه‌ك چۆن ڕه‌گێكی سه‌ره‌كی شیعرییه‌ت بۆ بنه‌ما میتۆلۆژییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه ، وه‌هاش گومانهمیتۆلۆژییهكان ڕه‌گێكی قووڵایی واقیعدایه وبه‌رده‌وام ئه‌م ڕه‌گه‌ی واقیعبوونه قووڵتر ده‌بێته‌وه ، چۆن له‌ساده‌ترین ناساندنی میتۆلۆژیدا ، میتۆلۆژی گه‌ڕانه به‌دوای واقیع ، شیعریش جۆرێكه له‌جۆره‌كانی گه‌ڕان به‌دوایی دیوه نادیاره‌كان و دیوه‌كانی جوانبینی ، له‌په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردووك گه‌ڕان و چه‌مكی گومانبردندا ، له ده‌رئه‌نجامه گشتگیرییه‌كانی سه‌فه‌ری ئه‌و گه‌ڕانانه‌دا شته‌كان گومانی زیاتریان ده‌خرێته سه‌ر ، دواجار ئه‌م حاڵه‌ته‌ی گومانبردنه خۆی له خۆیدا پرسیار و گه‌ڕانه به دوای وه‌ڵامه ونبووه‌كان .
ناوهڕۆك:
كتێبه شیعری ((مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه )) به پێنووسی شاعیر (( سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ))ه ،كه له حه‌وت ده‌قه شیعر پێكهاتووه ، له تێپه‌ڕی ئه‌م ده‌روازه‌دا ده‌مه‌وێت له‌باره‌ی پرسیاره‌كانی شاعیره‌وه بدوێم و له‌پاڵ گه‌مه‌ی گومانهكانیدا ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر دیوه‌كانی تر وچه‌ند لایه‌نێكی تری ده‌قه شیعرییه‌كان .وه‌لێ ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تا له مانشێتی كتێبه‌كه‌وه بخزێمه ناو پرۆسه‌ی ڕاڤهكارییهكهم ، ئه‌گه‌رچی پێم وایه هه‌ڵبژاردنی ناونیشان هه‌م بۆ شیعر و هه‌میش بۆ كتێب پرۆسه‌یه‌كی زه‌حمه‌ته ، ئاخر زۆرجار ناونیشان كلیلی ده‌روازه‌ی چوونه ژووره ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مرۆ زۆرێك ناونیشانی زه‌ق و بریقه‌دار ده‌كه‌نه مانشێتی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ چه‌واشه‌كاری خوێنه‌ران ، وه‌لێ ناونیشانی مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه ،ناونیشانێكه پڕ به ناوه‌ڕۆكی كتێبهكهوهیه ، ئاخر زۆرجار ناونیشان هیچ كۆنتاكێكی به ناوهڕۆكهوهنییه و له هیچ لایه‌نێكه‌وه كۆنابنه‌وه ، واته ناونیشانه‌كه وه‌ك چه‌كێكی به‌كارهاتوو ، به‌كارهێنراوه .ئه‌گه‌رچی ناونیشانی ئه‌م كتێبه (مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه ) ناونیشانی هیچ كام له‌م حه‌وت ده‌قه شیعرییه‌ی ناوی نییه ، به‌ڵكو دێره شیعرێكه له‌نێو شیعره‌كانی ناویدا ، ئه‌گه‌ر بپرسین ناونیشانی مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه بۆ ؟ئه‌مه ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ی قووڵ ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌و ڕاستییه و په‌ی به‌وه به‌رین كه‌شاعیر تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووبووه له هه‌ڵبژاردنی ناونیشانه‌كه .
له‌ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌دا (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر )له‌باره‌ی به تونا كردنی شیعر و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون و زمانی شیعر وچالاككردنی هه‌سته‌كان وپرۆسه‌ی شیعرییه‌ت و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی تری تایبه‌ت به شیعر ده‌دوێت ، له پێشه‌كییه‌كه‌ی (شیعر و چالاككردنی هه‌سته‌كان ) دا ، هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه گوزارشت له شیعره‌كانی ناویدا بكات ، زیاتر وه‌ك وتارێكی ئه‌ده‌بی شاعیر چه‌ند روانینێكی تایبه‌تی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی شیعر و ئه‌زموونی شیعرییه‌ت خستۆته روو ، هه‌رچه‌نده من له‌گه‌ڵ پێشه‌كی نووسینی شیعردا نیمه ،ئاخر زۆرجار خوێنه‌ری ساده و به‌شێكی زۆری خوێنه‌ری ناوه‌ندیش به‌هه‌مان ئه‌و ته‌فسیره ی كه‌وا له پێشه‌كیه‌كه‌دا بۆی كراوه ، خوێندنه‌وه و ڕوانینی بۆ شیعره‌كانی ده‌بێت ،واته به‌هه‌مان ئه‌و دیدگایه‌وه ده‌خزێته ناو فه‌زای ده‌قه شیعرییه‌كان ، كه ده‌شێت ئه‌مجۆره خوێنه‌رانه به‌و شێوه‌یه قورمیش بكرێن ، هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕاگهلهی كه‌وا له پێشه‌كیه‌كه‌دا شاعیر خستوویه‌تییه ڕوو گشتگیره و بارگاوی كراوه ئهئهزموونی خۆی و شێوازی خۆیه‌وه ، وه‌لێ ناشێت وتارێكی وه‌ها له جیاتی پێشه‌كی له كتێبه شیعرێكی وه‌هادا كۆبكرێنه‌وه ، چۆن من پێم وانییه هیچ پیوه‌ندییه‌كی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی تایبه‌ت به ده‌قه شیعریه‌كان لێكیان كۆبكاته‌وه ، خاڵێكی تر له وتاره‌یدا ( بۆیه نووسیم وتار ، چونكه من وه‌ك پێشه‌كی ئه‌و ئه‌و ده‌قه شیعرییانه نایبینم )ئه‌وه‌یه ، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له ده‌ربڕینێكدا تووشی دووفاقیه‌تی گومانبردن و هه‌ڵخزانی قسه‌كردن ده‌بێت و له نێو پێكهاته‌یه‌كی هاوبه‌ش و بنه‌ڕه‌تدا خۆی جیاده‌كاته‌وه ، كه دواجار ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه هه‌رله‌هه‌مان وه‌رچه‌رخانه فكرییه‌كاندا ده‌یهێڵێته‌وه ، كاتێك ئاماژه به‌وه ده‌دات و ده‌ڵێت :((شیعردهربڕینی گیانی سه‌رده‌مه ، من خۆم ئه‌م بۆچوونه جیاده‌كه‌مه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نم شیعر ده‌ربڕی هێز وگیانی سه‌رده‌م نییه ، چونكه پێكهێنه‌ری هێز و گیانی سه‌رده‌م كۆیه و شیعریش هێز و گیانی تاكی جوانیبه‌خشه)) ، لێره‌دا شاعیر ئه‌م لایه‌نانه فه‌رامۆش ده‌كات كه ڕِاسته شیعر ده‌ربڕی هێز و گیانی تاكه كه‌سه ،وه‌لێ هێزوپێكهێنهری سهردهمیشه ، ئاخر شاعیری جواننووس و خاوه‌ن به‌رهه‌می جاویدانی له گۆشه‌نیگا تاكهكهسییهكهیهوه سه‌یری ته‌واو دنیا ده‌كات ،له‌بچووكترین خه‌می خۆیه‌وه گه‌وره‌ترین خه‌می كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌نووسێته‌وه ، كه‌وابێت شاعیر لێره‌دا بۆچوونه‌كه‌ی به‌ئاڕاسته‌یه‌كی خراپ‌دا بردووه ، ته‌نانه‌ت ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونی گشتگیری سه‌رده‌م ، به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه تاكه كه‌سییه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌وه ،بۆ جوانتركردنی دووفاقیه‌تی ئه‌م خاسیه‌ت و فكرییهمیتۆلۆژییهكان پێویستمان به پردی به یه‌كگه‌یشتن هه‌یه ، كهنییه ! كه كاری ئه‌م پرده ده‌ربڕینه تاكه كه‌سییه‌كه‌ی ڕه‌نجده‌ر ،به‌ده‌ربڕینه گشتگیریهكهی سه‌رده‌م ده‌به‌ستێته‌وه .
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا گه‌ڕانی شاعیر به‌شوێن پرسیاره ونبووه‌كانی و بارگۆڕانه میتۆلۆژییه‌كان و چه‌مكی گومانگه‌ریی له فه‌زای ده‌قه شیعرییه‌كاندا بوونیان هه‌یه ، كه زۆرجار بوونی ئه‌م حاڵه‌تانه ڕه‌نگه‌كانی شیعره‌كه تۆختر ده‌كات و هه‌ناسه‌ی فهزاكانیش درێژتر ده‌كات ، بێگومان چه‌مكی گومانگه‌ریی په‌یوه‌ندییه‌كی ریشه‌یی له‌نێوان مردن و ژیاندا هه‌یه ، لێره‌دا شاعیریش به‌هه‌مان ئه‌م گومانه‌وه ئاماژه به‌م لایهنهدهكات و ده‌ڵێت :(( ژیان و مردن / بردنه‌وه و دۆڕان نین )) .
په‌یوه‌ندی نێوان ژیان و مردن پڕه له گومان و پرسیار و گه‌ڕان به‌شوێن وه‌ڵامه‌كاندا ، هه‌ربۆیه شاعیریش ژیان ومردن به بردنه‌وه و دۆڕان دانانێت و ئه‌مانه ڕه‌تده‌كاته‌وه ، ئاخر ناشێت نێوان ژیان و مردن بریتیی بێت له بردنه‌وه و دۆڕان ، له‌نێوان ژیان و مردن‌دا گه‌ڕانی هه‌میشه‌یی هه‌یه ،مادامه‌كێ گه‌ڕان بوونی هه‌بێت ، دیسان هه‌ست به گومانبردنی شاعیر ده‌كرێته‌وه و شاعیر به گومانه‌وه ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ئه‌ركی شاعیربوون وده‌ڵێت :((په‌پووله‌یه‌ك له‌سه‌ر شانی پێغه‌مبه‌ره‌وه/ فرییه سه‌رشانی من)) . لێره‌دا پێویسته بپرسین : بۆچی به‌س په‌پووله‌ی سه‌رشانی پێغه‌مبه‌ر ؟ ئاخۆ په‌پووله‌ی سه‌رشانی كام پێغه‌مبه‌ره ؟ بۆچی ههڵبفرێته سه‌رشانی شاعیر ؟ئایا حیكمه‌ت له‌م ههڵفرینهدا چییه ؟ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌ندین پرسیارگه‌لی تر له‌به‌رده‌ممان قیت ده‌بنه‌وه ، دیاره مه‌به‌ستی شاعیر ، په‌یامی شاعیربوونه ، كه شاعیر له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه هه‌مان خاسیه‌ت و ئه‌ركی پێغه‌مبه‌رانه‌ی له‌سه‌ر شانه ، ده‌شێت شاعیری جواننووس جێگره‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر بێت ، ئاخر پێغه‌مبه‌ر په‌یامی خودایی له‌سه‌ر شانه ، شاعیریش په‌یامی مرۆڤایه‌تی ، بۆیه هه‌میشه ئه‌ركی شاعیری جواننووس هه‌رچه‌ند پیرۆز بێت ، زه‌حمه‌تتر ده‌بێت !بێشك بوونی په‌پووله‌ش هێمایه‌كه بۆ جوانی و بێگه‌ردی ، شاعیرله‌م ئه‌ركه پێغهمبهرانهیهی خۆیدا به‌گومان ده‌بێت و گومانه‌كانی هێنده زۆر و قورس ده‌بن ، تا ده‌كاته ئه‌و سنووره‌ی كه پرسیاربكات و بلێێت :((ئه‌رێ مانگ / له‌زه‌ماوه‌ندی جاویدانی زمان و‌دڵ / چ شه‌ربه‌تێك ده خورێته‌وه )) . ئه‌و زه‌ماوه‌ندی شاعیربۆ زمان و‌دڵ گه‌ره‌كیه‌تی مانه‌وه و هه‌میشه‌ییه ، بۆیه به‌دگومانه لهشهربهتهكهی ،كه‌شه‌ربه‌تی ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ زاده‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیر خۆی ، له‌گشت شه‌ربه‌ته‌كانی تر نه‌مرتر و مانه‌وه‌ی زیاتر به‌شیعر و ته‌مه‌ن درێژی شاعیره‌كه ده‌به‌خشێت ، شاعیر ئه‌مجاره ڕووی پرسیاره‌كانی بڵندتر ده‌كات و روو له خودا ده‌كات و به گومانه‌وه له‌م باره‌یه‌وه ده‌پرسێت :(( ئه‌رێ خودا بۆ ته‌نیایی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه )).
خه‌ڵوه‌تگه‌ی پرسیاره‌كان و یاخیبوونی گومانه‌كانی شاعیر درێژتر ده‌بنه‌وه ، به‌هۆی ئه‌و گه‌ڕانه‌ی شاعیره‌وه خوێنه‌ر په‌ی به‌وه ده‌بات ، كه به دوایی وه‌ڵامه ونبووهكانهوه له گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یی داین ، له‌ناو پرسیارهكانیشدا هه‌ست به گومانبردنی میتۆلۆژی ده‌كرێت ، له پاڵ پرسیاره ونبووهكانیشدا پرسیارگه‌لی تر خۆیان مه‌لاش داون ، بۆیه خه‌یاڵی شاعیر وه‌ك سوپه‌رمانێك ههربهئاسمانهوهیه پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت :((ئه‌رێ باڵنده به‌ئاسمانه‌وه چیت پێ ده‌ڵێ )) .هه‌میشه خوێنه‌ری ودبین و هۆشیار په‌ی به‌وه ده‌بات ، هه‌تاكو شاعیر زیاتر بگه‌ڕێت گومانی زیاتری له‌لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت ،كه گومانیشی له‌لا گه‌ڵاڵه بوو ، گومانه‌كانیش به‌سه‌ر یه‌كه‌وه كه‌ڵه كه ده‌بن و له ده‌رئه‌نجامی بهریهككهوتنیاندا پرسیار ده‌ورووژێت و گومانه‌كانیش پرسیارده‌كه‌ن :((لاپه‌ڕه نووستووه‌كانی هه‌ڵده‌نه‌وه)) ، (( به‌رد ئێسكی زه‌وییه )) .لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌كه زیاتر هه‌ڵبده‌ینه‌وه و به دیدگایهگی فراوانتر لێی بڕوانین ،بۆیه ناشێت به‌رد ئێسكی ڕاسته قینه‌ی زه‌وی بێت ، له كاتێكدا كه شاخ و كێوه‌كان بوونیان له زه‌ویدا هه‌بێت ،شاخ و كێوه‌كان ئێسكی ڕاسته‌قینه‌ی زه‌وین ، پێم وایه شاعیر به‌وشه‌ی (به‌رد) فه‌زای ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی بچووك كردۆته‌وه .
شاعیر واز له پرسیار ناهێنێت ، له‌م سه‌فه‌ری ژیانه‌یدا هه‌ر سه‌رقاڵی گه‌ڕانه ، گومان ده‌بات و گومان ده‌هێنێت ، گومان له ده‌ورو به‌ری ده‌كات ، گومان له ئاسمان و زه‌وی ده‌كات ، گومان له شیعر و وشه ده‌كات ، گومان له خه‌یاڵ و واقیع ده‌كات ، له‌پاڵ هه‌موو ئه‌م گومانانهشهوه ده‌پرسێت و ناگاته وه‌ڵامیش ! نازانیت و عه‌وداڵه بۆ زانین ،كه‌ی ده‌گاته وێسگه ئه‌و گه‌ڕانه ناچار شعیر پرسیارده‌كات :(( ئه‌رێ بۆ به‌س خودا ده‌زانێ به هه‌شت له كوێیه ؟ )) .شاعیر په‌رت و بڵاو و په‌رته‌وازه ده‌بێت ،له بهربهدگومانی پرسیاره‌كانی بۆ كۆناكرێنه‌وه سه‌ر یه‌ك ، كه‌ئه‌مه په‌خش بۆته له ته‌كنیكی وێنه شیعریه‌كانی شاعیردا ، كه هه‌ست به‌وه ده‌كرێت دروستكردنی وێنه‌ی جێگیر و وێنه جوڵاوه‌كان ، له شیعره‌كانیدا به‌هۆی پاڵنانی وشه به وشه‌وه‌یه ، ئه‌م پهرتهوازهبوونهی شاعیر ناونیشانی كتێبه شیعرییه‌كه‌ی ( مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه ) پرشنگدارتردهكات ،وه‌ك له ده‌ستپێكه‌وه ئاماژه‌مان پێیدا : مانشێته‌كه پر ِبه ناوه‌ڕۆكی كتێبهكهوهیه ، ئاخر هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست حاڵه‌تی گومانگه‌ریی ده‌كات ، كه دوجار یش ئه‌م هه‌سته هه‌م لای شاعیر و هه‌میش لای خوێنه‌ر هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه‌وه ده‌مێنێته‌وه ، كاتێك شاعیر له‌م گه‌ڕان و سوڕانهیدا به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌نێو گومانهكانیدا په‌رته‌وازه ده‌بێت ، كه پرسیاره‌كانی بۆ ناخرێنه سه‌ریه‌ك و به‌ناچاری هه‌موو پرسیار و گه‌ڕان و گومانه‌كان بۆ خوێنه‌ر به‌جێ ده‌هێلێت و خۆی ئامانه‌تی دوا په‌یامی مرۆڤبوونی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت :(( له‌ماڵه كه‌ی خۆتدا / ژوور و ههیوانێكم بۆ دانێ / ئه‌ی خودا )) .
له‌كۆتاییدا :
هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی شیاوی خوێندنه‌وه‌یه ، كه ده‌قی ئه‌ده‌بیش خوێنرایه‌وه ، شیاوی هه‌ڵوسته له‌سه‌ر كردنه ، كه ده‌قیش هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كرا ، قابیلی ڕاڤه‌ی جیا‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و قسه‌له‌سه‌ركردنه ، ماوه‌ته‌وه بڵێین كتێبه شیعری (مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه )شیاوی هه‌ڵوه‌سته‌ی زیاتر و قسه‌ی جیا‌و بۆچوونی جیاوازتره ، وه‌لێ ئێمه به‌پێی خوێندنه‌وه و چێژ و تێڕوانینی خۆمانه‌وه له‌باره‌ی پرسه‌كانی نووسین و چه‌مكی گومانگه‌ریی و گه‌ڕانی شاعیر و پرسیار و عه‌وداڵبوون به شوێن وه‌ڵامه ونبووه‌كان هه‌ڵوه‌سته‌مان كردووه ، كرانه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌قی زیندووش جار له دوای جار ڕوانین‌و و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازتر هه‌ڵده‌گرێت ، وه‌لێ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر و كۆی قسهولێدوانهكانمان شاعیر له نێو چه‌مكی گومانگهریدا پرسیار ده‌كات و هه‌میشه له گه‌ڕانه به شوێن پرسیاره‌كانه‌وه .
په‌راوێز و سه‌رچاوه :
*مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه/شیعر _سه‌باح ڕه‌نجده‌ر/له‌بڵاو كراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس ژماره _1039-چاپی یه‌كه‌م 2010