Skip to Content

Friday, June 21st, 2024
زۆر ئه‌ترسێم …. به‌ندی عه‌لی .

زۆر ئه‌ترسێم …. به‌ندی عه‌لی .

Closed
by May 20, 2011 هۆنراوە

گرنگ نیه‌ که‌نگێ ئه‌گریین
وه‌لێ کاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر
ئاونگی ئه‌شک
به‌چلوره‌ی بن گوێسه‌بانه‌ی پێلو بێ
له‌بێ هووده‌یی گریان و
بێ مروه‌تیی ڕه‌قیبانا
زۆر ئه‌ترسێم
له‌م وه‌رزی کڕێوه‌ی میهره‌یا
گریه‌مان لێ ببێ به‌خوو

گرنگ نیه‌ له‌کوێ ده‌جمێین
وه‌لێ کاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر
له‌ڕیتمی سه‌ما تێنه‌گه‌ین
ئایا ئێمه‌ین
ئاسکه‌که‌ی زه‌مه‌ن ڕاوئه‌نێن
  یاخود ئه‌وی ماخۆلانه‌ ڕاومان ئه‌نێ
زۆر ئه‌ترسێم ، نه‌زمی ڕه‌ومان
به‌له‌نجه‌ولاری په‌یکه‌ر بێ

گرنگ نیه‌ کێ ئه‌بینین
وه‌لێ کاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر
دیده‌مان هێزی جیاکاری ڕه‌نگه‌کانی
لێ بزر بێ و ڕه‌نگی خوێن و
ڕه‌نگی شه‌رابی لا یه‌ک بێ
زۆر ئه‌ترسێم
له‌م باده‌خانه‌ی ده‌هره‌یا
به‌دمه‌سته‌کان له‌جێی شه‌راب
خوێنی دڵی گوشراوی یه‌ک بخۆنه‌وه‌
 
گرنگ نیه‌ چی ئه‌بیستین
وه‌لێ کاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر
ئه‌وه‌ی گوێ قوڵاغی ئه‌بین
بێ ئه‌وه‌ی گوڵ بژارکه‌ین
له‌گوڵدانی دڵمانی نێن
زۆر ئه‌ترسێم
له‌م پاییزه‌ی موحیبه‌تا
ئه‌وه‌ی له‌به‌ینمانا ئه‌ڕوێ
هه‌ر دڕک و داڵی کینه‌ بێ
    
گرنگ نیه‌ چۆنی ئه‌مرین
وه‌لێ کاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر
پێ نه‌زانین بۆچی ئه‌مرین
زۆر ئه‌ترسێم
له‌که‌رنه‌ڤاڵی مردنا
مه‌زاریشمان وه‌ک ئه‌درێسی زینده‌گیمان
هه‌ر به‌ده‌ردی
گۆڕی سه‌ربازێکی وون چێ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.