بێ هیوایی ….. سیروان ره‌حیم
نازانم كێ ئه‌م قسه به نرخه‌ی كردووه: “به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه به مرۆڤه‌كان بێ هیوات بكه‌ن”. هه‌رچه‌نده بیری لێده‌كه‌مه‌وه ناچمه‌وه سه‌ری، نازنم له كوێ و كه‌ی قسه‌كه‌م به‌رچاو كه‌وتووه. به‌ڵام به نرخی قسه‌كه، پێكانی وردی ئه‌و تیره له بابه‌تێكی ئاڵۆز و پێچیده مایه‌ی له بیر نه‌چوونی قسه‌كه خۆیه‌تی. ده‌كرێ له‌سه‌ر بێ هیوایی نێوان مرۆڤه‌كان زۆر قسه بكه‌ین. بابه‌تێك به‌رده‌وام مایه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان و قسهلێوهكردنه. جگه له‌وه‌ی غهمێكه پڕ ئازار، ده‌ردێكه ده‌بێت به دوای ده‌رمانیدا بگه‌ڕێین. چ ساتێكه غه‌مگین و پڕ له تێك‌شكان، كاتێك مرۆڤه‌كان یه‌كتری بێ هیوا ده‌كه‌ن، خه‌یاڵی یه‌كتر ده‌شكێنن و چاوه‌ڕوانی ره‌نگین ده‌گۆڕن بۆ تاریكستانی غه‌مگین. ئاشكرایه له بواری سیاسهتكاریدا، بێ هیوایی هه‌میشه به‌ڕێوه‌یه. له‌و كاره‌دا، واته له سیاسه‌تدا به‌رده‌وام ده‌بێت مرۆڤ چاوه‌ڕوان بێت كه سیاسه‌توان واده و به‌ڵێن ده‌شكێنێت و قسه ناباته سه‌ر. ئه‌گه‌ر ئاماده‌كاریی ده‌روونی وه‌ها هه‌بێت، ئه‌و ده‌مه سیاسه‌توان بێ هیوامان ناكه‌ن. به‌ڵام كاره‌سات ئه‌وه‌یه مرۆڤ باوه‌ڕ به سیاسه‌توان بكات و چاوه‌ڕوانی به‌جێهێنانی به‌ڵێنه‌كانی بێت. ئه‌و ده‌مه غه‌مگینی و بێ هیوایی ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی جۆرێك له كاره‌سات. چونكه به‌ڵێنی یارۆی سیاسی زله. به‌ڵێنێك نییه له ریزی به‌ڵێنه ئاسایی و ساده‌كان. دیاره به‌ڵێنی ئه‌و هه‌ڵگری گۆڕانكارییه له ژیان و چاره‌نووسدا، هه‌ر نه‌بێـت هه‌ڵگری گۆڕانكارییه له بواری كار و بژێویدا، بۆیه ئاستی بێ هیوایی له دۆخی وا دا غهمهاوهر تره. به‌ڵام من ئه‌وه به كێشه‌یه‌ك نابینم، چونكه سروشتی كاری سیاسی له هه‌موو دونیادا ئه‌وه‌یه، سروشتی به‌ڵێن نه‌بردنه سه‌ره. ئه‌وه‌ی له‌مه تێنه‌گات هه‌میشه رووبه‌ڕووه له‌گه‌ڵ بێ هیواییدا. غه‌مگینترین جۆری بێ هیوایی و دڵشكان ئه‌وه‌یه له ژانی رۆژانه و له رووبه‌ری ئاشنایه‌تیدا، هاوڕێكان و كه‌سه نزیكه‌كان بۆمان دروست بكه‌ن. ده‌بێـت هێزێكی گه‌وره و تێكشكێنمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ كاری ناجۆر و كاردانه‌وه‌ی بێ واتای كه‌سانی نزیكمان بێ هیوامان نه‌كه‌ن. له ژیانی زۆربه‌ماندا ئه‌و به‌سه‌رهات و نمونانه هه‌ن كه كه‌سه نزیكه‌كان پاش چه‌ندی ساڵ و دوای چه‌ندین ئه‌زموونی جۆراوجۆر وێنه‌یه‌كی كه‌سێنی ترمان له خۆیان پێشان ده‌ده‌ن. رووبه‌ڕوومان ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ بێ هیواییدا. كاتێك نزیكترین كه‌ست، خۆشه‌ویستترین هاوڕێت كه تۆ پێت وایه لێت تێده‌گات، لێی تێده‌گه‌یت و خۆشه‌ویستی پێكه‌وه كۆتان ده‌كاته‌وه، خۆشه‌ویستییه‌كی ره‌های دوور له شته‌كانی تر، به‌ڵام له پڕ كاره‌سات ده‌قه‌ومێت و یارۆ كارێكت پێده‌كات، یان به جۆرێك بریندارت ده‌كات كه بێ هیوا و نوقمی غه‌مگینیی ده‌بیت. به زۆری ئه‌م ده‌ردی تێك‌شكان و بێ هیواییه له نێو گه‌لانی هه‌ژار له باری ئابوری و كولتوریدا باڵا ده‌سته. هۆكاری پێداویستی و داخوازی زۆری مرۆڤه‌كان له یه‌كتر وه‌ها ده‌كه‌ن بێ هیوایی و دڵشكان له نێوانیاندا روو بدات. ئاستی داخوازی و به‌جێهێنانی پێداویستییه‌كان له لای مرۆڤی ئێمه زۆر له‌سه‌ره. وا هه‌یه به ده‌یان كه‌س داوای به جێهێنانی شتی گران له یه‌ك كه‌سی ئه‌ندامی خێزانێك یان هاوڕێیه‌كیان ده‌كه‌ن، كاتێك ئه‌ویش ناتوانێت ئه‌و هه‌موو داوا و پێداویستییانه مه‌یسه‌ر بكات، هه‌ڵسه‌نگاندنی ناڕه‌وایانه و قسه‌ی ساردیان ده‌بن به هه‌وێنی دڵشكان و بێ هیوایی. له ناو ئێمه‌دا مرۆڤی بێ تاوان هه‌ن له خۆڕا وێنه‌ی تاوانبار و گوناهكاریان بۆ دروست ده‌كرێت. چونكه به‌ده‌م داخوازی ئه‌وانی تره‌وه نه‌چوون. به مه‌رجێك ئه‌و كه‌سانه بۆیان نه‌كراوه ئه‌و داخوازییگهله مه‌یسه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام داخوازیكهران لایان ئاساییه وێنه‌ی سروشتی و گوناهنهكردهی ئه‌و كه‌سانه بشێوێنن. به‌رده‌وام هه‌وڵی ریسواكردنیان بده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی ناڕه‌وایی و گوناهكاری ئه‌و كه‌سانه‌یان له لا بێت. له وه‌ڵاتانی پێشكه‌وتوو، له‌و زێدانهی كار هه‌یه و داهات و بژێوی ده‌سته‌به‌رن، كه‌متر، زۆر كه‌متر مرۆڤ ئه‌م ره‌وشه ده‌ژی. هاوڕێكانی ئێمه، هاوسێ و هاوكاره‌كانمان و هه‌روه‌ها خێزانه‌كانی ئێمه و ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی بێ حیساب و بێ پلان دروست بوون، بۆیه له به‌رده‌وامی پێكه‌وه ژیاندا زۆر لێكدان روو ده‌ده‌ن و یه‌كتر بێ هیوا و دڵشكێن ده‌كه‌ن.
نووسه‌ری ئه‌ڵه‌مانی، هاینریش بۆیل، (1917-1985) هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌بیات، ده‌ڵێت:
زۆر كه‌م حیسابی ئه‌وه له خۆمان ده‌پرسین، كه ئێمه چه‌ند ده‌بین به هۆی بێ هیوایی بۆ ئه‌وانی تر.