
دڵشاد عه‌بدوڵڵا .. شاعیری گه‌وره عاشقان
شیعر بۆ ته‌نیایی و
جوانیش بۆ هه‌مووان
من یه‌كێكم له‌وانه‌ی له سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌مدا به وردی چاودێری شیعره‌كانی دڵشاد عه‌بدولڵا ده‌كه‌م و ره‌نگه هه‌ندێ له‌و ههورازانهش بناسم كه به پێی و به چنگه‌ڕنێ و پیت به پیت و وێنه به وێنه پێیاندا سه‌ركه‌وتووه ، ره‌نگه جاریش بووه ( به سوعبه‌ت بێت یان به‌ڕاستی ) هاوڕێكانم به‌وه تاوانباریان كردبم كه من له خوێندنه‌وه‌ی گرنگیی ئه‌زموونی دڵشاد له شیعر و تازه‌گه‌ریدا زیاده‌ڕۆیی بكه‌م ! به هه‌رحاڵ هیچ له ئاسمان كه‌منابێته‌وه گه‌ر به ره‌نگی شین تاوانبار بكرێت ، بهرزهفڕییش بۆ باڵنده زیاده‌ڕۆیی نییه .
له رابردوو و ئێستای ئه‌زموونی شیعری ئه‌م هاوڕێیه‌مدا دوو خاڵی گه‌شاوه هه‌یه كه ده‌كرێت لێره‌دا وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ئاماژه‌یان پێبده‌ین :
یه‌كه‌م : له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی كاك دڵشاد و هاوه‌ڵه‌كانی كه ده‌كه‌وێته كۆتایی ساڵی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان ، شیعری كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا عه‌بدولڵا په‌شێو و شێركۆ بێكه‌س و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ببووه شیعری مانا و شۆڕشگێڕی و بابه‌تی ده‌ره‌كی : ده‌ره‌وه‌ی زات و دنیابینی فه‌ردی ، كه ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی تیلقائی شیعر ده‌كاته ئامرازی گه‌یاندنی بیروڕا ، به ئامانجی به‌رهه‌م هێنانی رهعیهتێكی هاوڕا ، خوێنه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێنه‌رێكی خالیق و به‌رهه‌مهێنه‌ر نه‌بوو ، خوێنه‌رێك بوو یان رازی بوو له‌سه‌ر بیروڕاكان یان دژ بوو ، شیعری ئه‌وسا به شوێن هه‌قدا ده‌گه‌ڕا ، به شوێن راستی و درۆ ، خراپه و چاكه ، ئه‌م دوالیزمانهش رێژه‌یین و ده‌كرێت ئه‌وه‌ی لای خوێنه‌رێك ترۆپكی راستییه لای خوێنه‌رێكی دیكه لوتكه‌ی ناڕاستی بێت ! بیریشمان بێت كه ئه‌م جۆره شیعره له هه‌موو شتێكه‌وه نزیكه ته‌نیا له ته‌كنیك نه‌بێت !
دڵشاد و هاوه‌ڵه هه‌ولێرییه‌كانی شیعریان كرده مورادفی جوانی ، جوانیش هه‌مووی دۆستیه‌تی و نه‌یاری نییه ، شیعر بۆ مه‌نتیقی هه‌قی رێژه‌یی و ناهه‌قی رێژه‌یی نه‌ما ، لێره‌وه شیعر دوور كه‌وته‌وه له ئایدۆلۆژیا به مانا ئیقصائییهكهی ، لای دڵشاد چه‌قی شیعر زمانه نه‌ك مانا و بابه‌ت ، چه‌قی شیعر ده‌بێته لێكدانی بهردهئهستێكانی وشه و به‌رهه‌مهێنانی شهرارهكانی ئه‌فراندن ، له راستیدا شیعر هێنده‌ی په‌یوه‌سته به ئه‌خلاقیاتی شیعره‌وه هێنده په‌یوه‌ست نییه به ئه‌خلاقیاتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ، چونكه ئه‌مه‌ی دوایی قابیلی گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه .
شیعر له ده‌ره‌وه‌وه هێنرایه ناوه‌وه ، ره‌نگه بارودۆخی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێرانیش رۆڵی هه‌بووبێت ، بۆ یه‌كه‌م جار شاعیر له خۆیه‌وه سه‌یری ئه‌وانیتر ده‌كات ، له خۆیه‌وه پێناسه‌ی ته‌نیایی ده‌كات ، پێشتر عه‌یب بوو بترسێت ، عه‌یب بوو هانی خه‌ڵك نه‌دات بۆ فیداكاری ، عه‌یب بوو بڵێت ( با تفه‌نگه‌كان بێده‌نگ بن ، منداڵێك ده‌یه‌وێت بخه‌وێت ) . شاعیره‌كان هه‌موویان پاڵه‌وان بوون ، كه‌سیان ته‌نیا نه‌بوون !
دووه‌م : له ئێستادا ئه‌وه خاڵه گه‌شاوه‌یه‌ی كه شیعری دڵشاد له‌وانه‌ی دیكه جودا ده‌كاته‌وه ، جۆری مامه‌ڵه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ زماندا ، ئێستا بۆ نیشاندانی قوڵیی ، زمانی ته‌نك بۆته‌وه ، زۆربه‌ی شاعیرانی دیكه بیرۆكه‌یه‌كی ساده‌یان پێیه و ده‌یبه‌نه ناو ئامێری زمان و ده‌یشێوێنن و ده‌یشارنه‌وه و دنیا و قیامه‌تی تێده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قووڵییان نه‌بینرێت ، بۆ مه‌به‌ستی كه‌سبكردنی خوێنه‌ریش پڕی ده‌كه‌ن له خه‌رابات و نه‌وره‌س و خوێن و دوژمن ! به كورتی لێره‌وه ده‌ڕۆن و له‌وسه‌ر نایه‌نه‌وه ، بیرۆكه باوه‌كانی ئێمه ده‌به‌ن و به شاراوه‌یی پێمان ده‌فرۆشنه‌وه . به پێچه‌وانه‌وه‌ش دڵشاد خه‌مێكی گه‌وره ده‌خاته ناو رسته‌ی ساده و زوو ههزمكراو ، له نیشاندانی ناوه‌وه‌ی خۆی ناترسێت ، ئه‌و متمانه‌ی به وشه‌كانی هه‌یه و به ئه‌نقه‌ست گره‌وه‌ی نه‌ناسینه‌وه‌ی ده‌داته خوێنه‌ر ، له كۆتاییشدا هه‌موو خوێنه‌ره‌كانی ده‌بنه دڵشادێكی دیكه و له‌ناو ئه‌و هه‌موو دڵشادانهشدا ، دڵشادی هاوڕێم ده‌توێته‌وه و ده‌مرێت .
لێره‌وه‌ش ئیره‌یی پێده‌به‌م .. ئه‌و مردنه‌ی به نسیب ده‌بێت كه نالی و شكسپیر و موته‌نه‌بی له پێناویدا ژیان . ئه‌م پێشه‌كییه پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی نمونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه : ئه‌و پیاوه به ویقار و به ساڵاچووانهی مه‌قاماتی عێراقی ره‌سه‌ن ده‌چڕن و به كه‌سه‌ره‌وه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن جیاوازییان زۆره له‌گه‌ڵا گه‌نجه گۆرانی بێژه‌كان ، گه‌نج زۆربه‌ی كات به ناوبانگ و ئیعجابی ژنان و گوزه‌رانی باش و جلی جوانه‌وه سه‌رقاڵه كه ئه‌مانه‌ش خه‌وشی تیا نییه و شتی ڕه‌وان ، گه‌نج به حوكمی سروشتی ته‌مه‌نی كه گه‌رمه‌ی باوه‌ش كردنه به سه‌رگه‌رمییه‌كانی ژیان ، كه‌متر گرنگی به جه‌وهه‌ری دنیا ده‌دات ، به‌ڵام مهقامبێژێكی عێراقی له لێواری به‌جێهێشتنی هه‌موو شته‌كاندایه ، هه‌رده‌م له سێبه‌ری یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ ، هاواری بریتییه له ئه‌نجامی هاوكێشه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی خواحافیزی كردن له هه‌موو شتێك : له یاره‌كانی ، له مووی قه‌ترانی ، له ددانی ساغ و خه‌وتنی زۆر . دنیا بینی مه‌قامبێژ روانینی باڵنده‌یه كه هیچ پانتایێكی سنووردار رازی ناكا ، مه‌قامبێژ ده‌زانێ دنیا ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی لێ ناژی كه كه‌روێشك به‌خێو ده‌كه‌ن ، به‌و مانایه‌ی ته‌مه‌ن ئه‌و به‌رائه‌ت و گه‌شبینیه‌ی لێ ده‌سێنێته‌وه كه پێی وابێ خۆی مه‌ركه‌زی كه‌ونه و گه‌ر ئه‌و نه‌بێ دنیا ده‌وه‌ستێت ، ده‌زانێ پاش ئه‌ویش كچی جوان هه‌راش ده‌بن و جوانی و ناههقییهكان به‌رده‌وام ده‌بن ! ئه‌م دوو دنیابینییه به قسه‌ی كۆڵن وێلسون جیاوازی نێوان ته‌ماشای كرم و باڵنده‌یه ، كرم ته‌نیا ئه‌و چه‌ند سانتیمه‌تره‌ی پێش خۆی ده‌بینێ ، كه‌چی باڵنده گاڵته‌ی به‌و پانتایییه دێت ، ئه‌م دوو دنیابینییه وه‌ك چۆن له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا هه‌یه، له شیعریشدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت . له شیعری تازه‌ی كوردیدا كه‌سانێك هه‌ن له كه‌ناری ده‌ریای شیعردا قهفێك پانتۆڵیان هه‌ڵكردووه و له گرتنی نه‌هه‌نگه زه‌به‌لاحه‌كانی ئه‌فراندنه‌وه دوورن ، به ته‌نكه ئاو رازین ، رازی گه‌وهه‌ره‌كانی قوڵایی نازانن ، ئه‌وه‌ی كه ئارتۆر رامبۆ هاواری لێ ده‌كا (ده‌ی ئه‌ی نه‌فسی ئازیزم : به‌ره‌و ده‌ریا ، به‌ره‌و قوڵایی ده‌ریا ) ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من باوه‌ڕم به دیموكراتییه‌ت له نووسینی شیعردا هه‌یه، به‌و واتایه‌ی كه پێم وایه هیچ شتێك له شیعردا مه‌حره‌م نییه ، پێم وایه شیعر گلۆپ نییه به هێزی كاره‌بای كه‌متر یان زیاتر له پێویست بسوتێت ، یان شیعر لاستیكێك
بێت به راكێشانی زیاد بپچڕێت . لایه‌نگیری په‌نجه‌ره‌یه‌كی تایبه‌تی شیعریش نیم ، چونكه شیعر وه‌كو ژوورێك وایه ده‌یه‌ها په‌نجه‌ره‌ی هه‌بێت ، له هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ك لێی بڕوانی ئه‌وا په‌نجه‌ره‌كانی دیكه‌ت پێشێل و فه‌رامۆش كردووه وێڕای ده‌رگاكه‌ی . له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا شاعیرانی نوێی كورد كۆمه‌ڵێك گرفتی جه‌وهه‌رییان له نووسینی شیعردا هه‌یه كه ناكرێت به هه‌نجه‌تی فراوانی دنیای شیعر گه‌ر زۆر به كورتیش بێت ده‌سنیشان نه‌كرێن :
• له كۆن دا شیعری كوردی هه‌موو شتێكی لێ بار ده‌كرا ، له ئه‌نجامی نه‌بوونی میتۆده زانستییه‌كانی (كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و سیاسی و ئابووری و هتد.. )
شیعر كرابوو به مینبه‌ری ده‌رپه‌ڕاندنی هه‌موو گرفته‌كانی ژیانی كوردهواری ، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌سه‌ر حسێبی شیعرییه‌ت و شیعر بوون . ئه‌م گرفته له حاجی قادره‌وه به راشكاوی ده‌ستی پێكرد و په‌ڕیه‌وه ناو جه‌سته و پێناسه‌ی شیعری نوێی كوردی ، به تایبه‌تی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ئه‌و كاته‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌لای تورك و عه‌ره‌ب بووه پێناسه‌ی ژیان ، كوردیش له‌رێی شاعیرانییهوه سه‌رقاڵی ئه‌و بواره بوو.
• گره‌و كردن له‌سه‌ر بابه‌ت و كه‌متر ئاوڕدانه‌وه له له لایه‌نه ته‌كنیكی و هونه‌ریه‌كان سیمایه‌كی شیعری كوردی بووه ، شاعیرانێك به ئومێدی به‌رهه‌م هێنانی ده‌قی مه‌زن ، گره‌ویان له‌سه‌ر مه‌زنیی بابه‌ت كردووه .
• تێگه‌یشتن له زمانی شیعر كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به شاعیربوونه ، جیاوازی زمانی شیعر له گه‌ڵ (قسه‌و خودی زمان) له‌ساده‌ترین پێناسه‌ی دا بریتی یه له :
1. له خودی زماندا ( به‌رد ته‌نیا به واتای به‌رد دێت ) مه‌ودای لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ی نییه ، هه‌موو دالێك یه‌ك مه‌دلول هه‌ڵده‌گرێت ، فره ره‌هه‌ندی بۆ نییه .
2. قسه‌كردن وه‌ك مامه‌ڵه‌یه‌كی فه‌ردییه له ناو خامی زماندا ، ئازادانه مامه‌ڵه به كه‌ره‌سه‌كانی زمان ده‌كه‌یت به‌ڵام له سنووری ئه‌و به‌كارهێنانه‌ی كه كۆمه‌ڵ له‌سه‌ری رێكه‌وتووه.
لێره‌دا گرنگی زمانی شیعری روونده‌بێته‌وه ، گه‌ر لهخامی زماندا هه‌ر دالێك یه‌ك مه‌دلولی هه‌بێت ئه‌وا شیعر به قه‌ده‌ر ژماره‌ی خوێنه‌ر لێكدانه‌وه‌ی هه‌یه ، هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له شیعردا خویندنه‌وه‌ی جیاواز و لێكدژی هه‌یه . هه‌روه‌ها گه‌ر قسه‌كردن مامه‌ڵه‌یه‌كی ئازادانه‌ش بێت له به‌كارهێنانی زماندا وه‌كو گوتمان به‌ستراوه‌ته‌وه به رێكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌داكردنی و وه‌كو شیعر ئازاد نییه بۆ نمونه ناتوانرێت له قسه‌كردندا بگوترێت (به‌ردم فڕ كرد) یان (هه‌ڵمم كرۆشت ) به‌ڵام ئه‌مانه له شیعردا شیاون ، ئه‌م خه‌سڵه‌ته گرنگه‌ی شیعر كه بریتییه له ئازادی ره‌های زمان ، له جیاتی ئه‌وه‌ی نیعمه‌تێكی گه‌وره‌ی شیعر بێت ئه‌وا له سی ساڵی رابردووی شیعری كوردی زۆر جار به‌ڵایه‌كی گه‌وره بووه ، له حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ، له شیعری كوردیدا جه‌نجاڵیی بێ مانای زمان ماسكێكی نوێخوازی بوو ، ئه‌وسا رۆژانه ئه‌م دێڕانه‌ت به‌رچاو ده‌كه‌وت :
( تۆ تاڵی پرشنگی ئه‌ستێره‌ی شه‌وگاری ئاسمانی دڵمی )
به‌و واتایه‌ی : دڵم ئاسمانه ، ئه‌و ئاسمانه شه‌وگاری هه‌یه ، ئه‌و شه‌وگاره ئه‌ستێره‌ی هه‌یه ، ئه‌و ئه‌ستێره‌یه پرشنگی هه‌یه ، ئه‌و پرشنگه تاڵی هه‌یه ، ئا ئه‌و تاڵه تۆیت!
( وه ههلوممه جهڕڕهن ) . ئه‌و به‌ڵای به كارهێنانی بێ جه‌دوای زمانه تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامه به‌ڵكو به خراپتریش ! هه‌ندێك له شاعیرانی به ناو نوێخوازی ئێستا كه ناتواتن دراوسێتی جوانی نێوان وشه و وشه به‌رهه‌م بێنن ، كه ناتوانن مانای شته‌كان له وشه‌دا به‌تاڵ بكه‌نه‌وه و پڕی كه‌ن له واتای تازه ، كه ناتوانن سیاقێكی نوێ ببه‌خشنه په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان ، دێن : خۆرنشین ده‌كه‌ن به ( غروب ) ! خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌ن به ( شروق ) ! داستان ده‌كه‌ن به ( مه‌لحه‌مه) ! سپێده ده‌كه‌ن به ( فه‌جر ) هتد… زۆرێك له شاعیران كاتێك له فهشهلییان به‌رامبه‌ر به جه‌ماوه‌ری شیعر‌و خوێنه‌ری شیعر ده‌پرسیت ، یان ده‌ڵێن بۆخۆمان ده‌نووسین یان پێیان وایه خه‌ڵك له‌و ئاسته نین كه له داهێنانه‌كانیان بگه‌ن ! راسته له ئێستادا دووركهوتنهوی خوێنه‌ر بۆ شیعر به‌شێكی بۆ جه‌نجاڵی ژیانی سیاسی و بوونی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووی وه‌ك سه‌ته‌لایت و ئه‌نته‌رنێت ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵام به‌شی شێری بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له مێژووی شیعری كوردیدا هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا شاعیران بێ رێزییان به‌رامبه‌ر به خوێنه‌ر نه‌نواندووه ! به‌وه‌ی متمانه‌ی ئیبداعییان لای خوێنه‌ر نزم بووه ، خوێنه‌ر چه‌ند جارێك فرسه‌ت ده‌به‌خشێته شاعیر ، گه‌ر دنیابینییه‌كی تازه‌ی دهسنهكهوت ئه‌وا جارانی دواتر ته‌نیا ناوه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه . بۆ نمونه شێركۆ بێكه‌س زیاتر له سی ساڵه كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه دووباره ده‌كاته‌وه ( ئاوی تینوو ، نانی برسی ، ئاسمانی خۆڵه‌مێشی ، زه‌وی پیازیی ، هتد .. ) وه‌كو ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به گه‌مژه بزانێت ! هیچ كاتێك له شیعری كوردی دا هێنده‌ی ئێستا وشه‌ی ( عه‌شق ) به ئاسانی و درۆزنانه به‌كارنه‌هاتووه ! شیعر كراوه‌ته گاڵته جاڕییهكانی له چه‌شنی (نه‌وره‌سه‌كانی غروب و زمانی ده‌رهاتووی به‌حر و عه‌شقی بێ جه‌دوای فه‌جر و شروق )
ئه‌و ده‌رده كوشنده‌یه چییه كه نۆزده فه‌رده شیعر ده‌رباره‌ی هه‌ڵه‌بجه بنووسرێت و چوار ده‌قی داهێنه‌رانه‌ی لێنه‌كه‌وێته‌وه ؟ ماركیز له یه‌ك دڵۆپه خوێن رۆمانێك بنووسێت (نۆڤلێتی ـ شوێنه‌واری خوێنت له‌سه‌ر به‌فر ) كه‌چی كورد ده‌ریایه‌ك خوێنی به ناهه‌ق رژاوی هه‌بێت و خاوه‌نی ده‌قی نایاب نه‌بێت ؟ زۆربه‌ی شاعیرانی كورد سامانی زانیاری‌یان له‌سه‌ر په‌له‌وه‌ر له‌سنووری ناسینی ( مریشك و عه‌له‌شیش ) تێپه‌ڕ ناكات كه‌چی سه‌رقاڵی ( وڕێنه‌كانی نهوڕهسن ) ، تۆ بڵێی نه‌وره‌س تیره‌یه‌ك نه‌بێت له هۆزی عه‌له‌شیش ؟ ئه‌م ده‌رده سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌یه ، هه‌ر به ته‌نها شیعریشی نه‌گرتۆته‌وه به‌ڵكو له جه‌سته‌ی لقه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیش ته‌شه‌نه‌ی كردووه ، بۆ نموونه چیرۆك . چیرۆكی نوێی كوردی زۆربه‌ی گێڕانه‌وه‌ی عاتیفه‌یه . پاڵه‌وان یان عاشقه یان عاره‌قخۆر یان نیشتمان په‌روه‌ر . زۆربه‌ی ئه‌وانه‌یش كه له‌م سێ سیاقه ده‌رچوون ئه‌وا به به‌ڵگه زۆربه‌یان سه‌لمێندراون كه ماڵی دزیارین له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی یان جیهانی ! ئه‌رێ كه‌س چیرۆكێكی كوردی خوێندۆته‌وه پاڵه‌وانه‌كه‌ی نه‌خۆش بكه‌وێت ؟ تا بزانین كاكی چیرۆكنووس ناوی سێ حه‌ب و شرووب ده‌زانێ (بێجگه له پهڕاستۆل و ئه‌سپرین و ئهمۆكسلین ) .
كه‌س چیرۆكێكی كوردی خوێندۆته‌وه پاڵه‌وانه‌كه‌ی باخه‌وان بێت ؟ تا بزانین كاكی چیرۆكنووس ناوی سێ دره‌خت ده‌زانێ ( بێجگه له دار مێو و هه‌نار و پرته‌قاڵ ) . نووسه‌رێكی وه‌كو ئه‌مبرتۆ ئیكۆ رۆمانی (ناوی گوڵ ) دا باس له سه‌ده‌ی دوانزه‌ی میلادی ده‌كا ، كه هیچ شتێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی تێدا نییه ، ئیكۆ له‌م رۆمانه‌یدا باس له پۆشاك و خواردن و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤی ئه‌وكات ده‌كات ، سه‌رجه‌م كه‌ره‌سه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی به كه‌ڵك نایه‌ت ! له سه‌ده‌ی دوانزهمدا نه‌خواردن وه‌كو ئێستا بوو ، نه پۆشاك و نه هه‌ڵسوكه‌وت . له نه‌عله‌وه بیگره تا ده‌گاته سڵاو كردن ، له مووكێشهوه بیگره تا ده‌گاته تهعزیهدانان جیاوازی هه‌یه ، كه‌چی هێنده خه‌مخۆری پیشه‌كه‌یه‌تی به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانه‌وه نووسیویه‌تی ! هێنده خه‌مخۆری خوێنده‌وارییه باس له كتێبی (عروج ) ی محێدین بن عه‌ره‌بی ده‌كات ، ئه‌وه‌ش نه‌بێت كه رۆمانه‌كه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی یان نیشتمان په‌روه‌ری بێت ، كه كه‌ره‌سه‌كانی قسه‌ی رووت بێت و پێویست به زانیاری نه‌كات ! نه‌خێر به‌ڵكو سه‌رجه‌م رۆمانه‌كه باس له كتێبخانه‌ی كڵێسایه‌ك ده‌كات كه كۆمه‌ڵێك كه‌سی تایبه‌ت كاری نووسینه‌وه و كۆپی كردنی كتێب ئه‌نجام ده‌ده‌ن . واتا ئیكۆ پێویسته له‌سه‌ری نه‌ك جۆره‌كانی خواردن و پۆشاكی سه‌ده‌ی دوانزه بزانێت به‌ڵكو ده‌بێ بشزانێت له‌و مێژووه چ كتێبێك ده‌رچووه و چ كتێبێك ده‌رنه‌چووه ! ئیكۆ خۆی له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت : (یه‌كێك له كه‌سه‌كانی رۆمانه‌كه عه‌ینه‌كی له چاو بوو ، كه گه‌ڕامه‌وه بۆ مێژوو زانیم دوای چل ساڵ له‌و به‌رواره عه‌ینه‌ك په‌یدا بووه ) . من دانی پیاده‌نێم كه قه‌ساوه‌تی راكانم ره‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه له سه‌رجه‌می تێڕوانینمدا زیاتر نموونه خراپه‌كانم له‌به‌ر چاو بووه ،چونكه له راستیدا نموونه باشه‌كانی ئه‌ده‌ب به قه‌ده‌ر ژماره‌ی كه‌مییان ، كه‌م لاییان له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه لێ كراوه‌ته‌وه . هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن زیاتر له خزمه‌تی شاعیره شاگردهكانی دوكانی حیزبن ، ره‌نگه بۆ نووسینی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی شیعر هه‌ندێ كه‌س پێی وابێ ئه‌م پێشه‌كییه پێویست نه‌بوو ، یان به‌لانی كه‌م شوێنی ئێره نه‌بوو . به‌ڵام من به پێچه‌وانه‌ی ده‌بینم . نیشاندانی ئاست و دنیابینی كۆلكه شاعیران مه‌رجه بۆ باس كردنی شاعیرێكی باش ، به‌لانی كه‌م له رووی به‌راوردكارییه‌وه ، به‌لانی زۆریش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سه‌و بخرێته شوێنی شیاوی خۆیه‌وه . من له هیچ نووسینێكی پێشووم ئیعجابی خۆم به‌رامبه‌ر به ئه‌زموونی شیعریی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووی هه‌ولێر نه‌شاردۆته‌وه ، له زۆر بۆنه‌شدا باسی گرنگی ئه‌و ئه‌زموونه‌م كردووه . به تایبه‌تی ئه‌زموونی شاعیران ( عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف ، دڵشاد عه‌بدوڵڵا ، هاشم سه‌ڕاج ، كه‌ریم ده‌شتی ، جه‌لال به‌رنجی ) كه هه‌ر یه‌كه‌و به شێوازێك رۆڵی له نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی شیعردا هه‌بووه ، دوور له‌وه‌ی قسه كۆنه‌كانم بجاومهوه كه پێشتر نووسیومن راسته‌وخۆ دێمه سه‌ر خوێندنه‌وه‌م بۆ كتێبی شیعری دڵشاد عه‌بدوڵڵا كه به‌ناوی (گۆمی پوونگ ) ه له ( زنجیره كتێبه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه) . ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه له ئه‌زموونی شیعریی دڵشاد بڕوانێ هه‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كات بۆ كتێبه دانسقه و ده‌گمه‌نه‌كان ، هه‌ست به‌وه ده‌كات كه له ده‌ره‌وه‌ی پۆل ده‌فڕێت ، دوور له‌و زمانه شیعرییه‌ی كه هه‌موومان ئهزبهرمانه ، له‌و چه‌شنه‌ی كه هه‌ر كاتێك له دێڕێك دا ناوی (گوڵه گه‌نم ) هات ئه‌وا ده‌زانین دێڕی دووه‌م ( داس و شمشێر ) ی تێدایه! . جیاوازییه‌كانی ئه‌م كتێبه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه پێشینه‌كانی شاعیر له چه‌ند خاڵێك كۆده‌كه‌مه‌وه :
• له‌م كتێبه‌دا شاعیر ته‌واو پشتی به تونای شیعری خۆی به‌ستووه و گرنگی به‌و ژووره شیعرییه‌ی خۆی داوه كه به درێژایی ئه‌زموونیی خه‌ریكی رازاندنهوهیهتی،
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نایه كه له كتێبه‌كانی پێشووی متمانه‌ی به تواناكانی نه‌بووه ، به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه ده‌ستی له‌و به‌ڵایه هه‌ڵگرت كه شاعیر خوێندنه‌وه‌كانی به خه‌ڵك بفرۆشێت ، هه‌میشه له هه‌وڵی ته‌ریب كردنی ئه‌ندێشه‌ی خۆی و ئه‌ندێشه‌ی پاڵه‌وانی ئه‌و كتێبانه بێت كه ده‌یانخوێنێته‌وه ، جاران له هه‌ولێر ( به تایبه‌تی له ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان ) ئاستی خوێنده‌واریی شاعیر ده‌بوایه له شیعره‌كانیدا ره‌نگی دابایه‌وه ! رۆژانه ناوی ( باسترناك و دانتی و هیرمان هیسه و هیرمان مێرڤل و گۆته ) به‌رچاو ده‌كه‌وتن . به‌كارهێنانی سومبول و وه‌رگرتنی ئیحای شیعریی له داستان یان ئه‌فسانه یا شاكاره جیهانییه‌كانی ئه‌ده‌ب عه‌یبه نییه ، به‌ڵام به‌ستانه‌وه‌ی خوێنه‌ری شیعرێك به مه‌رجی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شاكاره‌ی ئیحای لێ وه‌رگیراوه (جا شیعری باش كوا مه‌رجی هه‌یه ؟ ) ، به ته‌نیا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ستی نه‌خوێنده‌واربوون لای خوێنه‌ر ده‌بزوێنیت ؟ له كاتێكدا نێوانی شاعیر و خوێنه‌ر پێویسته نێوانی دوو كه‌سی عاشق به یه‌ك بن ، لێره‌دا گرنگی ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه پێویسته شاعیر شتی تر بێجگه له شیعر بنووسێت . من ئه‌و ئاراسته پوزهتیفانهیهی دڵشاد به‌شێكی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه كه چه‌ند ساڵێك ده‌بێت به به‌رده‌وامی له چه‌ند رۆژنامه و گۆڤارێكدا گۆشه‌ی نووسینی هه‌یه كه واده‌كات بێجگه له شیعر كه‌ناڵی تری هه‌ناسه‌دانی هه‌بێت و ئه‌وه‌ی ده‌یهێنێت و نایهێنێت له شیعردا جێی نه‌كاته‌وه .
• له‌م كتێبه‌دا شاعیر زمان بۆ خزمه‌تی گه‌یاندنی قه‌شه‌نگانه‌ی شیعر به‌كاردێنێ.
تاكه خه‌می نه‌بۆته یاریكردن له تونێڵه‌كانی زمان و ماندووكردنی خوێنه‌ر . به‌ڵكو به ساده‌یی قوڵیی خه‌ونه‌كانی و گه‌وره‌یی خه‌مه‌كانی نمایش ده‌كا . ئه‌و كاته‌ی شاعیرێك متمانه‌ی به جوانیی خه‌ون و خه‌مه‌كانی خۆی ده‌بێت ، به‌رامبه‌ر زمان بێ منه‌ت ده‌بێ ، پێویستی به‌وه نامێنێت كه ئایدیا و دنیابینییه‌كانی له پشت یارییه زمانه‌وانییه‌كان بشارێته‌وه .
• له‌م كتێبه‌دا شاعیر به‌ره‌و گرنگیدان به جه‌وهه‌ری دنیا چووه له رێی شیعری كورت و زۆر جار یه‌ك دێڕیییهوه ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت وازبێنێ له‌وه‌ی له رێی شیعره‌وه (خۆی به دنیا بناسێنێ ) ، به‌ڵكو له رێی شیعره‌وه (دنیا بناسێ ) .
به واتایه‌كی تر شیعر ده‌بێته غایه‌تی ناسین نه‌ك وه‌سیله‌ی ناساندن . شاعیری زیره‌ك ئه‌وه‌یه كه بزانێ شیعر بۆچی به كاردێنێ ، ئه‌گه‌رنا (به‌و خۆویستییهی به زكماك له شاعیران‌دا هه‌یه ) ده‌یكاته سه‌كۆ و مایكرۆفۆنی بیروڕا شه‌خسیه‌كانی ، كه شیعریش بووه ئامێری ده‌رپه‌راندنی بیروڕا كه‌واته بۆ خوێنه‌ر مه‌سه‌له‌كه له چێژ ده‌رچوو ، بوو به مه‌سه‌له‌ی لایه‌نگیری یان دژایه‌تی ! من شیعری كورتم زۆر خۆشده‌وێ به مه‌رجێك كاریگه‌ر بێت ، وه‌ك كاریگه‌ری زه‌ڕه‌بین كه چه‌پكه تیشكێك له یه‌ك خاڵدا كۆده‌كاته‌وه و ئه‌وه‌ی چه‌قی تیشكه‌كانی به‌ركه‌وێ ، ده‌سوتێ . شاعیری كورد هه‌یه ئێستاش شیعری سێ سه‌عاتی ده‌نووسێ ! گوێگر ده‌بێ وه‌كو جه‌ماوه‌ری په‌نجاكانی ئوم كه‌لسوم دوو عه‌للاگه گوڵه‌به‌ڕۆژه و پێنج پاكه‌تی بڕۆدوای له‌گه‌ڵ خۆیدا بباته هۆڵه‌كه‌وه.
• به‌ڕوونی دیاره كه شاعیر له شیعره‌كانی ئه‌م كتێبه و شیعره‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردووی ته‌واو چۆته ناو جیهانی نالی یه‌وه ، تێكه‌ڵی دنیا ئه‌فسووناوییه‌كه‌ی ئه‌و زاته نوورانییه بووه ، كه ئه‌مه‌ش ده‌لالاتی تایبه‌تی هه‌یه ، تێكه‌ڵ بوونی دڵشاد به نالی ئه‌و بڕیاره به جهرگهیه كه هه‌موو لهخۆگرتنێك ره‌تده‌كاته‌وه . ئه‌و بڕیاره وا ده‌كات دوای خوێندنه‌وه‌ی حه‌یران بیت كه‌سه‌ر به كام ئاقار و ئاراسته‌ی شیعرییه ؟ . ئه‌وه‌ی ئاوێته‌ی نالی بێت دژی شه‌پۆل مه‌له ده‌كات،
باكی به ئاراسته‌ی باوی شیعر نییه ، نالی له هه‌موو شه‌ڕه‌كانی شیعر براوه‌یه !
له (گۆمی پوونگ) دا دێڕێك هه‌یه په‌یوه‌ندی به‌م ته‌وه‌ره‌وه هه‌یه :
( دۆن كیخۆتهم
شه‌ڕم له‌گه‌ڵ خۆما گه‌رمه )
گرنگی راسته‌قینه‌ی رۆمانی دۆن كیخۆته له خودی رۆمانه‌كه نییه به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه مێژووی رۆمانی سوارچاكی و خۆبه‌زل زانینی كۆتایی پێهێنا ، به شمشێری داره‌وه دوژمنه وه‌همییه‌كانی ده‌پێكا و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ هه‌وادا ده‌كرد ، شاعیری زیره‌ك ده‌زانێ شیعر شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ هه‌وا ، چونكه دوای ته‌واوبوونی شیعره‌كه ، شیعرێكیتر یه‌خه‌ی ده‌گرێ . شیعر و سێكس زۆر له‌یه‌ك ده‌چن ، هه‌ردوو هاوكێشه ئه‌نجامییان كه‌نه‌فت بوونی جه‌سته‌یه و هیچیتر ! شیعر و سێكس ئاوی سوێرن تا بیخۆیته‌وه تینووترت ده‌بێ . نالی له‌م ده‌رده نازداره گه‌یشتبوو بۆیه نه‌بووه شاعیری ژن به ته‌نها، نه‌بووه شاعیری نه‌ته‌وه‌یی به ته‌نها ، نه‌بووه شاعیری هه‌جوو به ته‌نها ، نه‌بووه شاعیری ئه‌ماره‌تێك به ته‌نها ، ئه‌م دنیابینییه وا ده‌كات ببێته خاوه‌نی روانینینی باڵنده و گاڵته به‌و ساتیمه‌تره كرمییانه بكات.
لێره‌وه شاعیر نابێته ده‌سته‌مۆی گوتارێك ، یان ئایدیاێك ، یان چینێك . به‌ڵكو شاعیر یه‌كسان ده‌بێ به دنیا و دنیا یه‌كسان ده‌بێ به شاعیر .
شیعری باش وه‌كو مناڵی خۆت وایه ، مناڵی خۆت هه‌ركه ته‌ماشای ده‌كه‌یت له دڵه‌وه ده‌ڵێیت ( سوپاس بۆ هاتنت ) ، شیعری باش ئه‌وه‌یه كه خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێته ئه‌و حاڵه‌ته‌ی حه‌ز بكات ببێ به شاعیر .
ئومێدم هه‌یه دڵشاد عه‌بدوڵڵا هه‌مووان بكا به شاعیر .
ته‌ڵعه‌ت تاهیر