Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
كوشتن له‌ باكور …. سیروان ره‌حیم

كوشتن له‌ باكور …. سیروان ره‌حیم

Closed
by May 22, 2011 گشتی

رۆژانی رابردوو، زۆرتر له‌ ده‌ رۆژێك له‌ شاری ئیستانبوڵ و له‌ شاره‌كانی باكور سه‌رقاڵی به‌رنامه‌سازی بووم بۆ ته‌له‌فزیۆن، به‌رنامه‌سازی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وش و كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، به‌ تایبه‌ت له‌ توركیای هه‌شت ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگاندا (پارتی داد و گه‌شه‌پێدان). 
بۆ هه‌مووان ئاشكرایه‌ سیسته‌می حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردن له‌ توركیای كه‌مالیدا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌ ته‌ك كێشه‌ی كورد كردووه‌ و چ رابردوویه‌كی تاڵی بۆ كورد تۆمار كردووه‌. كه‌سێك نه‌بووه‌ له‌ پله‌یه‌كی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رێتی گرنگ یان به‌رچاودا بووبێت و توانیبێتی باس له‌ بوونی كورد و كێشه‌ی كورد له‌و وه‌ڵاته‌ بكات. جاری یه‌كه‌م پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، به‌سه‌ركرادایه‌تی ئه‌ردۆگان(1954) به‌ راشكاوی باسیان له‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ی توركیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد. پاییزی ساڵی 2002 كاتێك ئه‌ردۆگان و پارته‌كه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی زۆرینه‌ و به‌رچاو له‌ هه‌ڵبژارداندا سه‌ركه‌وتن و پارته‌كانی سیسته‌میان راماڵی، پاشتر ئه‌ردۆگان له‌ سه‌ردانێكی (مێژوویی!)دا بۆ شاری ئامه‌د (دیاربه‌كر) له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری شاره‌كه‌ و لایه‌نگرانی خۆیدا گوتی:
” له‌م وه‌ڵاته‌ كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ ناوی كێشه‌ی كورده‌وه‌، ئه‌مه‌ كێشه‌ی ئێوه‌ نییه‌ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو كێشه‌ی منیشه‌.”
ئه‌و جاره‌ له‌ ئامه‌د و چه‌ند جارێكی تریش ئه‌ردۆگان و سه‌ركرده‌كانی پارته‌كه‌ی به‌ روونی به‌ڵێنیان دا كار بكه‌ن له‌ پێناو چاره‌سه‌كردن و (كرانه‌وه‌!) به‌ رووی كێشه‌ی كورددا. ئه‌وان به‌رده‌وام باسیان له‌ كێشه‌كه‌ ده‌كرد و هه‌ندێ جار ده‌چوونه‌ ناو ورده‌كاری كێشه‌ی كورد، ورده‌كاری به‌ جۆرێك، كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆگان خۆی باسی له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌حمه‌دی خانی، هونه‌ری شڤان په‌روه‌ر و دووباره‌نه‌بوونی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرد.
راسته‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌ندێ هه‌نگاوی نا، به‌ تایبه‌تی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌ زمانی كوردی. به‌ڵام ده‌بێت هۆشیارانه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنرخێنین و له‌وه‌ غافڵ نه‌بین كه‌ هیچ یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌، هیچ یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌ردۆگان و پارته‌كه‌ی له‌ ژێر چه‌تری هیچ به‌ندێكی یاساییدا نین. یان هیچ بڕیارێكی یاساییان بۆ ده‌رنه‌كراوه‌. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و پارتێكه‌وه‌ هه‌ڵهێندراون، ده‌شێت سبه‌ی له‌ لایه‌ن پارتێكی تره‌وه‌ به‌ ئاسانی هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه‌، بۆ؟ چونكه‌ هیچ گرنتیه‌كی قانونی نییه‌. هه‌نگاوه‌كان نراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ مسۆگه‌ر نییه‌ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ده‌بن.
له‌و رۆژانه‌دا، له‌ شاری ئیستانبوڵ و له‌ باكوری نیشتمان، دیدارم له‌ته‌ك ده‌یان كه‌س له‌ رۆژنامه‌وان، چاودێر، مامۆستای زانستگه‌، سیاسی و هتد، ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ساز كرد، هه‌موو باس له‌ پته‌ونه‌بوونی هه‌وڵه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌وڵه‌ سستانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاڵۆزی كورد داویه‌تی. بێگومان له‌ دوا لێدوانیشیدا ئه‌ردۆگان، هه‌مووانی به‌وه‌ بێ هیوا كرد كاتێك له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا گوتی:
“له‌ توركیا كێشه‌ی كورد نه‌ما و كۆتایی هات” واته‌ چاره‌سه‌كرا. ئایا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی وه‌ها ئالۆز ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌؟ له‌ توركیا ته‌مه‌نی نكوڵی كردن له‌ گه‌لی كورد، قه‌ده‌غه‌كردنی زمان و كولتور و هه‌موو شتێكی كورد وا به‌ره‌و سه‌د ساڵ دچێت، ئایا چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پاشخانه‌ كوشنده‌ و پڕ له‌ برینه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌؟
به‌ڵام سه‌رباری چاره‌سه‌رنه‌كردن، ئێستا له‌ هه‌رێمه‌كه‌ دووباره‌ ره‌شه‌بای شه‌ڕ هه‌ڵیكردۆته‌وه‌. رۆژی 4.5.2011 كاتێك له‌ ئامه‌د بووم، ته‌رمی چوار گه‌ریلایان هێنایه‌وه‌ شاره‌كه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت كوژرا بوون. رۆژانی 14.15.5.2011 یش دووباره‌ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت 11 گه‌ریلایان كوشت. ئه‌و رۆژانه‌ ژیان له‌ باكور مه‌یی بوو. له‌و رۆژانه‌دا، من له‌ شاره‌كانی ئامه‌د، ماردین، نوسێبین و جه‌زیره‌ بووم و هه‌موو شوێنێك داخرابوون، خه‌ڵك توڕه‌ بوون. توڕه‌ بوون له‌ حكومه‌ت و كۆماری توركیا. كۆمارێك خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌شكره‌كه‌ی ئازادیخوازانی كورد ده‌كوژێت.
له‌ كاتێكدا ئه‌ردۆگان ئامۆژگاری سه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌كات خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی وه‌ڵاته‌كانیان نه‌كوژن، پرسیار ئه‌وه‌یه‌:
ئایا جیاوازی له‌ نێوان كوشتنه‌كانی قه‌زافی و ئه‌سه‌د و كۆماری توركیادا چییه‌؟
17.5.2011
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.