بۆچی عه‌شقی شاعیرێكی ساده‌ی وه‌ك من ده‌بی .. ؟!
ده‌كرێ خۆشم بوێیت ،
هه‌رچه‌ند له په‌خشی ده‌نگوباسدا ناڵێ :
ئاسمان سه‌راپا هه‌وره ،
ته‌قینه‌وه‌ش خه‌ریكه به ته‌نافدا هه‌ڵمانده‌واسێت .
* * *
ده‌كرێ خۆشت بوێم ،
هه‌رچه‌ند ئه‌مه موعجیزه‌یه ،
قه‌ده‌ر له لیسته رهشهكهیدا ، من ده‌نوسێ .
قه‌ده‌ر له لیسته‌كانی تردا ،
پێاوێكت بۆ ده‌ست نیشان ده‌كا .
پیاوێك زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ ،
پیاوێك هه‌ندێ شتت بۆ دێنێ ، من نیمه .
من له‌وه زیاتر نازانم ،
كه شه‌و بریندارم ده‌كا وده‌گه‌ڕێمه‌وه ،
له سه‌ر سیسه‌مه‌كه راده‌وه‌ستم ،
خوتبه‌یه‌كی توند ده‌ده‌م ، حكومه‌ت جنێو باران ده‌كه‌م .
* * *
من له‌وه زیاتر نازانم ،
به په‌تی نه‌بوونی ، خۆم به بنمیچی برسێتیدا هه‌ڵواسم .
ملی من ،ده‌زویه‌كی بچڕاوه له رۆژی ره‌شه‌بادا .
* * *
من له‌وه زیاتر نازانم ،
كه دره‌نگانی شه‌و ده‌گه‌ڕێمه‌وه ،
تۆش چوار مشقی له سوچێكی ژوره‌كه‌تدا دانیشتووی ،
ته‌ماشای وێنه‌كه ده‌كه‌ی ،
تا موعجیزه‌یه‌ك رووده‌دات ،
من له وێنه‌كه دێمه ده‌ره‌وه ،
به شكاوی دێمه ده‌ره‌وه ،
دێمه ده‌ره‌وه و وێنه‌كه ده‌دڕێنم .
به‌و تاریكیه له تهكت داده‌نیشم ،
سه‌رم ده‌خه‌مه نێوان هه‌ردوو قۆڵت :
بۆچی له باتی خۆم ، قورسایی بوونم ،
له‌م جیهانه‌دا هه‌ڵده‌گری ؟
هه‌وڵ بده تێبگه‌ی ، من له ده‌ره‌وه‌ی گهمهكهم .
چاره‌نووسی تۆ ئه‌وه‌یه ، ژنێك بیت :
ژنێك بیت و به‌س .
ژنێك مافی ئه‌وه‌ی نیه ، حه‌ز له شاعیرێك بكات .
شیعر پیاسه‌یه به نێو بۆسه‌دا ،
شیعر خاكێكی چێنراوه به بومه‌له‌رزه .
شیعر گه‌شتێكی سه‌ره رۆیه .
شیعر كوده‌تایه له روح .
شیعر شێتیه . زریانه شیعر .
* * *
ئاخ .. بۆ شاعیرێكی وه‌كو منت خۆشده‌وێ ؟
چونكه من هیچم نیه ، ته‌نانه‌ت به سواری پاسكیلیش ..
ناتوانم بێم بۆ لات !
نه پاپۆڕم هه‌یه ، نه ده‌ریا ،
بستێ زه‌ویم نیه ، چونكه وڵاتی من له ئه‌ستێره‌یه‌كی دووره .
وڵاتی من له خه‌ریته دزراوه .
وڵاتی من ، وڵاتی من نیه .
هه‌رچه‌ند من سۆمهریهكی دڵ ره‌نگ خهنهییم .
* * *
من ساده‌م وه‌ك ته‌ختی ناو باخچه ،
كه به هه‌نگاوی هاتوچۆكه‌ران كه‌مێ دڵخۆش ده‌بێ ،
خه‌مبارم ، هه‌میشه خه‌مبارم ،
وه‌ك گۆرانیه‌ك له قوڕگی شمشماڵدا گیری خواردبێ .
وه‌ك وڵاتێكی كوژراو ،
وه‌ك قامیشهڵانێ به ته‌پ و تۆزی گومه‌زی له بیرچوو خۆره بوبێت .
وه‌ك فانۆسێك ، فڕێدرابێته بن روبار ،
راوچی وئاو جێیان هێشتبێ .
ته‌فسیری خه‌ونی من قورسه ،
خه‌ون ده‌بینم ، خه‌ونه‌كانم له سیداره بده‌م ،
چونكه هانت ده‌ده‌ن بۆ خۆپیشاندان دژی ئه‌م و ئه‌و .
* * *
خه‌ون ده‌بینم تۆم خۆش نه‌وێ ،
چونكه من له نزیكه‌وه تۆم خۆشده‌وێ .
له دووره‌وه به خۆشه‌ویستی تۆ ده‌سووتێم .
خه‌ون ده‌بینم رقت لێم بێ .
چونكه من زۆر زیره‌ك و نادیار بینم ،
* * *
خه‌ون ده‌بینم له خه‌ونمدا نه‌تبینم ،
به تارمایی تۆ بێ‌دار نه‌بمه‌وه .
كه روونبونه‌وه‌ی به‌یان له نیوه شه‌ودا ده‌رده‌خا .
كاتێك تێپه‌ڕ ده‌بی ،
شه‌یتان و په‌ری چوارمشقی پێكه‌وه داده‌نیشن .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێ ئه‌وه‌یه تۆم خۆش بوێ .
چونكه من وا دروست بووم ،
له‌گه‌ڵ مه‌حاڵدا پێكه‌وه له‌سه‌ر خوانێك دانیشین :
ئه‌مه خواوه‌ند له په‌رستگا ده‌شڵه‌ژێنێ .
ئه‌مه ژیان له‌گه‌ڵ مه‌رگدا مه‌یسه‌ر ده‌كا .
ئه‌مه ژیان ده‌به‌خشێته ده‌ماری په‌یكه‌ر و ئه‌سپ له گۆڕه‌پان ڕاده‌كا .
ئه‌مه ده‌رگا له دیلیی دیوار ده‌رده‌كا ،
ئه‌مه كلیله بۆ ئه‌وه‌ی حه‌سره‌ت له ژێرزه‌مینی قفڵ بهرهڵابكا .
ئه‌مه شوشه‌ی په‌نجه‌ره له ته‌پ و تۆزی خۆی پاكده‌كاته‌وه ،
ئه‌مه ئاو له ته‌نوری جه‌سته هه‌ڵده‌قوڵێنێ .
پاشان تۆفانی دوڕ ده‌ست پێده‌كا ،
بلوور ده‌بارێ .
به‌ڵام ئاخ .. ئه‌مه روو نادات ،
تاكو خۆشه‌ویستی به كوشتار كۆتایی دێت .
* * *
ئێمه بێ باڵین و ده‌فڕین .
ئه‌وان نافڕن چونكه باڵیان هه‌یه .
به‌ڵام ئێمه به هه‌مان هۆ ده‌كه‌وینه خوارێ ،
ئه‌وان هه‌میشه چاوه‌ڕوانمانن ،
* * *
هه‌میشه چاوه‌ڕوانن هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ین ،
ئه‌وان له‌م بابه‌ته شاره‌زان ،
شاره‌زای دا‌و نانه‌وه‌ن ،
شاره‌زای هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و بیره‌ن ،
كه ئێمه تینوێتی لێدهخۆینهوه .
* * *
ئاخ .. ئه‌مه روو ده‌دات كاتێك تۆم خۆشده‌وێ ،
كاتێك كونێك له دڵدایه :
كونێك له دڵی تۆدا ،
كونێك له دڵی مندا ،
گولله‌یه‌كیش هه‌یه ،
ئه‌مه روو ده‌دات ،
كاتێك جگه له‌و گولله‌یه ،
شتێك نیه ئه‌و دوو كونه بدورێته‌وه .
* * *
بۆچی له من زیاتر خوێنت له‌به‌ر ده‌ڕوات ؟
بۆچی له من زیاتر ده‌مری ؟
بۆچی ؟
خۆشتم ناوێ ، نه زۆر و نه كه‌م ،
له خۆشه‌ویستیدا زۆرێتی نیه ،
به‌ڵام ده‌كرێ تۆم زۆر خۆش بوێ ،
تۆش به زۆرێتی بمری .
وا بزانم په‌شیمانی ، كه ئه‌مه رووده‌دا و من چاوه‌ڕوانت ده‌كه‌م ،
به‌ڵام تۆ نازانی ،
ئه‌مه له مندا روویداو و تۆ هه‌ر چاوه‌ڕوانی منی .
هه‌ردوكمان مه‌حكومین به‌وه‌ی :
ته‌خته‌كه له عه‌ره‌قی جه‌سته‌مان پاكبكه‌ینه‌وه ،
له جه‌نگی جیهان بكشێینه‌وه ،
ئێمه خاینین :
نادیارمان دۆزییه‌وه ،
ناونیشانمان زانی ،
به ماچێك تاریكیمان كوشت .
* * *
ئێمه یه‌ك به‌ره‌ین :به‌ره‌یه‌كی تر ، ناوی نیه !
له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرێ تۆم خۆشبوێ و به‌ره‌و كۆتایی دژوارم بڕۆم ،
تۆش زۆر بمری و به چڕی بمری .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
عبدالعڤیم فنجان : شاعیرێكی عیراقیه و 1954 له شاری ناصریه له دایك بووه ، ئیستا له شاری كه‌ركوك نیشته‌جێیه ، یه‌ك دیوانی بڵاوكردۆته‌وه به ناوی ( أفكر مپل شجره ) ، ئه‌م شیعره له سایتی ( الحوار المتمدن )ه‌وه وه‌رگیراوه .