Skip to Content

Monday, August 15th, 2022

من و تۆ …. به‌ندی عه‌لی

Closed
by May 26, 2011 هۆنراوە

 .. به‌هاری 2011

له‌له‌نجه‌ولاری شه‌پۆلا
هه‌ر میزاجی بێ متمانه‌ی ڕاز ئه‌بینم
ده‌مێ له‌هه‌ڵچوونی زیکرایه‌و
ده‌مێ له‌داچوونی خه‌ڵوه‌ت

له‌پرژه‌ بارینی تاڤگه‌ی مانگه‌شه‌وا
  سیحری حوسنی فریشته‌یه‌ک
نازانم بۆ گیان کێشانم دابه‌زیوه‌
یان په‌یامێکی یه‌زدانی بۆ هێناوم
به‌بێ ڕوخسه‌ت

له‌ئاگردانی خۆروه‌
هه‌ندێ کورته‌نامه‌ی عیشق
که‌تۆ جارجاره‌ ئه‌ی نێری و
هه‌ر له‌ڕسته یه‌کتر بڕه‌کانی گۆڤاری
ژیان ئه‌چن
یان پڕن له‌کۆده‌کانی کامه‌رانی
یان ده‌رزیله‌کانی حه‌سره‌ت

له‌هات و چۆی
نه‌رم و نیانی شه‌ماڵی ئێوارانا
بۆن و به‌رامی هه‌ناسه‌ت هه‌ست پێده‌که‌م
که‌هه‌ر له‌نه‌فخی به‌زه‌یی ره‌حمان ئه‌چێ
بۆ په‌یکه‌ری به‌ده‌نی منێکی خوڵقاو
له‌گڵ و ئاو
 
له‌ماچی لێوی باریکی
هه‌موو پێکه‌ شه‌رابێکا
تامی شه‌ونمی تکاو له‌لێوت ئه‌که‌م
که‌جورعه‌ی ئه‌به‌دیی خه‌یاڵ
سه‌رم مه‌ست و
روحم وه‌ک توفلێکی ساوا
ئه‌هێنێته‌ سه‌ر گڕوگاڵ

هه‌موو دوو چڵه‌ نێرگزێکیش
مژده‌ی به‌هاری نیگاتم پێ ئه‌ده‌ن و
توانه‌وه‌ی .. کێوه‌ به‌فری خه‌مه‌کانم
ئه‌ی دورگه‌ ئه‌فسوونایه‌که‌ی
نه‌وره‌سه ماندووه‌که‌ی روحم
ئه‌ی هاوڕێی سه‌فه‌ری عومری
هه‌میشه‌ ڕوو له‌زریانم

Previous
Next