Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

یاری یه‌ك … له‌باوه‌شی گوناحه‌کاندا …… دلێر محه‌مه‌د

Closed
by May 26, 2011 هۆنراوە

بڕۆ هه‌پروون به‌ ئه‌ی شه‌و
به‌س هێنده‌ تاریکی بکه‌ به‌ پێکم
به‌سه‌ .. هێنده‌ ئه‌ستێره‌ کان دامه‌گیرسێنه‌
من توانام نه‌ماوه‌ چیتر
بتکه‌م به‌ په‌ناگه‌ی ، مه‌ستی و شیعر
بڕۆ بێ ماڵئاوایی .. جێم بهێڵه‌
مه‌گه‌ڕێوه‌……
…. تۆ وه‌ره‌
له‌ ناو ته‌می شه‌هوه‌تێ
….. وونم بکه‌
چاوه‌کانم بکه‌ به‌ حه‌زی دوو کانی
دوو دارستانی ، پر  هێلانه‌
دوو ئاسمانی پڕ له‌ فڕین
… تۆ وه‌ره‌
گه‌ر ده‌ته‌وێ
پشکۆیه‌ك له‌ ناخمدا فڕێ بده‌ی
هه‌ناسه‌یه‌ك ، له‌ ڕووباره‌کانه‌وه‌  بۆم بێنی
وه‌ره‌ .. ده‌رگاکه‌م پڕه‌ له‌ ته‌مه‌نی چاوه‌روانی
وه‌ره‌… ماڵه‌که‌م کێشوه‌رێکه‌ له‌ ته‌نیایی
… تۆ وه‌ره‌
 ، بینایی ماندووم
شه‌رم له‌ ناو له‌پی ئێواره‌ ماته‌کان
ده‌کاته‌وه‌
ده‌سته‌ کانم
په‌نجه‌ره‌ له‌ ڕووی تریفه‌ ده‌کاته‌وه‌
… له‌ ده‌رگاده‌
تۆ میوانی سه‌ده‌یه‌ك خه‌یاڵمی
وه‌ره‌ ژووره‌که‌م
باوه‌شێ گوناح له‌ پێشوازیته‌.


         دلێر محه‌مه‌د

Previous
Next