مسته‌فا به‌گی كوردی و غه‌زه‌لی غیلمان
به‌لای منه‌وه مسته‌فا به‌گی كوردی یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه به درێژایی په‌نجا ساڵی رابردوو غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێكراوه ، به‌وه‌ی نیو هێنده‌ی هاوه‌ڵه‌كانی له كلاسیك‌دا ئاوڕی توێژینه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانی نه‌دراوه ، مسته‌فا به‌گ هێنده‌ی له مه‌جلیسه‌كانی ئه‌ده‌بدۆستاندا باس كراوه و شیعره‌كانی كراوه‌ته مه‌قام و گۆرانی ، هێنده بوونی له‌سه‌ر كاغه‌زاندا نابینین ، ته‌نانه‌ت دیوانه‌كه‌یشی ماوه‌ی نیو سه‌ده چاوه‌ڕێی له چاپدانه‌وه بوو ، تاوه‌كو ساڵی 2010 سه‌ر له نوێ كاك محه‌مه‌د مسته‌فا ( حه‌مه بۆر ) كاری لێكۆڵینه‌وه‌ی گرته ئه‌ستۆ و له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاراسه‌وه له چاپدرایه‌وه .
سه‌یره ، به‌لای منه‌وه مسته‌فا به‌گ زۆر له سالم شاعیرتره و ستایلی شیعره‌كانیشی هه‌ناسه‌یه‌كی كوردانه‌تری له رووی زمان و داڕشتن و شیعرییه‌ته‌وه تێدایه ، كه‌چی قوتبه گه‌وره‌كانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو له ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی له شێوه‌ی به‌هه‌شتییان ( مه‌لا گه‌وره‌ی موده‌ڕیس و مه‌سعود محه‌مه‌د و سه‌جادی و تاد ) وه‌كو پێویست به شوێن مسته‌فا به‌گه‌وه نه‌بوون ، ته‌نانه‌ت زۆر جار ناو و ناتۆره‌یشی لێنراوه ( جا به ئه‌نقه‌ست بووبێت یان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تێگه‌یشتبن ) تا پاریش تاكه سه‌رچاوه‌ی له‌خۆگری شیعره‌كانی كوردی ، ته‌نیا ئه‌و نامیلكه كه‌سكه‌تێره به‌رگدڕاوه بوو كه پێش زیاتر له نیو سه‌ده به‌هه‌شتی گیو موكریانی له چاپیدابوو ، له‌و نامیلكه‌یه‌شدا گیو له سۆنگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه پێشه‌كیه‌كی بۆ نووسیوه كه تیایدا چه‌ندین قسه‌ی نه‌شیاو به مسته‌فا به‌گ ده‌ڵێت ، له‌وانه كه نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه و به شوێن هه‌تیوێكه‌وه بووه و كاكۆڵی فه‌قێ قادری به نیشتیمان نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه و ناوی پیرۆزی كوردی گۆڕیوه بۆ هیجری و تاد … !
مسته‌فا به‌گ به راشكاویی یان به پێچوپه‌نا شیعره‌كانی زۆربه‌ی بۆ فه‌قێ قادر نووسیوه ، له‌و پێناوه‌شدا تووشی زۆر گرفتی ته‌كنیكی بووه له نووسینی شیعردا ( كه ئامانجی ئه‌م وتاره كورته شیكردنه‌وه‌ی لایه‌نێكی ئه‌و گرفته ته‌كنیكیانه‌یه ) و بێگومان ده‌شكرێت ئه‌وه هه‌ڵێنجین كه دوچاری زۆر گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش بۆته‌وه به‌وه‌ی كه‌سێكی نزیكی دایه‌ره و بنه‌ماڵه‌ی حاكمانی بابان بووه ، كه‌چی به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی كوردییه‌وه دواون و نووسیویانه دوور و نزیك باسیان له قادر نه‌كردووه ( به كاك حه‌مه بۆریشه‌وه ) وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رگرییه‌ك بێت له ئه‌خلاقی پاكی مسته‌فا به‌گ و به خه‌یاڵی خۆیان په‌رێز پاكی مسته‌فا به‌گ ده‌سه‌لمێنن ، له كاتێكدا په‌یوه‌ندی نێوان مسته‌فا به‌گ و فه‌قێ قادر خاڵی به‌هێزی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌یه .
سه‌یه‌ركه‌ش له‌وه‌دایه كه مه‌لایه‌كی وه‌كو مسته‌فا به‌گ پێی نه‌نگی نه‌بووه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده شیعر بۆ فه‌قێ قادر و جوانی فه‌قێ قادر و حه‌زی بۆ فه‌قێ قادر بنووسێت كه‌چی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیستدا لێكۆڵه‌وه‌ره‌كان پێیان نه‌نگییه ئاماژه‌یه‌كی پێبده‌ن ( له‌وه‌ش زیاتر له 2010 یش كاك حه‌مه بۆر پێی نه‌نگییه بڵێت مه‌لا مسته‌فا به‌گی صاحێبقڕان عاشقی فه‌قێیه‌كی بووه ، له‌گه‌ڵ رێزی بێپایانم بۆ ئه‌رك و شه‌ونخونی و ماندووبوونه‌كه‌ی ) .
له راستیدا گه‌ر ئاوڕێكی خێرا له دنیابینی ئه‌و به‌ڕێزانه بده‌ینه‌وه كه خه‌ریكی كۆكردنه‌وه و به‌رهه‌می شاعیرانه‌وه بوون ( مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌دی لێده‌رچێت ) ئه‌وانه‌ی دیكه هێنده‌ی به‌شوێن شاعیره‌وه بوون ، ئه‌وه‌نده به شوێن شیعره‌وه نه‌بوون ، من دێڕێكی مامۆستایان مه‌حه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم و دكتۆر كه‌مال فوئاد و عه‌لادین سه‌جادی و چه‌ندین به‌ڕێزی دیكه‌یشم نایه‌ته‌وه یاد له‌باره‌ی شیعرییه‌ت و ته‌كنیكی شیعره‌وه نووسرابن ! وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م زاتانه هه‌موویان جێگه‌ی ته‌قدیرن و ماندووبوونیان به‌هایه‌كه له نرخ نایه‌ت ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بگوترێت كه هه‌موویان به‌شدارن له نه‌بوونی دیدێكی ئیستاتیكیانه بۆ شیعر و شیعرییه‌ت ، دیارترین جیاوازی له نێوان نووسینه‌كانیاندا جیاوازییانه له‌باره‌ی ساڵی له‌دایك بوونی شاعیرانه‌وه ، هه‌ر كه‌سه و له‌خۆیه‌وه ساڵێكی هێناوه و كردوویه‌تی به كرۆكی نووسینه‌كه‌ی ، بێ ئه‌وه‌ی پێشمان بگوترێت بۆچی ساڵه‌كه‌ی خۆیان راسته ، پێشمان ناڵێن بۆچی ساڵه‌كه‌ی كه‌سێكی دیكه هه‌ڵه‌یه ؟ خۆ ئه‌وانه‌ی مه‌عاشیش به‌هۆی ئه‌دیبانه‌وه له زانكۆكان وه‌رده‌گرن ، دوو قسه‌ی ماقووڵیان له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه پێ نه‌بووه ، زۆربه‌ی ئه‌و تێزانه‌ی له‌باره‌ی شیعری كلاسیكی كوردییه‌وه نووسراون ، ژماردنی ئه‌و جارانه‌یه كه نالی ناوی گوڵی هێناوه و نیشانكردنی ژماره‌ی ئه‌و شیعرانه‌یشه كه مه‌حوی ناوی گوڵی تێدا نه‌هێناوه ! ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی مسته‌فا به‌گه‌وه دواون هێنده‌ی به شوێن راستكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی شاعیره‌وه بوون ، ئاگایان له وردكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه نه‌بووه كه خودی شیعر هه‌یه‌تی ! هێنده گرنگ بووه بسه‌لمێنن كه مه‌لایه‌كی ناوداری كورد له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا هه‌تیوباز نه‌بووه ، هێنده لایان مه‌به‌ست نه‌بووه و پێشده‌چێت توانای ئه‌وه‌شیان نه‌بووبێت كه ئاخۆ ئه‌و نێربازییه چ كارگه‌ریێكی پۆزه‌تیف یان نێگه‌تیفی به‌سه‌ر شیعره‌كانه‌وه هه‌بووه ؟
شیعر پێچه‌وانه‌ی هه‌ر ژانرێكی ژیاریی دیكه ، پێویستی به‌دووركه‌وتنه‌وه له‌و ئه‌خلاقه هه‌یه كه مه‌حكومه پێیه‌وه . دوور له بۆچوونی كه‌سێتیی و تایبه‌تیم ، له هه‌ر ژانرێكی ژیاندا چه‌نده له ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جه‌معدا نزیك بكه‌ویته‌وه هێنده به ماقوڵی و رێكوپێكی پێشوازی ده‌كرێیت ، ته‌نیا شیعر نه‌بێت كه مه‌حكومه به ئه‌خلاقی گشتی زمانه‌وه ، به‌شێوه‌یه‌ك كه چه‌ندی ئه‌و ئه‌خلاقه زمانه‌وانییه تێكبشكێنێت و لێیه‌وه‌ی دوور كه‌وێته‌وه ئینجا ده‌بێته شیعرێكی باش ، له شیعردا و دوور له ئه‌خلاقی گشتی زمان ، ده‌توانیت بنووسیت ( شاخم فڕ كرد و هه‌ڵمم خوارده‌وه و به‌یانیم له گیرفانم نا ) ، ئه‌وه‌ی مسته‌فا به‌گ تووشی نه‌هامه‌تی ده‌كا ئه‌وه‌یه له شیعری كلاسیك‌دا یاسا و رێسا هه‌بووه ، میكانیزمی باوی لیكچوواندن و پێشوبهاندن هه‌بوون ، لێره‌وه داڕشتنی قادر و تواندنه‌وه‌ی قادر له غه‌زه‌لدا بۆ مسته‌فا به‌گ گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی دێنێت ، خۆشبه‌ختانه بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌رش ستایلێكی جیاواز و ناوازه له شیعردا ده‌خولقێت .
موعاناتی مسته‌فا به‌گ له موعاناتی هیچ شاعیرێكی هاوه‌ڵی ناچێت ، چونكه هه‌میشه له خه‌می شاردنه‌وه‌ی قادر دایه ، جارێك له ژێر ناوی قادری گه‌یلانی و جارێك له ژێر ناوی ته‌ریقه‌تی قادری و جارێك له ژێر ناونیشانی مانای قادر كه ده‌كاته ( به توانا ) و تاد ..
خه‌می مسته‌فا به‌گ ته‌نیا له شاردنه‌وه‌ی قادر دا نییه ، به‌ڵكو هه‌میشه ئه‌و خه‌مه‌یش یه‌خه‌ی به‌رنادا كه ئاخۆ به‌باشی شاردراوه‌ته‌وه یان نا ؟ هه‌رده‌م گومانی له‌وه هه‌یه ئه‌و كه‌نزه‌ی ناو شیعره‌كانی نه‌دزرێن ، له مه‌غاره‌ی به‌لاغه‌ت و واتاسازیدا ده‌یشارێته‌وه نه‌وه‌كو عه‌لیباباكانی ئه‌خلاقی گشتی ئه‌زیه‌تی ناوی پاكی قادر بده‌ن و كاكۆڵی تاتاری ببڕن ! ئه‌و خه‌می شاردنه‌وه و ئاشكراكردنه‌ی قادر بۆ مسته‌فا به‌گ یارییه‌كی زمانه‌وانی خۆش و كوشنده‌یه ، خۆشه له‌وه‌ی چێژ ده‌به‌خشێته قادر وه‌ك یه‌كه‌م خوێنه‌ر و دوا خوێنه‌ر كه مسته‌فا به‌گ ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كه‌ی بداتێ ، كوشنده‌یشه له‌وه‌ی ئه‌و چێژه له هه‌موو له‌حزه‌یه‌كدا ئاماده‌گی ئاشكرابوونی هه‌یه ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ستیش بكات ئه‌وا قاله‌كه‌ی ، شه‌ككه‌ره میصرییه نازداره‌كه‌ی باش نه‌شاردۆته‌وه ئه‌وا دوو رێگا ده‌گرێته به‌ر ، یه‌كه‌م بێمنه‌ته ( كوردی هیچ په‌روای دڵ و سامان و جان و دین نییه ) كه‌واته گه‌ر له بنه‌ماڵه‌ی بابان ده‌ریكه‌ن و بشیكوژن و جببه‌ی مه‌لاشی لێبسه‌ننه‌وه ئه‌وا هه‌ر بێباكه . دووه‌م رێگه‌ی مسته‌فا به‌گ له كاتی ئاشكرابوونی قاله‌كه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خوێنه‌ره ( وه‌نییه كوردی مایلی ئه‌م جۆره ئه‌توارانه بێ ، به‌ڵام شاعیر ده‌بێ له هه‌موو شتێ بڵێ بۆ ئیمتیاز )
گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ی مسته‌فا به‌گ جیاوازی ، به‌ڵكو لێكدژی نێوان له‌شی قادر و جه‌سته‌ی ده‌قه ، چونكه ناتوانێت ورده‌كارییه‌كانی له‌شی نێرینه‌ی قادر راسته‌وخۆ بباته ناو جه‌سته‌ی ده‌قه‌وه ، ئه‌م گرفته وا ده‌كات زۆر رێگه‌ی دووری لێكچواندن و شوبهاندن بدۆزێته‌وه بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و یارییه هێماكاریی و ئاماژه‌كارییه‌ی له نێوان شیعر و قادردا هه‌ن ، ئه‌م كاره‌ساتی گه‌ڕانه به شوێن سیمیائیه‌ته‌وه وا ده‌كات مسته‌فا به‌گ زه‌وی نوێ له گه‌ردوونی زمان و ده‌ربڕین بدۆزێته‌وه . هه‌رچی شاعیرانی دیكه‌یه ئه‌م گرفته‌یان نه‌بووه ، لێكدژی له نێوان له‌شی یار و جه‌سته‌ی ده‌قدا نه‌بووه ، له‌شی حه‌بیبه‌ی نالی و ورده‌كارییه‌كانی ، جیاوازیان نییه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی ده‌قدا ، نالی زوڵف و قه‌د و خه‌ت و خاڵی روخساری مه‌حبوبه‌كه‌ی به كه‌ره‌سته‌كانی زمانی شیعری گواستۆته‌وه بۆ ناو ده‌ق ، له‌شی حه‌بیبه به بۆڕییه‌كی ئیستاتیكیدا بردووه و گواستنه‌وه‌ی له‌شی حه‌بیبه‌ش بۆ ناو پانتایی جه‌سته‌ی ده‌ق ئه‌فراندنی لێكه‌وتۆته‌وه ، لێره‌دا نالی ناچار نییه ورده‌كارییه‌كانی مه‌عشوق بشارێته‌وه ، نه‌خێر به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندی خۆی له وه‌سفكردنیدا ده‌سه‌لمێنێت ، تا ئاستێك نالی شانازی به له‌شی حه‌بیبه‌وه ده‌كات ، تا ئه‌وه‌ی خێلی چاوی به‌یان ده‌كا ، نالی مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی بزانێت كاتێك ناوی مه‌عشوقه‌كه‌ی نادركێنێت و له‌ژێر ناوی خوازراوی مه‌حبوبه‌دا ده‌یشارێته‌وه ئاخۆ چه‌ند خه‌می خواردووه له نه‌بوونی بواری ناوهێنانیدا ؟ ئه‌ی بۆ مسته‌فا به‌گ چی بڵێین كه ناتوانێت بێجگه له كاكۆڵ هیچ شوێنێكی دیكه‌ی قادر بگوازێته‌وه ناو جه‌سته‌ی ده‌ق ؟ له هه‌موو جه‌سته‌ی قادر ته‌نیا پرچ و كاكۆڵ هه‌یه كه مسته‌فا به‌گ تینوێتی ته‌شبیهی قادره‌كه‌ی پێ بشكێنێت ! یه‌كه‌م خوێنه‌ر و دوا خوێنه‌ر ، تاكه خوێنه‌ریش كه مسته‌فا به‌گ له شیعردا مه‌به‌ستی بووه ته‌نیا قادره و به‌س ، قادریش ده‌بێته مورادفی جوانی ، به‌و پێیه‌ش هه‌موو خوێنه‌ره‌كانی مسته‌فا به‌گ ده‌بنه قادر و چێژ له داڕشتن و واتای شیعره‌كان وه‌رده‌گرن ، ئه‌وه‌ی مسته‌فا به‌گ له شاعیرانی دیكه جودا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه مسته‌فا به‌گ تاكه شاعیره له هه‌موو كلاسیكی كوردی كه ته‌نیا شیعر بۆ جوانی ده‌نووسێت ، به‌و پێیه‌ش كه هه‌موو شیعره‌كانی بۆ قادره و قادریش یه‌كسانه به جوانی ، كه‌واته هه‌موو شیعره‌كانی ته‌نیا بۆ جوانییه ، ئه‌م سیفه‌ته مه‌زن و ده‌گمه‌نه‌ی شیعره‌كانی مسته‌فا به‌گ به درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده رووبه‌رووی تانه و ته‌شه‌ره‌ی سیاسیه‌كان و مێژوونووسانی كورد بۆته‌وه ، چونكه مسته‌فا به‌گ شیعری سیاسی نه‌بووه ( وه‌ك سالم بۆ نمونه ) ، شیعری مێژوویی نه‌بووه ( وه‌ك حاجی قادری كۆیی بۆ نمونه ) شیعری پیاهه‌ڵدانی نه‌بووه ( وه‌ك نالی بۆ نمونه ) ئه‌وا سیاسی و مێژوونووسانی كورد هه‌میشه مسته‌فا به‌گیان په‌راوێز خستووه و ئاماده نه‌بوون ناویشی بهێنن ، چونكه له رێی شیعره‌كانییه‌وه ته‌فسیری رووداوه مێژووه‌كانی كوردستانی لێناكه‌وێته‌وه بۆیه گرنگیان پێ نه‌داوه ، ئه‌وانه‌ی به شوێن زانینی رووداوه‌وه‌ن له رێی شیعره‌وه مسته‌فا به‌گ نائومێدی كردوون ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به شوێن جوانیه‌وه‌ن ئه‌وا مسته‌فا به‌گ دره‌ختێكی چوار فه‌سڵه به‌رداره ، ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست مسته‌فا به‌گ له رێی شیعره‌وه مێژوو تۆمار بكات و پێیان باشتر بوو له‌جیاتی باسی كاكۆڵی قادر باسی رووخانی ئه‌ماره‌تی بابانی كردبا و كۆمه‌ڵێك جنێوی مزری بۆ داگیركاری توركه‌كان ره‌وانه كردبا ، ئه‌وانه نه له په‌یامی شیعر گه‌یشتوون و نه مه‌به‌ستیشیان تێگه‌یشتنه له جوانی ، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت له رێی ئه‌سكه‌له‌ی شیعره‌وه بگه‌ن به سه‌بقێكی مێژوویی ، ئه‌وانه‌ی پیان وایه نه‌ده‌بوا مسته‌فا به‌گ ناوی له كوردییه‌وه بگۆڕێت بۆ هیجری ، ئه‌وانه‌ن كه گرێی نه‌قسیان به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هه‌یه ، ده‌نا خراپترین شیعری حاجی قادری كۆیی ( له رووی شیعریه‌ته‌وه ) ئه‌و شیعرانه‌ن كه تیایدا باس له نه‌هزه‌ی قه‌ومی ده‌كا ، چونكه شیعری بۆ جوانی نه‌نووسیوه ، به‌ڵكو بۆ په‌یامێكی نووسیوه كه ته‌نیا دڵسۆزی حاجی قادر بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی شه‌فاعه‌تی خوێنده‌نه‌وه‌یان ده‌كا ، ده‌نا له رووی به‌های ئیبداعییه‌وه نرخێكی ئه‌وتۆیان نییه .
جیاوازی نێوان سیاسی و مێژوونوسان و مسته‌فا به‌گ له‌وه‌دایه كه ئه‌وان به‌شوێن هه‌قه‌وه وێڵ بوون ، به‌ڵام مسته‌فا به‌گ به شوێن جوانكردنی هه‌قه‌وه بووه :
دوڕ و یاقوت ده‌بارێ له‌م كه‌لامه شیرنه‌ی ( كوردی )
خودا سا كوا له دنیادا قه‌در زانێ ، خڕیدارێ ؟
ته‌ڵعه‌ت تاهیر