Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

Closed
by May 26, 2011 فەلسەفە


بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر خۆکوشتنەکەی شاعیرەبیرمەند “پۆل سیلان” ەوە


هەموو ئەوانەی لایسەرەوە ،چ ئەوی بادیو و چش ئەوی دێریدا، سەبارەت بە سیلان ووتران والە ئێمە دەکەن لایخوارەوە تاوێ بۆ لای بادیو ، بۆ تێمای لکانی شیعر بە فەلسەفە، بگەڕێینەوە و، ئەلبەتە تاوێکیش کار لەسەر دەستنیشانکردنی شوێنی هایدیگەر لە گفتووگۆکانی بادیو لەسەر سیلان-هایدیگەر بکەین. بۆیە بەباشی دەزانین لەهەمانکاتدا قسەلەسەر دیدی هایدیگەر – بادیوش بێنینەپێشەوە.

هایدیگەر و بادیو
لە هۆلدرلینەوە بۆ  سیلان

ئەوی بادیو سەبارەت بە لکانی شیعر بە فەلسەفە جەغتیلێدەکات بابەتی “ئامادەبوون”ە ، ئەم بابەتەش تابلێیت بابەتێ هێجگار فەلسەفی و میتافیزیکی نەبڕاوەیە نەک هەر بۆ فەلسەفە بەلکو بۆ خودی کردەی شیعریش. تایبەت بەم لایەنەش بەپێویستی دەزانین ئاماژەبەوەبکەین کە بۆ بادیو مانەوە لەسەر سەکۆی “ئامادەبوون” لە شیعرا شتێ پەسەندنەکراوە. بەڵام بابەتی “ئامادەبوون” لای بادیو هەروەک خۆی نامێنێتەوە و ئەم بابەتە لەتەکخۆیدا باسێتر پەلکێشی ناو گفتووگۆی نێوان شیعر و  فەلسەفە دەکات کە ئەوەش مەسەلەی بابەت و خودە. بادیو سەبارەت بەم لایەنەش ( واتە بابەت و خود) بۆئەوەدەچێت کە “چاخی شاعیران” پێوەندیێ ئەوتۆی بە بەبابەتبوونی شیعرەوە نەبووە (1). بۆئەوەی بادیو پتر دیتنی خۆی لەمڕوەوە ڕوونکاتەوە دێتەسەر هایدیگەر. گرینگە لێرە بپرسین بۆ بادیو دەگەڕێتەوەسەر هایدیگەر ؟ هۆی گەڕانەوەی بادیو  بۆ هایدیگەر پێوەندی بە خودی پڕۆژەی فەلسەفی هایدیگەرە تایبەت بە وتاری میتافیزیکی ڕۆژئاوا، واتە هەولی هایدیگەر بۆئەوە ڕەخنەی فەلسەفی لە خودگەراییا چڕنەبێتەوە. لەمڕوەوەشەوە بادیو لەو باوەڕەدایە ئەوی هایدیگەر لەمڕوەوە کردویەتی لە هەلوەشانەوەی بابەتگەری خود بریتی بووە. واتە کارکردن بۆ تێکشکانی خودی وەک جەمسەرێ سەرەکی لە شیعرا. بادیو ئەم قۆناغەش وەک هەنگاوێ دەخوێنێتەوە کە مانای لە جیاکردنەوەی زانین و ڕاستی یان زانین و هزر لەیەکتر هەبووە. پێدەچێت لێرەوە بادیو ئیدی پێیباشە فەلسەفە لە شیعر بکرێتەوە. مەبەست ئەو پێکەوەلکانەی، نووسانەی، نێوان شیعر و فەلسەفە کە چاخی شاعیرانی پێکهێنا بەرەو قرتان دەبات.
ئێمە واهەستدەکەین بادیو تائەندازەێک بە ڕۆلی هایدیگەر لەمڕوەوە قەلسە. بابزانین بۆ؟ ئەم قۆناغەی پێیدەلێن لکانی شیعر بە فەلسەفە ،کە مانای بۆ کردەی نووسینی شیعری و هزری هەبووە ، بەهۆی هایدیگەرەوە بەرەو مێژوویی دەبرێت. بەرەو مێژوویی بردنی ئەوەش تاڕادەێک ،بادیو ووتەنی، لە بەنازیبوونی هایدیگەر بەرپرسیارە. هەر ئەمە والە بادیو دەکات باوەڕی بە چاخی شاعیران لاوازبێ و داوای کۆتایپێهێنانی بکات. واتە بادیو پاش سیلان و دوای ئەوەی هایدیگەر شیعر بۆ شیاوی دروستکردنی هەستی نەتەوەی بەکاردەبات ئارەزووی لێکترازانی فەلسەفە لە شیعر دەکات. ئێمە بالێرە ئەوەش بلێین، “چاخی شاعیران” کە دروستبووە بۆ ئەوە دروستبووە تا فەلسەفە و شیعر پێکەوە کارکەن و ئەو کارکردنەش کە بوونی نەما پێویست بە باسی چاخی ناوبراو ناکات. هەر ئەوەشمان لایسەرەوە ووت بادیو لەگەل دروستبوونی “چاخی شاعیران” باس لە ڕیزێ شاعیر دەکات کە بەبۆچوونی ئەو بە هۆلدرلین دەستپێدەکات و لەسەر دەستی سیلان کۆتایپێدێت. هەروەها ئەوەشمان ووت کە، لەبەرئەوەی لکانی شیعر بە فەلسەفە مانای بۆ پێکهێنانی فەلسەفە هەبووە بادیو لە نووسینەکەیدا ئومێدێ گەورەی بەم چاخە هەبووە بەلام بیرۆکەی بنچینەیی بادیو تایبەت بەم لایەنە هەر لەسەرەتاوە لە نووسینی””مانیفێست بۆ فەلسەفە”” لەسەر ئەو بناغەیە هەلچنراوە کە فەلسەفە بەهۆی کارکردن لەژێر بنمیچی چوارمەرجدا پێکدێت: بیرکاری (یان زانست)، شیعر (هونەر)، خۆشەویستی و سیاسەت. کەواتە فەلسەفە بەتەنیا پێکناێت و یان بەتەنیا پێکهێنانی فەلسەفە بەزیانی کردەی فەلسەفەکردن دەکەوێتەوە. بۆیە ئەو فەلسەفاندنەی لە نووسینی “مانیفێست” دا ئامادەیە خۆی وابەستەی هەل و مەرج دەکات ئەو هەل و مەرجەش داوای پێکەوەکارکردنی شیعر، ئەوین، سیاسەت و زانست دەکات. کەواتە بێ ئەو پێکەوەلکانەی ئەو چوار هەل و مەرجە مەحالە فەلسەفەکردن. ئەگەر لەمبارەیەوە بادیویانە بێینەگۆ دەلێین: فەلسەفە کۆی ئەو هەل و مەرجانەیە و بەس.
هەر تایبەت بەوی تاوێ لەمەوبەر باسکرا ئەوەش دەلێین کە، ئەودەمەی بادیو داوای لێکردنەوەی فەلسەفە لە شیعر دەکات تا سنوورێ دیاریکراو ئەم داوایە پێوەندی بە هایدیگەرەوە هەیە. ئێمە داواکەی بادیو کە خوێندنەوەی خۆمانمان بۆ هەیە بەشێکی لایخوارەوە و لەچوارچێوەی ئەم باسەی لەبەردەستماندایە دەخەینەڕوو و پاش ئەوەش دێینەوە سەر ئەم لایەنە : واتە چۆنچۆنی دیتنی هایدیگەر بۆ هۆلدرلین ڕۆحی بۆچوونی فەلسەفی هایدیگەری تیا کۆدەبێتەوە.
ئێمە نامانەوێت لێرە هیچ تانەێک لە هایدیگەر بدەین،چ ئەوی پێوەندی بە بێدەنگی ئەم بیرمەندەوە هەیە تایبەت بە ڕووداوی هولوکۆست و  چش هیچنەووتنی لەسەر ئازارەکانی سیلان و ئەوی سیلان لەڕێگای شیعرسازیەوە ویستوویەتی بیلێت. بەڵام بە فیعلی دەمانەوێت خۆمان لەقەرەی ئەو سێرکردنە بدەین کە خۆی لەسەر ئەو بیرۆکەیە پێکدێنێت کە دەلێت: هایدیگەر ڕەخنەگر بووە لە میتافیزیکی نیچە. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی کە گوایە نیچە لە تێپەڕاندنی میتافیزیک دا سەرکەوتوونەبوە. کەواتە هایدیگەر کەموکوڕیێەک لە ژینالۆژیاکەی نیچە دا دەبینێتەوە بۆیە خۆی، واتە هایدیگەر، ڕێگای کرانەوە بەسەربوون دەگرێتەبەر کە ئەوەش هەقیقەتی ویستی فەلسەفاندنی هایدیگەرە. بەدلنیایشەوە ئەوە دەلێین کە، ئەم ڕێگایە ئەو تولە ڕێگایە بووە هایدیگەر گرتیەبەر بەڵام بەخۆی ئەمە ڕێگاچارەێبوو بۆ هایدیگەر تا لە چنگ میتافیزیک دەربازی بێت. ئەوەی لەمحالەتەدا دەشێ تایبەت بەم توولە ڕێیە بووترێت کە هایدیگەر بۆ هاتنەناو فەلسەفە و هەلهاتن لە میتافیزیک گرتییەبەر ئەوەیە کە هایدیگەر دەستیدایە کارکردن لەسەر زمان. ئەمەش لەلایەن هایدیگەرەوە لەسەر ئەو بناغەیە کرا تا زەمینە بۆ ئەو هەلهاتنە  مسۆگەرکرێت کە تۆزێ پێشئێستا باسکرا. بەلام  توێژرەوەکان گومان لەوەناکەن ئەو جۆرە هاتنەناوەوەیەی هایدیگەر زەمینەی بۆ سازاندنی پردێک لەنێوان شیعر و فەلسەفە خۆشنەکردبێت. ئائەمە وای لەهەندێ بیریار و ڕوناکبیر کرد لەپاش ئەم ڕەفتارەی هایدیگەرەوە ئاسۆێک لەبەردەم فەلسەفاندن دا ببیننەوە. بەلام ڕۆحی ئەم ئاسۆیە تەنیا لە زمانا خۆیڕاقەتیسکرد نەک شتێ دی. هەر تایبەت بەم مەسەلەیە دەمانەوێت پێداگیری لەسەر ئەو ڕاستیەش بکەین کە ووتنەکانی هایدیگەر لەسەر زمان زێدەترین مانای بۆ لکانی شیعر بە فەلسەفەوە هەبووە. بۆیشە بادیو لەسەرەتا کە قسە لەسەر ئەم قۆناغە دەکات هەندێ ئیلهام لە هایدیگەرەوە وەردەگرێت بەڵام پاش ئەوەی چاخەکە کۆتای دێت دەست دەکات بە بەڕەخنەکردنی هایدیگەر. ئەوەی واش لە بادیو دەکات بەمجۆرە تێگەیشتنە بگات خودی شێوە ڕەفتارکردنەکەی هایدیگەر بووە لەتەک شیعر و زمان نەک شتێکیتر.

بەلام ئێستا دێینەوە سەر کرۆکی ئەوی دەبێت لەبارەی ڕوانین و شیکردنەوەی هایدیگەر تایبەت بە شیعری هۆلدرلین بووترێت. ئێمە سەرەتا شیعری هۆلدرلین ڕاڤەدەکەین چونکە ئەوە هۆلدرلینە چاخی شاعیران دەخاتە سەرپشت دواتر دێینەوەسەر هایدیگەر و مەیلی بۆ شیکردنەوەی شیعرگەرای هۆلدرلین. واتە کە باس دێتە سەر لکانی فەلسەفە بە شیعر دوو کەسمان دێتەوە یاد یەکەمیان شاعیرێ ئەلمانییە (واتە هۆلدرلین) و ئەویتریش فەیلەسوفێ ئەلمانی(واتە هایدیگەر). 

ئەوی شیعرەکانی هۆلدرلین یان ڕاڤەکردنەکانی هایدیگەر لەبارەی شیعرەکانی هۆلدرلینەوە دەخوێنێتەوە زوو دەرکبەوەدەکات کە شیعرەکانی هۆلدرلین بووناوین. بەبووناوی بوونی شیعرەکانی هۆلدرلین هۆیێ بنەڕەتی بووە بۆ ئەوەی هایدیگەر ئەو متمانەی لا دروستبێت کە دەم لە شیعرەکانی هۆلدرلین وەردات. بالێرە جەعتلەوەشکەین کە هەر ئەم بەبووناویبوونەی شیعری هۆلدرلینە ئەو متمانەیەی بە بادیو داوە باس لە هاتنەدونیای چاخێ بەناوی “”چاخی شاعیران”” بهێنێتەپێشێ. ئەم چاخە کە دەستپێکەرەکەی هۆلدرلینە لەسەر ئەو بناغەیە چێبووە کە شیعرەکانی هۆلدرلین بووناوین. کەوابێت، هەر ئەم بەبووناویبوونەی شیعری هۆلدرلین لە دروستکردنی ئەو خاسلەتە بەپرسیارە کە بە لکانی فەلسەفە بە شیعر ناودەددەکرێت. مەبەست ئەگەر شیعرەکانی هۆلدرلین بەوجۆرە نەبایە نە لکانی فەلسەفە بە شیعر بۆماوەێک دەهاتەکایەوە ،واتە چاخێ نەدەبوو بەناوی “”چاخی شاعیران””ەوە، و نەش هایدیگەر قەت و قەت خۆی لەقەرەی شیعرەکانی هۆلدرلین دەدا. ئەوی هۆلدرلین دەستیپێدەکات بەردەوامدەبێت تادەمووەختی سیلان بۆیە گومانیناوێت بلێین پاش سیلان پەیوەندی فەلسەفە بە شیعرەوە دووچاری ترازانێ دەبێت. ئەمەش تەنێ لەبەرئەوەی نهێنی ئەو لکانەی باسکرا لە مشت شیعرەکانی هۆلدرلین دا بووە نەک کەسێ تر. واتە، ئەوە شیعرەکانی هۆلدرلین بووە دەرگای بۆ فەلسەفەکردن بەسەر شیعرەوە خستۆتە سەرپشت. وەکیتریش نابێت ئەو گومانە ڕوناکبیریە لەبیرخۆمان ببەینەوە کە ئەم ئاوڕدانەوەیەی هایدیگەر لە هۆلدرلین یان دۆزینەوەی بوون لە شیعرەکانی هۆلدرلین لەبنەڕەتدا گورزێبوونە و لە خودی وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا دراون.
وەلی گرینگتر لەوانەی لایسەرەوە ڕووخران بۆ ئێمە ئەوەیە کە، زۆربەی توێژەرەوەکان سەبارەت بە نووسینەکانی هایدیگەر تایبەت بە شیعرەکانی هۆلدرلین سەرنجییان خستۆتەسەر مەسەلەی پیێداگیرییەکانی هایدیگەر لەسەر هۆنراوە مێژوویی و نەتەوەییەکانی هۆلدرلین. هۆی ئەوەش زۆر بەکورتی ئەوەیە کە هایدیگەر لە خوێندنەوەکانیا هەلوێستی فەلسەفی هۆلدرلین دیاریدەکات و ئەو ویستەش لە شیعرەکانیا ڕوودەخات کە ویستی خۆیەتی لەسەر شیعر، واتە گەڕان بەدووی ئامادەبوونی بوون لە شیعرا. ئەمە کە لەڕووی فەلسەفیشەوە ویستێبووە بۆ هایدیگەر خواستێ گەورەی لە کارەکانیا دروستکردووە. ئەم مەسەلەیە بۆ هایدیگەر کە تابلێیت بەهەند وەرگیراوە گفتووگۆێتریشی هێناوەتە ناو فەلسەفەوە کە دەشێ ناونرێت گفتووگۆی نێوان بیر و شیعر. ئەوەی بۆ ئێمە لەم حالەتەدا زێدە بابەتێ فەلسەفی و هزرییە ئەوەیە کە چۆن چۆنی دەکرێ “”بیر و شیعر”” بەیەکدی بچوێنرێن؟ ئەم پرسیارە کە بابەتێ تابلێیت هەستیار و هێجگاریش وروژێنەر لە فەلسەفەی هاوچەرخدا پێکدێنێت لای بیرمەندانی فەڕەنسی کارێ زۆری لەسەرکراوە. لەم چوارچێوەیەدا بەباشیدەزانین بگەڕێینەوە سەر فیلیپ لاکۆ-لابارت. چونکە پرسیار لەسەر پێوەندی نێوان بیر و شیعر بەپێی بینینی ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسیە پرسیارێ ئەلمانیە یان با وابلێین کە ئەم پرسیارە بە ئەلمانیکراوە(2). بەلام ئەوەی لەم بوارەدا بۆ ئێمە گرنگ و کاریگەرە ڕوونکردنەوەی ،کە لاکۆ-لابارت خۆی لە قەرەنەداوە، ئەوەیە کە بیر چی دەوێت؟ نەک ئەوەی هایدیگەر وروژاندی واتە  ئامانجی بیر چییە؟ هەروەها شیعر چی دەوێت؟ ئەمەو نەک ئەوەش کە لەمەوبەر لەبارەی چەمکی شیعرەوە وروژاندوومانە واتە ئەرکی شیعر چییە؟ هۆی ئەوەش کە ئێمە بەوجۆرە پرسیارەکانمان دەووروژێنین بۆئەوەی دەگێڕینەوە کە شیعر و بیر لە لکانیان پێکەوە پرسیاری هەستیار دروستدەکەن. بەمجۆرە بێ پێویستە لەوە حالیبین چ شیعر و چش بیر ئەزموونێ تاکیە و خۆی لە پرۆسەێکدا قەتیسدەکات کە ناویدەنێین بیرکردنەوەی شیعر و بیر. بەدلنییایەوە ئەو دەمەی پەیڤین لەمەڕ بیرکردنەوەی بیر و شیعر دێتەگۆڕێ نابێ لاریمانلەوەدا هەبێت کە ئەم دوانە، واتە شیعر و بیر، لە سنووری خۆیانا بیرکردنەوە بەرهەمدێنن. ڕاستە خوازیارێ لەلایەن بیرمەندانی ئەلمانیەوە تایبەت بە ڕووکردنەوەی بیر و شیعر هەمیشە ئامادەبووە بەڵام ئێمە بۆخۆمان ئەم خوازیاریە دەگەڕێنینەوە بۆ یەک هۆ کە ئەوەش بێ ئەملاوئەولا پێوەندی بە سەرمایەی فەلسەفی و شیعری، یان فڕاوانتر قسەبکەین داهێنانی جوانکاری، ئەلمانیەوە هەیە. ئەم لایەنە کە بیریارانی ئەلمانی یەک لە دوای یەک وروژاندووە لەسەر دەستی هەردوو فەیلەسوفەی ئەلمانی ، نیچە و هایدیگەر،  و قوتابیە فەڕەنسیەکانیان (دۆلۆز، دێریدا، لاکۆ-لابارت) زۆرترین بیریاری بەسەرەوەکراوە و گەیێندراوەتە لوتکەی هزراندنیش.
 سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەشدەلێین کە ، گومانیناوێت، ئەم لایەنە هەندێ شتی زیندووی فەلسەفی و هزری و جوانکاری بەرهەمهێنا بەڵام گەلێ لە تواناکانی فەلسەفاندنیشی قەتیسکرد و ویستی فەلسەفاندنی تائەندازەێ سەرلەبەرگۆڕی. چونکە لەژێر سایەی ئەو جۆرە فۆڕمە لە هزراندن پرسیارە فەلسەفیە ئەبەدیەکان ووردە ووردە پشتگوێخران و یان بەو ئاوازە یۆنانیە سوکراتیە نەکرا بژەنرێن کە فەلسەفە پێویستی پێبوو. هەروەها ئەوەش لەبیرکرا کە فەلسەفە پێویستی پێیە یاخود گوێڕایەلی بۆ فەلسەفە ڕووی لە لاوازینا و ئەمانەش هەموو وایانکرد فەلسەفاندن جۆرە ڕیتمێک وەرگرێ کە دواتر سەرگەردانیێ زۆری پێوەدیاربێت . ئەم سەرگەردانیەش، بەباوەڕی ئێمە، کە دەشێ ویستی فەلسەفاندن بشێوێنێ ئەرک و ئامانجی فەلسەفە بێڕادە قوورسدەکات. ئێمە لێرە مەبەستمان ئەوەنیە بلێین لکانی شیعر بە بیر، بیری فەلسەفی، ویستی فەلسەفاندنی بەرەو هەلدێران برد بەڵام بەبێ ڕاڕاییەوە ئەوەدەلێین کە، بیر و بیریارە سوفستایەکان لەپاش جەنگی جیهانی بەولاوە کارێ ئەوتۆیانکرد فەلسەفاندن ڕەوتێ تەواو جیا وەرگرێت. ئەمە کە تەنیا بیریار و ڕوناکبیران لێیبەرپرسیارن دەرئەنجامی زۆری لێکەوتەوە کە ڕەنگە ئێرە شوێنی باسکردنی نەبێت.     

سەرباری ئەوی پێشتر تایبەت بە بینینی هایدیگەر ووتمان دەمانەوێت ئەوەش بلێین کە، ئەوەی هایدیگەر لە شیعرەکانی هۆلدرلین ڕوناکیدەخاتەسەر توانای زمانە لە پەیڤین لەمەڕ بوون. واتە زمانی شیعری هۆلدرلین مایەی سەرنجێ گەورەن بۆ هایدیگەر. چونکە هایدیگەر لەڕێگای زمانی هۆلدرلینەوە بەوە دەگات بوون لە شیعرەکانا ئامادەن نەک لەڕێگای شتێدیەوە. واشهەستدەکەین ئەو چاخەی بادیو بانگەشەی دروستبوونیدەکات کە لکانی فەلسەفە بە شیعر چێیکردووە بێ ئەم زمانە شیعریەی هۆلدرلین نەدەکرا ببێ بەمایەی تێبینی فەیلەسوفان . هەربۆیشە کاتێ هایدیگەر دێتەسەر سەر شیعرەکانی هۆلدرلین بۆئەوەی بوون لە ناخیانا بهێنێتەدەرەوە گورج دەچێتەسەر باس لە زمان، یان باس لە زمانی شیعری. زمان کە کەرەستەی سەرەکی شیعرە لەبەختی هۆلدرلیندا ئەم کەرەستەیە بۆ فەیلەسوفان دەبێت بە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی بوون لە شیعرا، لە شیعرەکانی هۆلدرلین دا. بۆیە هایدیگەر هەرلەگەل دەستپێکردنی خوێندنەوەی شیعرەکانی هۆلدرلین ڕۆشنایدەخاتەسەر زمان و ئەم زمانەش دەکات بە دالدەی بوون. واتە لەڕێگای خوێندنەوەکانی هایدیگەر لەسەر ئەو فێربوونە فەلسەفیە ڕادەهێنرێین کە زمان مالی (دالدەی) بوونە. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە، واتە کردنی زمان بە دالدەی بوون، بۆ ئێمە ترۆپکی ڕاڤەکردنەکەی هایدگەرە لەمەڕ شیعرەکانی هۆلدرلین.
بەلام بابزانین خودی زمان چییە؟ یان زمان لە شیعرا چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە، کە هەمان ناواخنیان هەیە، دەلێین: زمان لە شیعرا واتە تێکڕای ووتنەکان. ئەو کاتەش کە سەرنج دەخرێتە سەر زمانی تێکستێ شیعری دیاریکراو واتە سەرنجدەخرێتەسەر ووتنەکانی ئەو تێکستە. هەر تایبەت بەم لایەنە دەمانەوێت تاوێ بگەڕێینەوە لای سیلان و تێهەلکێشیێک لەنێوان وەڵامەکەمان و بۆچوونی هایدیگەر و دێریدا سەبارەت بەو پرسیارەی خستمانەڕوو دروستکەین. بەپێیدیتنی هانس ڕوین بێت، لەو پێشەکیەی بۆ وەرگێڕاوەکەی دێریدای نووسیوە، واتە نووسینی “”شیبۆلێت”” ، دێریدا باس لە ئەزموونی فەلسەفی زمان دەکات. ئەم ئەزموونە بۆ ڕوین ئەو پرسیارە یاددەخاتەوە کە زمان دەکارێت چی بکات؟ (3)  بۆ ئێمە ئەم پرسیارە ئاماژەیە لەسەرئەوەی فەلسەفەی زمانی دێریدا لە چوارچێوەی خۆیدا کار لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و زمان دەکات. بۆیشە وادەلێین چونکە ئەو فەلسەفەی زمانەی دێریدا کاری لەسەردەکات سەرچاوە لە بۆچوونە زمانەوانیە فینۆمینۆلۆژیەکانی هۆسڕەل و هایدیگەرەوە هەلدەگرێت.
سەرباری ئەوە، ڕوین لەو پێشەکیەدا جەغت لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفەش دەکات. ئەم جەغتکردنە بەخۆی سەرچاوە لەو بیرۆکەیەوە هەلدەگرێت کە سیلان باوەڕی پێیەتی کە ئەوەش بریتیە لەمە: شیعر بریتیە لە زمانێ تاک. ئەم بیرۆکەیەی سیلان بابەتی وتنی دێریداشە بەڵام هانس ڕوین پێوەندی نێوان فەلسەفە و شیعر بەجۆرێتر ڕووندەکاتەوە. ئەو ڕوونکردنەوەیەش لەخودی خۆیدا پیێداگرتنە لەسەر لایەنێتر. ئەم لایەنەش بۆ هانس ئەم پرسیارە بەرهەمدێنێت: فەلسەفە بەناوی کێوە قسەدەکات؟ بەبۆچونی هانس فەلسەفە بەناوی هەمووەوە (گشتەوە)  قسەدەکات و بەناوی هیچ کەسیشەوە قسەدەکات. لەم حالەتەشدا کە فەلسەفە بەناوی گشتەوە قسەدەکات کارێوادەکات فەلسەفە خۆی لە شیعر جیاکاتەوە (4). کەواتە فەلسەفە زمانی گشتە و شیعریش زمانی تاک (تایبەت) ە.بەڵام چۆن ئەم زمانە تاکە، واتە شیعر، بەویتر دەگات یان چۆن شیعر کارێوادەکات ببێت بە هی ئەویتریش؟ لە پێشەکیەکەی فەیلەسوفی سویدی ڕوین دا گەلێ ڕوون نییە چۆن ئەمە دەشێبکرێت. ڕاستە ئەم لایەنە بابەتی سەرەکی دێریدا یە لە “”شیبۆلیت”” و لە ووتنەکانی لەبارەی شیعرگەرایی سیلان بەڵام لێکدانەوەکانی دێریدا تایبەت بە زمان و تاکێتی ئەم زمانە ناواخنێ ڕوناکبیری فینۆمینۆلۆژیانەی هەیە تا شێوە ڕوناکبیریێ تر. بەلام بەبۆچوونی هانس ڕوین ئەمە بۆئەوەدەگەڕێتەوە کە  شیبۆلیت حالەتی یەکگرتنەوەی نێوان فەیلەسوف (فەلسەفە) و شاعیر (شیعر) ە و ئەو یەکگرتنەوەیەش دەرئەنجامی پێوەندی نێوان گەردوونگەریی و تاکگەرییە(5). بەڵام ئێمە تەنیا بەم بۆچوونە قایلنین و پیێمانوایە چ شاعیر و چش فەیلەسوفیش لەبەکاربردنی زمان دا هەریەکە بەپێی توانای خۆی ژیرە بەڵام هەریەکە بەپێی ئەزموون و ڕوانینی خۆشی زمان بەکاردەبات. هەروەها ویستی فەلسەفاندنیش کە لە گەلێ ڕوەوە پێوەندی بە زمانەوە، بە توانای بەکاربردنی زمانەوە ، هەیە و ، ئەم توانایە لە بیریار و ڕوناکبیرێکەوە بۆ ئەویتر دەگۆڕێتەوە.     

هەر تایبەت بەم لایەنەش ئەوە بیردەخەینەوە کە بۆ ئێمە ئەوی لە شیعرەکانی هۆلدرلین بابەتی تێڕامانە ووتنەکانیەتی کە ئەوەش زمانەکەی دەگرێتەوە. واتە هێزی شیعرگەرای گشت ووتنێ شیعری لە ووتنەکاندایە نەک لە شتێتر. بەمجۆرە دەمانەوێت بلێین کە ئەوی شیعر پەروەردە دەکات ووتنەکانن. ووتنەکان کە بەبەرۆکی زمانەوە هەلواسراون ئەو لکانە دروستدەکەن کە بادیو مەبەستیەتی. بۆیە پیێلەسەرئەوە دادەگرین کە ووتنەکان نەبن بوون لە شیعرا چێنابێت. هەروەها ووتنەکان نەبن دالدەش بۆ بوون لە شیعرا ناێتەسازدان. بەلام بوون، بوونمان، پڕە لەناو و ووتنەکانیش لە شیعرا لەپێناو دامەزراندنی ناو لە جوولەن. بەواتێ دی، ئەوە ووتنەکانن ناو بۆ دیاردەکانی ناو بوون دەدۆزنەوە. چونکە بێ ئەو ووتنانە و بێ ئەو ناونانانە دیاردەکان ناناسرێنەوە. بەڵام لە بوونا پەچەێ زۆر ئامادەیە و ئەرکی شیعریش ڕامالینی ئەو پەچانەیە نەک پاراستن و شاردنەوە و بێدەنگبوون لە ڕووخسار و خاسلەتەکانین. بەمشێوەیە بەهەند وەرگرتنی ناو لە شیعرا بەمانای بەهەند وەرگرتنی ووتنەکانیش دێت. چونکە مانا دۆزینەوە بۆ ناوەکان یارمەتیمان دەدات ووتنەکان بناسینەوە. ئەگەرنا ئەوا ووتنەکان بێ ناونیشان دەمێننەوە. بۆیە بۆئەوەدەچین ئەو کاتەی ووتنەکان ناویاندەبێت پەچەکان دەناسرێنەوە و ئیدی پەچە لە بوونا ئەوەندە بەهاینابێت.
ئێمە دەزانین سووربوونی هایدیگەر لەسەر دۆزینەوەی بوون لە شیعرەکانی هۆلدرلین مەرامی فەلسەفی خۆی هەیە و ئەو مەرامەش لەبنڕا بەو سێرکردنە فەلسەفیەوە گرێدراوە هایدیگەر لەگەل نووسینی کتێبی “”بوون و کات”” ەکەیەوە پێوەی وابەستەیە. بەڵام بەهۆی هۆلدرلینەوە ، و بەهۆی پەیڤین لەمەڕ شیعر، هایدیگەر فورسەتێ بۆ ڕاڤەکردن لەسەر بوون لە شیعرا دەدۆزێتەوە. هایدیگەر کە لە کتێبی “”بوون و کات”” ەوە تێزی سەرەکی گەڕانە بەدووی بوون و وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی بۆ بوون لە نووسینی فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا، لە ئەفلاتوونەوە تا هۆسڕەل، وونە دەیەوێت ڕەخنە لە میتافیزیک بگرێت. ئەو دەمەش کە ووردە ووردە دێتەسەر ڕاڤەکردنی تەکنیک و ڕۆلی تەکنیک لە بیربردنەوەی بوون زۆرتر ڕۆدەچێتە ناو قووڵای شیعر و جگەلە هۆلدرلین پەنا بۆ خوێندنەوەی شیعری تڕاکلیش دەبات بەڵام سەبارەت بە سیلان پێدەچێت هایدیگەر هەر لە قۆناغی خوێندنەوە و تێڕامانا خۆی هێشتوبێتەوە. ئێمە پیێمانوایە یەک لەو ئارگومێنتانەی کە دەکرێت لێرە بۆ ڕوونکردنەوەی بێدەنگی هایدیگەر لە شیعری سیلان پشتیپێببەسترێت ئەمەی لایخوارەوەیە:
 هایدیگەر بەباشی لەوە بەئاگابووە کە سیلان قووربانی نازیزمە و نووسینیش لەسەر شیعرەکانی سیلان بێ قسەکردن لەسەر ئەو بەقووربانیبوونەی سیلان و چەوتی سیاسی نازیەکان و ڕۆلیان لە بەتراژیدیکردنی ژیانی ملیۆنەهای وەک سیلان پێوویستی بەلانی کەمەوە بە جۆرە هەلوێستەکردنێک هەیە کە هایدیگەر لەخۆیا ڕابەدینەکردووە بەلام لەبڕی ئەوە هایدیگەر زۆر زۆرزانانە ڕەفتاریکردوە و بێدەنگی هەر سەبارەت بە دیاردەی هولوکۆست هەلنەبژاردوە بەلکو سەبارەت بە شیعری سیلانیش، کە دیارە شیعرەکانی سیلان لەوحالەتەدا هولوکۆستی بیرخستۆتەوە. بۆیە لایخوارەوە تاوێک لەسەر سیلان – هایدیگەر دەوەستین و بۆئەو مەبەستەش دەگەڕێینەوە سەر هەندێ لە بینینە فەلسەفیەکانی فیلیپ لاکۆ- لابارتیش.
سیلان هەر تڕاکل و هۆلدرلینی نەخوێندۆتەوە کە هایدیگەر لەسەری نووسیوون بەلکو خودی کتێبە ناودارەکەی هایدیگەریشی بەچاکی خوێندۆتەوە (واتە بوون و کات). ئەلبەتە هایدیگەریش شیعری سیلانی خوێندۆتەوە(6) .لەم ڕوەوەشەوە فیلیپ لاکۆ- لابارت دیتنمان بەرەو ئەو شوێنەدەبات کە بیری هایدیگەر مانای خۆی بۆ سیلان هەبووە (7) و ، هەروەها ئەم بیرمەندە فەڕەنسیە بۆئەوەشدەچێت کە سیلان لەڕێگای دیالۆگکردنی هایدیگەر دیالۆگی شیعری هۆلدرلینیش دەکات بۆیە ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسیە لەوەش بەئاگاماندێنێت گەر لەڕێگای ڕوونکردنەوەکانی هایدیگەرەوە بۆ هۆلدرلین نەبایە شیاو نەبوو سیلان شیعرێ وەک توبینگن بنووسێت (8).
بەلام شتەکان لێرە کۆتایناێت و تەنانەت کاردەگاتە ئەوەش کە سیلان و هایدیگەر لە 25 ی تەمووزی  1967لە  “تودناوبێرێ* (خانووی هاوینەی هایدیگەر) یەکترببینن و دواتر سیلان هۆنراوەی “تودناوبێرێً” ، شاخی مەرگ، بەناوی ئەو شوێنەوە ناوبنێت کە ژوانەکەی تیاسازێنراوە، کە دەکات ئەو شوێنەی هایدیگەر لێیژیاوە ، واتە خانووە هاوینیەکەی هایدیگەر کە بریتیبووە لە مالێکی کەپرین، کە دەکەوێتە ناوچەی شاخەڕەشەکانی باشووری ئەلمانیاوە. ئەلبەتە یەکتربینینەکەش دەکات ڕۆژێک دوای ئەو کۆڕەی سیلان لە زانگۆی فرایبۆری بۆ خوێندنەوەی وانەێک سازیکردووە. هایدیگەر پاش کۆڕەکە سیلان بۆ لای خۆی دەعوەتدەکات و لەکاتی یەکتربینینەکەشدا هایدیگەر نووسخەێک لە نووسینی “”هزر چییە؟”” ی خۆی بە سیلان دەدات. سیلان لە مالەکەی هایدیگەردا چەند وتەێک لە “دەفتەری میوانان”ی هایدیگەر دا تۆماردەکات. دواتر هایدیگەر نامەی سوپاس بۆ سیلان دەنووسێت بۆ  سەردانەکەی و، هەروەها ئەو کاتەی سیلان سەردانی هایدیگەر دەکات هایدیگەر باسی ئەو لێدوانەشی بۆ دەکات کە لەتەک ڕۆژنامەی  دێرشپیگل لە 23 سێپتەمبەری 1966 دا لەتەکیا کراوە. ئەم لێدوانەش پاش مەرگی هایدیگەر لە 31 ئایاری 1976 دا لەهەمان ڕۆژنامەدا بڵاوکراوەتەوە.

ئەو شیعرەی( واتە تودناوبێرێ ) کە سیلان لەبارەی ژوانەکەوە نووسیویەتی بەدەم ڕێگاوە نووسراوە، واتە پاش گەڕانەوەی سیلان بەشەمەندەفەر لە فرانکفۆرتەوە بەرەو پاریس و ئەلبەتە سیلان پێش بڵاوکردنەوەشی کۆپیێکی بۆ هایدیگەر ناردووە بەڵام جگەلەم  یەکتربینینە گوایە پاش 1967 دووجاری تر هایدیگەر و سیلان یەکدەبینن و تەنانەت هایدگەر بەلێنی ئەوەش بە سیلان دەدات گەر بێت و ئەمجارە بێتەوە ئەوا لەتەکخۆیا دەیبات بۆ سەردانی ئەو ناوچانەی هۆلدرلین لێیژیاوە بەڵام خۆکوشتنەکەی سیلان ، لە 20 نیسانی 1970 ، ئەم هیوایەی هایدیگەر لە هەناسە دەخات.
شایانی ووتنە، ئەم یەکتربینینە ،کە تائەوڕۆ شتێ ئەوتۆی لەبارەوە نەووتراوە (9) ، بەبۆچوونی لاکۆ- لابارت ئەو شیعرەی لێبەرهەمهات کە ناوی شوێنی ژوانەکەی لەخۆگرتووە (واتە تودناوبێرێ). ئەم شیعرە کە ژوانی نێوان شاعیرێک و فەیلەسوفێکە، یان ژوانی نێوان جووێک و غەیرەجووێکە، زمانی ئەلمانی کۆیاندەکاتەوە. لەو شیعرەدا ،کە ناوی جێی یەکتربینینەکەی لەخۆگرتووە ، سیلان باس لە هزر دەکات نەک قەتلوعامی جووەکان کە ئەمەی لە شیعری”” توبینگن “”دا کردووە. ئەمەو لەدرێژەی لێکدانەوەکەی لاکۆ-لابارت دا ئەو بینینەش لای خوێنەر دەنەخشێنرێت کە سیلان شیعری تۆبینگنی لەبارەی هۆلدرلینەوە نووسیوە و هەروەها شیعری تودناوبێریشی لەبارەی هایدیگەرەوە (10). 

واهەستدەکەین گەر شتێک لەسەر ئەو یەکتربینینەی نێوان سیلان و هایدیگەر لەلایەن یەکێکیانەوە بەڕوونی بووترایە ڕەنگە بۆ گفتوگۆی نەک هەر فەلسەفە و شیعر بەلکو بۆ خودی ڕوناکبیری و هەلوێستی ڕوناکبیری و بەرپرسیاریەتی ئەم ڕوناکبیریەش بەهادار و گرینگبایە (11). چونکە بەشێ لە ئێمە لەوە بەئاگایە کە سیلان قووربانی دەستی نازیەکان بووە و هایدیگەریش وەک ئەلمانیەکی غەیرە جوو تا مرد شتێکی لەسەر هولوکۆست نەنووسی و تەنانەت داوای لێبووردنیشی لەو بێدەنگیەی لە دیاردەی ئوشۆێتزیش نەکرد. سیلان کە ئەمەی دەزانی و هایدیگەریش باش لە کەتنی خۆی بەئاگابوو بۆیە بۆ گەلێ بابەتی پرسیار و گومانە بۆ تائێستا شتێ دیاریکراو و کۆنکرێت لەسەر ئەو یەکتربینینەی نێوان هایدیگەر و سیلان نەووتراوە. بۆ زۆر لەشارەزایانیش لە فەلسەفەی هایدیگەر ئەوە جێیتێڕامانە کە دەبێت ئەم دوو کەسە چیان باسکردبێت؟
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین کە، نهێنی ئەو ژوانە لەوەدا نییە کە شاعیرێ لەگەل فەیلەسوفێ کۆدەکاتەوە بەلکو نهێنی ئەم ژوانە لەوەدایە باسی بەسەرهاتێ دێنێتەوە بیرمان تابلێی بوارێ بەپیتە بۆ هزراندن. ئەو بەسەرهاتەش لەخودیخۆیدا لەلاێ سیلانمان بیردەخاتەوە کە قوربانی ئەو بەسەرهاتەیە و لەلاێ دیش هایدیگەرمان بیردەخاتەوە کە لەو بەسەرهاتە بێدەنگبووە.
ڕاستە پێش ئەم ژوانە ئەم دوو لایەنە (سیلان و هایدیگەر) یەکتریانخوێندۆتەوە و بەناوی یەکتریش گوێبیستبوونە بەلام هێمنی و نهێنیەک ئەو گوێبیستیەی ڕاگرتوە کە کەمکەس تێدەگات. هۆی بنچینەی ئەو مەسەلەیەش بەجووبونەکەی سیلانەوە تایبەتە هەروەها بە بێدەنگیەکەی هایدیگەریشەوە تایبەت بەو قەتلوعامەی لە سەردەمی نازیەکان لە ئەلمانیا بەسەر جووەکان هاتووە ،کە باوک و دایکی سیلان یەکێکن لە قووربانیەکانی ئەو قەتلوعامە.
هۆیئەوەش کە ئێمە لێرە جەغت لەو یەکتربینینەدەکەین بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە هایدیگەر لەلاێ بۆ چوونی لەسەر شیعر هەبووە و شیعری تڕاکل و هۆلدرلینی ڕاڤەکردوە و لەلاێتر ناوی هایدیگەر گرفتاری هەقایەتێ سیاسییە کە تائەمڕۆش لە فەلسەفەکەی نابێتەوە و سەرووی ئەمانەش بۆچوونی فەلسەفیانەی لەمەڕ شیعر تێکەل بە تێگەیشتنی لەبارەی مێژوو و نەتەوەشەوە کردوە.
بەلام ئەوی زۆر لەبارەی ئەو یەکتربینینەوە شایانی ووتنە ئەوەیە کە، سیلان لەکاتی یەکتربینینەکەدا لە کتێبی یاداشتنامەی میوانانی هایدیگەردا چەند وشەێکی یاداشتکردووە کە بەڕاشکاوی تیایانا ئاواتخوازیاریێ نیشاندەدات بۆ پاشگەزبوونەوەی هایدیگەر لە بۆچوونەکانی پێشووی (12). ئەم خوازیاریەی سیلان کە وێنەی تری لای لاکۆ-لابارت نەخشاندووە تەنێ ئەوانە لەو وێنەیە دەگەن کە بەدەردی سیلان دەبرێن. بۆیشە وادەلێین چونکە لاکۆ-لابارت لەو کتێبەی لەبارەی سیلانەوە بەنێوی “”شیعرگەرایی وەک ئەزموون”” نووسیویەتی لە ژێرناوی پەڕەگرافی “”نا-لێبوردەی”” چەند دێڕێ زۆر کورت و چڕی نووسیووە و تیایا بانگەشە بۆ نالێبوردەی لە هایدیگەر دەکات. چونکە ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسیە بۆئەوەدەچێت کە هایدیگەر نەدەبایە لە دیاردەی هولوکۆست بێدەنگ بێت. لاکۆ-لابارت پیێداگیری لەسەر ئەوەشدەکات کە هایدیگەر دەشیا یەکەم کەسبایە شتێکی لەبارەی دیاردەی ناوبراوەوە بووتایە. هەر سەبارەت بەهەمان بابەت لاکۆ-لابارت بۆئەوەشدەچێت ڕیسکە کە بیر لەمجۆرە بێدەنگیەی نەباتەوە (13).
ئەلبەتە پێوەندیەکانی سیلان- هایدیگەریش بۆ ئەو لایەنانەی لاکۆ-لابارت باسیلێوەدەکات گرینگیخۆی هەیە. چونکە هایدیگەر و سیلان ئاگایان لە کارەکانی یەکتر هەبووە بەڵام ئەم لایەنە زۆرتر لەلایەن سیلانەوە بووە تا هایدیگەر. بۆ ئەو مەبەستەش تاوێک لەسەر جێمس لیۆن دەوەستین. جێمس لیۆن لە کتێبە ناودارەکەیدا تایبەت بەملایەنە (پۆل سیلان و مارتین هایدیگەر: گفتووگۆێکی چارەسەرنەکراو) ئاماژە بەوەدەکات کە لە کتێبخانە شەخسییەکەی سیلان دا، کە پاش مردنی لەدوای خۆی بەجێیهێشتووە، جگەلەو بەرهەمانەی هایدیگەر بەدەستی بە سیلانی داوە، ئەوە بینراوە کە سیلان لەو کتێبانەی هایدیگەر کە کراونەتە فەڕەنسی 7 کتێبی هەبووە و لەسەر لاپەڕەکانی زۆربەشیان سەرنج و بۆچوونی خۆی نووسیوە ، ئەلبەتە نموونەش لەسەر ئەو کتێبانەی هایدیگەر ئەمانەن: “بوون و کات”،  “میتافیزیک چییە؟”، “خوێندنەوەی شیعری هۆلدرلین”، “فەلسەفە چییە؟” و ، دوا خوێندنەوەش کە سیلان بۆ هەندێ کاری هایدیگەر کردووە لە 26 ی ئاداری 1970 دا بووە کە دەکات 24 ڕۆژ پێش مردنی سیلان(14).
هەروەها سیلان ، بەپێی ئاماژەکانی جێمس لیۆن بێت، لە سالی 1951 ەوە، دەستیکردووە بە خوێندنەوەی کارە فەلسەفیەکانی هایدیگەر و لەسەرئەوە بەردەوامبووە تا پێش مردنیشی بە مانگێ. هەروەها بەپێی قسەی لیۆن بێت سیلان لە خوێندنەوەی هایدیگەر بەردەوام بووە تەنانەت لەپاش ژوانەکەشیان بەولاوە ،واتە دوای 1967.

بەڵام چۆن سیلان بە هایدیگەر ئاشنابووە ئەمەش بۆ گەلێ لە توێژەرەوەکان پرسیارە؟ لێرە دەکرێت بلێین کە، ئەو کەسەی نووسینەکانی هایدیگەری بە سیلان ناساندوە ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان (15) بووە. سیلان ناوبراوی لە 1947 لە ڤیەنا ناسیووە (16). ئەلبەتە سیلان لەماوەی شەش مانگ مانەوەی لە نەمساپەخشانێکی شەش لاپەڕەونیوی بەناوی “”ئێدگار ژانێ و خەونی خەونێک”” ی لەسەر داوای وێنەکێشێک بەناوی “ئێدگار ژان” ێک نووسیوە. ئەم پەخشانە یەکەم هەولی تیۆری شیعری سیلانە کە کاریگەی گەلێ لە گفتووگۆکانی سیلان – باخمان لەبارەی هایدیگەرەوەی بەسەرەوە دیارە (17).
 هەر تایبەت بەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش بیردەخەینەوە کە، ئوتۆ پۆگلەر لەو نووسینەی بەناوی””شوێنپێی پەیڤ”” نووسیویەتی ئاماژە بۆئەوەدەکات سیلان لە سالی 1957 دا ویستویەتی شیعرێکی خۆی بەناوی “شیلیر”ەوە بۆ هایدیگەر ڕەوانەکات بەڵام دواتر لەو مەسەلەیە پەشیمانبوەتەوە و نەیویستووە بەناردنی ئەو شیعرە بەرائەتی سیاسی بۆ هایدیگەر چێکات(18).
سەرباری گشت ئەوی لایسەرەوە سەبارەت بە سیلان – هایدیگەر ووترا و پێشتریش لەبارەی هۆلدرلین- هایدیگەر ووترا تێگەیشتمان بۆ هۆلدرلین وەک شاعیرێکی “”چاخی شاعیران “”ەکەی بادیو وامانلێدەکات لەم نووسینەدا مەیل بخەینە سەر لایەنێکی تر ئەوەش ئەوەیە کە، هۆلدرلین شارەزایێ باشی لە تیۆلۆژی و زمانی یۆنانیدا هەبووە و دۆستی گەلێ لە شاعیرانی ئەو دەمەی خۆشیبووە بەلام ئەوەندەی هایدیگەر بایەخ بە لایەنی مێژووی ووتنەکانی هۆلدرلین دەدا ئەوەندە بایەخ بەلایەنی تیۆلۆژی نادا کە بەخۆی ووتنێ تیۆلۆژی زۆر لە شیعرەکانی هۆلدرلین دا پەنهانن. بەلام ووتنەکان لەچوارچێوەی جۆرە یارێک قەتیسکراون کە تابلێی بێ زیان و میهرەبانن. شیعری هۆلدرلین کە فەلسەفیە زەمینەی بۆ یاریێسازکردوە کە ووتن لەو یاریەدا بێ نیاز دێت و دەچێت. بەواتاێتر، ووتنی شیعری هۆلدرلین بێوەیە و دەستکاری جیهانی دەرەوەی خۆی ناکات.
بۆئەوەی ئەوە تەواوکەین کە پێشتر ووتومانە دەمانەوێت بچینەوە سەر ئەو بۆچوونەی کە شیعر لە یاری، یاری ووتن، یاری زمانەوانی، قەتیسدەکرێت. ئێمە دەزانین ئەم نەرێتە لەپشت بەشێ لەو سوفستایەتە فەلسەفییەوەیە کە ئەمڕۆ وتاری ڕۆشنبیری تیایدەژیت بەڵام بەبێ پاکانەکردن بۆ هۆلدرلین دەمانەوێت لێرە جەغت لەوەبکەین کە ئەو یاریەی لە ووتنەکانی هۆلدرلین دا بەدیدەکرێن یاریێ بێوەین، بێ زەرەرن ، و هەقی کەسیشیان نییە. بەلگەشمان لەسەر ئەوەی دەیلێین باگروندی تیۆلۆژی هۆلدرلینە لە شیعرەکان، ئەو باگروندەی کە شیعرگەراریێ ساکار و میهرەبانی دروستکردوە. بەڵام ئەم لایەنە نە بادیو باسیلێوەدەکات و نەش هایدیگەر بە وردی پێیلەسەرداگرتووە. هایدیگەر کە هۆلدرلین دەکات بەکەرەستەی ڕاڤەکردن لەبەرئەو ویستە فەلسەفییە بووە کە لەخۆیڕا ئامادەبووە. ویستی هایدیگەر بۆ فەلسەفاندن وایلێکردوە بەو جۆرە قسە لە هۆلدرلین بکات نەک شێوەێتر. چونکە باسی هایدیگەر لە بوون و لە مەترسی تەکنیک ، کە هەردوو پێکەوە لە هزری هایدیگەر یەکیانگرتۆتەوە، هایدیگەری بەرەو ئەو بینینە بردوە کە گوشاربێنێتەسەر جۆرە ڕامانێ کە ئەوەش بەمجۆرەیە: تەکنیک ڕۆلی لە لەبەینبردنی بوونمان هەیە یاخود تەکنیک دەستی لەبیربردنەوەی بوون هەیە. ئەمەش دەنگێ فەلسەفی لای هایدیگەر دروستکردووە کە هایدیگەر پێیوایە بۆ فەلسەفە پێویست بووە. ئەم پێویستیە بۆ ئەم جۆرە فەلسەفەکردنە بەوەش دەشێ لەقەلەمدرێت کە پێش هایدیگەر بەمجۆرە فەلسەفەنەکراوە، واتە بوون نەبووە بە کەرەستەی فەلسەفە، و هەروەها شیعریش لەلایەن فەلسەفەوە ئەو دەرگایەی لێنەکراوەتەوە. ئاشکرایە نیچە پێش هایدیگەر کاری لەسەر بوارە داهێنیەکان کردوە بەڵام نیچە ڕاستەوخۆ لەسەر شاعیرێ دیاریکراوی نەنووسیوە. هەروەها ڕاستە نیچە خوێنەرێ باشی هۆنراوەکانی هۆلدرلین بووە و فەلسەفەی لەناو شیعرا جیێقایمکردووە بەڵام نیچە کاریلەسەر لکانی نێوان شیعر و فەلسەفە، هیچ نەبێ لەسەر ئەو شێوازەی هایدیگەر، نەکردووە. هەروەها فەلسەفە، چاترە بلێین  ووتنی فەلسەفی، لەگەل نیچە بەشیعرگەرادەکرێت و نووسینی “”ئاوادوا زەرادەشت”” یش نموونەێکە لەسەر ئەو ویستەی نیچە بەڵام ئەم لایەنە ئەو ڕەوانبێژییەی بەرهەمهێنا کە بادیو پێیقەلسە.

ماویەتی…….

پەراوێز و سەرچاوەکان:
1. بڕوانە مانیفێست، نووسخەی ڕووسی، لا 43، کە لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە،.
2. بڕوانە کتێبەکەی فیلیپ لاکۆ- لابارت لا 147، کە لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە،.
3. بڕوانە لا 12 ی پێشەکیەکەی هانس ڕوین، کە بۆ کتێبەکەی””شیبۆلێت””ی دێریدای نووسیوو، کە لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
4. بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 14.
5. بڕوانە هەمان سەرچاوە و لاپەڕەی پێشوو.
6. لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە گەلێ زانیاری وورد تایبەت بە پێوەندی سیلان – هایدیگەر ئاماژەی پێەکراوە کە پێشتر بەرچاونەکەوتووە:
James K. Lyon. Paul Celan and Martin Heidegger: An Unresolved Conversation، 1951–1970The Johns Hopkins University Press; 1 edition 2006، p. vi ii.
7. بڕوانە لا 32 ی کتێبەکەی  فیلیپ لاکۆ- لابارت ،کە لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە،.
8.  بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو لا 33.
Todtnauberg*
9. هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمان پێکرد کتێبەکەی جێمس لیۆن لەبارەی پێوەندی سیلان- هایدیگەر کە 5 سالێک پێش ئێستا چاپکراوە ڕۆشنایدەخاتەسەر گەلێ لەو شتانەی کە پێشتر دەستیبۆڕانەکێشراوە.
10.Philippe Lacoue – Labarthe. Poetry as Experience. Translated by Andrea Tarnowski. Stanford University Press 1989.s.6.
11. بڕوانە پەراوێزی 45 لە کتێبی “”شیبۆلێت”” ی دێریدا، لایخوارەوە، هەروەها لاپەڕەی 128 لە نووسینەکەی ئاریز فیۆرێتۆس لەهەمان سەرچاوەدا:
Jacques Derrida. Schibboleth. Översättning: Aris Fioretos & Hans Ruin، Symposion، 1990.

12. بڕوانە کتێبەکەی فیلیپ لاکۆ- لابارت، لا 110.
13.  بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 122.
14. James K. Lyon. Paul Celan and Martin Heidegger: An Unresolved Conversation، 1951–1970The Johns Hopkins University Press; 1 edition 2006، p. 219.
15. ئەوی لێرە دەیلێن پێشتریش لە ژێریەکێ لە پەراوێزەکانا ووتومانا:
سیلان پێشئەوەی لەسالی 1952 ژیزیل بخوازێت پێوەندی دلداری لەگەل ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان هەبووە و ئەم پێوەندیە دواتر پاش ئەوەی سیلان ژیزیلیش ئەخوازێ جارێتر سەرهەلدەداتەوە و تەنانەت دیوانێکیشی پێشکەشکردووە. باخمان کە تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر “پێشوازی ڕەخنەی لە فەلسەفەی بووناوی مارتین هایدیگەر ” بووە زمانناس و شاعیرێ بەتوانابووە. لە کتێبێکدا کە تایبەتە بە سیلان و باخمانەوە ئەو نامانە بڵاوکراونەتەوە کە نزدیکەی 200 نامەێک دەبێت سیلان و باخمان لەماوەی ساڵانی 1948 بۆ 1961 بۆیەکیان نووسیووە. نامەکان کە بە ئەلمانی نووسراون لەم دوایە وەرگێردرایە سەر ئینگلیزی.
Ingeborg Bachmann-Paul Celan: Correspondence: letters between Ingeborg and Paul Celan،Seagull Books  2010.
16. James K. Lyon. Paul Celan and Martin Heidegger: An Unresolved Conversation، 1951–1970.p.3.
17. بڕوانە هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە، لا 3.
18. Celan / Heidegger: Translation at the mountain of death ، by  Pierre Joris.
http://epc.buffalo.edu/authors/joris/todtnauberg.html

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.