تەنیایی من و ژنێکی ڕەشپۆش
لە نێو ڕووبەری عەشقی تۆ
ژیان و بوون
مانایەکیان نیە
هەر مردن و هەر مردن و
مردن و مردن و مردن
تا چاویش بڕکات
هەر هیچ و هەر هیچ و
هەموو شتەکان
بێبەها و هیچن
لە نێو ڕووبەری جوانیەکانی تۆ
مردن مانایەکی نیە
تا چاو بڕکات
هەر بوون و هەر بوون و
هەموو شتەکان
بەها و بوونیان هەیە
بەم هاوکێشە
میزاژیانە و عەبەسیانەت
منت کۆنفیوز کردووە
ئەی ژنە جوانە ڕەشپۆشەکە …!
هۆ ژنەکە
لە هەرکوێ بیت
لە نێو / دووڕگەکانی دۆزەخ
یان لەنێو / باخچەکانی بەهەشت
یان لە نێو / هەوارگەکانی هەور
چاو لە ماڵە خنجیلانەکەی ژیان بگێڕە
بە هێمنی لە دەرگا بدە و بڕۆ ژوورەوە
چیتر لە نێو
تاریکی شەو و
ژوورە تەنیاییەکەی خۆت
مەمێنەرەوە
یان نیگارە تەنیاییەکەی خۆت
بە ڕەنگە ئاچوغەکانی تەنیایی من
ڕەنگ مەکە
چیتر / گوڵە تاقانەکەی
نێو مەرکانی تەنیاییەکەی خۆت
بە لاوک و لاوژەکان و
بە شمشاڵە شەهوەتاویەکەی
تەنیایی من / مەلاوێنەوە .
من لە شەوێکی هاوین
لە شەوێکی خەمناک و خامۆش
شەوێکی خرنگی خوناوکەیی
تەنیایی خۆم
لە تەنیشت یادەوەریەکانی تۆ
لە نێو چوارپایەی تریفەی مانگ
جێهێشتووە
ئێستا تەنیایی من
لە جیاتی مردن
پڕاوپڕە لە کولیکە سوورەکانی ژیان
ئێستا تەنیایی من
لە جیاتی مردن
گۆرانی بۆ ژیان دەڵێ
هۆ ژنە جوانە ڕەشپۆشەکە
دەپێم بڵێ
کێ دەتوانێ وەکو من
بە نێو
تاریکایی جەستە تەنیاییەکەی تۆدا
ڕەت ببێ ..؟
کێ دەتوانێ ..؟
لە نێو ئۆقیانووسە ئیرۆسیەکانی
نێو جەستە پڕ شەپۆڵاوییەکانی تۆ
مەلە بکات
وەکو من
مۆری و مەرجانەکانی جوانیت بدۆزێتەوە ..؟!
ئیتر لە هەر کوێ بیت
تارا ڕەشە
قەترانیە ترێییە تەنیاییەکەت / فڕێدە
لە نێو قۆزاخەی نیگەرانیش وەرە دەرێ
پشت لە مردن بکە
بە دوای ماڵە خنجیلانەکەی ژیاندا بگەڕێ
بە هێمنی لە دەرگا بدە و بڕۆ ژوورەوە
من لە وێدا
لە شەوێکی بەهار
شەوێکی بێداری باڕێزەیی
تەنیایی خۆم
لە تەنیشت
پەیکەری هەناسە گەرمەکانی تۆ
لە نێو باخچە خەملیوەکانی نێو دڵی خاک
جێهێشتووە
ئێستا تەنیایی من
لە جیاتی مردن
پڕاوپڕە لە گوڵە
نێرگزە چاوگەشەکانی نیشتیمان
ئێستا تەنیایی من
لە جیاتی مردن
سەما بۆ نیشتیمان دەکات .
ئەی ژنە جوانە ڕەشپۆشەکە
دەتۆش لە شەوێکی زستان
شەوێکی زێڕینی زایەڵەیی
زەڕنەقووتەی / ئارەزووەکانی خۆت ئازادکە
یان لە شەوێکی پاییز
شەوێکی پرشنگی پەروانەیی
ڕەشماڵی تەنیایی خۆت
لە بناری تەنیایی من هەڵبدەوە
با بارانی تەنیایی من
وەکوجاران
تەنیاییت تەڕ بکاتەوە
تەڕ تەڕ تەڕ
یان پێکەوە
بەدوای ماڵە خنجیلانەکەی ژیاندا بگەڕیین
بە هێمنی لە دەرگا بدەین و بڕۆینە ژوورەوە
تێر تێر کولیکە سوورەکانی سەفا بۆن بکەین
یان گوڵە نێرگزە چاوگەشەکانی نیشتیمان
هەر پێکەوەش
لەنێو چوارپایەی خەونەکانمان ڕابکشێین
هەر لەوێدا بمێنینەوە
تا تەنیاییمان
پڕ دەبێت لە
گوڵاڵە سپیەکانی عەشق و
سەماش بۆ ژیان دەکەن ..!
هۆ ژنە جوانە ڕەشپۆشەکە
بیکە بە خاتری
ماڵە ڕەنگینەکەی عەشق و
مەمکۆڵە خرپنەکانی خۆزگەکانمان
وێنەکانی خۆت لە نێو
ئەلبوومەکانی تەنیایی
بێنە دەرەوە
یان چیتر
بیرەوەریەکانی خۆت
لە نێو دەفتەرەکانی مردن
مەنووسەرەوە
هۆ ژنە جوانە ڕەشپۆشەکە
بیکە بە خاتری من و
خاتری خودا
با پێکەوە سەما بکەین
سەما بکەین سەما …!
ناوەڕاست نۆڤەمبەری ٢٠١٠ و
سەرەتای بەفرانباری ٢٠١١