باخچه‌کانی به‌هه‌شت و دیوانه‌کانی گوناهباران
له‌سه‌ر خواردنی سێوێک
هه‌موومان له ئه‌زه‌له‌وه
له به‌هه‌شت ده‌کراین..
چاوم لێیه‌له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌مه‌وه
په‌نجه‌کانی خۆر له درزی په‌رده‌وه
شه‌رمنانه گه‌مه به سێوه سووره‌کانی
سه‌ر مێزی ئه‌م بهیانییهم ده‌کات و
تابلۆیه‌ک ده‌کێشێ و ماڵم پڕ ده‌کات
له ڕه‌نگی ده‌ره‌خت و
بۆنی عه‌تره کچێک
به ته‌نیایمدا ده‌بارێنێت..
ئه‌ی خودایه چه‌ند تاڵه ماڵئاوایی
له باخه‌کانی ئه‌وین
قه‌ده‌ر وای ویست
قه‌ده‌ر مسته‌کۆڵه‌یه‌کی کێشا به چارهنوسمانا و
ئیدی خه‌به‌رمان نه‌بۆوه ..
زۆر له مێژه ده‌ستم له گه‌ردنی
دڕکێک نابێته‌وه که به‌دزییه‌وه بۆ ژووانم هاتبوو
دڕک ده‌یویست خوێنم قبوڵ بکات و
له پیاڵه‌ی سۆزانیهکا دوواقومی نۆشکا
من یه‌که‌مین که‌سم که ئاگام له‌مردنی خۆمه
ئاگام له هاتنی بای شوومه که خنه‌خن
به‌ره‌و سنوور دێت
ئۆی له‌من ئۆی له‌من ،ئۆی له گوڵبههارا من
له‌و دیو سنووره‌وه بۆنی( ئاو )دێت
له‌سه‌ر ئاوی کانییه‌ک وێنه‌ی کچێکی شه‌رمن
به په‌ڕی باڵنده‌کان نه‌خشێنراوه..
گوڵی سه‌ر شۆسته‌کان چاوه‌ڕوانی
وهنهوزیانه بۆ باوه‌شی قهیرهکچێک
من چیبکه‌م له باخێک په‌رژینی نییه
بۆ ده‌سته خوێنهویهکانی مێرخاسان
من چیمداوه له‌بۆنی( ئاو )ئه‌و کاتێک دێت
منی گه‌ڕیده ته‌ڕ ته‌ڕم بهداستانه درۆزنه‌کان
نوقمم له داڕزانی مێژوو
بێمزه‌ڕه‌ت بیت په‌رژینی باخه‌کانی مه‌فتون
دڕکهکانت تێرن به خوێنی په‌نجه‌ی ئازیزانت
دره‌خته‌کانت فێرن به گریانی مناڵیمان
سێ‌و لای من گه‌مه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی
مناڵیمه له سنگی دایکما
تامی زمان و بۆنی مێخه‌کی لێدێت
مێژووی سووتانه له هه‌ناوی به‌هه‌شتا
پرسیارێکی زه‌به‌لاحی
عاریفهکانه له‌قیامه‌تدا
سێ‌و له خه‌یاڵماندا حه‌رامترین میوه‌کانی خوایه
بێ‌تامترین مه‌خلوق قه‌پاڵی لێده‌گرێت
نیگایه‌کی دووری(گۆران)ه له درزی په‌چه‌وه.
غه‌مبارم که خوا له‌خۆڕا سێوی به‌نه‌عله‌ت کرد لێمان
(غه‌مبار)یشمان چاوه‌ڕوانی مناڵێکه
که ده‌سته‌کانی پڕن له قه‌قنه‌س
ئه‌و خوازیاربوو زارۆکه‌کان به نێڕگزهوه بگه‌ڕێنه‌وه
ده‌یویست چیدی سێ‌و بۆنی سروشت نه‌کوژێ
سێ‌و نه‌بێته تابووت و گۆڕستانێک
نه‌خاته مێژوومانه‌وه
ئه‌و له‌ناو خه‌یاڵی سێوێکا
سه‌ری به‌فرینی پڕووشه ده‌کات به‌سه‌ر
گوێسهبانهو کۆڵانه‌کانی گوڵعوزارا
ده‌نگی گریانێک ده‌خاته ناو تامی سێوێکه‌وه
به دایکانی ئه‌و گه‌ڕه‌که ده‌بێژێ
سه‌رمایه‌و زوقم سه‌ر گه‌ڵاکانی داپۆشیوه
به‌سیه‌تی دوعاکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی
بۆنی مێخه‌ک و ڕه‌نگی گه‌ڵاکانی ماڵتان
له‌بیرمه له‌و گه‌ڕه‌که سنگ کوتان بوو
به شوێن سێوی باخه‌کانی(گوڵ عومه‌ر)دا
حهکایهتخوانێکی شووم
له‌به‌ر ده‌می ده‌رگه‌ی مزگه‌وتێکا
به‌ده‌نگی به‌رز بانگی ده‌دا
ڕه‌حمه‌تی خواتان لێبێت
جاجممان ده‌وێت بۆ ناشتنی دارسێوهکان
سابوونی ڕه‌قی و تفاقمان گه‌ره‌که
تاتهشۆرهکان شکاون
کێ پنه و مایه‌ی نانکردنی هه‌س
بی تێرێ بۆمان
فانۆس و فتیلهمان ده‌وێ
ڕه‌حمه‌تی خواتان لێ بێت زوو وه‌رن زوو
به‌فر خه‌ریکه شار داده‌پۆشێ
گۆڕهه‌ڵکه‌نێک شک نابه‌ین دڵه‌کانمان
له پێكی شه‌رابێکی گوڵا بنێژێت
عاریفێک نییه حهکایهتهکانمان بنوسێته‌وه
عه‌یامێکه کۆڵانه‌کانی ئه‌م شاره
خواجهیهک گوزه‌ری تیاناکات
سۆفییه‌ک به‌دی ناکه‌ین دیوانه‌که‌ی ( مه‌حوی ) مان
له‌شه‌وه بێدارهکاندا بۆ بخوێنێته‌وه
عه‌ره‌بانچیه‌کی گه‌ڕۆک له‌به‌رده‌می ده‌رگه‌ی ماڵێکدا
بهعهیش و نۆشه‌وه هاوار ئه‌کا
وه‌ره‌وه ئه‌ی گوڵباجی ئه‌ی منوهری داستانه‌کان
سێوی به‌هه‌شت و سه‌رپۆشه گوڵینیهکهی( حه‌وا )و
شه‌رابی دیوه‌خانه‌که‌ی (عیسا)م پێیه
کامیانت ده‌وێ هه‌ڵبژێره
مردن وا له‌ناو مشتمانا گه‌مه‌ی مناڵانه ده‌کات
تۆ به سێوێک ده‌مریت و منیش به پێکێ شه‌راب
من به‌قامچی حۆرییه‌کان زیندو ده‌بمه‌وه
تۆش به ئاوی کانییه‌که‌ی ( مو‌سا )
گوڵه‌کانیش به لێوه‌کانی تۆ..
گۆڵ له‌هه‌ر کوێیه‌ک بێت ماچی باران میوانیه‌تی
له‌هه‌ر دڵێک بڕوانیت دره‌ختێک تیا ئه‌ژی
ئێمه‌ی گوناهباران مردن و ژیان هاوڕێمانه
ئه‌دی چیبکه‌ین ئه‌ی گوڵباجی
ئیمه‌ی شه‌رمن هه‌میشه میهره‌بان و مه‌لول
له‌به‌رده‌می خوا و مهکتوبه ئاسمانییه‌کاندا..
مردن تامی سێوێکه له ده‌می مناڵێکی برسیا
دوکه‌ڵی پایپه‌که‌ی(زۆربا)یه پڕپڕه
له ئاوازی سه‌نتوور و سه‌مای چاوه‌ڕوانی
چاوه‌ڕوانی دواهه‌مین هه‌ناسه‌و
دواهه‌مین گۆرانییه‌کانی ده‌ریا
زویرمه‌به لهتهمهنێک که نه‌یانهێشت
پێکی شه‌رابی تیا نۆش بکه‌یت
چی بگێڕمه‌وه گوڵباجی
که ژیان خۆی حه‌کایه‌ت بێت..
پیاوێک هه‌موو ئیواره‌یه‌ک *
له قاوه‌خانه‌که‌ی( ڤان خۆخ )ه‌وه
دوو سێوی له دره‌ختی تابلۆکه‌ی(سێزان)ده‌کرده‌وه‌و
به‌ره‌و ماڵ ده‌بۆوه
له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یووت
ئه‌م سێوهیان بۆ(خۆر)ئه‌مه‌یشیان بۆ(تیبا)
ئێواران به‌ده‌م سێ‌و خواردنه‌وه
مناڵان گله‌ییان هه‌بوو
خۆر، ده‌یووت باپیره ئیدی من سێوی سوورم ده‌وێ
ئاخر باپیره بیرت نه‌چێ ئێ، سێوی سوور
ئه‌وی دیان ده‌یووت منیش سێوی به‌هه‌شتم ده‌وێ به‌هه‌شت.!
باپیره خه‌یاڵی ده‌یبرده ناو مێژووه‌و
له‌گه‌ڵ خۆ‌یا ئه‌ی دوان
ئۆی خودایه چه‌ند بێڕهحمیت
له‌سه‌ر خواردنی سێوێک گشتمان حه‌رامزاده بووین
ده‌رکراین،تێههڵدراین
ئه‌رێ خوایه بۆ تاوانمان چی بوو چی؟
مناڵێک به‌م جۆره وه‌ڵامی مامۆستاکه‌ی دایه‌وه
(چنار و قه‌ڵه‌م)له عه‌لوه‌که حه‌ماڵی ده‌که‌ن و
منیش له‌ناو پرته‌قاڵا له‌دایک بووم) *
ئه‌ی یه‌هوه تۆ بزانه چیت پێکردین
مناڵه‌کانیش نا‌وێرن حه‌کایه‌ته‌کانیان
باسی سێ‌و و بۆنی به‌هه‌شتی تیا بگێڕنه‌وه‌و
ژیانیان دووره له ناوی سێ‌و
شه‌یتانی جادوباز که‌تنی خۆی کرد‌و
ئێمه مه‌حکومین به فێڵی شه‌یتان
سیحربازانی مه‌لعون هه‌موو سپێده‌یه‌ک
سفره‌ی سه‌حه‌ریان ڕازاوه‌ته‌وه به قاشی سێ‌و و
مره‌بای هه‌نجیر و ده‌نکه زه‌یتوونی کریتا
مردن له ناو ڕووناکی چرایه‌کدا
شه‌رابی ئیبلیسی ده‌نۆشێ
نیعمهتبارانی جنۆکه ده‌کات
پێکه‌نینی به حه‌پسخانه‌ی ئه‌ستێره و
زومره‌ی سێوداران دێت
عه‌یامێکه سێ‌و هه‌قایه‌تی
به‌ر ئاگردانی حوجره‌و فه‌قێکانه
له زاری غهیبزانهکاندا..
قه‌زات له من که‌وێ ئه‌ی سێ‌و
فره جوانی به‌سنگی شیعره‌وه
چه‌ند ده‌لال و له‌به‌ر دڵانی
ئه‌وه‌ی جارێک دانی به‌ر گۆپکهت که‌وتبێ
ئیدی مانای تێر بوون نازانێ چییه.
بۆ ئه‌وه‌ی ژیان به سێ‌و نه‌گۆڕینه‌وه
گۆرانییه‌کانمان له‌ناو چارۆکه‌که‌ی ( حه‌وا)دا شارده‌وه
ئافه‌رین(ئاده‌م)خۆت و زارۆکهکانت ته‌سلیم
به سێوه‌کانی عه‌رشی خوا نه‌کرد.
فرمێسکه‌کانی گوڵعوزارت نه‌گۆڕییه‌وه به سێوه‌کانی خوا
دڵی مرۆڤه‌کانت نه‌دایه ده‌ست قه‌ده‌ری
مه‌لائیکه‌ته‌کانی فیرده‌وس
ژیانت خسته ناو پێکێ شه‌رابه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موومان مه‌ست بین و
ته‌ڵقینمان له‌گه‌ڵ ماچه به‌تاڵه‌کانی
حۆرییه سه‌رسه‌رییه‌کانی به‌هه‌شتا نه‌کرێ
ئاده‌م وای ووت
حه‌یات له‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا پیرۆزتره
له نیعمه‌ته‌کانی خوا.!
ده‌وه‌ن
* مەبەست لە بابە ئەبراهام،باپیری ( تیبا و کۆژین ) جگەرگۆشەکانی کاکە میران ئەبراهام.
* ئه‌م دێڕه‌م له‌زاری منداڵێکی پێنج ساڵه وه‌رگرتووه و ناوی ( لاوک )ه