چه‌ند سه‌رنجێک سه‌باره‌ت به وه‌رگێرانه‌کانی ڕۆمانی عه‌تر
چه‌نده نووسینی ڕۆمانێک یان چیرۆکێک یان شانۆنامه‌یه‌ک دژواره، وه‌رگێڕانی ڕۆمانێک یان چیرۆکێک له زمانێکی دیکه‌وه هێند دژوارتره. کاتێک که‌سێک به وه‌رگێڕانی ده‌قێکی وێژه‌یی هه‌ڵده‌ستێت، ده‌بێت شاره‌زایی ته‌واوی له هه‌ردوو زمانه‌که‌دا هه‌بێت و ئاشنایی له‌گه‌ڵ ئادیۆمهکانیشدا هه‌بێت. هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ی جوانی ده‌قه نووسینه‌که، مه‌رجێکه ده‌بێت هه‌موو وه‌رگێڕێک پاپه‌ندی بێت و نابێت به ئاره‌زووی خۆی ڕسته بگۆڕێت و وشه‌ی دیکه‌ی بۆ زیاد بکات و وشه ڕیز بکات. گه‌یشتن به‌م خاڵه‌ش ناکرێت به وه‌رگێڕانی وشه به وشه ببێت.
له ساڵه‌کانی دوای نه‌وه‌د و دواتر و تا ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له نووسینه بیانییه‌کان بۆ زمانی کوردی وه‌رگێڕدراون و که‌م تا زۆر هه‌وڵی تاکه‌که‌سی له پشته‌وه بووه و که‌سانێک له دڵسۆزی خۆیانه‌وه ویستویانه و ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه په‌ڕتووکخانه‌ی کوردی زه‌نگین بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆرێکی دیکه‌ش بۆ خۆده‌رخستن و ناوپهیداکردن بێگوێدان به ئه‌و تاوانه گه‌وره‌ییه‌ی به‌رانبه‌ر وێژه‌یی کوردی ده‌یکه‌ن و داهاتووی وێژه‌ی کوردی به‌هۆیه‌وه وێران ده‌که‌ن، له‌لایه‌کی دیکه‌وه وێنه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌خه‌نه به‌رچاوی خوێنه‌ری کورد.
ڕۆمانی “پاڕفیوم”،له نووسینی”پاتریك سۆسكیند” که دووجار کراوه به کوردی، جارێک له عه‌ره‌بییه‌وه و جارێکی دیکه گوایه له ئه‌ڵمانییه‌وه، هه‌ردوو جاره‌که‌ش ناوی “عه‌تر” بۆته ناونیشانه‌که‌ی.
ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه بکه‌م، که له عه‌ره‌بییه‌که‌وه وه‌رگێڕدراوه، ده‌بێت چه‌ندان لاپه‌ڕه له‌سه‌ر ئه‌و نادروستیانه بنووسم، که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به ڕۆمانه‌که‌وه نییه و له هه‌ندێ شوێندا زۆرم ده‌وێت له دێڕێك بگه‌م، چونکه پێچه‌وانه‌ی نووسراوه‌که‌یه. جا بۆیه ده‌مه‌وێت بڵێم، وه‌رگێڕ، که ناوی “ئه‌رخه‌وان”ه، خۆی ده‌ڵێت: “له‌م وه‌رگێڕانه‌دا سودم له‌دوو وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتوه،وه‌رگێڕانی نبیل الحفار ،و وه‌رگێڕانی کامیران حوج، جیاوازیه‌کی زۆرم به‌دی کردلهنێوان هه‌ردوو وه‌رگێڕانه‌که‌دا،له‌روی ناوومێژو و زۆرشتی که‌وه، به‌ڵام به‌سه‌لیقه‌ی خۆم کامیانم به‌باشترزانی بێ ئه‌وه‌م داناوه.”
جا نازانم ئه‌م به‌ڕێزه سه‌رچاوه‌یه‌کی زانستی کردووه به کوردی یان ڕۆمانێک؟
ئه‌م په‌یڤه‌ی له‌سه‌ره‌تای په‌ڕتووکی وه‌رگێڕاودا نووسیوێتی و ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵم و باخۆیان لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئاماژه به وه‌رگێڕانی ڕۆمان له زمانی ئه‌ڵمانییه‌وه ده‌ده‌م: چه‌ندین جار ڕۆمانی “پاڕفیوم” به زمانی ئه‌ڵمانی خوێندۆته‌وه و چه‌ندین جار گوێبستی ئه‌م ڕۆمانه بووم، که به‌ده‌نگیش ده‌توانرێت ده‌ستبكه‌وێت. پێش چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له ماڵپه‌ڕی “ده‌نگه‌کان”دا خوێندمه‌وه، که “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” ئه‌م ڕۆمانه قه‌شه‌نگه‌ی له ئه‌ڵمانییه‌وه کردوه به کوردی. جێگای شادمانییه، که شاکارێکی گه‌وره له جۆری “پاڕفیوم” بکرێته کوردی، چونکه هه‌ر دێڕێکی ئه‌م ڕۆمانه واتایه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و جوانییه‌ک ده‌رده‌خات. هه‌ربۆیه زۆر زوو ویستوم بزانم چۆن کراوه به کوردی و که‌وتمه خوێندنه‌وه‌ی.
ئه‌وه‌ی پێشتر ڕۆمانه‌که‌ی به ئه‌ڵمانی نه‌خوێندبێته‌وه، له زۆر شوێندا له واتای ڕسته وه‌رگێڕاوه‌کان تێناگات! له هه‌ندێکدا شوێندا وه‌رگێڕ چه‌ند دێڕێکی به هه‌ڵه کردووه به کوردی و چه‌ندان جاریش وشه‌ی گرنگی په‌ڕاندووه، که پێویسته له‌گه‌ڵ ڕسته‌که‌دا بکرێت به کوردی، ئه‌گینا ڕسته‌که واتایه‌کی دیکه‌ی ده‌بێت یان کێشی ڕسته‌که لاواز ده‌بێت. له هه‌مووی گرنگتر “ئیدیۆم”.
من لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه، که “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” و چه‌ندانی وه‌کو ئه‌م به گیانێکی هه‌ست به لێپرسراوێتییه‌وه نووسینێک ناکه‌نه کوردی و تاکو ئێستا وه‌ها تێگه‌یشتوون، که که‌سێک نایه‌ت، به‌راوردی کاره‌کان بکات. ئه‌وه‌ی من سه‌باره‌ت به “پاڕفیوم” کردوومه، ڕێکه‌وتێکه، که ده‌بێت ده‌زگاکانی بڵاوکردنه له کوردستان وه‌ک کارێکی هه‌ست به لێپرسراوێتی به‌رانبه‌ر دروستی یان نادروستی نووسینه‌کان بیکه‌ن و هه‌موو شتێک ده‌موده‌ست بڵاوینه‌که‌نه‌وه.
له لاپه‌ره ٣٥دا “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” ده‌نووسێت: “وه‌کو له دووره‌وه ماسی فرۆشێک له شه‌قامی (دی کارۆن)ه‌وه سه‌ر به‌ره‌و ژوور بێ و بانگ بۆ شمه‌کانی بکا.”
به‌ڵام نووسه‌ری “پاڕفیوم” شتی وه‌های نه‌نووسیوه و شتێکی دیکه ده‌نووسێت:
als von ferne ein Fischverkäufer die Rue de Charonne heraufkam und seine Ware ausschrie.
لێره‌دا نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت کاتێک ماسیفرۆشێک دێت، نه‌ک وه‌ک ماسیفرۆشێک.
له لاپه‌ڕه ٢٩٨دا “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” ده‌نووسێت: “که له چاوه‌کانت ده‌ڕوانم، وا ده‌زانم له‌و ده‌ڕوانم.”
به‌ڵام نووسه‌ری “پاڕفیوم” شتێکی دیکه نووسیوه:
Und wenn ich in deine Augen sehe, so ist mir, als schaue sie mich an.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌م دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وا نووسه‌ر ده‌ڵێت: “که له چاوه‌کانت ده‌ڕوانم، وا ده‌زانم ئه‌و له من ده‌ڕوانێت.”
هه‌ر له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” ده‌نووسێت: “ڕیچی له خۆشی‌دا له هه‌موو کونیله‌کانی جه‌سته‌یه‌وه جۆره ئاره‌قه‌ی سووری ده‌ر ده‌دا.”
ئه‌رێ ئاره‌قه‌ی سوور چییه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له
Da brach Richis das Glück wie roter Schweiß aus allen Poren
به‌خوا ئه‌مه جۆرێکه له ئیدیۆم، هه‌روه‌ک له شوێنکی تردا و له لاپه‌ڕه ٣٠٠دا نووسراوه: “سه‌ریان وه‌ک قورقوشم قورس و گه‌ده‌یان تێکهڵدهچوو و میزاجیان خراپ بوو.”
Selbst denen, die nicht getrunken hatten, war bleischwer im Kopf und speiübel in Magen und Gemüt.
نازانم کوا به کوردی ده‌توترێت سه‌ر وه‌ک قورقوشم قورسه.
هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی ٣٠١دا نووسیوێتی: “چرکه‌ساته ڕوون و ئاشکرا‌کانی گومانه‌وه دۆمینیک درۆوت، وه‌ستای عه‌ترساز له شه‌قامی لوڤه‌ر، که له کوخه‌که‌یدا پۆشاک و قژی هه‌موو قوربانییه‌کان دۆزراونه‌ته‌وه.”
به‌ڵام پاتریک زیویسکند ده‌نووسێت:
Aufgrund eindeutiger Verdachtsmomente verhaftete man Dominique Druot, Maitre Parfumeur in der Rue de la Louve, in dessen Kabane ja schließlich die Kleider und Haare sämtlicher Opfer gefunden worden waren.
لێره‌دا تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر “چرکه‌ساته ڕوون و ئاشکرا‌کانی گومانه‌وه”. ئه‌رێ ئه‌وه واتا چییه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت
Verdachtsmomente
بڕوا بکه ئه‌مه جۆرێکه له ئیدیۆم!
“که‌ریم په‌ڕه‌نگ” له دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ “ئارام سدیق”دا باس له گرنگی “ئیدیۆم” ده‌کات و ئاماژه به‌وه ده‌دات، که وه‌رگێڕ له‌کاتی وه‌رگێڕانی نووسینكدا زۆر ئاگاداری بێت! دیاره ئه‌م به‌ڕێزه جارێ واتای ئیدیۆم تێنه‌گه‌یشتووه.
زۆر گرنگه ئاماژه به کردنه کوردی ناوی که‌سه‌کان و شوێنه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه بده‌م، که “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” نووسیوێتی و هه‌مان شێوازه، که له عه‌ره‌بییه‌که‌دا هه‌یه. بۆ نموونه “بالدینی” بۆته “باڵدینی” و هتد.
ئه‌گه‌ر باس له وشه عه‌ره‌بییه‌کان بکرێت ده‌بێت چه‌ندان لاپه‌ڕه‌ی دیکه بنووسم. هه‌روه‌ها وشه ناوبازاڕییهکانی وه‌ک “قه‌حپه”، که نووسه‌ر وشه‌ی وشه ناوبازاڕییهکهی به ئه‌ڵمانی به‌کارنه‌هێناوه.
به داخه‌وه کاری وه‌رگێڕان ڕۆمانی “پاڕفیوم” جێگای خۆی نه‌گرت و جوانی ڕۆمانه‌که له ڕیزکردنی وشه و له زۆربه‌ی دێڕه‌کاندا ده‌ڵێت، ئامێرێکی وه‌رگێڕان کردوێتی به کوردی.
له کۆتاییدا ئه‌مه‌وێت به کاک “که‌ریم په‌ڕه‌نگ” بڵێم، جارێکی دیکه ئه‌گه‌ر شتێکی وه‌ک ڕۆمان یان چیرۆکێکت کرده کوردی، خۆت وته‌نی، کاوه‌خۆ به و با که‌سێکی دیکه ته‌ماشایه‌کی بکات. گرنگ نییه ساڵی نووسینێک بکه‌یته کوردی و ناو وه‌ک وه‌رگێڕ ده‌ربکه‌یت، گرنگه به هه‌ستێکی لێپرسراوێتییه‌وه بڕوانیته نووسینه‌کان.