Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
نامه‌ چكۆله‌كانی عاشقێكی خۆرهه‌ڵاتی

نامه‌ چكۆله‌كانی عاشقێكی خۆرهه‌ڵاتی

Closed
by June 1, 2011 ئەدەب

1
له‌ دێڕ زه‌مانه‌وه‌
خۆم خۆمم بزركردووه‌
له‌ چاخه‌ كۆنیكه‌كانه‌وه‌
شه‌ڕ به‌ خۆم ده‌فرۆشم
جه‌ند سه‌یره‌…!
ده‌مه‌وێ‌ خۆم بگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناوخۆم
2
به‌ختیاریم ده‌شێلم
كامه‌رانیم ده‌كه‌مه‌ هه‌ویر
تا په‌ڕه‌ سێلكه‌كان بێ‌ مه‌ئوا نه‌مێننه‌وه‌
تاكو كۆتره‌كان هه‌ست به‌ نامۆیی نه‌كه‌ن
3
له‌ رێگاكان
باڵنده‌ی ئاگرێك
به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ ده‌فڕی
ووتم :باڵنده‌ی هاوڕێم
ئه‌زه‌لیترین دۆستم
ره‌فیقی ئه‌م گه‌شته‌م
له‌م فڕینه‌دا حه‌ز ده‌كه‌م
پێش ئه‌وه‌ی دوایین هه‌ورم باڵبگرێ
باڵنده‌كانم بگه‌نه‌ هێلانه‌كانی پیر بوون
په‌ڕوو باڵم بسوتێنی
چڵێك له‌دره‌ختی قه‌راغ رێگاكه‌
گوێی بیستنێكی گرتم
نیگای ته‌ماشایه‌كمی راكێشا
تۆ په‌له‌ی چیته‌؟
هێشتاكه‌ سێوه‌كانت نه‌گه‌ییون
وه‌رزی ڕنینه‌وه‌ی گوناهه‌كانت ماویانه‌
4
دڵخواز ، نامۆیی وه‌ك پڕته‌قاڵێك
گوشییه‌ رۆحمه‌وه‌
دووه‌م ده‌زگیران
به‌ كه‌نار به‌هه‌شته‌كانی ته‌نیایی
پیاسه‌ی پێكردم
سێیه‌مین دڵدار هات و
ئه‌وانی له‌بیر بردمه‌وه‌
چواره‌مین..
ئاخ له‌ چواره‌مین خۆشه‌ویست
هه‌رچی خانه‌ له‌ گیانمدا بوو دایگیرساند
ئینجا كلیلی سه‌فه‌ری
له‌ كێڵۆنی هه‌ناسه‌مدا جێهێشت
به‌سه‌فه‌ری ئه‌ویش
دار پرته‌قالێك له‌ ناخمدا رووا
گۆرستانێك له‌ قوڵاییمدا
ئاوه‌دان كرایه‌وه‌
بۆیه‌ ئێستاكه‌ به‌رده‌وام
به‌رده‌وامی به‌نه‌زیفی رێگاكان ده‌ده‌م
سه‌ردانه‌ ده‌ست پڕه‌كانی فیرده‌وسی مه‌زارگاكان
به‌ پیاسه‌ شه‌رمن و دڵپڕه‌كانی
ئێواره‌ خۆڵه‌مێشیه‌كانی باخچه‌ ده‌زانم
5
كه‌ تۆش جێتهێشتم
نه‌مزانی ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین
سه‌فه‌رمه‌ بۆ مردن
كه‌ چاوه‌ڕێم كردی و نه‌گه‌ڕایته‌وه‌
تێگه‌یم ئه‌مه‌ دواهه‌مین چاوه‌ڕوانی نییه‌
له‌ نسێی دره‌خته‌كانی دۆزه‌خ
كه‌ چاوه‌ڕوانی له‌ هۆده‌كانی رۆحما
بووه‌ گڵوپ و داگیرسا
حاڵی بووم ئه‌وه‌ ئاخرین
گه‌شتی خۆكوشتن نه‌بوو
له‌ هاوینه‌ هه‌واره‌كانی فه‌نا
6
بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ
له‌ گیا و شونم..له‌ باڵنده‌ و ئه‌ستێره‌كان
وه‌ك یه‌كمان به‌ركه‌وێ‌
هه‌رچیم هه‌یه‌ تۆ بیبه‌
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سامانی
فرمێسك و كوناه..دۆزه‌خ و بادا
یه‌كسان بیین
چیت هه‌یه‌ بۆ منی دابنێ‌
وه‌ره‌ دلبه‌رم
پێستم داماڵێنه‌ و ..وه‌ره‌ ناومه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی تاڤگه‌ی هه‌تاوت
هه‌میشه‌ بڕژێته‌ قوڵایی رۆحمه‌وه‌
له‌ مندا ببه‌ به‌ په‌ڵه‌یه‌ك ئاگری چاوساغ
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌
پێش تۆ بسوتێم
له‌ تۆدا ببمه‌ بڵێسه‌ی گه‌واڵه‌یه‌ك
 تاكو تا ئه‌به‌د نه‌كوژێمه‌وه‌
7
به‌ جۆرێك خۆشم ده‌وێی
كه‌ هیچ قه‌قنه‌سێك پێی نه‌فڕیبێ
بۆ سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌ی هیچ خۆڵه‌مێشێك
به‌چه‌شنێك له‌ چاوانتدا بومه‌ته‌ په‌ناهه‌نده‌
 كه‌ تاكو ئێستا هیچ قه‌فه‌سێك
له‌ هیچ باڵنده‌یه‌كی نه‌كڕیوه‌
به‌ شه‌ریعه‌تی سووتانێك به‌ته‌نیشتمه‌وه‌ی
كه‌ له‌ دێڕ زه‌مانه‌وه‌ تاكو هه‌نووكه‌
دێڕێكی لێنه‌نووسراوه‌
به‌ كراسی كڵپه‌یه‌ك
ده‌تكه‌مه‌ به‌ر رۆحم
كه‌ تاكو ئێستا..
هیچ جه‌نگه‌ڵێك نه‌یكردۆته‌ به‌ری
به‌ ره‌نگێك له‌ دلما بڵاوبوویته‌وه‌
كه‌ هیچ ئاویته‌ بوونێك نه‌یدیوه‌
له‌ خوێنمدا
به‌ ئازادییه‌ك ده‌ستت به‌ سه‌رما گرت
كه‌ هیچ كه‌نارییه‌ك
به‌ هیچ قه‌فه‌سێكی نه‌فرۆشتووه‌
به‌ ده‌ستوورێك لێمه‌وه‌ نزیك و دوری
وه‌ك یاسا ئه‌زه‌لیه‌كه‌ی
نێوان ماچه‌ ژاكاوه‌كانی خۆر و
روومه‌ته‌ گریاوه‌كانی زه‌وی
8
مردن،
له‌ هه‌موو یاساكان دادپه‌روه‌ریتره‌
عه‌شق ،
له‌مردن حه‌قیقه‌تتره‌
مه‌رگ ،
داوای ناسنامه‌ له‌ هیچ كه‌س ناكات
به‌هه‌شت،
پسووله‌ی بۆ كه‌س پێ نییه‌
9
شریخه‌ی هه‌وری ئه‌م ئاگره‌ ناوه‌ستێ‌
تا زه‌وی سه‌راپا
كراسێك له‌ ئاو نه‌كاته‌ به‌ری
فرمێسكی باڵنده‌كانی
ئه‌م كه‌ونه‌ كزر نابنه‌وه‌
تا ئاسۆی ئاسۆكان
ده‌ست بۆ خه‌نجه‌ره‌كانی رۆژ نه‌به‌ن
10
حیكمه‌تی یه‌كگرتنی گه‌ردیله‌كانی ئاو
له‌ترسی جیاكردنه‌وه‌یانه‌ له‌ یه‌كتر
ترسی من له‌و رۆژگارانه‌یه‌
كه‌ زریان و تۆف
ببنه‌ دراوسێی دارستانه‌كان
كه‌ گوڵزاره‌كان
شوو به‌ زاواكانی شه‌خته‌ بكه‌ن
زقووم ببێته‌ هاوڕێی ره‌زوو په‌پووله‌
كه‌ به‌هار ده‌ست بخاته‌ ناو ده‌ست
په‌نجه‌ره‌كانی هه‌ڵوه‌رینه‌وه‌
كه‌ ئاو له‌ ئاو جیاببێته‌وه‌
ئاگر جه‌نگێك دژی خۆی به‌رپا بكات
كه‌ باڵنده‌كان چه‌كدار بكرێن و
هه‌نگ و گوڵه‌كان به‌ر ده‌ستڕێژ بدات
كه‌ ـ با ـ رێگا له‌ ـ با ـ بگرێت و
عه‌شق دواهه‌مین به‌زینی خۆی
له‌سه‌ر ده‌ستی من و تۆ تۆمار بكات
11
له‌ سیمای هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌
ئه‌ستێره‌ی مردنێك ده‌دره‌وشێته‌وه‌
له‌ هه‌نیه‌ی هه‌ر كه‌سێكماندا
گڵۆپی سه‌فه‌رێك ئه‌به‌دی هه‌ڵبووه‌
به‌ڵام ته‌رمی من
هه‌ر گه‌ڵای سه‌وزی خۆشه‌ویستی
ده‌بێته‌ كفنی
هه‌ر ژووری خاكێك ده‌بێته‌ ماڵم
له‌ هه‌موو پاكییه‌ك پاكتره‌
چوون عه‌شق بێ كۆتاییه‌
وه‌ك سه‌رابه‌ چاوكاڵه‌كانی بیابان
شوێن ده‌ستی ئاشكراو دیاره‌
كاتێك به‌ هه‌نا وی دارستانه‌كاندا
گوزه‌ر ده‌كا
باوه‌شه‌كانی گه‌رمه‌
وه‌كو كۆشی ئاو
كه‌ چۆن گه‌ردیله‌كانی
یه‌كتریان له‌ ئامێز گرتووه‌
له‌ په‌یوه‌ندێكانی نێوان فڕین و باڵ
تووند و تۆڵتره‌
كه‌چۆن به‌ ئاسمانه‌وه‌
ناوقه‌دی بۆشاییه‌كانیان گوشیوه‌
12
وه‌ره‌ ببارێ‌ به‌ سه‌رما
ئاخر سبه‌ینێ‌
هه‌ورێك تۆش ده‌با
فوو له‌م چرایه‌ مه‌كه‌
ئاخر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌
بوخچه‌ی تاریكییه‌ك بمپێچێته‌وه‌
ده‌ستی تابووتێك گرێمدا.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی (ئوپه‌رێته‌كانی هه‌زاره‌ی سێیه‌م)چاپی2002|كه‌ركووك
Burhanahmad57@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.