نرخی یه‌کێتی …. پۆڵا سه‌عید
له هه‌لومه‌رجێکی ئاوهادا، به له‌وێدانه‌بوون چه‌ند هه‌وڵی شیکردنه‌وه بدرێت هێشتا سه‌لماندنی “بوون” له دۆخێک‌دا ته‌نها وه‌ک هیپۆتێزه‌یه‌ک ده‌مێنێته‌وه و چیدی نا. ئه‌و بوونه‌ی، که من مه‌به‌ستمه بریتییه له هه‌ڵه‌یه‌ك، که وه‌ک ڕاستیی ناسێنراوه، ئه‌رکی منیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که تیۆرییه‌کی وه‌ک ڕاستیی سه‌لێمنراو به هه‌ڵه بناسێنم، باشتر بڵێم هه‌ڵه‌کانی ئه‌نالیزه بکه‌م. هه‌ندێک پێیانوایه، که نرخی یه‌کێتیی له هه‌بوونی ڕێژه‌ی ئه‌ندامانیدا، له ڕێژه‌ی ئه‌ندامی شاز و سه‌رکرده و مێژووه‌که‌یدایه. ئه‌م پێوابوونه بریتییه له هه‌ڵه‌یه‌ک، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا وه‌ک ڕاستییه‌ک ناسێنراوه. نرخی یه‌کێتیی بریتییه له‌و نرخه‌ی، که له‌پێناوی بوونه‌وه‌ری یه‌کێتییدا خه‌رجکراوه و هه‌تا ئێستاش خه‌رجده‌کرێت “خوێن”. هه‌ندێک نرخی یه‌کێتیی له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه، که ئاخۆ له ڕێگای یه‌کێتییه‌وه ده‌گه‌ین به‌چیی؟ یان ده‌توانین به یه‌کێتیی چییبکه‌ین؟ ئاخۆ ئه‌و نرخه چییه، که یه‌کێتیی له یه‌کێتییدا خه‌رجیکردووه و خه‌رجیده‌کات؟ وه‌ڵام: گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌ک، ئۆنتۆلۆگییانه بوونه‌وه‌ری یه‌کێتیی بریتییه له بناغه‌ی ستراکتوورێکی ڕیالیتێت “له‌دوای سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشێک، ڕیالیتێتی کورد له باشووردا بریتیی بوو له کۆڵدان، نه‌بوونی هیوا، نه‌مانی وزه، نه‌مانی باوه‌ڕ به ئاینده” له‌ناو ئه‌م ڕیالیتێته‌دا یه‌کێتیی خاوه‌نی ستراکتوورێک بوو. هه‌ندێک پێیانوایه، که یه‌کێتیی ڕیالیتێتی گۆڕیوه، ئه‌مه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه، چونکه ڕیالیتێت شیاوی گۆڕان نییه. ڕاستیی ڕاسته‌قینه بریتییه له‌وه‌ی، که یه‌کێتیی له‌م ڕیالیتێته‌دا ڕاستییه‌کی نوێی خسته جیهانه‌وه، که پێشتر بوونی نه‌بوو. لێره‌وه پرسیاره‌کانی ئۆنتۆلۆگیی له مرۆڤ چییه‌وه، له نیشتیمانی ئێمه‌دا گۆڕدرا بۆ یه‌کێتیی چییه؟ ئاخۆ خودا بوونی هه‌یه؟ گۆڕدرا بۆ ئاخۆ کورد شانسێکی تری هه‌یه؟ ئاخۆ ئه‌م جیهانه سه‌ره‌تایه‌کی هه‌یه؟ گۆڕدرا بۆ ئاخۆ یه‌کێتیی سه‌ره‌تایه‌کی هه‌یه؟ پرسیار له‌ناو ئه‌م پرسیاره‌دا بریتییه له ئاخۆ سه‌ره‌تاکانی یه‌کێتیی چییه؟
نه‌بوونی به‌خته‌وه‌ریی یاخوود ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌دا هۆکاره بۆ لێبوونه‌وه‌ی ده‌نگ. ئه‌م ده‌نگه سه‌ره‌تا نزمه، به‌شێوه‌یه‌ک، که مرۆڤ پێویسته گوێ بگرێت هه‌تاوه‌کوو ئه‌م ده‌نگه بگاته گوێی. به تێپه‌ڕبوونی کات ئه‌م ده‌نگه هه‌تا بێت بڵندتر ده‌بێته‌وه، لێ تاک هێشتا بوونی ئه‌م ده‌نگه وه‌ک ڕاست له ڕیالیتێتدا وه‌رناگرێت. ئه‌م ده‌نگه کاتێک به ئاستێکی گه‌وره بڵند ده‌بێته‌وه له‌ناو تاکدا ده‌بێته ده‌نگێکی هه‌ستپێکراو، ئه‌م ده‌نگه هه‌ستپێکراوه وه‌ک شۆکێکی گه‌وره ده‌گاته تاک، ئیدی لێره‌وه تاک ڕاده‌چڵه‌کێت و بوونی ئه‌م ده‌نگه به ڕاست وه‌رده‌گرێت. کاره‌ساتی به‌شێک له پێشمه‌رگه دێریینه‌کان له‌وه‌دایه، که باجی ژیانی ڕابوورد له ژیانی ئێستای فه‌رمانڕه‌وایه‌تییدا وه‌رده‌گرن. واته له ڕۆژی دروستبوونی یه‌کێتیی نیشتیمانییه‌وه، له ڕۆژی دروستبوونی پارتی دیموکراته‌وه هه‌تاوه‌کوو ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری ١٩٩١ و ئێستا و بگره ئاینده‌ش. ئه‌م پێشمه‌رگه دێریینانه باجی هیچ „Nichts“ وه‌رده‌گرن، سووی هیچ وه‌رده‌گرن. من هیچت ده‌ده‌مێ، به‌ومه‌رجه‌ی تا ئه‌و کاته‌ی ده‌مده‌یته‌وه ڕۆژانه ئه‌وه‌نده، مانگانه ئه‌وه‌نده، ساڵانه ئه‌وه‌نده‌م زیاد بۆ بکه‌یته سه‌ری. ئه‌مه وه‌ک پێدانی پاره وایه به قه‌رز. من هه‌زار ئۆیرۆ به قه‌رز وه‌رده‌گرم، به‌ڵام دوای ساڵێک ده‌بێت هه‌زار و دووسه‌د ئۆیرۆ بده‌مه‌وه به خاوه‌نه‌که‌ی، گریمان خاوه‌نه‌که‌ی بانکێکه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئه‌و دوو سه‌د ئۆیرۆ زیاده‌ی، که ده‌یده‌مه‌وه هه‌قی چییه؟ تێچوونی چییه؟ وه‌ڵام: هیچ. مرۆڤ تێچوونی هیچ ده‌دات. پێشمه‌رگه دێریینه‌کان پێیانوایه، که قه‌رزێکیان داوه به کۆمه‌ڵ، قه‌رزێک، که باج و سوویان خستۆته‌سه‌ر، ڕۆژانه ئه‌وه‌نده، مانگانه ئه‌وه‌نده، ساڵانه ئه‌وه‌نده زێده‌ی ده‌چێته‌سه‌ر. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه کۆمه‌ڵی کورد له باشووردا سووی قه‌رزێک ده‌داته‌وه، باجی قه‌رزێک ده‌داته‌وه، قه‌رزێک، که ساڵ له‌دوای ساڵ سووه‌که‌ی گه‌وره‌تر ده‌بێت، گرانتر ده‌بێت. پێشمه‌رگه دێریینه‌کان له هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌میین په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه له باشووردا کۆی قه‌رزی خۆیان له کۆمه‌ڵ وه‌رگرتۆته‌وه، که‌چیی هێشتا کۆمه‌ڵ به قه‌رزاری خۆیان د‌ه‌زانن و کۆمه‌ڵیش به‌رده‌وام خه‌ریکی دانه‌وه‌ی قه‌رزێکه، که ناو ده‌نرێت باجی هیچ سووی هیچ. پێشمه‌رگه‌ی دێریین به هی یه‌کێتیی و پارتی دیموکراته‌وه بوونه‌ته ئامێری “گاز”ێک، „Zange“ ده‌سکه‌کانی هه‌ریه‌که‌یان یه‌کێکیانه و سیستێمێکیش به ده‌می گازه‌که‌وه‌یه، له ناوه‌ڕاستدا کۆمه‌ڵ و داموده‌زگا به‌رهه‌مهێنه‌ر و فه‌رمانڕه‌وا و بانکه‌کان هه‌یه. ئه‌م گازه چه‌ند به هه‌ردوو ده‌سکه‌که‌ی پاڵده‌نرێت، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێته هۆی سه‌پاندنی مافی باج و سووی هیچ و له‌ولایشه‌وه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی نابه‌خته‌وه‌ریی کۆمه‌ڵ، بێکاریی، شپرزه‌یی، ئه‌گره‌سیۆن هه‌تا سنوری ته‌قینه‌وه وه‌ک باڵۆنێک، که زیاد له پێویستبوونی خۆی هه‌وای تێده‌که‌یت و ده‌ته‌قێت. “بـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووووم”.
کێشه‌ی باج و سووی هیچ له‌وه‌دایه، که له نه‌وه‌یه‌که‌وه ئاوتۆماتیک ده‌گوێزرێته‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی تر. بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی، که له سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕییندا پێشمه‌رگه نه‌بوون، به‌بێ جیاوازیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا، که ئه‌ندامی ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی و پارتی دیموکرات بوون، باج و سووده‌ری پێشمه‌رگه‌ی دێریینن. ئه‌وانه‌ی له‌دوای ڕاپه‌ڕیین له قۆناغی ئازادییدا له‌دایکبوون هه‌مانشێوه ئاوتۆماتیکانه باج و سووده‌ری پێشمه‌رگه‌ی دێریینن. ئه‌وانه‌شی له بیست و پێنج ساڵی ئاینده‌دا له‌دایکده‌بن، هه‌مانشێوه ده‌بنه قوربانیی سیستێمی باج و سووی هیچ.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا به چه‌ند جۆر و شێوازێک ده‌نگ له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییه‌وه بۆ به هه‌ستیارکردنی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ی باج و سو‌و به‌رزبۆته‌وه، لێبه‌ڵێ ده‌نگه‌کان له قسه‌که‌ره‌وه له ڕێگای بڵندگۆی یه‌کێتیی نیشتیمانییه‌وه فڕێدراوه‌ته ده‌ره‌وه. بڵندگۆی یه‌کێتیی نیشتیمانیی بریتییه له ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتیی، کۆبوونه‌وه و کۆنفرانسه‌کانی یه‌کێتیی. هه‌ڵه‌ی ئه‌م ده‌نگه له‌وه‌دایه، که له ڕێگای قسه‌که‌ره‌وه، نووسه‌ره‌وه، ڕه‌خنه‌گره‌وه له بڵندگۆی یه‌کێتییه‌وه فڕێده‌درێته ده‌ره‌وه. به‌مشێوه‌یه ئه‌م ده‌نگه وه‌ک ده‌نگی هه‌ر ناڕه‌زاییه‌ک ده‌رده‌په‌ڕێته‌ده‌ره‌وه و هه‌ستیارناکرێت. چییبکه‌ین بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگه ناڕه‌زاییه هه‌ستیاربکه‌ین؟ وه‌ڵام: ڕاگرتنی مایکرۆفۆنه له‌به‌رده‌م بڵندگۆی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌ک، که له خولێکی ئێلێکترۆنییدا کۆی ده‌نگه‌کان به‌رده‌وام له بڵندگۆی یه‌کێتییه‌وه ده‌رده‌چێت و ده‌چێته‌وه ناو خودی یه‌کێتیی خۆی هه‌تا ئاستی بڵندتریین ده‌نگ، که به‌شێوه‌ی قیژه یاخوود هاوار “وووووووواااااااااااااااااااااا” ده‌گاته گوێی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان. ڕه‌خنه‌ی باج و سووی پێشمه‌رگه‌ی دێریین پێویسته هه‌ستیار بکرێت. ئامانج له هه‌ستیارکردنی ئه‌م باج و سووه‌دا بریتییه له گه‌ڕانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی یه‌کێتیی بۆ بوونه‌وه‌ری یه‌کێتیی. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتیی له ده‌ستی گرۆ و ده‌سته‌وه بۆ بوونه‌وه‌ری یه‌کێتیی. که تاک ده‌ڵێ: من یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانم پێویسته هه‌ستی کۆ له‌ناو خۆیدا به‌دیبکات، پێویسته بوونه‌وه‌ری یه‌کێتیی له‌ناو خۆیدا هه‌ستپێبکات، ده‌نا کردنی ئه‌م قسه‌یه، ته‌نها ده‌رپه‌ڕاندنێکی به‌تاڵه و هیچی تر، ته‌نها فڕێدانه ده‌ره‌وه‌ی هه‌وای گه‌رمه و هیچی تر.
یه‌کێک له کێشه‌کانی به‌شێک له پێشمه‌رگه دێریینه‌کان بریتییه له “ترس”. پرسیار ده‌کرێت ئاخۆ ترس له چیی؟ وه‌ڵام: ترس له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی دێرییندا. پێشمه‌رگه‌ی دێریین له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵی ڕه‌نگکردنی خۆی له ژیانی شار و هاوچه‌رخدا ده‌دات، له‌کاتێکدا ئه‌رکی ئه‌و تێکۆشانێکی هومانیستییانه‌یه بۆ ژیانێک له به‌خته‌وه‌ریی و ئازادییدا، نه‌ک به‌ده‌ستهێنانی به‌خته‌وه‌ریی و ئازادیی بۆ خودی خۆی. ویستی باشی پێشمه‌رگه‌ی دێریین، ویستێکی هومانیستییانه‌یه بۆ باشه‌ی کۆ نه‌ک ته‌نها خود. هێزی سروشت، هێزێکه هه‌میشه له نوێبوونه‌وه‌دایه، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی پێش ڕاپه‌ڕیین و دوای ڕاپه‌ڕیینیش نه‌وه‌یه‌کن، که له‌ناو ئۆرگۆندا „Orgon“ وزه‌ی ژیان وه‌رده‌گرن. وزه‌یه‌ک، که به‌رهه‌می سروشته نه‌ک پێشمه‌رگه‌ی دێریین. لێره‌دا سه‌ردارێکی پێشمه‌رگه‌ی دێریین ناتوانێت هێز و توانای بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له ئێستا و ئالێره‌دا بکات به به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادیی. ئه‌و هه‌وایه‌ی ئێستا بۆ هه‌ناسه‌دان وه‌ریده‌گرم هه‌مان هه‌وا نییه، که شه‌ش هه‌زار ساڵ به‌رله ئێستا مرۆڤ هه‌ڵیمژیوه، ئه‌و ئاوه‌ی ئێستا ده‌یخۆمه‌وه هه‌مانشێوه. ژیان هه‌میشه له نوێبوونه‌وه‌دایه، هه‌میشه له به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نوێی ژیاندایه.
ساوایه‌ک له مانگی یه‌که‌می ژیانیدا ته‌نیا هه‌سته‌کانی ناو خودی خۆی به ڕاست وه‌رده‌گرێت، واته به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگای له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نییه. ساواکه ده‌گریی ئه‌و کاته‌ی برسییه‌تی و ده‌نوێت ئه‌و کاته‌ی تێره. ئه‌م ساوایه بێ ئۆبیه‌کته، وه‌ک ئه‌و بڕه پێشمه‌رگه دێریینانه‌ی، که له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌م پله‌یه‌دا یاخوود له‌م قۆناغه‌دا ده‌ژیین. “بۆ توانج: هه‌رکاتێک ده‌سته‌ڵات باس له ساوابوونی ئه‌زموون، حکومه‌ت …هتد. ده‌کات، خه‌ڵکیی گاڵته‌یان پێده‌که‌ن، لێ من هه‌میشه ده‌ڵێم: ڕاستده‌که‌ن ساوایه، به‌ڵام که‌س ناپرسێت بۆچیی؟”، پێشمه‌رگه‌که ده‌گریی، ده‌کوڕوزێته‌وه، تووڕه ده‌بێت ئه‌و کاته‌ی پێویستییه‌کی هه‌یه، پاره‌ی پێویسته، پۆستێکی ده‌وێت، بێئاگاشه له جیهان ئه‌و کاته‌ی، که ئه‌م داوایانه‌ی به‌جێدێت. پێشمه‌رگه‌یه‌کی ده‌سته‌ڵاتدار و خاوه‌نپۆست نه ده‌گریی نه ده‌کڕوزێته‌وه به‌ڵکوو تووڕه‌ده‌بێت بۆ دابینکردنی ده‌سته‌ڵاتی زیاتر و سه‌رمایه‌ی زیاتر، بێگاشه له جیهان ئه‌و کاتانه‌ی، که هه‌ردووکیانی هه‌یه. کێشه‌ی هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ی دێریینی سه‌رکرده له‌وه‌دایه، که له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ی له‌لایه‌ن تاکی کۆمه‌ڵگاوه پێیدرا هیچیانی وه‌رنه‌گرت. شه‌قامی کوردیی ئیمڕۆ له ئه‌شکه‌وتێک ده‌چێت، که کۆی ده‌نگی هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی تێدا ده‌نگده‌داته‌وه، که ڕۆژێک له ڕۆژان خۆشه‌ویستییان بۆ پێشمه‌رگه‌ی دێریین هه‌بووه و هیچ خۆشه‌ویستییه‌کیان له پێشمه‌رگه‌ی دێریینه‌وه وه‌رنه‌گرتۆته‌وه. شه‌قام ئیمڕۆ ئێشۆ „Echo“ی ڕه‌قبووه وه‌ک به‌رد.
سه‌رکرده پێشمه‌رگه دێریینه‌کان نه‌ک خۆشه‌ویستییان بۆ تاکی کۆمه‌ڵ نییه، بگره خۆشه‌ویستییان بۆ ئه‌ندامانی یه‌کێتییش نییه، ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆشیانده‌وێت خودی خۆیانه و به‌س. پێشمه‌رگه‌ی دێریینی سه‌ردار ئه‌وه‌ی خۆشده‌وێت، که:
1. خودی خۆیه‌تی.
2. ئه‌وه‌ی، که خۆی بووه.
3. ئه‌وه‌ی، ئه‌و ده‌یه‌وێت ببێت.
4. ئه‌و که‌سه‌ی، که به‌شێکه له خودی ئه‌و، یان به‌شێک بووه له خودی ئه‌و.
“کێشه‌ی خه‌ت خه‌تێنی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی وا له‌ناو ئه‌و چوار خاڵه‌دا.”.
پێشمه‌رگه‌ی دێریین نه‌ترسه، ترسی له‌وه نییه چیی به‌سه‌ردا دێت. پێشمه‌رگه‌ی دێریین نارسیسه، ئه‌و له که‌ناری ئاوه‌که‌دا ڕاوه‌ستاوه و ته‌ماشای خۆی ده‌کات، سه‌رسامه به خۆی، ناترسێت له خنکان خۆی هه‌ڵده‌داته ئاوه‌که‌وه و ئه‌وه نادۆزێته‌وه، که بۆی ده‌گه‌ڕێ. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، پێشمه‌رگه‌ی دێریین بۆچیی ده‌گه‌ڕێت؟ وه‌ڵام: بۆ خودی خۆی؟ ئه‌ی نرخی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریینی یه‌کێتیی له‌کوێدایه؟ له هه‌بوونی ویستی باش‌دا، باشه‌یه‌ک بۆ کۆی گشتیی مرۆڤایه‌تیی نه‌ک ته‌نها بۆ خودی خۆی. پێشمه‌رگه‌ی دێریینی سه‌ردار، خاوه‌ن پۆست پێویسته له تاکی ناو پارته‌ی خۆی و له تاکێکی ناو کۆمه‌ڵگا وه‌ک له خودی خۆی تێبگات. پێویسته ڕێگا به‌وه بدات، که تاکێکی ناو پارته‌که‌ی یان تاکێکی کۆمه‌ڵگا خودی خۆی بێت به هه‌موو ویستێکی ئازاد و که‌سایه‌تییه‌وه. ده‌بێت فێربێت خۆی بۆ تاک بکاته‌وه، جیهانی ناوه‌وه‌ی خۆی ڕاست و دروست بۆ تاک بکاته‌وه هه‌روه‌کوو تاک بۆ ئه‌وی ده‌کاته‌وه، پێویسته فێربێت له‌سه‌ر بنه‌مای “من منم و تۆش تۆ” چ گفتووگۆ بکات، چ تێگه‌یشتنی بۆ گفتووگۆ هه‌بێت. ڤیلهێکم بووش له هۆنراوه‌ی “ئیندیڤیدووالیتێت”دا ده‌ڵێ: ئاوهایه، که من وام، خۆشم نازانم بۆچیی؟!
„Das ist halt so, dass ich so bin.
Weiß selber nicht warum.“
Wilhelm Busch „Individualität“
ماوه‌ته‌وه بڵێم: وه‌ک ئیندیڤیدووم من وام، لێ خۆشم نازانم بۆچیی؟ به‌هیوام پێشمه‌رگه دێریینه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ردار و خاوه‌ن پۆستن، من وه‌ک من وه‌ربگرن و خۆشیان وه‌ک خۆیان. نرخی ئازادیی له بوونه‌وه‌ری یه‌کێتییدا بینایه‌که بۆ به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤی کورد، هه‌ریه‌ک له ئێمه ده‌توانین وه‌ک بوونه‌وه‌ری یه‌کێتیی خشتێکی ئه‌و بینایه دابنێین، ده‌شتوانین به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ک بوونه‌وه‌ری ئه‌نتی یه‌کێتیی خشت به خشتی ئه‌و بینایه ده‌ربهێنین.
29.05.2011
کۆلۆند