بۆچی گوفتاری رۆشنبیران.. له‌م شوێنکاته‌دا؟
” وه‌ره که‌سێک بکوژه، هاتۆته سه‌ر رێگای ئازادی، که‌چی هه‌رئه‌ویش بووه هێناویتیه ژیانه‌وه، که باوکته ” بێکێت
گه‌ر له‌رووی ئاکامی ئاکاره جوداوازه‌کانی نێو مێژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه بنۆڕین ، وه په‌یببه‌ین به نه‌وتراوه‌کانی نێوئاخنی ئه‌و مه‌قوله‌یه‌ی بێکێت، لێره‌وه زیاده‌ڕۆیی نیه و نابێت، گه‌ر بوترێت، کۆمه‌ڵگاکان نه‌ک به بێ وێنه‌کانی باوک نه‌ژیاون و ناژین، بگره به جێگه‌ورێگه و وێنه‌ی باوکه‌کانیشیه‌وه ژیاره‌کانیان ده‌ناسرێنه‌وه!
ئه‌مه ئه‌و ده‌مه‌یه، باوک وه‌کو لوغز.. و گرێی نێوان ژیان.. و ئازادییه‌کان چاولێده‌کرێت.
ئه‌م هه‌قیقه‌ته خوازراو و نه خوازراوه‌ش، ده‌مانخاته سه‌ر ئه‌و که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌ی، نه ژیان بێ ئازادی وه‌ک به‌رده‌وامیبوونی پرۆژه‌یه‌کی ته‌واوه و نه ئازادیش بێ ژیان ماناداره.!
دووباره له ره‌هه‌ندێکی تره‌وه، باوک ئا له‌وێدایه، ده‌بێته‌وه به‌رزه‌خ، گرێ، ئه‌و به‌ڵێ و نه‌خێره، ئه‌و جه‌بر و ئیختیاره له یه‌ککاتدا!
جا ئه‌و باوکه خه‌سڵه‌ت و ماهیه‌تی هه‌ر چیه‌ک بێت.. سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌کانی و ده‌سه‌ڵاتدارییه ئه‌قڵی.. و رۆحی.. و ئه‌خلاقی.. و ئه‌فسانه‌یی.. و مه‌جازی.. و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی له کوێوه ده‌ستپێبکات و پشتی به‌چی به‌ستبێت و تا کوێ درێژ ده‌بێته‌وه و بڕ ده‌کات؟ ئه‌مه ریشه‌ی ئه‌و پرسیاره فیکری و فه‌لسه‌فی و سایکۆلۆژی و ئه‌فسانه‌یی و مه‌عریفیانه‌ن تا هه‌نوکه‌ش بڕستی بۆ به‌ڕێوه‌چونی خۆی هه‌یه و په‌یتا په‌یتا نرخاندنه‌وه‌ی تر فه‌راهه‌م ده‌هێنێته‌وه!
کورت و پوخت، ده‌مه‌وێ بڵێم، له‌م شوێنکاته‌دا، ده‌بینین، ئه‌وه رۆشنبیرانن بوونه‌ته باوکی راپه‌ڕینی ئه‌مڕۆ. ئه‌مه‌ش بڕیارێکی خێرا‌و کتوپڕی هه‌رزه‌کارانه نه‌بووه، گه‌ر که‌مێک به بایه‌خه‌وه بچینه‌وه دواوه، ده‌توانرێ بوترێ ئه‌و دڵنیاییه‌ی گه‌نجان، به‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یه لایه‌نی که‌م بۆ بیست ساڵێک ده‌چێت ئه‌و رۆشنبیرانه، له تێکسته‌کانیانه‌وه نیشانیانداوه، به کارامه‌یی و ئاستێکی لێپرسراوێتی به‌رزه‌وه ، به شێوه‌یه‌کی دینامیکیانه و ئازادانه ده‌رباره‌ی قه‌یران و ئیشکالیه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه، ،
به ئارگۆمێنته‌وه رۆڵێکی بونیاتنه‌رانه‌یان هه‌بووه. ده‌رباره‌ی به‌و چه‌مگه‌لانه‌ی ده‌چوونه‌وه سه‌ر هه‌قیقه‌ت و جوانی و جیهانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا و پێداویستی و پایه‌کانی و مێژوو و تایبه‌تمه‌ندێتی و سه‌روه‌رییه‌کانی ناو دنیای ئێمه..تاد
بێ دابڕان و هه‌ڵکورمانی پاسیڤیستانه‌ی ناو بورجی عاجه‌کان، به‌ڵکو به عیشق و په‌رۆشه‌وه به لێکۆڵینه‌وه و شرۆڤه و تێکسته‌کانیان به مانا هاوچه‌رخه‌کان، یه‌کبینه ئێمه‌شیان له ئیرۆسیه‌تی ئه‌و مه‌یل تازه‌کردنه‌وه‌یه بۆ ژیان لێ ئاگادارئه‌کرد و کردۆته‌وه .
گه‌رچی رۆشنبیران له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناکۆکی و ململانێیانه‌شدا، بێ گرفت نه‌بوون، بڕۆ جاده‌که‌ی ته‌خته، نا! چه‌ندێک قوڵبووبێتنه‌وه ، له به‌رامبه‌ردا بێ درێغی کردن شاڵاوی روکه‌شبینه‌کانیش هه‌بوون.. و تانه‌وته‌شه‌ری ده‌ستکورته بێ ئامانجه‌کان هه‌بوون.. و نوزه‌نوزی زمانی زامدارکه‌ری له‌یستۆکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانیش هه‌بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌عزی ئه‌و ته‌نکاونشین و به‌جێماوانه‌یان له وه‌همی پاڵه‌وانبازییه‌کانیاندا به یه‌کجاری به‌جێهێشت و وه‌لا‌نا، گه‌نجانبوون. ئه‌وه‌ی مایه‌وه بۆمان له‌م شوێنکاته‌دا ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی نێوان گه‌نجان و رۆشنبیرانن.
لێره‌وه‌یه هه‌ردوولا باوک و فرزه‌ند، کایه و بواره ونبووه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه به هاوده‌نگی و هاوغه‌می دێرینه و ئه‌مێستای خۆیان ده‌زانن. گه‌ر وانیه، ئه‌ی بۆ قوڵبوونه‌وه و رۆچوون به نێو وێناکردنه‌کانی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن و رۆشنگه‌ری و ئه‌قڵانیه‌ت نه‌ک رێی به رۆشنبیران داوه، به‌ڵکو بۆ رێگاچاره‌کان داوایان لێده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بیر بکه‌نه‌وه.. و بگره له ئه‌مێستاکه‌دا له بری ئه‌وانیش بدوێن.. و زمانحاڵیشیان بن؟
گه‌رچی فرزه‌ند هه‌ر دڕدۆنگیه‌کیشی هه‌بێت، به‌وه ده‌چێت گه‌نجان به‌و دڵه‌راوکێیانه‌وه که جێی خۆیان هه‌یه، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا له کێشه چاره‌نوسسازه‌که‌یاندا متمانه‌یان به ئیده‌ی ئه‌و جۆره باوکه دابێته‌وه . له به‌رامبه‌ر وێنه‌کانی باوک که له یادوه‌رییه‌کانیدا که‌ڵه‌که بوون و هه‌ن، لایه‌نی که‌م له نێو ئه‌و وێنه و وێنا جوداوازانه‌دا له‌وه دڵنیایه باوکه رۆشنبیره‌که‌ی، له‌و ته‌رزه باوکه‌ن…
یه‌که‌م: به هێزی هیچ حیزبێک و به‌رنامه‌یه‌کی حیزبیه‌وه خۆیان ناناساندووه و ناناسێنن وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رکرده‌کانی پێشوو پایه‌یه‌کی ئه‌سڵی بوون.
دووه‌م: له پشت په‌یامه ئایینیه‌کانه‌وه ترس و تۆقاندن و به ئه‌ده‌ب کردن و ئه‌خلاق به‌رزی و وێنا و مژده‌ی ئه‌و دنیاش نابه‌خشنه‌وه. وه‌ک باوکه دینییه به‌ڕێزه‌کان که مزگه‌وت و ته‌کیه و مه‌رقه‌د و خانه‌قا، پێگه‌یه‌ک بوون بۆ سه‌رمایه ره‌مزییه‌که‌یان.
سێیه‌م: رابه‌ری بزاوتێکی شۆڕشگێڕانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییش نین، به‌و مانا سیاسیه‌ی پێودانگی حیزبی پێشڕه‌و که هه‌موو کۆمه‌ڵگا به خۆیه‌وه ده‌پێچێ و بارگاوی ده‌کا، تا له دواجاردا هه‌موو رێگاکان بچنه‌وه سه‌ر پیرۆزاندنی وێنه‌ی سه‌رۆک، که له باوکێکی سیاسی چه‌ندینجاره تاقیکراوه زیاتر نه‌بووه، ده‌رخواردمان بدرێته‌وه.
به‌ڵکو له‌و سێ رێگایه دووانیان جێگیر بوون و سنووره‌کانی ماهیه‌تی خۆیان بۆ تاقیکردینه‌وه.
واته لۆجیکی یه‌قینه ئاینییه‌کان، پاشان بۆ لۆجیکی باوه‌ڕه ناسیۆنالیستی و سۆشیالیستیه‌کان، هه‌نووکه لۆجیکی بیرکردنه‌وه و ده‌نگی ئه‌قڵ، که سه‌ره‌تای رێگای سێیه‌مه، به‌ڵام رۆشنبیران هیچ پشت و په‌نایه‌کیان نیه، ته‌نها ئه‌و تێکستانه نه‌بێ که به رۆح و خوێنی هۆشیاریان به‌رهه‌می ده‌هێنن، بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مک و به‌هاکان و مانا پێدانه‌وه‌یان، هه‌تا له ده‌ستی بێت و بکارێ رۆشنگه‌ری به ئافه‌ریده‌کردنی دیالۆگ له نێو ئایدۆلۆژیا جیاوازه‌کانه‌وه به‌رجه‌سته بکات و بره‌خسێنێه‌وه،
به شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵی ئه‌قڵانی. نه‌ک به شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵی مه‌زهه‌بی یاخود ئایدۆلۆژی تایبه‌تیکراو.
بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نگر بێت و نه ره‌فزکه‌ره‌وه‌یان، به‌ڵکو خوێندنه‌وه و سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاکامانه‌ی پێیگه‌یشتوون. ئه‌و به‌جێهشتنانه‌ی دوێنێش ده‌ستبه‌رداربوون ناگه‌ێنێت، چونکه چه‌ندێک له رووداو کارئه‌کته‌ره‌کانی ناوی رازی بوبین یان ناڕازی، ئه‌م پێکهاتانه له ئاسمانه‌وه نه‌هاتوون، به‌ڵکه به هه‌موو خواروخێچه‌یه‌ک که هێنابێتیان، ره‌چه‌ڵه‌ک و بنه‌چه‌ی ئێستاکه‌ی ئێمه‌ن. جا بۆ خۆ رزگارکردن له کۆت و به‌ندی ئه‌و ته‌فسیرانه‌ی جێگه‌یه‌کت.. ئیراده‌یه‌کت.. باوه‌رێکت.. بزاوتێکت به ئه‌به‌دی پێناسێنێ و بڵێ له‌ولاتره‌وه ئاژاوه‌یه! هێنده‌ی له ئیختیارتدایه بۆ دوور دوور که نازانم کوێیه، تووڕی هه‌ڵده. هه‌تا نه ره‌نگی ببینرێته‌وه، نه ده‌نگی ببیسترێته‌وه، نه بۆگه‌نی پاشه‌ڵی گێژوو وێژمان بکاته‌وه، تووڕی هه‌ڵده‌ی! تووڕ……..
گه‌رچی خه‌ڵک له سیاسیه‌کانیش ته‌کیبێتنه‌وه، که راستیه‌که، به‌ڵام به‌و مانایه نیه، په‌تای ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسیه‌ی ره‌نگڕێژیان کرد له ماڵ و مزگه‌وت و قوتابخانه و دائیره و زانگۆ و فێرگه‌کان و ده‌زگاکاندا، که‌سێتی ئێمه‌ی نه‌شێواندبێت و پشێوییه‌کی فیکری سیاسی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێنابێ بۆ سه‌ر خوانی هه‌مووان، به هه‌موو ئاڵۆزیی و گرێکوێره‌کانی خۆیه‌وه.
رۆشنبیران ئه‌وانه‌ن له‌م بزاوته‌دا، چۆنچۆنی هارمۆنیکیه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه به جیاوازی و تێکچوونه‌کان.
بۆیه وریایی لێمان ده‌وێ، له‌و شوێنکاته‌دا، که به شمشێره‌که‌ی دامۆکلیس ده‌چێت، نه‌زانی چۆن لێی ده‌رده‌چیت، ده‌چه‌قێ به دڵی بزاوته‌که‌دا.
چونکه له سایه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆکه باڵاده‌سته له حوکمرانی نیشتماندا، سه‌یریش نیه و نابێ، هه‌تا هه‌نوکه ماناکانی دوێنێ له بره‌ودابن ده‌رباره‌ی شێوه‌کانی قاره‌مانێتی و شۆڕشگێڕی.
ده‌مه‌وێ سه‌رنجتان بۆ ئه‌وه رابکێشم، لێره و له‌وێ ئه‌م حوکمدادانه‌ی ده‌رباره‌ی رۆڵی رۆشنبیران به‌رگوێ ده‌که‌ون، ئه‌وه‌مان بۆ به‌یان ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م گوفتاربێژه چه‌قاوه‌سوانه‌ی سه‌رای ئازادی، با راستبێژیش بن، به‌ڵام ئه‌وانه یه‌کێک نه‌بوون له‌وانه‌ی ئاره‌قیان رشتبێت، له‌و قاره‌مانێتیه گیان له‌سه‌رده‌ستانه‌ی له یه‌کێک له داستانه‌کانی رزگارییه‌وه گه‌ڕابێتنه‌وه و.. تانک و زرێپۆشیان به ترش و خوێوه خواردبێت! به‌ڵکو ورد‌و درشتی ئه‌و رۆشنبیرانه له سه‌رمه‌سته‌کانی عه‌یش و نۆشی ئه‌وروپادا بوون، و له نێو کتێبه‌کانه‌وه له واقیعیان روانیووه. وه‌ک ئه‌وه‌ی کتێب له ده‌ره‌وه‌ی واقیعدا بوبێت، و به راڤه‌کردنه‌کانی دیوێکی تری واقیع نه‌بێت له ره‌هه‌ندێکی تردا!؟
ئه‌مه نه‌ک پاساوی من بێت، به‌ڵکو بیریاران وه‌ها ده‌ڵێن، گه‌ر بڕوا ناکه‌ن و ناوه‌کانیانتان ده‌وێت، که‌مێک ده‌رباره‌ی نهێنیه‌کانی زمان و ستراکتۆری تێکست و ده‌سه‌ڵاتی ئاشتیخوازانه‌ی کتێبه‌کان بخوێننه‌وه!
ئه‌م ختوره‌یه‌ی کتێب و نووسه‌ره‌کانی به که‌م ده‌گرێت، له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و نیه‌تی هه‌رچیه‌ک بێت، و دنه‌ی هه‌رچیه‌ک بدات، مه‌رامی ئه‌وه‌یه مسداقیه‌تی ئه‌و گوفتاربێژانه‌ی سه‌رای ئازادی، بخاته ژێر پرسیاری ئه‌و سه‌رمایه ئایدۆلۆژییه حیزبیه ده‌سه‌ڵات په‌رسته‌ی، که بوێری و به‌های گوله‌بارانکردن به لوله‌ی تفه‌نگی ، له نوێنه‌رایه‌تیکردن و ئه‌کتیڤبوونه‌ی زمانی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه پێ گرنگتر و مانادارتر و سه‌نگینتر و ره‌هاتره. ئه‌و باوه‌ڕه‌ش به‌و سروشته‌وه، هه‌ر به‌وه ده‌گاته‌وه به‌وه‌ی، گشت پیلانه سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌کانی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی پاڵه‌وانێتیه‌کانی رۆبنێته‌وه، با وه‌همی بن و هه‌مووی هه‌قیقیش نه‌بن!.
واته هه‌قیقه‌تی شۆڕشگیڕانه به وه‌همی تێفکرین و ئه‌قڵ و ئالیه‌ته‌کانی شاخه‌وه. هه‌ر ئه‌م میراته‌شه بۆی ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ناندیێنی دنیابینیه‌که‌شی ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و دنیابینیه‌ی که نه‌ک خاڵین له ئه‌ندێشه‌کردن، به‌ڵکو خاڵین له ئه‌ندێشه‌کردنی شۆڕشگیرانه‌ش. بۆیه په‌یامه‌کانی هه‌نووکه‌دا به‌رناگرن و زڕبوون و له پوکانه‌وه‌دان.
پوکانه‌وه ئه‌وه‌یه، قسه و بۆچون و وه‌ڵام و پێشنیاره‌کانت، چیدی ده‌ره‌قه‌تی ته‌نگژه‌کانی ئێستا نه‌یه‌ن و به‌دیار داواکارییه‌کانی ئه‌مڕۆوه، ده‌سته‌وئه‌ژنۆ واق وڕماو بمێنن. لێره‌دا هیچیان بۆ نامێنێته‌وه، جگه له چه‌قبه‌ستن به ده‌وری سه‌رکرده‌و گروپ گروپێنه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵاتدارێتی، که هه‌موو شتێک له ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا به که‌ره‌سه و بابه‌تی گه‌مه ئایدۆلۆژییه‌کانیان ده‌بینن. گه‌رچی به‌داخم بۆیان، که پارادایمێکی کۆنکرێتی نه‌ماوه، ناوی لێ بنێین ئایدۆلۆژیا!؟ مه‌گه‌ر بڵێین ” کایۆسی سیاسی” فه‌وزای سیاسی.
.
له هه‌مانکاتدا، ئه‌و به‌ڕێزانه، لوتبه‌رزییه‌که‌یان، لێناگه‌ڕی ئه‌م جیاکارییه به روونی ببینن. که ئه‌فسانه سازییه‌کانی شاخ بۆ گه‌نجی ئه‌مڕۆ که له شاردا ده‌ژین، بووه‌ته رابردووییه‌ک، ئه‌و نه‌به‌ردییانه‌ی که رویانداوه جێی رێز و لێتێگه‌یشتن و شرۆڤه وخوێندنه‌وه‌یه، به‌ڵام جێی به په‌رستگاکردن و په‌رستنی ئه‌به‌دییانه‌ی ئه‌یقونه‌کانی نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌به‌ردییه‌کانی ئه‌مڕۆ گه‌نجان رازی ناکه‌ن، جگه له به‌خشینه‌وه‌ی یه‌قینی بیروباوه‌ره‌کانیان، ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێ نیه، که گه‌نج لێی ده‌پرسێ، ئه‌م قوربانی و پاڵه‌وانێتیه چی هێنا و چی پێبو بۆ من، وه‌ک نه‌وه‌یه‌ک، نه‌ک وه‌ک خزمه‌تکارێکی هه‌میشه‌یی ئێوه؟!
گرفتی ئه‌و ئه‌قڵه سیاسیه‌ی تا هه‌نوکه‌ش، راستی و ناراستیه‌کان به خوێن رشتنی نێو سه‌نگه‌ره‌کان ده‌پێوێت، بیرکردنه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یه‌قینانه‌دا که له‌ناوئاخیدا مه‌رگدۆستیه‌کیشی گه‌وره‌کردووه، هه‌موو راده‌ربڕینێکی تر له ده‌ره‌وه‌ی میتۆدی حیزبیانه‌ی خۆیدا پێ شتێکی مناڵانه و به‌تاڵ و نابه‌رپرسیارێتی و چه‌قاوه‌سوانه‌یه. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێیگه‌یشتووه، به پێچه‌وانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌م باوه‌ڕه دوگمایانه‌وه هه‌یه‌تی ده‌رهه‌ق به حه‌قیقه‌تی خۆی ناتوانێ تێیبگات، نهێنیه‌کانی نێو پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه به‌ره‌و رووی چ دنیایه‌کی ده‌کاته‌وه جیا له‌و دنیا وه‌ستاوه‌ی سه‌ر تابه‌ده‌ن ، تان و پۆی بونیاده‌که‌یی تێیهه‌ڵچه‌قیووه. ئه‌مه‌ش گه‌یاندویه‌تی به‌وه‌ی، بێهودانه، هه‌ر له جستوجۆدا بێت له نێو به‌تاڵیه‌کی فیکریدا، گه‌ر وه‌ها نیه، زه‌نگی ئه‌م رسته‌یه چیمان پێده‌ڵێت و چیمان بیرده‌هێنێته‌وه ” به خوێن هاتووین و به خوێنیش ده‌ڕۆین”!
واته گوێڕایه‌ڵ و عاروسال له‌سه‌ر ئه‌م خوانی ئازادییه‌ی حازر و بزر هێنراوه‌ته به‌رده‌متان، قڕوقه‌پ لێی دانیشن، و ته‌نها له ده‌مکردنه‌وه‌دا ئه‌وه بڵێنه‌وه که باوکه شۆڕشگێره‌کانتان ده‌ینێنه‌وه نێو ده‌متانه‌وه، ئه‌گه‌ر نا ناحاڵین و تێکده‌ری ئه‌زمونی ئه‌م هه‌رێمه‌ن و زۆڵن و جێگه‌تان له‌م ماڵه‌دا نابێته‌وه!
ئێستا گه‌نج له شاردایه، شاریش ده‌ستپێکێکه بۆ دامه‌زراندنی ماڵێکی تازه‌ی نێوان باوک و فرزه‌ند. ئه‌و باوکه‌ی گه‌ر له نیه‌تیدایه به مۆدێرن له قه‌ڵه‌م بدرێت، گه‌ره‌که وه‌ها خۆی بهێنێته پێشچاوی فرزه‌نده‌کانی، ئه‌م باوکه به‌م سیفه‌تانه‌وه که دنیا و ئه‌ته‌کێتی مۆدێرنه لێی ده‌خوازێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وێنه‌که‌ی خۆیدا نه‌خوازراو و لێکدژ نه‌بێت، ده‌بێ زمانحاڵی سه‌رده‌میکی گه‌نجانه بێت، ئه‌گه‌ر نا فرزه‌نده‌کانی له کۆمه‌ڵێ رووه‌وه، که په‌یوه‌ند به ژیانی مه‌ده‌نیانه‌یانه پێی لێداده‌چه‌قێنن و قین له‌و پره‌نسیپانه‌ی ده‌گرن که هاوواتای مافه گه‌ردونیه‌کان نه‌بن.
بۆیه ئه‌م باوکه مۆدێرنه، بۆ ئه‌وه‌ی دڵی فرزه‌نده‌کانی له خۆی رازی بکات ،که چه‌ندی خۆش ده‌وێن، به پێی مافه گه‌ردونیه‌کان، به‌م پره‌نسیپانه‌وه ناچار ده‌بێت له‌گه‌ڵ باوکه ته‌قلیدییه‌کاندا بکه‌وێته کێشه‌وه!
چونکه باوکێکی مه‌زهه‌بی لۆژیکی یه‌قین پشت و په‌نای بووه، که‌چی وێرانکاری له پشتی خۆیه‌وه جێهێشتووه.
باوکی ئایدۆلۆژی لۆژیکی یه‌کپارچه‌یی باوه‌ڕ مه‌ته‌رێزی بووه، که‌چی په‌رتبوونی نه‌ته‌وه‌یی خستۆته‌وه.
باوکی مۆدێرنیش، ئاواته‌خوازه، لۆژیکی رۆشنگه‌ری بناغه و تاقیگای بێت بۆ پێوه‌ره ئاکارییه‌کان!
بۆیه رێگه‌چاره‌کانی ده‌بێ بخاته ژێر رۆشنایی و به‌رده‌م داوه‌ری بۆچوون و لێکدانه‌وه جیاوازه‌کانه‌وه!
بۆیه کێشه‌ی ئه‌م باوکه مۆدێرنه ئه‌وه‌یه به فرزه‌نده‌کانی بڵێ و بسه‌لمێنێ، راسته منیش هه‌ر باوکم، و هه‌موومان له گیرفانی یه‌کتری هاتوینه‌ته ده‌رێ و دێینه ده‌ره‌وه، به‌ڵام جیاوازی من ئه‌وه‌یه، من باوکێکی به‌ربه‌ری نیم. به‌ڵکو باوکێکی ئه‌قڵانیم و له خۆم راده‌مێنم و بیر ده‌که‌مه‌وه و ده‌فافم.. و گوێ له تۆش ده‌گرم وه‌ک خۆت،
نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ و ده‌یخوازم. ئه‌وه‌تا رۆڵه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام، به‌س قسه‌که‌ر نه‌بم به‌ڵکو گوێگریشبم و بتدوێنم، له‌گه‌ڵدا بیر بکه‌مه‌وه، ده‌بێ به ئاگاش بم بیرت بۆ نه‌که‌مه‌وه.
که‌وایه رۆڵه‌ی من باوه‌ڕ به‌وه بهێنه، چیتر به ته‌نها، خاوه‌نی ئه‌مر و نه‌هی نیم و نابم، به‌و مانایه‌ی ته‌نفیزی بکه ئه‌وجا موناقه‌شه‌م بکه‌یت! به‌ڵکو ئاماده‌یی ئه‌وه‌شم هه‌یه دانتپابنێم و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌کانت به حورمه‌ته‌وه له‌گه‌ڵدا بکه‌م. ئه‌مه‌ش که‌می نیه بۆ شان و شه‌وکه‌تی باوکانه‌ی من، به‌ڵکو گه‌یشتنه‌وه‌یه به نهێنی باوکانه‌ی خۆم.
راسته وتومه و ده‌یڵێم، من حه‌ز ناکه‌م که‌س له خۆم بڵندتر بێت، به‌ڵام له دڵه‌وه، له ناخی ناخمه‌وه، ئه‌و خه‌ڵاته به تۆ ده‌ده‌م، که له تۆ نه‌ویتربم، چونکه ئه‌و رۆشناییه‌ی له شکۆی تۆوه دێ روناککرنه‌وه‌یه‌کیشه بۆ من، و پێی شاگه‌شکه ده‌بم
هه‌موو فرزه‌نده‌کان ناهه‌قیان نیه، به‌م ته‌رزه زمان و رووبه‌روبونه‌وه دادپه‌روه‌رانه‌یه ئاشنا نه‌بن! چونکه له کۆمه‌ڵێ فۆرمی جیاوازدا په‌یوه‌ندی نێوان باوک… و فرزه‌ندی دیووه، جگه له دیماگۆگیه‌ت و ئیتاعه‌تێکی کوێرانه هیچ شتێکی تر نه‌بوون بۆی.
په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا… و قوتابی، له ئه‌لفه‌وه هه‌تاوه‌کو یێ مه‌وعیزه و گوێراکێشان و گوێڕایه‌ڵی بووه.
په‌یوه‌ندی نێوان نوسه‌ر… و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندی نێوان قسه‌که‌ر و گوێگر بووه. په‌یوه‌ندی نێوان قاره‌مان… و جه‌نگاوه‌ر، له سه‌ره‌وه و خواره‌وه‌ی پێشڕه‌وایه‌تی بووه. په‌یوه‌ندی نێوان ته‌ڵقینده‌ر… و ته‌ڵقیندادراو، ئاوی گوێ دادان بوون. ئیدی له به‌رزی و نزمیاندا له حاند بڕوا و رازونیازه‌کانی یه‌کتردا چه‌ندێک بووبێت، سه‌ره‌نجام یه‌کترییان بۆ په‌یوه‌ندی ئاغا و کۆیله هێناوه و بردووه و به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ، ئه‌م رۆشنبیرانه‌ی ئه‌مێستا به خواستی خه‌ڵکه راپه‌ڕیوه‌که، بوونه‌ته پێشگفتار و حیکایه‌تخوانی ئه‌مڕۆی ناره‌زایه‌تیه‌کانیان. تا هه‌نووکه چونکه بینیان و بیستیان، هاوبیرانه ویستی ئه‌وان به‌رجه‌سته ده‌که‌ن، هه‌ر له ئاشناکردنه‌وه‌یان، به نه‌گوتراوه‌کانی ئه‌و رێگا دیارینه‌کراوانه‌ی، ده‌یانباته‌وه سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوونه‌وه‌ی خۆیان.
ئه‌ندێشه‌کردنی رۆشنبیران، نه‌شئه هێنه‌ری ئازادییه‌ک بوو، بۆ به قسه‌هێنانه‌وه‌ی گه‌نجان بۆ دانی مۆرک و شوناسێکی سه‌رده‌میانه به خوود”! ئه‌و ته‌بایی و هاوگونجان و دڵپێکه‌وه بوونه‌ی بیرۆکه‌کانی رۆشنبیران و چاوله‌دووبوونه‌کانی گه‌نجان، و بره‌وپێدانی له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوه، ئه‌وه‌ی گه‌نجان له داڕشتنه‌وه‌ی ورده هه‌قیقه‌ت و ورده به‌هاکانی دنیای خۆیان، وه ئۆتۆنۆمیه‌ت له ئیراده‌دا چه‌ندێک ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌ن، و له داتاشینه‌وه‌ی ته‌وته‌م و بتی نوێ‌دا نین، و ئه‌وداڵی هه‌ڵچوون و داچوونی سیفه‌ته وجودییه‌کانی خۆیانن؟ ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵێک خه‌وش و خاشاک و ئه‌گه‌ری ترن گه‌ر تێوردبوونه‌وه نه‌بێ باجی قورسی خۆی هه‌یه، ئه‌مه‌ش باسێکی تره، که ناکرێ به هیچ و بڕوبیانویه‌ک بێت نابینا بگیرێت”!
به دیوه‌که‌ی تریشدا، بۆ رۆشنبیرانیش بوارێکه، به قه‌ولی سارته‌ر گووته‌نی” ویژدان ناره‌حه‌تی”ه‌که‌یان بناسنه‌وه له به‌رامبه‌ر” رزگارکردنی ژێرده‌سته‌کاندا” وه ئه‌زموونی ئه‌وه بکه‌ن ، هاوسۆزی و نیه‌تپاکیه‌که‌ی خۆیان، به‌وه پاساو بده‌ن و بسه‌لمێننه‌وه، ” له‌و گه‌ردونیه‌ته تێبگه‌ن، که جه‌ماوه‌ر له واقیع و ئێستا و داهاتوودا عه‌وداڵێتی” ئینجا ئه‌و دابه‌شکردن و په‌یوه‌ندییه دوالیزمیه‌ی نێوان سه‌رکرده‌ی موتوربه به ئایدۆلۆژیا و بنکرده به کرانه‌وه‌یه‌ک به ئه‌قڵانیه‌ت.. ئێمه‌ی مه‌ده‌نی و ئێوه‌ی دیکتاتۆر.. باوکێکی گه‌نج و باوکێکی پیر، هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و بۆ نێو بونیادێکی تری ببه‌ن. که ئاژاوه‌کان چۆن تێکبشکێنرێن و سه‌رله‌نوێ یه‌کبگرنه‌وه له فه‌زایه‌کدا که دروستبووی هارمۆنیکیه‌تی جیاوازییه‌کان بێت! گۆڕینه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان جیاوازییه‌کان به ئاشتی نێوان جیاوازییه‌کان، ئه‌مه مه‌حاڵ نه‌بێت ئه‌سته‌مێکه، رۆشنبیران سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا هه‌یه! که له فه‌زا و شانۆی سیاسی‌دا له‌حزه‌یه‌کی درامییه! جیاوازی نێوان دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و لق و په‌ل و باره‌گاکان، بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی که‌سێتی ئینسانی کورد با مانا هاوچه‌رخه‌که‌ی، هاوکات و هاوشان به مه‌ده‌نیکردنه‌وه‌ی ده‌زگا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و په‌روه‌ردییه‌کان!
چونکونێ جاران و تا هه‌نووکه‌ش رابه‌ره حیزبیه‌کان ئاوێته‌یه‌ک بوون له مه‌زهه‌ب و ئایدۆلۆژیا.
ته‌نها فه‌قێ و حاجی و مه‌لا رۆشنبیرانی نێو دنیای ئێمه نه‌بوون.
با بێ هیچ پرینگانه‌وه‌یه‌ک، بنۆڕینه‌وه له ناوی باوکه رۆحی و مه‌زهه‌بیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ش:
شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ مه‌حمود، قازی محه‌مه‌د، مه‌لا مسته‌فا. دواتر له مه‌ودایه‌کی تردا ده‌گه‌ین، به کۆلاجێک له عه‌لمانی بونه‌وه ، برایم ئه‌حمه‌دی رۆماننوس و شاعیر، و ره‌فیق حیلمی منه‌وه‌ر و ره‌خنه‌گری ناو کاژ‌یک و حیزبی هیوا ، ئه‌حمه‌د هه‌ردی ست فاتیمه‌ی ناو رازی ته‌نیایی. گوتاری ئه‌ده‌بی و ئیستاتیکیانه به هه‌ر هۆیه‌کی سۆبجێکتیڤی و ئۆبجێکتیڤی ده‌که‌نه پاشکۆی گوتاری سیاسی. له‌م پرۆسه‌یه‌شدا ئه‌مانیش ئاوس ده‌بن و له ره‌حمایاندا بنه‌چه‌ی وه‌کو مامجه‌لالی ماوتسی تۆنگ و عه‌زیز محه‌مه‌دیی هه‌ڵگری میداڵیای لینینیه‌تمان بۆ ده‌خه‌نه‌وه.
بینیمان پرۆسێسه‌که له مه‌زهه‌به‌وه رێی ته‌یکرد بۆ ئایدۆلۆژیا و دواتر له رۆشنبیراندا ده‌گه‌ین به بانگه‌شه‌کردن بۆ جۆرێک له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵ. که‌واته له بارگاویبوون به باوه‌ڕی مه‌زهه‌ب، ئینجا باوه‌ڕی ئایدۆلۆژیا، دواتر به ئه‌کتیڤبوونه‌وه‌ی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه نزیک ده‌بینه‌وه، که ئایدۆلۆژیست نیه، به‌ڵکو گه‌ره‌کێتی نه ره‌فزیان بکات، نه ببێته گوێنده‌یان، به‌ڵکو دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژییه چه‌پڕه و راستڕه و میانڕه‌وه‌کاندا بسازێنێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچیان بسڕێته‌وه، یان بیانکاته یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م.
هه‌تاوه‌کو ” به‌ره‌و دیمۆکراسیه‌ت.. به‌ره‌و نوێخوازی.. به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵ” که لۆگۆی سه‌ر گۆڤاری ئازادی بوو بڕه‌خسێنێ. چیدی رۆشنبیر نایه‌ت، به‌رنامه و پێڕه‌وی ناوخۆ مانفێست بکات . به‌ڵکو خۆی به دامه‌زراوه ده‌کات، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ره‌سمیانه لای دام و ده‌زگاکان دانیان پیابنرێت، به‌ڵکوخه‌ڵکه بێده‌ره‌تانه‌که دانیان پیابنێت! ئه‌مه‌ش ئه‌و ئاڵوگۆره‌یه که هه‌نووکه روویداوه و ده‌بێ و جێی تێوردبوونه‌وه بێت.
جا له‌م وه‌رچه‌رخانه‌وه‌یه، ده‌توانرێ به سه‌رکرده تووڕه و تۆسنه‌کانی ئایدۆلۆژیا راستره‌و و میانڕه و راستڕه‌وه‌کان بوترێته‌وه: ئه‌وه‌ی تا ئێستا له قوله‌ی قافه‌وه نه‌تابینی فه‌رموو بیبینن، ئه‌وه‌ی نه‌تان بیست فه‌رموو بیبیستن! ئه‌وه‌تا ئه‌ی سه‌رکرده‌ی له‌خۆباییمان به ئه‌فیونی باوه‌ڕ، رۆشنبیرانتان چه‌ندێ که‌لاگرت و خستاننه لاوه، چه‌ندێ له هه‌وڵی چۆکپێدادان و لغاو کردن و بچکۆله‌کردنه‌وه و ده‌سته‌مۆکردنیان دا بوون، هه‌نووکه له‌سه‌ر زمانی خۆپیشانده‌ران به‌هایان زانراوه و ده‌زانرێ، له‌م چرکه‌ساته‌دا به‌رجه‌سته بوونه‌وه و هه‌ن، هه‌م له هێمن کردنه‌وه‌ی ئارێشه‌کاندا ، هه‌م له رێنمایی کردنی رووداوه‌کاندا، که په‌نجه درێژکردنی ناوێ .
واته رۆشنبیران له رێگه‌ی وشه‌کانیانه‌وه، که ئێوه له قوڵایی و ده‌لاله‌ته‌کانی نه‌ده‌گه‌یشتن و به که‌متان ده‌گرت له ململانێکاندا.. له تێروانینه‌کاندا.. له ناکۆکیه‌کاندا، له چوون به‌ره‌و کۆمه‌ڵێ شوێنی ئارێشه و گرفت و ته‌نگژه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون به هێزێکی رۆحی بۆ ئه‌م بزاوته. به‌ڵام چ هێزیک؟ هێزیکی لۆژیکی فیکری و مه‌عریفه و ئه‌قڵ.
که ده‌مێکه له ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێمه‌دا، رۆڵیان نابووت کرابوون و نابینا گیرابوون و ده‌گیرێن!
ئا لێره‌وه ده‌توانرێ، بوتریت، گه‌ر ئه‌م ئه‌شکالیه‌ته نه‌برێنه‌وه سه‌ر سه‌ره‌تا و به‌راییه‌کانی خۆیان.
هه‌ر جۆره لێکدانه‌وه‌یه‌ک، جگه له ملکه‌چپێکردن و فریو و روکه‌شگه‌رایی به هیچ مه‌نزڵێکی ئه‌مانمان ناگه‌ێنێت! ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا دێته پێشێ کام مه‌نزڵه… ؟
له ئێستادا ئه‌و مه‌نزڵه‌ی جێی ئاخاوتنی فرزه‌ند.. و. قوتابی.. و، خوێنه‌ر.. و، جه‌نگاوه‌ر.. و، ته‌ڵقیندادراوانه! له‌گه‌ڵ باوک.. و مامۆستا.. و نووسه‌ر.. و سه‌رکرده.. و وه‌عزداده‌راندا، ئه‌مه بۆ… ؟ هه‌تاوه‌کو ئه‌و نیوه بزربووه‌ی کۆمه‌ڵگا، که حیکایه‌تی جۆراوجۆری خۆی هه‌یه و بێده‌نگ کرابوون و چه‌پێنرا بوون، با ئازادانه له کۆمیدیا و تراژیدیا‌کانی خۆیان بدوێن! تا چیتر پۆلیس و داوه‌ر وه‌کو یه‌که‌م سه‌نته‌ر و دوا سه‌نته‌ر له باره‌ی تاوانباره‌کانه‌وه نه‌دوێن.. وه نه‌ک به ته‌نها دکتۆر له باره‌ی ئێش و ئازاری نه‌خۆشه‌وه بدوێ.. و رێک به‌راوه‌ژوو، ئه‌وان بۆ خۆیان و ده‌رباره‌ی خۆیان چی ده‌ڵێن با بدوێن.
با به گوزارشت له خۆکردنه‌وه‌کانیانه‌وه کاڵفامیشی پێوه دیار بێت، به‌ڵام راستگۆیانه‌یه.
ئا له‌و نه‌خشه‌دایه، راپه‌رین جێ و رێ و مانای خۆی ده‌بێ و رۆشنبیرانیش رووبه‌رووی ئه‌رکی خۆیان ده‌بنه‌وه و گوفتاریان مانای ده‌بێ له ئاڵوگۆڕ پێکردن له چه‌مکه‌کاندا و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی به‌هاکان و روونکردنه‌یان له شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆیاندا، که بۆ به‌هره بردنه‌وه‌یه له ژیان.
بێ ئه‌وه‌ی چاو له دووی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک بن جگه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵ زیاتر……! چونکه له به‌دوا چونه‌کانیاندا گه‌یشتون به‌وه‌ی ” سه‌ربه‌ستی فیکر، بنه‌مای هه‌موو سه‌ربه‌ستیه‌کانی تره”!! مادام ئێمه تا هه‌نووکه‌ش کۆمه‌ڵگایه‌کی هه‌تیوو نین، ده‌بێ له‌و پاساوه حاڵی ببین و بزانین ئه‌م باوکانه‌ش چۆن له باره‌ی خۆ خستنه رووی خۆیانه‌وه بۆ ئێمه ده‌ئاخفن.. به‌ڵێ پێموایه بۆ هه‌نووکه، پێده‌چێ ئه‌مه پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌که بێت، بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که بۆنی باوک و رۆشنبیرانی لێدێت، باوک و فرزه‌ندی لێدێت، ئه‌و فرزه‌ندانه‌ی خه‌ریکه خۆیان ده‌بنه‌وه به باوک، باوکێک له‌م شوینکاته‌دا، به رۆڵی ئه‌وان، و لابه‌لاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و راز‌و نیازانه، که به ده‌نگهاتنی مێژووییه‌کی نوێیه، پێویست ده‌کات به هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیار و هه‌نگاوه‌کانیدا بیناسین، تۆ ده‌ڵێی چی…!؟