له‌به‌رده‌م گفتوگۆدا …. عه‌زیز ڕه‌ئووف
بێشك گفتوگۆ باشترین ڕێگه‌یه بۆ ده‌ربازبوون له هه‌ر ئه‌زمه‌یه‌كی سیاسی. ڕێگه‌ی گفتوگۆ لانی كه‌م دروستترین ڕێگه‌ی مه‌ده‌نیه بۆ ده‌ربازبوون له هه‌ر قه‌یرانێك كه له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌دی بكرێت. بۆیه دروست ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئێمه ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و به زمان سیاسه‌ت بكه‌ن نه‌ك به فیشه‌ك.
ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان دۆخێكی ته‌واو جیاوازه. لانی كه‌م خۆشبه‌ختانه له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات شه‌ڕ ڕووینه‌داوه، به‌ڵام دۆخێكی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانیش نه‌بووه لانی كه‌م له‌سه‌ر ئاستی ڕاگه‌یاندن و خیتابی هه‌ردوولادا. هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئۆپۆزسیۆن له‌و ماوه‌یه‌دا دۆخێكیان خوڵقاندبوو كه كه‌م تا زۆر بۆنی شه‌ڕی لێده‌هات و تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چه‌كدار بێنێته نێو شاره‌كان و به هێز چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه بكات.
هه‌رچۆنێك بێت دۆخی به‌سه‌ربازیكردنی شاره‌كان تاڕاده‌یه‌ك كاڵ بۆته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستاش مایه‌ی قسه‌له‌سه‌ركردنه دانیشتنی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
ئه‌م دانیشته به‌بۆچوونی من هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵات و هه‌م بۆ ئۆپۆزسیۆن مایه‌ی ئیشكالی گه‌وره‌یه. ئۆپۆزسیۆن باش ده‌زانێت كه ده‌سه‌لات نیه‌تی چاكسازی نیه و ئه‌مه‌شی به‌ئاشكرا له ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆیه‌وه وتووه، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن لانی كه‌م بۆئه‌وه‌ی به‌شه‌قامی خۆی بڵێت كه ئه‌وه منم ده‌ستی ئاشتی ڕه‌ت ناكه‌مه‌وه بۆیه ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دابنیشێت.
سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتیش هه‌مان شته. ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت داخوازیه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌نسبه‌ت ئه‌وه‌وه هێنده قورسن كه شابه‌نی قبوڵكردن نین، به‌ڵام ڕێگه‌ی گفتوگۆش ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك وه‌ریبگرین ئه‌م گفتوگۆیه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ئارام بێته‌وه و مه‌ترسی چه‌ند مانگی پێشوو له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت كه‌م ده‌بێته‌وه و خۆپیشانده‌ران ده‌چنه‌وه ماڵه‌كانی خۆیان.
ده‌توانین به دیوێكی تریشدا دۆخه‌كه ببینین. ئۆپۆزسیۆن كه به‌ئاشكرا وتی كه له‌پشته‌وه‌ی خۆپیشاندان نه‌بووین و ئێستاش ده‌سه‌ڵات داوای گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كات خۆشحاڵه به‌وه‌ی خۆی به‌ڕه‌قه‌م بزانێت له‌ئاست یه‌كێتی و پارتی، هه‌ربۆیه ڕێگه‌ی گفتوگۆ ڕه‌ت ناكاته‌وه كه سور ده‌زانێت ده‌سه‌ڵات به‌م گفتوگۆیه كات ده‌كوژێت. چونكه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیویستایه چاكسازی بكات، خۆ كابینه‌ی حكومه‌تی پێكهێناوه و بودجه و چه‌كدار و مه‌كینه‌ی ئیعلامی زه‌به‌لاحی له‌به‌رده‌سته و به‌بێ ئۆپۆزسیۆن وه‌ك چۆن حكومه‌تی پێكهێنا ئاواش چاكسازی ده‌كرد. به‌ڵام هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئۆپۆزسیۆن قوربانی ئه‌و دۆخه‌ن كه شتێك نیه له‌م هه‌رێمه به‌ناوی دامه‌زراوه. هه‌ربۆیه نه ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ چاكسازی بكات و ته‌نانه‌ت نازانێ له‌كوێوه ده‌ستپێبكات، نه ئۆپۆزسیۆنیش پڕۆژه‌یه‌كی كاملی پێیه بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه سیاسیه‌ی كه هه‌رێمی كوردستانی گردۆته‌وه.
له ئێستادا شه‌ڕی گه‌وره له‌سه‌ر بودجه‌یه له پارله‌مان، ده‌سه‌ڵات به‌بێ ئۆپۆزسیۆن پڕۆژه یاسا ده‌رده‌كات، ڕاگه‌یاندنی هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامن له تاوانباركردنی ئه‌و حكومه‌ت و ئه‌میش كاره‌كته‌ره‌كانی ئۆپۆزسیۆن، من ده‌پرسم ئه‌وه گفتوگۆ و ڕێگه‌ی گفتوگۆ چ سحرێكه ده‌توانێت براكان وا لێ بكات كه بگه‌نه نه‌تیجه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه؟ تا ئێستاش ده‌سه‌ڵات ئۆپۆزسیۆن به كۆسپێكی به‌رده‌م حكومه‌ت ده‌زانێت و ئاماده‌یه چه‌كدار بنێرێته سه‌ریان و له كه‌ناڵه‌كانیان بده‌ن، ئۆپۆزسیۆنیش سوربێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته ئه‌وه‌نده ناشرینه كه شایه‌نی ئه‌وه‌یه پێی بڵێین بڕۆ، من ده‌پرسم ئه‌و مێزی گفتوگۆیه چ سحرێكه ئه‌م برا نه‌یارانه بگه‌یه‌نێته نه‌تیجه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه؟
به‌ڵام هه‌رچۆنێكیش بێت نابێت گفتوگۆ ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه و لانی كه‌م من به‌ئومێد ده‌بووم سه‌رۆكی حزبه‌كان خۆیان دابنیشتنایه‌ـ به‌ڵام به هه‌ر بیانویه‌ك بێت سه‌رۆكه‌كان كه برای پێشمه‌رگایه‌تی شاخ بوون، خۆیان دانانیشن و هه‌ریه‌كه‌و وه‌فدێك ده‌نێرێت، ئه‌مه‌ش گومانێكی تره. به‌ڵام با چاوه‌ڕێ بكه‌ین بزانین یه‌كه‌مین گفتوگۆی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن تا چه‌ند شه‌فافه و تا چه‌ندیش ده‌ستی ده‌بێت له فراوانكردنی ئاشتی و برایه‌تی و له سه‌رو هه‌موویانیشه‌وه چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. با ئه‌م یه‌ك دوو ڕۆژه‌ش چاوه‌ڕێ بین.
Azizrauf75@yahoo.com