
دیمانه له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و به‌رێوبه‌ری پێشووی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان جه‌مال حسێن
جه‌مال حسێن:
نابێ ڕۆشنبیران ببنه ته‌ره‌ف له ململانێیه‌ك كه په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سكه‌وتی سیاسیه‌وه هه‌بێت بۆ هێزه‌كانی سه‌ر گۆره‌پانه‌كه
سه‌رده‌مێك كه ئینسانی كوردی جوگرافیای زیاتری بینیوه، بۆیه به‌سیحری وڵات و گۆرانیه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك و شیعره‌كانی سروشتی گۆران نای وروژێـنێت
سازدانی: سۆران عه‌زیز
له‌م دیمانه‌دا نووسه‌ر و به‌رێوبه‌ری پێشووی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان “جه‌مال حسێن” به‌وردی باس له‌كێشه‌و ئه‌وقیرانانه‌ی ئێستایی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هاوكات تیشكیش ده‌خاته سه‌ر ئه‌و به‌راوردانه‌ی كه هه‌ندێ له‌نووسه‌ران بۆ هه‌رێمی كوردستان و تونس و میسری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: مه‌رج نیه هه‌مان ئه‌و میكانیزم و دروشم و ناوانه‌ی گونجاون بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی تونس، بۆ ئێره‌ش ڕاست بن.
*باسه‌ره‌تا له‌وه‌ده‌ست پێبكه‌ین ده‌وترێت هه‌رێمی كوردستان نزیكایه‌تییه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ تونس و میسردا به‌و ماناییه‌ی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاتانه له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ئێمه‌دا هه‌مان كێشه‌ن رای تۆ چییه؟
جه‌مال حسێن: به‌رله‌هه‌موشتێك، من وای ده‌بینم كه ئه‌و پرسیاره بێ ئه‌نداز ساده‌كراوه‌ته‌وه‌و دیوێك و مانایه‌كی سیاسی وه‌رگرتوه له كوردستاندا، ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت به‌ڵێ وڵاتی ئێمه و كێشه‌كانی به و شوێنانه ده‌چێت‌و دواجار پێویسته هه‌مان ئه‌و میكانیزمانه بگیرێنه به‌رو هه‌مان لێكه‌وته‌شی لێده‌كه‌وێتـه‌وه، سیاسیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌وڵی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌ی بسه‌لمێنن و ڕوی جیاوازی كوردستان به‌به‌راورد به‌م شوێنانه بخه‌نه‌ڕو، ده‌رئه‌نجام وای نیشان بده‌ن كه‌ئێره به‌وێ ناچێت. به‌لای منه‌وه هه‌ردووك ئه‌م بۆچونه له یه‌ككاتدا هه‌ڵه‌شن و ڕاستیشن، یان باشتر وایه بڵێم هه‌ر كامێكیان بگریت ڕاستی و هه‌ڵه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. چونكه به‌دیوێكدا به‌ڵێ لێره‌ش بۆ نمونه گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و كێشه‌ی بونیه‌وی جدی له كۆی پرۆسه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه‌و به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگای ئێمه به‌تایبه‌ت له‌ناو ئه‌و نه‌وه‌یه هه‌ستی پێده‌كرێت كه تازه پێ داده‌نێ له‌سه‌ر شانۆی ژیان و ده‌یه‌وێـت ده‌ستی هه‌بێت له‌دارشتنی نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابوری ئه‌م وڵاته‌دا ، كه‌مه‌به‌ستم گه‌نجه‌كانه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌ڵێ مه‌رج نیه هه‌مان ئه‌و میكانیزم و دروشم و ناوانه‌ی گونجاون بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی تونس، بۆ ئێره‌ش ڕاست بن. به‌ڵام بۆچی ئه‌و پرسیاره بكه‌ینه سه‌نته‌ر، بۆ له‌و لێكچون‌و جیابونه‌وه‌ی ئێره به‌هه‌ر شوێنێكه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، چونكه به‌رده‌وام به‌راورد كردن، له‌ناوه‌رۆكدا خۆدورخستنه‌وه‌یه له بیركدنه‌وه لێره‌و كێشه‌كانی. بۆ نه‌پرسین ئایا به‌راست لای ئێمه دۆخێك هه‌یه كه‌وا له هاوڵاتیان بكات بێنه سه‌رشه‌قام و دروشمی زبر‌و توند بڵێنه‌وه؟ ئایا ئاڵوگۆڕی ئه‌وه‌نده گه‌وره به‌سه‌ر وشیاری تاكی ئێمه داهاتوه، كه بێمتمانه‌ی لا دروست بكا به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه و هاواریان لێ هه‌ڵسێنێـت؟ من یه‌كێكم له‌وانه‌ی كه پێم وایه لانی كه‌م له دوای ڕوخانی به‌عسه‌وه، له گه‌ڵ كۆتای هاتنی ئه‌م مه‌ترسیه گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد له عێراقداو، ئه‌و ئاڵوگۆره ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگای كوردیدا هاتوه له‌م رۆژه‌وه تائه‌مڕۆ، كه‌به‌رده‌وام له زیادبون‌و گه‌شه‌كردندان، وای كردوه كه‌تاكی ئێمه خاوه‌نی وشیاریه‌كی تازه‌بێـت. وشیاریه‌ك كه به‌رهه‌می خه‌باتی ڕزگاری نیه، له ڕێگای ئه‌ده‌بیاتی نهێنی نه‌ته‌وه‌یی و تێكۆشان له‌پێناو خه‌ونێكی گشتی گه‌وره له‌دایك نه‌بوه، به‌ڵكو لێكه‌وته‌ی بینینی دنیا‌و سه‌رده‌می په‌یوه‌ندی ته‌كنه‌لۆژی‌و كرانه‌وه‌یه به‌روی دنیادا، سه‌رده‌مێك كه ئینسانی كوردی جوگرافیای زیاتری بینیوه، بۆیه به‌سیحری وڵات و گۆرانیه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك و شیعره‌كانی سروشتی گۆران نای وروژێـنێت. سته‌می به‌عسی نه‌بینوه‌و له قوتابخانه‌ی گوتاری مانه‌وه په‌روه‌رده نه‌بوه، به‌ڵكو خه‌ونێكی تر‌و خه‌یاڵێكی تری هه‌ڵگرتوه. ئێمه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش له‌و كۆمه‌ڵگا تۆڕیه جیهانیه‌دا ده‌ژین كه زۆر سۆسیۆلۆژیستی نوێ باسی ده‌كه‌ن. كه له‌زۆر ڕوه‌وه خاوه‌نی خه‌سڵه‌ت‌و تایبه‌تمه‌ندی جیاوازه له‌سه‌رده‌مه‌كانی پێش‌و، یه‌كێك له خێراترین و دیارترین لێكه‌وته‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، له دایك بونی تاكی بێ ئه‌نداز ته‌موح و ئه‌نانیه. ئه‌نانیه‌تێك كه ئه‌و مرۆڤه والێده‌كات ته‌نها چه‌پڵه بۆ بریارێك لێبدات كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌یه، پرسیاری ئه‌وه‌ی باوكم خه‌باتی بۆچی كردوه، لای ئه‌و جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ حیكایه‌ته‌كانی به‌ر ئاگردان، ئه‌م نه‌وه‌یه كه له تۆڕێك په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفراوان و سه‌رده‌مێكی تردا پێگه‌شتوه، ئاماده‌نیه ده‌سبه‌رداری خواست و خولیا فه‌ردانیه‌كانی بێت. به‌واتایه‌كی تر، هه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه و ئه‌و خه‌یاڵه‌شی له پشتی زۆرێك له‌و بزوتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی تونس‌و میسر‌و كوردستانیش ده‌وه‌ستێـت. له تونس بو عه‌زیزو له میسر وائیل غونه‌یم نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان ده‌كرد. له به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش من پێم وایه دابڕاوه له‌و نه‌وه‌یه‌و خه‌ونه‌كانی . بێ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن فه‌رامۆش بكه‌ین، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌و لێدوانانه‌ی ده‌بینرێت، من پێم وایه ئۆپۆزسیۆن به‌رهه‌م هێنی ناره‌زایه‌تی نیه، به‌ڵكو ناره‌زایه‌تی به‌رهه‌م هێن‌و چالاككه‌ری ئۆپۆزسیۆنه. بیریشمان نه‌چێت ئه‌وه‌ی حكومه‌تی میسر و تونسی ڕوخاند، ئۆپۆزسیۆن نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و گه‌نده‌ڵی‌و نادادپه‌روه‌ری و چه‌وساندنه‌ویه‌بوو كه خودی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه پیاده‌یان ده‌كرد. به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان نابێت ئه‌و ڕاستیه ون بكه‌ین، كه‌هه‌ر به‌ڕاستی سیسته‌می سیاسی ئێمه له زۆر ڕوه‌وه پێویستی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و دوباره دارشتنه‌وه‌هه‌یه.
*ده‌وترێت راگه‌یاندن ده‌ستی هه‌یه له قوڵتركردنی دۆخه‌كه ئایاده‌وری راگه‌یاندن به‌رای تۆ چییه له‌م بارودۆخانه‌دا؟
جه‌مال حسێن: ڕاگه‌یاندن هه‌میشه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا و به‌تایبه‌ت لای هێزه سیاسیه‌كان، تائه‌وپه‌ڕی سنور باركراوه به‌بارێك كه هی ئه‌و نیه، شه‌رێك ده‌كات كه بۆ ئه‌ونیه، جۆرێك سه‌یرده‌كرێت، كه بۆ ئه‌و شیاونیه، به زنجیرێكیش به‌ستراوه‌ته‌وه، كه ده‌سكردی خودی خۆی نیه. بۆیه كێشه‌ی ڕاگه‌یاندن، به‌ر له‌وه‌ی دۆخێكی ئاڵۆزی سیاسیش بێته پێشه‌وه، خۆی له دۆخێكی ئاڵۆزدایه. تا ئێستا مۆدێلی په‌سه‌ند لای هه‌مو هێزه سیاسیه‌كان، به ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه، مۆدێلێكی به‌لشه‌فی ڕوته. ئۆرگانی حیزب‌و كه‌ناڵی گه‌یاندنی په‌یامی سیاسیه‌كانه، به‌توره‌بونی حیزب ئه‌ویش توره‌ده‌بێت، به خاوبونه‌وه‌شی په‌یامی ئاشتی بڵاو ده‌كاته‌وه، زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماده‌یی هه‌یه، سیاسیه‌تی حیزبه، ئه‌وه‌ش كه ونه سیاسه‌تی ڕاگه‌یاندنه. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مۆدێله له ڕاگه‌یاندن بگه‌ین، ده‌بێت ئاوڕ له ئه‌قلیه‌تی سیاسی بده‌ینه‌وه. له فه‌زایه‌كی ئاوادا، كه یاسایه‌ك نیه ئه‌م دۆخه رێكبخات، ده‌كرێ په‌نا بۆ مۆنتسكیۆ ببه‌ین، نه‌ك هۆبز. هۆبز، كه باس له دۆخی سروشتی مرۆڤه‌كان ده‌كات، ده‌ڵێت ئه‌و سه‌رده‌مه هیچ یاسایه‌كی تیانیه، ته‌نها هێز نه‌بێـت، هه‌مو لایه‌ك په‌لاماری یه‌كتر ده‌دات، هیچ سنورێك نیه له‌و ململانێیه‌دا، ئه‌وه‌ی ده تپارێزێت توانای جه‌سته‌ی خۆته‌و هیچی تر. ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێت شه‌ری هه‌موان دژی هه‌موان. به‌ڵام مۆنتسكیۆ كه‌دواتر هات وتی له‌و سه‌رده‌مانه‌شدا كه هێشتا سیاسیه‌ت و ده‌وڵه‌ت له‌دایك نه‌بوه، وه هێشتا مرۆڤایه‌تی له سه‌ر په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێك نه‌كه‌وتبوو، پێش ئه‌وه‌ی یاساگه‌لێك ئه‌و په‌یوه‌ندیه ڕێك بخات، به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكاندا حاكم بوون. لێره‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم كه ئه‌گه‌ر له‌و به‌ریه‌ككه‌وتن‌و زبره سیاسیه‌شدا كه هێزه سیاسیه‌كان له كوردستان دا ڕوی دا‌و ڕه‌نگه دوباره‌ش ببێته‌وه، ئه‌و كاته‌ی سه‌نته‌رێك نامێنێـت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌ك بۆی بگه‌ڕێنه‌وه، كه ئه‌مه له دۆخی سروشتی ده‌چێت كه فه‌یله‌سوفانی كلاسیكی قوتابخانه‌ی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك و هۆبز‌و لۆك باسی ده‌كه‌ن، له‌و دۆخه‌دا، ئه‌وا ده‌كرێت بۆ كۆمه‌ڵێك به‌های ئه‌خلاقی و گشتی بگه‌ڕێینه‌وه و بكرێنه پێوه‌ر بۆ كاری ڕاگه‌یاندن.
* ماوه‌یه‌كه ره‌خنه‌یه‌ك به‌جدی هاتۆته ناو رۆشنبیری كوردی له‌وه‌ی برێك له‌و شاعیر و رۆماننووس و چیرۆكنووس هتد به‌ته‌نها هه‌ر خه‌یكی كاری خۆیانن له‌كاتێكدا ولاته‌كه‌یان له‌ته‌قینه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تیدایه، ئه‌وه له‌كاتێكدا پێیان ده‌ڵێن رۆشنبیر یان ئه‌دیبی بێهه‌ڵوێست، ده‌كریت به‌وری بزانم رای تۆ چییه؟ ئایا ده‌وری رۆشنبیر چییه وه‌ك مرۆیه‌كی بیركه‌ره‌وه؟
جه‌مال حسێن: له مێژوی رۆشنبییری و رۆشنبیراندا، دوو كتێب هه‌یه كه هه‌ر یه‌كه‌یان بایه‌خی گه‌وره‌ی خۆی هه‌یه، كه‌من پێم باشه له‌مانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره دا بچینه‌وه، یه‌كه‌میان كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (لوسیان لۆگۆف)ه به‌ناوی (رۆشنبیران له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا)، دوه‌میشیان كتێبی (میشیل وینك)ه، به‌ناوی (سه‌ده‌ی رۆشنبیران). كتێبی یه‌كه‌میان كه به گرنگترین مه‌رجه‌عی تێگه‌یشتن له ده‌ركه‌وتن و فۆرمه‌له بونی رۆشنبیران له خۆرئاوادا ئه‌ژمارده‌كرێت، به تایبه‌ت له فه‌ره‌نسا، له كۆی ئه‌و به‌رهه‌موه به نرخه‌دا، تێده‌گه‌ین به‌ته‌نیشت سه‌رقاڵ بونی رۆشنبیران به دنیای مه‌عریفه‌و هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بیه‌كانی خۆیان، نه‌ك دابڕاو نه‌بوون له ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان، به‌ڵكو به به قوڵی به‌شداربوون له پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردن و ئاڵوگۆڕه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا. بزوتنه‌وه‌ی رێنسانس‌و رۆِشنگه‌ری به‌ر له شۆرشی فه‌ره‌نسا، به‌مانایه‌ك له ماناكان به‌رهه‌می خه‌ونی رۆشنبیران بوه به‌دنیایه‌كی باشتر. په‌راوێز كه‌وتنی ئه‌م توێژه له سیاسه‌ت، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه، بگره ئه‌وانه‌شی كه گوایه موداخه‌له‌ی سیاسیه‌تیان نه‌كردوه، بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ ته‌فسیری ماركسیانه ببه‌ین، لو تكه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسی پارێزگاریانه‌و بۆرژوازیانه‌یه. له ڕێگای ئه‌م كتێبه‌وه تێ ده‌گه‌ین كه ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندا ترۆپكی موداخه‌له‌و به‌ریه‌ككه‌وتنی ئینسانه‌كان بوه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات. له كتێبی دوه‌میشیاندا، كه سه‌ربورده‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆڵ‌و چالاكی رۆشنبیرانه له ماوه‌ی سه‌د ساڵی سه‌ده‌ی بیستدا، تێده‌گه‌ین كه رۆشنبیران نه‌ك ڕۆڵی جدی و به‌رچاویان بینیوه له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا و له كۆی ململانێكانی ناو كۆمه‌ڵگا به‌ته‌نها، به‌ڵكو زۆر جار خوڵقێنه‌ری ئه‌و ململانێیانه‌ش بوون. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه به دنیابینی و تێگه‌شتن‌و میتۆدی جیاوازه‌وه ئه‌م توێژه به‌شداری كردوه له ژیانی گشتیدا. هه‌ر له‌و ڕاستیه‌شه‌وه‌یه كه نوسه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه، كه پرۆفیسۆری بابه‌تی رۆشنبیریه له زانكۆی سۆربۆن به بۆنه‌ی هاتنی ساڵی دوو هه‌زاره‌وه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له ماوه‌ی چوار ساڵدا نوسیوه، سه‌ره‌تا بڕیاری دابوو به‌وه‌ی كه‌ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ناوبنێت سه‌ده‌ی سارته‌ر، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوفه زۆرترین ئاماده‌ی هه‌بوه له سه‌ر شه‌قام‌و به‌رده‌وام له ناو پرۆسه‌ی سیاسی‌دا هه‌ڵسوڕاوه. كه‌واته غائیب بونی ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندی ئێمه له پرسه گشتیه‌كاندا، له‌وه‌ی كه ئێوه ناوتان ناوه ته‌قینه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، غائیب بونێكی چۆنێتی نیه، به‌ڵكو چه‌ندێتیه. واته په‌یوه‌ندی به ئه‌ندازه‌ی جدیه‌ت‌و قوڵی و به‌رفراوانی ئه‌و رۆشنبیریه ده‌گه‌رێـته‌وه، نه‌ك مۆدێله‌كه‌ی. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و مانایه ناگه‌یه‌نێت كه ڕۆشنبیران ببنه ته‌ره‌ف له ململانێیه‌ك كه په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سكه‌وتی سیاسیه‌وه هه‌بێت بۆ هێزه‌كانی سه‌ر گۆره‌پانه‌كه، چونكه له‌و دۆخه‌یاندا بێ ئه‌وه‌ی بزانن ڕۆڵی به‌ر هه‌مهێنی ئایدلۆژیاو تریاكێك ده‌بینن، له پێناو شاردنه‌وه‌ی به شێك له‌و ڕاستیانه‌ی كه پێویسته بناسێنرێ، به پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌رگری له شتێك ده‌كه‌ن كه ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی لێ‌بگرن. له‌و حاڵه‌ته‌یاندا ئه‌وڕۆڵه ده‌بینن كه (ریمۆن ئارۆن) له كتێبی (تریاكی رۆشنبیران)دا باسی ده‌كات. به‌وه‌ی له سه‌ده‌ی بیستدا، به‌تایبه‌ت تا ناوه‌ڕاستی په‌نجاكان، ژماره‌یه‌كی زۆر له رۆشنبیران هه‌مو توانایه‌كیان بۆ ئه‌وه سه‌رفكردبوو به‌رگری له نمونه‌ی سۆڤێتی بكه‌ین و ناشیرنیه‌كانی بشارنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌سروشت خیانه‌ته له ڕۆڵی ته‌ندروستی رۆشنبیران كه بریتیه له گومان كردن و ڕه‌خنه گرتن، له بری ستایش و پیاهه‌ڵدان. به‌م میتۆده كه گوایه ماركسیانه‌یه، هه‌مان ئه‌و ڕۆڵه ده‌بیننه‌وه كه خودی ماركس مه‌ترسیه‌كانی خستبۆ ڕوو، مه‌به‌ستم ڕۆڵی پیاوانی ئاینیه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار.