Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کێ لە دۆزینەوەی کارواندا هاوکاریمان دەکات؟

کێ لە دۆزینەوەی کارواندا هاوکاریمان دەکات؟

Closed
by June 3, 2011 گشتی

کۆچکردنی گەنجان بۆ هەندەران کە لە هەمان کاتدا جێهێشتنی نیشتیمانەکانە، یەکێکە لەو دیاردە غەمبارانەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بوو بە نەریتێکی نەخواز. هەموو بینیمان ئەو ڕۆژانە چۆن بووبوون بە مەیدانێکی قەرەباڵغی ناو مێژووی سەفەر و لێکترازان. سەرەڕای چەسپینی وەک دیاردە و گرفتێکی کۆمەڵایەتی نەویست، لە هەمانکاتدا درووستکەری چەندان کێشە و کارەسات و ڕووداوی جەرگبڕ بوو.  لەگەڵ گەشەکردنی ئەم دیاردەیەدا ڕۆژانە دەمانبینی و دەمانبیست و دەمانخوێندەوە چەندان گەنجی ئەم وڵاتە لەو ڕێگا خەتەرناکانەدا چۆن بە ڕووداوە دڵتەزەێنەکان بۆ هەتا هەتایە دەبوونە قوربانیی و برینە قوڵەکانیان لەسەر دڵی کەسوکاریان دەچاند. جگە لە بێسەروشوێنبوونی چەندانی تر کە هەتا ئێستاش کەسوکاریان چاوەڕێی هەواڵێکیان دەکەن و لەو چاوەڕوانییەدا بەدیار بیستنی هەر شتێک لە بارەی ڕۆڵەکانیانەوە کشان و دەکشێن بۆ پیری و لەو بازنەی دڵتەنگییەدا دەسوڕێنەوە.
ئەو مەبەستەی ئەم پێشەکییەی پێ نوسیم، چیرۆکی یەکێکە لەو قوربانیانەی ئەو کەڵچەرە بۆی بەجێهێشتووین. (کاروان ئازاد سەعید) گەنجێکی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1996ەوە کوردستانی بەجێهێشتووە. ئەو وەکو هەموو هاوسەفەرەکانی ڕێگاکان دەبڕێت و دەگاتە ئەسینا، کە دوا وێستگەیە کەسوکارەکەی لە هەواڵی دەزانن. لەوێ لە نوسینگەی (قادر کۆکۆیی) بە ناوی( کامەران) خۆی ناونوس دەکات بۆ سەفەرکردن. لەوکاتەوە ئەم گەنجە هیچ هەواڵ و ئەسەرێکی نامێنێت هەتا ئێستا، وە بەردەوام کەسوکارەکەی بە تامەزرۆیی چاوەڕوانن هەواڵێکی کوڕەکەیان بزانن.( کاروان یان کامەران ) ئامۆزای ( چرا نەوزاد) ی هاوسەری منە. لە ڕێگەی ئەوەوە ئەم چیرۆکەم زانی و پێم خۆشبوو لەم بابەتەدا خوێنەری ئازیز لە سۆراخی ئەم کەسەی ئێمە بەشداریمان بکەن. داواتان لێدەکەین هەرکەس لەهەر جۆرە هەواڵێکی ئەم کوڕە دەزانێت یان لە ساڵانی پێشوودا شتێکی لەبارەیەوە زانیوە، ئاگادارمان بکاتەوە لەڕێی ئەم پەیوەندیەی خوارەوە. دیارە هاوکاریتان جێگای سوپاس و پێزانینێکی بێپایان و سەنگینە سەرەڕای ئەنجامدانی کارێک هەتا دوائاست مرۆڤدۆستی و هەستو ویژدان کردەیە. بەو ئومێدەی هەموو ئەوانەش لە سۆراخی کەسەکانیاندا چاوەڕوانن هیواکانیان ببن بەڕاستی و بەهەواڵی دڵخۆشکەری ڕۆڵەکانیان  شادببنەوە.
خاوەنی ئەو وێنەیە:
کاروان ئازاد سەعید: ئەمە ناوە راستەقینەکەی خۆیەتی.. لە ساڵی 1970 لە دایک بووە. ساڵی 1996 کوردستانی بەجێهێشتووە دوای چەند مانگێک لە دوای گەشتنی بە ئەسینا هەر لەو ساڵەوە هەواڵی نامێنێت.
بۆ پەیوەندیکردن بە ئێمەوە:
 
hemnrauf@hotmail.com
سوپاسی هەر بەڕێزێک دەکەین کە لە بڵاوکردنەوەی ئەم نامەیەدا هاوکاریمان دەکات، لە پێگەکانی فەیسبووک و تیوتەر و گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان.
لەگەڵ ڕێزی بێپایانم : هێمن ڕەئووف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.