ڕؤژنامه‌گه‌ری لە کۆمەڵگە – بەشی یەکەم
له‌وەتەی ڕۆژنامه‌گه‌ری درووستبووە ڕؤلێکی کاریگه‌ری گێڕاوه له کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا و هه‌ر به هۆی ئه‌و ڕۆڵه‌شیه‌وه بووه‌ته به‌شێک لە پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک.
له‌گه‌ڵ فراوانبوونی سیاسه‌ت و ئابووری له کۆمه‌ڵگەی مرۆڤدا، ئه‌م پیشه‌یه‌ش گەشەی بەخۆیەوە بینیوە ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دیارترین کاریگه‌ریه‌کانی و سه‌نته‌ری یه‌که‌می به‌رپرسیاریه‌تیه‌کانی مه‌رجه له پرۆسه‌ی دیموکراسیدا ڕه‌نگبداته‌وه، کەواتە دەپرسین ڕٶژنامەگەری لە ناو ئەو پرۆسەیەی هەنووکە ناوی” نراوە دیموکراسی” دەبێت چی ڕٶڵێک بگێڕێت؟
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، به چەند بەشێک هەوڵدەدەین بە له‌به‌ر چاو گرتنی چه‌ند فاکته‌رێکی مێژوویی و ئابووری و سیاسی، گرنگتین لە ڕۆڵه‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری بخه‌ینه ڕوو له پرۆسه‌ی دیموکراسیدا له ڕێی شرۆڤه‌کردنی چه‌ند قۆناغێکی مێژوویی گرنگ و ڕه‌خنه‌گرتن له‌و به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رانه‌ی که هاتوونه‌ته به‌رده‌می و هه‌نووکه‌ش له به‌رده‌میدان و کارلێکێکیان له‌سه‌ر کاریگه‌ریه‌کانی داناوه. کۆمه‌ڵه به‌ربه‌ستێک، کە هەتاوەکو ئه‌مڕۆش دریژبوونه‌ته‌وه و ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌م به‌کاریانده‌هێنێت و له هه‌مانکاتیشدا هه‌ندێکیان دژی کۆنسێپت و پره‌نسیبه‌کانیەتی . زۆربه‌ی ئەو بەڵگە ئەکادیمی و نموونانەی که بۆ ئارگومینته‌کانی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه ده‌یانهێنەوە له ڕۆژنامەگەری بەڕیتانییەوە سه‌رچاوه‌یان گرتووه، چونکه هه‌م دایکی ڕۆژنامه‌گه‌ری سه‌رده‌مه و هه‌م له دنیای ئه‌مڕۆشدا سیستەمی سیاسی ئەو ووڵاتە به سەرکەوتووترین سیستەمی ” دیموکراسی نوێنەرایەتی ” ده‌ناسێنرێت له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیماندا.
ڕۆژنامه‌گه‌ری بنیاتنه‌ری دیموکراسی نه‌بووه و دیموکراسیش بنیاتنه‌ری ڕۆژنامه‌گه‌ری نه‌بووه، به‌ڵام که هه‌ردووکیان بوونیان هه‌یە، پێکه‌وه له کۆمه‌ڵگە دیموکراتیکه‌کاندا بەوانەشەوە که هه‌وڵی به دیموکراتیکبوون ده‌ده‌ن، یه‌کێکیان به‌بێ ئه‌وی دی ژیان ناکات. ده‌توانین بڵێین وه‌ک په‌یوه‌ندی ماسی و ئاو و په‌یوه‌ندی مرۆڤ و هه‌وا وایه. له کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیموکراتیکدا نه ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌بێ دیموکراسی دەتوانێت ژیان بکات و هەنگاو بنێت بۆ گەشەکردن، نه دیموکراسیش به‌بێ ڕۆژنامه‌گه‌ری توانستی به‌رده‌وامبوونی هه‌یه. له ڕووی تیۆریه‌وه ، له کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیموکراتیکدا هه‌ردووکیان پاڵپشتی یه‌کتری ده‌که‌ن و ته‌واوکه‌ری ئه‌رکه‌کانی یه‌کدین ، بۆیه به‌بێ یه‌کێکیان پراکتیزه‌کردنی دیموکراسی مه‌حاڵه و تاکلایه‌ن دیموکراسی ته‌نها له چوارچێوه‌ی پرۆپه‌گانده‌دا خۆی ده‌بینیته‌وه و له وتاف و هاندان و ووته‌ی بریقه‌دار ئه‌رکێکی تر له کۆمه‌ڵگە پراکتیک ناکات.
فه‌یله‌سوف و ڕۆماننوسی ناوداری فه‌ڕه‌نسی ئه‌لبێرت کامۆ ئاماژه‌ی کردووه ” بڵاوکراوه‌یەکی ئازاد پێده‌چیت باش بێت یان خراپ، به‌ڵام زۆر به دڵنیاییه‌وه به‌بێ ئازادی ته‌نها بڵاوکراوه‌یه‌کی خراپه.” (ئارنیت.1958. ل 107) بێگومان به‌بێ ئازادی که بنیاتنه‌ری هه‌یکه‌لی دیموکراسییه، بڵاوکراوه‌ی ئازاد ناتوانێت لەدایک بێت، چونکه هه‌لومه‌رج و که‌ره‌سته‌کانی بوونی پرۆسه‌که‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌دا نییه ئیدی چی لێ بوون بێت ؟ کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م پیشه‌یه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگە زۆرن ، که ده‌توانین تا دوایی لیسته‌ی بکه‌ین، به‌ڵام لێره‌دا دیێنه باسی سه‌ره‌کیترین و گرنگترین له کاریگەرییەکانی و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له کۆمه‌ڵگەدا.
له ڕووی سیاسیه‌وه ڕۆژنامه‌گه‌ری کاریگه‌ری ئێجگار ئه‌وتۆی هه‌یه ، بیرمان نه‌چێت که باشترین فۆرمی دیموکراسی ئه‌وەیە که ڕاگه‌یه‌ندراوه و تاکی کۆمه‌ڵ لێی ئاگاداره، جا چی ئه‌و شێوازه دیموکراسییەی بۆرجوازی نوێنه‌رایه‌تی بێت ، که ئه‌مڕۆ سۆسیال دیموکراسی و پارته راستڕه‌و و نوێ – لیبڕاله‌کان داینەمۆی بره‌ودانین، یاخود دیموکراسی ڕاسته‌وخۆ که باڵه چه‌پڕه‌وه‌کان کاری بۆده‌که‌ن و ڕاگه‌یاندن و بانگەواز و تێکۆشانی بۆ ده‌که‌ن. به هه‌ر بارێک ، لێره‌دا رۆژنامه‌گه‌ری دێته پیشه‌وه و خزمه‌ت به‌م تایبمه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کییه‌ی دیموکراسی ده‌کات، به‌وه‌ی که وه‌ک ماشینێکی په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام له نێوان جه‌ماوه‌ر و ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان ڕێ ده‌کات له پێناو راگه‌یاندنی ئه‌و جۆره دیموکراسییه و بۆچوونەکانی بەرامبەری. دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی بڵێێن کە ڕۆژنامەگەری وەرگێڕان و پێناسەکردنی کۆمەڵگەیە بۆ کۆمەڵگە خۆی.
بۆ پاڵپشتی هەندێک لەو بٶچوونانەی باسمان کردن، دوو به‌رهه‌می ناسراوی ئه‌مڕۆی ڕاگه‌یاندنی جیهانی ئه‌م بواره به نموونه دێنینه‌وه، که ئه‌وانیش ته‌نها له دوو ووڵات بونیان هه‌یه، له به‌ریتانیا و له وڵاتی ڤه‌نزوێلا . چونکە به‌ریتانیا لانکه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری سه‌رده‌م بووه، هه‌روه‌ها لە ساڵی ١٩٩٨ەوە دوای هەڵبژاردنی پارتی سۆسیالیستی ڤەنزوێلا و هاتنی سەرۆک (هوگۆ شاڤێز) ی شۆڕشی بۆلیڤارییەکان، وڵاتی ڤه‌نزوێلا بۆته لانکه‌ی ئه‌و دیموکراسیه سۆسیالیستییەی که خۆی به ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی و سیاسه‌ته‌کانی نوێ – لیبڕالیزم ده‌ناسێنیت و ڕادیکاڵانه هه‌ندێک جار بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کات و هه‌نگاویان له پێناودا ده‌نێت. به بڕوای من به داخه‌وه نه له هه‌رێمی کوردستانی ئێمه و نه له زۆربه‌ی وڵاته‌کانی تری دنیادا که بانگه‌وازی دیموکراسی ده‌که‌ن. هاوشێوه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه له بواری رۆژنامه‌گه‌رییاندا به‌دی ناکرێن .
هەرچەندە بی بی – سی رەخەنەی جدی لێ دەگیرێت لەلایەن بیرمەندانی بواری ڕاگیاندنەوە، وەلێ به‌رنامه‌ی (شه‌وی هه‌واڵ ) له که‌ناڵی بی بی سی که له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌وان (جێرمی پاکسمان) ه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێت، هه‌موو شه‌وێکی هه‌فته ، کاسایه‌تییه سیاسییه‌کانی به‌ریتانیا به سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه ده‌هێنیته سه‌ر به‌رنامه‌که‌ی ، دواتر له‌مه‌ر یاساکانی په‌رله‌مان و کێشه‌مه‌کێشی پارته‌کان ئاخاوتنیان له‌گه‌ڵدا ده‌کات. پاکسمان به زمانێکی ئێجگار ساده پرسیارگه‌لێک ئاراسته ده‌کات که پێده‌چێت له هه‌ندێک وڵاتی دنیا کوشتنی رۆژنامه‌وانه‌که‌ی به‌دوادابێت ، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه شیکرنه‌وه و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی تاکی کۆمه‌ڵه له‌و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەی به‌ریتانیادا ڕوو ده‌ده‌ن و سیاسه‌تمه‌داران لێیان به‌رپرسیارن.
نموونه‌یه‌کی تر به‌رنامه‌که‌ی سه‌رۆکی ووڵاتی ڤه‌نزویلا (هوگۆ شاڤێز)ه به ناوی (ئه‌له‌و سه‌رۆک.) دیاره ئه‌م به‌رنامه‌یه ته‌نها له دوای هاتنه سه‌رکاری حکومه‌ته سۆسیالیستیه‌که‌ی ڤه‌نزوێلاوه به‌کاره. له ڕاگه‌یاندنی دنیای ئه‌مڕۆدا ئه‌م به‌رنامه‌یه سه‌رنجی زۆر له کۆمێنتاره‌کانی بواری ڕاگه‌یاندنی به لای خۆیدا ڕاکێشاوه، چونکه ئه‌مه یه‌که‌مین جاره له مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا، سه‌رۆکی وڵاتێک ڕۆڵی ڕۆژنامه‌وان ببینێت، که پێده‌چێت به‌بێ زانیاری پێشینه راسته‌وخۆ وه‌ک دیکتاتۆرێک تا راده‌یه‌ک وێنای بکه‌ین، به‌ڵام له‌م به‌رنامه‌یه‌دا، سه‌رۆک شاڤێز لە هەفتەیەکدا هه‌شت کاتژمێر په‌خش ده‌کات و ڕاسته‌وخۆ به‌بێ کۆنتڕۆڵی ده‌رهێنه‌ر ته‌له‌فۆنی له ته‌ماشاکه‌رانیه‌وه بۆ دێت. له به‌رنامه‌که‌دا سه‌رۆک باس له سیاسه‌ت و پلانه‌کانی ده‌کات و ووتوێژیان ده‌کات له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه ئەوەە به‌رنامه‌که ڕاستەوخۆیه و ڕێگای سانسۆری نییه، کات هەیە دژه‌کانی سه‌رۆک دێنه سه‌ر هێڵی ته‌له‌فون و ووتافی ناشیرینی پێده‌ڵێن، له کۆتای به‌رنامه‌که‌شدا شاڤێز به گۆرانیه‌ک ماڵئاوایی له ته‌ماشاکه‌رانی ده‌کات. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه بێلایه‌نی به‌رنامه‌که‌یه، ئه‌مه له کاتێکدا که خودی شاڤێز خاوه‌نی هێڵێکی سیاسییه. ئه‌م مۆدێله ده‌کرێت به هه‌نگاوێکی پۆزه‌تیڤ ئه‌ژمار بکرێت بۆ ڕوخاندنی ئه‌و دیواره بێرۆکراتییه‌ی له که‌لتووری باوی پەیوەندی نێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن و خەڵكدا هەیە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەمڕٶدا.
له ده‌ره‌وه‌ی دنیای سیاسه‌تیش ڕۆژنامه‌گه‌ری بێگومان چه‌ندین رۆڵی به‌رچاوی هەیە ، نه‌ک ته‌نها بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان به‌ڵکو بۆ نەهێشتنی سه‌رکوتگه‌ری. جێگای سه‌رسامی نیه که ده‌سه‌ڵاتداران و خاوه‌ن قازانج و نوخبه‌ییه‌کان هه‌ندیک جار خوازیاربن به‌رچاوی هاوڵاتیان بگرن بۆ بره‌ودان به کاره‌کانی پشتی په‌رده‌ی خۆیان له پێناو خزمه‌تی هێڵه سیاسی و قازانجه تایبه‌تیه‌کانیاندا، ئه‌وه‌ش ڕۆژنامه‌گه‌رییه که په‌رده له‌سه‌ر ئه‌مانه لاده‌دات و به‌ره‌نگاری بچوکترین سه‌رکوتگه‌ری ده‌بێته‌وه که له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه یان تاکه که‌سه‌وه پێده‌چێت پیاده بکرێن. لە پێناسەیەکی تردا ده‌توانین بڵیین که ڕۆژنامه‌گه‌ری وه‌ک پاسه‌وانی خه‌ڵك به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه دەور خۆی دەبینێت بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵات بخاته ژێر چاودێری خۆیه‌وه هه‌تاوه‌کو بێڕێزی به پله و ده‌سه‌ڵاتیان نه‌که‌ن بۆ به‌کارهێنانی دژی هاوڵاتیان و خودی کۆنسێپتی هاوڵاتی بوون . نموونه‌ی زیندوو لەسە ئەم ڕٶلەی ڕاگەیاندن زۆرن، بەڵام زیندوترینیان ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵی په‌رله‌مانتاره‌کانی به‌ریتانیایه له‌لایەن ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف(ده‌یلی ته‌له‌گراف. ژ 18.05.20096) که ئاشکرای کرد په‌رله‌مانتاران له سه‌ر پاره‌ی گیرفانی هاوڵاتیان زیاتر له چه‌ند خان‌و وئوتۆمبێل و شۆفێری تایبه‌تیان هه‌یه و سه‌رباری موچه‌که‌یان که له هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگە زێده‌تره، به سه‌دان هه‌زار پاوه‌ندی تریان له بانکه تایبه‌تیه‌کانیاندا بۆخۆیان خڕکردۆتەوە، هەموو بە پارەی باجی کاری خەڵک.
کاتێکک بازێک به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تدا ده‌ده‌ین، ده‌بینین که ڕۆژنامه‌گه‌ری له ڕووی که‌لتوریشه‌وه ڕۆڵێکی زێده گرنگ ده‌گێڕێت، له فه‌راهه‌مکردنی که‌شوهه‌وای ووتوێژ و بیروڕا گۆرینه‌وه بۆ هاوڵاتیان که به‌شێکه له مافه دیموکراتیکه‌کانی تاک له کۆمه‌ڵی دیموکراتیکدا. ڕۆژنامه‌گه‌ری پلاتفۆرمێکه بۆ هاوڵاتیان که تیایدا ده‌توانن ئاڵوگۆری بۆچونه‌کانیانی تیادا بکه‌ن ، که‌واته ده‌بێته پلاتفۆرمێک بۆ بیروڕای کۆمه‌ڵ ، لێره‌وه‌یه که له ڕووی تیۆرییه‌وه ده‌کرێت بڵێێن رۆژنامه‌گه‌ری نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌کات به‌وه‌ی ووت‌وێژی جه‌ماوه‌ر له سه‌ر کێشه‌کان درووست ده‌کات و پلاتفۆرمی ئاڵوگۆرکردنیشیان به‌هه‌مان شێوه بۆ ده‌خوڵقێنیت. ڕۆژنامه‌گه‌ری له ڕووی که‌لتوورییه‌وه خۆشبه‌ختیش ده‌به‌خشێته کۆمه‌ڵ، به بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکانه‌ی که تاک ده‌رباره‌ی ژیانی ڕۆژانه پێێان خۆشگوزه‌رانن، هه‌روه‌ها به ئاگادارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگە له که‌لتوور و ئه‌و دونیایه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی سنوورێکی دیاریکراودا ده‌گوزه‌رێ. له کۆتایدا هه‌رچه‌نده ڕۆژنامه‌گه‌ری پرۆسه‌یه‌کی په‌یوه‌ندییه له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک له هه‌مانکاتیشدا پرۆسه‌یه‌کی په‌یوه‌ندییه له نێوان خه‌ڵک و خه‌ڵک خۆیاندا، بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوونه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵا‌یه‌تی و که‌لتووری و خۆشگوزه‌رانیه‌کانیان، لێرەوە ده‌ست بۆ کۆنسیپتی (public sphere) ڕادەکێشین که ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌میشه له فراوانکردنیدایه. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئینگلیزیه و له زمانی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا بوونی نییه، بۆیه به وه‌رگێرانی ڕاستەوخۆی ماناکه‌ی ده‌کرێ ناوی بنێین (گۆڕه‌پانی خه‌ڵك). لە بەشەکانی داهاتوودا، گۆڕەپانی دیموکراتی خەڵک ڕوونکدەینەوە و لە مێژووی ڕۆژنامەگەری دەکۆڵێنەوە کە چۆن و بۆچی هاتە مەیدانی ململانێ کۆمەڵایەتییەکانەوە و دواتر چۆن کۆنترۆڵ کرا و ئێستاش چۆن زۆربەیان بە هێزێکی تۆکمەوە لە خزمەتی سەرمایە ودەسەڵاتدا کار دەکەن؟
• لە ژمارە ٩٣٧ ی “ڕێگای کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە