وتووێژ لەگەڵ ئه‌لی ئەشرەف دەروێشیان
ئێوارەی ڕۆژێکی زستان پاش وتووێژ ، لەگەڵ بەڕێز “ئەلی ئەشرەف دەروێشیان” لە ماڵ دەردەکەوین.ئەڵێ حه‌زی لە بینینی بەفرە، هەتا جادەی “چالووس” دەچین و بۆ کاتژمێرێک لە شوێنێک لا ئەدەین و لەوێ دەس دەکات بە گێڕانەوەی زۆر یادەوەریی بەتایبەت سەبارەت بە سەربردەی بە مامۆستا بوونی خۆی لە گوند و ئاواییەکانی شارسانی گێڵانی ڕۆژاوا.
پرسیار : ڕه‌نگه دووپات‌کردنه‌وه بێت به‌ڵام ئه‌تۆ زۆر زێتر و باشتر له هه‌موو که‌سێکی دی سیمای تاڵی هه‌ژاریت خستۆته به‌رچاو، باشه پێت وایه له ڕاستیی لات نه‌داوه و زۆر لق و پۆت بۆ دروس نه‌کردووه؟
وه‌ڵام : نه‌خێر،به‌هیچ له‌ونێک، چوونکه ئه‌م مناڵانه قوتابی خۆم بوون له گێڵانی ڕۆژاوا و زۆر هه‌ژار بوون،که زۆر جارچێشتانگا له‌سه‌ر پۆلی وانه‌وتنه‌وه له‌هۆش ده‌چوون وئاگایان له دونیا نه‌ده‌ما،ساڵ دوانزه مانگ ،چێشتیان بۆ لێ نه‌ده‌نرا و خواردنێکی سه‌ر ئاوریان نه‌ده‌خوارد . له‌ساڵا چاویان به گۆشت نه‌ده‌که‌وت،به‌هیچ له‌ونێک. هه‌مووی ڕاسته و ڕه‌نگبێ من به‌قه‌ده‌ر پێویست نه‌متوانیبێت خودی واقیع و ڕاستییه‌که بنووسمه‌وه.هیچم پێوه زێده نه‌کردووه هه‌مووی ڕاستیی ڕووته و به‌س و پاشانیش نۆره ده‌گاته “ئاوشۆران” که بنه‌ماڵه وخێزانه‌که‌ی خۆم بوو،بۆ خۆمان بووین، من و براکانم.
پرسیار :نووسه‌رانی گه‌وره‌ی میناک به‌ڕێزت و ئاغه‌ی “ده‌وڵه‌ت ئابادی “به چه‌شنێک چیرۆکه‌کانتان کۆمه‌ڵایه‌تی و باسی هه‌ژاریی نێو کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن. پێت وایه ئه‌م شێوازه نووسینه هێشتا قسه‌ی بۆ وتن پێیه و هێشتا هه‌ر خوێنه‌ری هه‌یه؟
وه‌ڵام : هه‌تا ئه‌و‌ده‌مه‌ی که نادادگه‌ریی و هه‌ژاریی له کۆمه‌ڵگه‌دا بمێنێ ،ئه‌م چه‌شنه نووسینه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت،خوێنه‌ری خۆی ده‌بێت،مه‌گین ئه‌وانه‌ی که ئه‌م جۆره کێشه و گرفتانه‌یان به‌لاوه گرینگ نه‌بێت. تائه‌و‌ده‌مه‌ی که هه‌ژاریی و چه‌وساندنه‌وه درێژه‌ی بێت، ئه‌م شێوازه نووسینه‌ش هه‌رخوێنه‌ری خۆی ده‌بێ و به‌رده‌وام ده‌بێت و منیش ژیان، ئه‌مانه‌ی به ناومه‌وه نووسی،له‌به‌ر بنه‌ماڵه وخێزانه‌که‌م، خاڵم ،کرێکاری کۆمپانیای نه‌وت بوو،ئه‌ندامی حیزبی “تووده”ش بوو، کتێبه‌کانی “مه‌کسیم گۆرگی” و نووسه‌رانی دی ده‌هێنایه‌وه ماڵ و بۆ ئێمه‌ی ده‌خوێندنه‌وه ،من هه‌ر له مناڵییه‌وه که‌وتبوومه بن کارتێکه‌ری ئه‌و چه‌شنه پرسانه‌وه.
پرسیار : ئه‌تۆ چلۆن سه‌یری ئاوێته‌بوونی ئه‌ده‌ب به سیاسه‌ت ده‌که‌ی،ئایا ئه‌مه‌ت پێ باشه؟
وه‌ڵام : نه‌خێر،سیاسه‌ت خۆی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بدا ده‌سه‌پێنێ،ئه‌ده‌ب ،قه‌ت دوای سیاسه‌ت نه‌که‌وتووه، هه‌ڵبه‌ت به وته‌ی “شاملوو” گه‌ر ئێمه له‌به‌رهه‌می خۆدا جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب ڕابگرین، ئه‌وه زۆر چاک ده‌بێت و به‌رهه‌مه‌که‌شمان ،به‌رهه‌مێکی گرانبایی وچاکی ئه‌ده‌بی ده‌رئه‌چێ که دیاره ئه‌رک و ماندووبوونی ده‌وێ، به‌ڵام کاتێک ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کان له‌سه‌ر سیاسه‌ت نانووسن ،ئه‌و ئه‌رکه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی نووسه‌ر ،پێشت بڵێم ڕاس ده‌که‌ی، به‌ڕێز “ده‌وڵه‌ت ئابادی” و من. ئه‌رێ، ده‌وڵه‌ت ئابادی، مامۆستای منه،ده‌وڵه‌ت ئابادی به‌ڕاستیی نووسه‌رێکی زۆر گه‌وره‌یه به‌ڵام من نا، له به‌رامبه‌ر ئه‌ودا نا.
پرسیار : ئه‌مه گه‌وره‌یی و خاکه‌ڕابوونی به‌ڕێزت ده‌نوێنێ، هه‌ر دووکتان نووسه‌ری زۆر گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته‌ن.
وه‌ڵام : بۆ ده‌وڵه‌ت ئابادی ڕاسته، به‌ڵام من نا، (به پێکه‌نینه‌وه)، ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ر جۆره سه‌پاندنێکه.
پرسیار : ڕۆمانی “هه‌وره ساڵان” ڕۆمانێکی چوار به‌رگییه که هه‌م ئۆتۆبیۆگرافییه و هه‌میش به‌شێکی مێژووی کرماشان و ئێرانی تێدا نه‌خشه. باشه بۆچ ئه‌م ئۆتۆبیۆگرافییه ساڵی 1357 ی هه‌تاوی (1979)دوابه‌دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش کۆتایی دێ؟باشه درێژه‌ی هه‌یه؟ ئیشت له‌سه‌ر کردووه یان به‌نیازی درێژه‌ی پێ بده‌ی؟
وه‌ڵام : من به‌نیازم درێژه‌ی پێ بده‌م به‌ڵام هیوام به له‌چاپ درانی نییه.
پرسیار: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه هێشتا ده‌ستت نه‌کردووه به نووسینه‌وه‌ی؟
وه‌ڵام : نه‌خێر،به‌ڵام زۆرم بیر له‌سه‌ر کردۆته‌وه، هه‌مووم له مێشکدایه.
پرسیار : له ڕۆمانی هه‌وره‌ساڵان دا لام وابێت چه‌ن به‌شێکی به‌رگی سێیه‌م و چواره‌م له‌سه‌ر گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و له‌به‌ندکرانه،به‌شێوه‌یه‌کی زه‌قتر،جیاوازتر،وردتر و ته‌نانه‌ت جوانتریشه له به‌شه‌کانی دی،یان نه‌خێر من به هه‌ڵه بۆی چووم. باشه گه‌ر ئاوایه ،له‌به‌رچی؟
وه‌ڵام: هه‌ر وایه ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زێتر هه‌ستم پێ‌کرد ،فره‌تر لێی گه‌یشتم، گوشار و زه‌حمه‌تی زۆرتری خسته سه‌رشانم،زیندانی کرماشان به‌ڕاستیی دۆزه‌خێکی ڕاستینه و ترسناک بوو ، هه‌تا یه‌کێک بۆ خۆی پێنج ده‌ققه‌یه‌ک له‌وێ نه‌بووبێت ،تێناگات من ده‌ڵێم چی و چلۆن دۆزه‌خێک بووه.
پرسیار : ئه‌تۆ دوو جار ڕه‌وانه‌ی زیندان کراوی، یه‌که‌مجار له کرماشان.
وه‌ڵام : سێ جار
پرسیار: ببووره،جاری یه‌که‌م له کرماشان تۆماکه‌ر و ڕێکۆرده‌رێکت (زه‌بتی سه‌وت)پێ بوو که ده‌تویست…
وه‌ڵام : ڕاسته،خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی چیرۆک و ئه‌فسانه‌کان بووم.
پرسیار: دیاره جاری یه‌که‌م تووشی ئازار و مه‌ینه‌ت و گوشاری زێتر هاتی هه‌تا جاره‌کانی دو‌اتر؟
وه‌ڵام : زۆر زۆر.دو‌اتر من له زیندانه‌کانی “تاران”،”قه‌سر” و “ئێوین” دا له گه‌ڵ زیندانییه‌کانی سیاسی‌دا بووم ،ئاشنای زۆرکه‌سایه‌تیی ناودار بووم، قسه و باس ده‌کرا،کاتمان که‌م دێنا، خوێندنه‌وه‌مان هه‌بوو. به‌ڕاستیی کاتمان بۆ خوێندنه‌وه زۆر که‌م ده‌مایه‌وه. به‌ڵام زیندانی کرماشان نه کتێبی تێدا بوو و نه‌ش که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوی سیاسی،تاقمێکی داماو و بێکار و لاعار و قاچاخچی بوون،زیندانییه‌سیاسییه‌کانی جیا بوون. ئه‌مانه هه‌موو به‌ڕاستیی له‌سه‌رم کاریگه‌ر بوون .
پرسیار: به‌گوێره‌ی سه‌ربرده‌ی ناو هه‌وره‌ساڵان ئه‌تۆ له زیندان دا خۆت به برسی ڕاده‌گرت، به‌ڕاستیی وابوو؟
وه‌ڵام : ئه‌رێ ،من ئه‌وه‌نده کز و لاواز بووبووم که به‌ندۆخێنی پانتۆڵه‌که‌م زۆر به‌زه‌حمه‌ت بۆ ده‌به‌سترا(گرێ ده‌دا)، به‌جۆرێک که یه‌ک له دۆستان دوای مانگێک هاته لام و وتی:ئه‌رێ کو‌ره ئه‌لی ئه‌شره‌ف بۆ وات له خۆ کردووه . چیان به‌سه‌ردا هێناوی ،خۆ هیچت لێوه نه‌ماوه‌ته‌وه.
پرسیار: بمبووره گه‌ر زۆر له‌سه‌ر که‌ش و هه‌وای ناو ڕۆمانه‌که پرسیارت لێده‌که‌م و له خودی ئه‌ده‌ب دوورت ده‌که‌مه‌وه به‌ڵام وه‌کی عه‌رزم کردی هه‌وره‌ساڵان ،مێژوو و ئۆتۆبیۆگرافیشه. هه‌ندێ وێنه‌ی کۆده‌تای 28ی گه‌لاوێژت خستۆته به‌رچاو که زۆر له ڕووداوه‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ی تاران ده‌چن. خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر و پارت و حیزبه‌کان و “شه‌عبان بێ مێشک”ه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه. به‌ڕاستیی ئه‌و‌ده‌مانه کرماشان که‌ش و هه‌وایه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا زاڵ بوو یان ئه‌تۆ کۆپی ڕووداوه‌کانی تارانت کردووه؟
وه‌ڵام : نه‌خێر،ئه‌م ڕووداوانه له کرماشان‌دا ڕووی داوه.کرماشانی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ،زۆر پێشکه‌وتووتر و پێشه‌نگتر له ئه‌مڕۆ بوو، له بیرمه ،ئه‌و‌ده‌مانه شوێنێکیان دانابوو که به‌سه‌ر ده‌ر‌که‌که‌یه‌وه نووسرابوو” خانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی کرماشان”، خه‌ڵک ده‌چوون له‌وێ ڕۆژنامه‌یان ده‌خوێنده‌وه، هه‌ر له‌وێ کتێبیان ده‌خوێنده‌وه.من دو‌اتر چه‌ن ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بینیم له “ته‌جریش”دا شاره‌وانی ،شوێنێکی له‌هه‌مان جۆره‌ی داناوه، ،پێشتر گۆڤارێک هه‌بوو ناوی “خواندنی ها”ی له‌سه‌ر بوو که له حه‌وته‌دا دوو جار بڵاو ده‌کرایه‌وه،ڕۆژانی دووشه‌ممه و چوارشه‌ممه و هه‌ر جاره سێ عه‌ره‌بانه‌ی گه‌وره گۆڤاریان دێنا بۆ کرماشان و به‌ڕاستیی چاکێشی لێ ده‌فرۆشرا، بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریش زۆر به‌گوڕ و به‌پلان کاروباری خۆی ڕاده‌په‌ڕاند و هه‌ر چه‌شنه بزاوتێک،ده‌سبه‌جێ له‌سه‌ر کرماشان کاریگه‌ر ده‌بوو.
پرسیار : ئه‌تۆ له شوێنێکدا وتووته که ئه‌وه نه‌نکت(دایه پیره) بوو که یه‌که‌مین برووسکه‌ی نووسینی له مێردمنداڵیدا خسته مێشکته‌وه، وادیاره نه‌خوێنده‌واریش بووه به‌ڵام چیرۆکێکی “سادق هه‌دایه‌ت”ت بۆ ده‌گێڕێته‌وه؟
وه‌ڵام : ڕاسته، چیرۆکه‌که ناوی “داوای به‌خشینی “له‌سه‌ر بوو که لای چین و توێژی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگه هۆگری زۆر بوو ، دیاره یه‌کێکی خوێنده‌وار ئه‌م چیرۆکه‌ی بۆ نه‌نکم خوێندبووه‌وه و ئه‌ویش له‌به‌ری کردبوو و بۆ منی گێرایه‌وه. دو‌اتر که هه‌مان چیرۆکم له نێو به‌رهه‌مه‌کانی “سادق هه‌دایه‌ت “دا خوێنده‌وه ،تێگه‌یشتم ئه‌مه هه‌مان چیرۆکه. چیرۆکی زۆری له‌به‌ر بوو. نه‌نکم چوونکه مێرده‌که‌ی ئێراقی بوو و زۆر ده‌مێک له ئێراق ژیابوو، ئاشنای هه‌موو داب و نه‌ریتی کوردستانی ئێراق تا به خودی کرماشان بوو و چیرۆکه‌کانی بۆ ده‌گێرامه‌وه. هه‌موو شه‌وێک ،چیرۆکێکی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه ،ئێمه ده‌مانگوت مه‌ته‌ڵ،ده‌مانگوت نه‌نه،چیرۆک و مه‌ته‌ڵمان بۆ نه‌قڵ بکه،ئه‌یوت مه‌ته‌ڵ ڕۆڵه گیان وه‌ختی زۆری ده‌وێ ،ئه‌مشه‌و لێمگه‌ڕێن با بنووم. پێش قۆڵبه‌ست کرانم به‌م خانمه‌م “شاناز”م وت تۆمارکه‌ر و ڕێکۆرده‌رێکت بۆ په‌یدا ده‌که‌م ،بچوو لا ده‌ستی نه‌نکم دانیشه و چیرۆکه‌کان تۆمار بکه که‌ڵکیان زۆره.شاناز، تا ماوه‌یه‌ک ئه‌م کاره‌ی کرد . ئێسته به ده‌نگی خودی دایه‌پیره‌م ماونه‌ته‌وه. منیش چیرۆکه‌کانم کۆ کرده‌وه و کتێبه‌که‌شی که‌وته بازاڕ و له‌چاپ درا. که‌سایه‌تییه‌کی زۆر خۆشه‌ویست بوو لام.گه‌ر دایه گه‌وره‌م نه‌بووایه، به‌ڕاستیی من پێم نه‌ده‌کرا ،به‌رهه‌مه‌کان به‌م شێوه پڕناوه‌رۆکه له‌باری فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریته‌وه کۆ بکه‌مه‌وه. باپیریشم ،که‌سێکی وریا و لام خۆشه‌ویست بوو ،ئاشنا به ته‌واوی مێژووی خه‌باتی کرماشان بوو،هه‌مووی بۆ ده‌گێڕامه‌وه،بۆن و به‌رامه‌ی سینه‌ماییشی پێ ده‌به‌خشی.
پرسیار : ئه‌تۆ له کرماشان له‌دایک بووی و چیرۆکنووسیشت هه‌رله‌وێوه ده‌س پێکردووه. سرووشت و داب ونه‌ریت و به‌تایبه‌ت مۆسیقای ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و ناوه تاچه‌ند له به‌رهه‌مه‌کانتدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
وه‌ڵام : زۆر زۆر، چوونکه له ماڵی ئێمه‌دا که‌سێکت لا شک نه‌ده‌هات که دایمه گۆرانییه‌کی کوردی له‌سه‌رزار نه‌بێت یان ڕۆژ نه‌بوو گۆرانیبێژێک ،به‌وه‌به‌ر ماڵدا تێنه‌په‌ڕێ یاخۆ ده‌هۆڵ و زوڕناژه‌نێ، خه‌ڵک ئه‌چوونه ناو کووچه و کۆڵان،شایی و زه‌ماوه‌ند و خه‌ته‌نه‌سوورانیش که ده‌بوو ،ئه‌مانه ده‌هاتن، هه‌ندێ شایه‌ر وچه‌رچی هه‌بوون که پێمان ده‌گوتن “ده‌لۆ”که کت و پڕ و ده‌سبه‌جێ ده‌ستیان ده‌کردبه‌شێعرگوتن ،هه‌رکه ناو و ئیش و کاری خۆت پێ گووتبایه‌ن ،شێعریان پیا هه‌ڵده‌گوتی، ژن و پیاو له‌ده‌وری کۆ ده‌بوونه‌وه و گوێیان بۆ شل ده‌کرد،ئێستاش بۆته ده‌سته‌واژه، هه‌رکه‌س قسه‌ی زۆر بکات یان شێعری له‌م جۆره بێژێ، پێی ئه‌ڵێن:ئه‌رێ کابرا ئه‌تۆش بۆ بوویته ده‌لۆ،خۆ مێشکت بردین. مۆسیقا به‌و چه‌شنه ئاوێته و تێکه‌ڵی ژیانی خه‌ڵک بووه . ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کۆنسێرتێکی مۆسیقای کوردی بوو که منیش چووم بۆ کۆنسێرته‌که.به‌ڕاستیی چێژم لێ برد زۆر زۆرم پێ خۆش بوو تابه‌وێ گه‌ر کۆک بووایه‌م ته‌ندروستیم باش بووایه ،هه‌ڵده‌ستامه‌وه سه‌رپێ و ده‌ستم ده‌کرد به هه‌ڵپه‌ڕین.
پرسیار : زۆرێ له‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌کرێ ڕووله به‌رهه‌مه‌کانت بکه‌ن و کتێبه‌کانت بخوێنه‌وه،ده‌بێ هه‌ستیان به ژان و ئازار له ژیاندا کردبێت به‌هه‌مان چه‌شنه تۆ نووسیوته یان به وته‌ی خۆت زۆر تاڵتر له‌وه‌ش . به‌ڵام ئه‌مانه یان نه‌خوێنده‌وارن یانژی به‌لای خوێندن و خوێندنه‌وه‌دا ناچن.له‌ڕاستیدا خوێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانت زێتر توێژی دارا و ده‌وڵه‌مه‌ند،ڕووناکبیر و مامناوه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌ن. به‌لای به‌ڕێزته‌وه باشه ئازاری کوشنده‌تر و گه‌وره‌تر ئه‌وه نییه که که‌سایه‌تی و قاره‌مانه‌کانی ناوچیرۆک و به‌رهه‌مه‌کانت نه‌خوێنده‌وارن و بۆ خۆ خوێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانت نین؟
وه‌ڵام : بۆ نا،هه‌روایه، هونه‌ری هه‌ره گه‌وره‌ی “سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی” ئه‌وه بوو ئه‌ده‌بی گوێزته‌وه بۆ نێو جه‌ماوه‌ر،زۆرێ له خه‌ڵکی ئێمه نه‌خوێنده‌وار بوون به‌ڵام “سه‌مه‌د”یان ده‌ناسی و هه‌ر له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی “سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی” ده‌چوونه پۆلی خوێندنی شه‌وانه.دایکم نه‌خوێنده‌وار بوو به‌ڵام چاکی ده‌ناسی .له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی چووه پۆلی خوێندنی شه‌وانه و فێره‌خوێندن بوو. ته‌واوی هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و بیر و زه‌ینم به‌لای ئه‌وه‌وه بوو که بتوانم که‌ش و هه‌وای ناو به‌رهه‌مه‌کانی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی و بۆ نموونه به‌رهه‌مه‌کانی نه‌مر” هوشه‌نگی گو‌ڵشیری” که له ئاستێکی باندا بوون ،بگوێزمه‌وه بۆ ناو نووسینه‌کانم تا خه‌ڵک لێره‌وه بگات به‌وێ . خوێنه‌ر لام گرینگ بووه و به‌ڕاستیی بایه‌خی بۆ داده‌نێم. ئاستی خوێنده‌واریی کۆمه‌ڵگه لام زۆر گرینگه. من زۆر جار وتوومه له سه‌ردانێکم بۆ ئه‌نقه‌ره‌ی تورکیا ،ئه‌وه‌م به‌چاوی خۆ بینی دوو ڕۆژنامه‌ی “میللییه‌ت” و “جمهوورییه‌ت” له ڕۆژدا هه‌ژمار و تیراژیان نیو ملوێنه،تۆ بۆ خۆت بیری لێ بکه‌ره‌وه بزانه تیراژی ڕۆژنامه‌کانی ئێران چه‌نده‌یه،هه‌ر ئه‌م پێنج شه‌ش ڕۆژنامه‌یه‌ش که ده‌رده‌چن، ده‌جا له‌وێنده‌رێیه که “ئۆرهان په‌مۆک” سه‌ر هه‌ڵده‌دات و دێته مه‌یدانه‌وه و خه‌ڵاتی نۆبێڵ ده‌باته‌وه،له‌وێنده‌رێیه که کتێبه‌کانی تا چاپی ده‌هه‌م ده‌چن، چوونکه ئه‌وه‌نده ناکه‌ونه به‌ر کۆنترۆڵ و سانسۆر و قرتاندن،خه‌ڵکیش حه‌زی له خوێندنه‌وه‌یه، به‌یانی زوو هه‌مووان له نێو مێترۆدا ڕۆژنامه و کتێبیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
پرسیار : ژماره‌یه‌ک خه‌ڵات و گرووپی سه‌ربه‌خۆی ئه‌ده‌بیی به پاڵ پشتێکی که‌می داراییه‌وه چالاکن،به‌لای به‌ڕێزته‌وه ئایا له بنه‌ڕه‌تدا شتێکمان هه‌یه ناوی ئه‌ده‌بی حوکوومی و ناحوکوومی یان وابه‌سته وسه‌ربه‌خۆ بێت ؟
وه‌ڵام : ئه‌ده‌ب،ته‌نیا یه‌که و ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیه و ئه‌وانه‌ی که سه‌ربه‌خۆن،کاتێک خه‌ڵاتێک ده‌به‌خشنه به‌رهه‌م و کتێبێک ،هه‌مان کتێب ده‌سبه‌جێ تا چاپی چه‌نده‌م ده‌چێ،به چاپی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م ده‌گات.بۆ نموونه نێوه‌ندی “گو‌ڵشیری “نێوه‌ندێکی سه‌ربه‌خۆیه،ئه‌وانه‌ی هاریکاریی ئه‌م نێوه‌نده ده‌که‌ن ،که‌سانی سه‌ربه‌خۆن و ڕوانگه و بۆچوونیان له‌سه‌ر کتێب و به‌رهه‌مه هه‌ڵبژێردراوه‌کان ،وه‌به‌ر پێشوازیی ده‌که‌وێت.
وه‌رگێڕ و چه‌ن ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌م وتووێژه:
له‌م گفت و گۆیه‌دا ئیشاره‌ت به گه‌لێک ناو و که‌سایه‌تی و شوێن دراوه که ڕه‌نگه بۆ ژماره‌یه‌ک خوێنه‌ری کورد ئه‌وه‌نده ئاشنا نه‌بن،بۆیه ئه‌م پاشکۆیه‌م بۆ دانا تا خوێنه‌ری خودان ڕێزی کورد باشتر له کاکڵ و ناوه‌رۆکی وتووێژه‌که بگات.
گۆڤاری “خواندنیها”:
گۆڤاری “خواندنیها”یه‌کێکه له کۆنترین گۆڤاره‌کانی ئێران که ساڵی 1319ی هه‌تاوی (1940)یه‌که‌م ژماره‌ی بڵاو بووه‌وه و تا هاوینی ساڵی 1358ی هه‌تاوی (1980)به‌رده‌وام بوو و نزیکه‌ی ساڵ و نیوێک به‌ر له ئیعدامکرانی خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌رپرسه‌که‌ی “عه‌لی ئه‌سغه‌ری ئه‌میرانی” به‌رده‌وام بڵاو ده‌بووه‌وه.
“خواندنیها” له زمانی کوردییدا واته گۆڤارێک که پڕیبێت له بابه‌تی سه‌رنج ڕاکێش و جوان و شیاوی خوێندنه‌وه.
ئاوشۆران: گه‌ڕه‌کێکه له شاری کرماشان‌دا،هه‌روه‌ها ڕووبارێکه که له باشووری شاری کرماشانه‌وه ده‌س پێده‌بێ و تا به باکووری شار ده‌چێ و هه‌نووکه به‌شێکه له شار و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆی کرماشانی پێدا ده‌ڕوا. ئاوشۆران ،هه‌روه‌ها ناوی به‌رهه‌م و کتێبێکی نووسه‌ری به‌ناوبانگی کورد” ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان”ه.
جاده‌ی چالووس: جاده‌ی 59 ،ناسراو به‌جاده‌ی چالووس ،یه‌کێکه له‌گرینگترین وسه‌ره‌کیترین جاده‌کان بۆ خه‌ڵکی تاران که له نێوه‌ڕاستی شاری “که‌ره‌ج” ی ناوه‌ندی ستانی “ئه‌لبورز”ه‌وه ده‌س پێ ده‌کات و ئه‌چێته‌وه سه‌ر شاری “چالووس”له قه‌راخی زه‌ریای خه‌زه‌ردا. به لای هه‌ندێ که‌سه‌وه، ئه‌م جاده‌یه، یه‌کێکه له جوانترین ڕێگا و بان و جاده‌کانی جیهان.
کۆده‌تای 28ی گه‌لاوێژ: کۆده‌تایه‌که که له لایه‌ن و به پلان و پشتیوانی دراوی ڕێکخراوی نه‌پندی هه‌واڵگری به‌ریتانیا و ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ناوه‌ندیی ئه‌مریکاوه (CIA) له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1332ی هه‌تاوی (1953)دژ به حوکوومه‌تی دوکتۆر “محه‌ممه‌دی موسه‌دیق” ئه‌نجام بوو .ئه‌م کۆده‌تایه له ئه‌مریکادا ناودێر کراوه به هه‌ڵمه‌تی “ئه‌ژاکس” و له زمانی ئینگلیزیشدا پێی ده‌وترێ operation Ajax .
شه‌عبان بێ مێشک:شه‌عبانی جه‌عفه‌ری ناسراو به شه‌عبان بێ مێشک ، یه‌کێکه له ناوه‌هه‌راچێکه‌ره‌کانی مێژووی هاوچه‌رخی ئێران و یه‌کێک بوو له ده‌ورگێڕه‌سه‌ره‌کییه‌کانی کۆده‌تای 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1332ی هه‌تاوی(1953).ئه‌و سه‌ره‌تا خاوه‌نی زۆرخانه بوو و بۆ خۆش له زۆرخانه‌دا وه‌رزشی ده‌کرد که زێتر له‌به‌ر ده‌وربینین له بزاوته‌سیاسییه‌کان خاسما له کۆده‌تای 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1332ی هه‌تاویدا ناوبانگی ده‌رکرد. ئه‌و پاڵه‌وانێکی ناسراوی تارانی کۆن بووه.هه‌روه‌ها داژدارێکی سه‌رسه‌ختی حه‌مه‌ڕه‌زای شای پاله‌وی بوو. شه‌عبانی جه‌عفه‌ری ڕۆژی 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1358ی هه‌تاوی (1980)له ته‌مه‌نی 85 ساڵان دا له شاری لۆس ئه‌نجلێسی وڵاتی ئه‌مریکا کۆچی دوایی کرد.
سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی: سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی ناسراو به بێهڕه‌نگ ،چیرۆک‌نووس،توێژه‌ر،وه‌رگێڕ و شاعیری چه‌پی ئێرانی بوو که‌ڕۆژی دووه‌می پووشپه‌ڕی ساڵی 1318 ی هه‌تاوی (1939)له گه‌ڕه‌گی “چه‌رنداب”ی شاری ته‌ورێز له دایک بوو و ڕۆژی 9ی خه‌رمانانی ساڵی 1347ی هه‌تاوی (1968)له ته‌مه‌نی 29 ساڵاندا له ڕووباری “ئه‌ره‌س” و له قه‌راخی گوندی “شام کوانیک” یان “کاوانی” ده‌خنکێ. به‌ناوبانگترین به‌رهه‌می ،چیرۆکی “ماسییه ڕه‌شه‌چکۆڵه”یه که وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی کوردیش. سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی خاوه‌نی ده‌یان به‌رهه‌م و کتێبی دیکه‌یه.
سادقی هه‌دایه‌ت:نووسه‌ر،وه‌رگێڕ و ڕووناک‌بیری ناوداری ئێرانی ڕۆژی سێ شه‌ممه 28ی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1281ی هه‌تاوی ،ڕێکه‌وتی 17ی فێڤرییه‌ی ساڵی 1903 له تاران له‌دایک بوو.
سادقی هه‌دایه‌ت ،یه‌کێکه له کۆڵه‌که و نووسه‌رانی پێشه‌نگی چیرۆک‌نووسی نوێی ئێران و ڕووناکبیرێکی هه‌ره‌گه‌وره بوو. به‌لای زۆربه‌ی توێژه‌رانه‌وه ڕۆمانی “کونده‌به‌بوو”،یه‌کێکه له شاکاره‌کانی ناو ئه‌ده‌بی چیرۆک و ڕۆمانی ئێرانی هاوچه‌رخ. سادقی هه‌دایه‌ت ،گه‌لێک به‌رهه‌می به‌پێزی له نووسه‌رانی هه‌ره‌گه‌وره‌ی جیهان میناک “ژان پۆل سارتر”،”فرانتز کافکا” و “ئه‌نتوان چیخۆف” وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی.سادقی هه‌دایه‌ت ڕۆژی 19ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 1330ی هه‌تاوی، 9ی ئاپریلی ساڵی 1951له پاریس خۆی کوشت و ته‌رمه‌که‌ی له گۆڕستانێکی شاری پاریس‌دا نێژرا.
چه‌ندین چیرۆکی ئه‌م نووسه‌ره‌به‌ناوبانگه بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕدران.
هوشه‌نگی گو‌ڵشیری: نووسه‌ری هاوچه‌رخی ئێرانی ،هووشه‌نگی گو‌ڵشیری پاش سادقی هه‌دایه‌ت ،به یه‌کێک له کاریگه‌رترین چیرۆکنووسانی ئێرانی له قه‌ڵه‌م ده‌د‌رێ که ساڵی 1316ی هه‌تاوی (1937)له “ئه‌سفه‌هان” له‌دایک بوو.ڕۆژی 16ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1379ی هه‌تاوی (2000)له‌ته‌مه‌نی 61 ساڵاندا له تاران کۆچی دوایی کرد.گو‌ڵشیری سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئه‌ده‌بیی “کارنامه” بوو. به نووسینی نۆڤڵێت و کورته‌ڕۆمانی “شازده ئیحتیجاب” له کۆتایی چله‌کانی هه‌تاویدا گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی ناوبانگی خۆ. ئه‌م کتێبه به یه‌کێک له گرانبایی ترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی ئێران داده‌نرێ.
“شازده ئیحتیجاب” ی ئه‌م نووسه‌ره وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی کوردی.
مه‌حموود ده‌وڵه‌ت ئابادی: نووسه‌ری هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئێرانی ڕۆژی 10ی گه‌لاوێژی ساڵی 1319ی هه‌تاوی (1940)له “ده‌وڵه‌ت ئاباد”ی سه‌ر به شاری “سه‌بزه‌وار” له‌دایک ده‌بێت. “کلیده‌ر ” به‌ناوبانگ ترین به‌رهه‌می ئه‌م نووسه‌ره دێته ئه‌ژمار. ده‌وڵه‌ت ئابادی خاوه‌نی ده‌یان به‌رهه‌می به‌پێزی تره و هه‌نووکه‌ش به‌گوڕتر له جاران ده‌نووسێ.
جێی ئیشاره‌ت پێدانه که به‌رهه‌مێکی ئه‌م نووسه‌ره پایه‌به‌رزه بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕدراوه.
ئه‌حمه‌دی شاملوو: ڕۆژی 21ی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1304ی هه‌تاوی (1925)له تاران له‌دایک بوو.ڕۆژی 2ی گه‌لاوێژی ساڵی 1379ی هه‌تاوی (2000)له شارۆچکه‌ی “دێهکه‌ده”ی سه‌ر به “فه‌ردیس”ی که‌ره‌ج کۆچی دوایی کرد .ئه‌حمه‌دی شاملوو ،شاعیر،قامووس دانه‌ر،وه‌رگێڕ،توێژه‌ر ،ڕۆژنامه‌نووس و یه‌ک له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌کێتی نووسه‌رانی ئێران پێش و پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران بوو. ناوبانگی شاملوو زێتر له‌به‌ر شاعیربوونیه‌تی. شاملوو خاوه‌نی به‌ده‌یان ده‌فته‌ره شێعر ، به‌رهه‌می وه‌رگێڕاو ، چیرۆک، ڕۆمان ، فیلمنامه، شانۆنامه و به‌رهه‌م بۆ مناڵانه و کاری له‌سه‌ر چه‌ندین ده‌قی کۆنی ئه‌ده‌بیی کردووه.هه‌روه‌ها سه‌رنووسه‌ری ده‌یان گۆڤار بووه.کتێبی “کووچه” یه‌کێکه له گرانبایی ترین به‌رهه‌مه‌کانی توێژینه‌وه‌یی شاملوو که له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی ئێرانه و بۆ سه‌ر ده‌یان زمانی زیندووی جیهان وه‌رگێڕدراوه.
بۆ وتن ده‌شێ شاملوو ،یه‌کێکه له ده‌گمه‌ن نووسه‌رانی خودان هه‌ڵوێستی ئێرانی به‌رامبه‌ر به دۆزی کورد و هیچ کوردێک ،هه‌ڵوێستی ئه‌م که‌سایه‌تییه به‌رزه به‌رامبه‌ر مه‌رگه‌ساتی “هه‌ڵه‌بجه” له‌بیر ناکات.
شاعیر و ڕووناک‌بیری کورد به‌ڕێز “ناسری حیسامی “گوڵچنێکی شێعری گرانبایی شاملووی کردووه به کوردی.
ته‌جریش: یه‌کێکه له گۆڕه‌پان و مه‌یدانه هه‌ره‌خۆشه‌کانی شاری تاران که له‌باکووری شاردا هه‌ڵکه‌وتووه و خاوه‌نی بازاڕێکی زۆر کۆنی سه‌رداپۆشراوه که هه‌مه جۆره شمه‌ک و خوارده‌مه‌نییه‌کی تێدا ده‌س ده‌که‌وێ. هه‌روه‌ها چه‌ندین شوێنه‌واری کۆن به‌ده‌ور وبه‌ری ئه‌م ناوه‌دایه.
ژێده‌ر: ڕۆژنامه‌ی “شه‌رق”،پێنج شه‌ممه 28ی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1389ی هه‌تاوی،17ی فێڤرییه‌ی 2011