
ئەو وانانەی کە مۆدێلی دەستەڵات لە کوردستاندا پشتی تێ کردوون.
دوای ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکانی کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕیگەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە گشتیەکانەوە ڕووبەڕووی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی کردەوە، ئەوان بە دواکەوتووترین شێوە و دوور لەلانی کەمی بەهاکانی دیمۆکراسی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی خۆپیشاندەردا کرد. دەستەڵات لە کوردستاندا، لەبری بیرکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانە قووڵەکان و دەستبردن بۆ گۆڕینی ئەو زەمینانەی کە مۆدێلی حکومڕانیکردنیان لە هەرێمەدا ئیفلیجکردووە، بەشێوەیەکی زۆر ناشارستانیانەو دوور لە بچووکترین پێوەرەکانی سیستەمێکی پلۆرال و دیمۆکراسی پەنایان بردە بەر بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوتکردن و بڵاوەکردنەوەی ئەو دەنگانەی کە داوای چاکسازی و باشترکردنی سیستەمی دەستەڵاتدارێتی لە کوردستاندا دەکەن. پاساوی دەستەڵاتدارانی کوردستان بۆ کوشتن و زیندانیکردنی خۆپیشاندەران بریتی بوو لەوەی کە گوایە ئەوان خەڵکانێکی ئاژاوەگێڕن و دەیانەوەێت لەڕێگەی توندوو تیژییەوە ئارامی سیاسی لە کوردستاندا بشێوێنن و کۆدتا بکەن بەسەر دەستەڵاتی پارتی و یەکێتیدا. دیارە ئەم بانگێشانە ڕووی دەرەوەی ئەجنداو سیاسەتەکانی مۆدێلی دەستەڵاتن لە کوردستاندا، بەڵام مەوتیڤی پشت ئەو هێڕشانە بۆ سەرخەڵکی ناڕازی و گردبوونەوەکان بیجگە لە نادیموکراسی و چاوبرسی بوونی یەکێتی و پارتی بۆ پاوان‌کردنی دەستەڵات و قبووڵنەکردنی دەنگە جیاوازەکان هیچ شتێکی تر نەبوو.
نووسینی ئەم بابەتە بەتەنیا پێشاندانی ئەو چەمکە لە نادیموکراسیی و فاشل بوونی مۆدێلی دەستەڵاتی پارتی و یەكێتی نییە، بەڵکو ووردبوونەوەیەکیشە لەبەرامبەر ئەو ڕاستیەی کە ئەگەر ئەم مۆدێلەی ئەوان لەحکومڕانیکردن و دەستەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، خەڵکی کوردستان گیرۆدەی کۆمەڵێ گرفتی قووڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بێوێنە دەبن لە ئایندەدا. گرفتی ئەم دەستەڵاتە بەتەنیا ئەو سرووشتە هاوبەشە نییە کە لە زۆربەی تاکەکانی ناو دەستەڵاتەکانی ئەم سەردەمەدا بەدیدەکرێت کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و حزبەکانیانە، بەڵکو گوێنەدانە بە هەندێ مۆراڵی سیاسی سەربارەت بە ڕۆڵی دەستەڵات لەبەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵدا. بۆ تیشکخستنە سەر ناوەڕۆکی نا مۆراڵ بوونی مۆدێلی پڕ لە قەیرانی دەستەڵات لە کوردستاندا و نیشاندانی گرفتەکانی، ئەم باسە کەڵک لە هه‌ندێ تێڕوانینی کلاسیک وەردەگرێت سەبارەت بە ماف و ئەرکەکان لە نێوان ده‌سته‌ڵات و تاکەکانی کۆمه‌ڵگادا.
به‌مه‌به‌ستی بەسەرکردنهوەو تێگەیشتن له ته‌قه‌لاکانی مرۆڤ بۆ ده‌ستگیر بوون له‌ده‌سته‌ڵاتی سیاسی، کەڵک لە بۆچوونه‌کانی (تۆماس هابس) وەردەگرین. دواتر ده‌چینه سه‌ر باسکردنی په‌یوه‌ندی تاکه‌کان و ده‌سته‌ڵات له کۆمه‌ڵگادا. لەم بەشەدا باس لە چۆنێتی ڕێکخستنی ئه‌رک و گرنگی دابینکردنی مافه‌کان دەکەین کە کاتێک دەستەڵات فەراهەمیان دەکات، کە دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستیانە هاکات دەبنە مایەی فەراهەم کردنی زۆرترین پشتیوانی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه بۆ دەستەڵات. بۆ ئه‌م چه‌مکه که‌ڵک له‌بۆچوونه‌کانی سێ بیرمه‌ند وه‌رده‌گرین که‌ئه‌وانیش، ( جان جاک ڕۆسۆ و جۆن لۆک و جۆن ستۆرت مێڵ) ه. باسکردنی ئەم بیرمەندانەو ئایدیاکانیان بەو مانایە نییە کە لەوباوەڕەدا بم کە بەجێکەوتە بوونی ڕاسپاردەکانیان کۆمەڵگا بێ کێشە دەبێت، بەڵکو بە کەڵک وەرگرتن لەو بۆچوونانە کۆمەڵگا هەنگاوێکی باش دەچێتەوە پێشەوە.
هەرچەندە تۆماس هابس بە باوکی ریالزم دەناسرێتەوە، لە پێناسه‌کردنی په‌یوه‌ندی نێوان تاک و ده‌سته‌ڵاتدا ئەو پشکێکی زۆری بەر دەکەوێت . له چاپته‌ره‌کانی 10 بۆ 13 ی کتێبەکەی ( Leviathan )، ئه‌و باس له هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ له‌سرووشتدا ده‌کات و چۆنێتی ڕێکه‌وتنی نێوان مرۆڤه‌کان بۆ ده‌ستگیر بوون لهدهستهڵاتێک وه‌ک ڕەزامەندی و کۆدهنگییەک له‌نێوانیاندا شیده‌کاته‌وه. دیاره هابس باس له‌سه‌ره‌تاکانی ده‌ستگیربوون له ده‌سته‌ڵاتی مۆدێرن ده‌کات و پێی وایه مرۆڤه‌کان کاتێک له‌سرووشتدا هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد، ڕووبه‌ڕووی هیچ هێزێک یاخوود دهستهڵاتدارێتیەکی ده‌ستکرد نه‌ده‌بوونه‌وه. یانی تاکه‌کان له ڕێگەی هێز و ترسە سرووشتیەکانی خۆیانەوە له‌کێشمه‌کێش و ململانێی به‌رده‌وامدا بوون بۆ مانەوە. بۆ نمونه، شه‌رو توندوتیژی، مردن و ترس و هتد، هەندێ لەو هۆکارانە بوون بۆ سۆراخکردنەکانی مرۆڤ بە دوای هێز و پاوان‌کردنی بەرامبەرەکانی . له‌ئاکامی ژیان لهسرووشتێکی ڕووتی بێدهستهلاتداردا و نه‌بوونی هێزێکی فه‌رمانڕه‌وا که‌ده‌ستوور بدات له‌ژیانی ئه‌واندا، هابس پێی وایە مرۆڤه‌کان هه‌میشه له‌قافدا بوون بۆ په‌لاماردانی یه‌کتری. تاکه‌کان دژ به‌یکتری هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد، لهههلومرجێکی ئاوهادا جێگه‌یه‌ک نه‌بوو بۆ پێشکه‌وتن، بۆ درووستبوونی فه‌رهه‌نگێکی ئینسانی به‌هێز و چوونه پێشه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی کهپیوهندیان به‌باشتربوونی گوزه‌رانی مرۆڤه‌وه هه‌یه. له‌و ژیانه سه‌ره‌تاییه‌دا جیگه‌یه‌ک نه‌بوو بۆ هونه‌ر، بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگا، بۆ سەرهەڵدان و سەرخستنی شاکاره جوانه‌کان. به‌کورتی ژیان له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا زۆر دژوار و پڕ ترس و کورت بوو بۆ مرۆڤه‌کان. له‌ئاکامی ئه‌م ترسه به‌رده‌وامە له بەرامبەر یەکتریدا، مرۆڤه‌کان ناچار بوون بیر لە به‌بنیاتنانی شێوازێک لە دەستەڵات بکەنەوە که‌پاراستنی ئارامی هەموان و دابینکردنی مافی تاکه‌کان بخاتە ئەستۆی خۆی وەکو یەکێک لە سەرەکیترین به‌رپرسیارێتیه‌کان.
لایەنێکی تری هەوڵ و بیرکردنهوەیەکی له‌جۆره بۆ هابس کۆتایهێنان بوو بهشهڕه ناوخۆیه‌کان کە ئەو کاتە میرنشینەکانی بەریتانیای گیرۆدە کردبوو لەگەڵ توند‌و تیژیدا. هابس پێی وایه تاکه‌کان وه‌کو خوویه‌کی سرووشتی، هه‌میشه له‌هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی یه‌کتریدان وه‌ئه‌م ههوڵدانهیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ درووستبوونی ترس و بێمتمانه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا. به‌ڵام هه‌ر خۆشی پێمان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رچی مرۆڤه‌کان له‌ڕووی توانای هێزه‌وه جیاوازن، له‌ناوه‌ڕۆکدا توانایه‌کی یه‌کسانیان هه‌یه بۆ ئازاردانی یه‌کتری. یانی ئه‌گه‌ر ترسێک له‌ئارادا بێت له‌نێوان ململانێی دوو تاککدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاره‌زوویه‌ک که‌هه‌ردووکیان کۆ ده‌کاته‌وه، ئه‌وه لایه‌کیان ناچاره په‌نا به‌رێته به‌ر توند‌و تیژی بۆ بێ به‌شکردنی ئه‌وی تریان. هه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌شه وا له‌تاکی بێهێز ده‌کات که سۆراخی هێزێ زۆرتر بکات و بیخاته‌سه‌ر توانایەکانی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌که‌یدا زاڵ ببێت و ئاره‌زوو و خواستەکانی ده‌سته‌به‌ر بکات. به‌پێی بۆچوونه‌کانی هابس، سرووشتی به‌ربه‌ره‌کانێکانی مرۆڤ له‌ژێر کاریگه‌ری دوو فاکته‌ردا فۆرمۆڵه ده‌بن: یه‌که‌م فاکتەر حه‌زلێکردن یان پێچهوانهکهیەتی، دووه‌میشیان ئاره‌وزووی هێزه له‌نێوان تاکه‌کاندا بۆ ململانێکردن و پاوان‌کردنی یەکتر. بەهۆی ئەو دوو فاکتەرەوە، ئه‌و پێی وایه له‌پێش درووستبوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ژیان له‌ژێر ئه‌م کاریگه‌رییانه‌دا ده‌چووه پێشی و مرۆڤه‌کان هه‌میشه له‌حاڵه‌تی شه‌ردا بوون. به‌پێی بۆچوونه‌کانی هابس مرۆڤ له‌سرووشتدا مافی یه‌کسانی هه‌یه بۆ ده‌ستگیربوونی زۆربەی ئەو شتانەی که‌ئاره‌زووی ده‌کات، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداربوون له‌م مافانه، هاوکات ده‌بێته مایه‌ی ده‌سته‌به‌ربوونی (دادپه‌روه‌ری)، چونکو به‌بێ دادپه‌روه‌ری، مرۆڤه‌کان هه‌میشه له‌ململانێ و جه‌نگدا ده‌بن له‌ڕێگه‌ی بەکارهێنانی هێز و ئارەزووی تاکڕهویانەوە. لێره‌وه‌یه که لیڤیاتهن ( مه‌به‌ست له‌که‌سی ده‌سته‌ڵاتداره) ده‌سته‌ڵاتی پێ ده‌درێت و ده‌کرێت به‌سه‌روه‌ر به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری ده‌سته‌به‌ربوونی یه‌کسانانه‌ی ئه‌و مافانه بکات که‌مرۆڤه‌کان پێویستیانه.
به‌بێ ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به‌بیرکردنه‌وه له‌ده‌سته‌ڵات، ئێمه ناتوانین قامک بخه‌ینه سه‌ر نه‌خۆشییه کوشنده‌کانی مۆدێلی حکومڕانیکردن له کوردستاندا. ئەم چەند دێڕەی سەرەوە گرنگن، چونکو فەرهەنگی سیاسی لەکوردستاندا نەک هەر نەیتوانییوە بەکەڵک وەرگرتن لەو ئایدیایانە مۆدێلی دەستەڵات ڕێکبخاتەوە، بەڵکو لە ماوەی ئەو ماوە دووروو درێژەی حکومڕانیکردنیاندا، هەلومەرجێکی درووست کردووە کە تێیدا هەمیشە خەریکی سڕینەوەو هەوڵدانی پاوان‌کردنی دەنگە جیاوازەکانە، وە لەبری پەنابردن بۆ عەقڵ و دایەلۆککردن، دەستبردن بووە بۆ بەکارهێنانی هێز بۆ بەردەوام بوونی نایەکسانیەکان. ئەمە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە وایکردووە تاکو ئێستا ئاراستەی کۆمەڵگای کوردی لەژێر کاریگەری هەستێکی پڕ توند‌و تیژیدا بچێتە پێشەوە. لەبری پشتبەستن بە یاسا و دەزگاکانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی ماف و دادپەروەریەکان، تاکەکان لەڕێگەی پلەوپایەی حزبی و سیاسی و ئابووری خۆیانەوە لە کۆمەڵگادا هەڵسوکەوت دەکەن. دەستەڵات لەکوردستاندا لەبری ناساندن و راهێنانی تاکی کوردی بە فەرهەنگێکی سیاسی ئارام، هەمیشە بەکۆمەڵێ عەقڵی چەک بەشانەوە کە بەردەوام چەکەکانیان لەسەرپێیە ویستوویەتی وەڵام بە گرفتەکانی کۆمەڵگا بداتەوە. بەکارهێنانی عەقڵی چەکدار ئەو گرفتە سەرەکییە کە ڕێگرە لەبەردەم جێکەوتەبوونی کۆمەڵی ئەرک و ماف لە نێوان دەستەڵات و تاکدا. باڵادەست بوونی ئەم عەقڵە چەکدارانە گەورەترین کۆسپ بووە لەبەردەم درووستبوونی سەرتایترین پێشمەرجەکانی سیستەمێکی حکومڕانی لە کوردستاندا کەبتوانین پێی بڵێین دیمۆکراسی.
دیارە دوای هابس زۆرێک له‌بیرمه‌ندانی تر به‌دواداچوون و شیکردنەوەی زیاتریان لەسەر پەیوەندیەکانی دەستەڵات و تاک خستووەتە بەردەستمان کە زۆربەی دەستەڵاتە ڕۆژئاوایەکان توانیویانە کەڵکی زۆر لەو باس و ئامۆژگاریانە وەربگرن بۆ بردنە پێشەوەی مۆدێلی دەستەلاتەکانیان. بەڵام دەبینین مۆدێلی دەستەڵات لە کوردستاندا کەمترین کەڵکی لەو باسانە وەرگرتووە. بۆ نموونەبۆ شه‌رعی بوونی هەر دەستەڵاتێک، ڕۆسۆ ئاماژە بە قه‌رارداده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دەکات که له‌ئاکامی ڕێککه‌وتنی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا فه‌راهه‌م ده‌بن. به‌پێی بۆچوونه‌کانی ڕۆسۆ، له‌و قه‌راردادانه‌دا تاکه‌کان ده‌ستبه‌رداری هیچ مافێکی خۆیان نابن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر کارێکی وابکه‌ن، هه‌نجه‌تێکی لاستیکی پێشکه‌ش به دەستەڵاتداران ده‌که‌ن که دەستەلاتەکانیان نەک هەر بەخراپی به‌کاری بهێنن له‌به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کان، بەڵکو لەبەرامبەر هەر مافێکدا چەندین پاساو بهیننەوە بۆ بەڕەسمی ناساندنی. ڕۆسۆ ئازادی و مافه‌کانی تاک بەتەنیا لە چوارچێوە ئابووریەکەیدا پێناسە ناکات، بەڵکو ده‌به‌ستێته‌وه به ماف و دادپه‌روه‌ریه مۆراڵییهکانیشهوه، چونکو به‌ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی پیاده‌کردنی ئه‌و ئازادیانه‌وه هاوڵاتیان ئه‌توان ده‌سته‌ڵاتێکی شه‌رعی به‌رهه‌م بنیات بنێن. ئه‌و پێی وایه کاتێک مرۆڤه‌کان به‌ئازادی بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ڵات ده‌ده‌ن، مافه‌کانیان له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا مسۆگه‌ر ده‌که‌ن، چونکو ئه‌وان ده‌سته‌ڵاتێک هه‌ڵده‌بژێرن که‌پارێزه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بێت. ڕۆسۆ درێژە بە بیروبۆچوونەکانی دەدات و ده‌ڵێت گشت تاکه‌کان به‌رپرسن له‌به‌شداریکردن و سه‌قامگیرکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کاندا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جاریش ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیانه دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خوودی هه‌ندێ تاکه‌کانیش بن. بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکه، ڕۆسۆ نمونه‌یه‌ک وه‌بیرمان دێنیته‌وه‌و ده‌ڵێت: ڕهنگهتاکێک ( کهداهاتێکی زیاتری هه‌یه له‌کۆمه‌ڵگادا بەبەراوردکردن لەگەڵ تاکه‌کانی تر) پاڵپشتی ده‌سته‌ڵاتێک بکات کهباج و سه‌رانه‌ی زۆر ده‌خاته سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که‌داهاتیان له‌وانی تر زۆرتره. ئه‌م پاڵپشتییه‌ی تاکی باجده‌ر به‌مبه‌ستی ئه‌وه‌یه که کۆکردنه‌وه‌و سووده‌کانی ئه‌و باجه له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه، بۆیه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆی بخاته پێش به‌رژه‌وه‌ندیە گشتییه‌کانه‌وه. ڕۆسۆ درێژه به‌بۆچوونه‌کانی ده‌دات و پێمان ده‌ڵێت ئه‌م شێوه‌یه له ههڵسوکهتکردنی تاک ده‌بێته مایه‌ی هاندان و فراوانکردنه‌وه‌ی سنووره‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و پێکه‌وه‌ژیانێکی هێمنانه. چونکو کۆمەڵگا لە ڕێگەی دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکانەوە ئیدارە دەکرێت و دەبرێت بەڕیوە.
کەچی لە هەرێمی کوردستاندا، بڕیاربەدەستانی دەستەڵات لەبری ئەوەی ڕۆڵی دەستەڵاتێکی شەرعی بگێڕن و گشت هەوڵەکان بخەنە گەڕ بۆ پاراستن و ڕێزگرتنی هاوڵاتیان، چەندیین ساڵە خەریکی بێئیرادەکردن و کەرامەت شکاندن و لێسەندنەوەی ئازادیەکانن لە هاوڵاتی کوردستانی. ئەوان نەک ئامادەی باج و سەرە دان و فراوانکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی نین، بەڵکو کوردستانیان لەلایەک کردووتە مارکێتێکی گەورە و خەریکی بازرگانی و بەفیڕۆدانی سەرووەت و سامانی هەرێمن. وەلەلایەکی تریشەوە خەریکن کەشی ترس و چاوسوورکردنەوە و ڕاونانی خەڵکی بەرهەڵست دەکەنە واقیعەتێک بەسەر خەڵکەوە. ئەم جۆرە تایبەتمەندیانەی دەستەڵات بەهیچ شێوەیەک ڕیگای بۆ درووستبوونی پەیوەندیەکی تەندرووست و ئازاد لە نێوان هاوڵاتی و دەستەڵات خۆشنەکردووە.
بۆ شیکردنه‌وه‌ی زیاتری په‌یوه‌ندی ده‌سته‌ڵات و تاک له‌کۆمه‌ڵگادا لێرەدا هەندێک لە بۆچوونه‌کانی جۆن لۆک به‌سه‌ر دەکه‌ینه‌وه. به‌پێی بۆچوونه‌کانی لۆک، ده‌سته‌ڵاتی سیاسی بریتییه له‌هێزی سرووشتی تاکه‌کان کهلهدهستهڵاتێکدا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه. دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت پێشمه‌رجی سه‌ره‌کی نییه بۆ لۆک، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرنگه ئازادبوونی گشتی ئه‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه کە له‌سه‌ر بنەمای به‌ڕه‌سمی ناساندن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌کانی تاک لە کۆمەڵگادا ده‌ست بۆ دامه‌زراندنی ده‌سته‌ڵات ده‌بات. ئه‌مجۆره تایبەتمەندیە ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی که کۆموینیتیهک به‌بێ ترس و زۆر ئازادانه ئەرکی پاراستنی مافی تاکەکانی ده‌خاته ژێر ده‌ست ده‌سته‌ڵاتێک که ئه‌رکێتی بیانپارزێت له کۆمه‌ڵگادا. وه‌هه‌رکاتێک ئه‌و ده‌سته‌ڵاته نه‌یتوانی ڕیز لەو مافانه بگرێت، ئه‌وه به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک ئەو دەستەڵاتە ئەبێت بگۆڕدرێت. کاتێکیش گرفت ده‌که‌ویته نێوان کارەکانی ده‌سته‌ڵات و کۆمه‌ڵگاوه، ئه‌رکی کۆمه‌ڵگایه که‌چاودێری وورد بخاته‌سه‌ر ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت کامیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵدا کار ناکه‌ن. وەهەروەها ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵات کورتی هێنا له‌پاراستن و دابینکردنی مافه‌کانی تاکه‌کان له‌کۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه یەکێک لە ئه‌رکه مۆراڵیه‌کانی سه‌رشانی کۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌یه که شۆرش بکات له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک که کار ناکات له‌پێناو بەرژەوەندی تاکەکانی کۆمەڵگاکادا.
ئه‌م جۆره پێشمەرجانە گرنگن بۆ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک ئەگەر بمانه‌وێت ناوی بنێن کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراسی. له‌په‌نای ئه‌م جۆره پێشمەرجانهوه، جۆن لۆک باس له‌سێ پێکهاته‌که‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌کات و پێی وایه جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و سێ یه‌که‌یه له‌ده‌سته‌ڵاتدا پێشمه‌رجی سیاسی گرنگ و سه‌ره‌کیین بۆ سه‌رکه‌وتنی دیمۆکراسی. ئه‌م باسانه‌ی لۆک له‌به‌رامبه‌ر گرفت و قه‌یرانه‌کانی مۆدێلی پاشایه‌تی بوو له‌ئینگلیستان، وه‌ئه‌و به‌و هیوایه بوو کهئامۆژگارییهکانی بتوانن چارەسەری قەیرانەکان بکەن لە ئینگلستاندا. به‌ڵام که‌سێکی تر کهووردتر قسه‌له‌سه‌ر پرسی ده‌سته‌ڵات و ماف و ئازادیه‌کانی تاک ده‌کا و لێرەدا ئەتوانین کەڵکی لێوەربگرین بۆ درێژە دانی ئەم باسە، چۆن ستۆرت مێڵه.
سەرباری ئەوەی بەشێک لەو هێزانەی کە ئێستا لەدەستەڵاتدان لە ڕابردوودا خۆیان بە شۆرشگێڕ و خەمخۆری ڕاپەڕاندنی ئەرکە مۆرڵەیەکان پێناسەدەکرد، ئەمڕۆ کاتێک لەدەستەڵاتدان دووژمنی سەرسەختی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە مۆڕاڵیانەن. چونکو ئەوەتا خۆیان داماڵیوە لەهەر جۆرە بەرپرسیاریەک کە ئەرکیانە لەبەرامبەر کۆمەڵگادا ئەنجامی بدەن. کەچی کاتێک خەڵکی دەیەوێت ئەو ڕاستییەیان پێ بڵێت ئەوان پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی “مێڵ”ەوە بە هێز و بە بەکارهێنانی چەکە لەسەر پێیەکانیان وەڵام دەدەنەوە.
په‌نابردنه به‌ر بۆچوونه‌کانی میڵ بۆ دوا به‌شی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی باسه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گرنگی بوونی ئازادی له‌کۆمه‌ڵگادا، وهبهکهڵک وه‌رگرتن له‌بۆچوونه‌کانی ئەو ئه‌مانه‌وێت پیشانی بده‌ین که‌چۆن پرسی ئازادی ڕاده‌ڕبڕین یه‌کێکه له‌گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی مۆدێلی حکومڕانیکردن له‌ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و بەتایبەت لە کوردستاندا. چه‌مکی ئازادی له ڕوانگه‌ی مێڵه‌وه کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کییه بۆ پێشخستنی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک. ئه‌و پێمان ده‌ڵێت: کاتێک ئازادی تاکه‌کان له‌خوودی دەستەڵات و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت پیرۆزتر ده‌بێت له‌کۆمه‌ڵگادا، ده‌سته‌ڵات له‌به‌رزترین ئاستی ووشیاریدا بنیات دهنڕیت بۆ خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە ئارەزووکانی هاوڵاتیانی خۆی. فه‌راهه‌مکردنی ئازادییه‌کان له‌کۆمه‌ڵگادا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه، به‌و مانایه‌یه که‌کۆمه‌ڵگا گرنگتره له‌ده‌سته‌ڵات. مێڵ پێی وایه له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و پاراستنی ناسنامه‌و پێگه‌ی یه‌کسان بوونیان له‌به‌رامبه‌ر یاسادا که‌له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئازادیه‌وه مسۆگەر دەبێت، سه‌ره‌تاییترین پێشمهرجە بۆ درووستی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسی لەچوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراودا. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره له‌ئازادیی له‌سرووشتی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی‌دا، ئه‌و باوه‌ڕه له‌لای هاوڵاتی درووست ده‌کان که‌ئه‌و به‌شێکه له‌ده‌سته‌ڵات و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی کهپهسهند و په‌یڕه‌و ده‌کرێن له‌ووڵاتدا. میڵ درێژه به‌بۆچوونه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵێت: پێویسته ده‌سته‌ڵات له‌کارکردن و ئه‌نجامدانی ئه‌جیندا سیاسیه‌کانیدا چانسی یەکسان بۆ هاوڵاتیانی خۆی مسۆگەر بکات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئارەزوو و ئاواتەکانیان له‌ووڵاتدا که له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ئازادیه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات که‌ده‌بێت دهسهتهڵات به‌ڕه‌سمی بیناسێت.
بەنیگەرانییەکی زۆرە، دوای بەسەرکردنەوەی ئەو بیرۆکانە، ئاشکرایە مۆدێلی ده‌سته‌ڵات لە هه‌رێمی کوردستاندا هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆرە دەستەڵاتانەی کە لە بری بەڕێوەبردنی ووڵات، سەرگەرمی پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی ئازادی و دادپەروەرین لە ووڵاتدا. بەپێچەوانەی ئەو ئامۆژگاریانەوە، مۆدێلی دەستەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی لەبری بیرکردنەوە لە درووست‌کردنی ئەو پەیوەندیەی نێوان خەڵک و دەستەڵات، چاوسوورکردنەوەو کوشتنی دەنگە ناڕازییەکانیان هەڵبژاردووە. وەلەبری ئەوەی پەیوەندی نێوان خۆیان و کۆمەڵگا لەڕێگەی دابینکردنی مافەکان و ناساندنی ئەو ئەرکانەی کە لەسەر باسمان کرد بنیات بنێنن، کۆمەڵێ عەقڵی چەک بەدەست و شاخاویان کردووەتە حاکم و قەرار بەدەست بەسەر خەڵکی کوردستانەوە کە نەک باوەڕیان بە ڕەسمی ناسینی هیچ مافێک نییە، بەڵکو بەردەوام بە چاوسوورکردنەوە و بەبەکارهێنانی هێزی چەکدار و کوشتنی لاوانی ناڕازی دەیانەوێت درێژە بەدەستەڵاتی ناڕەوای خۆیان بدەن.
kja21@sfu.ca
سەرچاوەکان
John Stuart Mill, On Liberty and Utilitarianism, (New York: Bantam Books, 1993)
John Locke, The Two Treatises of Civil Government (Hollis ed.) [1689]
Thomas Hobbes. Leviathan: Or the Matter, Forme, and Power of a Common-Wealth Ecclesiasticall and Civill, ed. by Ian Shapiro (Yale University Press; 2010).
Wraight, Christopher D. (2008), Rousseau’s The Social Contract: A Reader’s Guide. London: Continuum Books