سه‌رنج و تێبینی له‌باره‌ی ده كۆمه‌ڵه شیعری كوردی
له ئه‌لبوومی یادگارا: جه‌مال شارباژێڕی
ئه‌فسوونی شیعر، ئێستێتیكا و ئاشتی له ده‌روونی كۆمه‌ڵگا راده‌گه‌یه‌نێ. وه‌فا بۆ شیعر تێپه‌ڕاندنی قۆناغی به‌ر له خۆیه‌تی. تێپه‌ڕاندن وه‌ك جیاكاری نه‌ك ره‌تكردنه‌وه. ره‌تكردنه‌وه له ئه‌ده‌بدا هیچ كاتێك بنه‌مای نه‌بووه، چونكه له رهتكردنهوهدا به‌های گفتوگۆ داده‌ڕمێ و پێوه‌ندییه كولتوورییه‌كان ده‌پچڕێن.
جوانی كه‌شێكی روون و باوه‌ڕپێكراوه. كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێك جێ ده‌هێڵێ، هه‌سته‌كان له ده‌ربڕین له جوانیدا به باشترین شێوه ئه‌ركی خۆیان به‌جێ ده‌هێنن و توانایان پاراوه و به دیواری ژیانه‌وه ده‌لكێن.
شیعر دیارده‌یه‌كی سیاسی نییه، دیارده‌ی سیاسی دۆخێكی هه‌ڵه‌به‌ره. ده‌ربڕین له ناوه‌رۆكی واقیع وه‌ك خۆی ناكات. واقیع له بوونی خۆیدا له رێكخستنێكی جوان‌دا جێگای كراوه‌ته‌وه. سیاسه‌ت ده‌ستی لێداوه و رێكخستنه‌كه‌ی به‌ملاو ئه‌ولادا بردووه. ئه‌مه بڕیار و بۆچوون و پێوه‌رێكی شیاوه، سیاسیبوونی ئه‌ده‌ب لادان و خۆدزینه‌وه‌یه له ئامانجی ئه‌ده‌ب، ئامانجی ئه‌ده‌ب دامه‌زراندنی بڕوا و بنه‌مای جوانییه بۆ ژیانێكی نهشڵهژاو تا ئارامی هێزی خۆی تێدا وه‌رگرێت و جوانیبه‌خش بیكات به كه‌ره‌سته و وزه‌ی ده‌ربڕینی، به پله و ئاست په‌یامی تایبه‌تكاری خۆی به‌ڕێوه‌ببات. هه‌ر شاعیرێك پشتی دا به پشتی ده‌سه‌ڵات. نه‌ك جێگای باوه‌ڕی گوتنی جوان، بگره جێگای باوه‌ڕی هونه‌ریش نییه.
جه‌مال شارباژێڕی له رووی پێكهاته‌وه شیعره‌كانی پڕ سۆز و دیمه‌نی ههستدارن. زۆرتر به‌رهه‌می خه‌یاڵن له‌وه‌ی به‌رهه‌می هێزی بیركردنه‌وه و كۆ زانیاری بن. جۆرێك داهێنانی له نێوان شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا پێشكێش كرد، بووه به‌خشنده و ناوه‌ندێكی كراوه بۆ شاعیره‌كانی ده‌وروبه‌ری و له هێڵی په‌ره‌سه‌ندنیدا كاریگه‌ریی خۆی زاڵ كرد، به‌ڵام له‌م ماوه دیاریكراوه‌دا زیاتری تێ نه‌په‌ڕاند و كۆتایی پێ دێت. تواناكانی له ئه‌زموونی قووڵ و دهوڵهمهندتردا، كه‌ش و دۆخێكی تاكه كه‌سی پێك نه‌هێنا. كه‌واته كاریگه‌رییه‌كه‌ی له یه‌ك قۆناغدا ده‌ركه‌وت و وه‌ستا و نه‌بووه گیانێكی چالاك و به‌رهه‌مهێن له جه‌سته‌ی شیعری كوردیدا.
ئه‌گه‌ر شیعر جوان له‌باره‌ی ژیان بنووسرێت، له ژیان خۆی جوانتره. شیعری ئه‌م شاعیره له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست و سۆز و ئاسۆكانی خه‌یاڵه‌وه شێوه‌ی خۆی وه‌رگرتووه. توانیشی ته‌نیا له‌م بواره‌دا به‌هره به باشی به‌كاربهێنێت و ساتی شیعریی به دوای به‌هره‌ی دادێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات بۆ ناوچه‌كانی شیعر. له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا خه‌م و خورپه وه‌رده‌چه‌رخێنن بۆ ئێستێتیكا. له‌و كه‌شه هه‌ستی و سۆزدارییه‌دا شاعیر ده‌ره‌وه به‌جێ ده‌هێڵێت و له ناوه‌وه‌ی نیشته‌جێ ده‌بێت، له ژیانی رۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگا و خۆی یاخییه. خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ و شاگه‌شكه‌یی و هه‌ڵزه‌قینه‌وه هه‌ڵسووڕێنه‌ری كرده و كرده‌وه‌ی ده‌بن. له‌و پێودانگه‌وه به زمانی ناوه‌وه مانا بۆ بوونی مرۆڤی و ختووكه تایبه‌تییه‌كانی ده‌دۆزێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ترپه و ئاوازه خێرایه‌ی ژیانی رۆژانه به‌لاوه ده‌نێت، ترپه و ئاوازی ناوه‌وه‌ی خۆی وه‌ك سه‌رچاوه كار پێ ده‌كات، ئه‌و ترپه و ئاوازه‌ش خاوده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌و باره ده‌روونی، یان ده‌ربڕینه ده‌روونییانه‌ی، كه ژیانی به‌ڕێوه ده‌به‌ن و دووچاری یاخیبوونیان كردووه. نموونه: وه‌ك له شیعری (خۆشم ویستی)، یان له شیعری (چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ك)، یان له شیعری (چه‌ند تاڵه بیرێكی ئاڵۆزكاو) ده‌رده‌كه‌وێت.
له‌باره‌ی تێگه‌یشتنه‌وه شیعره‌كانی وه‌ك ئاوریشم و خاكی ته‌ڕ نه‌رمن. وه‌ك گۆرانی فۆلكلۆری و به‌یت و داستان روون و ساده‌ن، به‌ڵام له‌باری مانای شاراوه و چینه‌كانی بنیاد و داڕشتندا پڕ و فراوانن، خاوه‌ن ئاسۆی دوور و بواری قووڵن. پێوه‌ندییان به كولتووری تاكه كه‌سییه‌وه هه‌یه. له هێڵی گشتی ئه‌زموونكردندا یه‌ك ئازاری ئه‌زموون كردوو و خه‌یاڵی دیاره، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی نه‌گه‌یاندووه‌ته خه‌یاڵی نادیار و یاده‌وه‌ری رانهچڵهكاندووه. واته: مه‌ودای پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ (خه‌یاڵی دیار)دا به‌هێزتره له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (خه‌یاڵی نادیار).
هه‌ستیاری زمانی خۆی نیشانداوه، پێش ئه‌وه‌ی ترپه و ئاواز له وشه‌دا وه‌رنه‌گرێت، نایهێنێته ناوه‌وه، یان به‌سه‌ریدا خول ناخوات، یان به‌سه‌ریدا پاز نادات، هه‌روه‌ها له رووی به‌كارهێنانی وشه‌وه تووشی به‌د به‌كارهێنان نایه‌ت. وشه ئاراسته‌ی باش به‌كارهێنانی خۆی وه‌رده‌گرێت.
سوودی له شێوازی به‌ر له خۆی وه‌رگرتووه، به‌ڵام په‌یڕه‌وی نه‌كردوون. له نه‌وه‌ی خۆشی له شێوازدا له زۆرینه‌یان ئهندازیارتره. له مۆسیقاشدا كاری به مۆسیقا و پیت و وشه و ده‌سته‌واژه و رسته‌ی شاعیرانی به‌ر له خۆی نه‌كردووه. هه‌رێمێكی بۆ دابه‌شكردنی رسته و مۆسیقا له شیعردا بنیاد ناوه، به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن و بنیادنان وزه و هێزی له ئه‌زموونی به‌ر له‌خۆی وه‌رگرتووه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دابه‌شكردن و مۆسیقایه‌ی زۆر هونه‌ریی و زاڵ بوو، شاعیرانی دوای خۆی نه‌یانتوانی لاسایی بكه‌نه‌وه، یان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و لێ زیادبوونی بۆ بكه‌ن، بگره وه‌ك ده‌ست وه‌شاندن و داهێنانێكی تاكانه هێڵی بۆ كێشا و دایمه‌زراند. داهێنانی ساده به ئاسانی و زۆر دێته ده‌ست و ده‌تواندرێت لاسایی بكرێته‌وه‌و كاری لێ زیادبوونی له‌سه‌ر بكرێت.
جیاكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. به‌تایبه‌تی له گۆشه‌نیگای شاعیرانه‌وه و ئێستێتیكییهكی روون و ئاشكرا. پشت ئه‌ستووره به سروشت و پێكهاته‌ی خۆڕسك و ده‌ست لێ نه‌دراون سروشت. له‌سه‌ر ترپه و ئاوازی پێكهاته‌ی سروشت وێنه داده‌هێنێت. نموونه: پێوه‌ندی دروست ده‌كات له نێوان با و دره‌خت و مۆسیقای جووڵاندنه‌وه. له هه‌مان كاتدا هۆی پیتاندنی دره‌خت به یارمه‌تی باوه ده‌كاته دیارده‌یه‌كی جه‌وهه‌ری سروشت.
واته به ته‌نیا له‌سه‌ر (زه‌ینی سروشت) كاری نه‌كردووه، بگره له‌سه‌ر (منداڵدانی سروشت) كاری كردووه، پێكه‌وه ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنی پێكهاته‌كانی له رسته دیار ده‌كات و له شیعرییه‌تی دیمه‌ن دهیاندرهوشێنێتهوه. سروشتی پێوه‌ندییه‌كانیش به واقیعه‌كه‌وه روون ده‌كاته‌وه، ئه‌و روونكردنهوهیهش تواناییمان بۆ خوێندنه‌وه پێ ده‌به‌خشێت، یان هارمۆنییه‌ت و هاوئاهانگییهك له نێوان ره‌نگه‌كان وه‌ك خه‌سڵه‌تی وه‌رز له وێنه و فۆرمی جیا جیادا گۆشه و كه‌نار و ناسنامه‌ی له یه‌ك نهچوویان ده‌داتێ.
شوێنی له‌دایكبوون و گه‌وره‌بوون پێناسه‌ی زه‌ینی شاعیر ده‌كات بۆ ئێستێتیكا و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و یه‌كه‌م ناسینی شوێن، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ ناسینی شوێنه نهناسراوهكانیش، كه به‌شێك له ئێستێتیكای یه‌كه‌م شوێنی دێته ناوییه‌وه‌و هۆ و پاڵپشتێكه بۆ خه‌مڵان و كرانه‌وه‌ی بیر بۆ سه‌ر شوێنه‌كانی دیكه و ناسینی. شاعیر ئه‌گه‌ر نه‌توانێت له ئێستێتیكای سروشت تێبگات، بێ هیچ گومانێكیش ناتوانێت ئێستێتیكایهك بۆ تێگه‌یشتن و به‌كاربردن له زه‌ین و هه‌ستی خۆیدا پێكبهێنێت.
گۆشه‌نیگای بیناسازی و كێشانی پێوانه له هاوسه‌نگی و شكۆی سروشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام نه‌یتوانیوه كار له‌سه‌ر بیری سه‌رهه‌ڵدانی سروشت بكات، یان ئه‌م لایه‌نه، كه گۆشه‌نیگای بایه‌خه له‌ناو شیعره‌كانیدا بزره و ده‌ستی بۆ نه‌بردراوه، هه‌موو دیارده و داهێنانێك په‌یوه‌سته به هۆشیارییه تایبه‌تییه‌كانی شاعیر و جێكردنه‌وه‌ی فه‌نتازیا و ئێستێتیكا له‌ناو زماندا.
( له ئه‌لبوومی یادگارا) ناونیشانی كتێبێكی شیعری (جه‌مال شارباژێڕی)یه، ساڵی 1983 له دووتوێی 175 لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (ئۆفسێتی سه‌ركه‌وتن) له سلێمانی چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (كسپه‌یه‌ك، بۆ، هه‌ستێك، له سه‌یرانێكدا، ئه‌گه‌ر، نه‌كه‌ی، تاكه شیعر و به‌س، دركاندنێك، گوندێك و كچێك و یادێك و شیعرێك، ئارام، پرسیارێك وه‌رامه‌كه‌ی له خۆیدایه، نامه‌یه‌كی كراوه، دانیشتن له‌گه‌ڵ تۆدا، له جه‌ژندا، دیسانه‌وه خه‌م، هه‌ژده‌ی سێ، چڵی نه‌رگز، له جیاتی كارت، خۆشم ویستی، بۆ مه‌رگی پڕشنگ، ئه‌گه‌ر تۆ بۆ من بوویتایه، له‌سه‌ر سێ گڵكۆدا، چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ك، له‌سه‌ر به‌رده نووسێك، به‌ناوێكی تره‌وه گه‌ڕایه‌وه، گۆرانییه‌ك بۆ شیرین، ئاخێك، خه‌مێكی تر، چاكتر بمناسه، چاوچاو، چه‌ند تاڵه بیرێكی ئاڵۆزكاو، دوای ده ساڵ، پشیله، رازێكی نوێ، نه‌وزاد، وێنه‌یه‌ك، كه‌ته‌ی كه‌ر پیاو، بۆ جوانێك، ئه‌مشه‌و، وه‌ره جوانێ، دایكی دڵسۆز، بێ ناونیشان، ئای ئای، له‌سه‌ر تۆ، باوكایه‌تی، مۆڵه‌ت، بۆ كچێكی جوان، تازه من و تۆ، به‌هه‌ستێكی خاوێنه‌وه.)
وێنه‌یه‌ك
ئه‌م وێنه‌یه
بۆچ زویره
بۆچی بێ زه‌رده‌خه‌نه‌یه
له‌به‌ر نیگای كامیرادا
كه وه‌ستاوه
چی له‌بیره
چی له دڵدا حه‌شار داوه
وا دڵگیره
* * *
ئه‌م وێنه‌یه
چاوی نازی كردووه‌ته‌وه و نایترووكێنێ
جوانییه‌كه‌ی بێ وێنه‌یه
هه‌ر ئه‌مێنێ
گه‌نجینه‌یه
* * *
ئه‌م وێنه‌یه
له ئه‌لبوومی یادگاردا
سبه‌ینێ
بزه‌ی خۆش و كزه‌ی ناخۆش ئه‌هێنێ
خاوه‌ن ئه‌م وێنه‌یه كاتێ
ته‌مه‌نی پیری ئه‌یگاتێ
خه‌م و خۆزگه رای ئه‌ژێنێ
فرمێسك و خه‌نده‌ی ئه‌داتێ
یاده‌كانی ئه‌ورووژێنێ
* * *
ئه‌م وێنه‌یه
له‌و شوێنه‌یه
كه بیلبیله‌ی گلێنه‌یه
سه‌رنجمی راكێشا بوو
له نوێنی نه‌رمی هه‌ستمدا
راكشابوو
خۆی كرد به ژووری میوانی ههڵبهستمدا
خۆی به دیوانه‌كه‌م ناسی
به دیوارێ
له دیواره سپییهكانیدا
خۆی هه‌ڵواسی
شیعر وێنه‌ی شاعیره له ئاوێنه‌دا، شاعیر له ئه‌نجامی خراپی بارودۆخ و زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵات و ده‌وروبه‌ر، له واقیعی ده‌ره‌وه یاخی ده‌بێت و به‌جێی ده‌هێڵێت، له ناوه‌وه‌ی خۆیدا واقیعێكی شیاو بۆ نووسین و پێوه‌ندییه‌كانی ژیان داده‌مه‌زرێنێت، له‌گه‌ڵ دیارده بنه‌ڕه‌تی و ناوكییهكهكانی سروشتدا ته‌باییه‌كی گیانی هه‌ستی ده‌هێنێته ئاراوه. نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و دیاردانه‌ی له رێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه كار له ژیانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن و بارودۆخ ده‌گۆڕن، سروشت له پێكهاته‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیدا گیانێكی پڕ له ناكۆكی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زوو زوو ده‌گۆڕێ و جووڵه و پێداویستییه‌كانی وه‌رزێك ته‌واو جیاكاره له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌رزی به دوای دادێ و پله به پله چاودێری یه‌كتر ده‌كه‌ن.
مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م شاعیره له‌گه‌ڵ سروشتدا كرانه‌وه‌یه‌كی تازه به‌خش نییه له شیعری كوردیدا، پێشتر زۆر ئه‌ندازیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سروشت و پێكهاته‌ی سروشت كراوه و هارمۆنییهتێكی گشتیشی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش جۆره جیاكارییه‌كی تێدا به‌كارهێناوه. سروشتی كردووه به جێگره‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و به‌شێك خۆشبه‌ختی بۆ به‌ده‌ست هێناوه، كه به‌هۆی خۆشهویستهكهشییهوه له سروشت ده‌دوێ سه‌یر خوێنه‌ر ده‌ورووژێنێ و رێگایه‌كی بۆ ده‌دۆزێته‌وه تێدا به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات تا دوا راده‌ی توانه‌وه و رووداو چێژ له سروشت وه‌رده‌گرێت و له ئه‌نجامدا هه‌موومان بۆ لای ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و شه‌یدای سروشتمان ده‌كات، به‌ڵام له رێگای سروشته‌وه بیرمان پێ ناكاته‌وه، سروشت ده‌كاته به‌شێك له ئێمه بۆ بیركردنه‌وه‌و چێژ وه‌رگرتن. سروشت سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره بۆ ئه‌م شاعیره و تێیدا شته بچووكه‌كانی خۆشده‌وێت و سه‌رساممان ده‌كات به ئه‌وینی خۆی بۆ سروشت و ئافره‌ت.
شیعر رۆڵی له ده‌رخستنی جیهان نییه و شاعیریش له چه‌قی كۆمه‌ڵگا ناژیێت، تا باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و…تاد، رابگرێت، له گۆشه‌یه‌كی ئێستێتیكییه‌وه باری سه‌رنج ده‌نووسێت. ئه‌و باری سه‌رنجانه كاریگه‌ریی بنه‌ڕه‌تییان بۆ گۆڕان نییه. ئه‌گه‌ر بشیبێت زۆر لابه‌لا و لاوه‌كی ده‌بێت، ئه‌ده‌بی ئه‌م شاعیره جۆره ئه‌ده‌بێكی نائومێدانه‌یه و ژیانێكیتری تێدا ئاشكرا نابێت.
له هه‌موو شێوه‌كاندا واقیع كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت، شیعری هه‌ستی، دووره له زیاده‌ڕۆیی واقیع و به دوا ده‌مدان. له‌ناو به‌رهه‌می هه‌ستیدا ده‌توانین ئه‌و توخمه سه‌ره‌كییانه بدۆزینه‌وه‌و ده‌ستنیشانی بكه‌ین، كه ده‌بێته یارمه‌تیده‌ر بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ، یان بۆ تۆخكردنهوهو به‌رزبوونه‌وه‌ی باری هه‌ڵزه‌قینه‌وه.
واقیع جه‌سته و شوێنێكی نووسراوه، بۆ شاعیری هه‌ستی، بایه‌خی سه‌ره‌كی نییه، چونكه شاعیری هه‌ستی، ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر نووسراو و دووباره‌ی ناكاته‌وه. ته‌نیا بیر له بنیادی مێژوویی جه‌نگه گه‌وره و بچووكه‌كان ده‌كاته‌وه، رۆشناییهكه بۆ پرسیاركردن و ئه‌زموون. ئایا پێكهاته‌ی ئه‌و بارودۆخه چییه، كه پاڵنه‌ر و رێخۆشكه‌ر بووه بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر له واقیع هه‌ڵبێت و له ناخی خۆی نیشته‌جێ ببێته‌وه، یان بۆ ناتوانێت له‌گه‌ڵ ناهه‌موارییه‌كانی واقیع بگونجێت، یان ئه‌و باره بۆ دروست بوو. ئه‌مه پرسیارێكه چاره‌نووسی وه‌ك ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی سروشت نادیاره و به‌رده‌وامیش ئه‌و نادیارییه بووه‌ته خولیا و هۆی نیگه‌رانیی مرۆڤی هه‌ستپه‌روه‌ر.
رێگا دووره‌كانی چاومان: جه‌لالی میرزا كه‌ریم
شیعر و هونه‌ری واقیعی ئاراسته‌یه‌كی واتادارن بۆ ژیان و له‌سه‌ر رێوشوێنی بینینی شته‌كاندا بنیاد نراون و به‌ڕێوه‌ده‌چن. جوان كاركردن ئه‌و قه‌ناعه‌ته په‌یدا ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه واقیع به هیچ شێوه‌یه‌ك بارێكی نه‌گۆڕ و جێگیر نییه. هه‌ندێك جار كتوپڕ گۆڕانێكی گشتگیری وه‌رده‌گرێت، له‌م باره‌یاندا ده‌سته‌بژێر داڕێژه‌ری بنه‌مای ئه‌م دۆخگۆڕینهن. هه‌ندێك جاری دیش دۆخێكی سست و ناچالاك وه‌رده‌گرێت. له‌و باره‌یاندا زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر رۆڵ ده‌بینن. ده‌بێت پرسیار له‌و ئه‌ده‌به بكرێت، كه به مه‌به‌ستی ئاكاری واقیع و بزووتنه‌وه‌ی واقیع ده‌نووسرێت، یان بارودۆخ به‌رهه‌می ده‌هێنێت. هه‌ست و نه‌ستیش له‌گه‌ڵ بارگۆڕینی واقیع به‌رز ده‌بنه‌وه‌و داده‌كه‌ون، جۆرێك هه‌ژان وه‌رده‌گرن و له ئه‌نجامدا هه‌وڵده‌ده‌ن پێوه‌ندی به شتێكی نادیار و نهدۆزراوهوه بكه‌ن. ئه‌میش گه‌ردوون و بوونی خودایه. واقیع و خه‌یاڵ دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه نین و جیاكاری نێوانیان جیاكارییه‌كی زۆر نییه، چونكه خه‌یاڵیش به‌شێك له واقیعی تێدایه و واقیع ئاراسته‌ی ده‌كات بۆ به‌رزبوونه‌وه‌و گه‌یشتن به كانگای خه‌مڵین.
شته‌كانی واقیع دیار و بیندراون و شته‌كانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤیش نادیار و نه‌بیندراون، به جێگۆڕكێ كردنی بیندراو و نه‌بیندراوه‌كان دۆخی شیعری بۆ شاعیر دروست ده‌بێت و بیندراو و نه‌بیندراوه‌كان ئاراسته‌ی هه‌ست به شتكردنی ده‌كه‌ن.
جه‌لالی میرزا كه‌ریم له قۆناغی حه‌فتایه‌كانی شیعری كوردیدا گوڕێكی به‌خشنده بوو. ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا خه‌سڵه‌تێكی به‌هێز و دیاره و سه‌رنج پڕ مه‌ودا و قووڵ ده‌كاته‌وه، كه‌م و ده‌گمه‌ن كێش و سه‌روا ده‌مێنن. هه‌موو رسته‌یه‌كی شیعری كێشی تێدایه، به‌ڵام هه‌موو كێشه‌كان دیاری نه‌كراون بۆ پێوانه‌كردن. ترپه و ئاوازیش له كاتی گۆكردندا ده‌رده‌كه‌وێت. به چوونه ناویه‌كی ترپه و ئاوازی گه‌رم و ره‌گه‌زه بنیادنهرهكانی زمان مۆسیقایه‌ك داده‌هێنێت خوڕ و سه‌رپه‌ڕ. ورده ده‌ماره قووڵه‌كانی هه‌ست له مرۆڤدا ده‌دۆزرێته‌وه بۆ بزواندن. وا له مرۆڤ ده‌كات له شوێنی خۆی هه‌ستێت و هه‌وڵ بدات شوێن بگوازێته‌وه. ترپه و ئاواز له‌م شوێنگۆڕكێیه وه‌رده‌گرێت. ترپه و ئاوازێكی به جۆش به‌سه‌ر گیان و دڵی وێنه‌كاندا ده‌ڕێژێت. گیان و دڵه‌كان ده‌جمێن و ئاماده ده‌بن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و نیشته‌جێبوون له ناوچه‌ی شیعر و واقیعی زیندوودا. مۆسیقاش هاوسه‌نگ ده‌بێت به واتا. مۆسیقا له رسته‌دا بنیادێكه بۆ به‌خشینی چێژ، به‌ڵام وێنه له جه‌سته‌ی ده‌قدا بنیادێكه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی مانا.
له باری ماناییه‌وه به دووربینییه‌وه ده‌ڕوانێته كێشه‌و گرفتی مرۆڤی وڵاته‌كه‌ی وه‌ك كێشه و گرفتی سیاسی. نه‌ك كێشه و گرفتی مرۆڤی، كه تاكی كورد له ساتی له‌ناخ رامان و هێوریدا هۆشیاری خۆی تێدا بدۆزێته‌وه. له ناخ رامان لای مرۆڤی هه‌ستیار په‌یمانی ئومێده. نموونه: وه‌ك له شیعری (نه‌خشه‌ی خهونهكان)، یان له شیعری (له‌كوێم)، یان له شیعری (چرپه‌ی ژانێكی نوقمبوو) یان شیعری (گریه شیعر) ده‌رده‌كه‌وێت.
بیندراو و نه‌بیندراو له‌ناو ئومێددا بوونیان هه‌یه. هه‌موو راستییه بیندراوهكانیش راستییه‌كی شاراوه‌ی تری تێدایه بۆ مانادان به گیانن كه گیان هه‌میشه بوونێكی نادیاره، په‌رجووی هێزێكی ده‌وێ بۆ فۆرم پێدانێكی ئه‌فسوونی. شیعر، كه ده‌بێته تێڕامان به‌رانبه‌ر به بوون، گیان به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌وه فۆرمی ئه‌فسوونی وه‌رده‌گرێت. كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی ده‌رخستنی ره‌گه‌زه هونه‌رییه‌كان له شیعردا زمان و پێكهاته‌ی زمانه. بوونه‌وه‌ر خستنه ناو ئه‌و فۆرمه ئه‌فسوونییه، مرۆڤ تێیدا له پێناو ناسینی راستیدا هه‌وڵی لێكدانه‌وه‌ی شته‌كان ده‌دات، ئه‌و راستییه شاراوه‌یه‌ی له‌ناو راستی بیندراودا ده‌ناسرێت.
وێنه و تۆڕی چاو توانای فراوانبوونهوهیهكی كاریگه‌ریان لێ په‌یدا ده‌بێت و دێنه روو بۆ به‌كارخستنی زمان و دیارخستنی واتا و سه‌قامگیركردنی وێنه له هه‌ندێك باردا و ناسه‌قامگیركردنی له هه‌ندێك باری دیكه‌دا. بنیادنانی پێوه‌ندییه‌كی فره روخساریش له ئاستی داهێنانی هه‌ردوو باره‌كه‌دا.
له‌لایه‌نی مۆسیقا و ترپه و ئاوازی شیعرییه‌وه ناوه‌ند و رایهڵێكه ده‌تواندرێت لێیه‌وه هه‌نگاو بۆ داهێنانی دیكه هه‌ڵبگرێت. بینینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی بۆ دۆخگۆڕین و ئێستێتیكای ژیان پێشكێش كردووین. له‌سه‌ر هێڵی شیعره‌وه پێ به پێ جه‌ماوه‌ر ده‌هێنێت و زه‌مینه‌یان ده‌داتێ بۆ ره‌گ دروستكردنیان له‌ناو گۆڕان.
ئاڵوگۆڕی هه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا ده‌كات و ده‌یانهێنێته‌وه ناو بوونی خۆی له هێڵی گۆڕانهكانیشهوه شیعر به چنینێكی كارامه‌وه په‌یامدار ده‌كات به هونه‌ر و نه‌ریتی هه‌ستیار و جوان، به‌ڵام له‌لایه‌نی واتا و تێگه‌یشتنه‌وه تاڕاده‌ی ساكارییهكی دوو دیوی هونه‌ری و پڕ ئه‌فسوون، روونێكی له خشته‌به‌ره. به‌رده‌وام له بارێكه‌وه ده‌تگوازێته‌وه بارێكی دیكه. نێوانی باره‌كانیش ده‌خاته به‌ر پێوانه و نیشان، وه‌ك خاڵێكی ناوه‌ند، بیر و هه‌ستی له‌سه‌ر دهگیرسێنێتهوهو یارییه زمانییه‌كانی خۆی له رێگای كولتووری كۆدا تێدا به‌كارده‌خات.
گفتوگۆی رۆژ وه‌ك بهكارهاتوویهكی ئه‌ندازه‌یی به‌بێ كه‌م و زیاد به‌كارده‌هێنێت و توانا زه‌ینییه‌كانی خۆی تێدا نیشان ده‌دات، ئه‌و زه‌ینه‌ی فۆرم به شته هه‌ستییه‌كان ده‌دات، گیانێكی جهماوهرخوازه و، شیعره‌كانی ده‌ربڕینی راسته‌قینه‌ن له ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی وه‌ك باری سیاسی نه‌ك وه‌ك باری گیانی، هه‌روه‌ها ده‌چێته ناو قه‌واره‌ی زاندراوی (كولتوور) و (مێژوو) بۆ دۆزینه‌وه‌ی خه‌یاڵ و پڕ وزهكردنی زمانی ههستیاركراو به ده‌نگی كۆ، به‌مه‌شه‌وه هاوكێشه‌یه‌كی له‌نێوان ده‌نگی تاك و كۆ بنیاد ناوه و ده‌نگی تاكیش راده‌كێشێته ناو ده‌نگی كۆوه، ناكرێت شاعیر ته‌واو ده‌نگی كۆ بێت، چونكه ئه‌م تێگه‌یشتنه شیعر به‌ره‌و میللی بوون ده‌بات، كه‌چی ئه‌م شاعیره بینینی له ده‌نگی كۆ دایه و مه‌ودای هونه‌ری و شێوازی نوێبه‌خشی وێنا كردووه.
تێگه‌یشتنیشمان بۆ چالاكبوونی ژیان له واقیعی زیندوو توندوتۆڵ ده‌كاته‌وه‌و ئاماژه ده‌دات لێی بكۆڵینه‌وه‌و تێی بگه‌ین. ئه‌وجا له‌ناو (واقیعی زیندوو) ببین به كه‌س و كه‌سایه‌تی كارا و دۆخگۆڕ له‌باره ئێستێتیكییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
(رێگا دووره‌كانی چاومان)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (جه‌لالی میرزا كه‌ریم)ه. ساڵی (1992) له دووتوێی (145) لاپه‌ڕه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و هه‌ژارانه له سلێمانی چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (رازه‌كانی هه‌فته، ته‌مه‌ن، نه‌خشه‌ی خهونهكان، له كوێم، پێشكێشه به‌و شۆڕشگێڕانه‌ی هێشتا نه‌مدیون، ئاوێنه‌ی هیوایه‌كی سه‌رهه‌ڵگرتوو، رێگا دووره‌كانی چاومان، تێگه‌یشتنی یادگارییه‌كان، وه‌رزه‌كان، دووری، زه‌ماوه‌ندی باوه‌ش پێداكردنهوه، رۆژگاره سه‌رگه‌ردانه‌كان، رێگا، وه‌رام، هه‌نگاوی زام، هه‌ڵوێست، نه‌ورۆزی خۆزگه، گه‌شته هه‌ڵوێست، ناونیشانی یادێكی كۆچكردوو، حه‌ز نامه‌یه‌كی ئاواره، چرپه‌ی ژانێكی نوقمبوو، سه‌ره‌تای حه‌یرانی ته‌مه‌نمان، گریه شیعر، هاوڕێ، له خه‌می هه‌ڵه‌بجه‌ی ژاردا، په‌یامه ژێ.)
رازه‌كانی هه‌فته
دڵداری
من له وانه‌ی دڵداریدا
له دوا ریزی قوتابییه‌كانی پۆدا بووم
چونكه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ژانی
ئاواره‌یی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆمدا بووم
نهێنی
ئه‌زانن من پاسه‌پۆرتی
رهشكراوهی فرمێسكم له گیرفاندایه
یه‌ك یه‌ك ئێستگه‌كان جێ دێڵم
به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن چی له دڵمدایه
شه‌رم
به رێكه‌وت كه له رێگادا تۆ ئه‌بینم
شیعره‌كانم شه‌رمه‌زارن
كه ناتبینم
چاوه‌كانی بینینه‌وه‌ی وشه‌كانم هه‌ر بێدارن
نیشتیمان
كه هه‌ست له‌ناو ئاگری دوور وڵاتیدا
رازهكانم ئه‌سووتێنێ
به‌هاره رێ گوڵی ده‌نگم
له پایزی بهستهكانمدا ئهپروێنێ
په‌شیمانی
دڵداره‌كه‌م چه‌قۆی رقی زیزبوونی خۆی
بست بست به‌ناو گیانمدا گه‌ڕاند
هه‌تا له‌ناو پهرهِی دڵمدا
له خوێنی خۆی ده‌ریای په‌شیمانی هه‌ستاند
دڵ
من ئێستاكه له دڵ دوورم نازانم هه‌م
یا رێگای نه‌مان ئه‌گرم
كامتان له دڵتان نزیكن
ئاشكرای كه‌ن تا ده‌ستتان له‌گه‌ڵدا بگرم
شۆڕش
ئه‌تانه‌وێ من بناسن
من عاشقی رێگایه‌م مه‌رگی تیا بێ
كه هه‌ڵوێست مرد بۆچی نابێ
ده‌روون شیعری شۆڕشێكی¬تری تیا بێ
شیعری (ژانی رۆژانی هۆنراوه)، كه له ژماره (3)ی گۆڤاری (روانگه)دا ساڵی 1972 بڵاوی كردووه‌ته‌وه. شیعری (روانینه‌كانی چاوی شه‌قام)، كه له ژماره (8)ی گۆڤاری (به‌یان)دا ساڵی 1973 بڵاوی كردووه‌ته‌وه. مه‌ودایه‌ك بۆ سه‌رنجدان ده‌كه‌نه‌وه. ده‌كرێت ئه‌م دوو شیعره‌ی وه‌ك مانیفێستی شیعری حه‌فتایه‌كان خه‌سڵه‌تی شیعری ئه‌و قۆناغه‌یان تێدا كۆ بكرێته‌وه و ببیندرێت، كه شیعری ئه‌م قۆناغه نوێنه‌ری ده‌نگی كۆیه. ئه‌مه‌ش به‌شێك له شیعرییه‌ت له ده‌قدا وه‌رده‌گرێته‌وه، یان ترووسكهكان په‌رش ناكات، بگره بۆ به ئاسانی ده‌سته‌مۆ بوونیان چهپكیان ده‌كات.
له بواری ده‌نگی كۆدا قووڵ بووه‌ته‌وه‌و هه‌ر له‌م بواره‌شدا سنووری خۆی نه‌خشاندووه و ناو و توانای خستووه‌ته ناو دوو كه‌وانه‌وه، كه له ئاستی داهێنان له بواری ده‌نگی كۆدا فه‌رامۆشكردنی مه‌حاڵه. ده‌نگی كۆ و ده‌نگی تاكیشی به دوو جه‌مسه‌ری هاودژ بینیوه، بۆیه له كولتووری رۆشنبیری‌دا له‌نوێوه بیری نه‌كردووه‌ته‌وه، خودی كولتوور نیشانمان ده‌دات كولتوور ده‌نگی رابردووی كۆیه، نواندنی بوون نییه، بوون خۆ رۆشنكردنهوهیه به شیعرییه‌تی قووڵ و جیهانی شاراوه‌ی داهاتوو. ده‌شبێت ئه‌و بوونه كاریگه‌ر بێت به سروشتی خه‌یاڵ و خه‌یاڵ به‌ناو هه‌سته‌كاندا تێپه‌ڕێنێت.
مانیفێست ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه، كه مۆركی گه‌رموگوڕی و خه‌سڵه‌تی ته‌واوی قۆناغێكی شیعریی له خۆیدا پاراستبێت. وه‌ك ئه‌زموونێكی زیندوو ناسنامه‌ی روونی تێدا ئاشكرا كرابێت و هه‌میشه بۆ بزواندنی خه‌یاڵ ئاسۆیه‌كی كراوه بنوێنێت.
قۆناغی دواتر وه‌ك (رامانی سه‌ره‌كی) بۆ تێگه‌یشتن و خاڵی بینین و گه‌شتی دۆخگۆڕین بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری و گیان له ناوی ئاماده بێت بۆ دۆنایدۆنكردنی ده‌ق، یان چوونه ناویه‌كی ده‌ق.
شاعیرانی حه‌فتایه‌كان له سه‌ره‌تای ئه‌زموونیاندا به‌شی زۆرینه‌یان له (ره‌نگ) و (فۆرم)دا له (رووبه‌ری بیندراو)ی ئه‌م شاعیره سوودمه‌ند بوونه. ده‌كرێت وه‌ك (دیارده) و (دامه‌زرێنه‌ر)ی ماوه‌یه‌كی دیاریكراو (1970-1975) ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی كاری زانستییانه‌ی خۆی له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكات و كارایی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر شاعیرانی ده‌وروبه‌ری دیاری بكات، به‌ڵام دوای ئه‌و ماوه دیاریكراوه ئه‌زموونی به‌ره‌و كزی ده‌ڕوات تاڕاده‌ی له كورتیدان و شكست هێنان. ئه‌م رووداو و گۆڕانه‌ش ئه‌وه بنچینه و پێشینه‌یه‌تی، كه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و به‌گژداچوون شیعری به ده‌نگی كۆ و دنه‌دانی جه‌ماوه‌ر زانیوه، كه له كوردستان ده‌ربه‌ده‌ركرا و له تاراوگه نیشته‌جێ بوو، پچڕان و بۆشاییه‌ك كه‌وته نێوان ده‌نگی ئه‌م و ده‌نگی جه‌ماوه‌ر-كۆ، له نیشته‌جێبوونی له تاراوگه‌دا مه‌ودایه‌كی نوێ له شاعیریه‌تی ئه‌و زیادی نه‌كرد. بگره مه‌ودای بیركردنه‌وه‌و ده‌ربڕینی له ده‌نگی كۆدا تێدا خاو بووه‌وه و له وه‌ستان نزیك بووه‌وه. له بنه‌ڕه‌تدا ده‌نگی شیعر ده‌نگێكی تاكییه له‌ناو ئێستێتیكادا هاوتا بۆ ده‌نگی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. ده‌نگی كۆ زیاتر له رۆمانی فره شاكه‌س و فیلم و شانۆ و سینه‌ما…..تاد، رۆڵی كاریگه‌ر به‌دی ده‌هێنێت نه‌ك له شیعردا.
(فه‌رمانسالاری) و (داوا) له شیعره‌كانیدا وه‌ك دوو هێڵ به‌یه‌ك ئاست و بینین و تێگه‌یشتن كاری له‌سه‌ر كردوون. له كاتێكدا وا ده‌خوازرێت بۆ فه‌رمان به ده‌نگی تووڕه‌و ناڕه‌زایی بدوێت و بۆ داواش به ده‌نگی نه‌رم و ئاوازدار.
ئه‌م دوو ئاست و تێكه‌ڵكردنه‌ش خاڵی تێڕامان و تێگه‌یشتنیه‌تی بۆ شیعر وه‌ك ناوه‌رۆك و ئه‌وجا شیعر وه‌ك شێوه. ناوه‌رۆك و شێوه له شیعری هونه‌ریدا یه‌ك ده‌گرن و له ئێستێتیكدا ده‌بن به خاڵی تواناداری، واته شیعرییه‌ت. شیعرییه‌تیش پرۆژه‌یه‌كی ته‌واو ئێستێتیكییه و له‌سه‌ر بیر و زه‌ین و خه‌یاڵی به‌رز ده‌وه‌ستێت و خۆی ئاشكرا ده‌كات.
گه‌رده‌لوولی سپی: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
شیعر ته‌نیا پارچه‌یه‌ك نووسراو نییه، بگره شێوازێكه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی مرۆڤ، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسوونیش پێوه‌ندی ئه‌و كۆكردنهوانه رێكخراون، یان رێكده‌خرێن. به‌و پێوه‌ره‌ی هه‌موو مرۆڤێك له ساته پڕ هه‌سته‌كانیدا شاعیره، یان پێویستی به شیعره بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك باری گیانی، یان لێڵكردنی بیر. شیعر له‌و ساته‌دا ئه‌و شته‌یه، كه ناتواندرێت بنووسرێت و به‌رده‌وامیش له هه‌قیقه‌تێكی ئێستێتیكدا ده‌چرپێنێ.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له واقیعێكی مه‌ترسیدار و تۆقێنه‌ردا شیعره‌كانی نووسیوه‌و چووه‌ته ناو شته شاراوه‌و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵام نه خۆی وه‌ك شاعیر له‌ناو شته شاراوه‌و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كان ده‌رهاتووه. نه شته شاراوه‌و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كانی كردووه‌ته (پێكهاته) و (ئه‌زموون)، بگره ده‌ركه‌وته و شته‌كانی تێكه‌ڵ به لاوانه‌وه و هه‌ستێكی رۆمانسییانه‌ی نیمچه یاخی كردووه و دووباره‌ی كردوونه‌ته‌وه، له دووبارهبوونهوهكهیدا ئاماده‌یان ده‌كات بۆ هێزی ئاخاوتن و پێشاندان.
كرانه‌وه و به‌گه‌ڕخستنی چه‌مكی پرسیار، سۆراغكردن و به‌ڕێكه‌وتنه به‌دوای نادیاردا، فه‌زایه‌ك ده‌ڕه‌خسێنێت و ده‌بێته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كولتوورێكی به‌هێز بۆ وریاكردنه‌وه‌ی كۆمهڵگاو توانایی په‌یداكردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی خود، كه خود سه‌رچاوه‌ی دامه‌زراندنی پێوه‌ندییه له نێوان (وشه) و (شته‌كان)دا وشه ده‌توانێت ژیان له‌ناو شته‌كاندا به شێوازێكی نه‌رمونیان بنیاد بنێت و به‌ڕێوه‌ی ببات.
پرسیار له درێژبوونه‌وه‌ی رستهكانیدا هێز و به‌رده‌وامی نامێنێته‌وه، رسته‌ی دواتر راسته‌وخۆ وه‌ڵامی رازیكه‌ری پێیه، ئه‌م شێوازه‌ش مایه‌ی سه‌رسامی و بیر پێكردنه‌وه نابێت و پرسیار دواده‌خات، پرسیاریش دوابخرێت ده‌قی سست و وه‌ستاو به‌رهه‌م دێت و رۆڵی دراما به‌ره‌و له‌ناوبردن ده‌بردرێت.
له ده‌قی جووڵاو و چالاكدا پرسیاری دیاریكراو هه‌یه، به‌ڵام وه‌ڵام و ئامانجی دیاریكراو نییه، ره‌نگه هه‌ندێك پرسیار له نادیارییه‌كی ره‌هاشه‌وه بكرێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی پرسیار و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌یه، كه له نێوان له‌دایكبوون و مه‌رگی مرۆڤ په‌یدا ده‌بن و له ده‌وری (توانا) و (هێز)ی بوون ده‌سووڕێته‌وه، هه‌م ئه‌م ناوه‌نده‌ش ده‌كه‌ن به چه‌قی گرینگی پێدان بۆ په‌یدابوونی (هێزی ئاخاوتن). هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر توانا و هێزی بوونه‌وه هه‌یه، پێویسته له رازی داهێناندا كاریان پێ بكرێت و ناخ و كرۆكیان به‌رجه‌سته بكرێت و بكرێن به تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و ژیان.
ده‌قی ئه‌ده‌بی ته‌واو له خه‌یاڵدا ناڕسكێت، به‌شی زۆری له‌ناو ژیاندا ده‌ڕسكێت. ژیانیش هه‌قیقه‌ته. خه‌یاڵ كێڵگه‌ی دێره‌كانی ئاوڕشێن ده‌كات بۆ بۆنخۆشبوون و سه‌رنجڕاكێشان.
هێزی ئاخاوتنی شیعره‌كان زیاتر له سروشت و هه‌ستی یاخیبوونه‌وه نزیكن، یان فڕێدانی هه‌ڵچوون و شڵه‌ژانی به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو تێیاندا به‌رجه‌سته كراون. ناوه ناوه‌ش شێوازی بیركردنه‌وه‌ی رێباز و ته‌وژمی جیا جیا له‌گه‌ڵ ئه‌م باره‌ی یاخیبوون و هه‌ڵچوونه‌ی رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌و ناكۆك ده‌بن، یان هاوتای باری یاخیبوون و هه‌ڵچوونه‌كه‌ی نین. له رووبه‌ری بیندراوی شیعره‌كانیدا هه‌ست به شاكهسێكی ونبوو ده‌كه‌ین له‌ناو ژیان و نیگه‌رانییه‌كاندا مشت‌ومڕ، یان پرسیار و وه‌ڵام له نێوان (خه‌یاڵ) و (هه‌قیقه‌ت)دا، یان له‌نێوان خۆی و خودی خۆیدا هه‌میشه له بگره و به‌رده و بارێكی ناسه‌قامگیردایه، به‌ڵام له ئه‌زموونێكی هێما ئامێزی بێ وێنه‌دا ئه‌م مشت‌ومڕ و پرسیار و وه‌ڵامانه قووڵاییان ئاشكرا ده‌بێت. هارمۆنیه‌تێكی گونجاو بۆ چركه هانده‌ره‌كانی نووسین و ساته پڕ هه‌سته‌كان و چێژی خوێنه‌ر ده‌دۆزێته‌وه‌و دۆخێك ده‌گۆڕێت و هێزی ئاخاوتن په‌یدا ده‌بێت.
هه‌ندێك تێلنیشانی روخساری نهێنی ده‌دات، كه چیتر ئه‌و روخسارانه له پانتاییه‌كی سه‌قامگیر و مهییودا نامێننه‌وه‌و له فه‌زایه‌ك، كه توانای وه‌رگرتنی بوونی هه‌یه، ده‌بن به هێزێك بۆ ئازادكردنی (بینین) و په‌یداكردنی (هێزی ئاخاوتن). دوای هه‌ندێك رووداوی كاریگه‌ر و به زه‌بر، یان له‌گه‌ڵیدا نموونه: وه‌ك له شیعری (بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ رۆژێ له رۆژان نالی هه‌ر بۆ شاره‌زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه)، یان له شیعری (گه‌رده‌لوولی سپی)، یان له شیعری (نه‌خشه‌ی دڵ)دا ده‌رده‌كه‌وێت. یاخیبوون، یان ئاماده‌بوون بۆ یاخیبوون، ده‌بنه ناوه‌ند و جێگره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی. خاڵی بینینی ده‌كاته هێڵی وههمكردن و چركه‌ساتی سۆزدارییه‌كی سفتوسۆڵ.
ترس له ده‌سته‌وه‌ستان، یان هه‌ڵزه‌قینه‌وه وه‌رگرتن به‌رانبه‌ر ده‌سته‌وه‌ستان، گیان و دیدگای شاعیریان پڕ وزه‌ی یاخیبوون كردووه‌ته‌وه، نه‌ك زاڵبوون به‌سه‌ر هۆكاره جیاجیاكانی ده‌سته‌وه‌ستان بوون. له‌م یاخیبوونهیدا ئاسووده‌یی ده‌روونی له كه‌سایه‌تی په‌یدا ده‌بێت، كه هۆ و پێویستییه‌كی یاخیبوونه‌كه‌ی بووه. به هۆشیارییه‌وه ده‌زانێت خه‌یاڵ له كوێ و هه‌قیقه‌ت له‌كوێ به‌كاربهێنێت . له‌ناو شته شاراوه و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كان ده‌ردێت و شته شاراوه‌و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كان به روونی ده‌كاته (پێكهاته) و (ئه‌زموون). پاش كارلێك كردن و خه‌مڵین تێكه‌ڵ به خه‌ونی كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌كات، یان له رێگای خه‌ونی خۆیه‌وه ده‌یانكات به خه‌ونی گشتی.
شاعیر، كه خه‌ریكی خه‌ونی گشتی بوو، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه چی له واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگاوه رووده‌دات تا سروشته‌كه‌ی وه‌ربگرێ و ئیشی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی له باره‌وه بكات. به‌شێوه‌یه‌كی رووبه‌ڕوو واقیع ده‌ناسێت و گفتوگۆی وه‌ك چالاكییه‌كی هزری له‌گه‌ڵدا ده‌كات، دوای وردبوونه‌وه له رواڵه‌تی شته‌كان تێبینییهكانی ده‌نووسێته‌وه. به‌بێ هیچ گومان خستنه‌وه‌یه‌ك نووسینه‌وه‌ی تێبینییهكانی واقیع كه‌م بایه‌خ و بێ به‌ها نییه، بگره دۆخگۆڕیی ده‌وێت به‌رزی بكاته‌وه بۆ ئاستی داهێنان و دۆخگۆڕین و هۆكاره جیاجیاكانی له‌به‌رچاو بگرێت.
له‌م باره‌دا واقیع له‌ناو ده‌قدا به بچووكی نامێنێته‌وه‌و ده‌بێته واقیعێك، كه خۆی بۆ داهێنان كردووه‌ته‌وه. له‌م كه‌ش و هه‌وایه‌دا واقیع دیدێكی تازه بۆ داهێنان داده‌هێنێت و پێشنیاری ده‌كات بۆ كار له‌سه‌ركردن و به هونه‌ركردنی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا واقیع هه‌قیقه‌تی ته‌واوی لا نییه. شیعر له‌ناو به‌ها و بیروبڕوا هاوبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه سروشتی ناكه‌وێته‌وه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی واقیع به‌ڕێوه ده‌بات كار بۆ ئه‌وه ده‌كات خه‌ڵك به‌و رێگایه‌دا بڕۆن، كه خۆی بۆی ده‌ستنیشان كردوون. ئه‌م ئاراسته‌كردنه و هه‌موو ئاراسته‌كردنێكی ده‌سه‌ڵات به‌شێك له به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ ده‌شارێته‌وه‌و زه‌وتی ده‌كات.
كاتێك ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ر ته‌نگی به واقیعی سیاسی و ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌ڵچنیبوو، شاعیر چووه‌ته ناو بازنه ترسناكه‌كان و ده‌ستكاری ئه‌و خاڵانه‌ی كردووه، كه ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر پیته‌كانی دانابوو. ئه‌و ده‌ستكاری كردنه‌ی كردووه به هێزی ئاخاوتن و وریاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا.
(گه‌رده‌لوولی سپی)، ناونیشانی كتێبێكی شیعری (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ه، ساڵی (1978) له دووتوێی (102) لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (كۆڕی زانیاری كورد) له به‌غدا چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (دوو سه‌ره‌تا، شینایی ئاسمان، چه‌ند نهێنییه‌ك، كانی، دوو پرسیار، تۆ بوویته‌ته خۆر، ده‌رمانی پێكه‌نین، من كچێكم خۆش ده‌وێ، تیر، لاوانه‌وه‌ی یه‌كه‌م خۆر، رۆژنامه، تانجه‌ڕۆ ماچی په‌مه‌یی له ده‌مدایه، شاعیر، رووبار، منداڵ، ده‌فته‌ر، هه‌ور ده‌بێته چی، ئه‌ستێره، لاوانه‌وه‌ی نیرۆدا، ئاوی كوێستان، بۆ گیڤارا، گیان، ئه‌گه‌ر، هاوارم كرد، جوانترین خۆر، كچێك، بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ رۆژێ له رۆژان نالی هه‌ر بۆ شاره‌زوور ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌خشه‌ی دڵ، ده‌ستی شاعیر، ناونیشانی شانۆیه‌كی كۆن، گۆرانی رۆژ، گه‌رده‌لوولی سپی، گه‌ڕانه‌وه، شاری گوڵ، شاعیرێك بوو، سۆراخ، ده‌شێ و ناشێ، بۆ مرۆڤێك ناوی له‌تیف حامید بوو، نه دایكم نازانێ، گوڵی شاعیر، بڵێ بووه به رووبارێ، پێتان ده‌كرێ، ده‌ریا، به‌هاری مه‌زن، پاشه‌ڕۆژ، یه‌كه‌م خۆشه‌ویستی، نیشتیمان ده‌زگیران نییه، وه‌رزی ماچ، ده‌زانی چۆن كهوڵهكهمیان كرده به‌رماڵ، نازم حیكمه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌دوێ، تۆوی گۆرانی كێویله، خۆر، گیانه بۆچی، پایته‌خت، ونبوونێكی تر له ژماره‌یه‌كی ونبوودا، ئه‌و شیعره‌ی ده‌یكوژن و نایكوژن.)
پایته‌خت
به‌فره چڕه‌كان
له‌سه‌ر لووتكه‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه
بوون به چه‌ند رووبارێكی زیوینی به‌ڕه‌ڵا
وه‌كو كۆمه‌ڵێ منداڵی چه‌مووش
بێستان و ره‌زه‌كانیان
پڕ له گۆرانی و فیكه فیك كرد
وشه نامۆكان
له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی سپی‌دا
یه‌كیان گرت
بوون به هه‌ندێ هۆنراوه‌ی
له رێزمانی زمانی رۆژانه یاخی و
نیگاری شارێكی سووتاو
چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی ئاواره
له چاوی كچێكی شه‌رمندا
رووت بوونه‌وه
دڵی تاریكی شاعیرێكی ته‌نیایان
روون كرده‌وه
چه‌ند دار به‌ڕوویه‌كی دڵدار
له دۆڵێكدا
ده‌سله‌ملانی یه‌كتر بوون
پرچی سه‌وزی خۆیان
دایه به‌ربارانی ماچی فێنكی هه‌تاو
دۆڵه‌كه بوو به دارستان
كابرایه‌ك
به‌دله‌یه‌كی خاكی له‌به‌ر كرد
سه‌ری خۆی له‌ژێر سیدارهیهكدا
شارده‌وه
جووتێ پۆستاڵی كرده پێی
سونگییهكی له كه‌مه‌ری خۆی دا
كابراكه بوو به پۆلیس
كه خه‌ونه سووره نهێنییه‌كانیش
له هه‌ر دڵێكی بزێودا
تنۆك تنۆك كۆده‌بنه‌وه
ئیتر ئه‌و دڵه
ده‌بێته پایته‌ختێكی قه‌ده‌غه
راهێنه‌ری ئاژهڵهكێوی چه‌ند وریایی پێویسته بۆ ماڵیكردن و راهێنانیان تا بیانهێنێته ناو جه‌ماوه‌ر و باخچه تایبه‌تییه‌كان، شاعیری داهێنه‌ر، ئه‌و شاعیره‌ی ده‌زانێت شیعر بریتی نییه له‌و هێڵه سپی و ره‌شانه‌ی روخساری بێگه‌ردی كاغه‌ز داده‌پۆشن، بگره بنه‌ما و ده‌ركه‌وته‌ی (ناوه‌ندێكی ئه‌فسوونی)یه. راهێنان و وریایی زیاتری پێویسته له ماڵیكردنی ئاژه‌ڵه كێوی، كه كار له كولتووریش ده‌كات یاد و ژیانی رابردووی كۆمه‌ڵگا به‌خێرایی رووناك ده‌كاته‌وه و گه‌شه‌ی پێده‌دات و ناونیشانێك پێشنیار و پێشكێش ده‌كاته‌وه. رابردوو به بیر ده‌هێندرێته‌وه، به‌ڵام تازه ناكرێته‌وه.
دوای دروستبوونی سروشت و گه‌ردوون و په‌یدابوونی ژیان، ناولێنان ئه‌م نهێنی و ئه‌فسوونه‌یه هه‌تا ئێستا نه كتێبه ئاسمانی و نه فه‌لسه‌فه جیاجیاكان نهێنی ئه‌م هونه‌ره‌یان پێ نهدركێندراوه.
ناونیشان له ئه‌ده‌بدا ره‌ونه‌قدان و هاندان و چێژدان نییه به ناوه‌رۆك، بگره هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ و زۆر تایبه‌ته. به‌شێك له شاعیران بابه‌ت و بیری شیعر به (رامانی سه‌ره‌كی) داده‌نێن و ناونیشان و فه‌زای ناونیشان ده‌خه‌نه خزمه‌تی بابه‌ت و بیر. ناونیشانیش وه‌ك بابه‌ت و بیر‌و ئێستێتیكا ده‌ربڕینێكی شیعرییه و خهسڵهتداره به خورپه خستنه‌وه‌و سرووش و خه‌یاڵ كۆكردنه‌وه. له رووی زمانیشه‌وه خۆی له به‌كارهێنانی وشه‌ی هاوشێوه و یه‌ك مانایی ده‌پارێزێت، تیشكه‌كانی ئێستێتیكا له كرۆكی خۆی به‌هێز ده‌كات و خوێنه‌ر ده‌ڕسكێنێ و رای ده‌هێنێت بۆ شۆڕبوونه‌وه بۆ ناو پانتایی (وشه) و (شته‌كان)، یان به‌خشینی خه‌یاڵێك بۆ به‌دواداچوون و نهێنی هه‌ڵێنان له چییه‌تی ده‌قدا.
هه‌ندێك شیعر ناوه‌رۆكێكی زۆر قووڵ و شێواز و داڕشتنێكی نوێبه‌خشی هه‌یه، نوێبهخشییهكهی له شێواز و داڕشتنهكهیدا خۆی ئاشكرا ده‌كات، كه‌چی ناونیشانێكی ساده و تاڕاده‌یه‌ك باوی بۆ هه‌ڵبژێردراوه. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ستێكی سارد له هه‌ناوی خوێنه‌ر په‌یدا ده‌كات، مه‌گه‌ر هێزی زمان و خه‌سڵه‌تی هونه‌ره‌كانی دیكه ئه‌م هه‌سته سارده به بارێكی تردا بگۆڕێت و قه‌ره‌بووی بكاته‌وه.
ناونیشانی ئه‌م كۆ شیعره پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی به كۆی بابه‌ت و بیری شیعره‌كانه‌وه هه‌یه. وه‌ك رامانێكی سه‌ره‌كی به ته‌واوی جه‌سته‌ی شیعره‌كاندا چووه‌ته خوارێ و له لێكدانهوهماندا رامان ده‌گرێت، پاشان به‌ره‌و هێڵی بێ كۆتایی ئازار و به‌خته‌وه‌ریمان ده‌بات.
ئه‌م شاعیره نزیكه‌ی سی كتێبی له شیعردا نووسیوه، كه هه‌موویان وه‌ك شیعری نوێ و نوێبه‌خش ده‌تواندرێت لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی پشتی پێ ببه‌ستێت و له شێوه و ئاستی نموونه‌ی ههمهجۆر و باڵادا وه‌ری بگرێ و به‌كاری بهێنێت.
زایه‌ڵه: ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د
شیعر خه‌یاڵێكی داماڵدراو نییه له ژیان، هیچ خه‌یاڵێكیش بوونی ره‌های نییه، بگره هه‌مووی لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆرن بۆ واقیع. له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا شیعر بووه‌ته روویه‌كی كولتووری، هه‌وڵیشی داوه له‌م رووه‌وه نوێبه‌خش بێت، نوێبه‌خشیش پرۆژه‌یه‌كی بهجێنهگهیاندراوه. هه‌ر شتێك بواری هه‌ست پێكردن و پاشان توانای دركاندنی هه‌بێت له باره ببێته بابه‌تی شیعر و داهێنانی تێدا بكرێت.
ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د له‌م كۆشیعرهیدا تێڕوانینی خۆی له ئاستی شێواز و شێوه‌و روون ده‌ربڕیندا به هۆشمه‌ندیی جیاكار و دیدگای ده‌گمه‌نه‌وه بنیادناوه. له ئاستی گه‌ڕان به‌دوای شته فه‌رامۆشكراو و په‌راوێزخراوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا و واقیعدا، هه‌م نزیكبوونه‌وه له كه‌ره‌سته‌كانی سروشت و پرسیاره بوونییه‌كانی كه‌سایه‌تی خۆی، له دواتردا گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو بنه‌ماڵه و خێزان و ده‌وروبه‌ر و كۆپێكهاته.
ئه‌م ئه‌زموونه هه‌وڵی داوه واقیع له‌ناو خۆیدا رێك بخاته‌وه‌و به هۆشیارییه‌وه نه‌یهێشتووه له‌ناو ده‌ست و پێی هونه‌ر و بیری رۆژئاوایی‌دا سه‌رگه‌ردان بێت و ببێته پاشكۆیه‌كی بێ هێز و تین و دهمارخاو. هونه‌ر و بیر و ئێستێتیكایهكه شاره‌زایه‌كی ماڵی خۆمان و پێوه‌ندیدار و لكاو به نه‌ته‌وه‌و دابه‌وه به‌رهه‌می هێناوه‌و كه‌سایه‌تی خۆی ده‌نوێنێ و مۆركی گیان و گه‌وهه‌ری ههستییهتی.
له‌م رووه‌وه له شیعری نوێی كوردیدا (سه‌رپه‌ڕ)ی پێ ده‌بڕێت و هه‌ستی خۆی به ته‌واوی گه‌یاندووه، هه‌رچی به‌بیریدا هاتووه و بیری لێ كردووه‌ته‌وه كردوویه به زانین و له به‌كارهێنانی شیعردا وه‌ك زانینێك به‌كاری هێناوه. به‌بێ ئاڵۆزی زمان هه‌موو توانایه‌كی زمانه‌وانی و بنیادی ئێستێتیكی زمانی تێدا ده‌رخستووه.
دڵه‌ڕاوكێی خۆی به‌رانبه‌ر به تاراوگه ده‌رده‌بڕێ، تاراوگه‌ش به‌رده‌وام مانا به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، خاڵێكی بۆ داده‌نێت، ئه‌میش گومان ده‌كات ئه‌م خاڵه بكات به هێڵێك و ئاراسته‌یه‌ك وه‌ربگرێت و به‌دوایدا بچێت.
له ئاست مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مانادا به ئاگایی قه‌ڵه‌م هه‌ڵده‌گرێت و داده‌نێت. وشه‌یه‌كی نه‌نووسیوه ئه‌گه‌ر هه‌ستی نه‌كردبێت ئه‌و وشه‌یه پێویستییه‌كی به‌هێزی بۆ نووسین نییه، وشه‌ی پابه‌ند نه‌كردووه به ویستی خه‌ڵكه‌وه، پابه‌ندی كردووه به ویستی شیعره‌وه، ئه‌و پێویستییهشی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ رێزگرتن له وشه و به‌های شیعر. (رێزگرتن له شیعری بێگه‌رد له پله‌ی رێزگرتن له شكۆی شههیددایه). (شیعرێك له پێناو بێگه‌ردی شیعردا نه‌نووسرێت، سهلكهپیازێك ناهێنێت). خودی خۆی وه‌ك تاك ته‌واو به روونی دیارده‌خات و به‌رزی ده‌كاته‌وه، هیچ خودێكی ده‌وروبه‌ریش جێگره‌وه‌ی نین.
ئه‌م شێوازی ئێستێتیكایه پێوه‌ندیداره به هێز و تێڕامانه‌وه، كه شێوازی (سانایی خۆ به‌ده‌سته‌وه نه‌داو) دواتر له زماندا به‌رجه‌سته ده‌بێت و وێنه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كێشێ. وریایه له به‌كارهێنانی زمان و هه‌ڵبژاردنی بیرۆكه، ده‌قێك له زمان و بیر‌و فۆرمدا پێكده‌هێنێت پێی ده‌گوترێت شیعری بێگه‌رد. له وێنه‌یه‌كه‌وه نامانباته ناو وێنه‌یه‌كی تری شیعرییه‌وه، بگره له پێشاندانی ئاستێكی ته‌كنیكی شیعرییه‌وه ده‌مانباته ناو ئاستێكی تری ته‌كینكی شیعرییه‌وه.
شاعیر خوێنه‌ر له‌و ئاست نیشاندانانه ئاگاداری هه‌موو پێكهاته‌كانی شیعری ده‌كاته‌وه، واته شاعیر خوێنه‌ری ئاگاداری هه‌ستی خۆی و به‌شداری له جۆری بیركردنه‌وه‌و هه‌سته‌كانییه‌وه پێده‌كات. له ناواخندا ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر، پرسیاره (بوون، بوونی شیعر) له شاعیر، یان له هۆشمهندێكی جیاكار و دیدگای ده‌گمه‌نی كردووه. شیعر بووه‌ته ده‌ماری ژیان و ناوه‌ند بۆ ئه‌م نیشاندانانه. له رێگای پرسیار و رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی خۆیدا ئه‌وی دیكه ده‌ناسێت. له ناسینی ئه‌وی دیكه‌دا پرسیاره بوونییهكان زیاتر ده‌تورووژێنن و ناچاری كردنت ده‌كه‌ن. سه‌دایه‌ك له‌ناو زمانی ئاڵۆزدا ده‌كرێته‌وه‌و سه‌دا تێكه‌ڵاوه‌كان له‌ناو ده‌بات.
له‌م ساده‌ییه‌دا مه‌به‌ستی یه‌كه‌می نوێبوونه‌وه نییه، به قه‌د ئه‌وه‌ی خواستی تایبه‌تكارییه، نوێبوونه‌وه‌و تایبه‌تكاری له‌منی شیعردا به‌ده‌ست هێناوه.
نوێبهخسی وه‌ك هێزی ده‌ربڕین و بنیادێكی ئێستێتیكی ئاڵۆز نییه، شاعیر ئه‌م ساده‌ییه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زۆر قووڵدا دۆزیوه‌ته‌وه‌و بنیادی ناوه، شیعره‌كان دوور نین له هه‌ستی كات و شوێن و پێوه‌ندی ده‌ق به‌كات و شوێنه‌وه، وا به ورده‌كارییه‌وه نانوپۆی كات و وێنه ونبووه‌كانی ناو ده‌قی چنیوه. خوێنه‌ر وا لێ ده‌كات په‌یوه‌ستێكی قووڵ و گه‌شه‌كردنی كات و شوێن له ناو ده‌قدا بدۆزێته‌وه. نموونه: وه‌ك له شیعری (ئه‌و شه‌وانه‌ی)، یان له شیعری (سلێمانی)، یان له شیعری (زه‌نگڵه‌ی یاد)، یان له شیعری (كۆته‌ڵ) ده‌رده‌كه‌وێت. زۆر بایه‌خی به نیشتیمان وه‌ك (شوێن) و ئه‌و ژیانه‌ی، كه گوزه‌راندوویه‌تی وه‌ك (كات) داوه، مرۆڤیش له نێوان كات و شوێندا سروشتێكی دیاریكراوی پڕ هه‌ڵچوون و داچوونه و هاوسه‌نگی بوون راده‌گرێت، یان هه‌ڵچوون و داچوونهكه له خاڵی كات و شوێندا كه‌ره‌سته گیانییهكهیهتی.
دووركه‌وتنه‌وه له نیشتیمان و ده‌وروبه‌ری كاریگه‌رییه‌كی به زه‌بری تێدا ده‌بیندرێت و بارودۆخی دوور له نیشتیمان و ده‌وروبه‌ر له باسكردن له مه‌رگی جه‌رگبڕی ئازیزێكی نزیكی خۆیه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات.
سروشتی شیعری خودی ئه‌وه‌یه له‌ناو سروشت و بووندا شاعیر به‌دوای نه‌مری خودی خۆیدا وێڵه و (پێوه‌ندییه‌كی ئه‌فسوونی به‌دنیاوه هه‌یه، نه‌ك پێوه‌ندییه‌كی ئه‌قڵی دامه‌زراو)، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه، ئه‌م شاعیره خودی خۆی له‌ناو ژیاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌و بابه‌تی زه‌ینی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
زه‌ین وه‌ك مرۆڤێكی چالاك تێیدا دامه‌زراوه‌و له خودی ئه‌وی دیكه‌دا نزیك ده‌بێته‌وه‌و خۆی ده‌چێنێت. له هه‌ندێك باری شیعردا هه‌ست و سۆز له ئه‌قڵ و واقیع گرینگ‌ترن، چونكه هه‌ست و سۆز زه‌مینه بۆ جموجووڵی گیان ده‌خوڵقێنێت و جۆشی هه‌ستپێكردنی خۆڕسكانه‌ی خۆی ده‌دات. مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعدا بوونه‌وه‌رێكی بزره، ته‌نیا له رێگای زمانه‌وه خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، زمانیش له‌سه‌ر ئاستی به‌شداریكردن له كۆزانیاری و بنیادنانی ژیان په‌ره ده‌ستێنێ و ده‌توانێ بوونی مرۆڤ بدۆزێته‌وه، كه واقیع گۆڕانی به‌سه‌رداهات، بۆ ئه‌زموونی نوێش ده‌شێت و كه‌شی له‌بار ده‌هێنێته‌وه پێشه‌وه، چونكه هێز و تاو و تینێكی به‌رده‌وام زیندوو له هه‌ناویدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌و داده‌كه‌وێت. ئه‌و زانینه نوێیه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانهكهدا دێته بوون و ده‌بێته سروشتی واقیع و خه‌سڵه‌تی روون به سه‌ركێشییه‌كانی گیان ده‌دات. سه‌ركێشییه‌كانی گیانیش هه‌میشه پرسیاری به‌دوادا دێت. ئه‌م واقیعه له‌به‌رچی گۆڕا، بۆ كوێ گۆڕا، كێ گۆڕی، ئه‌م جۆره پرسیار و بیركردنه‌وانه‌ش چاو له ئاستی دیاره‌كان داناخات و هه‌ندێكیشیان په‌سند ده‌كات، كه هاوسه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ پێكده‌هێنن.
شیعر چه‌ند مه‌ودایه‌ك ده‌كات به سروشتی خۆی. وه‌ك مه‌ودای بینین، مه‌ودای بیستن، مه‌ودای مانا وه‌رگرتن و فره‌مانایی…..تاد، كاتێك شیعر وه‌ك پارچه‌یه‌كی نووسراو وه‌ربگرین، له‌كاتی جۆشی خوێندنه‌وه‌یدا ته‌نیا ئه‌و رووبه‌ره‌ی خوێندنه‌وه نابینین. ترپه و ئاواز و مۆسیقا و وێنه هه‌ریه‌ك وه‌ك مه‌ودایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت خۆی پێشكێش ده‌كات و له پارچه نووسراوه‌كه‌ی، كه ده‌یخوێنێته‌وه جیاده‌بێته‌وه‌و پێشبڕكێش له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌دا ده‌كات.
له كۆی ئه‌م ئه‌زموونه‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت، كه شاعیر بیری روون و دیاری له باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت هه‌یه، یان (ره‌گه‌زی كتوپڕی) له وێنه‌یه‌كه‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی دی ناتگوازێتهوه و خه‌یاڵ بۆ وێنه‌یه‌كی ناجۆر ناتبات، بگره خه‌یاڵ بۆ دێری دواتر و ته‌واوكه‌ر ده‌تبات به‌رده‌وامیت بۆ درێژ ده‌كاته‌وه، یان دێری یه‌كه‌م له ترپه و ئاواز و مۆسیقادا خۆی پێشكێش ناكات، كه (ره‌گه‌زی كتوپڕی) ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی وێنه و دێره‌كان بن. هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و بیره روون و دیاره‌ی شاعیر له‌باره‌ی نووسینه‌وه هه‌یه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی كرده و پێكهاته بیرییهكهیدا گرتبووه، كه‌متر ئه‌زموونێكی زمانییه، وێنه‌كان له بابه‌تدا درێژ بونه‌ته‌وه و ئاست و كه‌شی داستانی به بنیادی ئه‌زموونه‌كه‌ی داوه. له‌م ئه‌زموونه‌دا یه‌كبوونی ناوه‌وه له پێكهاته‌ی مانادا هه‌ندێك هونه‌ری (زه‌ینی) و (هه‌ستی) له ناخی به‌رانبه‌ردا ده‌خوڵقێنێت و ده‌یكات به لێكدانه‌وه، لێكدانه‌وه‌ی زمان و بوون له ناو ژیاندا، له‌كار به‌یه‌كه‌وه كردنی هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌ق ده‌سازێت و ئێستێتیكای خۆی له ئه‌زمووندا ده‌كاته‌وه.
(زایه‌ڵه)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د)ه. ساڵی (1988) له دووتوێی (121) لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (نووسینگه‌ی تارا) له سوێد چاپ كراوه، (له بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی سوێد-كوردستان)ه. ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (تۆ كۆچ ناكه‌ی، شه‌وانی باران، خه‌نجه‌ر و خۆشه‌ویستی، بانگ، پرس، كاكه، چه‌ند هۆنراوه‌یه‌ك بۆ دایكم، به‌یادی فه‌رهاد، ئه‌و شه‌وانه‌ی، سلێمانی، ئه‌گه‌ر، ئه‌وین، چراوگ، شه‌سته، غه‌ریبی، بۆ باوه مه‌وله‌وی، ئه‌و كهژانه، بێچووه هه‌ڵۆ، پایز و ئه‌ڤین، زه‌نگڵه‌ی یاد، چراو مه‌شقه‌ڵان، پاكانه، سیما و ئاڵا، هۆ غه‌ریب، چراوگ، له كه‌ناردا، خاچ، نوێژێكی نوێ، سووتان، تارا، ته‌لیسم، گوڵ سێوێ، ئاهه‌نگی ده‌نگ و ره‌نگ، شیعره‌كانم، ئه‌وین، نائومێدی، كۆته‌ڵ، یاد، له شهمههندهفهردا، جارجار، داستانی ئه‌ڤینی سێوه‌خان.)
غه‌ریبی
مه‌ولانا به‌و گه‌وره‌ییه،
رۆژێ دوو دوو،
ته‌نه‌كه ئاوی به‌سه‌ر شان،
بۆ ته‌كیه‌كه‌ی شێخی (ده‌هله‌وی) ده‌هێنا،
له رێ لایدا، تۆزێ دانیشت،
نه‌ختێ راما،
هۆن.. هۆن فرمێسك به‌سه‌ر
روویدا قه‌تاره‌ی به‌ست،
له په‌نجه‌ره‌ی ته‌كیه‌وه (شێخ) چاوی لێ بوو،
شێخ بانگی كرد وتی خالید!
له لێزمه‌ی فرمێسكی ئه‌مڕۆت نه‌گه‌یشتم!
وتی: قوربان! ئه‌و ئافره‌ته‌ی،
كه به ته‌نیشتما تێپه‌ڕ بوو..
روخساری هه‌ر له روخساری دایكم ده‌چوو،
هه‌ر كه بینیم، سلێمانیم كووچه كووچه هاته پێش چاو،
یه‌كسه‌ر ئاگرم تێ به‌ربوو، دڵم پڕ بوو،
ببووره لێم! خۆت ده‌زانی قوربان سۆز‌و
قوربان! كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نیشتیمان..
زه‌ینی پڕه له كولتوور و ئه‌فسانه‌ی خۆماڵی، ئه‌فسانه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مێژووی دوور و درێژی نه‌ته‌وه‌كه‌یه، زانیاری ته‌واو له باره‌ی رێوڕهسمهكانهوه له لا پاراستراوهو وه‌ك بنیادێكی كاریگه‌ر لێی ده‌ڕوانێ و كاری له‌ناودا ده‌كات و پیشانی ده‌دات، رێوڕه‌سمی كۆمه‌ڵایه‌تیش پێوه‌ندییه‌كی دوور و درێژ و قووڵی له‌گه‌ڵ ئازار و ئومێدی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. ئازار و ئومێدی كۆمه‌ڵگاش گیانی بنچینه‌یی واقیعین. گیانی بنچینه‌یی واقیعیش له‌وه‌دایه چۆن له شیعردا پێكی ده‌هێنێ و پیشانی ده‌ده‌یت و واقیعی له‌ناو رێكدهخهیتهوه. ناله‌بارترین كات بۆ شاعیر ئه‌و كاته‌یه، كه هه‌ست بكات له بواری نووسیندا شتێكی نوێ و سه‌رنجڕاكێش له‌به‌ر دیده‌و خه‌یاڵی نییه بۆ دۆزینه‌وه. هه‌موو شیعرێكی داهێندراو پێویسته هه‌قیقه‌تێك بدۆزێته‌وه‌و ژیانی له‌ناو رێكبخاته‌وه‌و به‌نرخی بكات.
ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی، كه واقیع ده‌یانخاته ڕوو، هه‌موو ئه‌زموونه فه‌نتازی و ئاخاوتنه خه‌یاڵییه‌كان ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری خۆی، به‌ڵام سیمای دیاریكراوی واقیع راسته‌وخۆ له‌خۆ ناگرێت. رووبه‌ڕووی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیانه بووه‌ته‌وه، كه جوانییه‌كان ده‌شێوێنن، له‌م رووبهڕووبوونهوهیهیدا ژیان و وزه‌كانی ژیانی له شیعردا نوێ كردووه‌ته‌وه.
شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی وزه‌كانی ژیان باش به‌كاربهێنێت، پێویسته له‌گه‌ڵ واقیع شه‌ڕی بێ ئامان به‌رپا بكات و چرپه و شته ورده‌كان بۆ ناو هێمنی زمان بگوازێته‌وه، ئه‌م شه‌ڕه له ده‌روون و هه‌ستدا دهیحهسێنێـتهوه و هه‌قیقه‌تێك بۆ ژیان ده‌دۆزێته‌وه، یان هه‌قیقه‌تێكی پێشان ده‌دات. ئه‌زموون و شاره‌زایی ته‌واوی له‌م شێوازه نووسینه‌دا هه‌یه. به شێوه‌یه‌ك هۆگرت ده‌كات و راتدهكێشێته ناو چێژ و جوانی ساده‌یی. خاڵێك وه‌ك پرسگه راتده‌گرێت، ئه‌م خاڵه ئه‌زموون و شاره‌زایی سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی، له‌م ساده‌یه‌شدا لایه‌نی هێما و نیشانه‌ی ئه‌فسوونی زمان ده‌بینێت و به‌هاكانی دیاری ده‌كات. وه‌ك له‌م رسته‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت (قوربان سۆز و قوربان كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نیشتیمان) دووباره كردنه‌وه‌ی وشه‌ی (قوربان) له یه‌ك رسته و وێنه‌دا نیشاندانی هێز و ئه‌فسوونی زمانه. هێز و ئه‌فسوونی زمانیش توانا به شیعر ده‌دات و لێكدانه‌وه بۆ ژیان ده‌هێنێته به‌ر بینین و خه‌یاڵ راده‌وه‌شێنێت. زمانیش توانای مانا له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا زیاد ده‌كات.
ده‌مه‌وئێواران ئه‌تبینم به سوخمه‌یه‌كی زه‌رده‌وه: سه‌لام محه‌مه‌د
ئایا له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا مرۆڤ پێویستیی به شیعر هه‌یه، یان به‌های شیعر له ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له ژ ئاست و ئاراسته‌یه‌ك دایه. ئایه شاعیر یه‌كێتییه‌كی له نێوان (پێویستی) و (به‌ها)دا پێك هێناوه، یان له تیشكدانه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و به قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌دا چاوی به جیهاندا خشاندووه‌ته‌وه و پێوه‌ندی خۆی به جیهانه‌وه ده‌ستنیشان كردوووه. پێوه‌ندی به جیهانه‌وه بڕوا و بڕوا پێبوونه به به‌رهه‌مهێنانی جوانی به‌هۆی پێویستی و به‌های ژیان و پێناسهكردنهوهیهكی دیكه‌ی شته‌كان.
شمشاڵ دێرین و هاوچه‌رخه، به جارێك بیستنی شمشاڵی (قاله مه‌ڕه) هه‌ستی بیستن ته‌واو ناكرێته‌وه و ئاماده و پاراوس نابێت. ئه‌گه‌ر شیعریش له گیانێكی دامه‌زراو و گه‌رمدا ئه‌فسوونی بوونی خۆی پێك هێنابێت و گیانێكی گه‌رمیش به‌وه‌رگر بدات، خۆی ده‌سه‌پێنێت و ده‌بێته پرۆژه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن، له‌م جۆره خوێندنهوهیهشدا سه‌رچاوه‌كانی (چێژ) و (هه‌ست) و (سۆز) به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه. هه‌ریه‌كه‌شیان دووباره ده‌بنه‌وه هێزێكی سه‌ربه‌خۆ و كاریگه‌ر بۆ ته‌كان و جووڵانی ئاره‌زوو.
هه‌موو شته‌كان له یه‌ك شت كۆناكاته‌وه. چێژ و هه‌ست له (سۆز)دا كۆناكاته‌وه، یان هه‌ست و سۆز له (چێژ)دا به‌رانبه‌ر و هاوسه‌نگ ناكات، یان چێژ و سۆز له (هه‌ست)دا رووبه‌ڕوو ناكاته‌وه. هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك بوون و توخم و ره‌گه‌زی سه‌ربه‌خۆ ده‌جووڵێنێت و له شێوه‌ی یه‌كه‌یه‌كی كاریگه‌ر شوێنیان له جه‌سته‌ی شیعردا ده‌داتێ، به‌ڵام هه‌ر سێ توخمه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌خاته نێوان دوو كه‌وانه‌وه، ره‌هه‌ند و پانتاییه‌ك له نێوانی خودی هۆشیاری و توخمه‌كان ده‌هێڵێته‌وه. به بایه‌خترین شتێك، كه به ویسته‌وه كاری له‌سه‌ر كردووه هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌هه‌ند و پانتاییه‌یه، واته ئه‌و ره‌هه‌ند و پانتاییه بنه‌مای جووڵان و ناوه‌ند و سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌یه‌تی. نموونه: وه‌ك له شیعری (بارانی ره‌نگا و ره‌نگ)، یان له شیعری (تێنوێتی و زستانی جوان)، یان له شیعری (شاری نهێنی)، یان (هه‌نگوینی تاڵ) ده‌رده‌كه‌وێت.
ره‌نگه من بۆخۆم له ماوه‌ی جیا جیادا چه‌ند جارێك گه‌ڕابمه‌وه سه‌ر ئه‌م كتێبه شیعرییه. ئه‌و به‌رده‌وام خوێندنه‌وه‌یه بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن نییه له شێواز و زمان و مانای وشه و رسته‌كان، بگره بۆ به‌هێزكردن و پاراوبوونی گیانه. كاری شیعرییه‌ت به گشتكردنی بوونه‌كان و پاراوكردنی گیانه له خڵت و پیسییه‌كانی زه‌مین، نهێنی ئه‌وه چییه شیعر به‌ره‌و ئه‌و كاریگه‌رییه چووه. لێیه‌وه به دوای چێژه‌كانی ژیاندا بچین، چێژیش به سه‌ربه‌خۆیی خۆی بهێڵێته‌وه، له‌م سه‌ربه‌خۆیی بوونه‌دا چێژ ده‌توانێت و بۆی هه‌یه وه‌ك جۆرێك له ده‌ق، شێوه‌ی زه‌ینی وه‌ربگرێت.
ئه‌م شاعیره له ئاستێكدا كاری شیعری خۆی كردووه، كه نه‌وه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی شیعری كوردی جۆره گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یهێنن و به كۆ كار له شێوه و زمانێك ده‌كه‌ن. ئه‌میش له‌م ئاراسته له‌سه‌ر خۆیه‌دا هاتووه‌و له‌گه‌ڵ ده‌نگی كۆدا به‌شداری له گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌دا كردووه. كه‌واته (به‌شداره) له گۆڕان و نوێبوونه‌وه، به‌ڵام (وه‌رچه‌رخێنه‌ر) نییه. گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سی ئه‌نجام نه‌داوه بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار كاریگه‌ری جێ بهێڵێت، وه‌ك ده‌ركه‌وتنێكی جیاكار و پڕ سرووش بمێنێته‌وه و قه‌واره‌یه‌ك بۆ خۆی وه‌ربگرێت.
(ده‌مه‌و ئێواران ئه‌تبینم به سوخمه‌یه‌كی زه‌رده‌وه)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (سه‌لام محه‌مه‌د)ه. ساڵی (1988) له دوو توێی (149) لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (حسام) له به‌غدا چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (له‌دایك بوون، درۆی ئاواره، به‌یانی دێم ماچت ده‌كه‌م، ده‌مه‌و ئێواران ئه‌تبینم به سوخمه‌یه‌كی زه‌رده‌وه، ئاسۆی خۆرنشین، توانه‌وه، شه‌وانی ته‌نیایی، بارانی ره‌نگاوڕه‌نگ، داری زه‌نگیانه، هاوین، تۆ كه‌ناری، یان رووباری، شیرین و یادگاره‌كانی ره‌حیماوه، تێنوێتی و زستانی جوان، سۆزانییه‌كی پیرۆز، گه‌شت و پێناسین، وه‌ك هه‌زاران رێكه‌وتی¬تر، ماڵئاوایی، گیانه له‌یلا، گوڵی نه‌ورۆز، ساماڵی پاش بارانی نیوه‌شه‌و، سۆما، ئۆپه‌رێتی خۆشه‌ویستی، ئاكسل و سارا، خۆڵه‌مێش، شاری نهێنی، تانیا، بارانی سووتاو، قه‌رسیل، بۆ كچی كوێستان، جنۆكه‌ی ئه‌ندێشه‌ی شاعیر، هیچ و هه‌زار، وه‌رزی به‌سته‌ڵه‌ك، پڕشنگ، هه‌نگوینی تاڵ، تریفه‌ی سوور، سێ ماچ.)
تریفه‌ی سوور
ساماڵه شه‌وی زستانه
ئه‌ستێره به ئاسمانه‌وه ده‌جریوێنێ
ده‌وروبه‌رم یه‌كپارچه وه‌ك گۆمێكی مه‌نگ
كپ و بێده‌نگ و خامۆشه
پێخه‌فی گه‌رم
بۆته هیلانه‌ی مه‌لۆتكه‌ی
خۆزگه و جووتبوون و خه‌وبینین
شاری ماندوو
كراسێكی خۆڵه‌مێشی له‌به‌ردایه
باڵنده‌ی ئه‌ندێشه‌ی منیش
باوێشكهدا و خه‌وی نایه
به گه‌ردوونی بێ سه‌ره‌تا و كۆتاییدا
ده‌خولێته‌وه
فڕی به‌ڵام چۆن فڕینێك
ئێجگار له هالی خێراتر
به‌سه‌ر ده‌یان جیهانی نوێ‌دا تێپه‌ڕی
ده‌یان شاخی گه‌وره گه‌وره‌و
دوورگه‌ی پڕ له ته‌مومژ و
دهیار و ئۆقیانووسی بڕی
هه‌زاران ساڵی هه‌تاوی
له تۆپه خڕه‌كه‌ی زه‌وی دووركه‌وته‌وه
رۆیشت
رۆیشت
گه‌یشته ئه‌ستێره‌یه‌كی تریفه سوور
ویستی بچێته ژووره‌وه
به ماته مات نزیك بووه‌وه
له پڕێكدا
هێزێكی نادیار و ون
به ئاسته‌م پاڵی پێوه‌نا
ملیۆنێ ساڵی هه‌تاوی
بۆ دواوه دوورخسته‌وه
كاتێ گه‌یشته‌وه لای من
هه‌ر ئه‌وه‌تا په‌ڕو باڵی پێوه مابوو
تك تك دڵۆپه ئاره‌قه‌ی ئاگراوی
له ناوچه‌وانی ده‌چۆڕێ
به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌یوت
من به ئه‌وینی مه‌رگه‌وه هاتم بۆ لات
تۆش ده‌یان نهێنی ترت
خسته ناو گێژه‌ڵووكه‌ی بیر
جار به جاریش
وه‌ك ده‌روێشێكی گۆشه‌گیر
ناڵه‌یه‌كی دڵته‌زێنی لێوه ئه‌هات
لای لایه
مرۆڤ لای لایه
ئه‌و مه‌حاڵه‌ی
له‌م ژیانه و له‌م ته‌مه‌نه‌دا نایگه‌یتێ
نووری خودایه
ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا، كه تێیدا به‌رهه‌مهێن بووه، ئه‌زموونێكی وریا و نیمچه كامڵ و خه‌مڵیوه، به‌وه‌ی به وشه‌ی زۆر و ناپێویست وێنه‌كانی نهشێواندووهو باری هه‌یكه‌لی گشتی ده‌قه‌كانی گران نه‌كردووه. به وریاییه‌كی ئه‌فسوونی كاری له بواری ئه‌ندازه‌یی وشه كردووه. ده‌زانێت وێنه چه‌ند وشه و چی له وشه ده‌وێت. دووره له كه‌ڵه‌كه‌كردن و دانه پاڵ یه‌كی وشه و ده‌سته‌واژه و رسته‌ی بێ سوود.
كاتێك هه‌ندێك له شیعره‌كانی ده‌خوێنیته‌وه هه‌ست ده‌كه‌یت، له ناو هه‌ورێكی پهمۆییدا مه‌له ده‌كه‌یت، یان له ناو به‌له‌می گهشتێكدایت زۆر به هێمنی و بێ زۆر له خۆكردن ده‌ڕوات و حه‌ز ده‌كه‌یت گه‌شته‌كه‌ت درێژ ببێته‌وه. له‌گه‌ڵ فه‌زای شینی ئاو و فه‌زای شینی ئاسمان پێوه‌ندییه‌ك دێته ناوه‌وه‌و ده‌بێته بكه‌ر. له بنیادی پرۆسه‌ی شیعره‌وه په‌یدابووه و هاتووه‌ته ناو خانه ورده‌كانی ژیانمانه‌وه. كه‌واته ئه‌م جۆره ئه‌ده‌به، ئه‌ده‌بی راسته‌قینه‌یه، خۆت له به‌رده‌م ئه‌زموونێكی پاك و پوختدا ده‌بینیته‌وه، كه به ئێستێتیكای چێژ و هه‌ست و سۆز چندراوه. وێناكردنێكی سۆفیگه‌رییانه، دید و دیدگای سۆفیگه‌ریی خواست و بڕوابهخشینه به مرۆڤ و پاكبوونه‌وه‌ی مرۆڤ. له‌سه‌ر بنه‌مای كرانه‌وه‌ی گیان به‌سه‌ر جوانبینی و چاكبینی و ژیاندۆستی.
له ئه‌نجامیشدا ده‌گه‌ین به شوێنه باڵاكان. له ئه‌زموونی شاعیردا ئه‌م دۆخه پێ به پێ خۆی داده‌مه‌زرێنێ. ئه‌م خۆدامهزراندنهش به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌تی. بیركردنهوهكانیشی گه‌یشتوون به ئاستی به‌رهه‌مهێنان. به‌رهه‌می ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ش مه‌ودای میتافیزیكی فراوان ده‌كات و هێما و هێماپێكراو له‌م فراوانبوونهوهیهدا تێكدهچڕژێن و له چێژ، چێژدارترن. له هه‌ست، ههستدارترن، له سۆز سۆزدارترن.
ئه‌م شاعیره له شیعر دووركه‌وتووه‌ته‌وه. پێویسته له هه‌قیقه‌تێكی كاریگه‌ر و ئێستێتیكی به ئاگا بێته‌وه‌و بێت له‌ناو ماڵی شیعردا نیشته‌جێ بێته‌وه‌و ببێت به كه‌سایه‌تییه‌كی زیندوو، به‌وه‌ی روانینه جوانه‌كان هێشتان نه‌كوژراون، شاعیر ده‌توانێت بۆی بژیێت و به‌رهه‌می بهێنێته‌وه.
گه‌رم نه‌بوونه‌وه: جه‌لال به‌رزنجی
كاتێك شیعر ئازادی نووسینی ته‌واو به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ملكه‌چی هیچ نهخشهكێشانێكی فیكری ئاماده‌كراو و سته‌مێكی سیاسی نابێت. شاعیری خاوه‌ن دیدگای به‌هێز له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ شیعرێك بنووسێت و سبه‌ینێش شیعرێكی دیكه و دووسبه‌یش شیعرێك. شیعری (یه‌كه‌م) له شیعری (دووه‌م) نه‌چێت و (سێیه‌م)یش له دووه‌م و یه‌كه‌م نه‌چێت.
له‌م شێواز و دیدگا به‌هێزه‌یدا ئازادیی نووسینی ته‌واوی به‌ده‌ست هێناوه. ئازادی نووسین به‌دوای نووسیندا ناگه‌ڕێت، بگره له‌ناو نووسیندا ئازادی نووسین وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كار له‌سه‌ركردن به‌ده‌ست ده‌هێندرێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌ده‌ستهێنانی ئازادی نووسینه ئه‌وه‌یه، كه له ئه‌مڕۆی شیعری كوردیدا چه‌ندین شێواز پێیان ده‌نووسرێت و له به‌خشینیش به‌رده‌وامن، یان شاعیرێك ده‌بینین له چه‌ند شێوازێكدا توانایی خۆی به‌كارده‌هێنێت و داهێنان ده‌خاته‌وه. ئازادی نووسینیش تایبه‌ته به خودی به‌رهه‌مهێنه‌ری دیدگای به‌هێز. به‌رده‌وامیش كرده‌و واتای ئازادی نووسین له ئه‌زموونێكه‌وه بۆ ئه‌زموونێكی دیكه درێژ ده‌بێته‌وه‌و (ناوه‌ند ده‌شكێنێت).
شیعری به‌رهه‌مهاتووی دیدگای به‌هێز، هه‌وڵی گه‌یاندن و مانا دۆزینه‌وه بۆ لێكدانه‌وه‌ی شته ئاماژه بۆ كراوه‌كان نادات، بگره شه‌وق و تاسه و ئاماژه له خاڵێكدا كار پێده‌كات و ده‌یانباته ناو بیركردنه‌وه‌و زه‌ین، واته شه‌وق و تاسه و ئاماژه له‌نێوان ده‌ربڕینه‌كاندا نامێنێته‌وه، بگره ده‌كه‌وێته نێوان بوونی پێوه‌ندی وشه‌كان و كرده‌ی بوون به رسته و وێنه، به یارمه‌تی پێوه‌ندی نێوان وشه‌كان ده‌چنه ناو پێكهاته‌ی زهینهوهو بینای زه‌ینی داده‌مه‌زرێنێت، بۆیه ده‌قه‌كانی ده‌قی زه‌ینین، به‌ڵام ده‌قی ئه‌فسوونی نین.
له‌م تێڕوانینه‌وه تێپه‌ڕین و په‌ڕینه‌وه بوونی ده‌ناسرێت و پێوه‌ندییه‌كان له‌ناو ده‌قدا ده‌كرێنه‌وه و چه‌مكی جیاكاری داهێنان بۆ خاڵی پێكهاته‌ی زمان له (شه‌وق) و (تاسه) و (ئاماژه)دا چڕ ده‌بێته‌وه.
له ده‌قدا خه‌سڵه‌تی حه‌قیقه‌ت نییه، بگره پێكهاته‌ی داهێنانی هه‌یه، چونكه شیعر به پێكهاته‌ی داهێنان له دیدی ژیانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت و شیعرێك به‌رهه‌مدێت، به‌رده‌وام له جووڵه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شه‌وق و تاسه و ئاماژه، ره‌گی ده‌باته‌وه سه‌ر ره‌گی ئه‌فسانه و ئه‌فسوون و فه‌نتازیا و خۆی ئاراسته‌ی شێوازی ئێستێتیكی سروشت ده‌كات، له‌میش جێگیر نابێت و به‌ره‌و زه‌ین ده‌كشێ.
زۆر به وریاییه‌وه رۆده‌چێته ناو سروشت و مرۆڤ له پێكهاته‌ی سروشتدا ده‌گه‌یه‌نێته چڕبوونه‌وه‌ی چركه سۆزدارییه‌كان و ده‌زانێت ده‌نگه‌كانی سروشت له كوێوه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و پاشان له وێنه‌دا ده‌ریانده‌خات و خاڵ نیشانی نێوان ده‌نگ و گیان ده‌كات، پاشان ده‌نگ و گیان ده‌كاته ده‌لاله‌ت و هێما، له نێوان ئاسۆكانی وێنه‌دا زه‌ینی پێ ده‌بینێت.
زه‌ین ناخاته خزمه‌تی هیچ شتێكه‌وه، ته‌نیا شیعر خۆی و ئێستێتیكی شیعرییه‌ت نه‌بێت، واتا چێژ و جوانی و نه‌رمونیانی ژیان و بڕوایی و هه‌ستی ئه‌وی دی تێدا قووڵ ده‌كاته‌وه، به‌هۆی زمانی به‌تین و تاو.
زمانی ونبووی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. زمانی ونبوو له سه‌رچاوه‌ی پێكهێنه‌ری ده‌ره‌كی نادۆزێته‌وه. دۆزینه‌وه‌ی زمانی ونبوو په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌یه، كه له ناخی خۆتدا، یان پێوه‌ندی كردنێكی ئه‌ده‌بییه به ناخی خۆته‌وه. ناخی خۆت وه‌ك كولتوورێكی تاكه‌كه‌سی ئه‌ده‌بی و ژیانی گیانی. زمانی ونبوو هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی نادیاری به‌سه‌ر داهێنه‌ره‌وه هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسته‌كانی بینینی كه‌سی خۆی.
چه‌ند شیعرێكی ئه‌م كتێبه شیعرییه. نموونه وه‌ك: (ده‌شتایی گیان)، (دژوارترین كاتدا)، (رووتبوونهوهیهكی تر)، (خرۆشان) مانای بوونناسانهیان هه‌یه و شكۆ و به‌هره‌ی بوونناسی له خۆیاندا به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. یه‌كێتی فۆرم پشتیوانی له مانای بوونناسی ده‌كات و ئه‌و ره‌گه‌زانه ده‌خاته روو، كه له ده‌قدا بوونه‌ته مانا و بابه‌ت و پێوانه بۆ بوونناسی.
یه‌ك له خه‌سڵه‌ته گرینگه‌كانی شێوازی ئه‌م شاعیره ئه‌وه‌یه له سه‌رتای شیعردا كۆتایی ده‌دۆزرێته‌وه. سه‌ره‌تا ئه‌فسوونی ته‌واوی شیعره‌و له‌ودا بیرده‌كاته‌وه‌و به‌گشت و به‌شه‌كانی دیكه ده‌گات.
ناوه‌ند و كۆتایی ده‌هێنێته‌وه نا سه‌ره‌تا و وێنه‌كان ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن. وێنه له شیعره‌كانیدا، وێنه‌یه‌كی هه‌ستی و ئه‌وجا بینین و نامۆیی گیانین، مه‌ودای نێوان گیان و ده‌نگ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. شێوازی لیریكی له‌م دیوانه‌دا نابیندرێت، مه‌گه‌ر هه‌ستی نۆستالژیایی نه‌بێت. جارجاره له‌سه‌ر گیان و هه‌سته‌كان به‌كاری ده‌هێنێت. جێی بایه‌خی ده‌بن و ئاراسته‌ی نووسینی ده‌كه‌ن.
ئاگادارییه‌كی زۆری له هه‌ستدا به‌كارده‌هێنێت و له هه‌ستكردندا ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ ئه‌زموونه، ئاڵۆز و خاڵی بینینی ون نییه. زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مینه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه پێی سه‌رسام بووه و وه‌ك ره‌گه‌زێكی به‌رهه‌مهێنان كرده‌ی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه ئه‌نجام ده‌دات و جۆش بهههستكردنی ده‌دات.
شیعری هه‌ڵچوون له‌ناو گرفتی سهرچاوهكهیدا ده‌مێنێته‌وه، زمانێكی ئێستێتیكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربڕینی لێ نه‌كردووه. خاڵێك بیری به ئاگا ده‌هێنێته‌وه‌و به قسه دێت. فۆرمێكی تایبه‌ت وه‌رده‌گرێت، به ئاگا هێنانه‌وه‌ی بیر. نه‌ك فۆرمێك له‌ناو بیركردنه‌وه‌دا زمانێكی ئێستێتیكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربڕینی لێ كردبێت.
شاعیر خۆڕسكانه شیعره‌كانی نووسیوه، خۆڕسك مه‌به‌ست ئه‌وه نییه پشت نه‌به‌ستن به رۆشنبیرییه‌كی خه‌مڵیو
و گه‌ڵاڵه بوو، یان دره‌وشانه‌وه‌ی دیدگایه‌كی به‌هێز، له‌م رووه‌وه شاعیر خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی خه‌مڵیو و دیدگایه‌كی به‌هێزی شیعرییه، بگره مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه دوور له هه‌موو په‌یوه‌ست بوونێك به لایه‌ن و ئایدۆلۆژیایه‌ك كرده‌ی ئازادی نووسینی په‌یڕه‌وكردووه، كه رووبه‌ڕووی شیعری بێگه‌رد بووه‌ته‌وه. ده‌ركه‌وت ته‌واوی توانستی ئازادی نووسینی به‌ده‌ست هێناوه. به‌های ئازادی نووسین ده‌ستنیشانی داهێنانه شیعرییه‌كه‌ی ده‌كات. نه‌ك مه‌سه‌له و بارودۆخ.
(گه‌رم نه‌بوونه‌وه)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (جه‌لال به‌رزنجی)یه. ساڵی (1985) له دووتوێی (56) لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (الحوادپ) له به‌غدا چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (مات بوون، پڕبوونه‌وه‌ی نیوه‌ی گیان، ئاڵۆزبوونی خه‌ونه‌كانم، سێبه‌ری ره‌نگه‌كان، هاتن، نزیكترین ته‌زوو، ئاهه‌نگی به‌رده‌وامی خۆم، نهورووژان، سپیاتی، ده‌شتایی گیان، به‌تاڵبوون، كۆتایی ناكۆكییه‌كان، كهف، ئاره‌زوویه‌كی كۆن، برینی سێبه‌ر، په‌ككه‌وتنی ئاو، نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی نامۆیی، له دژوارترین كاتدا، سێبه‌رێكی مۆر، له‌یادچوونه‌وه، ئاوێته‌بوونی شته‌كان، زه‌مه‌ند، پاڵاوتنی نهێنییه‌كان، نه‌سره‌وتن، دڵێكی بایی، بڵقی سه‌رخاك، وه‌رزه‌كانیش خۆشیان ده‌وێ، ناشتن، نیازی ئاو، گوڵێكی ته‌نیا، گه‌رم نه‌بوونه‌وه، مه‌زار، رووتبوونهوهیهكی تر، دوای زریان، قوڵغ، ئاونگ، یه‌كیه‌تی بوون، خرۆشان، ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ڕیده، سروودی ئاوابوون.)
ئاڵۆزبوونی خه‌ونه‌كانم
كتوپڕ ناخم گران بوو
دهمارهكانیشم شل بوون
رووناكییه شه‌پڵه لێدراوهكانی روحیشم
هیچیان له‌باره‌ی خۆیانه‌وه به‌بیر نه‌ما
ئابڵوقه دراوم
ئابڵوقه درانێكی هه‌میشه‌یی و نه‌زۆك
هه‌ستیشم كرژ بووه‌وه ناو گه‌رمایی بۆنكردووی خۆی
له‌ناو ئه‌و مێرگه ناوه‌ستم
یۆزمی لێ ههڵدهپهنمێ
هه‌رچه‌نده‌ش بمێنمه‌وه
شتی جاویدانی لێ ناڕوێ
ئابڵوقه دراوم
ناشتوانم به‌دیار ئه‌م ئه‌نجامه مۆمیاكراوه بوه‌ستم
خه‌ونێك
بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت
له‌شم تێكدات
سه‌وزایی ده‌روونیشم
به‌سه‌ر سه‌وزایی سروشت خات
خوێنی رژاویشم
پێشوازی رووناكییه سه‌رما لێنیشتووهكان ده‌كات
ئه‌وه‌ی به‌م رێڕه‌وه‌دا رابوورێ
ئاوێكی مۆمیاكراو له خشته‌ی ده‌با
یان قامچی دڕنده‌ی با
هه‌موو پشتی له‌ت له‌ت ده‌كات
كتوپڕ ناخم گران بوو
دهمارهكانیشم شل بوون
نه‌متوانی ماڵئاوایی له ئێواره‌ی ناو شاخان بكه‌م
یان خۆم له كنێری قه‌دپاڵان وه‌رده‌م
به‌ردێك نییه سه‌رمی پیاكهم
ئاوێكی مۆمیا نه‌كراویش
قاچهكانمی له‌ناو جووت كه‌م
له‌م كاته زه‌رد هه‌ڵاتووه چه‌ماوه‌یه
له‌م ماوه كه‌مه‌ش پیاسه ناكرێ
ده‌رگای ئه‌م په‌رستگایه تهمهڵهش ناكرێته‌وه
هیچی تر باسی سروشت ناكه‌م
ئه‌و بوو دڵه ساكارهكهمی وا نه‌خۆش كرد
رێگای چوونه ده‌ره‌وه‌ی لێ گرتم
رێگای هاتنه ژووره‌وه‌ی لێ گرتم
ناخم گران بوو
چیتر دوای جۆگه‌ی پاش شۆرینی مردووان ناكه‌وم
خه‌ونێك بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت
سه‌وزایی ده‌روونم به‌سه‌ر سه‌وزایی سروشت خات
یان كتوپڕ
له‌ناو ئه‌و شه‌وه برك كردووهدا بمرم
شیعر به‌هایه‌كی ئێستێتیكی ره‌های هه‌یه، ده‌شبێ بزاندرێت ئه‌و ئێستێتیكایه له بینای گشتی شیعره‌كه‌دا چییه و ده‌ربكه‌وێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و زانینه شێوا، یان ون بوو، شیعره‌كه خواستی داهێنان و به‌كارهێنانی تێدا نییه. شێواز و تایبه‌تكاری شیعری بێگه‌ردی وه‌رنه‌گرتووه. واته زمان شێواز و ئێستێتیكای بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه.
له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا دوو ئاستی كاركردن و شێواز هه‌یه.
یه‌كه‌م: په‌یوه‌سته به كولتووری دوور و نزیكی خۆماڵی و بێگانه، نوێبه‌خشی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، سیمای ده‌كات به سیمای ئه‌مڕۆی مۆسیقادار، به‌های ئێستێتیكی له سه‌ره‌تا له‌ناو مۆسیقادایه، ئه‌وجا له‌ناو واتا و وێنه‌دا خۆی داده‌مه‌زرێنێت و ده‌رده‌كه‌وێت. واتا و وێنه‌ی ئێستێتیكی زه‌ینی سنووردار ناكات و بینایه‌كی ئاوێتهكراوی پێ ده‌دات، كه له كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێكهاتووه.
دووه‌م: پێویستییه ژیانییه‌كانی رۆژانه‌ی كه‌سی خۆی وه‌ك كه‌سێكی هه‌سته‌وه‌رو تێكه‌ڵبوو به ده‌وروبه‌ر. ئه‌م پێویستییه ژیانییهش له سروشتی ئه‌زموونییه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه.
خه‌ستكردنه‌وه‌ی رسته شیعرییه‌كانی له‌ناو رووداوه دیار و بیندراوه‌كان و راكێشانیان بۆ ناو هه‌ست و خه‌ون، كه وه‌ك هه‌وێنێك به ده‌روون و بیری پژاوه و یارمه‌تی ده‌دات بۆ نزیككردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر بۆ ناخ و كرۆكی و خه‌مڵاندنی له ئه‌زموونی ئازادی نووسیندا. شیعری (هاتن) نموونه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه.
خه‌یاڵ و سرزی گه‌رم ده‌بێت و به‌بیر ده‌ینووسێت. ژیانی رۆژانه‌ی خۆی وه‌ك سه‌رچاوه به‌كارنه‌هێناوه. هه‌ر له‌م خاڵ بینینهشدا ده‌بینین وشه‌ی (تۆ) و (من) زۆر كه‌م به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر به ده‌گمه‌نیش به‌رچاو بكه‌وێت ئه‌وه (تۆ) و (من)ێكی شیعرییه و ئاسۆیه‌كه هاوتای تێدا دۆزیوه‌ته‌وه و كرده‌ی دۆنایدۆنی لێوه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئاڵۆزی نه‌خستووه‌ته ناو رسته شیعرییه‌كانی، به‌ڵام گرانی و قووڵی واتای خستووه‌ته‌وه بۆ به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه گیانییه‌كانی كه‌سی هه‌سته‌وه‌ره‌وه. پێش ده‌چێت شاعیر پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ شیعری كلاسیكی كوردیدا نه‌بووبێت، به‌وه‌ی خوازه‌و لێكچوون و مه‌جاز و خواستن و نیشانه….. تاد، له شێوازیدا كه‌م ده‌رده‌كه‌ون و تاڕاده‌یه‌ك ونه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت لاوه‌كی و یه‌ك ئاسته. ره‌وانبێژی جیاكار له‌نێوان شێوازه‌كان ده‌رناكه‌وێت. بیر‌و كاركردن له ئاسۆكانی بیر زیاتر سه‌رنجی راكێشاوه له هونه‌ری ره‌وانبێژی و ئاستداری زمان.
گه‌شه‌كردنی زمان پرۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌نه به‌و هێڵه‌ی، كه له سه‌ره‌تاوه تا به ئێستا ده‌گات شیعری كوردی پێ به پێ پێیدا هاتووه‌ته خواره‌وه. شاعیرانمان خۆیان بۆی ماندووكردووه. ئه‌وه به‌ها و پێوه‌ری بنه‌مایه‌كه به دڵنیایی و بڕواوه له ئاستیدا هه‌نگاومان ناوه‌و له ره‌نجمان دوودڵ نین.
ئه‌م شاعیره ده‌سه‌ڵاتی بیری له زمان و وشه‌دا تاقیی كردووه‌ته‌وه و له كۆكردنه‌وه‌ی هێزی هه‌رسێكیاندا شیعرییه‌تی له ده‌قدا ریكاندووه. به‌های هه‌ریه‌ك له (بیر) و (زمان) و (وشه)ی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك هارمۆنیه‌تێك له وێنه‌دا به‌كارهێناوه‌و ده‌ری خستووه، پاشان له درێژبوونه‌وه‌ی شیعره‌كه‌دا ئێستێتیكایه‌كی شێوه ئه‌فسانه‌یی هه‌ست پێده‌كه‌یت. ئه‌م شێوازه‌ی نه‌بووه‌ته (ته‌وژم) و (رووداو)ێك، بگره هه‌ر خۆی له‌ناویدا درێژ بووه‌ته‌وه و له شیعری نوێبه‌خشی كوردیدا شیعری گرینگی پێ نووسیوه.
نزا سپییه‌كانی من: عوسمان شه‌یدا
ئه‌و شاعیره‌ی، كه ژیانێكی خۆشگوزه‌رانی هه‌یه، قه‌تاو قه‌ت ناتوانێت شیعرێكی داهێنه‌رانه بنووسێت. بۆیه ئه‌و شاعیرانه‌ی نازكێشراوی ده‌سه‌ڵاتن، خاوه‌نی مێژووی داهێنان نین، چونكه گیانی یاخیبوونیان تێدا مردێندراوه و بهرفهرمانن و چاویلكه‌ی ره‌نگاوره‌نگیان له‌چاو كراوه.
عوسمان شه‌یدا خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوویی خۆی له ناو تێڕوانینێكی له‌بیر نه‌كراودا كردووه به ده‌قی شیعریی و هه‌ڵیداوه‌ته ناو پانتاییه پڕ ئاژاوه‌كانی ژیان، ئه‌و خوده‌ی واقیع سته‌می لێ كردووه‌و نه‌یهێشتووه پڕ به دڵی له ناویدا بژێت. له كرۆكدا شیعر هێنانه گۆی ده‌نگه گهمارۆدراوهكانه و بهرزكردنهوهیهتی له ئاست واقیع و پێچه‌وانه كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هێزی خۆسه‌پێنه‌ری ئه‌و واقیعه‌یه، كه نه‌یهێشتووه پڕ به دڵی له ناوی بژێت و خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندووی خۆی تێدا دامه‌زرێنێت. له واقیعی كۆمه‌ڵگای زیندوودا شیعر وه‌ك یه‌كه‌م ده‌ركه‌وته‌ی مرۆڤ و رۆشنایی بوون ناسراوه و فۆرمی وه‌رگرتووه، پاشان بۆ پاراستنی خۆی به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر بوون و هه‌بوون كردووه.
واقیعی كۆمه‌ڵگای زیندوو دره‌وشانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی تێدایه بۆ كار له‌سه‌ركردن و خۆ دامه‌زراندن و به‌جێهێنانی پرۆژه‌كانی ئه‌زموونی ژیان و نووسین.
واقیعی سته‌مكار له مرۆڤی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوو به‌هێزتره‌و ده‌سه‌ڵاتی لێ سه‌ندووه‌ته‌وه، یان جموجووڵ و چالاكییه‌كانی خستووه‌ته ژێر ركێفی خۆی و به‌رزه‌فتی كردووه.
شیعریش كه ناوكی گیانه، ده‌بێت له‌م خاڵ و خوده‌وه هاتبێت و بوونی خۆی راگه‌یاندبێت. له خاڵ و خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندووه‌وه، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تا ئاستی (واقیع) و (بڕواهێنان).
هه‌ندێك شیعر ساكاركردنی واقیعی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له كاتێكدا واقیع زۆر ئاڵۆزه. خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوو نابێت له بۆته‌ی شیعردا دژی واقیعی زیندوو بێت، بگره تێیدا هه‌وڵبدات پێسته‌كانی واقیعی زیندوو ههڵبداتهوهو تاڵه تیشكه‌كانی بگرێت.
(واقیعی زیندوو) هه‌میشه دره‌وشانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی تێدایه بۆ كار له‌سه‌ركردن و خۆ دامه‌زراندن و به‌جێهێنانی پرۆژه‌كانی ئه‌زموونی ژیان و نووسین، به‌ڵام (واقیعی سته‌مكار) له ئاوات و داوایه‌كانی خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوو ناپرسێت و دیكتاتۆر و سه‌ركوتكه‌ر و تۆقێنه‌ره. له باری سه‌ركوتكردن و تۆقاندا جوانی و هه‌ست به جوانی كردن ههڵدهبزڕكێت.
له خه‌یاڵی شاعیردا هه‌موو خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوو له‌ناو شیعردا ده‌ژین و پێوه‌ندییه‌كان داده‌نێن. ئه‌وه‌نده ناسك ده‌بنه‌وه له درزبردن و شكانی شه‌خته ده‌چن له‌به‌ر خۆری به‌هاراندا، یان ئازاری شه‌قبردنی هه‌نار له‌به‌ر نمه‌ی بارانی پایزان. پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌رگ ده‌گرن، به‌ڵام مه‌رگێكی له‌خۆبردوو له ناو ئه‌و تێڕوانینه له بیرنهكراوهی، كه خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندووی خۆی تێدا كردووه به(ده‌قی شیعری) و هه‌ڵیداوه‌ته ناو پانتاییه پڕ ئاژاوه‌كانی ژیان.
شیعرییه‌ت به‌م هه‌ستیارییه و نیگه‌رانی و ماندووبوونه‌ی خوددا دێت و یه‌كێتییه‌كی پته‌ویان له نێوان رایه‌ڵ ده‌كات، له درێژبوونه‌وه‌ی شیعره‌كه‌دا ئه‌و رایه‌ڵه هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌و شه‌یدا و سه‌رسامتر ده‌بێت و ته‌مێك له هه‌ستی دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ست به نامۆیی كردن تێی ده‌ئاڵێت و تانوپۆی ده‌چنێت و (بنیادێكی زه‌ینی) ده‌داتێ.
جوانترین شێواز له شیعردا ئه‌و شێوازه‌یه، كه ده‌یخوێنێته‌وه به پڕی و كامڵی هه‌ست بكه‌یت له‌ناو به‌شێك له هه‌سته‌كانی تۆدا كاری كردووه و له‌ناوی ژیاویت و شیعر ده‌خوێنیته‌وه، ژیان له‌ناو چێژی كاتی شیعریدا داگیرساوه و وه‌ك چه‌قی ناوه‌ند ده‌بیندرێت.
ئه‌گه‌رچی چه‌ق بۆ شیعر پێوه‌ر نییه، ئاسۆی جووڵاو پێوه‌ره، ئاسۆی جووڵاویش هێزی گۆڕان پێ به پێ ده‌به‌خشێت و هاوسه‌نگی خۆی له‌گه‌ڵ زماندا ده‌ست ده‌خات، به‌ڵام كه له خوێندنه‌وه‌كه‌دا ته‌واو بوویت، بگه‌ڕێیته‌وه دۆخی واقیعی ژیان و هه‌ست بكه‌یت هه‌ستێكی پاراوه ده‌ربڕاوه و له بۆته‌ی ده‌قی شیعریدا به‌رجه‌سته بووه.
شیعرییه‌ت له چێژ و هه‌ستی كاتیدا دێته بوون و له ده‌قدا ده‌خوڵقێت و خوڵقانی خۆی تێكه‌ڵی هێزی ئه‌فسووناوی ده‌كات.
هه‌ست و چێژی ته‌ندروستیش ئه‌ركی زمان له ئه‌ستۆ ده‌گرن، له‌و ئه‌ركی زمان له ئه‌ستۆ گرتنه‌دا كه‌شێكی تاكانه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌و خوێنه‌ری رووبه‌ڕووی زمانی ناسك بوونه‌وه و شیعرییه‌ت و جیاكاریی كردووه‌ته‌وه.
(نزا سپییه‌كانی من)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (عوسمان شه‌یدا)یه. ساڵی (1999) له دووتوێی (97) لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (هه‌واڵ) له سلێمانی چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (خه‌زان، ئه‌و شه‌وه‌ی به‌فری تێدا باری، ئه‌وین، خه‌تا، برووسكه، دوو پارچه شیعر، گۆڕهه‌ڵكه‌ن، سێ‌و، شیعرێكی سه‌وز، كاره‌سات، بیست و چوار ساته‌ی ئێستای من، 26/8/1995، مریه‌م، سه‌بووری یان سه‌فه‌ری ئه‌ییووب، خمخۆرك، دروود، رۆژانه یاداشت، نزا سپییه‌كانی من، كریسماس، سهراب نا سه‌فه‌ر، ئه‌وینێ له گوڵ پیاوێك له درۆ، من.. تۆ و ستۆكهۆڵم، به‌شێك له داستانی خه‌ج، قاسید، هه‌ندێك له وازییه‌كانی ژوانی زه‌رێ، دامیاو.)
مریه‌م
سێ رۆژه ماڵه‌كه‌م ده‌فێكی سواوه
شه‌وانه به په‌نجه‌ی شیعر
له سینگی خۆی ده‌دا
سێ رۆژه گه‌ردی رۆح ده‌سووتێ
سێ رۆژه ره‌یحانه‌ی عومری من
له ئینجانه‌ی هه‌وردا
بۆ مانگی ناوێزه‌ی سریشكی
هه‌واڵێ ده‌گه‌ڕێ
ئۆف له خۆم
له منی خێر نه‌دیو
ئاخر كوا ژنه ئینجیلییهكهم
ئاخر كوا
وا له كوێ
ژنه سازگاره‌كه‌ی عومری وشكهڵاتووی
منی دڵ په‌شمه‌ك
پێم بڵێن ئه‌گه‌رنا
قورئانی مزگه‌وت و
زه‌نگی كه‌نیسه و
مه‌رقه‌دی پیاوچاكان به شاهید ده‌گرم
هه‌رچی ئازیزتانه
من ئاسا ئاگری تێ به‌ربێت
ئه‌گه‌ر بێ و پێم نه‌ڵێن
ژنه ئینجیلییهكهم وا له كوێ
وشه له وێناكردنی خه‌یاڵ ده‌بێته رووداو و شتی نادیار، به‌ڵام وزه‌یه‌كی داهێندراوهو له زه‌یندا هه‌ست پێكراوه.
رووداو و شتی نادیاریش، كه تێیدا قاڵ و قووڵ بوویته‌وه، ده‌بێته موڵكی خودی هه‌ستیار و نیگه‌ران و ماندوو، له‌سه‌ر بنچینه‌ی خه‌یاڵ و قاڵ و قووڵبوونه‌وه‌دا، (توانا) و (به‌هره) گیان به شتی نادیار ده‌به‌خشن و رووداوه هه‌ستییه‌كان رووده‌ده‌ن و ده‌بن به (وزه‌یه‌كی داهێندراو).
ئه‌و رووداوانه‌ی، كه بووه‌ته پێكهێنه‌ر و بنیادی نووسینی ئه‌م كتێبه شیعرییه په‌یوه‌ستن به ژیانی شاعیر خۆیه‌وه و مانیفێستی ژیانی كه‌سایه‌تی خۆیه‌ی راده‌گه‌یه‌نن. نموونه: وه‌ك له شیعری (خه‌زان)، یان له شیعری (مریه‌م)، یان له شیعری (خه‌تا)، یان له شیعری (دووپارچه شیعر) ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌توانین له رێگای زمانه‌وه مانای جیا جیایش له‌م مانیفێسته‌ی ژیانی وه‌ربگرین. له كاتێكدا زمان تۆڕێكه هه‌موو وزه‌یه‌كی تێدایه بۆ دۆخگۆڕین. ئه‌و ئاماژایهشی داوه، كه زوو و به‌جوانی ئه‌م ژیانه به‌جێ ده‌هێڵێت و ژیانی نووسینی ته‌واو ده‌بێت. به‌هاری 2005 كورد یه‌ك له مێوانه جوانه‌كانی سه‌ر زه‌مینی كوردستانی جوانه مه‌رگ بوو، كه توانای جوان نووسین و جوان ژیانی هه‌بوو. به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر مانیفێستی ژیانی كه‌سایه‌تیی خۆی ئیشی كردووه. به‌و پانتاییه‌ی تێیدا خولاوه‌ته‌وه رووبه‌ری ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌تی و كاره‌كته‌ری كاراشی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیه‌تی: (ئایشێ، شنروێ، ئاسۆ، ده‌شنێ.)
هه‌ندێك ده‌نگ نه‌مر له ناخیدا نیشتووه و شاعیر خۆی تێكه‌ڵی ئه‌م ده‌نگه نیشتووانه‌ی ناخی ده‌كاته‌وه‌و ده‌یانجووڵێنێت، كه به‌رده‌وام له‌ناو رووداوه شیعرییه‌كانی دووباره ده‌بنه‌وه‌و سیمایان پێشان ده‌درێنه‌وه.
ئه‌گه‌رچی به‌شێك له شاعیره به‌تواناكانمان، كه (شیعرییه‌تی شیعری كوردی‌یان دامه‌زراندووه.) وه‌ك مانیفێستی ژیانی كه‌سایه‌تیی خۆیان ده‌قی سه‌رنجڕاكێشیان بۆ به‌جێ هێشتووین و هه‌میشه دره‌وشانه‌وه‌ی به‌رده‌وامییان تێدایه بۆ كار له‌سه‌ركردن و خۆ دامه‌زراندن و به‌جێهێنانی پرۆژه‌كانی ئه‌زموونی ژیان و نووسین.
دڵداره‌كه‌م پایزه گه‌واڵه‌یه‌ك نییه: سه‌ڵاح شوان
شیعر گیانی مرۆڤ له ده‌ربڕینه زمانییهكانیدا به‌رجه‌سته ده‌كات و شێواز به‌رهه‌م ده‌هێنێت، شێوازی ئاخاوتن و نووسین و گووتن. ده‌توانین له رێگای شاكاره شیعرییه‌كانی دنیا تێگه‌یشتن و وێنا و هێڵكارییهكمان بۆ گیانی مرۆڤایه‌تی ده‌ست بكه‌وێت. وه‌ك وێنایه‌كی ئێستێتیكی و هه‌ستی، نه‌ك وه‌ك (زانست) و (ئامار).
رێز له تواناكانی به‌رانبه‌ر ده‌نێم و به‌پێی ئاستی كار و داهێنانیانه‌وه به دڵم ده‌بن. ئه‌مه‌ش، یان له كاتێكی كورت و دیاریكراودا له قووڵایی دڵم نیشته‌جێ بوونه و له یادگه‌مدا ماونه‌ته‌وه، جاروبار یادگه‌م ده‌جووڵێن و سۆزم بۆیان په‌یدا ده‌بێته‌وه، یان كاریگه‌رییان تا ماوه‌یه‌كی درێژ ماوه‌ته‌وه‌و له خولیامدان و ئاراسته‌یه‌كی راسته‌قینه‌ن بۆ وه‌رگرتن له باری گیانییه‌وه. ئه‌وانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت و دیاریكراو چێژیان خرۆشاندم و كۆتاییان هاتووه، نه‌ستم سڕیونیهتییهوه، یان ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام خولیایان به‌هێز كردووم و ده‌نگه ده‌ربڕاوه‌كانی وشه‌كان هاوده‌نگم بوونه و خاوه‌نی رۆڵێكی كاریگه‌رن. بۆ ئهدهببینی و به پیتكردنی بۆچوون له‌باری ئه‌ده‌بییه‌وه. له هه‌ردوو باردا پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرێت. ئه‌و كاریگه‌ری دانانه‌ی له‌سه‌ر پێكهاته هه‌ستییه‌كانی ئه‌وی دی بۆ به‌رده‌وام خوێندنه‌وه. ده‌ركه‌وتنی رۆڵی داهێنان و به ئهدهبیبوونی هێزی زمانه.
ئه‌گه‌ر له شیعری حه‌فتایه‌كانی كوردیدا چه‌ند نموونه‌یه‌كی جوان و داهێندراو له زه‌ین و یادگه‌مدا مابنهوهو به‌رده‌وامییان له‌گه‌ڵمدا هه‌بووبێت یه‌ك له‌وانه شیعرێكی به ئهزموونداچووی (سه‌ڵاح شوان)ه، (به‌ڕووتی له‌به‌ر بارانی له‌زه‌تدا)، كه له گۆڤاری (به‌یان) ژماه (45)ی كانوونی یه‌كه‌می (1977)دا بڵاوی كردووه‌ته‌وه. له بوونیدا گیانی ئێستێتیكای هه‌ڵگرتووه و پاراستوویه‌تی. به‌تایبه‌تی له رووی قووڵبوونه‌وه له (وێنه) و (مۆسیقا)دا.
ئه‌م شیعره‌ی له دڵی شاردایه و به هه‌موو كه‌شوهه‌وا و خهسڵهتێكهوه وێنه‌كانی ژیانی ره‌نگ كردووه و به‌رده‌وام له خولیامدا بوونی داهێندراوی خۆی درێژ كردووه‌ته‌وه و خاوه‌نی رۆڵی كاریگه‌ره. فه‌زای شار فه‌زایه‌كی قه‌ره‌باڵخ و پڕ نهێنییه، بواری جیابینی و جیاكاری ده‌ڕه‌خسێنێت. به‌رده‌وام له جووڵه‌دایه و له جووڵه ناكه‌وێت. به زه‌ینێكی كراوه‌و ئێستێتیكی جوانییه‌كانی خوێندووه‌ته‌وه‌و به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی جیاكار له شاعیرانی ده‌وروبه‌ری ده‌ربڕینی له بارودۆخی هه‌ستی و بیندراودا كردووه‌و ده‌رچووه له‌و زمان و ده‌ربڕینه فهرمانسالارییهی شاعیرانی ده‌وروبه‌ری كردوویانه‌ته ناسنامه و شێوازی قۆناغێكی شیعری. دواتر شیعری تاراوگه‌ی كوردی، زیاتر تایبهتكاره به‌و شاعیرانه‌ی كۆچیان بۆ جوگرافیایه‌كی دوور كردووه. وه‌ك دیارده‌یه‌ك له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا رووداوه. له چامه‌ی (قوربانی تۆزی رێگه‌تم)ی (نالی) و چامه‌ی (گوتم به به‌ختی خه‌واڵوو)ی (حاجی قادری كۆیی)یه‌وه ناسرا و بوو به بابه‌ت و شێواز و رووداو و دیارده.
شاعیری راسته‌قینه له هیچ شوێن ناژیت، له كۆچێكی به‌رده‌وامدایه. شوێنی ژیان بۆ ئه‌و ته‌نیا نیشتیمانی شیعره، یان هێزی وشه‌یه، كه خودی پڕ سه‌رگه‌ردانی داهێنه‌رانه‌ی خۆی تێدا داده‌مه‌زرێنێت و سه‌قامگیری ده‌كات.
شیعری تاراوگهكراو بنیادێكی بابه‌تی و چه‌شنێكی تایبه‌تییان هه‌یه و جۆرێك جموجووڵی گۆڕانیشیان له زماندا په‌یدا كرد، یان زمانیان برده‌وه سه‌ر هاواری به ته‌وژمی هه‌ست و سۆز و ناسك بوونه‌وه. ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه بۆ ته‌سككردنه‌وه‌ی بواری زمان.
زیاتر له شیعری تاراوگه‌دا پرسیار (رامانی سه‌ره‌كییه). كاریان له‌سه‌ر هاواری به ته‌وژم و هه‌ستی غه‌ریبی و سۆزی خودایی و گه‌رم كردووه و ئه‌و هه‌ستپێكردن و ئاشكرابوونه به بۆچوونی من له شیعری (غه‌ریبی)ی (سه‌ڵاح شوان)دا، كه له گۆڤاری (نه‌وشه‌فه‌ق)ی ژماره (52)ی كانوونی دووه‌می 2008دا بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌گاته گه‌ڵاڵه بوونی ده‌قێكی ئێستێتیكی و لێوان‌لێو له بێگه‌ردی هاواری به ته‌وژم و هه‌ست و سۆز و شیعرییه‌ت و چڕبوونه‌وه له ده‌ربڕیندا، گه‌یاندنێكی ته‌واو دره‌وشانه‌وه‌ی له زه‌ین و مێشكی به‌رانبه‌ردا ده‌خه‌مڵێنێت. سۆزی قووڵ و برین كولانه‌وه و له نیشتیمان ههڵكهنان و هه‌ستی غه‌ریبی كردووه به هونه‌ر. هونه‌ری ئاخاوتنی شیعری له‌ناو ئێستێتیكادا. هونه‌ریش ته‌نیا به هونه‌ری ئێستێتیكا پێوانه ده‌كرێت. ئێستێتیكا هه‌موو ئاسۆیه‌ك له بوونی ده‌قدا پێ ده‌گه‌یه‌نێت بۆ دره‌وشانه‌وه و هیچ ترووسكه‌یه‌كی درهوشانهوهش ناكوژێت.
سۆز پێوه‌ندی شاعیر به‌ڕابردووه‌وه ئاشكرا ده‌كات، له‌م جۆره شیعره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هاواری به ته‌وژم و سۆز و هه‌ست به نامۆییكردن ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی پاڵنه‌ره سایكۆلۆژییهكهیهوه، كه نه‌یتوانیوه تێكه‌ڵاوی ده‌وروبه‌ری ببێت و ته‌بایی و پێوه‌ندی هاوگیانی دروست بكات و كولتووری ئه‌وێ وه‌ربگرێت. ئه‌م باره ده‌روونییه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ست به نامۆییكردن و به‌رزبوونه‌وه‌ی سۆز و هاواری به‌ته‌وژم، كه شاهیر بارودۆخێكی گونجاوی بۆ هه‌ڵكه‌وت و توانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ئه‌و جوگرافیایه‌ی كۆچی بۆ كردووه ته‌باییه‌كی كولتووری به‌ده‌ست بهێنێت و ده‌ستكاری ژیانی خۆی بكات بۆ راهاتن به جۆری ژیانی ئه‌وان و ئه‌وێ.
ئه‌و هاواره به ته‌وژمه و هه‌ست به نامۆییكردن و به‌رزبوونه‌وه‌ی سۆزه‌ی به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چێت، ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی شاعیرانی تاراوگهكراوی خۆمان بهێنینه به‌رچاو ئه‌وه‌مان لا جێگیر ده‌بێت و ده‌بێته خاڵێكی ئاشكرا، كه شاعیران چه‌ند ساڵێكی سه‌ره‌تای تاراوگهبوونیان ئه‌م جۆره شیعره‌یان به‌رهه‌م هێناوه. دواتر پێ به پێ بۆ ناو شیعری بوونی كشاون. ره‌گه‌زی (سه‌ره‌كی) تێكه‌ڵی ره‌گه‌زی (لاوه‌كی) ده‌كه‌ن. له‌و كردار و كرده‌یه‌دا هه‌ست و سۆز و هاواری به ته‌وژم ده‌بن به ره‌گه‌زی لاوه‌كی.
هه‌ر كه‌سێك له‌كاتی ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز و هاواری به ته‌وژمدا. چ له (ئاخاوتن) و چ له (نووسین)دا شێوازی خۆیی بۆ دروست ده‌بێت. شێوازیش زانسته. مرۆڤ له كاتی ده‌ربڕینی هاواری به ته‌وژم و هه‌ست و سۆزدا شێوازیان لێك جیا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له ده‌ربڕینكردن و ده‌ربڕینی ئه‌قڵیدا شێوازیان لێك نزیك ده‌بێته‌وه. ئه‌و بۆچوونه نهێنییه‌ك نییه هه‌وڵی ئاشكرابوونی بۆ بدرێت.
له بنه‌ڕه‌تیشدا هاواری به ته‌وژم و سۆز له ناوه‌رۆكه هه‌ستییه‌كانی مرۆڤه‌وه په‌یدا ده‌بن و له ده‌ربڕیندا شێواز دروست ده‌كه‌ن. هاواری به ته‌وژم و سۆز له ناو چركه‌ی كورتخایه‌ندا گه‌رای خۆی داده‌نێت و له كتوپڕدا ده‌ترووكێت. زه‌مینه‌سازی بۆ نووسین پێكده‌هێنێ، یان دۆخی پرسیار و ورووژان و بیركردنه‌وه ده‌دۆزێته‌وه بۆ هاواری به ته‌وژم و سۆز و هه‌ست.
(دڵداره‌كه‌م پایزه گه‌واڵه‌یه‌ك نییه)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (سه‌ڵاح شوان)ه. ساڵی 1978 له دووتوێی 151 لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (دارالحریه للگباعه) له به‌غدا چاپ كراوه، شه‌ست و چوار شیعری تێدایه.
به‌سه‌ر سێ به‌شدا دابه‌ش كراوه.
به‌شی یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه (5 تا 66) چل شیعری له‌خۆ گرتووه.
به‌شی دووه‌م: لاپه‌ڕه (70 تا 120) هه‌ژده شیعری له‌خۆ گرتووه.
به‌شی سێیه‌م: لاپه‌ڕه (135 تا 145) شه‌ش شیعری له‌خۆ گرتووه.
گشت شته‌كان بسڕه‌ره‌وه
كچۆڵه‌ی زریانت دیوه
چۆن سوخمه و ژێركراسهكهی
له‌سه‌ر به‌فر هه‌ڵئه‌خات و
خۆی ئه‌كوژێت
كاروان مه‌كه
كاروان مه‌رگه و مانه‌وه‌شت دیسان مه‌رگه
كاروان مه‌كه
زه‌ردووی دارستان خوێنه‌كه‌ت
ئه‌فه‌وتێنێت
له جێگاكه‌ی خۆتدا كپ به
تا ئه‌م خوله‌ش ته‌واو ئه‌بێت
ئه‌وساكه ئه‌گه‌ڕێینه‌وه
ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌و منداڵی
له په‌ڵه‌یه‌كی رووناكدا هه‌ڵئه‌گرین
گه‌وره‌ی ئه‌كه‌ین
تا ئه‌بێته ده‌ریایه‌ك له گلێنه‌دا
یان ئه‌بێته خاڵێك له ناوكی له‌زه‌تدا
كاروان مه‌كه چونكه مانگ ئا له‌م شه‌وه‌دا
خۆی له‌سه‌ر دره‌ختی غه‌می په‌مه‌یی رووت ئه‌كاته‌وه
ئه‌وسا ئێمه‌ش بڕیار ئه‌ده‌ین
بمرین
یاخۆ نه‌مرین
گشت شته‌كان بسڕه‌ره‌وه
ئه‌وسا سه‌یری خۆت كه بوویته به گشت شتێك
تێكه‌ڵی ئاورنگی خه‌ونی به‌یانیان ئه‌بیت و ده‌ریا
شه‌ق ئه‌بات و
ده‌نگی دڵدارهكهتت به‌رگوێ ئه‌كه‌وێت
له بازاڕی كۆیله فرۆشانه‌وه بانگت لێ ئه‌كات
كاروان مه‌كه
كاروان مه‌كه
ده‌سا ئه‌ی به‌نه‌وشه‌ی سه‌رسام با پیس نه‌بیت بگه‌ڕێره‌وه ناو دڵی سه‌هۆڵبه‌ندان چونكه گه‌رما گیان و له‌شت بۆگه‌ن ئه‌كات له بیریشت نه‌چێت زه‌وی خولێكی تریشی ماوه غه‌م كۆترێكه گشت رۆژێك سێ جار به خوێنی به‌فره‌كه خۆی ئه‌شوات و به‌فره‌كه‌ش ناتوێته‌وه.
شاعیری نوێبه‌خش، سه‌ره‌تای نوێبه‌خشی له‌وه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كه نوێبه‌خش بێت له (پرسیار) و (ورووژان) و (بیركردنه‌وه)ی‌دا، ئه‌وجا ئه‌و سێ خاڵ و نیشانه‌یه كار پێ بكات و به ئاستدارییهكی داهێندراوهوه له ده‌قدا وه‌ك ناوه‌ند دایانمه‌زرێنێت و سه‌قامگیریان بكات. نموونه: وه‌ك له شیعری (كۆچێكی بێ سه‌رو شوێن)، یان شیعری (چرۆی به‌فر)، یان شیعری (پرۆمیسیۆس سه‌یری ئاسمان ناكات) ده‌رده‌كه‌وێت.
شاعیری حه‌فتایه‌كان هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك هه‌وڵدانی هه‌بوو بۆ كاركردن له‌ناو كولتوور و داستان و به‌یت و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كوردی….. تاد، به‌تایبه‌ت ناو خواستن له‌ناو كولتوور و داستان و به‌یتی كوردیدا، به‌ڵام له گه‌یاندنی ده‌ربڕیندا زۆرینه‌یان له یه‌ك ده‌چوون. زیاتر ناوه‌كانیان ده‌خواست و ده‌یانكردن به‌هێما و هێماپێكراو. كه‌متر كاریان له‌سه‌ر دنیابینی نه‌وتراو و نادیاری كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كرد، یان ناوهێنانهكان بههانهیهكن بۆ ئه‌وه‌ی داستان، یان به‌یته‌كان به‌بیری خوێنه‌ر بهێننه‌وه، یان له زه‌ینی خوێنه‌ری نزیك بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌قدا نییه. داهێنان له رێگای خود و هاواری به ته‌وژم و هه‌ست و سۆزی ئه‌وی¬تره‌وه به‌رهه‌م نایه‌ت.
داڕشتنێكی تۆكمه بۆ ئه‌م كاركردنهیان نه‌كراوه. ئه‌م كار بۆ نهكردنهش وه‌ك لاوازی و نه‌توانینێك تێبینی ده‌كرێت له داهێنانی شیعریدا و بنیادێكی شڵه‌ژاو به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
مۆسیقا له دهربڕینهكانیانهوه په‌یدا بووه، یان به دهربڕینهكانیانهوه دهیانبهستایهوه. له كاتێكدا مۆسیقا له زمانه‌وه په‌یدا ده‌بێت و له ده‌ربڕینی زمانی‌دا هه‌ڵده‌قوڵێت.
شیعری ئه‌م شاعیره قووڵایی خۆی بۆ لای تواناكانی زمان برد، له‌م رووه‌وه‌ش ن روانینێكی نیمچه كامڵ و خه‌مڵیوی بۆ ئه‌م ئه‌زموونه ده‌سته‌به‌ر كردووه. ئه‌زموونێك له ناخی خۆیه‌وه روو ده‌دات و پێگه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت و ده‌ست پێده‌كات.
رێگاكهرهوهیه بۆ دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی زمان. خواستی مۆسیقای شیعریشی پاراستووه و بردوویه‌تییه‌وه ناو پێكهاته‌ی زمان. دوولایه‌نه‌ی مۆسیقا و زمانی هه‌ستی گونجاندووه، ئه‌مه‌ش هاوئاستكردنی (مانا) و (ده‌نگ)ه.
زمان ناوه‌ندی پێكه‌وه گونجاندن و كۆكه‌ره‌وه‌ی ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی شیعره. هیچ شیعرێكیش به‌بێ بیركردنه‌وه‌ی زمان ناتوانێت بوونی سه‌ربه‌خۆیی خۆی دیاری بكات، زمان بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌وجا شیعر ده‌خوڵقێت و ده‌چێته ناو ئاستداری زمانه‌وه، ناوه‌رۆكیش خۆی له زمان جیاناكاته‌وه. له‌و باره‌دا ده‌توانین ئاستداری ناوه‌رۆك بۆ ئاستداری زمان بگه‌ڕێنینه‌وه.
ئێستێتیكا له رێگای زمانه‌وه ده‌ربڕینی لێ ده‌كرێت و جۆرێك شیعرییه‌ت به ره‌سته ده‌دات. ئه‌و ئێستێتیكایهی ناوه‌رۆك نه‌توانێت به‌ده‌ستی بهێنێت زمان به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، شیعرییه‌ت ده‌بێته دروستكه‌ری پێوه‌ندی له دڵه‌وه‌ی ناوه‌رۆك و زمان، یان (مانا) و (ده‌نگ).
كۆبه‌رهه‌م: دڵشاد مه‌ریوانی
شیعری واقیعی وه‌ك ره‌گه‌زێكی بایه‌خدار له كولتووری كوردستان و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا جێگای سه‌رنج و به‌ها بووه و روخساری خۆی داڕشتووه‌و ناهه‌موارییه‌كانی تا ناخ ئاشكرا كردووه. له‌م شێوازه شیعرییه‌دا رووداوێك سۆز ده‌جووڵێنێت و ئاماده‌ی ده‌كات بۆ دۆخی نووسین، ئه‌م سۆز جووڵانه به‌هۆی وشه‌وه ده‌بێته وێنه و كاریگه‌ری هه‌ستی كه‌م لێ ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه به‌شێكی سه‌ره‌كی پێكهاته‌ی وێنه‌كه كرداری گواستنه‌وه‌یه. له‌م دۆخه‌دا (خه‌یاڵ داهێنه‌ر نییه)، ئه‌قڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌و داوی پێوه‌ندییه‌كان گورج و خاو ده‌كاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌قێكی لێكدانه‌وه‌یه له باره‌ی رووداوێك، به‌ڵام له شیعری مه‌جازیدا (بوون)ێك كه ترپه و ئاوازێكی غه‌مگین ده‌هێنێته ناوه‌وه، خه‌یاڵ و هه‌ست و سۆز گه‌رم داده‌هێنێت و به‌هۆی وشه‌وه وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی په‌یوه‌ست به دۆخی ده‌روونی شاعیره‌وه دروست ده‌بێت، وێنه‌كه وێنه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌بێت، چونكه بینین بۆ یه‌كه‌م جار هه‌موو هێزی دۆزینه‌وه و ئاشكراكردنی كۆده‌كاته‌وه‌و له‌سه‌ری ده‌گیرسێته‌وه. بینینێك تێڕوانینی هه‌یه بۆ ژیان و ده‌وروبه‌ر و سروشت، له‌م دۆخه‌دا هێزی مه‌جاز و خه‌یاڵ به‌هۆی هونه‌ره‌كانی ره‌وانبێژییه‌وه داهێنه‌رن، هه‌ست گه‌وره‌تره له زه‌مینی واقیع. شاعیر له مه‌جازدا كار له باره‌ی شته به ئاسته‌م دیاره‌كان ده‌كات و ده‌یهێنێته ناوه‌وه، هه‌روه‌ها ناشكرێت شێوازه‌كان تێكه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین، یان شێوازێك به‌ناوه‌ندێكی گرینگ بزانین و ئه‌وانی¬تر به لاوه‌كی. هه‌موو شێوازێك به كارامه‌یی كاری له‌ناو بكرێت داهێنانی لێوه به‌رهه‌م دێت، ده‌بێت به‌ها به هه‌موو شێوازێك بدرێت و شوێنی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكرێت. له نیشتیمانی كورددا شیعرێكی داهێندراو نییه سیمایه‌كی جوانی به دیكتاتۆر دابێت. هه‌میشه ئه‌ده‌بی داهێندراو دژی سته‌مه و لایه‌نگری جوانی و مرۆڤپه‌روه‌ری بووه.
دڵشاد مه‌ریوانی به‌هره‌دار و كه‌سایه‌تییه‌كه له ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا، له كۆمه‌ڵێك هێڵدا تواناكانی خۆی تاقیی كردووه‌ته‌وه و به‌رهه‌مهێنه.
من لێره‌دا ته‌نیا له هێڵی شیعرییه‌وه لێی ده‌دوێم و له‌م بواره‌دا خاوه‌نی بیرێكی زاندراوه و جیهانی نه‌زاندراو و هه‌ستی راناگه‌یه‌نێت، ئه‌و جیهانه‌ی تێیدا كارایه به كه‌مێك گۆڕانكارییه‌وه دووباره وێنای ده‌كاته‌وه، له پله‌یه‌كی هۆشیاریدا پێویستییه‌كانی مرۆڤی ئه‌م جیهانه‌ی وێناكراوه، كار پێ ده‌كاته‌وه و له‌ناو رسته شیعرییه‌كانیدا دایده‌مه‌زرێنێت.
شاعیری واقیعبین خۆی سه‌رگه‌رمی ئه‌و شتانه ده‌كات، كه ده‌یانبینێت، یان به ئاسته‌م ده‌یانبینێت و گه‌وره‌ی ده‌كاته‌وه بۆ ئاستی باشتر بینین و ده‌ربڕین لێ كردن، به‌ڵام شیعر بۆ كه‌س نابێته ده‌ستوور و یاسا و بنه‌ما تا ژیانی له‌سه‌ر به‌ڕێوه ببات. ده‌شێ شیعرێك له سروشتی خۆیدا باش ته‌ماشای جیهانی كردبێت، پانتاییه‌ك بێت له‌وێدا بۆ نادیار بگه‌ڕێین.
له ئاسۆیه‌كی پڕ مانا و كاریگه‌ره‌وه، كولتوور له فۆرمی سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆڕسكه‌وه به‌كارده‌هێنێت و لێی نزیك ده‌بێته‌وه، دوای سوود وه‌رگرتن و به‌كارهێنان وه‌ك سه‌كۆیه‌ك له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت و خۆی راده‌گه‌یه‌نێت.
له‌كاتی نووسیندا ئاگاداری بارودۆخی ده‌روونی خۆیه‌تی چی له پێكهاته‌ی شیعره‌كه‌وه رووده‌دات، پێوه‌ندی به بارودۆخی ده‌روونی خۆیه‌وه هه‌یه و ئاشكرای ده‌كات.
مرۆڤ له‌ناو شیعره‌كانیدا ئاشقێكی تا هه‌تایه نییه، بگره ئاشقێكه به‌ره‌و رزگارییه‌كی دیاریكراو، له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كی مه‌ودا كورتدا ده‌جووڵێت. خولیا و تانوپۆی رسته‌كانی روون و له روون، پێوه‌ندییه‌كانی ره‌گه‌زی پێكهاته‌ی تا رهگوڕیشه قووڵ ناكاته‌وه، به‌ڵام هارمۆنییه‌ت و تهباییهكیان له‌نێواندا دروست ده‌كات و به دووری و ئاسۆی رۆمانسییانه و كه‌شوهه‌وای گۆڕانكارییه واقیعییه‌كان گرێیان ده‌داته‌وه. هه‌ندێك جاریش یاخییه‌كی تۆڵه‌ستێنه و توندوتیژی ده‌خاته‌وه، له‌كاتی هه‌ڵچوون و توندوتیژیدا شاعیر ناتوانێت بیر‌و هه‌ستی بخه‌مڵێنێت و به‌چاكی به‌كاری بهێنێت، پێوه‌ندییه ئێستێتیكییه‌كان له‌كاتی ئاسووده‌یی مرۆڤه‌وه خاڵی پێكهاته دروست ده‌كه‌ن و پێ ده‌گه‌ن بۆ به‌كاربردن و كارپێكردن. هاوشێوه‌ی سرووش و جووڵاندنی به ئاراسته‌ی نادیار و به‌ره‌و پرسیار چوون.
به‌سه‌ر واقیعی شێواودا شۆڕشگێڕه، شۆڕشگێڕییهكهشی په‌یامێكه له مرۆڤپهروهریدا ده‌یگه‌یه‌نێت و له‌گه‌ڵ كۆدا دایده‌مه‌زرێنێت. ئه‌و ئه‌زموونه‌ش له‌وه‌وه كه‌وتووه‌ته‌وه، كه خۆی له‌ناو شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی مه‌رگدا ژیاوه و تلاوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و جۆره ژیان و هه‌سته تراژیدییه‌وه لای كۆبووه‌ته‌وه و جۆشاندوویهتی و له قووڵاییه‌وه رایچڵهكاندووهتهوه، قه‌واره‌یه‌كی شیعری پێ ده‌دا و ویژدانی خۆی، یان ویژدانی نووسین ده‌دۆزێته‌وه.
ویژدانی نووسین، به‌تایبه‌تی شیعر بۆیه هه‌یه، تا ببێته په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ تیشكێكی نیگه‌ران و پێشبینییه‌ك بێت بۆ جوانی.
هه‌ستی ژیانبینی و پێشبینی له شێوازی ئه‌م شاعیره‌دا زۆر به‌هێز بووه‌و دیكتاتۆریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی به هه‌موو ئاسۆكانییهوه ده‌ركردووه‌و به به‌شێك له شیعره‌كانیدا هه‌ستی كۆتایی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و واقیعه دژواره دۆزیوه‌ته‌وه‌و تراژیدیا، یان كوشتن و شه‌هیدكردنی (خۆی) به ئاشكراترین شێوه وێنا كردووه. نموونه: وه‌ك له شیعری (وێنه)، یان له شیعری (ژووره‌كه)، یان له شیعری (برمه)، یان له شیعری (نهێنی نه‌كوشتن و نهنووستنم)، یان له شیعری (بۆ هاوڕێیانم)…..تاد، له‌باری تریشدا شیعره‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی گیانی گشتی كۆمه‌ڵگای كوردین و مرۆڤ به‌گشتی ئاماده‌بوونی تێدا هه‌یه و ده‌توانین شیعره‌كانی وه‌ك ناوه‌رۆك به بارودۆخی سیاسی نیشتیمانی شاعیره‌وه ببه‌ستینه‌وه، له‌م بهستنهوهیهدا ده‌رده‌كه‌وێت مامه‌ڵه‌یه‌كی وردی له‌گه‌ڵ واقیع و ده‌وروبه‌ری خۆی كردووه‌و ناسیویه‌تی، كه مێژووی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كه له سه‌رده‌مێكی ناله‌باردا به خولیای شۆڕشگێڕانه نووسیویه‌تی. پاشان واقیعه‌كه‌ی وه‌ك واقیعێكی نووسین نیشانداوه. له تیشكۆی نیشانداندا دیكتاتۆر و سروشتی دیكتاتۆری كردووه‌ته هێما و نیشانه. ئه‌م جۆره هێما و نیشانه‌یه‌ی كردووه به بنه‌ڕه‌تی كاركردنی ئه‌ده‌بی، له هه‌مان كاتدا شاره‌زای شێوه جیاجیاكانی ده‌ربڕینه. ئه‌م شێوازی ده‌ربڕینه بواری ئه‌وه به شاعیر ده‌دات تا مانا و تێگه‌یشتنی ژیانی كۆمه‌ڵگا له‌ناو رووداوه‌كان روون بكاته‌وه‌و هۆكاره‌كان به‌دوای یه‌كدا بهێنێ و رایبگه‌یه‌نێ. له كاركردن له واقیعدا شاعیر ناتوانێت شتێكی¬تر له‌وه‌ی هه‌یه زیاتر و تازه‌تر دروست بكات، گیانی شاعیر له‌ناو وشه و دێر و رسته‌دا ون ده‌بێت، به‌ڵام خه‌یاڵ و خه‌ون و یاده‌وه‌ری جیاكاری و دووری و ئاسۆی دیكه به‌رهه‌م ده‌هێنێت و گیانی شاعیر له‌ناو وشه و دێر و رسته‌دا بوونێكی به‌رجه‌سته ده‌بێ و ده‌بیندرێت و كاریگه‌ری و هێزی دروستكردن له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێته ناو واقیعی داهێنان.
(كۆبه‌رهه‌م)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (دڵشاد مه‌ریوانی)یه. ساڵی 2009 له دووتوێی 440 لاپه‌ڕه‌دا له چاپخانه‌ی (ئاراس) له هه‌ولێر چاپ كراوه، هه‌شت كۆشیعری له‌خۆ گرتووه.
كۆ شیعری یه‌كه‌م: فرمێسك و زه‌رده‌خه‌نه. لاپه‌ڕه (27 تا 82) چل شیعری تێدایه.
كۆ شیعری دووه‌م: ببن به تیشك. لاپه‌ڕه (86 تا 140) سی و شه‌ش شیعری تێدایه.
كۆ شیعری سێیه‌م: سه‌مفۆنیای وه‌نه‌وشه. لاپه‌ڕه (144 تا 168) په‌نجا و یه‌ك شیعری تێدایه.
كۆ شیعری چواره‌م: سه‌مای نێرگز. لاپه‌ڕه (171 تا 186) سێزده شیعری تێدایه.
كۆ شیعری پێنجه‌م: ئێمه‌ش له خۆشه‌ویستی ده‌زانین. لاپه‌ڕه (189 تا 195) حه‌فت شیعری تێدایه.
كۆ شیعری شه‌شه‌م: په‌لكه‌زێڕینه‌ش نامۆ مه‌كه‌ن. لاپه‌ڕه (199 تا 316) چل و نۆ شیعری تێدایه.
كۆ شیعری حه‌وته‌م: خه‌ونی سه‌ما دژه‌كان. لاپه‌ڕه (319 تا 352) چارده شیعری تێدایه.
كۆ شیعری هه‌شته‌م: عیشقی بێ نه‌خشان. لاپه‌ڕه (358 تا 440) شه‌ست و سێ شیعری تێدایه.
كۆی گشتی شیعره‌كان سێ سه‌د شیعرن.
برمه
كه چاوی به سینییه‌كه كه‌وت
جامخانهكهش وه‌ك ناو ده‌می
ئاوی تێ زا
حه‌زی له برمهیهك كرد و كابرا وتی به په‌نجا
به گیرفانیدا ده‌ستی گێڕا
پهنجاییهكه و یادی هاوسه‌ره‌كه‌ی ژینی
به‌ده‌ستییه‌وه هات
راما
كابرای برمه سه‌یری كرد
ئه‌م شه‌رم گرتی
دایه و برمهكهی لێ وه‌رگرت
كه چووه‌وه وتی
بێ تۆ برمهیهكم زه‌هر كرد و په‌شیمانم
به‌ڵام قه‌ینا
سبه‌ی كه معاشم وه‌رگرت
كیلۆیهكت بۆ ده‌كڕم
سبه‌ی كه معاشی وه‌رگرت
هه‌ر له كارگه‌وه بردییان
ئه‌فسه‌ره‌كه له زمانی برمه و حه‌زی نه‌ده‌زانی
هاوسه‌ره‌كه‌ی پاش هه‌فته‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی
شه‌وێك ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه
له‌جێی برمه
له جنفاسێكی زه‌ردباودا
باڵاكه‌ی ئه‌ویان بۆ هانی
زمان بڕوایه‌كه و هێزێكی پێداوین ده‌بێت له شیعردا ئه‌فسوونێك به‌ده‌ست بهێنێت و شاعیر له‌ناو ئهفسوونهكهدا بنووسێت و خوێنه‌ر بباته ئه‌و شوێنه‌ی، كه ئهفسوونهكهی لێوه هاتووه‌و فێری ئهفسوونناسی بكات، به‌ڵام ئه‌م زمانه روون و ئاهه‌نگدار بێت. ره‌نگه له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌و ئاشكراكردنی ئهفسوونهكهدا هۆشی كۆمه‌ڵگای تێدا بناسرێته‌وه.
شاعیر له كرده‌ی بوونی زماندا كاری نه‌كردووه. به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ری خۆی له بابه‌ته‌وه كۆكردووه‌ته‌وه، بابه‌ت له دوای نووسیندا نابێته كۆمه‌ڵێك هه‌ست و ئیماژه. ئه‌گه‌ر بتوانێت بابه‌ت دوای نووسین بكاته هه‌ست و ئیماژه، خوێنه‌ر هه‌رچه‌ند جارێك بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری دووچاری داچڵه‌كین و جووڵان ده‌بێت. ئه‌م داچڵه‌كین و جووڵانه هێزی داهێنان ده‌هێڵیته‌وه‌و له‌كاتی توانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ست و ئیماژه و شیعرییه‌تدا زیاتر گفتوگۆی له‌گه‌ڵ (نادیاری دایه) نه‌ك له‌گه‌ڵ (بابه‌ت و بیرێكی دیاریكراو). شاعیر هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانزانێت بیاننووسێت و بیانباته‌وه ناو سۆز، سۆزیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر مانا و وێنه و بنیاد به‌جێ ده‌هێڵێت. له هه‌ندێك باردا هونه‌ری داهێنان لاوه‌كی ده‌خات و زانیارییه‌كانی ناگوازێته‌وه ناو دووری و ئاسۆی داهێنان و بنیادی زمان. له‌م تێڕوانین و بۆچوونه‌وه كار له پێناو زیندووكردنه‌وه‌ی سۆز له ناو رواڵه‌تی واقیع و پاراستنی كه‌له‌پووری واقیع ده‌كات. كه‌واته (له خودی خۆیدا بیرناكاته‌وه)، ده‌چێته ناو واقیع و به‌هۆی رووداو و ناهه‌مواری واقیعه‌وه بیرده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش بینینی واقیعه وه‌ك گشتێك، واقیع وه‌ك گشت بینین ترسناكترین دووری و ئاسۆی كاركردنه له هونه‌ری داهێناندا.
به ده‌گمه‌ن داهێنان له‌م جۆره تێگه‌یشتن و بینینه‌وه به‌رهه‌م دێت، چونكه درێژبوونه‌وه‌ی واقیعه، به‌شێك نییه له پێكهێنانی واقیعی زیندوو.
شێوه‌یه‌كی زیندووی واقیع له هێزی درامی و به‌رزكردنه‌وه‌ی گیانه‌وه به‌رهه‌م دێت، كه هه‌ست باره‌كه‌ی خوڵقاندبێت و مه‌ودایه‌كی له‌نێوان ژیانی مرۆڤ و واقیع دانابێت. مه‌ودایه‌ك پانتاییه‌ك بێت بۆ هه‌ژانی ویژدان و بووژانه‌وه‌ی گیان.
(13/3/2010) بیست و دوو ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی تێپه‌ڕ ده‌بێ، له رێكه‌وتی (28/3/1947)دا له سلێمانی له دایك بووه، له رێكه‌وتی (13/3/1989) له شاری له دایكبوونیدا لاشه‌یان بزر كرد و گیانیان گواسته‌وه ناو زمانی ئه‌ده‌ب و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی.
ئه‌م ته‌مه‌نه كورته‌ی ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌وانه‌ی ته‌مه‌نی كیسه‌ڵیان هه‌یه. ئه‌وه‌ت لا ده‌بێته خاڵێكی باشبینین، كه بووه‌ته كه‌سایه‌تییه‌كی چالاك له میانه‌ی كاركردنی له بواری ئه‌ده‌بی واقیعیدا و توانیویه‌تی فۆرمێكی دیار بهێنێته ناو شیعری كوردییه‌وه.
به‌هۆی ئه‌و ئایدۆلۆژیا تایبه‌تییه‌ی هه‌یبوو، هه‌وڵی په‌روه‌رده‌كردنی میلله‌تی ده‌دا به‌ره‌و گۆڕان و باشتركردن و كردنه‌وه‌ی جیهان به‌ره‌و وتووێژێكی درێژ و نا كۆتا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م بینین و كاركردنه كاری رێكخراوی سیاسی، یان كۆمه‌ڵایه‌تی، یان په‌روه‌رده‌یی، یان مه‌ڵبه‌ندی ئه‌كادیمی، یان رێكخراوی ئایینییه…..تاد، دوا ئامانجی شیعر په‌روه‌رده‌كردنی هه‌ستی زمانی و ئێستێتیكییه له گیانی كۆمه‌ڵگای ته‌ندروستدا. ره‌نگه ژیانی كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌ناو مێژوودا فه‌رامۆش بكرێت، به‌ڵام ژیان له‌ناو ئه‌ده‌بی داهێندراودا مه‌حاڵه فه‌رامۆش بكرێت. ژیانی كۆمه‌ڵگای ته‌ندروست له‌ناو ئه‌ده‌بی داهێندراودا روخسارێكی بێگه‌رد و ته‌واو ئێستێتیكییه.
سه‌رم پڕیه‌تی له سێبه‌ر: سه‌ڵاح محه‌مه‌د
شیعر هه‌م خاكه و هه‌م هه‌موو ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه، كه له سه‌ریدا ده‌ژین. ئه‌فسانه به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانی پێشووه‌و له ناكاودا دێته‌وه ناو بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان و نوێبه‌خشی و خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و واقیع به‌ها و به‌هانه‌كانی قبووڵ ناكات، یان به دره‌نگه‌وه قبووڵی ده‌كات و هاوتا و هاومانای له‌گه‌ڵ خۆی رێكی ده‌خات. نوێبه‌خشی له شیعردا بڕوابوونی شاعیره به خودی به‌هێزی خۆی، كه خودێكی ئازا و ده‌گمه‌ن و جوانیویسته. كاتێك بوێری ئه‌وه ده‌كات ده‌ربڕین له دێرینی مرۆڤ و شێوازی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ردوون بكات و هه‌ست چۆن ده‌چێته ناو شته‌كان و له كردار و پێوه‌ندییه‌كاندا به‌شدار ده‌بێت. به كار و كارایانه رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت، چۆنیش زانیاری، یان سرووش و خرۆشی نووسین له خۆی نزیك ده‌كاته‌وه‌و وه‌ریان ده‌گرێت.
بوون ده‌بێته جێگای سه‌رنج و پرسیاری كاریگه‌ر ده‌هێنێته ناو چه‌ق و بیر له به‌ئه‌ده‌بیبوونی ده‌ربڕینه‌كانی ده‌كاته‌وه. نه‌ك له ناو سێبه‌ری رێبازه جۆر جیاكاره ئه‌ده‌بییه‌كان دابنیشێت و بۆ چالاكبوون و خۆبوونی خۆی، خۆری كزی ده‌سته‌وه‌ستانیی هێنده تینی پێ نه‌دات.
هاتنه ناو یه‌كی چه‌ندین شێواز و بیر و به‌ڕێوه‌بردن داگیری بكات و رێگای ده‌رخستنی پێوه‌ندییه هه‌ستییه‌كانی خۆی لێ بگرێت. له‌م رێگرتنهشدا شیعری نموونه‌یی و باڵا بزر ده‌بێت. له‌م باره‌دا نادڵنیایی چركه‌ساتی نووسین ده‌گه‌یه‌نن به چالاكبوون و خۆبوونی خۆی. شاعیر له ئاستێكدا، كه شیعرییه‌ت ده‌هێنێته ناو رسته و وێنه‌كانی له مۆسیقایه‌كی خوڕدا تاقی ده‌كاته‌وه، ماوه و مه‌ودایه‌كه خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی یاری و پێوه‌ندییه نادیاره‌كانی شیعره، هه‌ست و بیری خۆی به جۆرێكی ئێستێتیكی به‌كارهێناوه. وای ده‌بینێت هاوارێكی هێمنه له ده‌روونێكی برینداره‌وه پێت ده‌گات، له پله‌یه‌كی هۆشیاریدا چوارچێوه‌یه‌كی هه‌سته‌وه‌رانه‌ی بۆ دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆی به‌جێ هێشتووه، لاو هه‌میشه له ئاراسته‌یه‌كی كاریگه‌ردا بیرۆكه و هونه‌ری وریاكردنه‌وه وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م دیارده‌یه‌ی، كه نه‌یتوانیوه شێوازێكی به‌زه‌بر بێت و دابكشێته ناو نه‌وه‌ی دوای خۆی له وێنه‌ی ده‌ست لێدراو و گیراودا ماندووبوونی كه‌سی ناوه‌ندی ده‌قه‌كانی حهساندووهتهوهو وێنه‌ی خۆڕاپسكێنی نه‌خستووه‌ته ناو بیركردنه‌وه‌یان.
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دا ده‌كات، كه ده‌یانزانێت و هۆكاری ئازاره تایبه‌تییه‌كانی خۆی بوونه. خۆڕسكی و هه‌ستیارییه‌كانی راده‌كێشێته ناو ده‌ربڕینه‌كانی و دواتر ده‌ربڕینه‌كانی ده‌كات به شیعری یه‌كئاست، به‌ڵام پێوه‌ندییه‌كی ئه‌فسوونی هه‌ست پێ ده‌كات و له ئاراسته‌یه‌كی هۆشیاریدا ده‌سته‌به‌ری ده‌كات. نموونه: وه‌ك له شیعری (گۆڕستانێكی كۆچه‌ری)، یان له شیعری (كڕێوه)، یان له شیعری (ماڵه‌كه‌م)، یان له شیعری (گومان)، یان له شیعری (ئه‌زموونی با) ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌فسوونێك بۆ خوێنه‌ر ده‌خوڵقێنێت، كه له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بڕوات و دووچاری بێزارییش نه‌یه‌ت. به‌رده‌وام خورپه و نادیارییه‌ك چێژ و هێزی به‌دواداچوونی به‌رز ده‌كاته‌وه. (ئه‌مه گرینگییه‌كی تایبه‌ته به ئه‌فسوونی شیعرییه‌ت و به‌هره و ده‌ركه‌وتن.) له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خۆشی له شاعیرانی پێشه خۆی ناچێت و شیعرییه‌ت له خۆڕسكی خۆی هه‌ڵده‌قوڵێنێت و ترووسكاییهكهی ده‌كات به مه‌شخه‌ڵ. مه‌شخه‌ڵ به‌و مانایه نا وه‌ك: دیارده، یان ده‌ركه‌وته، یان رووداو. به‌و مانایه‌ی به روونی دیاری خستووه.
مۆرڤ، كه په‌نا بۆ سروشت ده‌با و وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی باڵای گیان تێی ده‌ڕوانێ خۆی له مه‌ترسیی دۆخ و دابڕانی زۆره‌ملێی و ناجێگیری واقیع به‌دوور ده‌گرێت. له‌و ماوه‌و مه‌ودایه‌دا شیعری سروشتی، یان رۆمانسی جۆرێك جێگای دڵنه‌وایی ئایین ده‌گرێته‌وه‌و هه‌ست تێیدا به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ پله‌ی ده‌سه‌ڵاتی گیان، نه‌مری و مانه‌وه و دۆنایدۆنبوون له زه‌ینیدا جێگا ده‌كاته‌وه. ئه‌م شاعیره زۆر كاری له‌ناو سروشت و هێماكانی سروشتدا كردووه، ئه‌مه‌ش وای كردووه، كه تێگه‌یشتن له شیعره‌كانی تاڕاده‌ی گۆرانییه میللییه‌كان ئاسان بێت. مرۆڤ له‌ناو سروشتدا په‌راوێز خراوه، ئه‌م ئاسته به‌رده‌وام ده‌بێت و به باری¬تردا ده‌گۆڕێت بۆ په‌راوێزخستنی سروشت له‌ناو هه‌ستی مرۆڤدا. مرۆڤ له پێكهاته‌ی بوون و نه‌بوون توخمی ناوه‌نده و سروشتی پێ به پیت و هه‌ستیار و به‌رهه‌مدار ده‌بێت. هه‌ستێكی گه‌رم ده‌گه‌یه‌نێته گیانداره‌كانی له‌سه‌ری كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام تاڕاده‌ی توانه‌وه ئاوێته‌ی سروشت نه‌بووه. رسته و وێنه‌ی واش ده‌بیندرێن سه‌رزه‌نشتی سروشت ده‌كات و توندڕه‌وی و دژایه‌تیكردنی پێوه دیاره.
شێوه‌یه‌كی نهدركێندراو له زماندا هه‌یه. ئه‌و شێوه نهدركێندراوه ده‌بێته ئاماژه و زمانی شیعری نموونه‌یی و باڵا.
له كرۆكدا شیعر په‌یامێكی زمانییه له ده‌ربڕینی ئێستێتیكادا. شیعر له زمان و شته‌كان پێكدێت، به‌ڵام زمان ناوه‌ندێكی راسته‌قینه‌یه و له رێكخستنێكی تایبه‌تی زمانی‌دا ده‌بێته شوێنێك، یان تایبه‌تكاریی شوێن بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی جوانییه‌كان، یان به‌یه‌كگه‌یشتنی پێوه‌ندیی جوانییه‌كان و ههستیاركردنیان له باری ده‌ركه‌وتن و پێكهێناندا.
زمان به ته‌نیا داهێنانێكی ته‌واو پێشكێش ناكات، بگره (زمان) و (شته‌كان) داهێنانی ته‌واو پێشكێش ده‌كه‌ن و ده‌بن به وێنه. ئه‌و زمانه‌ی شیعر به‌رهه‌م ده‌هێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ی چیرۆك و په‌خشان و رۆمان و شانۆنامه‌ی…..تاد، پێ ده‌نووسرێت ناكۆك نییه، یان ئه‌و زمانه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌گشتی به‌كاری ده‌هێنێت. شیعری نموونه‌یی و باڵا زمانی ئاسایی ناشێوێنێت، بگره ده‌یخه‌مڵێنێت و له‌ناكاو نائاسایی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ده‌یدۆزێته‌وه. له رێگای زمانه‌وه شته‌كان ده‌خاته سنووری خۆیه‌وه‌و ئاسۆی زمان و خه‌یاڵی شته‌كان له خۆیدا ده‌كاته‌وه.
داهێنه‌ر له به‌كارهێناندا هێزی وشه ده‌ناسێت، له كاروكردهی به رسته، یان به وێنهكردندا نهێنیی ئه‌م هێزه ده‌دركێنێت. ئه‌م شاعیره له به‌كارهێناندا وشه ده‌ناسێت، به‌ڵام له كاروكردهی به رسته، یان به وێنهكردندا نهێنیی ئه‌م هێزه‌ی پێ نادركێنرێت و نهێنی هێزی وشه نادۆزێته‌وه. له‌كاتی كێشانی وێنه‌دا خه‌یاڵی ناشێوێنێ. واته: ئه‌و خه‌یاڵه‌ی ده‌بێته ماوه‌و مه‌ودای وێنه لێڵی ناكات و رووبه‌ره‌كه‌ی به روونی پیشان ده‌دات.
كه‌واته ته‌نیا له چوارچێوه‌ی پاراوی وشه له رسته‌دا بایه‌خی به زمان داوه. زمان له‌ناو هه‌مووماندا بڵاوه و ته‌واوی كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می ده‌هێنێت. له به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره زمانه‌دا هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی شیعری و زمانی روونادات. وه‌ك ئه‌و زمانه میللییه‌ی مه‌قام و به‌یته كوردییه‌كانی پێ گوتراوه.
تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت له بیر‌و كاربۆكردنی داهێنه‌ربوونی ده‌ركه‌وته و دیارده نییه. ئه‌م جۆره خه‌یاڵكردنه له‌ناو بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا ته‌نیا مل به رۆشنبیره پاش خاپهرۆكهكان با ده‌دات. ئه‌گینا تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت له بیر‌و كاربۆكردنی داهێنه‌ر هه‌ره‌م نییه. هه‌موو شته‌كانی تێدا كۆببنه‌وه و ده‌ربكه‌ون.
شاعیر له هه‌ر جوانییه‌ك خرۆش و چه‌مك و هێزی گیانی و هونه‌ری داڕشتن وه‌رده‌گرێت. هه‌ر جوانییه‌كیش فۆرمێك و روخسارێكی جۆر جیاكاری هه‌یه. هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵگری روخسار و مانا و به‌ها و هێزی پیرۆزی خۆیانن. كه‌واته ئه‌و هه‌موو جوانی و فۆرمه چوون یه‌ك تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌ك تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت وه‌ربگرن، ئه‌وه به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك له درێژه‌ی به‌رده‌وامبوونی نووسیندا دووباره‌كردنه‌وه ده‌بێته دیارده‌یه‌كی بێزاركه‌ر. كه‌واته هه‌ر شیعرێك تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی هه‌یه. نه‌ك ئه‌زموونێكی به پیت و درێژ له‌ناو یه‌ك تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تدا گیری پێ بخۆیت و بوه‌ستێندرێت به‌و نیاز و بیانووه‌ی ده‌بێت تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت و له هێڵی كاركردن و به‌رهه‌مهێنانیدا وه‌ك ئه‌زموونێكی یه‌ك شێوه‌یی خۆی ئاشكرا كردبێت و ناسنامه‌ی بێت.
ئاوێنه یه‌ك روخساری بۆ ئێمه هه‌یه، به‌ڵام ئێمه یه‌ك روخسارمان بۆ ئاوێنه نییه. پێویسته ئه‌و بازنه‌یه بشكێندرێت و ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵوه‌شێته‌وه، كه گوتراوه ده‌بێت شاعیر ده‌ركه‌وته و تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، بگره ده‌بێت به‌هره‌ی به زانیاری مشتوماڵ بكات و ده‌ركه‌وتنی كاریگه‌ر و گراناییهك بخاته‌وه‌و له پێكهاته‌دا تایبه‌تكاری و خه‌سڵه‌تی خۆی بباته‌وه ناو (زمان) و (شته‌كان).
(سه‌رم پڕیه‌تی له سێبه‌ر)، ناونیشانی كتێبێكی شیعریی (سه‌ڵاح محه‌مه‌د)ه. ساڵی (2007) له دووتوێی (268) لاپه‌ڕه له چاپخانه‌ی (روون) له سلێمانیدا چاپ كراوه، ئه‌م شیعرانه‌ی تێدایه: (سۆراخ، ته‌رمی پۆسته‌كان، ئا ئێستا، سه‌ما له‌ودیوی ده‌رگا داخراوه‌كه، ته‌رمه‌كانی سه‌ر ره‌شه‌با، شێت، باخه ره‌نگاڵه‌كانی خۆكوشتن، سه‌مای گوڵه به‌فرینه‌كان، رۆژه بێ مه‌زاره‌كان، گوناهی ئاڵ، تهریوان، ساڵێكی تر، گۆڕستانێكی كۆچه‌ری، گوناه، گۆرانی، ترپه‌ی پێ، نیشتنه‌وه له ژێر بارانی ئێواره‌دا، گۆرانییه‌كانی كچه بچۆڵهكهم، ملوانكه‌یه‌كی زێڕ، په‌لكه‌زێڕینه، ساته‌كانی چه‌ند دره‌ختێكی به‌رباران، چاوه‌ڕوانی، قریشكه، دواین وێستگه، دڵم خستووه‌ته په‌رداخێ فرمێسكه‌وه، بۆ خۆشه‌ویسته شێته‌كه‌م، ده‌رگا، دیده‌نی، هانا، كڕێوه، چه‌ند به‌شێكیتری ونبوون، واگۆنی شه‌و، گه‌ڕان ، سێ هه‌ناسه، گڵۆپێكی شكاو، پاكبوونه‌وه، سه‌فه‌ر مه‌كه، ئێمه یه‌كتری ناناسین، ماڵه‌كه‌م، ورده شووشه، بڕوا بكه، تۆ وێنه‌ی، ئاسایی، دڵت به‌جێ بێڵه و بڕۆ، چه‌ند به‌شێكی تر له گیانێكی ته‌زیو، نه‌سره‌وتن، هه‌نگوینه خوێن، ئێواره‌یه‌كی په‌مه‌یی، بازۆڕییهكان ئێواران به‌ره‌و ئاسۆ هه‌ڵده‌فڕن، له‌سه‌ر شۆسته‌یه‌كی به‌جێماو، دۆخێكی تر، تۆ، باڵنده‌یه‌كی سپی، بێ تۆ، دڵیش تۆراو سه‌فه‌ری تر به‌ره‌و پایز، چرایه‌كی شكاو، دارستانێك بووه خۆڵه‌مێش، دڵه ئاسنییهكان، باڵنده‌كانی ئاو، دووكه‌ڵی نامۆیی، كۆچ، ته‌مه‌نی وه‌نه‌وشه، په‌پووله، له‌سه‌ر ئاگر، ئه‌ویش نانوێ، ئه‌و كاتانه‌ی جوانتر ئه‌بی، دوانامه له‌ژێر یه‌كێ له گڵۆپه‌كانی دار ته‌لێكی شه‌قامی شار، بۆ ئه‌و شه‌وه‌ی له‌یاد ناچێ، ملوانكه، چاوه‌كانت، گوڵه سپییه‌كان، ئیتر په‌رداخه‌كه شكا، گومان، سه‌رم پڕیه‌تی له سێبه‌ر، ماڵێك له ته‌م، كه‌سێ، ئای، دڵنیایی، ببووره لات نه‌مامه‌وه، مردن له‌ناو سه‌به‌ته‌یه‌ك هه‌ناسه‌ی شێداردا، به‌جێمانی دوا ئاهه‌نگه تاریكه‌كه، هێشتا، سكێچی سه‌عاته نه‌رمه‌كان، فیرده‌وسی ره‌ش، فیولین، كه له عیشق په‌ڕیته‌وه، سه‌ما، سوپاس، هه‌ناسه، ئێواره سارده‌كان، ئه‌زموونی با.)
سه‌فه‌ر مه‌كه
سه‌فه‌ر مه‌كه
دڵم ئه‌ڵێ ناتبینمه‌وه
فێره گریانێكی سه‌خت بووم
ده‌ستم پێكرد ژیر نابمه‌وه
دنیا ره‌نگی فرمێسكی ئینسانی گرتووه
خۆشه‌ویستی تابووتێكه
زۆر كه‌سی تیا پاڵكه‌وتووه
* * *
سه‌فه‌ر مه‌كه
ده‌با گۆرانییه‌كی ترمان بسووتێ
دڵمان گه‌رم بكه‌ینه‌وه
فێرین خه‌مێك
هه‌موو شه‌وێ
به‌سه‌ر رۆحماندا بده‌ینه‌وه
نه لێمان جیا ئه‌بێته‌وه
نه لێشی جیا ئه‌بینه‌وه
* * *
ئه‌م بارانه
هه‌موو هه‌ناسه‌كانی ته‌ڕ كردووه
ئه‌ستێره‌كانیش به رووتی
له‌ژێر باراندا نووستوون
تۆ نانویت و
دڵت له شه‌وی حه‌سره‌تدا لێ كه‌وتووه
بۆیه چاوانت دایه ده‌ست
ئه‌و منداڵه‌ی
كه خۆشی له‌م جه‌نجاڵییه‌دا لێ ون بووه
* * *
سه‌فه‌ر مه‌كه
ده‌رگا نییه نه‌كرێته‌وه
ته‌نیا په‌نجه‌ره‌ی رۆحی تۆ
جاران كه سه‌رم ئه‌نایه سه‌ر شانت
چۆله‌كه‌یه‌ك
له لێوه‌كانت هه‌ڵئه‌فڕی
دنیا ئه‌بوو به ره‌نگی تۆ
ئێستا نه تۆ
نه ئاوازێ
تێكه‌ڵاوی رۆحم نابێ
شه‌وان ورد ورد له خۆم ئه‌خۆم
چونكه نازانم تۆ بۆ كوێ و
ئه‌مشه‌ویش من
بۆ كوێ ئه‌ڕۆم
* * *
وه‌ره ئه‌مشه‌و
تاقه گوڵه نیگایه‌كت
به پهنجهرهكهمدا هه‌ڵواسه
ئیتر لای كه‌س نایگێڕمه‌وه
دڵم ماته
نه‌ك من
بگره دنیاش وه‌كو سه‌رم
ئه‌مشه‌و كاسه
* * *
باوانی من
ئه‌وه ده‌ریا
خۆت نه‌تئه‌وت
ئه‌یه‌وێ بگاته پانتایی دڵه‌كه‌ی تۆ
ئێستا بۆ بوویته مه‌زارێ
دڵۆپێكیش ناگرێته خۆ
ئه‌گه‌ر ویستمان دۆخ و راده‌ی ئێستێتیكای كۆمه‌ڵگایه‌ك بناسین، بار و بوار ئه‌وه‌یه شاعیره باشه‌كانیان بخوێنینه‌وه، پێشاندانی راده‌ی ئێستێتیكا ده‌بێـته هێز و توانای گۆڕانكارییه‌كان، هێز و توانای گۆڕانكاری له شێوازی ئه‌ده‌بدا له منداڵدانی (زمان) و (شته‌كان)دا له دایك ده‌بێ. شێوازی شیعری دوور نییه له شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ئازا و ده‌گمه‌ن و جوانیویستی خودی شاعیر خۆی. هه‌ستیارییه‌كانی به‌رانبه‌ر به بوون و دیارده خودییه‌كانی تێكه‌ڵ به دیارده سروشتییه‌كان ده‌كات له گۆشه‌یه‌كی دیاریكراودا و به بیرێكی رۆمانسییانه‌ی مه‌ند و بێ كه‌فوكوڵ و داماڵدراو له هه‌ڵچوون به دوای پرسیاره‌كانی سروشتدا نهێنیخوازه. رۆمانسییه‌ت زیاتر بیری مردنه و مردن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ بنه‌ڕه‌تی ژیان و ترس له هه‌ناو و جه‌سته‌ی سروشت به‌رجه‌سته ده‌كات. بۆ شاعیری رۆمانسی هیچ شتێك له سروشتی پاك بههرهبزوێن و سه‌رسوڕهێنه‌رتر نییه. ئه‌فسوونی گه‌رم و به‌رده‌وامی ده‌داتێ و هه‌سته‌كانی ده‌هێنێته دۆخی هه‌ست به جوانیكردنی نووسین و تواندنه‌وه‌ی خود له كرداری نووسیندا. نووسینێك له قووڵاییه‌كی شاراوه‌دا بۆ ئاستی پێشاندان و بینین به‌رز ده‌كرێته‌وه.
ئه‌م كتێبه له گشت‌دا وه‌ك شێواز و بابه‌ت و زمان شیعرێكی یه‌كگرتووی درێژه، له رواڵه‌تدا چه‌ند ناونیشانێكی لاوه‌كی ئه‌م گشته یه‌كگرتووه‌ی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناونیشانه لاوه‌كییانه هه‌ڵبگیرێن و هێڵی ده‌ستپێكردن و كۆتایی هاتن روونتر ده‌رده‌كه‌وێت.
سه‌لماندنی بوونی ده‌روون له شیعردا و پاشان ناساندنی له هێڵێكی ته‌واودا مه‌حاڵه، راز و خولیا و گومانه كه‌سییه‌كانی شاعیر (كه‌سی ناوه‌ند) ئاسۆیه‌ك دروست ده‌كه‌ن و له‌ناو تۆڕی به‌كارهێناندا كۆیان ده‌كاته‌وه. خوێنه‌ریش زیندووێتی پێ ده‌دات بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون.
پێكهاته‌ی گشتی كتێبه‌كه یه‌ك بنیاد و یه‌ك زمان و یه‌ك ترپه و ئاواز و یه‌ك بابه‌ت، یان ده‌ربڕین و ده‌ربڕینكردن، یان شێوازی ده‌ربڕین و ده‌ربڕینكردن ئاست و ئاراسته‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و به‌هۆی ره‌وانیی زمان مانا و مه‌به‌ست به روونی ده‌گه‌یه‌نێت، یان په‌یامی خودێكی ئازار چه‌شتوو ده‌گه‌یه‌نێت. له كاتێكدا مه‌به‌سته ناوه‌كییه‌كانی شیعر په‌یامێكی زمانییه و سروشته تایبه‌تییه‌كانی ئێستێتیكای پێ ده‌خوێندرێته‌وه.
شاعیر له‌م كتێبه شیعرییه‌دا به مێشكێكی نائارام و نائاسوودهوه ده‌چێته ناو كاروكردهی نووسینه‌وه و خودی جهزرهبهدراو و ئازارچه‌شتووی خۆی پێ نووسیوه‌ته‌وه. هه‌ست به نامۆیی بوونی خودی خۆی زۆر زاڵه و كۆی ئازاره‌كانی تێدا ده‌رخستووه، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، به راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك، شاعیر ژیاننامه‌ی تایبه‌تی خۆی تۆمار كردووه. منی ناو ده‌ق و هه‌موو منه‌كان منی راسته‌قینه‌ی شاعیرن، ده‌كرێت وه‌ك ناوه‌ند نه‌زانراوه‌كانی لێوه بزانین، یان به دوایاندا بگه‌ڕێین. به‌هۆی به‌رده‌وامیی ئه‌و هه‌ست به نامۆییكردنهش ئه‌زموونی كراوه‌و كاریگه‌رتر و خه‌مڵیوتر بووه.