بۆچوونی ساده و نووسه‌ری ناسراو
” خه‌ونی ئازادی ، ترسی به کۆیله‌بوون ” ، ئه‌و نووسینه‌یه که مێژوو دابڕ دابڕ و بابه‌ته‌کان تێکه‌ڵوپێکه‌ڵ و بیرکردنه‌وه‌مان به ڕاستییه‌کان نامۆ ده‌کات . به‌ڕێز د. مه‌ریوان ووریا قانیع له‌وه له‌پێشتره که به‌و ساده‌ییه تێڕامانی خۆی له دیارده‌کان بخاته ڕوو . د. مه‌ریوان له په‌ره‌گرافی یه‌که‌مدا باس له خه‌ونێکی گه‌وره و ترسێکی گه‌وره‌ی مرۆڤی کورد ده‌کات له سه‌ده‌ی بیست دا . خه‌ون به ئازادی و ترس له کۆیله‌بوون که بابه‌تی سه‌ره‌کی ووتاره‌که‌ی پێکده‌هێنێت ، مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی سه‌ده‌ی بیستی پێده‌ناسێته‌وه . نووسه‌ری به‌ڕێز له‌م بوواره‌دا بازنه‌یه‌کی بچوك بۆ هه‌ڵسووڕانی بیره‌کانی دیاری ده‌کات . واته ئاره‌زوومه‌ندانه مه‌یدانی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی به‌رته‌سك ده‌کاته‌وه . خه‌ون به ئازادییه‌وه ، نه به ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی بیست ئابڵۆقه ده‌درێت و نه له کۆمه‌ڵگای کوردیش‌دا له‌قاڵب ده‌درێت . خه‌ون به ئازادییه‌وه ، چ به پانتایی جیهان و چ به درێژایی مێژوو ، هه‌میشه به‌شێکی به‌رجه‌سته‌ی بیرکردنه‌وه‌کانی مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه بووه . ترسیش له کۆیله‌بوون به هه‌مان پانتایی جیهان و به هه‌مان درێژایی مێژوو ، به‌شێکی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه‌کان بووه . هه‌بوونی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان له جیهاندا ، دژ به ئازادی تاك و دژ به یه‌کتری و له هه‌مان کاتیش‌دا هۆکارێکی دروست بوونی کۆیلایه‌تیین . تا ئه‌م دابه‌شکردنه نه‌ته‌وه‌ییه له جیهاندا مابێت ئه‌م ترسی به کۆیله بوونه‌ی له‌مه‌ڕ ” مه‌ریوان ” یشه‌وه هه‌ر ده‌مێنێت . به جێگۆڕکێ پێکردنی کرده‌ییانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوونی مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ به جهانی بوونی ، گرفتی به کۆیله کردنی نه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت . زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆ ، با له ڕووکاریشدا ئازاد بن ، به‌ڵام له ڕاستیدا ، ئازاد نیین . ئه‌و ئازادییه‌یان ته‌نیا به په‌یوه‌ست به پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاته زلهێزه‌کانه‌وه له ئارادایه .
هه‌بوون و پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه ، هه‌میشه ئامڕازی سه‌رکوتی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بووه . به ناوی نه‌ته‌وه‌یی بوون و خزمه‌ت کردن به نه‌ته‌وه و خاکی نه‌ته‌وه ، مرۆڤه‌کان له ده‌وری سه‌رکردایه‌تییه‌کی سیاسی کۆکراونه‌ته‌وه و به گوێره‌ی به‌رنامه‌ڕێژی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه ، ئاقاری بیرکردنه‌وه و ژیان به‌سه‌ربردنی تاکه‌کان دیاری کراوه . مه‌سه‌له‌که ” واته نه‌ته‌وه‌چێتی له جیهاندا ” پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به تاکه‌کان و تێڕوانینیانه‌وه هه‌بێت ، په‌یوه‌ندی به جیهانییبوونی دیارده‌که و کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی ململانێکان و کو‌لتوور و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و خێزانه‌وه هه‌یه . له بارودۆخێکی ئاوادایه که تاکه‌کان ، ئاره‌زووه‌کانی ده‌سه‌ڵاتخوازی و خاوه‌ندارێتی و مه‌زنگه‌رایی و ئاینده‌خوازیی و لۆژیکپه‌روه‌رییان ، ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه به مرۆڤایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌گرنه به‌ر .
لای د. مه‌ریوان ، له په‌ره‌گرافی دووه‌می ووتاره‌که‌یدا ، مێژووی ئینسانی ئێمه له سه‌ده‌ی بیست دا و له ئه‌نجامی تێکه‌ڵ بوونی ئه‌و خه‌ون و ترسه‌وه ” خه‌ونی ئازادی ، ترسی به کۆیله‌بوون ” ده‌گۆڕدرێت به مێژووی سیاسی و له هه‌بوونی ووشیارییه‌کی سیاسییشه‌وه ، ووشیاریی فکری و مه‌عریفییشمان به‌ده‌ست ده‌هێنیین . مێژووی ئینسانی ئێمه بۆ ته‌نیا له سه‌ده‌ی بیست دا ده‌گۆإڕدرێت به مێژووی سیاسی ؟ مێژووی سیاسی کامه‌یه و له کۆێ و که‌ی ده‌ست پێده‌کات ؟ بۆچی هۆشیاری سیاسی ده‌بێت به بنه‌مای لێوه‌هه‌ڵسانی هۆشیاری فکری و مه‌عریفیمان ؟
مه‌به‌ستی د. مه‌ریوان له ئینسانی ئێمه ، ئه‌گه‌ر مرۆڤی کورد بێت ، ئه‌وا مێژووی کورد ، مێژووی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگییه‌کان و مێژووی کو‌لتوور و ئایین زمان و ….هتده ،، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی له مێژووی ئینسانیی ” واته مرۆیی بوون ” بێت ، ئه‌وا له نێوان سیاسه‌ت و مرۆیی بووندا جیاوازییه‌کان زۆرن . به هه‌ر بارێکیشدا بێت ، قسه‌وباسه‌که‌م له‌سه‌ر مێژووی سیاسییه . مێژووی سیاسی ، با سه‌باره‌ت به کوردیش بێت ، زۆر واوه‌تره له سه‌ده‌ی بیسته‌م . مێژووی سیاسی ، مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه . ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، به‌رئه‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تییش ، به‌رئه‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی تاکایه‌تییه . واته له دوایین لێکدانه‌وه‌دا ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، ده‌سه‌ڵاتی تاڵانکراوی تاکه‌کانه . سه‌یره‌که لێره‌دا و لای ” د. مه‌ریوان ” ه‌وه ئه‌وه‌یه ، ئه‌وه‌ی که به لایدا ناچێت ، ده‌سه‌ڵاتی تاکایه‌تییه .
ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌کان که به‌رئه‌نجامی ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن ( ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییانه لێره‌دا به سه‌رتاپاگیر به‌کاریان دێنم و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته فکری و مه‌عریفی و ئایینی و ….هتده‌کان به خۆوه ده‌گرن ) ، بۆ ڕێکخستنی په‌ره‌سه‌ندووانه‌ی ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دیاری کردنی ئاراسته‌ی چوونه‌پێشه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و بردنی کۆمه‌ڵگا به ئاقاری ڕێکخستن و مانه‌وه و دابیین کردنی ئاساییشدا بۆی ، هاتوونه‌ته ئاراوه . مێژووی ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌کان نه‌ك هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی ده‌وڵه‌ت – شاره‌کان ، به‌ڵکو مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵاته تاکایه‌تییه‌کان . ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ئاوه‌له‌مه‌یی له ناو ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بوونی هه‌بووه . ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که به‌رئه‌نجامی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵاته تاکایه‌تییه‌کانن ، له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری سته‌م و هونه‌ری تاڵان کردن و توخمی چوونه پێشه‌وه ” ڕانه‌وه‌ستان ، به‌ڵام ئه‌ڵبه‌ته به ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه به گه‌ڕانه‌وه ” و په‌ره‌سه‌ندنن . ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌کان که به شاراوه‌یی و ئاوه‌له‌مه‌یی ” جه‌نین ” له ناو ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هه‌ن ، ڕێك به‌و مانایه دێت که له ناو ئه‌و سته‌م و تاڵان کردن و چوونه پێشه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنانه‌دا هه‌ن .
په‌یدا بوونی فکر و زانین و چوونه پێشه‌وه‌یان ، نه‌ك هه‌ر له هیچ قۆناغێکدا له سیاسه‌ته‌وه سه‌رچاوه ناگرن ، به‌ڵکو له بنه‌ڕه‌تدا و له باری مێژووییه‌وه په‌یوه‌ست بوون ” په‌یوه‌ست بووگن ” به جیهانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ و ململانێی ئه‌و له‌گه‌ڵ سروشتدا . له ڕاستیدا سیاسه‌ت بۆخۆی له لایه‌نێکیدا به‌رهه‌می ئه‌وانه . ئه‌گه‌ر هۆشیاری فکری و مه‌عریفی کورد له سه‌ده‌ی بیستدا ئاماده نه‌بووبێت ، هۆشیاری سیاسی به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نه‌ده‌بوو . هه‌موو جۆره خه‌ونێکی ئازادی پێش ئه‌وه‌ی به سیاسه‌ته‌وه په‌یوه‌ست بێت ، په‌یوه‌سته به جیهانی ئاره‌زووه‌کان و پله‌ی پێگه‌یشتنی بیرکردنه‌وه‌کانه‌وه لێی . تا بیر له ئازادی نه‌کرێته‌وه ، وه‌کو بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاره‌زووگیر و لۆژیك ئامێز ، چۆن بیرکردنه‌وه‌ی سیاسییانه و کاری سیاسییانه‌ی بۆ ده‌کرێت ؟ سیاسه‌ت له بردنه پێشه‌وه‌ی فکر و مه‌عریفه‌دا ده‌وری نێگه‌تیڤانه‌ی هه‌بووه . واته ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت به پێی پێداویستی چوونه پێشه‌وه‌ی خۆی ، ده‌ستی نه‌گرتایه به‌سه‌ر فکر و مه‌عریفه‌دا ، ئێستا فکر و مه‌عریفه‌ی مرۆڤ له شوێنێکی تر ده‌بوو . هه‌ر به ته‌نیا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له سانسۆره‌کان له مه‌یدانه ڕۆشنبیرییه‌کاندا ، له‌وانه‌یه به‌س بێت بۆ تێگه‌یشتن له ده‌وری نێگه‌تیڤانه‌ی سیاسه‌ت له مه‌یدانی فکر و مه‌عریفه‌دا .
له په‌ره‌گرافی سێیه‌مدا هۆشیاری دینی و جوانناسی و فکری ، ده‌به‌ستێته‌وه به سیاسه‌ته‌وه و گوایه کاریگه‌ری سیاسی و ساته‌وه‌ختی سیاسی له ناو ئه‌و هۆشیارییانه‌دا به به‌رده‌وامی هه‌بووه . له نموونه هێنانه‌وه‌شدا بۆ جوانناسی ، سروشت ده‌باته ناو نیشتمانه‌وه و له‌وێوه ناچار به ووردبوونه‌وه و تێگه‌یشتنمان ده‌کات لێی . له‌م په‌ره‌گرافه‌دا شایانی باسه که نکوولی له هۆشیاری دینی و جوانناسی و فکری ناکات ، به‌ڵام هه‌بوونی کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی سیاسه‌ت له سه‌ریان جێگای پرسیاره .
هۆشیاری دینی له کوردستاندا له هیچ کاتێکدا نه‌که‌وتووه‌ته ژێر کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه . بوونی نه‌ته‌وه چوارچێوه‌یه‌ك بووه بۆ پیاده کردنی ده‌سه‌ڵاتخوازی . هیچ لایه‌نێکی سیاسی له جه‌وهه‌ردا له پێناوی ئازادی و یه‌کسانی و سه‌روه‌ری ئه‌ندامه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا خه‌باتی نه‌کردووه ، به‌ڵکو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه و فکری نه‌ته‌وه‌یی و خاکی نه‌ته‌وه‌ی کردووه به ئامڕازی به‌دیهاتنی خه‌ونه‌کانی . هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ك کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دینی ئیسلام نه‌بووه له کوردستاندا ، به‌ڵکو هۆشیاری دینی بۆخۆی ڕێگر بووه له‌به‌رده‌م هاتنه پێشه‌وه‌ی هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌ییدا . به سیاسه‌ت کردنی دین و نه‌ته‌وه و نیشتمان ، له ده‌سه‌ڵاتخوازییه تاکایه‌تییه‌کان و زه‌مینه‌سازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن . هه‌رچه‌نده هۆشیاری دینی و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی ، مێژوویه‌کی درێژیان له ناو ناخی مرۆڤه‌کاندا هه‌یه ، به‌ڵام هۆشیاری دینی له مێژوودا و سه‌باره‌ت به کوردستان ، جێگایه‌کی گه‌وره و گرانی له چاو هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییدا بۆخۆی داگیر کردووه .
هه‌موو هۆشیارییه‌کی سیاسی له دواجاردا له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه . هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسییش ، ئه‌گه‌ر دینی بێت و ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یی بێت ، له دواجاردا دین و دینداره‌کان یان نه‌ته‌وه و فکری نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات به قوربانیی بۆ ئامانجه سیاسی و ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌کانی خۆی . دین و هۆشیاری سیاسی دینی چۆن له یه‌کتره‌وه جیاوازن ، نه‌ته‌وه و هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌ییش ، ئاوا له یه‌کتری جیاوازن . هۆشیاری سیاسی دینی چۆن به دژی دینداره‌کان ته‌واو ده‌بێت ، هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌ییش له دواجاردا به دژی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه ته‌واو ده‌بێت . ئه‌م دژایه‌تی کردنه‌ی دینداران و ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه ، په‌یوه‌ندییان به فکری دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه نییه . ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که له‌م نێوه‌دا هه‌ن و به دژی ” تاك ” ه دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان په‌یدا ده‌بن ، په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان فکر و سیاسه‌ته .
به‌و بڕه‌ی په‌یوه‌ندییه فکرییه‌کان ، چ دینی بن و چ نه‌ته‌وه‌یی بن ، له قاڵبی سیاسه‌تدا داده‌ڕێژرێنه‌وه ، به‌و بڕه سه‌رکوت بۆ تاکه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت . ناکرێت سیاسه‌ت بکرێت و سه‌رکوت نه‌کرێت . سه‌رکوت کردن له هه‌ناوی سیاسه‌تدا هه‌ڵگیراوه . سیاسه‌ت به‌رئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و پاشکۆ پێکردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانییه . سیاسه‌ت ئامڕازی گه‌شه‌کردووی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگایه به ده‌وری به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیدا . سیاسه‌ت له په‌یوه‌ست بوونه‌وه‌یدا به هه‌ر فکرێکه‌وه ( فکر له مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ” جا ئه‌و فکره دینی بێت وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی و کولتووری و نیشتمانی و چینایه‌تی و ….هتد “) ، ئه‌و فکره به توندوتیژی بارگاوی ده‌کات .هیچ سیاسه‌تێك نییه له دنیادا نامرۆییانه نه‌بێت . به سیاسه‌ت کردنی فکری دینی و نه‌ته‌وه‌یی ، به واتای بارگاوی کردنی ئه‌و دوو فکره دێت به توندوتیژی .هه‌رچه‌نده فکری دینی و نه‌ته‌وه‌یی، به داماڵینیان له سیاسه‌ت، هه‌م تاکایه‌تی ده‌بنه‌وه و هه‌م ماڵئاواییش له سه‌رکوت ده‌که‌ن ، به‌ڵام هیچ فکرێکی دینی وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی هێنده فراوان نابێته‌وه که مرۆڤایه‌تی به خۆی پێوانه بکات . {به هۆی هه‌بوونی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و مرۆیی بوونی فکره‌کان ” واته فکره‌کان ده‌ستکردی مرۆڤه‌کانن ” و ڕاپێچ کردنی ئه‌و فکرانه بۆ ژێر سایه‌ی ئاره‌زووه تاکایه‌تییه‌کانی مرۆڤه‌کان و کزیی له ڕۆشناییه‌کان تیایاندا ” وه‌ڵامی زۆر و پرسیاری که‌م ” ،، به دواکه‌وتن و بیرته‌سکی و دۆگم ” جمود ” بارگاوی ده‌بن و زه‌مینه‌ی سیاسی بوونیش بۆخۆیان فه‌راهه‌م ده‌که‌ن . ئاله‌م بارودۆخه‌دایه که هیچ فکرێکی دینی و نه‌ته‌وه‌یی ناتوانێت له هیچ کۆمه‌ڵگایه‌کدا به پاکله‌مه‌یی بێته ده‌ره‌وه . } . واته هیچ فکرێکی دینی وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی ناتوانێت له‌سه‌ر ئاستی جیهان ، ویسته‌کانی خۆی و مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کدا بگونجێنێت . فکری دینی وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌نده پێویستی به مرۆڤایه‌تی هه‌یه که له چوارچێوه‌ی مه‌رامه‌کانی ئه‌مدا جووڵه به جیهانیی بوونی خۆی بکات . فکری دینی وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ویست و جیهاندارێتی مرۆڤایه‌تیدا ، هه‌میشه له ناکۆکییه‌کی به‌رده‌وامدا بووه . هیچ فکرێکی دینی وه‌یان نه‌ته‌وه‌یی ، نه‌یتوانیوه ئازادی مرۆڤی تاك به فه‌رمی بناسێت . به فه‌رمی نه‌ناسینی ئازادی مرۆڤی تاك ، به‌ر له هه‌موو شتێك ، به مانای به فه‌رمی ناسینی سه‌رکوت کردنی دێت . له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م به فه‌رمی ناسینی سه‌رکوت کردنی تاکه‌وه‌یه که به شێوه‌یه‌کی گشتی ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌داران باس له ئازادییه‌کان ده‌که‌ن .
” د. مه‌ریوان ” یش له‌سه‌ر پێشێل کردنی ئازادی تاکی سه‌ربه‌خۆوه نه‌بێت ، ناتوانێت باس له ئازادی بکات . لای ئه‌م به‌ڕێزه‌وه ئازادی نه‌ته‌وه‌یی پێش ئازادی مرۆڤایه‌تی ده‌که‌وێت . خۆشه‌ویستی نیشتمان ، پێش خۆشه‌ویستی گۆی زه‌وی ” جیهان ” ده‌که‌وێت . مێژووی نه‌ته‌وه پێش مێژووی کۆی مرۆڤه‌کانی دنیا ده‌که‌وێت . نه‌ك هه‌ر له‌م لایه‌نه‌وه ، به‌ڵکو له لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌شه‌وه ، ئازادی نه‌ته‌وه پێش ئازادی تاك و خۆشه‌ویستی نیشتمانیش پێش خۆشه‌ویستی ماڵ و شوێنی له دایکبوون ” وه‌کو گوند و دێشار و شارۆچکه و شار ” و ناوچه و خۆشه‌ویستی مێژووش پێش خۆشه‌ویستی ته‌مه‌ن ده‌که‌وێت .
تێڕوانینی من بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمان له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤی تاکه‌وه هه‌ڵده‌ستێت . به چ ڕاده‌یه‌ك نه‌ته‌وه و نیشتمان به قازانجی مرۆڤی تاك ده‌گه‌ڕێنه‌وه ، به‌و ڕاده‌یه و له‌سه‌ر بنه‌مای جیهانیی بوونی تاکه‌وه و له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، ده‌ست پێوه‌گرتنیان پێویسته . ڕێز گرتن له مافی جیهانێتی تاك له ناو نه‌ته‌وه‌دا ، به فه‌رمی ناسینی پیاده کردنی ئازادییه‌کانیه‌تی . به فه‌رمی ناسینی ئازادییه‌کانی تاکی جیهانییش له ناو نه‌ته‌وه‌دا ، به فه‌رمی ناسینی پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کانیه‌تی . به فه‌رمی ناسینی پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کانی تاك له ناو نه‌ته‌وه‌دا ، له چوارچێوه‌ی یه‌کسانییه‌کی ته‌واوی هه‌موو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌دا ده‌بێت . واته هه‌موو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه ، یه‌کسانانه ، بتوانن ئاره‌زووه مرۆییه‌کانی خۆیان پیاده بکه‌ن . ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه و نیشتمان نه‌توانن پیاده بوونی ئه‌م ئاره‌زووه مرۆییانه‌ی مرۆڤه‌کان بگرنه خۆیان ، ئیتر نه‌ته‌وه په‌رستی و نیشتمان په‌رستی چ مانایه‌کیان ده‌بێت ؟ ئایا د. مه‌ریوان ئاماده‌یه ، ئازادی له پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کاندا ، بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌ی ، به بێ جیاوازی ، به فه‌رمی بناسێت ؟ بێگومان نه د. مه‌ریوان و نه هیچ نه‌ته‌وه په‌رستێکی دیکه به‌و جۆره ئازادییانه ڕازی نابێت . ئاخر ڕازیبوون به‌و ئازادییانه ، له جه‌وهه‌ردا ، ڕازی بوونه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه .
نه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای بوون و به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه مانای سیاسی به‌خۆوه گرتووه و وه هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به به‌رده‌وامی پێناسه ده‌کرێته‌وه . نه‌ته‌وه به مانا سیاسییه‌که‌ی دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه وله هه‌ناویشیدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێك ناکۆکییه . بچووك بوونه‌وه و گه‌وره بوونه‌وه‌ی به پێی بارودۆخه‌کان و یه‌کگرتن و وه‌ستانه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا و هاتنه‌وه و نه‌هاتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا ، کۆمه‌ڵێك له‌و ناکۆکییه ناوه‌کییانه‌ن که نه‌ته‌وه بۆ هه‌میشه هه‌ڵگری بووه و هه‌ڵگریشیه‌تی . نه‌ته‌وه که ده‌رهاویشته‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه ، وه‌کو بوونه سیاسییه‌که‌ی ، له‌سه‌ر پێشێل کردنی ئازادی تاکه‌وه له دایك بووه . ئازادی تاك و مرۆڤایه‌تی و به‌جیهانیی بوون ، له یه‌کتری جیانابنه‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه که ده‌که‌وونه سه‌نگه‌ری دژ به چه‌مکی سیاسیبوونی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه په‌رستییه‌وه .
له په‌ره‌گرافه‌کانی 4 و 5 و 6 دا نووسه‌ری به‌ڕێز باس له ” به‌عس ” و دابه‌ش بوونی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر به‌عسی بوون و به‌عسی نه‌بووندا ده‌کات . ئه‌م به‌ڕێزه ” به‌عس ” وه‌کو دیارده‌یه‌کی دابڕاو له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و سیستمی نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالاری و ده‌سه‌ڵاته تاکایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان ده‌بینێت .جگه له‌مانه‌ش به‌عس به دابڕاوی له کو‌لتوور و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئاستی
هۆشیاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و پرۆسه مێژووییه‌کان ده‌بینێت . ئه‌و زه‌مینه‌سازییه‌ی کۆمه‌ڵگای عێراقی له ڕووه دینی و ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانه‌وه بۆ له دایك بوونی حزبی به‌عس و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌که‌ی نابینێت . ئه‌م به‌ڕێزه یان نایه‌وێت تێبگات ، یان چاوپۆشی له‌و ڕاستییه ده‌کات که خودی هۆشیاری و جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌گه‌رێتی له عێراق و ناوچه‌که و جیهاندا ، فاکته‌رێکی گرنگی هێنانه مه‌یدانی حزبێکی وا تاوانبار بووه ” واته حزبی به‌عس ” .
سێ په‌ره‌گرافه‌که‌ی دوایی ووتاره‌که‌ی د. مه‌ریوان ، باس له جێگرتنه‌وه‌ی سیاسییانه و ئه‌خلاقییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌کات بۆ حزبی به‌عس . واته ئه‌مانیش ” ده‌سه‌ڵاتی کوردی ” نه‌یانتوانیوه له جۆره‌کانی بیرکردنه‌وه و فه‌رماندارێتی حزبی به‌عس خۆببوێرن و خه‌بات بۆ هێنانی دنیایه‌کی جیاواز بکه‌ن بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له کوردستاندا . د. مه‌ریوان گوزارشت له داخوازی خه‌ڵك ده‌کات و ده‌ڵێت : ( خه‌ڵك ئاغای ناوێت ، به‌ڵکو نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وێت ،،سه‌روه‌ری هه‌تاهه‌تایی ناوێت ، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌وێت له چوارچێوه‌ی په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ماف ڕێز و ئازادییه‌کانی بپارێزرێت ) .
یه‌کێك له گرفته فکرییه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره‌مان ئه‌وه‌یه که خاسیه‌تی چه‌وساندنه‌وه له نوێنه‌رایه‌تی داده‌ماڵێت . گرفتێکی تری ئه‌م به‌ڕێزه ئه‌وه‌یه که هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌روو تاکایه‌تی ، به ده‌سه‌ڵاتێکی تاڵانکراو ” دزراو ” و نامرۆیی و زه‌وتکه‌ری مافه تاکایه‌تییه‌کان نازانێت . هه‌ر له دووتوێی ئه‌و گرفتانه‌دا ، گرفتێکی تری ئه‌م نووسه‌ره ئازیزه به ڕه‌وا بینینی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکه که له چوارچێوه‌ی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دابیین ببێت . یانی به کورتییه‌که‌ی ئه‌م نووسه‌ره ناسراوه‌مان بزووتنه‌وه‌ی فکریی خۆی له جوانکردنی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا له قاڵبداوه .
د. مه‌ریوان که ده‌ڵێت خه‌ڵك ئاغای ناوێت ، به‌ڵکو نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وێت ،، ناتوانێت له‌وه تێبگات که هه‌موو نوێنه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ش به جۆرێك له جۆره‌کان هه‌ر ده‌بێت به ئاغا به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه . خاسیه‌تی ئاغایه‌تی له ناو خودی نوێنه‌رایه‌تیدا بوونی هه‌یه . جگه له‌وه ئه‌و خاسیه‌تی ئاغایه‌تییه له ناو ده‌سه‌ڵاتخوازی هه‌موو مرؤڤێکیشدا بوونی هه‌یه . بێ ماناییه‌که له‌وه‌دا نییه که نوێنه‌ره‌که خۆی به ئاغا ده‌زانێت ، به‌ڵکو له‌وه‌دایه که بۆ ده‌بێت نوێنه‌ر هه‌بێت . بێ ماناییه‌که له ده‌نگداندایه به نوێنه‌ر . له‌و کاته‌دا که تۆ ده‌نگ به نوێنه‌ر ده‌ده‌یت ، هه‌ر له‌و کاته‌دا تۆ ده‌نگ به داماڵینی نوێنه‌رایه‌تی خۆت بۆ خودی خۆت ده‌ده‌یت و ” با بڵێین ” ئاره‌زوومه‌ندانه‌ش ده‌نگ بۆ وه‌لاخستنی که‌سایه‌تییه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی خۆت ده‌ده‌یت . کێشه‌که کێشه‌ی جیاوازی نوێنه‌ره‌کان نییه ، به‌ڵکو کێشه‌ی بوونی هه‌موو نوێنه‌ره‌کانه به‌بێ جیاوازی . نوێنه‌رایه‌تی کردن به واتای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ڕیزه‌کانی سه‌ره‌وه و داغان کردنی ڕیزه‌کانی خواره‌وه دێت .
نوێنه‌رایه‌تی کردن له خاوه‌ندارێتی دانابڕدرێت . نوێنه‌ره‌کان به پێێ بارودۆخه جیاوازه‌کان ، خاوه‌ندارێتییه‌که‌ی خۆیان بۆ کۆمه‌ڵگاکانیان له ڕێگا ده‌رفه‌ت پێدراوه‌کانه‌وه کرده‌یی ده‌که‌نه‌وه . ئه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره نییه که نوێنه‌ره‌کان وا بیر بکه‌نه‌وه ، ئه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه که وا بیر نه‌که‌نه‌وه . خۆ به خاوه‌نزانین ، ناوه‌کییانه تێهه‌ڵکێشی سیستمی نوێنه‌رایه‌تییه . هه‌ر خۆدی د. مه‌ریوان خۆیشی له مه‌یدانی ڕۆشنبیری کوردی‌دا ئه‌و ڕۆڵی نوێنه‌رایه‌تی کردنه ده‌بینێت . هه‌رچه‌نده به ئاشکرا له گۆڕه‌پانی ڕۆشنبیری کوردی‌دا ، بزووتنه‌وه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردن و به نوێنه‌ری کردنی د. مه‌ریوان و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ش به‌ڕێنه‌خراوه ، به‌ڵام زه‌مینه‌سازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و میکانیزمه‌کانی هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م که‌سایه‌تییانه و له هه‌مان کاتیش‌دا توانا خودییه‌کان و چاکسازیخوازییان و هه‌وڵدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بۆ قۆرغ کردنی ڕۆشنبیری ، ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی کردنانه‌یان ناڕاسته‌وخۆ و به نافه‌رمی بۆ فه‌راهه‌م ده‌هێنێت . خودی نوێنه‌رایه‌تی کردن پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌نگدانه‌وه هه‌بێت ، هه‌م پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و هه‌م سیستمێکی کارای به‌ڕێوه‌بردنیه‌تی .
د. مه‌ریوان نه‌ك هه‌ر بڕوای به سیستمی نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه ، به‌ڵکو بڕوای به ده‌سه‌ڵاتێکیش هه‌یه که له چوارچێوه‌ی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بتوانێت ماف و ڕێز و ئازادییه‌کان بپارێزێت . هه‌ر بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ئه‌م باسی ده‌کات ، ده‌سه‌ڵاتێکی به زۆر کۆکراوه و به تۆکمه‌یی داڕێژراوه . ده‌سه‌ڵاتێکه له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا و به هه‌زارویه‌ك جۆر تاڵانکردن به ده‌ست هێنراوه . هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێك که له سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی تاکایه‌تییه‌وه بووبێت ، مرۆییانه نه‌بووه و نییه . چۆن ده‌سه‌ڵاتێك که به زۆر له تاکه‌کان زه‌وت کرابێت ، ده‌کرێت دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی پێ دابیین بکرێت ؟ ئه‌م په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که له هۆبز و جۆن ڵۆك ه‌وه تا ڕۆسۆ و ئه‌وانی تریش ، باسیان لێوه کراوه و ده‌کرێت ، هیچ کاتێك نه‌یانتوانیوه چاکسازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه تێبپه‌ڕێنن . ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و له باشترین حاڵه‌تیدا ، دابیین کردنی ئاسایش و بردنه پێشه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه بۆ ڕووتاندنه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵکانی خواره‌وه . ده‌سه‌ڵات و په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی که دیمۆکراسی باشترین به‌رئه‌نجامیه‌تی ، پێداویستی بردنه پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ” به‌ری تاکی تاڵانکه‌ر ” ده‌یانهێنێته بوون . ئه‌و په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له سه‌رده‌می ” هۆبز ” ه‌وه تا ئه‌مڕۆی د. مه‌ریوان ، ڕێزی لێده‌گیرێت و پیرۆز ده‌کرێت و به ته‌نیا ڕێگای ڕزگار بوون به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌ناسێنرێت ، هه‌میشه له سه‌ر بنه‌مای زه‌وت کردنی ئازادییه تاکایه‌تییه‌کانه‌وه ، دامه‌زراوه و داده‌مه‌زرێت . ئه‌و په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه ، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك بێت ، به‌رنامه‌ی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌کانه له کۆمه‌ڵگادا . په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ، به‌رگرتنه به هه‌ڵپێچانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه . په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ، په‌رده‌پۆش کردنی دیکتاتۆرێتیه به دیمۆکراسی . سیستمی دیمۆکراسی ، ڕوخساری میهره‌بانانه‌ی دیکتاتۆرێتیه . واته وه‌کو له نووسینێکی دیکه‌مدا ئاماژه‌م پێداوه ، له پشتی هه‌موو دیمۆکراسیه‌تێکه‌وه ، دیکتاتۆرێتی ڕاوه‌ستاوه . به واتایه‌کی تر ، پێداویستییه‌کانی مانه‌وه‌ی دیکتاتۆرێتی ، دیمۆکراسێتی هێناوه‌ته بوون . هه‌چ ده‌سه‌ڵاتێك تۆ به باشی بزانیت و له چوارچێوه‌ی هه‌چ په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا که تۆ ناوی ته‌واوکۆی لێ بنێیت ، نه توانیویه‌تی و نه ده‌توانێت ماف و ڕێز و ئازادییه‌کان بپارێزێت ونه پێویستی به‌بردنی هیچ کارێکیش هه‌یه به‌و ئاراسته‌یه‌دا .
سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی کوردییش که گوایه هه‌مان بیرکردنه‌وه و فه‌رماندارێتی حزبی ” به‌عس ” ی هه‌یه له کوردستان ، ده‌بوایه زیاتر بچوایه‌ته ناویه‌وه و له مه‌یدانه تیۆرییه‌کانه‌وه به‌ره‌نگاری کێشه‌که ببوایه‌ته‌وه . جگه له‌وه‌ی که زه‌مینه‌ی لێوه‌هه‌ڵسانی دیکتاتۆرێتی ، له‌ناو هه‌موو حزبه‌کاندا فه‌راهه‌م کراوه ، له ناو خودی ده‌سه‌ڵاتخوازی مرۆڤه‌کانیشدا ئه‌و زه‌مینه‌یه له‌بار و ئاماده‌یه . نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکو سیستمی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی مرۆڤه‌کانیش له کۆمه‌ڵگادا ، دوو هۆکاری دیکه‌ی ده‌سته‌به‌ر بوونی دیکتاتۆرێتین . زۆر هۆی تری وه‌کو به جیهانیی بوونی ژیانی سیاسی و ئاره‌زووه‌کانی خاوه‌ندارێتی و مه‌زنگه‌رایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کان و….هتد هه‌ن که به‌شدارن له دروست کردنی دیکتاتۆرێتیدا . له ڕاستیدا نه هیچ حزبێك و نه هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له دیکتاتۆرێتی دانه‌بڕاون . ئه‌وه‌ی که ئه‌م دابڕانه دروست ده‌کات ، بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌یه . ماده‌م له هه‌موو حزبێك و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکدا دیکتاتۆرێتی هه‌یه ، که‌واته نه‌شونما کردنی ئه‌م دیکتاتۆرێتییه ، په‌یوه‌سته به‌و بارودۆخه‌ی که ژیانی تیا ده‌باته سه‌ر .
ده‌رباز نه‌بوونی ده‌سڵاتی کوردی له مامه‌ڵه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌یدا ، له بازنه‌ی بیرکردنه‌وه و فه‌رماندارێتی حزبی ” به‌عس ” ، به ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی . واته خودی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ، به پێی هه‌لومه‌رجێکی ئاڵۆز و ئاستێکی دیاریکراوی ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و هه‌بوونی سیستمه باوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالاری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و ئاراسته‌ی جیهانییانه‌ی سیاسه‌ت و …هتد هاتوونه‌ته ئاراوه . ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ڕۆیشتنی به هه‌مان ئاراسته‌ی فه‌رماندارێتی ” حزبی به‌عس ” ، له کوردستاندا ، شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نییه . ده‌سه‌ڵاته‌کان چ ده‌سه‌ڵاتی کوردی بێت و چ ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس بێت و چ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی تر بێت ، له که‌م – که‌م و له زۆر – زۆر له دیکتارێتییان تیایه و هه‌مووشیان چاوه‌ڕوانی ده‌ره‌فه‌ته پێدراوه‌کانن .
بژار
22 – 5 – 2011