Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
هیپۆکراتیەت و تێگەیشتنێکی جودا

هیپۆکراتیەت و تێگەیشتنێکی جودا

Closed
by June 5, 2011 گشتی


 
سیاسەتی ڕاستەقینە چەمکی هیپۆکراسی دەکاتە پردێک بۆ پەڕینەوەی کۆمەڵگا لە قەیران.
لەو دەمەی هەژمون و دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆرەکان درز دەبات و کۆمەڵگای گەلان سنوری نیشتمانی خۆیان دیاری دەکەن ئیتر بەدوایدا سیاست گوڕێکی تر وەردەگرێت و بە هەناسەو فۆرمێکی ترەوە دێتە مەیدان، بە چەشنێک وەک ئەوەی سیاسەتی بەڕێوە بردنی گەل دەخوازێت خۆی ساز دەداتەوەو لە تەک تەواوی بەرژەوەندی و ئامانجە گشتیەکاندا خۆی دەگونجێنێت، بەڵام پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، هەرگیز لە هیچ سەردەمێک لە سەردەمەکانی دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆر و پاشاکاندا دەرنەکەوتوە سیاسەت جیا لە بەرژەوەندی و بەتاڵ لە ئامانج فۆرمەلە کرابێت. ئەگەر بە شێوەیەکی ورد سەرنج بدەین هەر لە (ئیفلاتون)ەوە بیگرە، تا (ئەرستۆ و میکاڤیلی و تۆماس مۆر و هۆبز و مارکس و هتدا..) ڕای جیا جیا هەبووەو تەرح کراوە لە چۆنیەتی شێوازێکی تر لە بەڕێوەبردن و شێوازێکی تر لە سیاسەت کردن بەڵام بۆچونو ئایدیای هیچ کام لەم بیرمەند و فیلۆسۆفانە هەرگیز نەیان توانیوە شێوازێکی یەکلاکەرەوەو کۆتا بن لە جۆری پیادە کردنی سیاسەتێکی زیند و تەندروست، بە واتایەک کەوا کۆتاییەک بێت لە مێژووی گەڕان بە دوای ڕێگەیەکی نوێ لە سیاسەت کردندا.
ئەگەر ورد تر بینەوە دەستمان بەر یەکێک لەو کۆڵەکە مەزن و سەرەکیانە دەکەوێت کەوا لە لایەک هیچ سیاسەتێک بە درێژای مێژو نەیتوانیوە لێی دەرباز بێت لە حاڵەتێکدا، کاتیک هاتوەتە سەر باسی ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن بە چەشنێک لە نهێنیە شەرمئامێزەکان، هەم خەڵک و هەم سیاسەتمەداران مامەڵەی لە گەڵدا کردوە، ئەویش سیاسەتی (هیپۆکراسی)یە. هیپۆکراسی مانایەکی چەمکگەرایە لەوەتەی سیاسەت هەیەو کۆمەڵگاش لە ناو گالیسکەکانیدایە ئەم چەمکە ماسکێکەو لە ناو خورجینی ئەسپ سوارەکانیدایە. هیپۆکراسی واتا دوو ڕووی، واتا شاردنەوەی ڕوی راستەقینەو لە جێ دانانی ڕویەکی ناڕاست و درۆینە، واتا پەردەپۆش کردنی بەشێک لە حەقیقەت، هەتا ئیستاش کاتێک ئاماژە بە هەر سیاسەتێکی هیپۆکراتی دەکرێت، هاوکات ئاماژەیە بۆ ناڕاستی و درۆو دوڕوی ئەو سیاسەتە، بەڵام من لێرەدا هەوڵدەدەم تا ڕادەیەک دەستنیشانی خەسڵەتە گرنگەکانی ئەم چەمکە بکەم کە زۆرجار سیاسەت بونیادەکانی خۆی لەسەر ڕادەگرێت دەیکاتە میکانیزمێک لە پێناو بەرەو پێش بردنی ڕەوڕەوەی ژیان. لێرەدا گەر بێت و بە وردی تێبینی زەرورەتی ئەم چەمکە لای سیاسەتکارەکان بکەین دەبینین هیچ سیاسەتمەدارێک نیە لە دەرەوەی بەڕێوبردن و لێخوڕین و ئاراستە کردنی ئەسپ و گالیسکەدا بێت و هێندەی ئەو کاتەی دەکەوێتە ژێر ئەرکی بە ڕێوە بردنی ئەسپ و عەرەبانەی سیاسەت دەرک بە زەرورەتی ئەم چەمکە بکات، چونکە ئەوەی ئەسپی سیاسەت ئاراستە دەکات و ئەوەی لێدەخوڕێت و ئەوەی ئەو دەیبینێت خەڵکی سەرقاڵی ژاوە ژاوی نێو گالیسکە نەک هەر نایبینن بەڵکو هەست بەو هەڵدێر و مەترسیانەش ناکەن کە دێنە ڕێی ئەسپوعەرەبانەکان، هەست بەو گا بەردانە ناکەن کە ڕەوڕەوەی ژێر گالیسکەکان بەسەریا دەڕۆن، بە چەشنێک ئەگەر بە شێوەیەکی شارەزا بەسەریا تێنەپەڕیت، ئەوا ئەگەری دەیان ساڵ تێکشکانو پەککەوتنی لێ دەکرێت، بۆیە هەندێک جار سیاسەتکاران بۆ پەڕینەوە بەسەر کۆسپ و تەنگوچەڵەمە سیاسیەکاندا پێویستیان بە کەمێک وەستانو ڕامان دەبێت، بەڵام  لێرەدا ئەوەی گرنگە خەڵک توێژێکی کەمی نەبێت لەم دۆخە تێناگات. بۆیە هەرچی زوترە سیاسەتکاری ڕێبەر دەبێت لە کاتی پێویستدا ماسکەکانی دەربهێنێت و دەست بکات بە پیادە کردنی جۆرێک لەم سیاسەتە، واتا سیاسەتی هیپۆکراسی. بۆ نمونە ئەم سیاسەتە هەندێک جار دەتوانرێت بەکار ببرێت بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگا لەو قەیرانانەی کە زەحمەتە جگە لە سیاسەتکارەکانی کەسی تر لێی تێبگات، بۆیە کاتێک خەڵکی گوشار دێنێ وداوای شەفافیەت دەکات دەبێت لە باشترین حاڵەتدا بۆ بەرژەوەندی گشتی سیاسەتکاران سیناریۆ دروست بکەن و ئۆپزسیۆنیش پیویستە سیاسیانە مامەڵە بکات، واتا بەرژەوەندی باڵای نەتەوە لە بەرچاو بگرێت، چونک هەر هەوڵدانێک بۆ تێگەیاندنی خەڵک لەوبارەیەوە ڕەنگە لە ڕوداوێکی چاوەڕوان نەکراودا دۆخەکە بشەڵەقێنێ و هەروەها لە خراپترین کاردانەوەدا ببێتە هۆی دروست بوونی ئاژاوەو قەیرانێکی تر. بۆیە سیاسەتکاری کارامە لە رێگەی تاکتیک و هەڵپێکانی ماسک لە ڕوی قەیرانەکاندا دەتوەنێت کۆمەڵگا لە خودی قەیرانی چارەنوسە نەزانراوەکانی خۆی دەرباز بکات. تارمایەکانی تیرۆریست سەبارەت بە ڕۆژئاوا لە ناوەڕۆکدا بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ئەو گڵۆپە سەوزە بوو کە ڕێی خۆشکرد بۆیان دەیانساڵ گالیسکەکانیان نەوەستن لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە، کە لە ڕاستیدا دەشێ خودی تیرۆریست خۆی بەرهەمی یەکێک لە فاکتۆریەکانی سیاسەتی ئەم دەیەی دوای بێت بە جۆرێک هەر وڵاتەو پلان و نەهجی خۆی هەبوو لە ڕوبەڕو بوونەوەی ئەو دیاردەیە، بۆ نمونە سیاسەتی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی جیا مامەڵەی پێوە دەکرد لە چاو سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لای هەردوو بەرە لە شکڵدا وەک مەترسی سەیر دەکرا بەڵام لە ناوەڕۆکدا دوو  مەغزای ناتەبا لەیەکی جیا دەکردنەوە.
ڕونتر لێرەوە بێمە نێو ئەم باسە هیپۆککراتی لە هەر حاڵەتێکدا داینەمۆی بەڕێوەبردنی جۆرێک لە سیاسەتە کە ڕایەڵ و پەیوەندیە ستراتیجی و ئابوریەکان لە ئاستێکی باڵای بەرژەوەندیسازی گشتیدا پێکەوە گرێ دەدا بێ هیچ تانەیەک لە لایە خەڵیەوە. چونکە وەک لە سەرەوە باسمان کرد ئەوەی سیاسەتکاران لە ئاستی کاری خۆیاندا هەستی پێ دەکەن خەڵکی سادە بە ئاسانی لێی تێناگا، بۆیە هەوڵی داڕشتنی سیناریۆیەکی بێ لایەنانە کە بە تەنها ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکات باشترین دەروازەیەکە کەوا کۆمەڵگای لە قەیرانی وەستان پیا دەرباز ببێت. ئەگەر بمانەوێت نمونەیەک دەستنیشان بکەین پێویست بە ماندو بوون ناکات، چونکە بوونی هیپۆکراتیەت شتێک نیە لە سیاسەتێکی تایبەت و کەم وێنەدا بە دوایدا بگەڕێین، لە هەر کاتێکدا بمانەوێت و سکی هەر جۆرە سیاسەتێ بکەینەوە پڕە لە دەمامکو ڕوی هەڵگیراو، مێژوی سیاسی هەر میلەتێکیش بپشکنین سەدەها ڕووی جێماو هەڵدەگرینەوە، وەلێ پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە لە لایەک مەبەستی سەرەکی ئەم گوتارەش دیاری دەکات، ئایا قازانج و زەرەری هیپۆکراتی لە سیاسەتدا لە کوێدا دیاری دەکرێت، ئایا دەکرێت پیادە کردنی هەموو جۆرە سیاسەتێکی هیپۆکراتی کاردانەوەیەکی پۆزەتڤی هەبێت وە ئایا هەموو سیاسەتکارەکان وەکو یەک مامەڵە لە گەڵ ئەم چەمکەدا دەکەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەوڵ دەدەم دوو نمونەی جیاواز وەر بگرم و لێیەوە بە کورتی لێکدانەوەی لایەنە چاک و خراپەکانی بکەم لە میانی بە کار بردندا. لێرەوە گەر بێین و دوبارە سەرنجی سیاسەتی ئەمڕۆی وڵاتانی ڕۆژئاواو چۆنیەتی مامەڵە کردنیان بەم چەمکەوە بدەین لە باشترین حاڵەتدا لە پشت بەرژەوەندیەکی باڵای گشتییەوە دەردەکەوێت بە جۆریک ئەوانەی کار لە ئاستێکی باڵای سیاسیو بەڕێوەبردندا دەکەن بێ هیچ ئاوڕدانەوەیەک بۆ  بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی گەل و نیشتماندا ئەرکی خۆیان و حیزبە حوکمڕانەکەیان قورستر دەکەن. لە بەریتانیا زۆربەی خەڵکی تینەگەیشتون (تۆنی بلێر)ی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بۆ بەشداری لە پرۆسەی داگیر کردنی عێراق و ئەڤغانستاندا کرد، بەڵام دێن و بۆ ئازادی و سەروەری یاسا وە بۆ دەر نەخستنی قازانجە گەورەکان و ئارام کردنەوەی خەڵکی ناڕازی جیهان و خێزانی قوربانیەکان لێپرسینەوە لە (تۆنی بلێر) دەکرێت، بەلام ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دادگای لێپرسینەوەی جەنگی عێراق ناوبراو مەحکوم بکات؟
وە یان کاتێک لە ژێر گوشاری (موعەمەر قەزافی)دا تاوانبارێکی وەکو (عەبدول باست مەقرەحی) لە لایەن بەریتانیاوە ئازاد دەکرێت ئایا خەڵکی بەریتانیا ئاگای لەو گوشارانە هەبوو کەوتبووە سەر حکومەتەکەی (گۆڵدن براون) ئایا کەس ئاگای لە سودو قازانجەکانی ئەو سیناریۆیە بوو لە ئەنجامی ئازاد کردنی مەقرەحی بەریتانیا بە دەستی هێنا؟ بە کورتی ڕوداوو سیناریۆی ئازاد کردنەکە ئەمە بوو: (عەبدول باست مەقرەحی) یەکێک بوو لەو کەسانەی  لە ساڵی١٩٨٨ هەستا بە تەقاندنەوەی فڕۆکەیەک کەوا ٢٧٠ سەرنشینی تیابووبە قوربانی و ئەویش بە ڕوداوی (لۆکەربی) ناسراوە، ئەوە بوو ساڵانێک دوای ئەو ڕوداوە دەستگیر کراو لە لایەن دادگای باڵای ئەو وڵاتەوە حوکمی هەتاهەتای درا، بەڵام ئەوە بوو لەسەروەختێکدا بەریتانیا ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی بوویەوە هاوکات (قەزافی) سەرۆکی لەسەر پەت وەستاوی ئێستای لیبیا گوشاری هێنا بە دەرکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەریتانیا لە وڵاتەکەی ئەگەر بێت و ئەو زیندانەیان ئازاد نەکرێت، ئەوە بوو لە سیناریۆیەکی کوتو پڕدا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کرایەوە کەوە ( ئەلمەقرەحی) توشی شێرپەنجە هاتووەو ماوەیەکی کەمی ماوە لە ژیاندا سەرەنجام دادگای باڵای تاوانەکان لە سکۆتلەندا لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا لە ڕۆژی ٢٠/٨/ ٢٠٠٩دا بڕیاریدا لەبەر سۆزو لێبوردەی نەتەوە ڕێگە درا بە (ئەلمەقرەحی) ئەو بڕە ژیانەی ماویەتی لە ناو خێزانەکەیدا بەسەر ببات. هەرچەندە ئەمە ناڕەزایەتیەکی زۆری لە لایەن کەسوکاری قوربانیانەوە لێکەوتەوە، بەڵام هەر زوو دامرکایەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین لە حاڵەتی یەکەمدا ناکرێت هەموو کۆمەڵگا ئاگادار بکرێتەوە لە گرنگی و قازانجی داگیر کردنی عێراق، ناکرێت ڕیفراندۆمی بۆ بکرێت تا ڕەزامەندی هەموو لایەک وەردەگیرێو ئینجا پەلامار بدرێت بۆیە باشترە بە شێوەیەک باسی لێوە بکرێت کە عێراق چەکی ئەتۆمی هەیەو مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوە. لە حاڵەتی دوهەمیشدا ئایا زیندانی کردنی کەسێک لە دۆخێکی وادا باشتر بوو لەوقازنجە گەورەیەی کە کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە لیبیا بە دەستیان دەهێنا، سەرەڕای ئەوەش هەندێک وایان زەن دەبرد وێڕای قازانجی کۆمپانیاکان پارەش لە بەرامبەر ئازاد کردنی ئەو تاوانبارەدا وەرگیرابێ. ئەمەیە ئەرکی سیاسەتی ڕاستەقینە کاتێک لە حاڵەتی وادا درۆ دەکات و ماسک هەڵدەپێکێت، کاتێک هیپۆکراتیزم دەکاتە پرەنسیپی قازانجی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک بێ جیاوازی.
ئەگەر ئەم چەمکە لە دیدگای سیاسەتکارانی کوردەوە لێکبدەینە بە داخەوە نەک هەر کەموو کورتی تیا بەدی دەکرێت بەڵکو هەر بە تەواوی ئاوەژوەو ڕێک وەکو خۆی کاری پێدەکرێت و کەڵک لە لایەنە نێگەتیڤ و بارگە خراپەکانی وەردەگیرێت، چونکە لە بری ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەکار ببرێت و ئێمەش وەک چۆن کۆمەڵگاکانی دونیا کۆمەڵگان و هەندێک جار لە هەندێک بڕیاری سیاسی تێناگەن و بە جۆرێکی تر تێیان دەگەیەنن بێ ئەوەی خودی ئەم تێنەگەشتنە بێتە هۆی زەرەر بۆیان، ئێمەش کۆمەڵگاین و لەبەردەم ئەگەری تێنەگەشتنداین لە بەرامبەر هەندێک بڕیار، بەڵام ئەفسووس بۆ سیاسەتێک لە باتی میلەت حیزب و لە باتی نەتەوە سەرۆک و بنەماڵەکەی لە بەرچاو دەگرێت،  بە جۆرێک پڕاو پڕ زەرەری گەل و قازانجی سیاسەتکارەکانیانە، دروست کردنی سیناریۆی سەیرسەیر و بەتاڵکردنەوەی هەرچی بەرژەوەندیە گشتیەکانە. سیاسەت لەم بەدبەختستانەدا دەستگرتن و هێنانی دوژمنە بۆ نێو ماڵەکانمان، دەستگرتنی داگیرکەرە بۆ سەر خەزێنەی هەموومان، سیاسەت هێندە بە پێچەوانەی سیاسەتەوە غار دەدات لە باتی بیر کردنەوە لە ڕێگایەکی ڕاست، لە پاراستنی گالیسکە لە هەڵدێر و ئەو بەردو کۆسپانەی دێنە ڕێ، منەی ڕێگر دەکەن منەی هەڵدێر دەکەن، منەی گابەردێک دەکەن گالیسکەکەی پیا بماڵن و لە تێکشکان و قەیراندا کۆمەڵگا داکوتن و کەس فریای ئەوە نەکەوێت بزانێت ئەسپسواری کارێکی مەحاڵ نیە! لە ڕاستیدا سیاسەتی ڕاستەقینە چەمکی هیپۆکراسی دەکاتە پردێک بۆ پەڕینەوەی کۆمەڵگا لە قەیران، بە پێچەوانەی سیاسەتکارانی کوردی ئەم هەرێمەوە کەڵک لەم چەمکە وەردەگرن لە بەرژەوەندی خودی خۆی و حیزبەکەیدا بەمەش دۆخەکە زیاد قەیراناویو زیاد ئاڵۆز دەکات.
١٦/٥/٢٠١١
  بەریتانیا
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.