Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!

Closed
by June 5, 2011 فەلسەفە


بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر خۆکوشتنەکەی شاعیرەبیرمەند “پۆل سیلان” ەوە

دوا ڕۆژەکانی سیلان وەک هەموو ڕۆژەکانی سیلانن

لەم نووسینە کە تایبەت بوو بە “چاخی شاعیران”ی ئالێن بادیوی فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسی کە هەر لەژێرسایەی هەمان نووسیندا خۆمانهەلدایە ناو هەلسەنگاندنەکانی دێریدا و دواتر دەستێکیشمان بۆ هەگبەی فەلسەفی هایدیگەر تایبەت بە هۆلدرلین و بۆچوونی بیرمەندێ تری فەڕەنسی بەناوی فیلیپ لاکۆ-لابارت برد پیاسەمان بەناو ئەو دارستانە بەخەسلەت فەلسەفی و شیعرییە کرد کە سیلان-هۆلدرلین لە پەناگایدا شیعرسازییانکردوە. چونکە مێتۆدی نووسینەکە وایپێویستکرد ئەو دەمەی باس لە شیعرسازی سیلان دەکەین وەک کۆتایپێهێنەر بە “چاخی شاعیران”ی بادیو باس لە هۆلدرلینیش بکەین وەک سازێنەر و دەستپێکی ئەو چاخە.
بەڵام مایەوە لێرە چەند تێگەیشتنێ ، کە لەخۆیدا چەند وێنەێکن کەلامان لەسەر دوا ڕۆژەکانی سیلان کۆبونەتەوە کە ئەو ڕۆژانە هەموو ڕۆژەکانی تری سیلانمان بیردەخەنەوە، بەردەست خوێنەر بخەین کە تووخنی ئەو شوێن و ئەو ناوچە تاریک و پڕلە ڕاڕاییەمان دەخەن سیلان لە هەناویانا بووە. چونکە سیلان لە ژێرزەبری نازەیەکان و لەگەرووی هۆلۆکۆستەوە بەرەو بڵاوکردنەوەی شیعر ،سەرەتا لە بوخارستی پایتەختی ڕۆمانیا، دواتر بەرەو شیعر نووسین لە ڤیەنا و ئەمجار گیرسانەوەی شیعرنووسینەکانی لە پاریس و کۆتایهاتنیشی لەسەر “پردی میرابۆ” برین لەپاش برین دەگێڕنەوە. شیعرەکان هەگبەێ پڕ لە چاوقیمی ئەدەبی بوون، وەڵامێ پڕ لە ناسۆر بوون بۆ کەسانێ وەک ئەدرنۆ، کەپێیانوابوو شیعرسازی دوای ئۆشوێتز (شوێنی لەناوبردنی جووەکان) ئەستەمە، هەروەها کاردانەوە دەروونیەکانیش بوون ، کە زەبری ئەوین و جوودای لەسەر ڕۆحی سیلان دەیاننەخشاند. پێدەچێت ووردە ووردە سیلان گەیشتووبوە دۆزێ دەروونی ئەوتۆ نەدەکرا نە پاشەکشە لە برین و ناسۆر کرێت و نەش بەسەر موغامەراتە ئەوینیەکانیا زالبێت. لێرەوە ئیدی یەقین ئەو مانایەی نامێنێت. بەدگومانی دادی نابێ و خۆشیەکانیش تادێت ڕوو لەکەمیدەنێت. لە ساتەوەختیوادا هاوسەنگی پێویستە لەنێوان مەرگ و ژیانا بسازێنرێت. مەرگ دەبێ بە دەرهاویشتە هەروەک ئەوەی پێشتر ژیان دەرهاویشتەبووە. مەرگ هێدی هێدی پێگە لەناو ژیانا دادەنێت و گشت دەروون دەکا بە زێدێ بۆ خۆی. ژیانیش هیچ بڕوبیانوێکی بۆژیانژیان لەبەردەم ئوستادی ژیانا بۆ نامێنێتەوە و بەمە ژیان نوشستی دێنێ و مەرگ دەبێ بە چاوقایمترین کەس. مەرگ هەروەک خۆی ووتەنی “ئوستادێکە خەلکی ئەلمانیایە”. مەرگ خەلکی شوێنێکە لە کەس ناترسێت.
خۆکوشتنەکەی سیلان مەرگی پایەدارکرد. مەرگ پێگەێکی، بەڵام دوا پێگەی، لەناو ژیانا پێبەخشرا. مەرگ بوو بە چارەسەر و بە تیمارکەری گشت ناسۆرەکان. مەرگ بوو بەو شتەی چەندوچوونی لەتەکا نەکرێت. بیرماننەچێت کە مەرگ چەندوچوون قبوولناکات. چونکە مەرگ داوای خۆ بەخشین و خۆقووربانیمانلێدەکات. مەرگ لەبەرئەوەی ئوستادی ژیانە ناچارماندەکات مەرگبوونیخۆمان وەک خۆشێک پەسەندکەین و ژیان وەک چەواشەکارێ ببینین.
ئێمە لەم نووسینە کورتەمان لەسەر شیعرسازی سیلان کار لەسەر نە مانابەخشی مەرگ دەکەین و نەش تێۆریزە بەسەر مەرگی سیلانەوەدەکەین وەلی مەرگی سیلان لایئێمە لە پرۆسەی شیعرسازی سیلان دابڕاو نیە. مەرگی سیلان خالێ وەرچەرخاندنە لە خودی ئەو پرۆسەیە و تابلێت بە شیعر و هزریشەوە بارگاوییە. ئەو مەرگە زۆرمانپێدەلێت چونکە خۆکوشتنە ئەمەش شتێکی ڕێکەوت نییە. خۆکوشتن بڕیارە و قایلبوونە بە مەرگێ دەستنیشانکراو و هێنانی مەرگ بۆ لای، بۆ ناو، ژیان. بەڵام مەرگ و ژیانا زۆرجار لەتەک یەکا ڕێدەکەن. چونکە سیلان بە ماوەێ کورت پێش مردنی ، بەپێ ئەو توێژینەوەی جێمس لیۆن بێت،(1) نووسینەکانی هایدیگەری خوێندوەتەوە کە دەکات ڕێک 26 ی ئاداری 1970 (ڕۆژی خۆکوشتنەکەی سیلان 20 نیسانی 1970 بووە). هەر لەم ماوەیەدا سیلان پۆستکارتێکی بۆ هاوڕێی منالی خانمە شاعیری ئیسرائیلی ئینا شمولی  (1991-1924) نووسیوە. دوا نامەش سیلان لە 12 ی نیسانی 1970، واتە 8 ڕۆژ پێش خۆکوشتنەکەی، بۆ ئینا شمولی دەنووسێت (بروانە کۆریسپۆندێنسەکەی ئینا )(2). هەرلەو دەمانەشدا پێوەندیەکانی لەگەل خێزانەکەی ژیزیل دۆ لێسترانژ ،کە پێش مردنی بە چەند سالێ لێکجیابونەتەوە، هەروەک خۆی سارد و وشکبووە بەڵام کە سیلان لە 20 نیسان دا لە مالەوە ووندەبێت ژیزیل دۆ لێسترانژ نامەیەک بۆ دۆستەکەی سیلان ، بۆ ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان(1973- 1926) ، دەنووسێت و پێیڕادەگەێنت کە سیلان لە ڕۆژی 20 ی نیسانەوە ونبووە و بێسەروشوێنە.
بیرمانەچێت سیلان لە سێپتەمبەری 1969 ، واتە 7 مانگێ پێش خۆکوشتنەکەی ، کە سەردانی ئیسرائیل دەکا لەوێ چاوی بە ژنە شاعیری ئیسرائیلی ئینا شمولی دەکەوێت کە هاوڕێی منالی ڕۆمانیای سیلانە و لەگەل یەکیشا لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی ژێردەسەڵاتی نازیەکان ڕۆژگارێکیان پێکەوەبەسەربردووە. دوای هەلوەشانەوەی جەنگ و داکەوتنی نازیەکان هەردوو شاعیرەکە دەربازیاندەبێت سیلان بەرەو بووگارست و دواتر ڤیەنا و پاریس هەرچی ئینا شمولیە بەرەو فەلەستین. ئەلبەتە ئەم دوو شاعیرە پاش دابڕانێکی 20 سالی ،لە 1946 ەوە بۆ 1965 ، لە سالی 1965 هەردووکیان لە پاریس چاویانبەیەکدەکەوێتەوە. بەڵام لەسەردانەکەی سیلان بۆ ئیسرئیل ،لە سێپتەمبەری 1969 ، پێوەندیەکەیان بەتینتردەبێتەوە و لە دوای ئەم دوا یەکتربینینەوە سیلان و شمولی 130 نامەێک دەگۆڕنەوە و هەرمووشی لەماوەی 7 مانگێکا ئەلبەتە دوای ئەو یەکتربینینەی سیلان و شمولی لە ئۆرشەلیمی پایتەختی ئیسرائیل دووجاران شمولی سەردانی پاریس دەکا و لەگەل سیلانا یەکدەبیننەوە. ئەم یەکگرتنەوەیەی سیلان و شمولی لە دوا کاتەکانا زۆر ئازیزانە بەهێزدەبێت و دوای خۆکوشتنەکەی سیلان شمولی لە لێدوانەکانیدا ئەسفەێ زۆر دەردەبڕێت و ناسکی سیلان و دیاردەی هۆلۆکۆست دەخاتەوە بەرباس.  
بەڵام موغامەراتە ئەوینیەکانی سیلان کە بەشێکی تاریک ئەوی تری ڕۆزاین لێرە ناوەستێ و تاکاتی خۆکوشتنەکەشی بە خانمەشاعیرێکی ئەلمانی بە ڕچەلەک جووە بەناوی “ئیلی ساش”ەوە لە پێوەندیدا دەبێت.
نیلی ساش(1970-1891) خانمەشاعیرێکی ئەلمانی بە ڕچەلەک جووە ، خانمە ڕۆمانووسی سویدی سێلمە لاگارلۆڤ نەبایە، کە یارمەتی ساش( و دایکی ساشی ) دا تا لە زەبری نازیەکان دەربازیبێت و بەرەو سوید هەلبێت ، هەرزوو ژێرخاکدەخرا. ئەم خانمە شاعیرە پاش هەلهاتنی بۆ سوید لەوێمایەوە تا کاتی مردنی (خەڵاتی نۆبلیشی وەرگرتووە) و ئەو ڕۆژەی لە ستۆکۆلم (12 ی ئایار 1970 ) ساش دەمرێت هەمان ئەو ڕۆژەیە کە سیلان لە گۆڕستانی “شاری جوو” لە پاریس بەخاکدەسپێردرێت. چ ڕێکەوتێکە! نامە گۆڕینەوەکانی ساش لەتەک سیلان لە1954 وە دەستپێدەکەن تاکاتی مردنی سیلان لە نیسانی 1970 بەردەوامدەبێت ، واتە 16 سالێک دەخاێنێت،(3).
ئەمەو جگەلەو پێوەندیە ڕۆحیەی سیلان لەتەک خانمە هونەرمەندی سویدی ئینگە وارن (2010-1918) دا هەیبووە کە پرۆفیسۆر ئەندەش ئولسۆن لەو کتێبە ئونتۆلۆژیەی لەبارەی نیلی ساشەوە نووسیویەتی ئاماژە بۆ نامە گۆڕینەوەکانی نێوان ساش و سیلان و دواتر ئینگە وارن و سیلان دەکات(4). 
لەناو ئەم هەموو ئەوینانە شیعر نووسین و خوێندنەوە فەلسەفیەکانی سیلان لە هەناسەدان نەکەوتوونە و پێوەندیشی بە ئەوینی یەکەمیەوە نەقرتاندووە کە دەکات ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان. چونکە سیلان پێشئەوەی لەسالی 1952 ژیزیل بخوازێت پێوەندی دلداری لەگەل ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان(1973-1926) هەبووە و ئەم پێوەندیە دواتر پاش ئەوەی سیلان ژیزیلیش ئەخوازێ جارێتر سەرهەلدەداتەوە و تەنانەت دیوانێکیشی پێشکەشکردووە. باخمان کە تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر “پێشوازی ڕەخنەی لە فەلسەفەی بووناوی مارتین هایدیگەر ” بووە زمانناس و شاعیرێ بەتوانابووە. لە کتێبێکدا کە تایبەتە بە سیلان و باخمانەوە ئەو نامانە بڵاوکراونەتەوە کە نزدیکەی 200 نامەێک دەبێت سیلان و باخمان لەماوەی ساڵانی 1948 بۆ 1961 بۆیەکیان نووسیووە(5). نامەکان کە بە ئەلمانی نووسراون لەم دوایە وەرگێردرایە سەر ئینگلیزی. هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمان پێکرد دوای ئەوەی سیلان لە ڕۆژی 20 ی نیسانی 1970 ووندەبێت خێزانەکەی پێشووی ، واتە ژیزیل دۆ لێسترانژ ، نامە بۆ ژنەفەیلەسوف و شاعیری نەمساوی ئینگەبۆری باخمان، دەنووسێت و پێیڕادەگەێنت کە سیلان لە ڕۆژی 20 نیسانەوە ونبووە و بێسەروشوێنە. دواتر دەردەکەوێت کە سیلان لە ڕۆژی 20 نیساندا لەسەر پردی “میرابۆ”وە (ئەلبەتە ناوی ئەم پردە لە یەکێ لە شیعرەکانی سیلانیش هاتووە ) لە پاریس خۆی هەلداوەتە ناو دەریای سین تەرمەکەشی پاش تێپەڕبوونی نزدیکەی 11 ڕۆژێک لە کەنار هەمان دەریا دەدۆزرێتەوە ئیدی لەو کاتەوە پەشێوی ڕوو لە باخمان دەکات. دوای سیلان باخمان سێ سالێک دەژیت سەرئەنجام ئەویش بەجۆرێ دەمرێت دوور نیە لە خۆکوژیەوە.  چونکە لە ئاگربەربوونەوەێک لە شوقەکەی لە ڕۆما لە 1973 کۆتای بە ژیانی دژێت و ئەمەش دەکرێ وەک تەواوکردنیێبێت بۆ مردنەکەی سیلان چونکە باخمان لە سیرەیزاتیەکەیدا بەناوی “مالینە” باس لەوەدەکات کە  “”ژیانم کۆتای هات لەبەرئەوەی “ئەو” خۆی هەلدایە ناو دەریاکەوە، “ئەو” هەموو ژیانم بوو ، من ئەوم پتر لەخۆم خۆشدەویست””.
شوێنی باسە، پێتەر سۆزۆندی کە ئەدەبناس و فیلەلۆگێکی هەنگاری بەڕەچەلەک جووە پێوەندی نامە گۆڕینەوەی لەتەک سیلان دا هەبووە و  دوانامەش کە سیلان بۆی ڕەوانەکردووە لە ئاداری 1970 دا بووە ، کە دەکات مانگێ پێش خۆکوشتنەکەی سیلان. سۆزۆندی لە نووسینێکیا بەناوی “”دیراساتەکانی سیلان”” (6) تایبەت بە شیعرسازی سیلان زۆرلایەن یەکلادەکاتەوە  و بگرە یەکێکیشە لەو کەسانەی ئەو تاوانانە لە سیلان دووردەخاتەوە کە دەدرێنەپالی سەبارەتی بەوەی کە لە شیعرەکانی شاعیری ئەلمانی-فەڕەنسی زمانی بە ڕەچەلەک جوو ئیڤان گولی(1950-1891)  ەوە شتیوەرگرتووە ، ئەو تاوانانەش لەلایەن کلێر گولی(1977-1890) ژنە بێوەژنی هاوسەری شاعیر ئیڤانەوە سالێ پێش خۆکوشتنەکەی سیلان درانەپالی.
بێمانا نییە لێرە ئەوەش بیرخەینەوە کە لەم دوایە دوو هاوڕێی نەمساوی سیلان بەناوی کلاوس دێمۆس و نانی دێمۆس کۆریسپۆندێسەکانی خۆیان بڵاوکردوە کە بریتیە لە نامە گۆڕینەوەکانیان لەتەک سیلان(7). سیلان کڵاوسی بۆیەکەمجار لە نەمسا لە 1948 دی و ئەم پێوەندیە تا دوا کاتەکانی سیلان پەرەی سەند. تەنانەت سیلان لە نامەکەیدا بۆ کلاوس دیمۆس ئەو تاوانانەی کلێر گول دەیداتە پالی وەک بەشێ لە ئەنتی سمیتیزم (دژەجووگەرایی) دەبینی ئەگەرچی ئیڤان و گلێر گولی خێزانی هەردوو جوو بوون و قووربانی دەستی نازیەکانیش بوون. کەواتە سیلان تاکاتی مردنیشی بۆ ئەو کێشەیەی کلێر ڕوبەڕووی کردەوە بە مەراقبووە و لە پێوەندیەکانیا لەتەک دۆست و هاوەلەکانیا هەمیشە وروژاندونی.
مایەوە ئەوەش بێژین کە، یەکتربینینەکانی ژیزیل دۆ لێسترانژ ، کۆنە هاوسەری سیلان، لەپاش مردنی سیلان لەتەک هەندێ لە هاوڕێکانی سیلان و توێژەرەوەکان و ئەلبەتە ئەوەش کە ئیریکی کوڕی سیلان کردونی سەبارەت بەوەی کتێبخانەی شەخسی سیلانی خستۆتەبەردەست هەندێ لە توێژەرەوە و دۆستەکانی سیلان گەلێ لەو گومڕاییانەمان بۆ یەکلادەکەنەوە لەسەر ژیانی شیعریسازی و سەرچلییە ئەوینبازیەکانی سیلان هەن. ئەمەو بیرماننەچێت کە ئیریک لەگەل سیلانناسێک بەناوی” بێرتراند بادیو” لە بەهاری 2001 ئەو 700 نامەیە بەچاپدەگەێنێت کە سیلانی باوکی بۆ دایکی و بۆ ئیریکی نووسیووە. نامەکان لەماوەی 1951 تا 1970 نووسراون، واتە لەو سالەوەی ،1951، سیلان ژیزیلی لە پاریس ناسیووە(8). ژیزیلی کۆنە هاوسەری سیلان لە کۆتای سالی 1991 مردووە واتە بە 11 سال پێشئەوەی ئیریکی کوڕی ئەو نامانە بڵاوکاتەوە.
لەسەردانێکیشمان لە ڕۆژی 12 05 2011 ، بۆ سەرگۆڕەکەی سیلان لە پاریس لە “گۆڕستانی پاریسی تیێ”، لە ناوچەی “شاری جووەکان”، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر ڕۆژی ناشتنی سیلان، لە ئیدارەی گۆڕستانەکان ، لە لیستەی نێژراوانی گۆڕستانەکە، ناوێک بە ناوی پۆل سیلانەوە نییە بەلکو بەناوی “پۆل ئەنشێل” ەوە هەیە. لە هەمان گۆڕیشدا سیلان و کوڕە نۆبەرەکەی ، کە هەر بەکۆرپەی مردووە ، بەناوی فڕانسوا و  خێزانەکی” ژیزیل دۆ لێسترانژ پێکەوە نێژراون. لەسەر گۆڕەکە ناوەکان بەمجۆرە نووسراون:
فڕانسوا ئەنشێل سیلان 1953، پۆل سیلان1970-1920، “ژیزیل  سیلان لێسترانژ1991-1927.
دوا پەیڤ
ئەوەی ئێمە کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی سیلان نەکەینەوە ئەمە برین و ناسۆرێ فەلسەفی تیا دروستکردوین و تەنێ خوێندنەوەی کارە شیعریەکانی سیلان و ووتن هێنانە پێشەوە لەسەر ئەزموونی شیعرسازی ئەم بیرمەندەشاعیرە ئەو برین و ناسۆرە فەلسەفیە ساڕێژدەکەن. بەدلنیاییەوە لەوێنەی سیلان لەناو ئەزموونی چ ئەورووپای و چش غەیرە ئەورووپای زۆرن وەلی تێفکرین لەو جۆرە ئەزموونانە و هێنانە دوانی ووتراو و پەیڤە شیعری و هونەریەکانیان پێویستی بە تەقەلای بەردەوام و کاریگەرئامێز هەیە. ئەوەش ،گومانیناوێت، لەڕێگای خۆیەوە و بەشێوازی خۆی کاردانەوە دەخاتەوە و زێدێک بۆ فەلسەفاندن لەناو کارە ئەدەبی و هونەریەکانا دەسازێنێ.
دروستکردنی زێدێک (مالێک) بۆ شیعر لەناو فەلسەفە و یان بۆ فەلسەفە لەناو شیعرا کارێ هزریە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. چونکە فەلسەفە لە هەناوی شیعرا یان شیعر لە هەناوی فەلسەفەدا هەمیشە ئەو پرسیارە دروستدەکات کە بەمجۆرەیە: ئەو شتە چیمانپێدەلێت کە پێیدەلێن هزر؟ ئەوەش هیچ کات کارێ سادەنییە لەوەبگەین کە هزر چیە و چۆن خۆی دەردەخات، شوێنەکانی خۆدەرخستنی هزر کوێن و کاردانەوەکانی چین. کاردانەوەکان تەنێ ئەوانە دەیبینن کار لەسەر هزرسازیدەکەن، واتە کار لەسەر ئەوەدەکەن کە هزر دەیەوێت بەگشتی چی بلێت. چی ووتن بۆ هزر هەمیشە کێشەێ بووە و لە هەگبەکەیدا دیرۆکێ کۆدەکاتەوە کە دیرۆکی بوونەوەرە لە بوونیا.
سەرباری ئەوی وترا، سازاندنی زێد (مال) لەناو فەلسەفە بۆ شیعر و یاوەرەکانی(شانۆ، سینەما، سەما، تابلۆ) سازاندنی زێدە بۆ بوارە هەستیارەکان و ڕێگاێکیشە بۆ ئاشتکردنەوەی فەلسەفە و ئەو بوارانە. ئێمە پێیشمانوایە ، ئەرکی هزر ئەوەیە لەوە بێتە گۆ کە پشتگوێخراوە یان هەلە دەرهەقی کراوە. هەروەها ئەوە هزرە، هزری ئەسیل نەک کۆپی، دەکارێ لەسەر نەووتراو و دەرکپێنەکراوەکان پەیڤینبێنێتەپێشەوە.
لەو چەند لاپەڕەیەی لایسەرەوە بە کورتی ئەوەمان نیشاندا شیعرسازی سیلان چ وروژاندنێ فەلسەفی لەناو هزری بادیو دا دروستکردوە بەڵام بەلاشمانەوە مەبەستبوو کە تێهەلکێشێ لەنێوان ئەو وروژاندنانە و سێرکردنە فەلسەفیەکانی دێریدا و هایدیگەر لەوبارەیەوە بکەین. ئەو هارمۆنیەش کە لە نووسینەکەدا لەنێوان هزر و شیعر دا دروستکرا سەرچاوە لەو هارمۆنیەتەوە هەلدەگرێت کە لە شیعرسازی سیلانا دۆزیومانەتەوە. ئەلبەتە، ئەو هارمۆنیەتە بەلگەێکیشە بەدەستمانەوە بۆ پێداگیری لەسەر بوونی پێوەندی لەنێوان شیعر و فەلسەفەدا. بوونی ئەم پێوەندیە زادەی خەیالی ئێمە نییە بەلکو شێوازی شیعرنووسینی سیلان ئەمەی بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، کە هەر ئەو حالەتەشە، بەبۆچوونی ئێمە، دێریدا یان بادیو ئەلبەتە هایدیگەریش پێش ئێمە تێیژیاون.
کێشمەکێشی سیلان لەتەک شیعرا، بەماناێ دی لەتەک ڕاڤەکردنی ئازار و پەشێویدا،شێوازێکی بە شیعرەکانی بەخشیووە شیعر لەتەک هزرا دەستلەملانبێت. ئەمە وایکردووە شیعر شۆڕبێتەوە ناو شتێک و شوێنێک کە هاتنەدەرەوەی لێی ئەستەمبێت. چونکە ئەو وەختەی شیعر لەتەک هزرا دەستلەملان دەبێت پێوەرەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. ئەمەش لەبەرئەوەی کە واتا شیعریەکان لە سادەیی دەکەون و ئاوات و خەون لە شیعرا بە شانازیەوە ئەو حەسرەتە شیعریە لەسەر کاغەز تۆماردەکەن کە پێشتر شیعر نەیتوانیوە بیکات. لێرەوە دەکرێ قسە لەمەسەلەێ زێدە هەستیاری هزری کرێت :ئەو شتە چییە کە پێیدەلێن شیعری هزری؟ شیعری هزری دەرئەنجامە، دەرەنجامی ئەو دەستلەملانەیە لایسەرەوە باسکرا ،کە لەنێوان شیعر و فەلسەفە دا دروستدەبێت. شیعری هزری ئەو شیعرەشە دوژمنی سەرسەختی سەفسەتە و چەنەیە. بۆیە زۆر پێویستە جیاوازی لەنێوان قسە و شیعر دا بکرێ. لێرە مەبەست لە قسە ئەو وتنە زۆربارەیەیە کە چەنە و کاوێژ دروستدەکا و ئێسکی شیعر و گشت کارێ ئەدەبی ،کە جوانکاری بەخشە، دەکوژێت. شیعری سوفستای بێ هەست و سەرئەنجام بێ پەیامە. ئەم جۆرە شیعرە نەک هەر بە هزر نا-ئاشنایە بگرە شیعر بۆ ئامانجی خۆشی بەکاردەبا و شیعر لەوەدخا تۆحمێ ئەدەبی بێت کە دەتوانێ ووتنی خۆی هەبێت. ئێمە کە پێویستمان بەو ووتنەیە دەبێ ئەو توانایەمان هەبێت شیعر لە دژەشیعر جیاکەینەوە. ئەوی سیلان کردی ئەو چاوقایمیە ئەدەبیەبوو هزری کرد بە میوانی ڕەخنەگران بۆ قسەکردن لە ئەدەبیەتی شیعر. سیلان وەک یەکێ لە ڕابەرەکانی “چاخی شاعیران” ی بادیو بۆ نوشستنی هێنان بە مەینەتی، بەو شتەی ئازاربەخشە و مرۆڤ لەناخەوە هەراسان و گێژ دەکات شیعری نووسی. ڕاستە لەدوا چرکەدا ئەوەش دادینەدا بەڵام ئەو هاوسەنگیەی لەنێوان مەرگ و ژیان دا هەیە، کە زۆرکەس نایبینێ، سیلان لەسەر پردی “میرابۆ” شیکاریکرد. پردی “میرابۆ” کۆتای بە پارانۆیەکانی سیلان هێنا. ئەم پردە نەحلەتیە میتافیزیکێکی شیکارکرد لە توانای شیعردا نەبوو شیکاریکات. بۆیە ، ئەو وەختەی مەرگ دەبێ بە شیکار لەوێڕا شوێنێک نامێنێتەوە بۆ چاندنی نەمامەکانی ژیان و، ژیان و مەرگ دەبن بە یەک وێستگە. لەساتەوەختیوادا ناکرێ تووخنی ژیانکەوین هەروەها ناکرێ لە مەرگ بەدگومان بین چونکە هەردوو یەک مژدە دەبەخشن و بانگەشە بۆ هەمانشتدەکەن.
بەخۆی باری شیعرسازیەکانی سیلان گەلێ لەوە زیاتر هەلدەگرن کە ئێمە لایسەرەوە کارمانلەسەرکردووە وەلی گفتووگۆفەلسەفیەکان لەسەر ئەو شیعرسازیە نەبڕاوەیە و دەشکرێ گەلێ ئاقاری جیاش وەرگرێت. ئەوەی زێدە مەبەستیش بوو کە ئێمە سەرنجی خوێنەری بۆ ڕاکێشین ئەوەبوو کە چۆن شیعر یان بابلێین ووتنی شیعری توانیویەتی لەناو سێستەمی فەلسەفی بادیو دا کاریگەری بخاتەوە و والە بیرمەندێ وەک بادیو بکات هزری خۆی بۆ شیکارکردنی سێرکردنە شیعریەکان بخاتەگەڕ.
ئێمە هەر لەڕێگای ئەم نووسینەوە پێلەسەر ئەو تێزەش دادەگرین کە شیعر هزرە(9) و شوێنێکیشە بۆ هزراندن. بۆیە گرێدانەوەی فەلسەفە بە شیعرەوە بریتییە لە گرێدانەوەی ئەو شتە بە شیعرەوە کە پێشتر زۆرخۆی لەسەر ئەو گرێدانەوەیە ڕانەهێنابوو. خۆ ڕاهێنانی فەلسەفە لەسەر ووتنهێنانە پێشەوە لەسەر ووتنە شیعریەکان زەمینەێک لەناو کردەی بیرکردنەوەی فەلسەفیدا دەسازێنێ کە شیاویتر بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی سازکرێت. گومانیشی ناوێت فەلسەفەی کۆنتنێنتالی فەڕەنسی هاوچەرخ و بەتایبەت لەسەر دەستی بیرمەندە پۆست مۆدێرن(پاش تازەگەر) و پۆست سترۆکتۆرالیستەکان (پاش بنەخوازەکان)، (وەک دولۆز، دێریدا، ژاک لۆک – نانسی، فیلیپ لاکۆ- لابارت و ..هتد) ، و ئەلبەتە دژە پۆستمۆدێرنیستێکی وەک بادیوش، سێرکردنی نوێ بۆ شیعر و بوارە هونەریەکان (شانۆ، سینەما ، سەما) هاتۆتەبەرهەم کە لەڕێگەیانەوە مرۆڤ دەکارێت بە گەلێ گفتووگۆی تری فەلسەفی ڕۆژئاوای تایبەت بە کارە هونەریەکان ئاشنابێت.
بۆیە هەلەناکەین گەربلێین لەژێرڕکێفی فەلسەفەی هاوچەرخی فەڕەنسیدا لەگەل گشت جیاوازیێک لەنێوان ئاڕاستەکانیدا شوێنێک بۆ پەیڤین لەسەر شیعری سیلان دەدۆزینەوە و ئەو تەقەلا فەلسەفیەش کە لە کارە فەلسەفیەکانی بادیو دا تایبەت بە ئەزموونی شیعرسازی سیلان بەدیدەکرێت بەشێکن لەو تاوتوێکردنە فەلسەفیەی فەلسەفە لەتەک نەک هەر شیعری سیلان دا دەیکات بەلکو لەتەک خودی کارە ئەدەبی و هونەریەکانا دەیکات. دلنیاشین هەولی فەلسەفەش بۆ هاتنەدەرەوە لە بەشێ لە تەنگژە فەلسەفیەکانی بۆ ئەم لایەنە دەگەڕێتەوە و هەروەها بۆئەوەش کە چۆن فەلسەفە دالدە بۆ بوارە جوانکاریەکان دابیندەکات و مەیلی فەلسەفە بۆ ئەو تێکستانە خۆشدەکات کە هزراندنی جوانکارییان تێدایە. گەر فەلسەفەش نەبێت گەلێ لە داهێنانە ئەدەبی و هونەریەکان کە پڕن لە سازاندنی جوانکاری بێ ئایندە دەمێننەوە و ئەو هەل و گەرموگوڕییەی لە بۆچوونە ئەدەبی و هونەریەکانا هەن لەگەل کاتا ووندەبن و ناکاریگە خۆیاننیشاندەدەن.
بالێرە ووتنی ئەوەش پشتگوێنەخەین کە ئەوەی والە هزرەڤانان دەکات ئاوڕ لە کارە هونەری و ئەدەبیەکان ، یان بەرهەمە جوانکاریەکان، بدەنەوە خودی ئەو کارانەن. بەواتاێتر، ئەو شیاوییەی لە کارە شیعریەکانی سیلان دا پەنهانە والە دێریدا یان بادیو یاخودیش هایدیگەر دەکات ئاوڕدانەوەیان بۆ سیلان هەبێت. ئەو دەمەی لە شیعرا سیلان مالێک بۆخۆی چێدەکات کە پێشتر ئەم مالەی نەبووە یان شیاوی نەخراوەتە بەردەست بۆ دروستکردنی ئەم مالە ئەوا ئەکری بیرمەندان لە سازاندنی ئەم مالەی سیلان لەڕێگای شیعرەوە بەشداربن. سەرسوڕهێنەر نییە گەر بلێین ئەو دەمەی بەبۆچوونی ئیدمۆند ژابێس، شاعیری فەڕەنسی، “”لە ئەلمانیای هایدیگەر دا شوێنێک بۆ پۆل سیلان نییە””(10) بەم ڕەفتارەی ئەلمانیای هایدیگەر زیان نەک هەر لە شیعری سیلان بەلکو لە خودی ئەفراندنی فەلسەفیش دەدرێت. ئەزموونی فەلسەفی ئێمەش لەو بارەوە لێرە هەرئەوەندەی پێییە بیلێت: گەر شوێنێ یان کەسێ ڕێگری لەبەردەم داهێنانی داهێنەرێکا بکات شوێن و یاخود کەسێێتر دەرگا لەو داهێنانە هەر دەکاتەوە.

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:
1. James K. Lyon. Paul Celan and Martin Heidegger: An Unresolved Conversation، 1951–1970The Johns Hopkins University Press; 1 edition 2006
2. Paul Celan and Ilana Shmueli. The Correspondence of Paul Celan and Ilana Shmueli.Sheep Meadow. 2011.

3. Paul Celan، Nelly Sachs. Correspondence. Introduction by John Felstiner . Translated by Christopher Clark. Edited by Barbara Wiedemann. Sheep Meadow;1998.
4. Anders Olsson. Bokstäverna jag färdas i: en antologi om Nelly Sachs. Stockholm: Themis förlag، 2001.
5. Ingeborg Bachmann-Paul Celan: Correspondence: letters between Ingeborg and Paul Celan،Seagull Books  2010.
بڕوانە ئەم سەرچاوەیەش:
Björn Sandmark. Hjärtats tid i  DN i 2009-01-11
6. Peter Szondi.Celan Studies . Translated by Susan Bernofsky with Harvey Mendelsohn Stanford University Press; 2003.
7. Paul Celan، Klaus Demus، Nani Demus. Briefwechsel ، Suhrkamp Verlag Gmbh. 2009.
Benjamin Ivry. Paul Celan’s Letters Glimpses at a Romanian-Jewish Poet’s Joys and Hells. http://www.forward.com/articles/122764/
8. Paul Celan، Celan-Lestrange، Gisèle، Bertrand Badiou، and Eric Celan، Eric. Correspondance: 1951-1970 Avec Un Choix De Lettres De Paul Celan a Son Fils Eric.Seuil، 2001.
9. ئێمە لە تێزی دکتۆرانامەکەماندا ، کە تایبەتە بە فەلسەفەی ئالێن بادیوەوە (( سیاسەت و ڕووداوی ڕاستی: هەنووکەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئالێن بادیو)) ، کارمان لەسەر ئەو تێزەی بادیو بە ووردی کردوە کە جەغتلە بەهزربوونی سیاسەت، خۆشەویستی (ئەوینداری)، هونەر (شیعر) هەروەها ماتماتیک(زانست) دەکات. واتە تەماشاکردن بۆ شیعر یان سیاسەت یاخودیش بیرکاری و دلداری وەک بەشێ لە کردە هزریەکان و مانای ئەم کردە هزریانەش لە دروستکردنی ڕاستی ، ئەو ڕاستیەی بۆ فەلسەفە پێویستە. بەهیوای ئەوەی لە دەرفەتێکا بکارین تێزی ناوبراو وەرگێڕینە سەر زمانی کوردی.
10. Celan / Heidegger: Translation at the mountain of death ، by  Pierre Joris.
http://epc.buffalo.edu/authors/joris/todtnauberg.html

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.