Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
له‌ رژانی مه‌ستی پێکێکی قات وقڕدا…

له‌ رژانی مه‌ستی پێکێکی قات وقڕدا…

Closed
by June 7, 2011 ئەدەب

به‌داخه‌وه‌ ،
لە قات وقڕی شه‌و‌ی سپیماندا ،
له‌ به‌دبه‌ختی من وتۆدا ،
زوو پێکه‌که‌ رژا ،
ببووره که‌ نه‌متوانی ،
رێ له‌ رژانی ئاوی چاوێکت بگرم…
بەمە تاریکی بە ئاسمانی بەر تریفەی ئێمەدا ،
ژەهری پێدا پژا..
ویستم له‌ پێکی چاوی ئەو خەیاڵەدا ،
خوناوی سه‌ر په‌لکه‌گێلاسی رۆحت ،
به‌ شنه‌ رازێکی‌ ‌وەنەوشه‌یی بۆنخۆش  ،
باوه‌شێن که‌م…
حه‌زی سه‌رشێتی لاسکه‌ رێواسێکی ته‌ڕ ،
لە لێواری خەڕەندی هەلدێری رابردووماندا ، 
به‌ ختووکه‌ی‌ ئاوێکی ته‌زیوی تێنوو ،
‌له‌ چاوی ئاوتێزاوی تۆ هه‌ڵده‌م….
به‌ قومە شه‌رابێکی‌ کەونەکوپەی ،
بن تانۆک وناو پرچکەکانی ناودیانەکانی ،
(بێترمە)*وە ،
ئاوەزێی ئه‌وینت سه‌رمه‌ست که‌م ،‌
تا رژان نه‌وه‌ستم و
کاسه‌که‌ت هەر لۆ پڕ که‌م…
کۆچی ئه‌و پێکه‌ دوایی بە تۆ هێنا ،
هەرەسی بەفراوی بە ملی منەوە نا  ،
جێژوانی هه‌ناسه‌ گۆڕینەوەمان ،
باهۆزێک هات وهەواری لێ خاڵی کردین… 
به‌ڵام خۆ ماڵی عیشق ئەگەر لە جامیش بێت ،
پەنجەرەکەی بە بەردێک تێکوپێک ناشکێت…
 تیشکێکی هاروهاجی خۆرێک ،
هەر دێت و سەر دەردێنێ…
ئارام بگره‌، خۆ من له‌ بن که‌پری لاولاوو پەلکەمێوی ،
 ئارامی تۆ نه‌بێت ،
قەت بە سێبەری دارگیزێ ئۆقره‌ ناگرم….
 له‌ بڕی رژانی ئه‌و پێکه‌ منۆخ وبه‌له‌سه‌ ‌ ‌ ،
جامێکی خه‌ستت له‌ قه‌ڕابه‌ی باده‌ی رۆحم ،
لۆت هه‌ڵئه‌کێشم ،
تا شه‌و به‌ بەژنی تاریکی خۆی ،
سه‌رخۆش نه‌بێت و
منیش تا له‌گه‌ل شه‌ودا ،
له‌ په‌ل وپۆی بەژنی خۆم نه‌که‌وم ،
بە باڵای شەنگەبیت وەکو نەمامێکی شەنگ وشین ،
باڵام بەدەورت لول نابێتەوەو
خۆم راست نەکەمەوە…
ئه‌و پێکه‌ت لۆ تێناکه‌م و
گه‌رووی وشکت لۆ ته‌ڕ ناکه‌م….
تا تاوێک بە خۆم سه‌رخۆش نه‌بیت ‌و‌ ،
تاوێکیش بە خۆتم سه‌رخۆش نه‌که‌یت…
ئەو تاوە بارانەی هه‌ستە سەرشێتە ،
 هەڵناکات …
کە لەکڕێوەی نه‌ستی یه‌کترو
خرۆشەی بەیەکەوەلکاندا ،
تاوتاو ته‌ڕی بەر ترپەی مه‌ستیەک و
شێت بوونێک ئەبینه‌وه‌…
تێر تاوان وگوناهی یەکتر ،
بە فرمێسک وئاوی یەکترەوە ،
 ئەشۆینەوە…
هەروا ئێقه‌ت به‌رناده‌م و
وا زوو ده‌ستت لی به‌رناده‌م….
ئاخر ئه‌من لەگەلە ئەتوو به‌بێ باده‌وه‌ ،
له‌ بن رێژنەبزەی پڕ شەرمت ،
بە ئارەق شەڵال وبە ئارەقی قاچاخیش ،
 به‌ربادم…
هه‌ر به‌ بۆنی ئاره‌قه‌ی لامل و
عه‌تری که‌زی ورێحانەرەشەی سەر سنگت ،
‌ ماڵم وێرانە له‌ هۆش خۆم ئه‌چم و
‌ سه‌رخۆش ئه‌بم ،
پەپوولە ئاسا بە دەوری باڵات ،
لە خولانەوەو حەیرانم….
که‌ جاروبار له‌ سه‌ر خوانی جه‌سته‌دا  ،
مێوانی رۆحی یه‌کدی ئه‌بین ،
هیچ شه‌رابێک نیه‌ مه‌ستم کات‌ و
لە کەللەم بدات..
 ئاخر ئه‌من له‌ کۆڕی ساقی وباڕو بوتلدا‌ ،
حزورێکی هەروام ناوێت ،
کرنوش لۆ ساقی بێت یان لۆ بوتل ،
بە بێ حزوری تۆ من رکات ودووگردم* بزرە ،
نوێژم بەتاڵە…
هه‌موو بزەو نه‌شئه‌یه‌کیش غایبه‌و
لە غیابی تۆ کافرێکی رووتەو
فەڕمەسۆنێکی مودمینم..
هیچ خەیاڵێکیش نیە بانگم بکات و ،
خۆی لە قەرەی مەستیم بدات….
هەر دووریمە لە مەستی عەرشی چاوەکانت ،
 هانام بۆ پاکانەی حەزرەتی پێکێک ئەبات…
چ تنۆکێکی‌ تفت وتاڵ هه‌یه‌ له‌ گه‌روومدا ،
بچۆڕێته‌وه‌…
جێگەی ئەو چۆڕە شیلەی لە خونچەی لێوت دەرئەچێت ،
 بگرێتەوە….
ئاوێک به‌و ئاگردانه‌ی ناوه‌وه‌م داکات و
ئاگری دڵم خامۆش کات ،
تاوێک له‌ به‌رکزه‌بای هه‌ناسه‌ی رۆحت ،
رۆحم بێباده‌ سه‌رخۆش کات…
من له خوماری چاوه‌ پڕ سیحرو‌ بێکلەکانی تۆوه ،
ئه‌و قومه‌ تیرو ته‌ڕه‌ ،
هه‌لئه‌هێنجێنم…
که‌ له‌ کانی (ئاوی حه‌یات) بیللا ده‌ستم ناکه‌وێت..
من له‌ په‌پووله‌ی مه‌زه‌داری لێوه‌کانت ،
ناسکترین مه‌زه‌و بۆن وچه‌قه‌نه‌و چه‌ریۆ ،
له‌ بن ساباتی دارمێوت هه‌ڵئه‌پروکێنم…
ئه‌ی شه‌رابه‌ژن…
له‌ ترێی بەیاری خۆته‌وه‌ تێکه‌ ئه‌و پێکه‌ ،
شه‌رابه‌ لۆ من…..
که‌ تا بانگی ئه‌وه‌ل سه‌حه‌ره‌ ،
بە سیحری عیشوەو نازی نیگات ،
سەرمەستم…
 له‌ زیکرو واوەیلای خۆم و‌ خۆت نه‌بێت زیاتر ،
هیچ عیبادەت ودوعایەکم ناوێت ،
با له‌ هه‌موو شتێک بێبەری بم و
بێخه‌به‌ر ‌بم…
ئه‌مشه‌و له‌ بڕی ئه‌و پێکه رژاوە ،
که‌‌ سه‌رخۆش و
سەرمەستی نه‌کردین‌ ،
به لێوی پێکه‌ شیعرێکی ته‌ر ،
ناسکترین ماچ له‌ لێوه‌کانت ئەلێسمەوە…
ده‌بالە خەمی ئەو هەموو پێکانەی هەناسەیان سارد بوو ،
تەزوویان بە گوڕ نەبوو..
ناوقەدی ئه‌و هه‌موو پێکانه‌ راگوشین ،
یه‌کتر تێرکەین و
یەکتر تێر بگوشین و
بە لیکی شیلەی ئه‌و پێکه‌ بێمراده‌ ،
به‌ چاوو برۆمان تام وبۆنی لەزەت و
پێکەوەژیان بخۆینه‌وه‌…..
ئه‌وجا کاتی ئەوە دێت ،
گوێ له‌ زرمه‌ی‌‌‌ پیاله‌ی دڵی یه‌کدی ،
بگرین ،
به‌ ناو یه‌کتردا راچین و
 تک تک وه‌کو تنۆکه‌ ئاوێکی به‌فراوی تێنوو ،
به‌سه‌ر یه‌کتردا بێین وبچین ،
تا بەو مەستیەی تێنووێتیمان چیلەبەردی دڵرەقی ،
ئەشکێت..
له‌ قرچه‌ی شکانی دڵی تۆو ،
تۆڵه‌ی شکانی ئه‌و پیاڵه‌ رژاوه‌ ،
به‌ مرچەی ماچێکی تەڕ ،
گێی عاشقە ترسنۆکەکان کەڕ ئەکەین ،
شەوەرەشێک بەرپاکەین ،
کەس کەس نەناسێتەوە…
نە شه‌و وەکو خۆی بمێنێ و
نە رۆژی رووناک ،
ماڵ وسه‌رجاده‌ هیچ ناوێکیان نەبێ و
شەرم وترس عەبای رەشی بدڕێت…
خه‌لوه‌ته‌گەی ئەوین و
پەرستگەی عیبادەت لە یەکتر مارەکەین‌…
رێگه‌ له‌ دوا تنۆکی توانه‌وەی رۆحمان‌ بگرین ،
لێرەوە بەهەشتێک دابەستین و
چاوەڕێی قیامەت نەکەین ،
تا حۆریەکی سۆزانیمان بەر ئەکەوێت و
ترپێکی تەڕیان لێ تام ناکرێت…
به‌یه‌ک چۆڕانه‌وه‌ چیرۆکی من وتۆ ،
ته‌واو نابێت…
هه‌موو‌ سوتانێکی دووری ،
سەرابێکەو
له بلێسه‌ی مۆمی توانه‌وه‌ی سه‌رسەرینێک ،
ئافاتەکانی ئه‌کوژێته‌وه‌…
دۆزه‌خه دووری ،
به‌ دۆزه‌خیش کۆتایی‌ وقیامه‌تی ئێمه‌ ‌نایه‌ت ،
من هه‌میشه‌ له‌ دووریته‌ له‌ توانه‌وه‌م و
له‌ سوتانی رۆحم ئه‌توێمه‌وه‌….
رۆژی حه‌شرم  له‌ دووریت ده‌ست پێئه‌کات ،
سیراتی موستەقیمم لە مووێک باریکتر ئەبێت ،
هه‌موو چرکه‌یه‌کی خۆشیم له‌گه‌ل به‌ش ئه‌کات و
کۆچم به‌ره‌و حه‌شری مه‌رگێکی بێواده‌ ،
به‌ش به‌ش ئه‌بێ و
دیسان سەرلەنوێ پێک ئەڕژێت و
دەستم لە ملی کچەحۆری خۆم ،
بەر ئەبێت و
کۆچی ناوەختم وەکو عاشقێکی مولحید ،
ده‌ست پێ ئه‌کاتەوە‌…

* بێترمە : گەرەکە دیانەنیشتەجێکانی شەقڵاوەیە .

* دووگرد : بەرماڵ .
   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.